A+    A-
(1,269) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ:

 

 

 

ئا. بۆتان بەختیار

 

 

 

کلیپتۆکراسی kleptocracy

 

چەشنێکی حکومڕانییە تییدا سەرکردە گەندەڵەکان(کلیپتۆکراتەکان)، دەسەڵاتی سیاسی بۆ دەسبەسەراگرتنی سامانی نەتەوەکەیان بەکاردێنن، عادەتەن لەڕێی دزین و قۆرخکاریی لەسەر حسابی خەڵک. کلیپتۆکراسی لە پلوتۆکراسی(حکومڕانیی دەوڵەمەندەکان) و ئۆلیگارشیەت(حکومڕانیی نوخبەیەکی بچووک) جیاوازە. لە کلیپتۆکراسییدا سیاسییە گەندەڵەکان خۆیان دەولەمەند دەکەن، ئەویش لەدەرەوەی نەزمی یاساییەوە و لەڕێی بەرتیل و هەندێک خواستی ترەوە، یان بە سادەیی لەڕێی ناردنی پارەی دەوڵەت بۆ خۆیان و ڕێکخراوەکانیان. عادەتەن کلیپتۆکراتەکان سامانەکەیان دەنێرنە دەرەوەی وڵات لە ئەگەری لەدەستدانی دەسەڵاتدا. کلیپتۆکراسی بەزۆری لەو وڵاتانەدا هەیە وا سەرچاوەی ئابوری و داراییان سامانە سرووشتییەکانە. لەو نەتەوانەدا وا لە ڕووخاندان، پشت بە هاوردەکردن دەبەستن لە وڵاتانی ترەوە، بەم جۆرە بەرهەمی ناوخۆیی بێکەڵک  دەبێت، ناچار نوخبە کلیپتۆکراتەکان ڕیککەوتن لەگەڵ بیانییەکان دەکەن و هەوڵدەدەن تا ئەو ڕادەیەی مومکینە، دەسەڵاتی خۆیان لەو ڕیگەیەوە بپارێزن و بهێڵنەوە. کلیپتۆکراتەکان هەوڵی ساغکردەنەوەی پارە دەدەن، بۆ ئەوەی ڕەچەڵەک و بنەڕەتی گەندەڵییەکانیان داپۆشن.[واتە لەڕێگەیەکە نایاساییەوە پارەیەکی زۆر پەیدادەکەن و دواتر هەوڵی بەیاساییکردن و شەرعاندنی پەیاکردنەکە دەدەن]. ئەم بەیاساییکردنە دواتر ڕیگەی ئەوەیان پێدەدات، پارەکە بۆ هەرشتێک بێت بەکاریبێنن، چ لەناو وڵات و چ لە دەرەوە، چ بۆ کاری شەخسی چ بۆ ڕێکخراوەکانیان. کاریگەریی حوکمی کلیپتۆکراسیی ئەوەیە، هەم وەبەرهێنان لە دەرەوە و هەم بازاڕی ناوخۆ و بازرگانیی سنووریش وێراندەکات. هێندەی کلیپتۆکراتەکان پارە و موڵکی گشتیی دەدزن، کوالیتیی و چۆنایەتیی ژیانی هاوڵاتییان خراپتر دەکەن. ئەو پارەیەشی کە دەیدزن، [بە دڵنیاییەوە] ناخرێتە خزمەت نەخۆشخانە، ڕێگاوبان، قوتابنخانەکان و هتدەوە، بۆیە ژیانی خەڵک تا بێت خراپتر دەبێت. ئۆلیگارشیەتێکی نایاسیی کە بەرەنجامی کلیپتۆکراسییە، هەر حکومڕانییەکی دیموکراسی یان هتد لەناودەبات.

 

بەدیجیتاڵکردن

پڕۆسەی گۆڕینی زانیارییە بۆ سەر فۆڕمێکی دیجیتاڵ وا تێیدا هەموو زانیارییەکان لەشێوەی بیت bitدا ڕێکدەخرێن. لە ئەنجامدا، وێنەیەک، دەنگێک، تەنێک یان شەبەکەیەک لەڕێی ڕستێک ژمارەوە کە باس لە چەند پنتێکی جیاواز دەکات، دەنوێنرێنەوە. (دەرەنجامەکەیش پێی‌دەوترێت "نواندنەوەی دیجیتاڵی"). لە کردەی هاوچەرخدا، داتا بەدیجیتاڵبووەکە لە  فۆڕمی <<ژمارەی دووانی>>ــدایه وا پرۆسێس و کارکردنی کۆمپیوتەر ئاسان و خێرا دەکات. بەسادەیی، بەدیجیتاڵکردن واتە گۆڕینی ئانالۆگ بۆ سیستەمێکی ژمارەیی کە بتوانرێت بەکاربێت. بەدیجیتاڵکردن گرنگییەکی زۆری بۆ هەڵگردن، ناردن و پڕۆسێسکردنی داتا هەیە، تێیدا زانیاریی بە هەر فۆڕمێک بە هەمان خێرایی و کارامەیی دەگوازرێتەوە. داتای ئانالۆگ زۆر جێگیرترە لە داتای دیجیتاڵ، توانای چوونە ناو و بڵاوکردنەوەی داتای دیجیتاڵ زۆرترە، و لە ئاستی تیۆردا دەگوترێت، [گوایە] داتای دیجیتاڵی تا ناکۆتا کۆپی‌دەکرێت. هەر لەبەر ئەمەیشە بەدیجیتاڵکردن بۆتە ڕێگەی دڵخواز و خوازراو لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بۆ پاراستنی داتاکانیان. شۆڕشی بەدیجیتاڵکردن(یان شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم‌یشی پێدەوترێت) بریتییە لە وەرگەڕان لە تەکنەلۆژیای ئەلیکترۆنیی ئانالۆگ و میکانیکییەوە بۆ ئەلیکترۆنیاتی دیجیتاڵ. ئەم پرۆسەیە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا دەستیپێکرد، [دەستپێکرا لەڕێی] کۆکردنەوە و زیادکردنی کۆمپیوتەری دیجیتاڵی و  ئامێری ڕیکۆردکردنی دیجیتاڵی کە تا ئەمڕۆ بوونیان هەیە. شۆڕشی دیجیتاڵی، مۆرکی دەستپێکی چاخی زانیارییە. ڕووە ئەرێنییەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەن پەیوەندیگرتن و تەقینەوەی زانیاری خێرادەکات، کە پێشتر دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان ئاسان سەرکوتیان دەکرد. [ دیارە فیچقەکردنی زانیاری خاڵی نەرێنیشی هەیە، فەیلەسووفێکی وەک ژان بۆدریار پێی‌وایە ئەم هەموو زانیارییە دواجار هیچ مانایەک نادەن بەدەستەوە. بە دەربڕینێکی تر، زانیاری سوـڕێکی هەیە و مانا لەدەرەوەی ئەم سووڕەوەیە. کە ئێمە بە دیار تیڤی و هەواڵاکانەوە دادەنیشین، ئەوەی دەیکەین تەنها  بینین و وەرگرتنی زانیارییە، گەرنا هیچ شتێک ناناسین و تووشی تراومایەکی وەهاش نایەین.−و].

 

 

فەلسەفەی کیشوەری(قاڕەیی- continental philosophy)

دەستەیەکە لە نەریتی فەلسەفی لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠دا لە ئەورووپادا.  مانای ئەم چەمکە لە فەیلەسووفە ئینگلیزی‌زمانەکانەوە دێت، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەوە. ئەم چەمکە بۆ ئەوانە بەکاردەهات وا لە دەروەی مەودای بزووتنەوە[فەلسەفە]ی شیکارییەوە کاریان دەکرد. فەلسەفەی کیشوەری لە ئایدیالیزمی ئەڵمانی، فینۆمینۆلۆژیا[دیاردەناسی]، بوونگەرایی، هێرمۆنۆتیک[تەئویل و ڕاڤەناسی]، بنیادگەری، پۆست‌بنیادگەری، هەڵوەشانەوەگەرایی، تیۆریی دەروونشیکاری و تیۆریی ڕەخنەیی قوتابخانەی فڕانکفۆرت پێکدێت. فەیلەسوفە کیشوەرییەکان، بەگشتی ئەو دیدگایە ڕەتدەکەنەوە کە پێی‌وایە زانستە سرووشتییەکان تاکە ڕێگەی دروست و دەقیقن بۆ تێگەیشتن لە دیاردە سرووشتییەکان. ئەمەیش بەپێچەوانەی فەلسەفەی شیکارییەوە کە فەیلەسوفەکانی لێکۆڵینەوەکانیان بە پاشکۆ و بەردەوامیی پێدەری زانستە سرووشتییەکان دەزانن. کیشوەرییەکان عادەتەن ئەو ئارگۆمێنتە دێننەوە کە دەڵێن: "زانست پشت بە ئەزموونێکی بنچینەیی پێش‌تیۆری دەبەستێت" و میتۆدە زانستییەکان بەشی ئەوە ناکەن کە بەتەواویی لە کەیسە ڕۆشنبیرییەکان تێبگەین. فەلسەفەی کیشوەری، مێژووگەرایە. بنەڕەتی کێشەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ مێژوو و لە بنچینە مێژووییەکەیان دایاننابڕێت. لەکاتێکدا، فەلسەفەی شیکاریی پێی‌وایە کێشەکان دەکرێت شیکاری بکرێن بێ گەڕانەوە بۆ مێژووییەکەیان. کیشوەرییەکان پێیان‌وایە تیۆر و پڕاکتیک لێکدانەبڕاون، ئەمەیش لە نەریتی مارکسیزمدا بەڕوونی دەبینرێت. ئەم تێمایانە دەگەڕێنەوە بۆ فەلسەفەی ئیمانوێل کانت، کە پێی‌وابوو زانین، ئەزموون و واقیع بەرهەمی هەلومەرجێکن کە لەڕێگەی ڕەنگدانەوەی فەلسەفییەوە باشتر تێیان دەگەین تاکو لێکۆڵینەوەی ئیمپریکی.

 

 

 

لادان)ـی سێکسی) perversion

 

لادان بە مانا فرۆیدییەکەی، فۆڕمێکی ڕەفتاری سێکسییە وا لە نۆرم و ڕێسای ئاسایی سەرجێیی زاوزێیی لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەردا، لادەدات. [واتە ئارەزووی سەرجێیی لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەردا ناکەیت]. دەتوانین بڵێین لادانی سێکسی لای فرۆید بنیادێکی نەرجسیی[خودئەڤینانە] هەیە، چونکە سوبێکت[لادەرەکە]، لیبیدۆ[وزەی دەروونی]ـیەکەی ئاڕاستەی ڕەگەزی خۆی دەکات. لادان چەن شێوازێکی جیاوازی هەیە، بەڵام زیاتر بۆ کردەی لادەری سێکسییانە بەکاردێت. فرۆید لە "سێ وتار دەربارەی تیۆریی سێکسواڵیتە"دا پردێک لەنێوان لادانەکان و سێکسواڵیتەی ئاسایی درووستدەکات. فرۆید لە تیۆرەکەیدا نێرەمووک، مناڵباز،  هاوڕەگەزباز، فێتیشیست{١}، سادیست{٢}، مازۆشیست{٣}، مردووباز بە لادەر دادەنێت. فرۆید پێی‌وابوو هەمووکەسێک لە زگماکدا لادەرە. ئەو ئەم لادانانە لە سێکسواڵیتەی ساوا و مناڵەکاندا کەشفدەکات. فرۆید جەختی لەوەیش دەکردەوە لادانی مناڵان و هەرزەکاران جیاوازە. لادانی مناڵان مەودایەکی فراوانی هەیە و ئەکتیڤیتی چالاکی بەسەر زۆر شتدا دەکات[فرەئامانجە]، بەڵام لای هەرزەکاران ڕووەو یەک ئامانجە.

{١}فێتیشیزم لای فرۆید واتە شتێک سێکسیی نەبێت و ماهیەتێکی سێکسیی وەرگرێت. ئەم چەمکە لای بیریارانی وەک مارکس و بۆدریار مانای جیاوازی هەیە.

{٢} بۆ زانینی مانای ئەم چەمکە، بگەڕێرەوە بۆ فەرهەنگی نێگەتیڤ.

{٣} بۆ زانینی مانای ئەم چەمکە، بگەڕێرەوە بۆ فەرهەنگی نێگەتیڤ.

 

 

 

ویست (ئیرادە) Will

ویست، بەگشتی، ئەو بەشەی مێشکە وا لە کاتی بڕیارداندا ئارەزوویەک لەنێو چەند ئارەزوویەکی جیاوازدا هەڵدەبژێرێت. خودی ویست، ئاماژە نیە بە هیچ ئارەزوویەکی دیاریکراو، بەڵکو ئاماژەیە بەو میکانیزمەی بەرپرسە لە هەڵبژاردنی ئارەزوویەک. ویست لە فەلسەفەدا پێکهێنێکی گرنگی عەقڵە،لەپاڵ هۆکاری عەقڵی و تێگەیشتندا. چەمکێکی سەرەکیی پانتایی ئێتیکە، ئەویش لەبەر ڕۆڵە گرنگەکەی لە ئاکتی ئازادانە و بەئەنقەستدا. یەکێک لەو پرسانەی چەندبارە دەبێتەوە لە نەریتی فەلسەفیی ڕۆژئاوادا، پرسی ویستی ئازادی free will  و ئەو بابەتانەن بەمەوە ڕەبتدەبنەوە. بەڵام، بیرۆکەی چارەنووسگەرا دەپرسێت کەسێک چۆن دەتوانێت ئازادبێت لە کردارەکانییدا لەکاتێکدا هۆکاری سرووشتی یان بان‌سرووشتی و پیرۆز هەن لەپشتییەوە و بۆی دیاریدەکەن. ئەم پرسە پەیوەستە بە سرووشتی ئازادی و کێشە خراپەوە. ئەرستۆ کردارەکان سێ جۆر جیادەکاتەوە. یەکەم، کردەی خۆویست(ئارەزوومەند)ـانە. دووەم، کردەی خۆنەویست(نائارازوومەند)ـانە. سێیەم، کردەی خراپ‌ویستانە. [جیاوازی دووەم و سێیەم لەوەدایە، دووەمیان گەر هەڵەیش بێت، کەسەکە لۆمە و سەرزەنشت ناکرێت چونکە خۆنەویستانە بووە، بەڵام لە سێیەمیاندا کەسەکە ئازادانە کارە خراپەکە دەکات. بەکورتی واتە، سێیەم ویستی لەپشتە]. بە ڕای ئەرستۆ، چاکە و خراپە بەدەست مرۆڤەکان خۆیانە. واتە، هیچکەسێک لە زگماکەوە innately  چاکە و خراپەی هەڵنەگرتووە. ئەم دیدە ئەرستۆییە، تاکو سەدەکانی ناوەڕاست درێژدەبێتەوە و کاریگەریی دەخاتە سەر فەیلەسووفە ئیسلامییەکانیش، بەتایبەت ئیبن ڕوشد و ئیبن سینا. تۆماس ئەکویناسی مەیسحییش بهەمان شێوەی ئەرستۆ، پێی‌وابوو ویستی ئازادی بوونی هەیە. لە فەلسەفەی مۆدێرندا، مەدرەسەگەرایی و سکۆلاستیسیزم دەخرێتە بەر ڕەخنە و سیاقی نوێ بۆ ویستی ئازادی دادەنرێت. بەتایبەت لەلایەن دیکارت، فرانسس بەیکن، تۆماس هۆبز، سپینۆزا و شۆپنهاوەر و هتدەوە....

 

 

ژنێتێ(مێیینەیی) Femininity

 

ڕستێک ڕەفتار‌وگوفتار و ڕۆڵ‌وفرمانە کە بەگشتی پەیوەستدەبنەوە بە ژنان و کچانەوە. هەرچەندە ژنێتی درووستکراوێکی کۆمەڵایەتییە، توێژینەوەکان دەریدەخەن هەنێ ڕەفتار هەن وا کاریگەریی بایۆلۆژییان لەسەرە. ئەوەی تا چەنێ پرسی ژنێتیی بایۆلۆژی یان کۆمەڵایەتییە، پێویستی بە گفتوگۆ و دیبەیتە. و ژنێتی زۆر دوورە لە پێناسە بایۆلۆژییەکەی ڕەگەزی مێیینە female sex چونکە هەردوو ڕەگەزەکە[نێر و مێ] دەکرێت ڕەفتاری ژنانە بنوێنن. [لەم باسەدا نموونەیەکی دەروونشیکاری کۆمەکمان دەکات. ژاک ئالان میلەری دەروونشیکاری فەڕەنسی، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: "عەشق پیاو ژنانەدەکاتەوە یان پیاو تەنها لە پێگەیەکی ژنانەدا عاشق دەبێت، هەر لەبەر ئەمەیشە عەشق بۆ پیاو کۆمیدییە". جاروبارە لە کۆمەڵگای خۆماندا کەسێک کە عاشق‌بووە، پێی‌دەوترێت تەسک‌وناسک بووەتەوە، ئەم وتەیە لەوێوە دێت چونکە پیاو لەو کاتانەدا ڕەفتاری ژنانە دەبێتەوە. یان با بڵێین: "پیاوی عاشق، پێویستە ژنەکە بێنێتە چاورچێوەی فەنتازیاکانیەوە"]. ئەو سیفەتانەی بەشوەیەکی نەریتی دەدرێنە پاڵ ژنان و کچان، ئەمانەن: نەرم‌نیانی، هاوسۆزی، سادەیی و هەستیاری. ئەم پێوەرانە بە سیاق و [زمان] و کەلتووری جیاجیادا دەڕۆن و لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێن. واتە فاکتەری کەلتوری، کاریگەرییان دەخاتە سەر.  پرسی ژنێتی و پیاوێتی masculinity  لە ئایینەکانیشدا هەر هەبووە. لە شامانیزمدا[باوەڕێک کە پێی‌وایە بە پراکتیزەی ئایینی، پەیوەندیی لەگەڵ ڕۆحەکاندا دەبەستن]، یەکەمین و بەرایی‌ترین شامانەکان مێیینە بوون. لە بودیزمیشدا، سوتراس ئافرەتێک بوو بە مامۆستای باڵای دانایی ناسراوبوو. هەرچەندە مەسیحیەت و یەهوودیەت نکۆڵی لەوە دەکەن خودا نێر یان مێ بێت، بەڵام هەنێ توێژەر و نووسەر لەڕێی شیکردنەوەی دەقە "پیرۆز"ـەکانەوە، ئاماژە بە هەنێک ڕەفتار و ئەرکی مێیینانە دەکەن. چونکە لە پەیمانامەی کۆندا هاتووە گوایە خودا ئیسرایلی هێناوەتە بوون. [دیارە ئەمە ڕستەیەکی میتافۆڕییە، بەڵام کردەی مناڵبوون کردەیەکی ژنانەیە]. فێمینیستەکانیش [بەدڵنیاییەوە] تێڕوانینیان بۆ پرسەکە هەیە. جودیت باتلەر و سیمۆن دی بۆڤوار، پێیان‌وایە ژنێتی و پیاوێتی زادەی پێرفۆرمانسی دووبارەبووەوەی ژێندەرن. ئەم پێرفۆرمانسانە ژنێتی و پیاوێتی دیاریدەکەن. [ سیمۆن دی بۆڤوار لە ڕەگەزی دووەم‌دا دەڵێت هیچکەس بە "ژن"ی لەدایکنابێت، بەڵکو ئەوە کەلتوورە دەیکات بە ژن].