A+    A-
(1,495) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نیگەتیڤ

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

ئەنیمیزم Animism

 

 

 

 

ئەنیمیزم یەکێکە لە کۆنترین دین و جۆرەکانی باوەڕداری و  پەرستش لە  جیھاندا، و ١٠٠ھەزار ساڵ پێش ئێستا سەریھەڵداوە.   ڕیشەی  چەمکەکە  لە ( anima) ی لاتینییەوە وەرگیراوە بەمانای  گیان ( الروح)، کە لە  وشەی یۆنانی کۆن ( animus)ـەوە ھاتووە بەمانای "با" یاخود  ھەناسەدان یا گیان. بۆیە ئەنیمیزم بریتییە لە بڕوابوون بە بوونەوەران و بوونی ڕۆح لە ناویاندا جا بێگیان بن  یان گیاندار؛ کە جۆرێکی دیارکراو لە ھێزوتوانای ژیان دەبەخشێت. یاخود پێناسەی دەکەن بەوەی بڕوابوونە بەوەی ھەموو ئۆبێکتێک و درووستکراوەکان خاوەن گیان (ڕۆحێکی) جەوھەریین و پێیانوایە ڕۆحێکی شاراوە لە ھەموو فینۆمینە و دیاردەکاندا ھەیە، ھەموو شتێک کە دەیبینین و دەیبیستن و بۆن یا ھەستی پێدەکەین؛ ھەروەھا سەرجەم ئاژەڵ و شاخ و ئەستێرە و ڕووبار و دەریاکان و  ھتد... ھەر بۆیە ئەنیمیستەکان پێیانوابوو مرۆڤەکان تەنیا یەکێکن لە زیندەوەرە زۆرەکانی دانیشتووی جیھان, نەک مرۆڤ تاکە زیندەوەر بێت.   

ئەم چەمکە پێشتر و لە ساڵی 1970 وە بەکارھاتووە، پاشان لە لایەن   ئەنثرۆپۆلۆجیست ئێدوارد تیلۆرەوە لە ساڵی 1871  لە کتێبی (primitive culture)ـەوە، گەشەی پێدرا و پێناسەی کردووە بە "باوەڕبوونی  گشتییە  بە  ڕۆحەکان, و بوونەوەرە ڕۆحییەکانى تريش بەگشتى"، ئایدیای ئەم چەمکە لە بڵاوبوونەوەی ژیان و ویستی سرووشتەوە ھاتووە. باوەڕبوونە بەوەی ئۆبێکتەکانی دیکەی سرووشت جگە لە مرۆڤیش ڕۆحیان ھەیە، و ھەموو شتێک خاوەن دیوێکی زیندوو و دیوێکی نازیندووە. ھەروەھا لای ئۆگەست کۆنت (Auguste Comte) بە فیتیشیزم  گەڵاڵە بوو.  

بوونی ئەم چەمکە و تێگەیشتن لێی دوو گرنگیی سەرەکیی ھەیە.   یەکەم لەڕووی سیاسییەوە، چونکە یەکەم ئاینە کە درووستبووە و سیستەمی بڕواداری ھێناوەتە کایەوە؛ بووەتەھۆی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک خەڵک کە بڕوای ھاوبەشیان ھەبووەو  پەرستن  و قوربانی و سرووتی دینیان ئەنجامداوە. بۆ نمونە کاتێک خۆریان بینیوە و درکیان بە کاریگەرییەکەی کردووە پێیانوابووە خاوەن ڕۆحێکی پیرۆزە و دواتر ئەم باوەرە درێژبۆتەوە بۆ پەرستنی، لێرەوە باوەڕ بە گیانی پیرۆز درووستبووە, و پاشان بۆ ئاینە فرەخواوەندەکان و بتپەرستی و تاکخودایی درێژبووەتەوە تا گەیشتووەتە ئەم سەردەمە.  بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ توێژینەوەی ئەنثرۆپۆلۆجی و دین و ڕۆڵی لە ژیانی مرۆییدا. بۆ نمونە فەیلەسوفی بەریتانی( Herbert Spencer) وتارێکی نووسیوە بە ناوی ( گرنگیی ئەنیمیزم لە درووستبوونی ئاین) و چەندین توێژینەوەی دیکە لەم بارەوە.  بەھەمان شێوە لە درەختی ئاینەکاندا ئەنیمیزم سەرچاوە و ڕەگی سەرجەم ئاینەکانە. لە نمونەی ئاینەکانى سەر بە ئەنیمیزم( گیانگەرایی) وەک: دینە ئەفریقییە کۆنەکان و دینە شەرقییەکانی وەک شنتو، ھەروەھا زۆرێک لە ئاینی ئەمەریکییە ڕەسەنەکان  بنچیینەکەیان ئەنیمیزم بووە.

 

دووەم لەڕووی فەلسەفی و تیۆرییەوە بووە ھۆی سەرھەڵدانی چەند قوتابخانەگ فەلسەفی و تیۆری چونکە باسی وجود و گیان دەکات.  ئەنیمیزم لە قوتابخانە فەلسەفییەکانی ڕۆژئاوا بەکارھاتووە بۆ ئاماژەدان بە ھەبوونی ڕۆح لە ھەموو مادەیەکدا، بۆنمونە ئەرستۆ پاڵپشتی پەیوەندیی نێوان ڕۆح و جەستەی کردووە کە لەسەر ئەم تیۆرە بنیاتنراوە، ھەروەھا  ئەفلاتوون بڕوای بە ھێزە نامادییەکانی بوون ھەبووە. ئەنیمیزم یەکەم سیستەمی بیرکردنەوەیی مرۆیی بوو لە پەیوەندیی نێوان شتە نامرۆییەکان و ڕۆحییەکاندا، و ڕێکخەری پەیوەندیی ئۆنتۆلۆجیی نێوان ئایدیالیزم و ماتریالیزم بوو. بەپێی ئەو نیشانانەی ھەیە  ئەنیمیزم  دیاردەیەکی زۆرکۆنە و درووستبوونی دەکەوێتە پێش لەدایکبوونی زمان و کەلتور و مێژووی تۆمارکراوەوە. لە کاتێکدا مرۆڤەکان ئەستێرە و ئاسمان و ھەر دیاردەیەکی تریان بینیووە، بە خاوەنی گیانێکی دیاریکراویان داناون و یاخود  باوەریان بە توانای جیابوونەوەی ڕۆح (گیان) لە جەستە ھەبووە، لەکاتی ژیاندا و یاخود دوای مردن و ئازادبوونی گیان لە جەستە.  

بە پێی خەمڵاندنێک لە ئێستادا%40  جیھان ھێشتا پەیڕەوی لە ھەندێ جۆرەکانی ئەنیمیزم دەکەن، بەتایبەت لە نێوان کریستیانی و ئیسلام و بودیزم و ھیندۆیزم، کە  لە ئاینە یەکەمینەکانی دانیشتوانی جیھانن.   ھەروەھا  ئەم چەمکە ھێشتا کاریگەریی ھەیە و بە ڕوونی بەکارھێنانی دەبینین لە زانستی سایکۆلۆژیا و ئەدەبیات و چیرۆکی بواری منداڵان و فیلمە ئەنیمیشنەکان و سوودیان لێدەبینرێت.

 

 

ثیۆکراتی(Theocracy)

 

ثیۆکراتی  بەواتای حوکمی خودایی ( دەسەڵاتی خودایی)دێت،  ڕیشەی چەمکەکە لە ھەردوو وشەی یۆنانی ( theos) بە واتای خوا و (krateo)  بە واتای فەرمانڕەوایی(حوکمکردن) ھاتووە؛ پێکەوە بەمانای یاسایی خودایی یان فەرمانڕەوایی خودا یاخود بەرجەستەبوونەوەو مانیفێستبوونەوەی یاساکانی  خوا لە سەر زەوی و لەناو مرۆڤەکاندا دێت.  زیاتر ئەم وشە بۆ حوکمی کاھینەکان و حوکمی پیاوانی ئاینی بەکارھاتووە.

ثيۆکراتی یاخود تیۆری ثیۆکراتی جۆرێکە لە جۆرەکانی حوکمى تاکەکەسى (حکم الفردي)  کە تیایدا مەلیک یان سوڵتان  فەرمانڕەوایی دەکات و بە پشتاوپشت دەسەڵات دەگوازرێتەوە. لەم شێوازە فەرمانڕەواییەدا فەرمانڕەوا پشتی بەستووە بە دەسەڵات و شەرعیەتی ڕاستەوخۆی خودا. ھەر بۆیە سەرپێچیکردن لە فەرمان و بڕیارەکانیان نییە، لەسەر بنەمای سەرپێچیکردن لەم یاسایانە سەرپێچیکردنی ڕاستەوخۆی  فرمانەکانی خودایە.

کەواتە  فەرمانڕەوایی ثیۆکرتی شێوازێکی حوکمکردنە و دەلالەت دەکات لەوەی خوادا خاوەن دەسەڵاتی سیاسیی باڵایە، و یاساکانی خودا یاسای مەدەنی و شارستانین و پێویستە جێبەجێبکرێن، ھەروەھا پیاوانی دینی نوێنەری دەسەڵاتی خوداو شارەزای یاساکانی خودا و وێنەی دەسەڵاتی خوداوەندن و پاپەندی بەرجەستەبوونەوەی یاساکانن و بەرپرسیارن لە  سەپاندن و جێبەجێ کردنی یاسا ئاسمانیەکان. ئەم چەمکە سەرەتا لە سەدەی یەکەمی زاینی لەلایەن جوسیفیوس فیلاڤیوس بەکارھات بۆ ناساندنی ئەو حکومەتیەی یەھودییەکان دەیانمەزراند.

جوسیفیوس سێ شێوازی حوکمکردنی لە یۆنان دیاریکردبوو (مۆنارشی-ئۆلیگاریشی-دیموکراسی)، بەپێی دابەشکارییەکەی جوسیفیوس شێوازی حوکمی یەھودییەکان نەدەچووە ژێر ھیچکام لەم پۆڵێنکارییەی سەرەوە، بۆیە ئەم جۆرە حوکمڕانییەی بە شوازی چوارەمی حوکمکردن دیاریکرد. تیایدا کتێبی پیرۆزی خوا یەکەم سەرچاوەی حوکمکردنە. ئەم پێناسەی جوسیفیوس بە شێوەیەکی فراوان قبوڵکراو بوو تا دەوروبەری سەردەمی ڕۆشنگەری؛ کاتێک ئەم چەمکە دەلالەتێکی نێگەتیڤی وەرگرت بەھۆی ئەو ڕەخنانەی ھیگڵ لە ناروونیی ئەم چەمکە, ئاماژەی پێکرد. یەکەم بەکارھێنانی لە زمانی ئینگلیزیدا لە ساڵی 1622  بوو کە بەواتای (حوکمکردنی کەنیسە بە سرووشی خوایی) دەھات، دواتر لە ساڵی 1825ـەوە تۆمارکرا بەوەی بریتییە (لە دەستەی کاهینەکان یا  دەستەیەکی دینی کە مومارەسەی دەسەڵاتی سیاسی و مەدەنی دەکەن). بە گشتی لە دوای چاخی ڕۆشنگەرییەوە  شێوازی ئەم حوکمڕانییە لە جیھاندا کەمیکرد، ئەویش بەھۆی ئەو شۆڕشە فیکرییە یەکبەدوای یەکانە و ئەو خراپقۆستنەوانەى کە پیاوانی ئاینی بە ناوی دین دەیانکرد. ھەوڵدرا دین و دەوڵەت لە یەکتر جیابکرێتەوەو دین تایبەت بەتاکەکەس بکرێتەوە، نەک بە مەرجەعی باڵای یاساکان دابنرێت و ھەموویان ملکەچی بن.  

نمونەی ئەم جۆرە حوکمڕانییە لە مێژوودا وێنەی زۆر بووە و نمونە دیارەکانی وەک؛ ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی- فلۆرانسای ئیتاڵیا لە ماوەی حوکمڕانیی قەشەی دۆمنیکانی( جیرولاما ساڤۆنارۆلا 1494-1498)- فەرمانڕەوایی مەلیکی لە میسری کۆن و ئیمپراتۆریەتی رۆمانیاو وڵاتی فارس).

بەھەمان شێوە ئێستاو لە سەدەی بیست و یەکدا، سەرەرای شۆرشە فیکری و وشیارییەکان ، ھەوڵدان بۆ ڕزگار بوون و جیاکردنەوەی سیاسەت لە دین و دوورکەوتنەوە لەم شێوازی فەرمانڕەواییە؛  ھێشتا ھەندێ دەوڵەت ئەم شێوازی فەرمانڕەوایی کردنە جێبەجێ دەکەن وەک: ( ڤاتیکان- کۆماری ئیسلامی ئێران- سعودیە – پاکستان –ئەفغانستان – سودان- موریتانیا و یەمەن).

بۆ نمونە ڤاتیکان لە ساڵی 1929 ـەوە وەک شارێکی سەربەخۆ دانى پیا نرا، دوای بەستنی ڕێکەوتنامە  لەگەڵ حکومەتی ئیتاڵیا. تیایدا پیاوانی دینی کاسۆلیک کۆبونەتەوە، و باوک سەرۆکیانە کە ھەڵدەبژێردرێت بە درێژایی تەمەنی. پاپا, وەزیرى کاروبارى دەرەوە, وەک بەرپرسى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان  دیاریدەکات. قانون ملکەچی فرمانەکانی باوک و کۆمەڵی پیاوە دینییەکان دەبن.

ھەروەھا کۆماری ئیسلامی ئێران  بە " کۆماری ثیۆکراتی" وەسفدەکرێت، (مجلس منتخب) ھەڵدەستێ بە دیاریکردنی نیوەی ئەندامەکانی لە فەقیهە ئیسلامیەکان بەدرێژایی ژیانیان، (مجلس الخبراء) دەسەڵاتی جێبەجێبکردنەو بەرپرسیارە لە سەیرکردنی  تشریعاتی یاساییەکان تا چەند گونجاوە (مطابقة) لەگەڵ تێڕوانینی شەریعەتی ئیسلام.

 

 

 

 

ئیکۆلۆژیا ecology

 

 بایۆئیکۆلۆژیا، بایۆنۆمیکز یان بایۆلۆژیای ژینگەییشی پێدەوترێت. زانستێکە کار لەسەر پەیوەندیی نێوان زیندەوەران و ژینگەکەیان دەکات. هەندێک لە گەورەترین کیشەکانی مرۆڤایەتی لەمڕۆدا، زۆربوونی ڕێژەی دانیشتوان، کەمیی خۆراک، پیسبوونە ژینگەییەکانی وەک گەرمداهاتنی جیهان، قڕبوونی جۆری ئاژەڵان و ڕووەکەکان و هەموو کێشە سیاسی و کۆمەڵناسییەکان-هەموو ئەمانە تا ئەندازەیەکی زۆر سەروکاریان لەگەڵ ئیکۆلۆژیادا هەیە. چەمکی ئیکۆلۆژیا لەلایەن ئاژەڵناسی ئەڵمانی، ئیرنست هایکڵەوە پێکهێنراوە. هایکڵ ئەم چەمکەی لەبەرانبەر "پەیوەندیی ئاژەلان بە هەردوو ژینگەی ئۆرگانی و نائۆرگانی"یەوە بەکاردەهێنا. ڕیشەی ئەم چەمکە دەچێتەوە زمانی یۆنانی و چەمکەکە لە دوو بەش پێکهاتووە: oikos و logos. ئۆیکۆس واتە ماڵ(ی) یان شوێنی ژیان و لۆگۆس واتە زانست. کەواتە چەمکی ئیکۆلۆژیا سەروکاری لەگەڵ ئۆرگانیزم و ژینگەدایە. ژینگە چەمکێکە هەم ئۆرگانیزم(زیندەوەر)ەکان و چوارچێوە فیزیکییەکەشیان دەگرێتەوە. پەیوەندیی تاک بە کۆمەڵەکەی خۆیەوە و بە کۆمەڵە جیاوازەکانیشەوە دەگرێتەوە. کارلێکی نێوان تاک و کۆمەڵە و ئۆرگانیزم و ژینگە جیاوازەکان پێکەوە، ئیکۆسیستەم Ecosystem)) درووستدەکەن. ئیکۆلۆژیا هەندێ جار پێیدەوترێت ئابووریی سرووشت و هەندی جاریش زیندەوەرناسیی ئیکۆسیستەم. باگراوەندی مێژوویی ئیکۆلۆژیا دەستپێکێکی قایم و جێگیری نیە. لە مێژووی سرووشتیی یۆنانییە دێرینەکانەوە پەرەیسەندووە، بە دیاریکراوی لە تیۆفراستوسەوە، کە هاوڕێ و هاوەڵی ئەرستۆ بوو. سەرەتا تیۆفراستوس باسی لە پەیوەندیی ئۆرگانیزم و ئۆرگانیزم، و ئۆرگانیزم و شتە ناسرووستییەکان دەکرد. دواتر ئەمە دەبێتە بناغەی ئیکۆلۆژیای مۆدێرن.

 

 

.  

 

سەرمایەداری(capitalism)

 

سیستەمێکی ئابوورییە، لەدوای کەوتن و نەمانی فیوداڵیزم(دەرەبەگایەتی) لە ڕۆژئاوادا، بووە سیستەمی باڵادەست. تێیدا زۆربەی هۆکارەکانی بەرهەمهێنانproduction  بەشێوەیەکی تایبەت خاوەنداریی دەکرێن.  بەرهەمەکان ئاڕاستەدەکرێن و قازانجەکان بەشێوەیەکی زەبەلاح لە بازاڕەکاندا بڵاودەکرێنەوە و دەخرێنەگەڕ. هەرچەندە بەردەوامیی گەشەی سەرمایەداریی وەک سیستەمێک دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزە، [بەڵام زۆر بەکەمی] پێشتریش هەندێ دەزگای سەرمایەداری لە جیهانی دێرین[کلاسیک]دا بوونیان هەبوو، و لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئەورووپاشدا، گیرفان و خەزێنەی سەرمایەداری هەر پڕدەکرا. سەرمایەداری، دوای گەشەکردنی کارگەی جل‌وبەرگی بەڕیتانیی لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ و ١٨دا، گەشەکردنەکەی زۆر خێرابوو. ئەو ڕەگەزەی وا سەرمایەداری لە سیستەمەکانی پێش‌خۆی جیادەکانتەوە، بەکارهێنانی [بڕ]ـی  سەرمایەی کەڵەکەکراو accumulated capital ــە بۆ بەهێزکردنی توانای بەرهەمهێنان نەوەک وەبەرهێنان invest ــی ئابووری لە بازاڕێکی بێ‌بەرهەم و قەڵبی وەک هەڕەمەکان و کڵێسەکاندا. ئەم خەسڵەتە، خۆراکی خۆی لە چەند ڕووداوێکی مێژووییەوە وەردەگرێت. ئەو ئەخلاقەی بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازیی پڕۆتێستانتی گەشەی پێدا،

بێز‌وقێزکردنەوە کۆنەکەی دەرهەق بە کار و ڕەنجی چاوچنۆکانە نەهێشت، [بەڵکو] کاری زۆر و قورس پیرۆزییەکی بەهێزی ئایینیان پێ‌بەخشرا. نایەکسانیی ئابووری ڕەگی خۆی داکوتا و دەوڵەمەندەکان "خاوێن تر" و "چاکەخواز" تر بوون. هۆکارێکی تر، زیادبوونی ڕێژەی هەناردەکردنی کانزا بەنرخەکانی ئەورووپا و لە ئەنجامدا هەڵاوسانی نرخەکان بوو. ❪کرێ❫یەکان بەهەمان خێرایی نرخەکان بەرز نەبوونەوە، تاکە قازانجکەری ئەمەیش سەرمایەداران بوون. سەرمایەدارانی سەرەتا❪ ١٥٠٠−١٧٥٠❫، چێژیان لە قازانجەکانی سەرهەڵدانی دەوڵەت‌نەتەوە بەهێزەکانیش لە سەردەمی بازرگانیخوازییدا دەبینی. سیاسەتی دەسەڵاتی نەتەوەیی وا لەلایەن دەوڵەتەکانەوە بەکاردەهێنرا، سەرکەوتووبوو لە فەراهەمکردنی سەرەتاییترین هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سیستەمی تاک‌شێوەی پارەیی و کۆدڕێژیی یاسایی. ئەم فاکتەرانە گرنگن بۆ گەشەی خێرای ئابووریی و لەکۆتاییشدا ئەو ئیمکانەیان ڕەخساند وا لە بازاڕێکی گشتییەوە بپەڕنەوە بۆ بازاڕی ئازاد و شەخسی و تایبەت. لە سەرەتای سەدەی١٨ لە ئینگلتەرا، فۆکەسی سەرمایەداری لە بازرگانییەوە پەڕییەوە سەر پیشەسازی. کەڵەکەکردنە جێگیرەکەی سەرمایە لە سەدەکانی پێشترەوە، لە بەکارهێنانی پڕاکتیکیی زانستە تەکنیکییەکاندا، لە سەروبەندی شۆڕشی پیشەسازیدا، وەبەرهێنانی پێ‌کرا. ئایدۆلۆژیا کلاسیکەکەی سەرمایەداری، لە کتێبەکەی[١] فەیلەسووف و ئابووریی‌ناسی سکۆتلەندی، ئادەم سمیسدا خرایەڕوو. [لەم کتێبەیدا، ئادەم سمیس] پێشنیاری جێهێشتنی بڕیاڕ بۆ بازاڕێک دەکات وا خود−ڕێکخەر و سەربەخۆ و ئازادە. لە پاش شۆڕشی فەڕەنسی و جەنگەکانی ناپلیۆنەوە، پاشماوەکانی فیوداڵیزم بەتەواویی نەهێڵران و خێرا و بەزوویی سیاسەتەکانی ئادەم سمیس دەکرانە پڕاکتیک.

 

 

 

ئا. شوشە عەلى, بۆتان بەختیار