A+    A-
(1,484) جار خوێندراوەتەوە

خاڵى یەکتربڕینى شۆپنهاوەر و لاکان[1]

 

 

 

 

تێری ئیگڵتۆن

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

ویست(will) لای شۆپنهاوەر _هاوشێوەی ئارەزوو لای لاکان_ نوقسانی دەیجووڵێنێت: «هەموو «ویست»ـێک لە نوقسانی و کورتهێنان و ئازارەوە سەرچاوە دەگرێت»[2]. ویست ئەو پێداگرییە کوێرانەیە لەپشت هەموو دیاردەکانەوە خۆی مەڵاسداوە، ئەو هێزەیە ڕێچکەی خوێن و هەناومان بنیاتدەنێت، دەتوانین لە جووڵەی شەپۆل و گەڵاکاندا هەستی پێبکەین، وەکچۆن دەتوانین لە جووڵەی باڵای ڕۆحی مرۆییدا هەستی پێبکەین. ئایا ویست خودی ئایدیاکانی شۆپنهاوەریش لەم بارەیەوە لەخۆدەگرێت یان نا، ئەمە پرسێکی سەرنجڕاکێشە. بەڵام پێچەوانەی ئەقڵی هیگڵی، ویست لێرەدا هێزێکی بەدخوازە، نیشتەجێی کرۆکی سوبێکتی مرۆییە بەڵام بێباک و دڵڕەقە لە گەشەکردنیدا. ئەو ویستەی لەناو سەرچاوەی سوبێکتیڤیتەدایە _دەتوانم لە جەستەمدا هەستی پێبکەم، زیاتر لە هەر شتێکی تر کە دەیزانم_، هێندەی تۆفان و بروسکەیەک بێبەزەیی و بێشوناسە. ویست_وەک ئارەزوو، بە مانا دەروونشیکارییەکەی_ هیچ مانای نییە، بێباکە بەرامبەر هەموو ئەو ئۆبێکتانەی پەیوەستن پێیەوە، ئەو ئۆبێکتانەی هەروا سوک و ئاسان بەکاریاندەهێنێت لەپێناو خۆ_بەرهەمهێنانەوەیەکی بێسوود.

بیرکردنەوەی شۆپنهاوەر _پێچەوانەی هیگڵ_ تەواو دژە ئامانجدارییە، هەڵگری یەکانگیری و دینامیکییەتە، واتە گێڕانەوەیەکی مەزن، بەڵام خاڵییە لە ئامانج. ویست نوسخەیەکی بەدخوازانە و گاڵتەئامێزی «ئایدیا»ـی هیگڵە. مرۆڤ هیچ نییە جگە لە هەڵگرێکی کاتی، پاش گەیشتن بە ئامانج وەلادەنرێت؛ ئامانجەکەی بریتییە لە بەردەوامییە ئەبەدی و ناکۆتاکەی خۆی [ویست]. ئێمە هیچ نین جگە لە بەرجەستەبوونی غەریزەی جووتبوونی باوانمان، غەریزەکانی ئەوانیش بەرجەستەکاری ویستە. لێرەوە، ئێمە لەناو جیهانێک لە ئارەزووی ناکۆتاداین، هاوشێوەی ئارەزووی فاوستی، وەختێک سەرتاپای جیهان لە چوارچێوەی بازاڕێکدا دادەڕێژرێتەوە. شۆپنهاوەر بە ڕق و کینەیەکی ئاشکراوە باس لە جیهانی مرۆڤ دەکات «جیهانی ئەو بوونەوەرانەی بەردەوام دەستەپاچە و نیازمەندن، ئەوانەی بۆ ماوەیەکی کەم و لەسەر قووتدانی یەکتر دەژین، بوونیان لە دڵەڕاوکێ و نەهامەتییدا درێژە پێدەدەن، بە چەندین میحنەتی ترسناکدا گوزەردەکەن تاوەکو دواتر دەکەونە باوەشی مەرگەوە»[3]. ئەم ڕوانگەیە تەواو جیاوازە لە دۆستایەتی لای هیچسۆن یان مەملەکەتی ئاشتی لای کانت. بەلای شۆپنهاوەرەوە، تەنها هاوسۆزییەکی کورتبینانە دەتوانێت وێنای ئەوە بکات کە چێژە ناچیزەکانی بوونی مرۆڤ _ئەو نمایشە نزمەی تەنانەت «ویقاری» تراژیدیایەکی باڵاشی لەخۆیدا هەڵنەگرتووە_ دەشێت قەرەبووی نەهامەتییە ئەبەدییەکانی بکاتەوە.

شۆپنهاوەر دەڵێت: «ئارەزوو بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە، خواست و داواکارییەکانی هەمیشەییە؛ تێرکردنی ئارەزوو کاتییە و تەنها بە بڕی کەم بەردەستە»[4]. یان وەک ئەوەی شکسپیر لە بەرهەمەکەیدا «ترۆیلوس و کرێسیدا» دایڕێژاوەتەوە: «ئەمەیە دڕندەیی خۆشەویستی، خانمەکەم، ویست ناکۆتایە و جێبەجێکردن سنووردار؛ ئارەزوو بێسنوورە و کردار کۆیلەی سنووردارێتی». وەختێک پێ دەخەیتە قەڵەمڕەوی ئارەزووەوە، دەمودەست جیهانی مادی بەهای خۆی لەدەستدەدات، تەنها بۆ ئەوەیە یادت بخاتەوە چیت ناوێت. لاکان دەڵێت: «بەراورد بە هەرشتێک سوبێکت بەدوایدا وێڵە، ئەوەی دەکەوێتە قەڵەمڕەوی خاڵیکردنەوەی جووڵەیەوە لە هەمووان کەمترە»[5]. باسکردن لە ئارەزوو نابەجێیە. فرۆید ئەوەی هێنایەوە یادمان، کاتێک پێشینەکان سەرنجیان لەسەر غەریزەکان چڕکردبووەوە، ئێمەی مۆدێرن کاڵفامانە سەرنجمان لەسەر ئۆبێکت چڕکردەوە.

بەڵام شۆپنهاوەر ئەم لەپێشترێتى[ئەولەوییەت]ـانە ئاوەژوودەکاتەوە، دەبێتە پێشینەی خودی فرۆید. وەکچۆن ئامانج لە کەڵەکەکردنی سەرمایە بریتییە لە کەڵەکەکردنی زیاتر، بەهەمانشێوە «ویست»ـیش _لە داڕووخانێکی کارەساتباری ئامانجدارێتییدا_ تەواو سەربەخۆیە لەو ئۆبێکتانەی پێیەوە گرێدراون. لێرەوە، ئارەزوو بەتەواوەتی لەناوخۆیدا نوقمە، وەک ڕۆحێکی نەرجسی لەناو خۆیدا نیشتەجێیە. لەسایەی نەزمێکی کۆمەڵایەتییدا تیایدا تاکگەرایی و خاوەندارێتی بە یاسای باڵادەست دادەنرێت، ڕەنگە شۆپنهاوەر یەکەم بیرمەندی مۆدێرن بێت کە هەلومەرجی مێژوویی ڕێگەی دابێت چەمکی ئەبستراکتی «خودی ئارەزوو» بکاتە چەقى کارەکانی، پێچەوانەی فۆرمەکانی دیکەی هۆگربوون. دواتر ئەم ئەبستراکتکردنەوەیە وەک میراتێک بۆ فرۆید دەمێنێتەوە؛ هەمان ئەو فرۆیدەی _ لە لەدەمدەرچوونێکی فیکری سەیردا_ شۆپنهاوەر لەڕیزی مەزنترین شەش مرۆڤی سەر زەوی دادەنێت. دواتر دەبینین، چۆن دەشێت بیرکردنەوەی ئەخلاقیی کانت وەک شتێکی هاوشێوەی ئەمە بخوێنینەوە.

کەواتە، ویست هێزێکی ناڕوون و تەمومژاوییە، ئامانجدارێتییەکی بێ ئامانجە (لێرەدا، سەرنجەکەی کانت دەربارەی هونەر بەکاردەهێنین). لێرەدا، ئەو شتە کەموکورتەی شیاوی چاککردنەوە نییە بریتییە لە سوبێکتیڤیتە، کێشەکە هەروا بەسادەیی چەپاندن و نامۆکردنی نییە، بەڵکوو خودی سوبێکتیڤیتەی مرۆیی فۆرمێکە لە نامۆبوون. ئێمە کۆڵێک بێماناییمان لەخۆماندا هەڵگرتووە؛ لەناو جەستەماندا نێژراوین، وەک کۆمەڵە بەندکراوێک لەناو بەندینخانەدا. سوبێکتیڤیتە شتێکە بە ئاستەم دەتوانین بە موڵکی خۆمانی بزانین. ئەگەر وەک شۆپنهاوەر بە دیارییەکی ژەهراویی «ویست»ـی نەزانین، ئەوا هێشتا چەندین بەخشەری دیکە هەن: «ئایدیا» لای هیگڵ، «خودا» لای کیرکەگارد، «مێژوو» لای مارکس، «ویستی هێز» لای نیچە، «ئەویتری گەورە» لای لاکان.  

بەڵام ئەوەی بەرهەمەکانی شۆپنهاوەر لەم ڕابەرانەی چەمکى ڕیاڵ جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەم هیچ ناخاتە بەرامبەر سامناکییەکانی ڕیاڵ جگە لە نەزمی خەیاڵی. لە هەڵگەڕانەوەیەکی سەیروسەمەرەی ڕێبازی هاوسۆزییدا، ناتوانین لەڕێگەی کردارەوە ویست فریوبدەین، ئەو کردارەی هیچ نییە جگە لە بەرجەستەبوونی هێزە نەگریسەکەی خودی ویست؛ هەروەک ناتوانین خۆمان بکوژین، ئەو ڕەفتارەی ڕێگەخۆشکەرە بۆ شانازیکردنی بە نەمرییەکەیەوە بەرامبەر فەنابوونی ئێمە؛ بەڵکو ئەمە تەنها لەڕێگەی خامۆشکردنی ئازارەکانی ئیگۆ بەدەستی ئارەزووەوە لە ساتەکانی خۆنەویستییەکی پەتییدا ئەنجامدەدرێت. سەرچاوەی ناڕەحەتییە بەرگەنەگیراوەکانی بوونمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناتوانین لە خۆمان هەڵبێین، ناچارین ئیگۆ کەساسەکانمان وەک کۆت و زنجیر بەدوای خۆماندا ڕاکێشین. ئارەزوو ئاماژەیە بۆ دەستەپاچەییمان لە بینینی شتەکاندا وەک خۆیان، ئەو ڕوانینە سوبێکتیڤەیە لەڕێگەیەوە بەناچاری هەموو ئۆبێکتەکان دەبەستینەوە بە بەرژەوەندییە پووچەکانمانەوە. سوبێکت واتە ئارەزوو، ئارەزووش واتە وەهم. بەڵام لە قەڵەمڕەوی ئیستاتیکادا، ئارەزوو لێمان دەبێتەوە و ویست بەشێوەیەکی کاتی بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە، بۆ ساتێکی پڕ کامەرانی دەتوانین جیهان وەک خۆی ببینین. باجی ئەم تەجەللا بەنرخە هیچ نییە جگە لە توانەوەی سوبێکت، ئەمە بەنرخترین تێگەی بۆرژوازییە، بەوەی لەڕێگەی خۆتواندنەوەوە هاوشوناس دەبێت لەگەڵ ئۆبێکتدا. جیهان ناتوانێت خۆی لە زیانەکانی ئارەزوو بپارێزێت بەبێ گۆڕانی [جیهان] بۆ دیمەنێکی ئیستاتیکی، لەم پرۆسەیەدا سوبێکت پاشەکشەدەکات بۆ خاڵی لەناوچوونی بێباکییەکی تەواو. وەک ئەوەیە بەزەییمان بە شتەکانی دەوروبەرماندا بێتەوە، ئەو شتانەی تووشبوون بە پەتای هۆگربوون؛ هەروەها لەم پەتایە ڕزگاریان دەکەین لەڕێگەی دوورخستنەوەی خۆمان لە دیمەنەکە؛ وەک بینەرێکی بێباک، بینەرێک وەک ئەوەی هەر بوونی نەبێت، دەڕوانینە ئەم دیمەنە گشتییەی کوشتاری مرۆیی.     

لە چاوی شۆپنهاوەردا هیچ شتێک هێندەی ئەم بابەتیبوونە دوورەدەستە دژوار نییە کە بەرهەمی دیسپلینێکی ئەخلاقییە نەوەک ئۆبێکتیڤیزمێکی ساویلکانە یان سەرنجێکی خێرا و ڕاگوزەر. ئەو دەڵێت بابەتیبوون شتێکی بلیمەتانەیە، هاوشێوەی بودیزم کە بەنرخەوە لێی دەڕوانێت؛ بریتییە لەو «دەستوەرنەدان»ـەی ناشێت لەپێناویدا بجەنگین، ئەمەش کاری ئیگۆیە، واتە بەشێکە لەو کێشەیەی دەیەوێت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە. تەنها لەڕێگەی تێپەڕاندنی وەهمی باو و درککردن بە وەهمی ئیگۆ، مرۆڤ دەتوانێت مامەڵەیەکی بێلایەنانە لەگەڵ ئەوانیتردا بکات؛ واتە جیانەکردنەوەی ئەوان لە خۆمان. بەم چەشنە، دووبارە نەزمی خەیاڵی لە نووسینەکانی شۆپنهاوەردا دەردەکەوێتەوە. وەختێک ڕووی ڕاستەقینەی «پرەنسیپی تاکگەرایی» دەردەخرێت، مرۆڤەکان دەتوانن سۆز و خۆشەویستی لەناو خۆیاندا ئاڵوگۆڕ بکەن. سەرچاوەی سەرەکی ئەخلاق _لای شۆپنهاوەر_ هاوبەشیکردنی ئازاری ئەوانیترە دوور لە پاڵنەرە خۆپەرستییەکان. لێرەوە، ڕەفتاری ئەخلاقییانە، ڕەفتارێک نییە بەگوێرەی گۆشەنیگایەکی دیاریکراو، بەڵکوو ڕەفتاکردنە بەبێ هیچ گۆشەنیگایەک. سوبێکتی چاک، تەنها سوبێکتێکی مردووە، یان لانیکەم سوبێکتێکە بە هەڵواسراوەیی دەژی. لەبەرئەوەی سوبێکت بریتییە لە گۆشەنیگایەکی دیاریکراو بۆ واقیع، بۆیە پاش زاڵبوون بەسەریدا، پاشماوەکەی بریتییە لە جۆرێک نێگەتیڤیتەیەکی ڕووت یان نیرڤانا [بەمانا بودییەکەی]. لای شۆپنهاوەر، سوبێکت خۆی وێراندەکات، هیچ ناهێڵێتەوە جگە لە تێڕامانێکی خێرخوازانە کە پەیوەست نابێت بە هیچ کەسێکەوە.

بەڵام نابێت گریمانەی ئەوە بکەین، لای شۆپنهاوەر نەزمی خەیاڵی بریتییە لە چارەسەری نەزمی ڕیاڵ. بەڵکوو ئەوەی هەیە هەڵگەڕانەوەی ڕیاڵە بەسەر خۆیدا، بەمەش دەبێتە دیلی هێزەکەی خۆی و دادەڕمێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، ئەو هێزەی سوبێکت هەڵدەوەشێنێتەوە بۆ کۆدی خۆنەویست _دواتریش ڕێگەی بۆ خۆشدەکات تاوەکو میهرەبانانە تێکەڵی ئەوانیتر بێت_، هەمان ئەو هێزەیە کە فرۆید بە «پاڵنەری مەرگ» ناویدەبات. بە لەبەرچاوگرتنی جیهانی مرۆڤ وەک ناڵین و نمایشێکی بێتام، دەتوانین لێی جیابینەوە و لە سوبێکتیڤیتە هەڵبێین، ئەمەش هاوشێوەی مەرگە؛ بەڵام هاوزەمان دەتوانین نغرۆبین لەناو فەنتازیای نەمرییدا، بەمەش پڕ دەبین لە ئارامی و خامۆشی؛ چونکە دەزانین چیتر ئەم شانۆ دڕندەیە ناتوانێت ئازارمان بدات. چونکە لێرەدا بە مانایەک پێشوەختە مردووین، سەلامەت و پارێزراوین وەک بارناردین [کارەکتەری ناو بەرهەمێکی شکسپیر]. لەڕێگەی بەدەستهێنانی ئەم خەسڵەتە بڵندەوە، تۆڵەیەکی بەچێژ لەو هێزانە دەکەینەوە کە بەرەو لەناوچوونمان دەبەن. ئەم حاڵەتەی نوقمبوون لەناو چێژوەرگرتن لە وێرانکاری _لەگەڵ چێژوەرگرتن لە مەناعەتمان بەرامبەر بە مەرگ وەک کاراکتەری فیلمە کارتۆنییەکان_ پیشاندەری چەمکی باڵا (sublime) لە سەدەی هەژدەهەمدا.   

ئیستاتیکیکردنەوەی واقیع _تیایدا لە پرۆسەی فەنابوونی خۆماندا، ژیانی لێوە وەدەست دەخەین_ لەلایەن شۆپنهاوەرەوە، گەمەی ڕاونانی یەکتر لەخۆدەگرێت لەنێوان ئیرۆس و تاناتۆس، لەنێوان غەریزەی ژیان و حەزی مردن؛ بۆیە تا ئێرە پەیوەندیدارە بە ڕیاڵەوە. بەڵام لەبەرئەوەی مەرگی سوبێکت فۆرمی هاوسۆزی وەردەگرێت، بۆیە هاوکات پەیوەستە بە خەیاڵییشەوە. بەمەش وەهمی کەساسانەی تاکگەرایی بەتەواوەتی دووردەکەوێتەوە، هاوسۆز دەبین لەگەڵ ئازارەکانی ئەوانیتردا لە ئاستێکی قووڵتردا بەراورد بە ئیگۆ. بەمەش دەگەینە بڵندبوونەوەیەک بەبێ سوبێکت: بەرەو جێگەیەک مەعریفەی ڕەها دەمێنێتەوە، بەڵام کەس نییە بیخاتەگەڕ. خۆنەویستی فێرماندەکات دوورکەوینەوە لە هەستە وێرانکارییەکانمان و خاکەڕاییانە دوور لە چاوبرسێتی بژین، وەک پیاوچاکێکی سادە. هەست بە ئازارەکەت دەکەم، چونکە دەزانم ئەوەی لەناو تۆدا هەیە _ویستی دڵڕەق_ هەمان ئەو شتەیە لە مندا هەیە. وەک ئەوەی لای هیوم و هیچستۆن هەیە، من ئەم شتە دەزانم چونکە تەنها یەک ڕێگە شکدەبەم بۆ گەیشتن بە خۆم و تۆش، نەوەک لەڕێگەیەکی ماندووکەرانەی ئەقڵییەوە. شۆپنهاوەر لە داڕشتنێکی تایبەتی نەزمی خەیاڵییدا پێیوایە: «هەموو بوونەوەرێک هێندەی خۆمان نوێنەرەوەی بوون_لە_خۆیدا ـی ئێمەیە»[6]. دەتوانین لە یەکێتییەکی هاوسۆزانەدا یەکگرین، نەک وەک ئەوەی لە ئاوێنەدا هەیە بەڵکوو لەسەر زەمینەی نەزمی ڕیاڵ، هەمان ئەو شتەی هاوشێوەی جەوهەر هاوبەشە لەنێوانماندا. تێهەڵکێشکردنی نەزمی خەیاڵی لەناو نەزمی ڕیاڵدا واتە بەهێزکردنی دۆستایەتی. تەنها لە ناوچەیەکی بێلایەن، ئەو ناوچەیەی بۆ هەردوولامان نامۆیە و هاوکات لە هەناسەکانمانیش نزیکترە لێمانەوە، دەشێت پەیوەندییە کەسی و سیاسییەکانمان پتەوبکەین.

لاکان بەم چەشنە تێدەگات لە ئامۆژگارییەکەی کتێبی پیرۆز «دراوسێکەتت هەروەکو خۆت, خۆشبوێت»، نابێت ئەم ئامۆژگارییە لە چوارچێوەی خەیاڵیدا بخوێنرێتەوە، وەک خۆشەویستی ئیگۆی جێگرەوە، بەڵکو دەبێت لەناو نەزمی ڕیاڵی ناڕووندا لێی تێبگەین. لاکان لێکدانەوەی یەکەم دووردەخاتەوە، وەختێک دەنووسێت: «ئەوەی دەمەوێت چاکەی ئەوانیترە، بەو مەرجەی لەسەر وێنەی چاکەی خۆم بمێنێتەوە»[7]. هەروەک ڕوونیدەکاتەوە «جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان وەڵامدانەوەی مرۆڤدۆستی و وەڵامدانەوەی خۆشەویستییدا»[8]. خۆشویستنی ئەویتر واتە درککردن بەوەی ئەو شتەی ئەویتر دەکات بە خۆشنەویستراو _ئەوەی لاکان ناویدەنێت بە ژویسانسی زیانبەخش و نەگریس، فرۆید ناویدەبات بە نەگریسی و شەڕەنگێزی و خراپەیەک لەخۆیدا_ لەناو خۆتیشدا بوونی هەیە. کاتێک لە ترسی ئەم ئەویترە خراپەکارە هەڵدێم، ئەوا لەو ڕیاڵە کوشندەیەی ناو خۆم هەڵدێم کە هەڵدەچێت و هۆشداریم پێدەدات لە نزیکبوونەوەی دراوسێکەم. لاکان هەر مەبەستی ئەمەیە لە سەرنجە ئاڵۆزەکەیدا کە دەڵێت: «هەموو یاسایەکی چاکە بە ناو خراپەدا و بە نێوەنگیری خراپە تێدەپەڕێت»[9]. ڕەنگە مەسیحییەکان ئەم گوتەیە وەها وەربگێڕن، هیچ قیامەتێک بوونی نییە ئەگەر بە نێگەتیڤیتەی ئازار و خۆونکردندا تێنەپەڕێت.

کەوایە خۆشەویستی دەخرێتە بەرامبەر یاسا، ڕێگەی پێگەیشتنی تەنها تێپەڕینمانە بە چێژە نزمەکانی ڕیاڵدا _شوێنەواری پاڵنەری مەرگ لەناوماندا_، لەڕێگەی ئومێدێکی لاوازەوە بەوەی لەودیوی تونێلەکەوە دەربچین. ڕەتکردنەوەی ئامۆژگارییە ئابڕووبەرەکە دەربارەی خۆشویستنی خۆمان، لەڕوانگەی لاکانەوە، بریتییە لە ڕەتکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ ژویسانسە سامناکەکانمان، وەختێک «فۆرمێک لە دڵڕەقی بەرگەنەگیراو» لە ئاسۆدا بەدی دەکەین. لێرەدا، وەک ئەوەی لاکان هۆشداری دەدات «ڕەنگە خۆشویستنی دراوسێ دڵڕەقانەترین بژاردە بێت»[10]. دراوسێ هەمیشە بێگانەیە، بێگانەش لە دیدگای فرۆیددا هەمیشە جۆرێکە لە دوژمن. بۆیە ئامۆژگارییە مەسیحییەکە سەبارەت بە خۆشویستنی دوژمن هێندەش شۆکئامێز نییە وەک ئەوەی دەردەکەوێت؛ مەگەر ئەوانەی ڕووبەڕوویان دەبینەوە چین، جگە لە دوژمنی گریمانەیی؟ بەڵام خۆشویستنی خۆتیش ئاسان نییە، ئەگەر ئەمە بە مانای خۆقبووڵکردنی ڕیاڵ بێت نەوەک خەیاڵی. مرۆڤ نایەوێت ئەوانیتر خۆشیان بوێت وەک ئەوەی خۆیان خۆشدەوێت. کێنیس ڕینهارد       هەڵە بوو _ئەم وتارەی لەڕووییەکی دیکەوە گرنگە_ کاتێک بانگەشەی ئەوەی کرد خۆشویستنی مرۆڤ بۆ خۆی، بە زەروورەت خۆشەویستییەکی خەیاڵییە، «ڕەنگدانەوەیەکی دیدەکی خۆمە کە ئیگۆی نەرجسی لە قۆناغی ئاوێنەییدا پێکدەهێنێت»[11]. تۆبەکردن بریتییە لە خۆقبووڵکردنێک کە لە دانپیانان بە لەکەداری خۆتەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو قبووڵکردنەی خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە بۆ خۆت لەخۆدەگرێت، نەوەک خۆشەویستییەکی نەرجسی.

ئەگەر هەردوو نەزمی ڕیاڵ و خەیاڵی ڕۆڵیان هەبێت لە کاری هاوسۆزییدا لای شۆپنهاوەر، نەزمی ڕەمزییش ڕۆڵی هەیە، ئەو سەرچاوەیەیە کە لای شۆپنهاوەر ڕوانینی بێلایەنانە لەخۆدەگرێت. نەزمی ڕەمزی ڕۆڵی هەیە لە بینینی جیهاندا بە شێوە ڕاستەقینەکەی، دوور لە پێویستی و حەزەکانی ئێمە؛ دانپیانان بەو ڕاستییە سەرسوڕهێنەری وا دەڵێت شتەکان هەر وەک خۆیان دەبن، گرنگ نییە ئێمە بانگەشەی چی دەکەین و چی دەدەینە پاڵیان؛ هەمان ئەو شتەیە شۆپنهاوەر ناویدەنێت بە بێباکییەکی ئێستاتیکی و بڵند؛ هەروەها ئەو حاڵەتەیە تیایدا دەستبەرداری پرتە و بۆڵە مناڵکارەکانی ئیگۆ دەبین، لەزەتێکی لادەرانە لەو ڕاستییە وەردەگرین کە واقیع هیچ پێویستییەکی بە ئێمە نییە، هەر ئەمەش بۆ ئەو باشترە.  

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 


[1] بەهۆى ئەوەى لە بەشێکى کتێبێکى ئیگڵتۆن دەرهێنراوە, وەرگێر خۆى ناونیشانێکى سەربەخۆى بۆ نوسینەکە داناوە

[2] Arthur Schopenhauer, The World as Will and Representation (New York, 1969), vol. 1, p. 196.

[3] Ibid., vol. 2, p. 349.

[4] Ibid., vol. 1, p. 196.

[5] Jacques Lacan, The Ethics of Psychoanalysis (London, 1999), p. 42.

[6] Schopenhauer, World as Will and Representation, vol. 1, p. 231.

[7] Lacan, Ethics of Psychoanalysis, p. 187.

[8] Ibid., p. 186.

[9] Ibid., p. 190.

[10] Ibid., p. 194.

[11] Kenneth Reinhard, ‘Towards a Political Theology of the Neighbor’, in S.Žižek, E. Santner and K. Reinhard (eds), The Neighbor (Chicago and London, 2005), p. 71.

 

 

سەرچاوەکان:

- مشكلات مع الغرباء, تيري ايغلتون, ترجمة عبدالرحمن مجدي, مؤسسة هنداوي, 2017.

- Trouble with strangers, Terry Eagleton, Blackwell publishing, 2009.