گفتوگۆ لەگەڵ فەتحى بنسەلامە
و. بۆتان بەختیار
لە هەشتاکانەوە فەتحی بنسەلامە، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی پاریس، دەستیکردووە بە توێژینەوە لەسەر گرێ و بەستەرێک کە بەنزیکی بوونی نیە. بۆ ئەوەی هەردوو کایەکە[ئیسلام و دەروونشیکاری] بگەیەنێت بە یەکتر، بنسەلامە [دەستیکردووە] بە شیکردنەوەی ئیسلام، دەستنیشانکردنى قەیرانەکانی و تەفسیرکردنی سەمپتۆمەکانی. ئەو[بنسەلامە]، بەرچاوترین پێکهات و بەشی ئیسلام، [واتە] فەندەمێنتالیزم، بە وەڵامی هەستکردنبەگوناهی ئەو باوەڕدار[مسوڵمانان]ـە دەبینێت کە دەبێت لە جیهانێکدا بژین وا لەگەڵ دینەکەیاندا پێکنایەت.
پرسیار: کارت لەسەر نزیککردنەوەی ئیسلام کردووە لەگەڵ دەروونشیکارییدا، بۆچ پێتوایە ئەم کارە گرنگ و پێویستە؟
بنسەلامە: لەبەر ئەوەی کارەکانی دەروونشیکاری[1] لەم سەردەمەدا و لە ڕۆژهەڵاتدا نەناسراون[و گرینگییان پێنەدراوە]. بۆنمونە، دەروونناسی[2] بابەتێکە کە لە زانکۆی وڵاتە عەرەبییەکاندا ناوترێتەوە. ئیسلام بەرهەڵستیی دەروونشیکاری دەکات.
پرسیار: چۆن شەرحی ئەم بەرهەڵستییە دەکەیت؟
بنسەلامە: سەرەتا، دەروونشیکاری تاکە نەزمی زانستییە کە لەلایەن یەک کەسەوە داهێنرا: زیگمۆند فرۆید. فرۆید جوولەکە بوو، لەبەر ئەمە مسوڵمانان دەروونشکاری وەک فۆڕم [و کایە]یەکی جوولەکەیی و یەهودییانە درکدەکەن. بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسڕاییل و فەڵەستینیش، دنیای عەرەبی هەرشتێکی بەبنەڕەت جوولەکەیی ڕەتدەکاتەوە. [واتە، دنیای عەرەبی وەک سوبێکتێکی پارانۆیایی، هەرشتێک دەستی جوولەکەی تێدابێت، بە خراپ و ئاژاوە و پیلانگێڕی تێى دەگات].
پرسیار: بەڵام دەروونشکاری هەموو ئایینەکان دەخاتە ژێر پرسیار- چ ئیسلام بێت یان یەهودیەت؟
بنسەلامە: ڕاستە. و ئەمە دووەمین هۆکارە کە [دەروونشیکاری] ڕەتدەکرێتەوە. مسوڵمانان پێیانوایە دەروونشیکاری بانگەشەی ئیلحاد و ئاتایزم دەکات. تێڕوانینی ڕۆژهەڵاتییەکان بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان زۆر جیاوازترە لە هی ڕۆژئاواییەکان. تیۆری زاڵ [لە ڕۆژهەڵاتدا] ئەوەیە، ئەوانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە "جن" پەلاماریداون. هەربۆیە نانێردرێن بۆ لای دەروونناسێک بۆ چارەسەر، بەڵکو دەیاننێرن بۆ لای مەلایەک تا جنەکەیان لە لەش دەرکات. ئەمە عادەتی (باو)ـی چارەسەرکردنە. نەخۆشییە دەروونییەکان وەک پرسێ پەیوەست بە پزیشکییەوە نابینن، بەڵکو دیاردەیەکی سەرووسرووشتییە. یان دکتۆرێک دەرمانی دژەخەمۆکییان بۆ دەنوسێت بێئەوەی تێراپی(therapy) بکاتە هاوەڵی چارەسەرکردن [دەرمان نووسین]ـەکەی. [دیارە ئەمە بەپێچەوانەی میتۆدی دەروونشیکارییەوەیە، چونکە لە دەروونشیکاریدا تا کاتی چاکبوونەوەی نەخۆشەکە، پەیوەندییەکی بەردەوامی گفتوگۆی لەنێوان دەروونشیکار و نەخۆشەکەدا هەیە. بەزەینداهێنانەوەی ئازاد نموونەیەکە-و].
پرسیار: ئایین فاکتەر و ڕەگەزێکی گرنگی کارەکانی فرۆیدە. فرۆید چیدەڵێت دەربارەی ئیسلام؟
بنسەلامە: بەنزیکی هیچ. ئەمە پشتگوێخستنێکی دووسەرەیە، بەپێچەوانەی مەسیحیەت و یەهوودیەتەوە، ئیسلام تاکە ئاینی یەکتاپەرستیی گەورەیە کە سەنگێکی ئەوتۆی لە ئایدیاکانی فرۆیددا نیە. لە بنەڕەتدا، ئەوەی [لە ئایدیاکانی فرۆیددا] ساغدەبێتەوە بەسەر دینەکانی تردا، بۆ ئیسلامیش هەر ڕاستە. فرۆید پێیوایە باوەڕی ئایینی وەهمە، [یان] درووستکراوێکە. ئەم درووستکردنە وەڵامێکە دەرهەق بەو شتەی فرۆید پێی دەوت (نائومێدیی مناڵێکی جێهێڵدراو و فەرامۆشکراو). [فرۆید پێیوایە، ئایین و یاسا و ئەخلاقیات لە بنەڕەتدا بۆ بەرهەڵستیی تەنگژەکانی گرێی ئۆدیب درووستبوون]. ئایین تەرحی ڕزگاریی لەم نائومێدییە دەکات بە ڕزگارکردنیان لەم شوێنە نائومێدکەرە.
پرسیار: ئیسلام بە چ ڕێگەیەک لەم تێزانەی فرۆید لادەدات؟
بنسەلامە: فرۆید دەڵێت خودا جگە لە فیگەری باوکێکی ئایدیالیزەکراو کە باوەڕداران چاوەڕێی پارێزگاری و ڕزگاریی لێدەکەن، هیچی تر نیە. لە یەهوودیەتدا بە خودا دەڵێن (باوکە)، تەنانەت لە مەسیحیەتدا خودا کوڕێکی [لە ڕەگەزی] مرۆڤ خستۆتەوە. ئیسلام، بەپێچەوانەوە، نکۆڵی لە هەر پەیوەندییەک دەکات لەنێوان فیگەری باوک و خودادا. لە هیچ شوێنوکونێکی قورئاندا ئاماژە بە خودا نەکراوە وەک "باوک". لە ئیسلامدا، مرۆڤەکان وەک مناڵی خودا لێیان ناڕوانرێت. لەجیاتیدا، قورئان دەڵێت: خودا لە کەس نەبووە و کەسیشی لێ نابێت. هیچ پەیوەستییەکی ڕاستەوخۆ نیە لەنێوان بەربوونەوەی مرۆڤ لە خوداوە. کەواتە قورئان بەرپەرچی تێزەکەی فرۆید دەداتەوە.
پرسیار: ئەمە چ کاریگەرییەکی پڕاکتیکی لەسەر ئیسلام هەیە؟
بنسەلامە: لەبنچینەدا، ئیسلام داخوازیی شتێک دەکات کە پێچەوانەی پێویستییە دەروونییەکانی مرۆڤەکانە. خەڵک پێویستە خۆیان لە پێویستییە مناڵانەکان ڕزگارکەن. هەموو مناڵێک، تەنانەت مناڵە مسوڵمانەکانیش، باوک وەک خودا درکدەکەن. بەڵام ئیسلام بەتوندی بەرپەرچی ئەم ئایدیا "مناڵانە" دەرهەق بە خودا دەداتەوە و بەم جۆرە دەبێتە ئایینێکی تەواو ئەبستراکت. خودا بەتەواوی لە [پانتایی] مرۆڤایەتی و مرۆڤانە سڕدراوەتەوە، چونکە ئەو بە هیچ شێوەیەک ناکرێت بە ئایدیای مرۆڤانە بەراوردکرێت. لەدایکبوونی پیرۆز۱، وەک ئەوەی عیسای مەسیح، شتێکی نامومکین و بیرلێنەکراوەیە لە ئیسلامدا.
پرسیار: کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی (دووریی خودا لە مرۆڤەوە) چیە؟
بنسەلامە: خودایەکی دوورەدەست و ئەبستراکت، ئەو ئازادییە بە مرۆڤەکان دەدات لەسەر زەوی، وا هەرچییەکیان بوێت بەوجۆرە بیکەن کە ئارەزوویان لێیە. ئەم ئازادییە لەلایەک تەواو خۆسەرە و هەڕەمەکییە، لەلایەکی تر بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە ئەستۆی مرۆڤایەتییەوە. ئەم دیدگایە بە شێوەیەکی نەریتی زۆر دیارە لە ئیسلامدا و خۆی لەڕێی تەفسیرێکی دینییەوە دەردەخات کە تەواو ڕوون و کراوەیە بەڕووی جیهاندا.
پرسیار: ئایا تاکو ئەمڕۆش، ئەمە کاریگەریی بەسەر دنیای ئیسلامییەوە هەیە؟
بنسەلامە: هۆکارێکی تری دووەم هەیە کە خودایەکی دوورەدەست و ئەبستراکت کاریگەریی لە جیهانبینیی مسوڵمان دەکات. عادەتەن لە ئەورووپا دەوترێت "خودا، مردووە"، گەر خودا نەخرێتە فۆڕمی مرۆڤێکەوە[وەک عیسا]، کە ئیسلام قەدەغەی دەکات، ئەوا ناشیەتە ناو مێژووەوە یان [کە نەهاتە مێژوو، ناکرێت] بمرێت. کەواتە خودا لە هەمووکاتێکدا لە شوێنی خۆیدایە، مرۆڤایەتی هەرگیز تەنیا نیە و هەر ساتێک لەلایەن خوداوە چاودێریی دەکرێت. لەمڕۆدا ئەمە ئایدیای باڵادەستە لە دنیای ئیسلامیدا.
پرسیار: توندوتیژی و فەندەمێنتاڵیزم چۆناهی لەڕێی دەروونشیکارییەوە باسدەکرێن؟
بنسەلامە: لە هەشتاکانەوە دنیای ئیسلامی دەرگیری نەخۆشییەکە کە بناغەکانی[ئەو دنیایەی] هەژاندووە. ئەم قەیرانە لەو درزەدا دەدۆزرێتەوە کە لەنێوان ترادیسیۆن و مۆدێرنەدا [لە دنیای ئیسلامیدا] درووستبووە. درز و شکانێک کە مسوڵمانان وەک کارەسات ئەزموونیدەکەن. ئەوان ئەو هۆکارانەیان نیە کە لە گۆڕانەکان تێبگەن-نەریت و عادەت هیچ شەرحێکیان ناداتێ و هیچ کەسێکیش وەک نێوانگر بوونی نیە لەوێدا، چونکە ئازادییە دیموکراسییەکان لە دنیای عەرەبیدا بوونی نیە. ڕۆشنبیران ناتوان تەداخول بکەن، ئازادیی ڕادەربڕین بوونی نیە، کەس ناتوانێت پرد[میدیۆم]ێک بنیادبنێت. ئەم درزە وەک ئازارێک ئەزموون دەکرێت کە بۆتە هۆکاری خەمۆکییەکی گەورە. لێرەوە مسوڵمانان زیاتر دەگەڕێنەوە بۆ دینەکەیان بەڵکو وەڵامگەلێکیان دەسکەوێت، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە تەنها ناکۆکییەکانیان لەگەڵ دنیای مۆدێرندا چڕتردەکاتەوە. ئەم بژاردەیە کاریگەرییەکی زیاتر بە فەندەمێنتاڵیزم دەدات، [فەندەمێنتاڵیزمیش] دەربڕی ئارەزووی گەڕانەوەیە بۆ خاڵی بنەڕەت و هەڵهاتن لە مۆدێرنە.
پرسیار: تا چەند بە دەقیقی ناکۆکییەکانی نێوان جیهانی مسوڵمانان و مۆدێرنە باسدەکەیت؟
بنسەلامە: مۆدێرنە بەبەردەوامی وا لە مسوڵمانان دەکات سنووری دینەکەیان تێپەڕێنن، بۆنمونە[دیقەتیان بدە] کاتێک ئافرەتێکی سفووری نیمچەداپۆشراو لە تیڤی یان ڕیکلامەکاندا دەبینن. لەو کاتەدا ئەو هەستەیان لا درووستدەبێت کە چیتر دنیا بەپێی حکومڕانیی دینەکەی ئەوان ناڕواتە ڕێوە، باوەڕداران هەمیشە هەستێکیان هەیە [وەکبڵێی] شتێکی قەدەغەکراویان کردووە. ئەوان لەژێر باری هەستکردنبەگوناهدا دەتلێنەوە، و ئەم هەستەش تا بێت بەهێزتر دەبێت.
پرسیار: ئیسلام هیچ چارەیەک دەرهەق بەم هەستکردنبەگوناهە تەرحدەکات؟
بنسەلامە: فرۆید ئایین بە بناغەیەکی گەورەی ژیانی کۆمەڵایەتیی دادەنێت، چونکە ئەنگێزە و بەرپرسیارێتییەکانی مرۆڤ کۆنترۆڵدەکات و بەڕێوەیدەبات. کەواتە ئایین دەتوانێت وەک هێزی پاڵنەر لە کۆمەڵگادا کاربکات. ڕێگایەکی مومکین بۆ پاکبوونەوە لە گوناهـ، قوربانیکردنە. ژنێک کە هەست بە گوناهـ دەکات دەرهەق بە دەرکەوتنی لاشە و سەروبیچمی، پەچەیەک دەبەستێت جەستەی وەک ئۆبێکتی ئارەزوو دەکاتە قوربانی. نموونەیەکیش لەوپەڕیدا ئەو کەسەیە کە خۆی دەتەقێنێتەوە و خۆی دەکات بە قوربانی.