A+    A-
(1,339) جار خوێندراوەتەوە

                         «عەقڵانیەت»ـى هەرزەکاران

                 (داکۆکى لە جووڵەى خۆپیشاندەرە گەنجەکان)

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

عەقڵانیەت(Rationality), یەک جۆرى نیە, یەک پێناسە و یەک سەردەمیشى نیە. زۆرجار هەریەکە لەم جۆرە عەقڵانیەتانەمان بیستووە: عەقڵانیەتى ئامرازى, دەزگایی, فەلسەفى و ڕەخنەیی, تیۆرى و پراکتیکى, بازاڕ, پەیوەندیخواز, ڕێساخواز, فۆرماڵ و ناوەڕۆکدار, و هتد. بۆیە عەقڵانیەت وەک ئەوەى باوە, لە سادەترین پێناسەى خۆیدا بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێسا و میکانیزم کە خۆیان لەخۆیاندا لۆژیک و بەڵگاندنى تایبەت بە خۆیان درووستدەکەن. بەم پێیە, کۆمەڵگایەکى ئەورووپى خاوەنى عەقڵانیەتى خۆیەتى و جڤاتێکى ساکارترى وەک هندییە سوورەکانیش خاوەنى عەقڵانیەتى تایبەت بە خۆیانن, چونکە هەریەکەیان ڕێسا و میکانیزمى پێکەوەبوونیان هەیە, کردەوەکانیشیان سنور و لۆژیکى ناوەکیی خۆیان هەیە کە زۆرجار لە بەراوردکردندا ناکۆک دەکەوێتەوە بەرامبەر بە پێناسەى عەقڵانیەت لە جێیەکى تر. هەر بەم پێیە, تەمەنى هەرزەکارى لە مرۆڤدا کە بە قۆناغێکى هەڵەشە و سۆزەکى دادەنرێت, هەڵگرى عەقڵانیەتى تایبەت بە خۆیەتى کە بەجۆرێک جیایە لە عەقڵانیەتى گەورەکان. باسەکەى ئێمە لێرەدا بەستنەوەى "هەرزەکار"ـە بە سیاسەتەوە کە عەقڵانیەتێکى تۆکمەتر لەو عەقڵانیەتە وەردەرگێت کە لەڕووى بایۆلۆژییەوە هەیەتى. واتە هەرزەکار لە دراوێکى بایۆلۆژییەوە دەگوازینەوە بۆ دراوێکى سۆسیۆ-سیاسى.

ئاشکرایە هەرزەکار و لاوان بەشێکن لە پێکهاتەى کۆمەڵایەتى. کۆمەڵگاش خۆى لە کۆدا, چەندە دواکەوتوو یان پێشکەوتوو بێت, خاوەنى عەقڵانیەتى خۆیەتى. بەها و ئامانج و ڕێساى ناوەکیی خۆى هەیە. بەڵام کۆمەڵگا وەک کۆ(کل), یەکەیەکى تەواو یەکانگیر و یەکگرتوو و تۆکمە نیە, چونکە لەهەناوى هەموو عەقڵانیەتێکدا ڕستێک غەریزە و ئارەزووى متکراو هەن کە بەشێکى زاتیین لە عەقڵانیەت خۆى. هیچ عەقڵانیەتێکى کۆمەڵایەتى بوونى نیە بەبێ ژمارەیەک چەپێنراو. بۆیە ئەم چەپێنراوانە هەمیشە لە ڕێگاى جیاجیاوە, سنورى عەقڵانیەت تێدەپەڕێنن و لە جێیەکى ئەمین و ئەبەدییدا نین: کوشتن, شەڕ, جنێو, لادان, ناکۆکى, نائارامیی سیاسى لە نیشانە دیارەکانى ئەو چەپێنراوانەن. زۆرێک لە دیاردە هێمن و عەقڵانیەکانیش, پاڵفتەکردنى غەریزەکانن و ڕاگرتنى ڕواڵەتى عەقڵانیەتى کۆمەڵایەتیین. توێژى هەرزەکار, بە خۆى و کردەوەکانیەوە (بەتایبەت لە سیاسەتدا), گوزارشت لەو دیوەى عەقڵانیەتى کۆمەڵایەتى دەکەن کە «کۆمەڵگا خۆى لەبنەڕەتدا شیرازەیەکى سەداسەد تۆکمەى نیە و لەسەر بنەماى کۆمەڵێک چەپێنراوى ناعەقڵانى بنیاتنراوە». بۆیە هەرزەکاران بەر لە هەر شت, نیشانەى نایەکانگیریی کۆمەڵگان. نەوەیەک دەڕوات و نەوەیەکى تر دێت, بەڵام پێگە بونیادییەکەى ئەوان وەک خۆى دەمێنێتەوە. لێرەدا هەر جووڵەیەکى ئەوان بەر لەوەى سیاسییش بێت, پێش‌سیاسی‌یە. واتە, هەم سیاسییە و هەمیش لەبنەڕەتدا دەرکەوتنەوەى نایەکانگیریی کۆمەڵایەتییە و دەبوو کەناڵێک بدۆزێتەوە بۆ گوزارشتکردن. کاتێک هەرزەکاران لەسەر جادەن, بەچاوپۆشى لە ژمارەیان, تەعبیرە لەوەى کۆمەڵگا خۆى وەک «کۆیەکى نایەکانگیر» لەوێیە: لە سینەمادا بەردەوام ئەم ڕەگەزە نایەکانگیرە, و ئەم زیادە(surplus)ـە توندوتیژە پیشاندەدرێتەوە. فیگەرى ئاڕنۆڵد لە فیمى تێرمینیاتۆردا نمونەیەکى شیاوە.

كاتێك وەك مرۆڤێكی وەڕس و ماندووی ناو ئەم جیهانە لەپاش فیلمی تێرمینیاتۆری ئاڕنۆڵد، دەڕۆینە ناو شار و لەسەرجادەكان ئاڕنۆڵد و ئۆتۆمبێلە ناقۆڵاكانی نابینین هەست بە چی دەكەین؟ ئایا هەستناكەین واقیع شتێكی لێ داشكێنراوە؟ بە دەربڕینێكی تر: فیگەری ئاڕنۆلد بەر لە هەر شتێك بریتییە لە ڕەهەندە چەپیوەکەى واقیع. واقیع بۆ ئەوەی وەك واقیع درووست ببێت، پێویستی بەوەیە ڕەگەزێكی توندوتیژ لەخۆیدا هەڵگرێت و ناونشینی بكاتەوە. بەتایبەت لە دنیایەكی وەك ئەمڕۆدا، واقیع ئەو ڕەهەندە توندوتیژەی سەركوتكردووە و لە فۆرمی تردا پێشكەشماندەكات وەك: جامخانە شیك و ڕازاوەكانی پێشانگای ئۆتۆمبێل، سیمای هیلاكی ڕێبوارە بێكار و خەمۆكەكان، سواڵكەرە جۆراوجۆرەكان، ئەو مرۆڤانەی كە توندوتیژییەكانی واقیعییان لەناو خۆیاندا هەڵگرتووە و نەخۆشیكردوون و هتد. هەرزەکاران ئەو زیادەیەى واقیع و کۆمەڵگان کە لەبرى ئەوانیش دۆخەکە دەنوێننەوە(هەتا گەر بێتو لەڕووى ئەزموونییەوە نکۆڵى لەمە بکەن).

گەر باسەکە, تۆزێک بەرجەستەتر بکەینەوە ئەوا دەتوانین «عەقڵانیەتى هەرزەکاران» بخەینە بەرامبەر «کۆنەپارێزیی گەورەکان»ـەوە. مرۆڤەکان بەگشتى, لە هەر کوێ بن, لەگەڵ هەڵکشانى تەمەنیاندا پتر دەرگیرى کۆمەڵگا و پێگەى کۆمەڵایەتى و شوناسى ڕەمزى و هتد دەبن, و لەو ئەرکە بونیادییە دووردەکەونەوە کە هەرزەکاران دەیگێڕن. پرسەکە تەنیا جەستەیی نیە, بەڵکو دەرگیربوونى زیاترى گەورەکانە لەگەڵ شتانێکدا کە هەرزەکار هێشتا پێى نەگەیشتووە. ئەمە بەو مانایە نایەت کە هەستى گۆڕانکارى لە تەمەنەکانى تریشدا نەبێت, بەڵام ئەو خرۆشە ڕاستەوخۆ و بێ‌میدیۆمەى لە هەرزەکاراندا هەیە لەوانیتردا ڕێگاى تر و هۆى تر و کاتى ترى پێویستە. ئەو "فیگەرە هەرزەکار"ـەى لەناو گەورەکاندا هەیە بەجۆرێک لە جۆرەکان چەپێنراوە و خەسێنراوە, چونکە کۆمەڵگا بەگشتى بەر بە "کردارى ڕاستەوخۆ" دەگرێت. دەشێت توێژەکانى تر لەڕووى سیاسییەوە بجووڵێن, بەڵام ئەم جووڵەیە زیاتر سەر بە "کردارى ناڕاستەوخۆ"يه کە لە هەرزەکاران جیایاندەکاتەوە. ئەرگۆمێنتێکى سەرەتایى بۆ ئەمەش لە واقیعى ئێمەدا ئەوەیە کە هەرزەکار, «کەسێکە مووچەى نیە» بەڵام هەستى بزووتن و جووڵان تێیدا بەرزە و داینەمۆى خۆپیشاندانە. سەرنجڕاکێشترین کردەش بۆ ئەو تاکو دەرەنجامى خێراى جووڵەکەى وەرگرێتەوە "سوتاندن"ـە کە کردارێکى بەرچاو و ڕاستەوخۆیە. خاڵە دیالەکتیکییەکەى نێوان یەکانگیرى و نایەکانگیرى یان کۆمەڵگا و هەرزەکاریش لەوەدایە کە ئەوان بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ چێژ لەم کردارە دەبینن و لێى سودمەند دەبن(یان ڕقیان لێى دەبێتەوە). ڕەنگە لە کۆمەڵگا نەریتییەکاندا, ئەم دژیەکییە پێکدچووە زەقترە و لەخۆڕاش نیە سیاسییە نرەیتى و حیزبییەکان ڕووەو خۆپیشاندەران دەڵێن: «مناڵەورتکە», و «...بێ‌دایک‌وباوک» و هتد. لێرەدا ململانێى نەوەکان, دەچێتە سەر جۆرەکانى ترى ململانێ لە کۆمەڵگادا. دیارە خەڵک لە ساتە سیاسییە توندەکانى تردا, توندوتیژ و یاخییتر لە جاران دەردەکەون؛ بەڵام ئەم ساتە درەنگتر و هەڵسەنگێنراوتر دێت بەراورد بە ساتى جووڵانى هەرزەکاران. گەورەکان ئەودەم ئەو ساتە قبوڵدەکەن کە کۆمەڵگا لە کۆدا چیتر ناتوانێت وەک پێشووتر خۆى دەربخات. واتە ئەو کاتەى ڕاگرتنى ڕواڵەت ئەستەم دەبێت و پەردەکە دەکەوێت. بە دەربڕینێکى تر, گەورەکان لێدەگەڕێن داینەمۆ یاخى و هەرزەکارئاساکەى ناوەوەیان ببزوێت و ڕواڵەتەکان بخات.           

ئەوەى لەپشت جووڵەى ئێستاى خۆپیشاندانەکانەوەیە, سەرەڕاى هەموو وردەکارییەکان, سەر بە "عەقڵانیەتى هەرزەکاران"ـە. ئەو عەقڵانیەتەى کە سێ ڕاستى پشتڕاستدەکاتەوە: ١) کۆمەڵگا لە هیچ دۆخێکدا لە سەقامگیریی ناوەکیی خۆیدا ناژى. ٢) سیاسەت, بەو واتا حیزبى و نەریتییەى لێرە هەیە, شوێنى دژایەتیی تەواوەتیی هێزى هەرزەکارانە. ٣) بزووتنى توێژێک کە شوناسێکى ڕوونى نیە و بەدیلى هەموو شوناسەکانى تریشە. دەسکەوتى پشت هەرسێ خاڵەکەش ئەوەیە کە «کەس بەتەنیا فریادڕەس نیە». پەلاماردانى هەموو لایەنە سیاسییەکان, دەریدەخات سیاسەت خۆى لەبنەڕەتدا لەسەر "سەنتەرێکى غایب(چەقێکى ون)" کاردەکات کە هەرزەکارەکان لە هەموان باشتر گوزراشتى لێ دەکەن. هەر قۆناغێک و هەر پارتێک بێت, هێشتا بەتەواوى تواناى پڕکردنەوە و خاوەندارێتیی ئەو سەنتەرە ونەى نیە. «کەس بەتەنیا فریادڕەس نیە», بەشێوەیەکى سەیر هاوتاى پێچەوانەکەى خۆیەتى: «هەموانیش پێکەوە هەر فریادڕەس نین». دەبێت ئەو چەقە غایبەى سیاسەت هەیمشە لەجێى خۆى بمێنێتەوە, هەرکەس بیرى بچێتەوە ئەوا لەڕێگەى دەرپەڕینى کردارى هەرزەکار و لاوەکانەوە بیردەخرێتەوە. چەقێک کە لە سیاسەتدا بەتوندى دەتەقێنەوە. گەرنا لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانى تریشدا پێشى و پاشى سیاسەت هەر هەن. هەر قەوارەیەکى سیاسى خۆى بە خاوەنى جەوهەریی ئەم سەنتەر بزانێت, زۆرجار لە هەمووى توندوتیژترە. هەر ئەویش دەستبردن بۆ سەر خۆى, وەک دەستدرێژی دادەنێت بۆ سەر شوناسێکى پڕ و بێخەوش کە نابێت بشڵەژێت. بەڵام هەموومان دەزانین هیچ شوناسێکى مرۆیی, لەناو سیاسەت و دەرەوەى سیاسەتیش بوونى نیە پڕوتۆکمە بێت. هەبوونى ئەو سەنتەرە ونە, ونبوونى هەر شوناسێکى پڕیشە. هەر لێرەدایە ناکرێت ڕۆڵى ئیرەیی لاى حیزبە کوردییەکان بەکەم وەربگرین کە لە ساتى تەنگپێهەڵچنران‌دا, دەتوانن دەستیان بکەنەوە. لانیکەم لەبەر دوو هۆ: بەپێى وجودى خۆیان ناکرێت حیزبى بەرامبەر(واتە پارتى) هەروا بمێنێتەوە و ئەوان بکەونە مەترسییەوە, بەردەستبوونى وێنەى خۆپیشاندانەکانى عێراق کە نزیکەى هەزار قوربانییەکى هەبووە. تاکتیکى ڕاستەقینە لێرەدا ئەوە نیە دەسەڵات تیژتربکرێتەوە, بەڵکو هەنگاوێکى دیالەکتیکییە کە زۆرینەیەکى هێمنتر ئەم ئەکتە بگۆڕن بۆ پووکانەوەى زەبروزەنگى ڕاستەوخۆى دەسەڵات لەناوەوە. لێرەدا عەقڵانیەتى هەرزەکارى, تاکتیکى خۆى دەنوێنێت و خەسانى دەسەڵات دەبینێت: چەشنى دیمەنى هەڵهاتنى قایمقامى یەکێک لە شارۆچکەکان کە دەبینین «پادشا بەئاسانى عەباکەى خۆى فڕێدەدات».   

هەندێک لە دەروونناسان پێیانوایە مرۆڤەکان خۆیان عەقڵانیین, بەڵام هەرکە پێدەنێنە سنورى پراکتیک و کردار ئیدى نەخشە عەقڵانییەکەى پێشوویان دەلەقێت و ڕەفتارى جیاوازتریان لێ دەوەشێتەوە. ئەم دیدە, دیدێکە مرۆڤ بەتەنیا و لە سیاقێکى دەرەکۆمەڵایەتییدا وەردەگرێت. بۆیە دەبێت دەروونناسییەکى کۆمەڵایەتى وەرگرین و بڵێین مرۆڤ بەگشتى بەردەوام لەناو پراکتیکى کۆمەڵایەتییدا دێت و دەچێت, بەشێکى زۆرى بەپێى ئەو ڕواڵەتانە دەجووڵێتەوە کە کۆمەڵگا ڕادەگرێت و بەشێکیشى بەردەوام بەشێوەیەکى "ناڕاستەوخۆ و بونیادى" بۆ تێکدانى ئەم ڕواڵەتە پەلدەکوتێت. دیاردەى وێرانکردن و دزى و تاڵانى و هتد, گەرچى بەڕواڵەت دیاردەى نەرێنى‌ن, بەڵام لەجەوهەردا کێشەگەلێکن کۆمەڵگا خۆى حەلینەکردووە و لەو ساتانەدا وەک چەپێنراوێک دەگەڕێتەوە. سەرەنجام, ئەوەى هەرزەکار و گەنج و تازەپێگەیشتووان دەیکەن, ئەو شتەیە کە لەبنەڕەتدا کۆمەڵگاى لەسەر بنیاتنراوە و لەناو وێنە گشتییەکەیدا کردارێکى تەواو مانادارە. هەر کۆمەڵگایەک ئەوەى تیا نەبێت, عەقڵانیەتەکەى ناوى تووشى خودئاگایى نەهاتووە بەرامبەر بەو "زیادە"یەى خۆى. بەکورتییەکەى, "هەرزەکار" جەوهەرى پەستێنراوى چەمکى "خەڵک"ـە.

 

ڕاگرتنى ئەم ڕۆحیەتە بەپاڵپشتیی ڕاستەوخۆى "گەورەکان" شتێکى پێویستە, بەبێ ئەوەى نەبوونى ئەڵتەرناتیڤى ڕوون(کە خەڵک خۆى دەتوانێت ئەمەش چارەبکات) و چەند هۆکارێکى ناوچەیی و نێودەوڵەتیی تر ساردمانبکاتەوە. چونکە دەسەڵات هێشتا کۆتابژاردەکانى خۆى پێشکەشنەکردووە کە ...