A+    A-
(1,685) جار خوێندراوەتەوە

ڕانان بۆ کتێبى بنەماکانى تۆتالیتاریزم

 

 

 


 شوشە عەلی

 

 

 

کتێبی بنەماکانى تۆتالیتاریزم (the Origins Of Totalitarianism)، یەکێکە لە گرنگترین بەرھەمەکانی ژنەفەیلەسوف و بیریاری سیاسیی ئەڵمانی ھانا ئارێنت(Hana Ardent). یەکەم چاپی ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩٥١ بڵاوبووەوە،  لێکۆڵینەوەیە لە نازیزم و ستالینینیزم وەکو سەرەکیترین جوڵانەوەی سیاسیی تۆتالیتاری؛ لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم. ھەروەھا یەکێکە لەو کتێبانەی لە لیستی باشترین کتێبەکانی سەدەی بیستەمدایە١.

 

تۆتالیتاریزم چییە؟

تۆتالیتاریزم سیستەمێکی سیاسییە لە حکومەتدا پێچەوانەی دەسەڵاتی فرەپارت و لایەنە، ئامانجی دەسەڵاتێکی گشتگیرە بەسەر ھەموو دەوڵەت و کۆمەڵگەدا و؛ دەست بەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی تەواوی ژیانی گشتی و تایبەتی. ھێزە سیاسییەکەی لە حکومەتی دیکاتۆری و دیسپۆتیزمەوە وەردەگرێت، بەڵام ناتوانین بڵێین سیستەمێکی دیکتاتۆرییە یا دیسپۆتیزمە، چونکە ڕژێمێکی ستەمکارترە و، لە چەند ڕووەیەکەوە لە ھەردوو ڕژێمەکە جیاوازە. لە ڕێگەی کەمپ و ئۆردۆگاکانی زۆرەملێ و دەستە نھێنییەکان و دەزگای پۆلیسی و پڕوپاگەندەوە، بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەی دەدات.

 

ئەم کتێبە-لێکۆڵینەوەیە لە چوارچێوەی ٤٣٠ لاپەڕەدا لەلایەن (حەمەڕەشید) وەرگێڕانی بۆ کراوەو، پێکھاتووە لە؛ دەروازە و چوار بەش لەبارەی تۆتالیتاریزمەوە. کتێبەکە لەلایەن دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەمەوە لە ساڵى ٢٠٠٧ بڵاوکراوەتەوە. ڕوونکردنەوەو ئاماژەدان بە ھەردوو سیستەمی نازیزم و ستالینیزم. وەکو نمونەی واقیع بۆ ئەم چەمکە یاخود بۆ ئەم ئایدۆلۆژیایە. وەرگێری کوردی پێشەکی و کورتەیەک لە ژیانی ھانا ئارێنتی بۆزیادکردووە.

( ھانا ئارێنت) لە ساڵی 1906 لە ھانوڤەری ئەڵمانیا لەدایکبووە. بەشی فەلسەفەی خوێندووە و خوێندکاری گەورە  فەیلەسوفانی وەک مارتن ھایدگەر و ئەدمۆند ھۆسرڵ و کارڵ یاسپەرس بووە. دکتۆرای لە فەلسەفەدا بەدەستھێناوە. لەبەرئەوەی  بە ڕەچەڵەک جولەکەیەکی ئەڵمانییە بۆیە لە سەردەمی جەنگی جیھانی یەکەمەوە چووەتە ئەمەریکا و لەوێ ژیاوە و بەردەوامی بە توێژینەوەکانی داوە.

ھەروەھا پێشەکییەکی ورد و پوختی لەلایەن (د. شاھۆ سەعید ) بۆ نووسراوە، بە ناونیشانی "تۆتالیتاریزم: ئایدۆلۆژیایەکی لێکدراو و ڕژێمێکی فرەئەدگار". تیایدا بە کورتی ئاماژە بە دەسەڵاتی تۆتالیتاری و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئەم ڕژێمە و ستراتجییەکانی دەدات. یارمەتیدەری خوێنەرە بۆ ئاشنابوونی بە ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاری لە ڕوانگەی ھانا ئارێنتەوە. و ئاماژەدان بە یەکێک لە ھۆیەکانی نووسینی ئەم کتێبە. ئەویش سادەکردنەوەی ئایدۆلۆژیا یاخود ڕژێمی تۆتالیتارییە و، ڕەخنەگرتن لەوەی بەسادەیی بچێتە ژێر پۆڵێنکارییە تەقلیدییەکانی فیکری سیاسی؛ کە ڕژیمەکان دابەشدەکات بەسەر: ستەمگەری، دیکتاتۆری و پەرلەمانی ...ھتد. لەبەرئەوەی ئەم ڕژێمە ڕژێمێکی ئاڵۆزە، ناتوانرێت وەک ڕژێمەکانی تر بەئاسانی بیناسینەوەو درکی پێبکەین. چونکە پشتبەستووە بە ھەموو بوارەکانی ژیان بە گشت و بەشییەوە. بۆ نمونە سودوەرگرتن لە زانستی مۆدێرن و مێژوو بەکارھێنانی لۆژیکی زانستی بۆ کارەکانیان، و بەخشینی غەیبانییەتێکی ئایدۆلۆژى بە ئایدیاکانیان.  بۆ نمونە ھیتلەر پشتی بەستبوو بە تیۆرەکەی داروین( مانەوە بۆ باشترینە). ستالینیش پشتی بەستبوو بە تێزی مارکس بۆ ململانێی چیناییەتی (چینی ڕوو لە مەرگ). ھەروەھا پشت بەستن بە ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندە و بانگەشەی ئایدۆلۆژی و دەزگای ھەمەجۆرو، سنوردارکردنی بوارە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ڕۆشنبیریەکان لە بەرژەوەندیی ڕژێم.  

ڕژێمی تۆتالیتاری, ڕژێمێکە مرۆڤ تەنیادەکات، و لە ڕێی بانگەشەی ئایدۆلۆژییەوە، پێی دەڵێت دەرەوەی حیزب شوێنێکی ئارام نییە. پەیوەندیی خەڵک لەسەر بنەمای چاودێری و سیخوڕی درووستدەکاتەوە، و بەردەوام لەڕێگەی پۆلیسی نھێنی و درووستکردنی چینێکی مووچەخۆر پەرە و بەردەوامی بەخۆی دەدات. توندوتیژی و شۆڕشی بەردەوام دەکاتە ئامانجێکی درێژخایەن. ئەم ڕژێمە ئایدۆلۆژیای خۆی بەسەر ھەموو کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت، دەبێت ھەمووان سیاسەت بکەن بەو شێوەی ڕژێم دەیەوێت. تەنھا ڕژێم لەسەر حەقە ئەوەی ئەمرۆ ڕژێم دەیڵێت ڕاستە، کەواتە لە ڕابردوودا ڕاست بووەو بۆ داھاتووش ھەر ڕاستە ٢. ئایدۆلۆژژیای تۆتالیتاریزم ئایدۆلۆژیایەکی بێ سیمایە، و ناتوانین بە ئاسانی دیاری بکەین، بۆیە بەردەوام لە ھەر سیستەمێکدا ئەگەری دەرکەوتنی ھەیە. چونکە تۆتالیتاریزم لە ھەناوی ھەموو ئایدۆلۆژیایاکاندایە. لەسەدەی بیستەمدا ئایدۆلۆژیای راسیزم و بۆلشەفیزم ئەو دوو ئایدۆلۆژیایە بوون کە توانیان بەرگی زانستی و مێژووی بکەنە بەری ئایدیاکانیان. کە پشتى بەستبوو بە سێ بنەمای فیکری:

1- ئایدۆلۆژیا تەنھا مامەڵە لەگەڵ واقیع ناکات، بەڵکو دەکرێت ئەگەرە خەیاڵی و وەھمییە مێژووییەکانیش وەک واقیع وێنابکات و کاریان لەسەر بکات "بەڵێن دەدات رابردوو بەتەواوی ڕاڤەبکا و تێگەیشتنی تەواوی بۆ ھەنوکە ھەبێ و بەشێوەیەکی دیاریکراویش پێشبینی داھاتو بکات".

2- باوەڕی ئایدۆلۆژی بۆ سەلماندنی ئایدیاکانی، پێویستی بە بەڵگەھێنانەوەی واقیعی نییە، چونکە بەرگی زانستی و مێژوویی بەبەری ئایدیاکانی دەکات کە مەرج نییە ئێستا بسەلمێنرێن. 

3- ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاریزم ھەوڵدەدات بەڵگەنەویستێکی  پێشوەخت بۆ خۆی دابڕێژێت و پاشان ھەموو تێزەکانی لەسەر ئەو بەڵگەنەویستە بنیاتبنێت. لەبەرئەوەی پێشەکی بەڵگەنەویستە واتا ئەوەی لەسەری بنیاتدەنرێت بەڵگەنەویستە. ئەمەش ھیتلەر و ستالین بەوردی کاریان لەسەر کردووە.

ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاریزم چەمکێکی دیالەکتیکییە و لەسەر بنەمای تێزە ناکۆک و دژیەکەکان دادەمەزرێت و بەردەوام لە نەفی و خۆنوێکردنەوەدایە. لە ڕووی پراکتیکیش بەھەمان شێوە کاردەکات، ھەوڵی سەقامگیرکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت لەگەڵ بارودۆخی شۆرشی بەردەوام و دۆخێکی ئاوەرتە دەدات. و سادەکردنەوەی کێشەکان بەسەر دووبەرەدا، دوژمن و دۆست، موژدە و ترس، بەھەشت و دۆزەخ. دابەشکردنی پەیوەندیی مرۆڤەکان بەسەر جەلاد و قوربانی، کە سیستەم دیاریاندەکات.

 

 

دەروازە

لێرەدا ھانا ئارێنت ئاماژە بە  کات و بارودۆخەکانی نووسینی ئەم کتێبە دەکات و ھەروەھا نەبوونی بەڵگە و نوسینەوەی مێژووی ڕاستەقینەو ورد، کۆسپێکی بەردەم نووسینی بوو. چونکە ئەو سەرچاوانەی بەردەست بوون، بەو  جۆرە نووسرابوون کە حیزب دەیویست؛ نەک ئەوەی چۆن ھەبووە دەربارەی ئەم ڕژێمانە. لەگەڵ ئەوەشدا چەند بەڵگەنامەیەک توانراوە بپارێزرێن و سوودیان لێ ببینرێت. جگە لە چەندین ڕاپۆرت و نووسین دەربارەی ھەر یەک لەم ڕژێمانە و بەردەوام دۆزینەوەی بەڵگەی نوێ. ھەرچەندە ئەو کاتەی دەستنووسی ئەم کتێبەی تەواوکرد لە 1949 لە دوای شکستی ئەڵمانیای ھیتلەری و پێش شکستی ستالین. کەمیی بەڵگە وایکرد لە سێیەمین چاپیدا کتێبەکەی تەواوبکات . چاپی دووەمیشی پێشتر و لە ساڵی 1958دا لە شێوەی کتێبی گیرفانی بڵاوکردەوە. لێرەدا بەکورتی ئاماژەی بە ھەریەک لە بەشەکانی داوە، ھەروەھا ئەو بارودۆخ و ژینگەیەی ڕژێمکی تۆتالیتار پێویستیەتی و بەردەوامی بەخۆی دەدات. پەیوەندی و جیاوازی لەگەڵ ڕژێمە دیسپۆتیزم و دیکتاتۆرییەکان. لێرەدا ھەوڵیداوە تۆتالیتاریزم بناسێنێت، ئاماژە بە پێکھاتەی کۆمەڵگەی تۆتالیتاری بکات و ئاگادارمانکاتەوە لەوەی دەکرێت لە ھەر ئانوساتێکدا بێت سیمای خۆی دەربخات. " لە ھەر جێگەیەک جەماوەر ھەبێت  و لەبەر ھەر ھۆیەک لە ھۆیەکان ئارەزوویەکی زۆری ڕێکخستنی سیاسی تیا بەدیبکرێت، بزوتنەوە تۆتالیتارەکانیش ئەگەری بوونیان ھەیە".

 ناتوانین بزوتنەوەی تۆتالیتاری بە تەنھا، وەک ڕژێمێکی مێژووی دیاریبکەین. چونکە بەبەردەوامی لە خۆنوێکردنەوە و دەرکەوتنەوەدایە لە ھەر سیستەمێکی سیاسیدا، جا ستەمکاری بێت یان دیموکراسی. بۆ نمونە (J.LTalmon) مێژوونووسی ئیسرائلی، تۆتالیتاریزمی دیموکراسی بەکارھێناوە، کە چەمکێکە ھەڵگری پارادۆکسە لەناو سیستەمەکاندا.

( f.william engdahl) نووسەری ئەمریکی و (sheldon s. wolin)  تیۆریست و سیاسەتمەداری ئەمریکی  کۆمەڵێک ڕەھەندی نوێیان بۆ شیکردنەوەی تۆتالیتاریزم زیادکرد.Engdahl یش تیشکدەخاتە سەر  ئەمریکا و تۆتالیتاریزمی دیموکراسی لە ئەمریکادا، چونکە ڕۆڵی پێشەنگی جیھان دەبینێت لەو ھەژموونە ئابوری و میلیتارییەی ھەیە، ھەموو جیھان وەک پاشکۆیەکی ئەوەو ئۆبێکتی جیھانە، و لە ناوەڕۆکدا لە دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری دەچێت. بەھەمان شێوە سلاڤۆی ژیژەک لە کتێبی (بەخێر بێن بۆ بیابانی ڕیاڵ)دا دەرەنجامێکی ھاوشێوە پیشاندەدات. باسی جەنگ و تیرۆر دەکات، ڕووداوی یانزەی سێپتەمبەر شۆکێک کە بووەھۆی خستنی لیبراڵیەت لە ئەمریکا و پاساوھێنانەوەی بۆ داگیرکارییەکانی لە عێراق و ئەفغانستان. ھەر لەم بارەوە شوێنکەوتووانی ئارێنت شیکردنەوە بۆ سیاسەتی ئەمەریکا و ترەمپ دەکەن.  ھەندێک لە توێژەرەوان و شارەزایان پێیانوایە ئەگەر بێتوو ترەمپ لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەمەریکا دووبارە ھەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ویستی خەڵک دەردەخات بۆ ھەبوونی دەسەڵاتێکی ستەمکار، ئەمەش بە مەترسی دادەنێن بۆ دەرکەوتنی دەسەڵاتی تۆتالیتاری لە ئەمریکا. ٣

 

 

 

 بەشی یەکەم

کۆمەڵگەی بێچین

 

لەم بەشەدا ھانا ئارێنت ئاماژە بەیەکێک لە ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوانە دەکات، ئەویش دەسەڵاتێکی گشتگیرە بەسەر وڵاتدا، بۆ بەدیھێنانی کۆمەڵگەیەکی بێ‌چین.  

ئامانجی ئەم بزووتنەوانە ڕێکخستنی جەماوەر بووەو توانیویانە سەربکەون. بەپێچەوانەی حیزب یان دەسەڵاتە کۆنەکانەوە کە ئامانجیان بەرژەوەندی یاخود ھاوڵاتیانی خاوەن بەرژەوەندی و دەستەبژێر بوو؛ لەبەرئەوەی ڕژێمە تۆتالیتارەکان پشت بە ھێزی ژمارە دەبەستن. بە جۆرێک لەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتووان کەمە ڕژێمی تۆتالیتاری توانای سەرکەوتن و بەردەوامی نییە. ھەتا ئەگەر ھەلومەرجیش لەبار بێت. بۆنمونە لە دوای جەنگە جیھانی یەکەمەوە، چەند دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری و نیمچەتۆتالیتاری دروستبوو، بەھۆی ئەوەی بەرنگاربوونەوەیەکی توندی دیموکراسی و بزووتنەوەی شۆرش و ئەو ڕاپەڕینانە دەکرا کە لە ئەورووپادا ڕوویاندابوو، ھەربۆیە خواستێکی بەرفراوان ھەبوو بۆ ئەم ڕێژێمە. پاشان لەو وڵاتانەی دانیشتووانی کەم بوو، دیکتاتۆری ناتۆتالیتاری سەریھەڵدا، تاکو سیستەمێکی گونجاو بێت لەگەڵ کەمیی دانیشتووان ٤. چونکە کەمیی دانیشتووان ھەڕەشەیەکی جدییە بۆ ئەم ڕژێمە. بۆنمونە ستالین دوای ئەوەی دەسەڵاتی گرتەدەست، ھەوڵیدا پاشماوەی سۆڤێتەکان لەناوبەرێت، ئەو ڕۆڵەی لە ڕوسیادا ھەیانبوو کۆتایی پێبھێنێت، بۆیە باڵی بەلشەفیزمی درووستکرد و؛ ساڵی 1930  دا تەواوی شوێنەوارەکانی دەزگا کۆنەکانی لەناوبرد،  پاشان پێی نایە قۆناغی لەناوبردنی چینەکانەوە، لەسەرەتاوە لەو چینانەوە دەستیانپێکرد کە توانا و دەسەڵاتیان ھەبوو، پاشان چینی بیرۆکراتەکانیشی گرتەوە کە بەشدارییان لە پاکتاوکردنەکانی چینەکانی پێشتر کردبوو؛ ئەوانیش چینی جوتیار و کرێکاران بوون.

لەبەرئەوە کاتێک بارودۆخ لەبارە بۆ سیستەمێکی تۆتالیتاری، کە جەماوەرێکی زۆر لەبەردەست بێت بێ ئەوەی ببێتە مایەی کەمبوونەوەیەکی ترسناکی دانیشتووان؛ بتوانرێت بەکاربھێنرێن. لەبەرئەوەی ڕژێمێکە لە کەڵەکەکردنی  دەسەڵات و لەناوبردنی مرۆڤدا کۆڵنادات. ھانا ئارێنت ئاماژە بە چەمکی جەماوەر دەکات بەوەی "دەستەواژەی(جەماوەر) لەسەر خەڵکێک پیادە دەبێت کە بەھۆی ژمارەیانەوە بێت یا بەھۆی کەمتەرخەمییانەوە یا بەھۆی ھەردووکیانەوە، ناتوانن بچنە ڕیزی ئەو ڕێکخراوانەوە کە لەسەر بەرژەوەندیی ھاوبەش دامەزراون.....جەماوەر بەشێوەیەکی بەھێز لە ھەموو وڵاتێکدا ھەیە و زۆربەی ئەو خەڵکە بێلایەنەش پێکدەھێنیت کە لە ڕووی سیاسییەوە کەمتەرخەمن، ئەوانەی بەدەگمەن دەنگدەدەن ئینتمایان بۆ حیزبێک نییە". بزوتنەوە سوود لەو کەسانە وەردەگرێت و دەیانکاتە ئەندام، کە کەسانی کەمتەرخەمن و لەلایەن ھەموو حیزبەکانەوە ڕەتکراونەوە. بەتایبەت لەو سەردەمەدا سایکۆلۆژیای تاکی ئەورووپی تەواو ڕووخابوو، بەھۆی ئەو شۆرش و گۆڕانە سیاسی و فیکرییانەی ڕوویاندابوو. جگە لەمانە ئەوەی کەسی جەماوەری لەم ڕژێمەدا جیادەکاتەوە لە بزووتنەوەکانی تر، ئەوەیە ھەر تاکێکی تێکۆشەر دەبێت دڵسۆزییەکی بێ‌سنور و بێ‌مەرج و نەگۆڕی بۆ بزووتنەوە ھەبێت. ھەر بۆیە سەرکردە تۆتالیتارەکان پێش ئەوەی دەسەڵات بگرنەدەست، کار لە سەر چەمکەکانی دڵسۆزی  بۆ حیزب دەکەن. بە شێوەیەک ھەموو ھێڵەکانی ژیانی تاکەکەس ببڕێت و شتێک نەھێڵێت بە ناوی بازنەی کۆمەڵایەتیی تاک. بۆنمونە  لە سۆڤیەتدا لەڕێگەی بەکارھێنانی پاکتاوکردن، ھەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانی و تاکەکەسییەکان لەناودەبران. گەر کەسێک تۆمەتبارکرایە، ئەوا ھەموو ھاوڕێ و خێزان و کەسە نزیکەکانی ڕاستەوخۆ لێی‌دەبوونە دوژمن، و لەڕێگەی نوسینی ڕاپۆرتەوە پەیوەندیی خۆیان بەو کەسەوە دەردەبڕی کە تەنھا بە مەبەستی سیخوری لێی نزیک بوون. تەنانەت ئەم کەسانە ئامادەبوون بمرن،  لەجیاتیی ئەوەی ئەندامییەتی حیزبیان لێ بسەنرێتەوە و دانیان بەھەر گوناھێکدا دەنا کە ھەرگیز نەیانکردبوو!

"کاتێ ھەموو کەس درۆت لەگەڵ دەکات، لە ئەنجامدا باوەڕ بەدرۆکان ناکەیت، بەڵکو چیتر ھیچ کەس باوەڕ بە ھیچ شتێکناکات" ..ھانا ئارێنت.

یەکێکی تر لە خاسیەتەکانی بزووتنەوەی تۆتالیتاری، تۆمارنەکردنی مێژووی ڕەسمی بوو، بە جۆرێک بەپێی ویستی خۆیان ڕابردوو بگۆڕن و جیاوازی لەنێوان ڕاستی و درۆ لەڕووی بابەتییەوە نەھێڵن، ڕاستیش نەتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت. بۆیە ئارێنت لەم بارەیەوە  پێی‌وایە "ئەوە لێھاتوویی ھیتلەر و ستالین نەبوو لە ھونەری درۆکردندا، بەڵکو واقیع ئەوانی والێکرد بتوانن بۆ پشتیوانی لە درۆکانیان جەماوەر لە یەکەیەکی بەکۆمەڵی پڕ لە شکۆمەندی‌دا ڕێکبخەن".

ھانا ئارێنت پێی‌وایە، بزووتنەوەی تۆتالیتاریزم بە ئامانجی درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ‌چین، ھەموو ڕێگایەک دەگرێتەبەر. وەک سیخوری و کەمپی زۆرەملێ و پاکتاوکردن و درووستکردنی چەندین دەزگای جۆراوجۆر و دەزگای تایبەت بە پڕوپاگەندەو ھتد...

 

 

 

 

 

 

بەشی دووەم

بزووتنەوەی تۆتالیتاریزم

 

ھانا ئارێنت لەم بەشەدا دوو بابەتی سەرەکی دەخاتەڕوو بۆ ئاماژەکردن بە بزووتنەوەی تۆتالیتاری(پڕوپاگەندەی تۆتالیتاریزم- ڕێکخستنی تۆتالیتاری)، وەک دوو  ئامرازی سەرەکیی بزووتنەوەی تۆتالیتاریزم.                                                      

لە وڵاتە تۆتالیتارەکاندا، پڕوپاگەندەو تیرۆر بەیەکترییەوە پەیوەستن، ئەمەش لەکاتێکدا تۆتالیتاریزم دەسەڵاتی ڕەھا پەیدا بکات. ئۆجین ھادامۆڤسکی لەم بارەوە وتوویەتی (پڕوپاگەندەو توندوتیژی ھەرگیز ناکۆک نین، بەکارھێنانی توندوتیژی دەشێت بەشێک لە پڕوپاگەندە پێکبێھێنت).                                                

  بزووتنەوەکە پڕوپاگەندە بۆ تەڵقینی ئایدۆلۆژیا دەگۆڕێت و توندوتیژیش بۆ بەدیھێنانی بیروباوەڕی ئایدۆلۆژی و سەلماندنی کارە ساختەکانی بەکردەیی بەکاردەھێنێت. واتا کاتێک دەوترێت تەنھا ڕووسیا خاوەنی میترۆیە یاخود یەکەم وڵاتە میترۆی ھەیە ، واتا دەبێت سەرجەم میترۆکانی جیھان لەناوببرێن!.

 ھێزی پڕوپاگەندەی تۆتالیتاری لە توانا مەزنەکەیدایە بۆ دابڕینی پەیوەندیی نێوان جەماوەر و جیھان. چونکە جەماوەر تەنھا لە خەیاڵی پەتییەوە ھەست بە ئۆقرەیی دەکات. بە ڕای ھانا ئارێنت «جەماوەر لە دووڕیانی  ڕووبەرووبونەوەی گەشەسەندنی ئاژاوەو بەرھەڵستیی ھەڕەمەکی داڕووخانی تەواودا یا ملکەچکردن بۆ ئایدۆلۆژیایەکی یەکانگیری زۆر دڵڕەقانە و بارگاوی بە وەھمێکی سەیروسەمەرە، ھەمیشە ئاراستەی دووەم ھەڵدەبژێرێت...چونکە ڕاکردنی لە واقیع لە نێو کارەساتێکی سەرتاپاگیردا، لانیکەمی ڕێزلەخۆگرتنی بۆ دەستەبەر دەبێت».

ھەروەھا ھەڵمەتی پڕوپاگەندە و توندوتیژی بە پەیوەندییەکی ڕاستەوانە زیاددەکات، بە زیادبوونی ھێزی دەرەکی و زیادبوونی ئەو نەتەوەو کەسانەی بە گۆڕانی سیاسییەوە پەیوەستن و نەچوونە ژێر دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاری.  بۆ نمونە "کاتێک ستالین بڕیاریدا مێژووی شۆرشی ڕووسیا بنوسرێتەوە، پڕوپاگەندەی پشتگیریکردن لە داڕشتنەوەی مێژوویی نوێ وایدەخواست، نەک ھەر کتێب و دیکۆمێنتە کۆنەکان لەنێوبەرێت، بەڵکو دەخوازرا لە یەک کاتدا نوسەر و خوێنەرانیشی لەنێوببرێن. بۆیە بڵاوبوونەوەی مێژووی ڕەسمی نوێی حیزبی کۆمەنیست لە ساڵی 1938 دا، نیشانەی کۆتایی پاکتاوکردنێکی بەرفراوان بوو کە بەدروێنەکردنی نەوەیەک لە ڕووناکبیرانی سۆڤێتی دواییھات". ڕووداوی ھەمان شێوە لە ئەڵمانیاو لە وڵاتە  داگیرکراوەکانی ڕۆژھەڵات دەبینرا.

 وڵاتە تۆتالیتاریتارەکان پڕوپاگەندە وەک ئامرازێک بەکاردەھێن بۆ بەدیھێنانی ئامانجێکی دەروونی بۆ سەپاندنی ئایدۆلۆژیا. بەڵام گەوھەری ڕاستەقینەی ئەم بزووتنەوانە تیرۆرە، چونکە دوای گەیشتن بە ئامانجە دەروونییەکانیش لەڕێی پڕوپاگەندەوە بەردەوامی بە تیرۆر دەدەن؛ وەک ئامانجێکی درێژخایەن.

ڕێکخستنی تۆتالیتاری شێوازی ڕێکخستنی تۆتالیتاری، شێوازێکی نوێ بوو بە پێچەوانەوەی ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاری؛ خاوەن ڕێکخستنێکی بەرنامەڕێژکراو و ورد بوو. بۆنمونە ڕێکخستنی ڕووکار و جیاکاریی نێوان ئەندامانی حیزب و لایەنگرەکانی، کە دوو جۆر ئەرکیان ھەیە. یەکەم کاردەکەن وەک کارێکی بزوتنەوەی تۆتالیتاری بەرامبەر جیھانی ناتۆتالیاری. دووەم وەک ڕووکارێکی جیھانی ناتۆتالیتاری بەرامبەر بە ھەرەمییەتی ناخۆی بزووتنەوە. ھیتلەر یەکەم کەس بوو لەم بارەوە ڕایگەیاند  "ھەر بزووتنەوەیەک ئەو جەماوەرەی لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، پێویستە لەسەری بیکات بە دوو بەشەوە، لایەنگران و ئەندامان". ھەروەھا پرەنیسپی ڕێبەر(شەخسپەرستى) کە ناوێک بوو ھاوشان بە درووستبوونی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان گەشەی کرد. زیاتر خەسەڵەتەکانی پەیامبەر و بتپەرستی لەخۆدەگرت.

خەسڵەتێکی دیکەی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان، بەردەوام خۆی دووبارەدەکاتەوە و ڕێکدەخاتەوە. بەدرووستکردنی کۆمەڵەی نوێ بەبەردەوامی، بەجۆرێک بە درێژایی دەسەڵاتیان مێژووی دروستبوونی پێکھاتەی نوێی ناو حیزب بوو. تاکو ھیچ کۆمەڵەیەک خۆی بە کۆتا دەسەڵات و متمانەپێکراوی دەوڵەت نەزانێت.  کەلەسەر بنەمای پەیمان و وەفای جەماوەر دانەمەزرابوون، بەڵکو لەڕێگەی ساختەکاریی بەردەوام و پاراستنی جیھانە ساختەکەیانەوە.

 

 

 

بەشی سێیەم

تۆتالیتاریزم لە دەسەڵاتدا

 تۆتالیتاریزم لە دەسەڵاتدا ھەوڵی بەدیھێنانی دەسەڵاتێکی گشتگیر دەدات. و درووشمی (شۆڕشی بەردەوام)، بزوێنەر و یارمەتیدەری بەردەوامبوونی بزوتنەوەیە دوای گەیشتنە دەسەڵات. بەم شێوە دەتوانێت دەسەڵاتێکی گشتگیر بۆخۆی فەراھەمبکات. بۆ نمونە ستالین ئەم درووشمەی لە ترۆتسکییەوە وەرگرت بەبێ ناوەڕۆکەکەی، بەتایبەت خۆی لە ھەڵمەتەکانی پاکتاوکردندا دەبینییەوە کە شێوەی دەزگای ھەمیشەییان وەرگرتبوو. ھەروەھا لەنێو ئەڵمانیای نازىدا لەجیاتیی ئەم درووشمە درووشمی (ھەڵبژاردنی نەژادیی بێبەزەییانە)،  بەردەوامی بە پاکتاوکردن و دەسەڵاتێکی گشتگیر دەدا بۆ مانەوەی تۆتالیتاریزم لە دەسەڵاتدا.

لەبەرئەوەی تۆتالیتاریزم ڕژێمێکی بێ‌فۆرمە و لەپێناو گونجان و ھەڵکردنی دەوڵەت و بزووتنەوە، بانگەشەی تۆتالیتاریزم و سنورداری لە وڵاتدا. ھەر بۆیە ڕێبەری بزووتنەوە ئەرکێکی دوانەیی لەسەرشانە " دەبێ واقیعێکی ھەستپێکراو و ئەرکێکی جیاکار لە ژیانی ڕۆژانە بە جیھانی ساختەیی بزوتنەوە ببەخشێت، لەلایەکی دیکە، پێویستە ڕێگە لە ئەفراندنی ھەر جۆرە سەقامگیرییەکی نوێ  لەم جیھانە نوێییە بگرێتە بەر".  لەبەرئەوەی ڕژێمی تۆتالیتاری ڕوبەرووی واقیع دەبێتەوە. بۆ ئەوەی بزووتنەوە بەسەر ئەم بارودۆخەدا زاڵ بێت و کاریگەری ھەبێت لەسەرھەموو لایەنەکان ، ئیدارە  بۆ مەبەستەکانی بەکاردەھێنێت و پۆلیسی نھێنی دادەمەزرێنێت و ئۆردوگا زۆرەملێکان بەکاردەھێنێت، بۆ تاقیکردنەوە پراکتیکییەکانی. لەم بەشەدا ھەنا ئارێنت زۆر بەوردی باسی تۆتالیتاریزمی لە دەسەڵاتدا کردووە و نمونە واقیعیەکانی لە ھەردوو ڕژێمەکەدا باسکردووە. ھەریەک لە (دەوڵەتی تۆتالیتاری-پۆلیسی نھێنی ٤- باڵادەستیی گشتگیر)ـی بەتایبەت ئاماژەپێکردووە و باسکردووە, کە یارمەتیدەری بزووتنەوەکەن بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا.

 

 

 

 

 

 

بەشی چوارەم

ئایدۆلۆژیا و تیرۆر

نمونەیەکی نوێی حکومەت

 

 

لەم بەشەدا کۆتایی بە کتێبەکەی دەھێنێت و باسێکی تیۆری و قووڵی ئەم بەرھەمەیە. لێرەدا ھانا ئارێنت شیکردنەوە بۆ پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی گشتگیر و شکستھێنان و لاوازی ئایدۆلۆژیای سیاسی و لایەنەکانی تری دەکات، کە ھەوڵدەدات بۆ بەدیھێنانی دادپەروەریی ڕەھا. ھەر ڕێگەیەکی بوێت لەم پێناوەدا دەیگرێتەبەر، تەنانەت بەرەنگاری ھەموو یاسا و مێژوو و سرووشت لەم پێناوەدا دەبێتەوە بۆ ئامانجەکەی خۆی بەکاریاندەھێنێت.لەم بارەیەوە ھانا ئارێنت نووسیویەتی" تۆتالیتاریزم بە بەرەنگاربونەوەی ھەموو یاسا دانراوەکان، بەیاسا تایبەتەکانی خۆیشییەوە، بیر لە تێپەڕاندنی ھەموو" ڕێکەوتنێکی یاسایی" دەکاتەوە، بێئەوەی ملکەچی بارودۆخی نایاسایی و ھەرەمەکی و ترسی دەوڵەتێکی دیسپۆتیزمی بێت، چونکە بەڵێنی داوە  جێبەجێکردنی یاسا لە کۆتوبەندی ھەر جۆرە کارێک یا ویستێکی مرۆڤ ئازاد بکات". لەھەمان کاتدا ھەموو یاساکان بەپێی ڕاڤەکردنی تۆتالیتاری دەبنە یاسای بزووتنەوە بە یاسا سروشتی و مێژوویەکانەوە. بۆ ڕازیکردنی خەڵکەکەی ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاری بەکاردەھێنێت و ھەموو شتێک لەسەر بنەمای بەڵگەنەویستێک ڕێکدەخات. ھانا ئارێنت پێی‌وایە ھەموو ئایدۆلۆژیایەک توخمێکی تۆتالیتاریی تیایە، بەڵام جیاوازبی نازیزم و ستالینیزم تەنھا ئەوە بوو ئەم توخمە بە باشی گەشەیکرد.  

لە وڵاتی تۆتالیتاریدا " تیرۆری گشتگیر" شوێنی یاسا دانراوەکان دەگرێتەوە، بەجۆرێک چۆن لە وڵاتێکی ناستەمکاردا شەرعیەت جەوھەری ئەو دەوڵەتە پێکدەھێنێت؛ بە ھەمان شێوە تیرۆر جەوھەری دەوڵەتە تۆتالیتارییەکان  پێکدەھێنێت. بزووتنەوەکە تیرۆر بەکاردەھێنت وەک ئامرازێک بۆ ئامانجە درێژخایەنەکانی خۆی و خێراکردنی جووڵەی ھێزی سروشتی و مێژوویی. تیرۆری گشتگیر سنور و پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان لەناودەبات و فرەییان دەتوێنێتەوە و دەیانکاتە تاکێک. نکۆڵی لە ئازادی و بەھا مرۆییەکان دەکات و لەناویان دەبات. وا لە مرۆڤەکان دەکات یەکتری بھاڕن و ھەموو جۆرە پەیوەندییەکی نێوانیان لە ناودەبات و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای سیخوری و چاودێریی بەردەوام بنیاتدەنێتەوە. ھەر لەبەرئەوەیە لە دەوڵەتی تۆتالیتارىدا مرۆڤی گۆشەگیر بەرھەمدەھێنێت و ھانا ئارێنت گۆشەگیری لەم سیستەمەدا بەم جۆرە باسدەکات: "گۆشەگیری جۆرە بنبەستێکە، لە سەردەمێکدا کە بازنەی ژیانی سیاسی مرۆڤەکان وێراندەکرێت، مرۆڤەکان بۆ ئەم بنبەستە پەلکێش دەکرێن، چونکە چیدی جێگەیەکیان بۆ نامێنێتەوە تا پێکەوە ھەوڵبدەن  پرۆژە ھاوبەشەکانیان بەدیبھێنن".

 

 

 

 

پەراوێز:  

1-https://en.m.wikipedia.org/wiki/The_Origins_of_Totalitarianism.

2- بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم دیالەکتیک و پارادۆکسانەی ڕژێمی تۆتالیتاری دەتوانرێت سوود  لە  خوێندنەوەی ڕۆمانی (١٩٨٤) ی جۆرج ئۆڕێڵ  ببینرێت.

3- https://en.m.wikipedia.org/wiki/Totalitarian_democracy.

4- بەڵام لە ڕۆژھەڵات  جێگەی مەترسییەکی جدی بوو، چونکە ھەم دانیشتووان زۆر بوو ھەم ماددەی خاو.

 

تێبینى: خوێنەر دەتوانێت لێرەوە ڕاستەوخۆ چاپى کوردیی کتێبەکە دەسبخات:

https://ia600801.us.archive.org/10/items/abuarialkurdy_gmail_20171007_0603/%D8%A8%D9%86%D9%87%E2%80%8C%D9%85%D8%A7%D9%83%D8%A7%D9%86%DB%8C%20%D8%AA%DB%86%D8%AA%D8%A7%D9%84%DB%8C%D8%B1%DB%8C%D8%B2%D9%85.pdf