A+    A-
(1,929) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ:

 

ئەبستراکت Abstract و کۆنکرێت Concrete

 

 

 

شکار وەفا

 

 

 

لە میتافیزیکدا فەیلەسووفەکان دەڵێن کە هەموو شتەکان دابەش دەبن بەسەر دوو بەرەدا، "ئەبستراکت" و "کۆنکرێت"، لەڕووی فیزیکییەوە وەسفی شتێک یان با بڵێین ئۆبژە(ئۆبێکت)ێکیان پێدەکرێت. ئۆبژە ئەبستراکتەکان فیزیکی نین، لە کاتێکدا ئۆبژە کۆنکرێتییەکان فیزیکین.

وشەی (Concretum) بە واتای ڕەق و پتەو دێت، بەڵام وشەی (Abstractum) بە واتای ناپتەو و ڕووت و ناماددی دێت. ئەم دوو چەمکە زیاتر لەنێو فەلسەفە و واتاناسیدا بەکاردەهێنرێت. هەندێک جار بە ئۆبژە ئەبستراکتییەکان دەگوترێت "ئەبستراکتا Abstracta" و بە ئۆبژە کۆنکرێتییەکانیش دەگوترێت "کۆنکرێتا Concreta". هەر ئۆبژەیەک ئەبسراکت بێت لەنێو کات و شوێندا بوونی نییە، بەڵام وەک بیرۆکەیەک هەیە. (ویڵارد ڤان ئۆرمن) ئەو کەسەیە کە چەمکی "ئۆبژەی ئەبستراکت"ی هێنایە کایەوە. ئۆبژە ئەبستراکتەکان سەرنجی فەیلەسووفانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە چونکە زۆرکات بەو هۆیەوە کێشە بۆ بیردۆزەکانیان دروستدەبێت. لە ئۆنتۆلۆجیدا ئۆبژە ئەبستراکتەکان کێشەن بۆ "فیزیکاڵیزم" و هەندێک فۆڕمی "ناچراڵیزم". لە مێژوودا گرنگترین کێشەی ئۆنتۆلۆجی بەرامبەر ئۆبژە ئەبستراکتەکان لەسەر پرسی "کێشەی گەردوون" بووە. لە "ئیپیستیمۆلۆجی"دا ئۆبژە ئەبستراکتەکان کێشەن بۆ "ئیمپریسیزم". کەسانی وەک (ئێرنیست ماڵی) و (ئێدوارد زاڵتا) و بە شێوەیەک لە شێوەکان (پلاتۆ) لە نێو بیردۆزی فۆڕمەکاندا، ئاماژەیان بەوە کردووە ئۆبژە ئەبستراکتەکان بە تایبەتی پێکهێنەر و بناغەی ڕاڤەی "میتافیزیک" و پرسە فەلسەفییەکانن بە گشتی.

لە فەلسەفەی مۆدێرندا (ئیمانوێل کانت) و (هیگڵ) ئەو دوو بیرمەندە بوون کە ئاماژەیان بە دووری و جیاوازی و جیایی نێوان ئەبستراکت و کۆنکرێت کردووە.

پرسی هۆکارێتی و ئۆبژە ئەبستراکتەکان پرسێکی تری گرنگە، ئەویش ئەوەیە کە ئۆبژە ئەبستراکتەکان کێشەی نەبوونی هێزی هۆکارێتیان هەیە، هێزی هۆکارێتی ئەو تواناییەی هەیە کە کاریگەری لەسەر شتێک دابنێت، بۆیە ئۆبژە ئەبستراکتەکان بەتاڵن بەتاڵە چونکە ناتوانن کاریگەری لەسەر ئۆبژەکانی تر دابنێن.

لە دونیاى کوردییدا هێشتا دوو چەمکەکە تەواو جێگیرنەبوون و بە بەربڵاوى نەهاتوونەتە ناو زمانى ڕۆشنبیرییەوە. 

 

 

دۆگما Dogma

 

بە شێوە گشتی و فراوانەکەی بریتییە لە هەر بڕوا و بۆچوونێک کە هیچ بوارێکی چەندوچوون و گومانی تێدا نەهێڵدرابێتەوە و دڵنیاییەکی تەواوی تێدا بێت. بە واتایەکی تر، "دۆگما" ئاماژەیە بۆ بڕیارێکی کوێرانە یان ناچاری و بە زۆر، وەک ئەوەی لە شوێنکەوتەی ئاینێکی دیاریکراو یان شوێنکەوتەی پارتێکی سیاسیدا دەبینرێت کە هیچ ئارەزووییەکی نییە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەقڵانی دەربارەی بیر و بڕواکەی مشتومڕ بکات و بنەبڕیانە بۆچوونەکەی خۆی دامەزراندووە، ئەم هەڵوێستەش پێی دەگوترێت "دۆگماتیک" یان "دۆگماتیزم"، کە زیاتر پەیوەست بە ئاینەوە بەکاردەهێنرێن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تایبەت نییە بە هەڵوێستی ئاینباوەڕ و خوداباوەڕەکانەوە، بەڵکو زۆرجار بەرامبەر دۆگما فەلسەفی و سیاسییەکانیش بەکاردەهێنرێت. لەنێو کتێبی پیرۆز و بۆ نووسەرە کلاسیکییەکان "دۆگما بە واتای "بڕیار" دێت، بەڵام لەنێو فەلسەفەدا بە واتای ڕاستیگەلێک دێت کە لەسەر بناغەی بەڵگەنەویستی و ڕەهاییەوە بونیادنراوە.

لە بنەڕەتدا وشەی دۆگما لە "Dokeo"ی یۆناییەوە هاتووە کە بە واتای "بۆچوون" یان "ئەوەی کەسێک پێیوایە ڕاستە" دێت. دواتر وشەی "دۆگما" لە سەدەی 17دا لە لاتینەوە وەرگێڕدرا، کە بە واتای "مکوڕبوونێکی فەلسەفی" یان "بۆچوونێکی دامەزراو" دێت.

 

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

فاشیزم fascism‎

 

 

بۆتان بەختیار

 

 

 فاشیزم بزووتنەوەیەکی جەماوەری و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسییە کە بەشێکی زۆری ئەورووپا هاوشان بە ئەمریکای باشوور و باکور، ئەفریقا، ژاپۆن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەنێوان ساڵانی ۱۹۱۹ بۆ ۱۹٤٥ تەنی. یەکەمین سەرکردەی فاشیستی ئەورووپی، بێنیتۆ موسۆلۆنی‌بوو. موسۆلۆنی ناوی حیزبەکەی لە fasces ـی لاتینییەوە وەرگرت کە بە مانای ڕەشەدار دێت. ئەم دارە پێشتر وەک سیمبولی سزابوو لە ڕۆمای دێریندا. هەرچەندە بزووتنەوە فاشیستییەکان لە ڕووکاردا کەمێک جیاوازییان هەیە، بەڵام لە زۆر خەسڵەت و تایبەتمەندیدا هاوشێوەن؛ وەک: ناسیۆنالیزمێکی سەربازیی توند، هەڵبژاردنی دیموکراسی-لیبڕاڵی، هیرارشیەت و چینایەتیی کۆمەڵایەتی، حوکمی نوخبەکان و کۆمەڵگای جەماوەریی، کە تێیاندا بەرژەوەندییە کەسییەکان وەلادەنرێن و بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەبێتە پێشینە. لەکۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا زۆربەی پارتە فاشیستییەکان ڕووخان، بەتایبەت لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا و ئیتاڵیادا. دواتر بە فەرمی فاشیزم و بزووتنە فاشیستییەکان قەدەغەکران. لە سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵێک بزووتنەوەی فاشیستی لە ئەورووپا، ئەمریکای لاتین و ئەفریقا سەریانهەڵدا. هەرچەندە بزووتنەوە "نیۆ-فاشیست"ـەکانی دوای جەنگی جیهانی لایەنگرێکی زۆریان کۆکردەوە، بەڵام هیچیان وەک بزووتنەوەکانی پێشتر کاریگەر نەبوون. فاشیزمی نەتەوەیی[حیزبە دیارەکان] پارتی فاشیستی نەتەوەیی بە ڕابەرایەتیی موسۆلۆنی، پارتی ناسیۆنال سۆسیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا[نازی] بە ڕابەرایەتی هیتلەر و یەکێتیی بەڕیتانی فاشیستەکان بە ڕابەرایەتی ئۆسواڵد مۆزلی لەو حیزبانە بوون کە کار و چالاکیی فاشیستییان پەرەپێدەدا لە ئەورووپادا. تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوە فاشیستییەکان جیاڕاییەکی دیار لەنێوان مێژووناسان و بیرمەندە سیاسییەکان هەبووە دەربارەی فاشیزم. هەندێکیان پێیان‌وایە فاشیزم حەکایەتێکی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتییە، لەکاتێکدا هەندێکی تریان دەڵێن، فاشیزم کۆزەرڤاتیزم و موحافیزکارییە لەوپەڕیدا، کە ئیلهام لە هەڵگەڕانەوەکانی سەدەی نۆزدەهەم وەردەگرێت دژ بە ئیدیالەکانی ڕۆشنگەریی. هەندێک دەڵێن تەواو ناعەقڵانییە و هەندێکیش سەرسامن بەو "عەقڵانیەت"ـەی فاشیزم کە خزمەتی بە خواستە ماتریالییەکانی خەڵک کردووە. هەندێکی تر هەوڵدەدەن ڕەهەندە دێوئاساکانی فاشیزم وەک دەربڕی تووڕەییەکی بەد-ئاڕاستەکراو و دامرکاندنەوە و کەپتکردن وەسفکەن. هەدێکیش دژ بەم ئاڕاستەی بیرکردنەوە دەڵێن، ئەو ڕەهەندە دێوئاسایانە بۆ بەهەمیشەیی‌کردن و هێشتنەوەی قازانجە پرۆفێشناڵ و چینایەتییەکانە. لەکۆتاییدا، هەندێکیش بە بەرەنجامی ئیرەیی و ناڕەحەتییەکی دەروونی دەبینن بەرانبەر گەشەسەندنی ڕەوتە چەپگەرا ئینتەرناسیۆنالەکان.

 

 

 

تۆتالیتاریزم Totalitarianism

 

فۆڕمێکی حکومڕانییە کە ڕێگرە لەبەردەم هەموو ئازادییە تاکەکەسییەکان و هەموو کونجێکی ژیانی تاک دەگرێت و ملکەچیدەکات لەپێناو دەوڵەتدا. موسۆلۆنی دیکتاتۆر بۆ کارەکتەریزەکردنی حوکمی فاشیستی، ئەم چەمکەی داتاشیی. موسۆلۆنی وەک پێناسەیەک بۆ ئەم چەمکە دەڵێت: "هەمووان لەناو دەوڵەتدان، کەس لە دەرەوەی نیە، کەس لە دژی نیە". لە سەرەتاکانی جەنگی جیهانی دووەمدا، تۆتالیتار هاومانای حوکومەتێکی تاک-حیزبی چەوسێنەر بوو. لە فراوانترین ئاستدا، تۆتالیتاریانیزم واتە حوکمێکی سەنتراڵ و ناوەندی کە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی تاک دەدات لەڕێی دەسەڵاتی زۆرەملێ و چەپێنەرەوە. دیارترین نموونەی دەوڵەتە تۆتالیتارەکان پێکدێت لە: بنەماڵەی شاهانەی ماوری لە هیندستان، بنەماڵەی شاهانەی کین[ کە دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتی چینن]، و نازییەکانی ئەلمانیا بە ڕابەرایەتیی هیتلەر. [ حکومڕانیی حیزبی بەعس و سەددام حسێنیش نموونەیەکی دیاری تۆتالیتاریانیزمن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەوپێیەی لە عێراقدا تەنها یەک حیزبی سەردار هەبوو و هەموو فەرمانەکان لەویوە دەردەچوون. هەر شوێنێک دەسەلاتێکی تۆتالیتار تیایدا باڵادەستبێت، هەولی درووستکردنی شوناسێکی یەکگرتوو و پڕ و پۆزەتیڤ دەدات؛ لە تێڕوانینی کەسی بەعسییدا کورد خاڵ و پنتە نێگەتیڤ و تێکدەرەکەبوو، بۆیە دەبوا کوردەکان بکووژرێن. ئەو خاڵەشمان بیرنەچێت، کە بەعس بەبێ گەڕانەوە کورد هەرگیز نەیدەتوانی شوناسەکەی خۆی بپارێزێت. واتە وەک سلاڤۆی ژیژەک دەڵێت: "نێگەتیڤیتەی ناو سوناس، هاوکات مەرجی پۆزەتیڤیشیەتی". لێرەوە دەقیق لە مانای پێناسەکەی موسۆلۆنی تێدەگەین]. 

عادەتەن تۆتالیتاریانیزم لە دیکتاتۆریەت و دیسپۆتیزم جیادەکرێتەوە؛ دەسەلاتی تۆتالیتار هەموو فەرمانگە و پەیمانگا سیاسییەکانی حکومڕانیی پێش خۆی لادەبات و بە هی نوێ شوێنیان دەگریتەوە. بەپیشەسازییکردن یەکێکە لەو ئامانجانەی دەسەلاتی تۆتالیتار هەمیشە بەشوێنیەوەیەتی، بەمجۆرە هەموو سامان و سەرچاوەکان دەخاتە خزمەتی خۆیەوە. [سیفەتێکی فاشیزم و تۆتالیتاریانیزم ئەوەیە بگەنە ئامانجەکانیان، جا هەرچۆنێک بێت گرنگ نیە. میکانیزم و ڕیگاکان هیچ گرنگ نین، گەر کوشتن و قڕکردن کێشەکانیان بۆ چارەبکەن، دەیکەن. ئەمەش ئایدۆلۆژیایەکی تەواو مەرگدۆستانەیە و چێژ و سوود  لە بەعەقڵانیکردنەوەی کوشتن وەردەگرن].

 

 

پارادایم Paradigm

 

لە فەلسەفە و زانستدا، پارادایم واتە سێتێک لە چەمک یان نموونەی فیکری، کە پێکدێن لە تیۆر، میتۆدی توێژینەوە، گریمانە و ستاندارد بۆ ئەوەی هاوبەشییان پێبکرێت لە پانتاییە جیاجیاکاندا. ڕیشەی چەمکی پارادایم دەگەڕێتەوە بۆ زمانی یۆنانی [παράδειγμα] کە بە واتای نموونە و شێواز دێت. چەمکەکە لە دوو بەش پێکدێت؛ παρά بە واتای لەتەنیشت دێت و  δείκνυμιبە واتای دەرخستن یان پیشاندان دێت. لە ڕیتۆریک و ڕەوانبێژیدا، ئامانج لە پارادایم ئەوەیە خوێنەران دەستیان بە ڕوونکردنەوەیەکدا بگات لەسەر کۆمەڵێک ڕووداوی هاوشێوە. ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ئەوە نیە خوێنەران بگەنە دەرەنجامێکی خێرا، بەڵکو بۆ ڕێنوێنیکردن و هاوکارییە. بۆ نموونە، پارادایم دەکرێت هاوکاریی فرۆشیارێک بکات بەمشیوەیە؛ ئیشی فرۆشیارێک نیە بە کڕیار بڵێت پارە لەچیدا خەرجبکات، بەڵکو دەبێت پێیبڵێت چۆن بە ڕەچاوکردنی"  ئامانجە داراییەکان" دەبێت پارە خەرجبکرێت. ئاناکسیمینەسی فەیلەسوف پارادایم وەها پێناسە دەکات کە ڕووداوێکە پێشتر ڕوویداوە، هاوشێوە یان دژ بە ئەوەیە ئێمە ئەمڕۆ مشتومڕی لەسەر دەکەین.

بەپوختى: "ئەم زاراوەیە بۆ یەکەم جار لە ساڵی١٩٦٢، زانای ئەمریکی تۆماس سامۆیل کۆهن(١٩٩٦-١٩٢٢ز) لە کتێبی "بونیادی شۆڕشە زانستییەکان" بەکاری هێناوە. بە پێی کۆهن پارادیگم بریتییە لە بەرپاکردنی شۆڕشێکی زانستیی کە سەرلەبەری تێڕوانینی مرۆڤ بۆ دنیا و ماتریاڵ دەگۆڕێت و لەوێشەوە سەرلەبەری ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت، تۆماس کۆهن وای دەبینێت کاتێک زانایان ڕووبەڕووی چەند گرفتێکی زانستیی دەبنەوە کە بە پێی شێوەی باوی زانست چارەسەر ناکرێن، ئەوسا شۆڕشی زانستیی ڕوو دەدات، ئەوسا دەبێ ئەو شێوە کۆنانە جێبهێڵرێن لە پێناو چارەسەر کردنی ئەو گرفتانە و پێکهێنانی تیۆرییەکی نوێ. کە واتە پارادیگم بەم مانایە بریتیی نییە لە تیۆریی باو، بەڵکو بریتییە لە ڕوانین بۆ دنیا".