فه‌لسه‌فه وه‌ك دووباره‌كردنه‌وه‌يه‌كى داهێنه‌رانه
ئالان باديۆ
وه‌رگێڕانى: وه‌ليد عومه‌ر
به گه‌ڕانه‌وه بۆ يه‌كێك له مامۆستاكانم ده‌ست‌پێده‌كه‌م: فه‌يله‌سوفى گه‌وره‌ى ماركسى، لويى ئاڵتۆسێر. له ديدى ئاڵتۆسێره‌وه، له‌دايكبوونى ماركسيزم شتێكى هه‌روا ساده نه‌بوو. ئه‌م له‌دايكبوونه له دوو شۆڕش، دوو ڕووداوى گه‌وره‌ى فيكرى پێكهاتبوو. يه‌كه‌ميان، ڕووداوێكى زانستى بوو. ئه‌م ڕووداوه بريتى‌بوو له درووستكردنى جۆرێك له زانستى مێژوو له‌سه‌ر ده‌ستى ماركس كه ناوى "ماترياڵيزمى مێژوويى"ـه. ڕووداوى دووه‌ميان، سرووشتێكى فه‌لسه‌فيى هه‌بوو، كه بريتى‌بوو له درووستكردنى بوار و لقێكى نوێ له‌سه‌رده‌ستى ماركس و ئه‌وانيتر كه ناوى "ماترياڵيزمى دياله‌كتيكى"ـه. ده‌توانين بڵێين بۆ ڕوونكردنه‌وه و يارمه‌تيدانى زانستێكى نوێ، فه‌لسه‌فه‌يه‌كى نوێش پێويسته. به‌م پێيه، ده‌سپێكى بيركارى(ماتماتيك)، فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌فلاتون ده‌كاته شتێكى زه‌روورى و فيزياى نيوتنييش فه‌لسه‌فه‌ى كانت. سه‌ربارى ئه‌مه‌ش، هيچ گرفتێك له هه‌موو ئه‌مانه‌دا بوونى نيه. له‌م چوارچێوه‌يه‌دا، ده‌توانين دوو خاڵ له‌باره‌ى گه‌شه‌ى فه‌لسه‌فه‌وه بڵێين.
ئه‌م گه‌شه‌يه په‌يوه‌ست بوو به ده‌ركه‌وتنى ئه‌و فاكته نوێيانه‌وه له هه‌ندێك كايه‌دا كه ڕاسته‌وخۆ خاوه‌نى سرووشتێكى فه‌لسه‌فى نين، به‌تايبه‌ت ئه‌و فاكتانه‌ى كه په‌يوه‌ستن به كايه‌كانى زانسته‌وه. بۆنمونه، بيركارى بۆ ئه‌فلاتون، ديكارت، يان لايبنيتس؛ فيزيا بۆ كانت، وايتهێد يان پۆپه‌ر؛ مێژوو بۆ هيگڵ و ماركس؛ بايۆلۆژيا بۆ نيچه يان بێرگسۆن و دۆڵۆز.
تا ئه‌و جێيه‌ش په‌يوه‌نديى به منه‌وه هه‌يه، ته‌واو كۆكم كه فه‌لسه‌فه پشت به هه‌ندێك كايه‌ى نافه‌لسه‌فى ده‌به‌ستێت. ئه‌م كايانه‌شم ناوناوه "مه‌رجه‌كان(conditions)"ـى فه‌لسه‌فه. حه‌زده‌كه‌م ڕاشكاوانه‌ش بڵێم كه من فه‌لسه‌فه له پێشكه‌وتنى زانست‌دا كورت و به‌رته‌سك ناكه‌مه‌وه. ده‌مه‌وێت كۆمه‌ڵێكى به‌رفراوانتر له مه‌رجه‌كان پێشنياربكه‌م، ئه‌ويش له‌ژێر چوار تايپى مومكين و به‌رده‌ستدا: زانست، سياسه‌ت، هونه‌ر، عه‌شق. به‌م جۆره، بۆنمونه، ئيشه‌كه‌ى من يان فيكرى من له‌سه‌ر تێگه‌يشتنێكى نوێى بيركارييانه به‌نده بۆ ناكۆتا(the infinite). به‌ڵام هاوكات پشتى‌به‌ستووه به فۆرمه نوێيه‌كانى سياسه‌تى شۆڕشگێڕانه‌ش، شيعره مه‌زنه‌كانى مالارمێ، ڕامبۆ، پێسوا، ماندڵيشتام، يان واڵاس ستيڤنز، نوسينه‌كانى ساموێل بێكێت، شێوازه تازه‌كانى عه‌شق كه له هه‌ناوى ده‌روونشيكارى و وه‌رچه‌رخانى ته‌واوى هه‌موو ئه‌و پرسانه‌وه سه‌رچاوه‌يان گرت كه په‌يوه‌ندييان به سێكسيبوون(sexuation ) و ژێنده‌ره‌وه هه‌يه.
بۆيه ده‌توانين بڵێين، گۆڕان و وه‌رچه‌رخانى فه‌لسه‌فه بريتييه له جووتبوونى پله‌پله‌ى فه‌لسه‌فه له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانه‌ى كه له مه‌رجه‌كانيدا ڕوويداوه. كه‌واته ئێوه ده‌توانن بڵێن: فه‌لسه‌فه هه‌ميشه له‌دواوه‌يه! فه‌لسه‌فه هه‌ميشه له هه‌وڵدايه بۆ گه‌يشتن به تازه‌گه‌رييه نافه‌لسه‌فييه‌كاندا! منيش ده‌ڵێم: ڕاسته! له‌ڕاستيدا ئه‌مه ئه‌نجامگيريى هيگڵ بوو. فه‌لسه‌فه باڵنده‌ى حيكمه‌ته، و باڵنده‌ى حيكمه‌تيش كونه‌په‌پووه. به‌ڵام كونه‌په‌پوو ئه‌و ده‌مه له شه‌قه‌ى باڵ ده‌دات كه ڕۆژ ئاوابووه. فه‌لسه‌فه ئه‌و بواره‌يه كه له‌پاش ڕۆژى زانين، ڕۆژى تاقيكردنه‌وه‌كان، و سه‌ره‌تاى شه‌ودا ده‌گات. له‌ڕواڵه‌تدا، كێشه‌كه‌ى ئێمه، كێشه‌ى گۆڕ‌انى فه‌لسه‌فه، چاره‌سه‌ر بووه. دوو حاڵه‌ت هه‌يه. حاڵه‌تى يه‌كه‌م: به‌ره‌به‌يانێك له ئه‌زموونه داهێنه‌ره‌كانى زانست، سياسه‌ت، هونه‌ر يان عه‌شق به‌ڕێوه‌يه. ده‌مه‌وئێواره‌يه‌كى تازه‌شمان هه‌يه بۆ فه‌لسه‌فه. حاڵه‌تى دووه‌م: شارستانيه‌ته‌كه‌مان له په‌ل‌وپۆ كه‌وتووه، و تاكه داهاتوويه‌ك كه بشێت وێناى بكه‌ين داهاتوويه‌كى تاريك و ته‌ماوييه، داهاتوويه‌ك له [ئه‌نجامى] تاريكداهاتنێكى ئه‌به‌دييه‌وه. كه‌واته داهاتووى فه‌لسه‌فه بريتييه له مردنه هێواش و له‌سه‌رخۆكه‌ى، مردنه له‌سه‌رخۆكه‌ى له شه‌ودا. فه‌لسه‌فه كورتده‌بێته‌وه بۆ ئه‌و شته‌ى كه له سه‌ره‌تاى ده‌قێكى قه‌شه‌نگى ساموێل بێكێتدا، به‌ناوى Companyـه‌وه هاتووه: «ده‌نگێك له تاريكيدا قسه‌ده‌كات». ده‌نگێكى بێ‌مانا، بێ ئامانج و ئاراسته.
له‌ڕاستييشدا، له هيگڵ و ئۆگه‌ست كۆنته‌وه تا نيچه، هايدگه‌ر و دێرێدا؛ ئيدى گه‌ر به ڤيتگنشتاين و كاڕناپدا تێپه‌ڕين، ده‌توانين به‌ر ئايدياى فه‌لسه‌فيى جۆره مه‌رگێكى ئيحتيماليى فه‌لسه‌فه بكه‌وين-به هه‌رحاڵ، فه‌لسه‌فه له فۆرمه كلاسيكه‌كه‌يدا، واته فه‌لسه‌فه‌ى ميتافيزيكى-.
ده‌توانم لێره‌دا لێدوان و لێكچه‌ره‌كه‌م كۆتايى پێ‌بێنم و له‌كاتێكدا تاڵه قژه‌كانى سه‌رم قيت و بژ بوونه‌ته‌وه، وه‌كو گۆرانيبێژێكى ستايلى Punk بڵێم: هيچ داهاتوويه‌ك بوونى نيه! دواى ئه‌وه‌ش هه‌موومان شه‌رابى نيهيڵيزم ده‌نێين به‌سه‌رمانه‌وه.
به‌ڵام چه‌ند گرفتێكى بچكۆله ده‌مێننه‌وه.
يه‌كه‌ميان، ڕه‌نگه زۆر ڕواڵه‌تى و فۆرماڵ بێت، زۆر سه‌فسه‌ته‌ئامێز و زمانبازانه بێت، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه كه بيرۆكه‌ى كۆتايى فه‌لسه‌فه كه سه‌رده‌مانێكى درێژ بيرۆكه‌يه‌كى زه‌ق و باو بووه. ئێستاشى له‌گه‌ڵ بێت، ئه‌م بيرۆكه‌يه به‌زۆرى هه‌ر ئه‌رێنى و پۆزه‌تيڤه. لاى هيگڵ فه‌لسه‌فه گه‌يشتۆته كۆتايى خۆى، چونكه سه‌ره‌نجام فه‌لسه‌فه ده‌توانێت له زانينى ڕه‌ها و موتڵه‌ق تێبگات. لاى ماركس، فه‌لسه‌فه وه‌ك ته‌فسيرى جيهان ده‌توانێت جێى خۆى چۆڵبكات بۆ گۆڕ‌انى كۆنكرێتى و دياريكراوى ئه‌م جيهانه خۆى. لاى نيچه، پێويسته په‌تيبوون و ئه‌بستراكتبوونى نێگه‌تيڤى[1] فه‌لسه‌فه‌ى كۆن وێران‌بكرێت تاكو ڕێ خۆش بكات بۆ ده‌ربازبوونى جه‌ختكردنه‌وه‌يه‌ك(affirmation)ـى ڕاسته‌قينه و زيندوو، "به‌ڵێ"يه‌كى گه‌وره به ڕووى هه‌موو ئه‌و [دونيايه‌ى] كه هه‌يه. لاى قوتابخانه و ڕه‌وتى شيكارييش، ده‌سته‌واژه ميتافيزيكييه‌كان، [كه ده‌سته‌واژه‌ى] بێماناى ڕووتن، پێويسته له‌به‌رژه‌وه‌نديى گوزاره و ئه‌رگۆمێنته ڕوونه‌كاندا و له‌ژێر پارادايمى لۆژيكى مۆدێرندا هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه.
ده‌بينين له هه‌موو ئه‌م حاڵه‌تانه‌دا، ئه‌و به‌ياننامه گه‌ورانه‌ى تايبه‌تن به مه‌رگى فه‌لسه‌فه به‌شێوه‌يه‌كى گشتى و مه‌رگى ميتافيزيك به‌شێوه‌يه‌كى تايبه‌تى، تاڕاده‌يه‌كى نزيك له دڵنياييه‌وه هيچ نين جگه له ئامرازێكى ڕيتۆريكى و ڕه‌وانبێژانه بۆ ناساندنى ڕێگه‌يه‌كى نوێ يان ئامانجێكى نوێ له‌پێناوى خودى فه‌لسه‌فه‌دا. باش‌ترين ڕێگه بۆ وتنى:«من فه‌يله‌سوفێكى نوێم» پێده‌چێت وتنى ئه‌مه بێت: «فه‌لسه‌فه كۆتايى‌هاتووه، فه‌لسه‌فه مردووه». بۆيه پێشنيارده‌كه‌م ده‌ست بكه‌ين به شتێكى ته‌واو نوێ. فه‌لسه‌فه نا، به‌ڵكو بيركردنه‌وه! فه‌لسه‌فه نا، به‌ڵكو پۆتانشێڵ و ماته‌وزه‌يه‌كى زيندوو! فه‌لسه‌فه نا، به‌ڵكو زمانێكى عه‌قڵانيى نوێ! ڕاست و ڕه‌وان: فه‌لسه‌فه‌ى كۆن نا، به‌ڵكو فه‌لسه‌فه نوێيه‌كه‌ى خۆم!
كه‌واته ئه‌و ئه‌گه‌ر و ئيمكانه بوونى هه‌يه گه‌شه و گۆڕ‌انى فه‌لسه‌فه هه‌ميشه و به‌زه‌رووره‌ت له قاڵبى زيندووبوونه‌وه‌دا بێت.
فه‌لسه‌فه‌ى كۆن، وه‌كو مرۆڤى كۆن، مردووه؛ به‌ڵام ئه‌م مردنه له‌ڕاستيدا له‌دايكبوونى مرۆڤى نوێ و فه‌يله‌سوفى نوێيه.
به‌ڵام وه‌ك خۆشتان ده‌يزانن، په‌يوه‌ندييه‌كى نزيك له‌نێوان زيندووبوونه‌وه و نه‌مرىدا هه‌يه، له‌نێوان گه‌وره‌ترين گۆڕاندا كه ده‌توانين وێناى بكه‌ين، واته گۆڕان له مردنه‌وه بۆ ژيان، له‌گه‌ڵ غياب و ئاوابوونى ته‌واوى گۆڕانيشدا، ئه‌و ده‌مه‌ى كه مه‌ست و سه‌رخۆشى ڕزگارى و نه‌جاتين.
ڕه‌نگه دووباره‌كردنه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌ى كۆتايى ميتافيزيك و مه‌سه‌له‌ى دووباره‌بووه‌وه‌ى جمكه‌كه‌ى خۆى، واته ده‌سپێكردنى سه‌رله‌نوێى بيركردنه‌وه، ئاماژه بێت بۆ چه‌قينى بنه‌ڕه‌تيى فه‌لسه‌فه خۆى. ڕه‌نگه فه‌لسه‌فه پێويستى به‌وه بێت به‌رده‌واميى خۆى، سرووشتى دووباره‌بووه‌وه‌ى خۆى، بخاته قاڵبى دووانه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كه‌ى مه‌رگ و له‌دايكبوونه‌وه.
له‌م خاڵه‌دا ده‌گه‌ڕێينه‌وه بۆ ئيشه‌كه‌ى لويى ئاڵتۆسێر. چونكه ئاڵتۆسێر له‌كاتێكدا كه پێى‌وايه فه‌لسه‌فه پشت به‌زانست ده‌به‌ستێت، هاوكات بڕواى به شتێكى زۆر سه‌يريشه، و ئه‌ويش ئه‌وه‌يه كه فه‌لسه‌فه به‌هيچ شێوه‌يه‌ك مێژووى نيه. فه‌لسه‌فه هه‌ر هه‌مان شته، له‌م حاڵه‌ته‌دا، كێشه‌ى گه‌شه و گۆڕ‌انى فه‌لسه‌فه كێشه‌يه‌كى ئاسانه: داهاتووى فه‌لسه‌فه بريتييه له ڕابردووه‌كه‌ى.
ڕوانين له ئاڵتۆسێر، ئه‌م ماركسييه مه‌زنه، وه‌ك دوايين به‌رگريكارى تێگه‌يشتنه مه‌دره‌سييه كۆنه‌كه(scholastic) له جۆرێك فه‌لسه‌فه‌ى نه‌مر، واته فه‌لسه‌فه وه‌ك دووباره‌بوونه‌وه‌ى ده‌قاوده‌قى هه‌مان شت(the same)، تاڕاده‌يه‌ك له نوكته ده‌چێت؛ فه‌لسه‌فه به ستايله نيچه‌ييه‌كه وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌ميشه‌يى هه‌مان شت.
به‌ڵام ئه‌م «هه‌مان شت»ـه چيه؟ هاوشێوه‌بوونى هه‌مان شت چيه كه له قه‌ده‌رى نامێژوويى فه‌لسه‌فه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ له‌پشت ئه‌م پرسياره‌وه، به‌شێوه‌يه‌كى سرووشتى ڕووبه‌ڕووى باسه كۆنه‌كه ده‌بينه‌وه ده‌رباره‌ى ماهيه‌تى ڕاسته‌قينه‌ى فه‌لسه‌فه. به‌گشتى، دوو ئاراسته و ئينتيماى سه‌ره‌كى هه‌ن. به لاى ئاراسته‌ى يه‌كه‌مه‌وه، فه‌لسه‌فه له جه‌وهه‌ردا بريتييه له جۆرێك زانينى ڕووله‌خۆ و ڕه‌نگده‌ره‌وه(reflexive ). زانين له‌باره‌ى حه‌قيقه‌ته‌وه له كايه تيۆرييه‌كاندا، زانين له‌باره‌ى به‌هاكانه‌وه له كايه پراكتيكييه‌كاندا. ئێمه ده‌بێت فێربوون و گواستنه‌وه و گه‌ياندنى زانين ڕێكبخه‌ين. هه‌روه‌ها فۆرمى گونجاوى فه‌لسه‌فه‌ش، فۆرمى قوتابخانه‌يه(مه‌دره‌سى). فه‌يله‌سوف پرۆفيسۆرێكه، له چه‌شنى كانت، هيگڵ، هۆسێرڵ، هايدگه‌ر و زۆرێكى ديكه، بۆنمونه خودى خۆيشم ئه‌و كاته‌ى كه له‌ژێر ناوى "پرۆفيسۆر يان مامۆستا باديۆ"دا با‌نگم ده‌كه‌ن.
ئيمكان و ئاراسته‌ى دووه‌م ئه‌وه‌يه كه گوايا فه‌لسه‌فه له‌ڕاستيدا زانين نيه، گوايا فه‌لسه‌فه نه تيۆرييه و نه پراكتيكييش. فه‌لسه‌فه ڕيشه‌كه‌ى ده‌چێته‌وه سه‌ر گه‌شه و گۆڕ‌انى ڕاسته‌وخۆى سوبێكت، گوايا جۆرێكه له جێگۆڕكێى ڕاديكاڵ، گۆڕ‌انى سه‌رتاپاى ژيان. كه‌واته سه‌ره‌نجام فه‌لسه‌فه زۆر له دينه‌وه نزيك‌ده‌بێته‌وه، به‌ڵام هاوشانى ئامرازێكى ته‌واو عه‌قڵانى، زۆر له عه‌شق نزيك‌ده‌بێته‌وه؛ به‌ڵام به‌بێ پشتيوانيى توندوتيژانه‌ى ئاره‌زوو، زۆر له پابه‌ندبوونى سياسى نزيك‌ده‌بێته‌وه؛ به‌ڵام به‌بێ ئه‌و سنوردارييه‌ى كه له ته‌نزيماتێكى سه‌نته‌رداره‌وه درووستده‌بێت، زۆر له تواناى ئه‌فراندنى هونه‌رى نزيك‌ده‌بێته‌وه؛ به‌ڵام به‌بێ ئامرازى فيزيكيى هونه‌ر، زۆر له مه‌عريفه‌ى زانستى نزيك‌ده‌بێته‌وه؛ به‌ڵام به‌بێ فۆرماڵيزمى بيركارى و به‌بێ ئامرازى ئه‌زموونى و ته‌كنيكيى فيزيا. له‌به‌ر ئه‌م ئاراسته‌يه‌ى دووه‌م، فه‌لسه‌فه به زه‌رووره‌تى خۆى شتێك نيه په‌يوه‌ست بێت به قوتابخانه‌وه، فێربوون، گه‌ياندنى زانين و مامۆستاكانه‌وه. فه‌لسه‌فه بريتييه له بانگهێشت و بانگه‌وازى ئازادانه‌ى كه‌سێك ڕووه‌و هه‌موان. وه‌كو سوقرات كه له شه‌قامه‌كانى ئه‌سينادا قسه‌ى له‌گه‌ڵ گه‌نجاندا ده‌كرد؛ وه‌كو ديكارت كه نامه‌ى بۆ شازاده ئه‌ليزابێت ده‌نوسى، وه‌كو ژان ژاك ڕۆسۆ كه دانپيانانه‌كانى خۆى ده‌نوسييه‌وه، يان وه‌كو نيچه ياخود ڕۆمان و شانۆنامه‌كانى سارته‌ر: يان گه‌ر تۆزێك له‌و خۆپه‌رستييه‌م بمبورن [وه‌كو] ڕۆمان و شانۆنامه‌كانى خۆشم.
جياوازييه‌كه لێره‌دايه كه فه‌لسه‌فه چيتر زانين ياخود زانين نيه له‌باره‌ى زانينه‌وه؛ به‌ڵكو كرده و چالاكييه‌كه. ده‌توانين بڵێين ئه‌وه‌ى شوناس ده‌به‌خشێته فه‌لسه‌فه ڕێساكانى گوتارێك نيه به‌ڵكو تاك‌وتاقانه‌يى كرده و چالاكييه‌كه. ئه‌م چالاكييه‌يه كه دوژمنانى سوقرات پێيانده‌وت«فاسدكردنى گه‌نجان». خۆشتان ده‌زانن كه سوقرات له‌به‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌يه ڕووبه‌ڕووى مردن كرايه‌وه. هه‌موو شتێك به‌لايه‌ك، به‌ڵام «فاسدكردنى گه‌نجان» ناوێكى خراپيش نيه بۆ ئه‌كت و چالاكيى فه‌لسه‌فى، هه‌ڵبه‌ت به‌و مه‌رجه‌ى به‌باشى له «فاسدكردن»[2]تێبگه‌ين. لێره‌دا «فاسدكردن» واته فێركردنى تواناى خۆپاراستن له‌به‌رامبه‌ر ته‌سليمبوون به هه‌ر جۆره بيروباوه‌ڕێكى نه‌گۆڕ. فاسدكردن واته به‌خشينى كه‌ره‌سته‌يه‌ك به گه‌نجان بۆ گۆڕينى بيروباوه‌ڕيان سه‌باره‌ت به هه‌موو نۆرم و ڕێسا كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان، فاسدكردن واته جێگيركردنى گفتوگۆ و ڕه‌خنه‌ى عه‌قڵانى له‌جياتيى لاساييكردنه‌وه؛ يان گه‌ر كێشه‌كه له‌سه‌ر پره‌نسيپه‌كانه ئه‌وا [فاسدكردن واته] دانانى شۆڕش و ياخيبوون له‌جێى ملكه‌چى و گوێڕايه‌ڵى. به‌ڵام ئه‌م شۆڕش و ياخيبوونه تا ئه‌و جێيه‌ى كه به‌رهه‌مى پره‌نسيپ و ڕه‌خنه‌ى عه‌قڵانى بێت نه‌ك [ته‌نيا و ته‌نيا] خۆڕسكانه و شه‌ره‌نگێزانه. له شيعره‌كانى شاعيرى گه‌وره‌ى فه‌ڕه‌نسى، ئارسه‌ر ڕامبۆدا، به‌ر ئه‌م ده‌سته‌واژه سه‌يره ده‌كه‌وين: «شۆڕشه لۆژيكييه‌كان»[3]. له‌خۆڕا و بێ‌مه‌ڵامه‌ت نيه كه هاوڕێم، فه‌يله‌سوفى هه‌ره باش، ژاك ڕانسێر له ساڵانى حه‌فتادا گۆڤارێكى گرنگى بڵاوده‌كرده‌وه كه ڕێك ناوى "شۆڕشه لۆژيكييه‌كان" بوو.
به‌ڵام گه‌ر جه‌وهه‌رى فه‌لسه‌فه جۆره جه‌وهه‌ورێكى كارا و چالاك بێت، ئه‌وا ده‌توانين بگه‌ينه تێگه‌يشتنێكى باشتر ده‌رباره‌ى هۆكارى ئه‌و شته‌ى كه بۆچى لاى ئاڵتۆسێر مێژوويه‌كى ڕاسته‌قينه‌مان نيه بۆ فه‌لسه‌فه. ئاڵتۆسێر، له به‌رهه‌مه‌كانى خۆي‌دا هه‌وڵده‌دات بڵێت ڕۆڵ و كاركردى فه‌لسه‌فه بريتييه له جۆرێك جياكردنه‌وه و كه‌رتكردن له بيروباوه‌ڕه‌كاندا. يان به ده‌ربڕينێكى وردتر، له بيروباوه‌ڕه باوه‌كاندا سه‌باره‌ت به مه‌عريفه‌ى زانستى، يان گشتيتر بڵێين، له چالاكييه تيۆرييه‌كاندا. چ جۆره جياكردنه‌وه و كه‌رتكردنێك؟ دواجار جياكردنه‌وه‌ى نێوان ماترياڵيزم و ئايدياڵيزم. به حوكمى ئه‌وه‌ى ئاڵتۆسێر ماركسى بوو، بۆيه بڕواى وابوو كه ماترياڵيزم بريتييه له چوارچێوه‌يه‌كى شۆڕشگێڕانه بۆ چالاكييه تيۆرييه‌كان، و ئايدياڵيزميش چوارچێوه كۆنه‌پارێزه‌كه‌يه.
به‌ڵام به‌ده‌ر له ده‌ره‌نجامگيرييه ماركسييه‌كه، ده‌توانين سه‌رنج بخه‌ينه سه‌ر دوو خاڵ:
يه‌كه‌م، ئه‌كتى فه‌لسه‌فى هه‌ميشه له‌شێوه‌ى بڕيارێك، لێك‌جياكردنه‌وه‌يه‌ك، جياكارييه‌كى ڕوون و ئاشكرادايه له‌نێوان زانين و باوه‌ڕدا، له‌نێوان بيروباوه‌ڕى ڕاست و نادرووستدا، له‌نێوان حه‌قيقه‌ت و هه‌ڵه‌دا، له‌نێوان چاكه و خراپه‌دا، له‌نێوان دانايى و شێتيدا، و هتد.
دووه‌م، ئه‌كتى فه‌لسه‌فى هه‌ميشه هه‌ڵگرى ڕه‌هه‌ندێكى پێوانه‌يى و ڕێساسازه(normative). جياكردنه‌وه وه‌ك هه‌ره‌م و هيرارشيه‌ت وايه. له نمونه ماركسييه‌كه‌دا، ماترياڵيزم تێرمێكى باشه و ئايدياڵيزم تێرمێكى خراپ. به‌ڵام به ده‌ربڕينێكى گشتيتر، هه‌ميشه واده‌رده‌كه‌وێت كه جياكردنه‌وه‌ى چه‌مك و كۆنسێپته‌كان يان جياكردنه‌وه‌ى ئه‌زموونه‌كان، له‌ڕاستيدا بريتييه له ئه‌كتى سه‌پاندنى-ڕه‌نگه- هه‌ره‌م و هيرارشيه‌تێك به‌سه‌ر گه‌نجاندا. به‌شێوه‌يه‌كى نه‌رێنى و نێگه‌تيڤ، ئه‌نجامى ئه‌م ئه‌كته بريتييه له ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ى دۆخى باو و سه‌قامگير، يان هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ى هه‌ره‌م و هيرارشيه‌تێكى كۆن.
كه‌واته ئێمه به‌فيعلى ڕه‌گه‌زێكى نه‌گۆڕمان هه‌يه له فه‌لسه‌فه‌دا، شتێكى هاوشێوه‌ى دووباره‌كردنه‌وه‌ى ناچارى، يان هاوشێوه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌ميشه‌يى هه‌مان شت. ئێستا ده‌توانين ئه‌م چوارچێوه و ماترێكسه كورت و پوخت بكه‌ينه‌وه، كه جۆرێك له په‌يوه‌ندييشى به زنجيره فيلمى به‌ناوبانگى ماترێكسه‌وه هه‌يه.
فه‌لسه‌فه چالاكيى ناسينه‌وه و پشتڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌زموونه تيۆرى و پراكتيكييه‌كانه، ئه‌ويش به يارمه‌تيى خستنه‌ڕووى جياكردنه‌وه‌يه‌كى ستانداردى گه‌وره و نوێ، جياكردنه‌وه‌يه‌ك كه نه‌زمێكى فيكريى جێ‌گير ئاوه‌ژووده‌كاته‌وه، هانده‌رى به‌ها نوێيه‌كانيشه له‌وديوى به‌ها باوه‌كانه‌وه. شكڵ و فۆرمى ئه‌م ئه‌كته، هيچ نيه جگه له بانگه‌وازێكى كه‌متازۆر ئازادانه ڕووه‌و هه‌مووكه‌س، به‌ڵام به‌ر له هه‌ر شتێكى دى ڕووه‌و گه‌نجان؛ چونكه فه‌يله‌سوف زۆرباش له‌وه تێده‌گات كه پێويسته گه‌نجان هه‌ندێك بڕيار له‌باره‌ى ژيانيانه‌وه بده‌ن، و زۆرجاريش له‌وانيتر باشتر ده‌توانن به‌پيريى ڕيسكه‌كانى شۆڕشێكى لۆژيكييه‌وه بچن.
ئه‌م خاڵانه ده‌ريده‌خه‌ن كه بۆچى فه‌لسه‌فه، به مانايه‌ك له ماناكان، هه‌ميشه هه‌ر هه‌مان شت بووه. به‌جۆرێكى سرووشتى، هه‌موو فه‌يله‌سوفێك وابيرده‌كاته‌وه كه فه‌لسه‌فه‌كه‌ى خۆى ته‌واو تازه‌يه. ئه‌مه خه‌سڵه‌تێكى مرۆييه. زۆرێك له مێژوونوسانى فه‌لسه‌فه، هه‌ندێك دابڕانيان باسكردووه. بۆنمونه، ده‌وترا له‌دواى كانت، ئيدى ميتافيزيكى كلاسيك شتێكى مه‌حاڵه. يان له‌پاش ڤيتگنشتاين، له‌بيرچوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌سه‌له‌يه شتێكى مومكين نه‌بوو كه لێكۆڵێنه‌وه‌ى زمان وه‌ك ناوكى فه‌لسه‌فه وايه. كه‌واته ئێمه له‌به‌رده‌م وه‌رچه‌رخانێكى عه‌قڵگه‌را، وه‌رچه‌رخانێكى ڕه‌خنه‌يى، وه‌رچه‌رخانێكى زمانه‌وانيدا...ين. به‌ڵام ڕاستييه‌كه‌ى هيچ شتێك نيه كه له فه‌لسه‌فه‌دا نه‌گه‌ڕێته‌وه. هيچ وه‌رچه‌رخانێكى ڕه‌ها بوونى نيه. زۆرێك له فه‌يله‌سوفانى ئه‌مڕۆش، ده‌توانن له ئه‌فلاتون يان لايبنيتس‌دا شتگه‌لێك بدۆزنه‌وه كه چه‌ندقات سه‌رنجڕاكێشتر بێت له‌و شتانه‌ى كه له هايدگه‌ر يان ڤيتگنشتايندا هه‌ن. ئه‌مه به‌و هۆيه‌وه‌يه كه چوارچێوه و ماترێكسى ئه‌وان، تاڕاده‌يه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ى ئه‌فلاتون و لايبنيتس‌دا وه‌كو يه‌ك بێت. ئه‌و ڕاستييه‌ى كه فه‌لسه‌فه تا ئه‌ندازه‌يه‌كى زۆر بريتييه له دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌كته‌كه‌ى خۆى، ئه‌و نزيكايه‌تييه ناوه‌كى و ناونشينه‌مان پيشانده‌دات كه له‌نێوان فه‌يله‌سوفاندا هه‌يه. نزيكايه‌تيى دۆڵۆز له‌گه‌ڵ لايبنيتس و سپێنۆزا، سارته‌ر له‌گه‌ڵ ديكارت و هيگڵ‌دا، مێرلۆپۆنتى له‌گه‌ڵ بێرگسۆن و ئه‌رستۆدا، من له‌گه‌ڵ ئه‌فلاتون و هيگڵ‌دا، سلاڤۆى ژيژه‌ك له‌گه‌ڵ كانت و شيڵينگدا...ڕه‌نگيشه سێ هه‌زار ساڵ نزيكايه‌تيى هه‌موان له‌گه‌ڵ هه‌مواندا...
به‌ڵام گه‌ر ئه‌كتى فه‌لسه‌فى له‌ڕووى ڕواڵه‌ته‌وه هه‌مان شت بێت، -گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌مان شت بێت- ئه‌وا به‌ناچارى ده‌بێت حيساب بۆ گۆڕ‌انى باگراوه‌ندى مێژوويى بكه‌ين. چونكه ئه‌م ئه‌كته له‌ژێر هه‌لومه‌رجێكى تايبه‌تدا درووستده‌بێت. كاتێك فه‌يله‌سوفێك جياكردنه‌وه و هه‌ره‌مێكى نوێ بۆ ئه‌زموونه‌كانى سه‌رده‌مى خۆى پێشنيارده‌كات، له‌و ڕووه‌وه‌يه هه‌نوكه ئه‌فراندنێكى فيكريى نوێ، حه‌قيقه‌تێكى نوێ ده‌ركه‌وتووه؛ له‌و ڕووه‌وه‌يه كه له ديدى ئه‌وه‌وه، پێويسته ئێمه پاشهاته‌كانى ڕووداوێكى نوێ له هه‌لومه‌رجى ڕاسته‌قينه‌ى فه‌لسه‌فه‌دا قبوڵ‌بكه‌ين.
بۆنمونه، ئه‌فلاتون جياكردنه‌وه‌ى نێوان هه‌ستپێكراو(sensible) و درككراو(intelligible)[4] پێشنيارده‌كات، ئه‌ويش له‌ژێر مه‌رجه‌كانى ئه‌ندازيارى و تێگه‌يشتنێكى پاش‌فيساگۆرسييانه‌دا بۆ ژماره و پێوانه. هيگڵ، له ئايدياى موتڵه‌قدا جێى مێژوو و بوونبه و گۆڕان[صه‌يرووره، becoming]ـى كرده‌وه، ئه‌ويش له‌به‌ر نوێگه‌ريى به‌رچاوى شۆڕشى فه‌ڕه‌نسا. نيچه په‌ره‌يدا به په‌يوه‌ندييه‌كى دياله‌كتيكى له‌نێوان تراژيدياى يۆنانى و له‌دايكبوونى فه‌لسه‌فه له باگراوه‌ندى ئه‌و هه‌سته پڕ ژاوه‌ژاوه‌دا كه له كه‌شفى دراماى مۆسيقيى واگنه‌ره‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتبوو. دێرێداش، ئسلوبى كلاسيكى ده‌رهه‌ق به دواليزمه سه‌خت و تۆكمه ميتافيزيكييه‌كانى گۆڕى، ئه‌ويش تاڕاده‌يه‌ك به‌هۆى گرنگيى هه‌ڵكشاو و كورتنه‌كراوه‌ى ڕه‌هه‌ندى ژنانه‌يان[5] له ئه‌زموونه‌كانى ئێمه‌دا.
له‌به‌ر ئه‌مه‌يه دواجار ده‌توانين باس له جۆرێك دووباره‌كردنه‌وه‌ى داهێنه‌رانه بكه‌ين. ئێمه سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ شتێكى نه‌گۆڕدايه له كه‌وڵى جووڵه و ژێستێكدا، ژێستێكى جياكردنه‌وه و كه‌رتكردن. ئه‌وه‌شى هه‌يه، به سه‌رنجدان له فشارى ڕووداوه دياريكراوه‌كان و ده‌ره‌نجامه‌كانيان، زه‌رووره‌تى وه‌رچه‌رخانى هه‌ندێك لايه‌نى ژێستى فه‌لسه‌فييه. كه‌واته يه‌ك فۆرممان هه‌يه، فۆرمى گۆڕاو و بێ‌ئۆقره‌ى فۆرمێكى تاقانه و بێهاوتا. له‌به‌ر ئه‌مه‌يه كه ئێمه به‌ڕوونى فه‌لسه‌فه و فه‌يله‌سوفان جياده‌كه‌ينه‌وه، ئه‌ويش وێڕاى جياوازييه‌كه گه‌وره‌كانيان و سه‌ره‌ڕاى ململانێ توندوتيژه‌كانيان. كانت ده‌يوت، مێژووى فه‌لسه‌فه مه‌يدانى جه‌نگه. به‌ڵێ، هه‌روايه! به‌ڵام مێژووى فه‌لسه‌فه، دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و تاكه جه‌نگه‌يه، له‌و تاكه مه‌يدانه‌دا. ڕه‌نگه وێنه‌يه‌كى مۆسيقى بتوانێت يارمه‌تيده‌ر بێت. وه‌رچه‌رخانى فه‌لسه‌فه وه‌ك شێوه‌ى كلاسيكى تێم(theme ) و ڤارياسيۆنه‌كانه(variation). دووباره‌بوونه‌وه بريتييه له تێم، و تازه‌گه‌ريى به‌رده‌واميش بريتييه له ڤارياسيۆنه‌كان.
به‌ڵام هه‌م تێمه‌كان و هه‌م ڤارياسيۆنه‌كانيش، له‌پاش ڕوودانى هه‌ندێك ڕووداوى سياسه‌ت، هونه‌ر، زانست، و عه‌شقه‌وه دێن، ئه‌و ڕووداوانه‌ى كه زه‌رووره‌تى درووستكردنى ڤارياسيۆنى نوێ بۆ هه‌مان تاكه تێم ده‌ڕه‌خسێنن. كه‌واته ئێمه‌ى فه‌يله‌سوفان، به‌درێژايى شه‌و خه‌ريكى كارين، له‌پاش ئه‌و ڕۆژه‌ى كه حه‌قيقه‌تێكى نوێى تيا هاتۆته‌دى. شيعرێكى جوانى "واڵاس ستيڤنز"م بيركه‌وته‌وه: پياوه‌كه شتێكى پێيه. ستيڤنز ده‌نوسێت:«ده‌بێت به‌درێژايى شه‌و به‌رگه‌ى فيكره‌كانمان بگرين». ئه‌فسوس! ئه‌مه قه‌ده‌رى فه‌يله‌سوفان و فه‌لسه‌فه‌يه. ستيڤنز درێژه‌ى پێده‌دات: «تاكو "ئاشكرا"ـى ڕووناك به‌بێجووڵه له سه‌رمادا بوه‌ستێت». به‌ڵێ، ئێمه هيوامان هه‌يه، باوه‌ڕمان هه‌يه، كه ڕۆژێك له ڕۆژان«"ئاشكرا"ـى ڕووناك، به‌بێجووڵه»[6] ده‌وه‌ستێت. «"ئاشكرا"ـى ڕووناك»ـى ئايديا هه‌روه‌كو ئه‌ستێره‌يه‌كى جێ‌گير له ئاسماندا ده‌وه‌ستێت، «وه‌ستاو له ناو سه‌رمادا». ئه‌مه دوايين قۆناغى فه‌لسه‌فه ده‌بێت، ئايدياى موتڵه‌ق، كه‌شف و دۆزينه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى...به‌ڵام ئه‌م ڕووداوه هه‌رگيز ڕوونادات. به‌پێچه‌وانه‌وه، كاتێك شتێك له ڕۆژى حه‌قيقه‌ته زيندووه‌كاندا ڕووده‌دات، ئيدى پێويسته ئێمه ئه‌كتى فه‌لسه‌فى دووباره‌بكه‌ينه‌وه، و ڤارياسيۆنێكى تازه بخولقێنين.
كه‌واته داهاتووى فه‌لسه‌فه، هه‌روه‌كو ڕابردووه‌كه‌ى، جۆرێكه له دووباره‌كردنه‌وه‌ى داهێنه‌رانه. پێويسته سه‌رتاپاى شه‌و به‌رگه‌ى هزره‌كانمان بگرين، هه‌ميشه و هه‌رده‌م.
فه‌يله‌سوف كه‌سێكى بەکەڵکە، چونكه ئه‌ركێتى چاو له به‌ره‌به‌يانى حه‌قيقه‌ت هه‌ڵنه‌گرێت، ئه‌م حه‌قيقه‌ته نوێيه‌ش له‌به‌رامبه‌ر بيروباوه‌ڕه كۆنه‌كاندا ته‌فسيربكات. گه‌ر «ده‌بێت به‌دێژايى شه‌و به‌رگه‌ى فيكرمان بگرين» ئه‌وا له‌و پێناوه‌دايه كه به جۆرێك له جۆره‌كان گه‌نجه‌كان فاسد بكه‌ين. كاتێك هه‌ستده‌كه‌ين «ڕووداو-حه‌قيقه‌ت»ێك هێدى‌هێدى به‌رده‌وامى و زنجيرى ژيانه ئاساييه‌كه ده‌پچڕێنێت، ئه‌وكات ده‌بێت به‌وانيتر بڵێين: هه‌ستن! وه‌ختى فيكرى نوێ و چالاكيى نوێ هاتووه!». به‌ڵام بۆ ئه‌م كاره، ده‌بێت خۆمان بێ‌دار بين. ئێمه‌ى فه‌يله‌سوف، مۆڵه‌تى ئه‌وه‌مان نيه بخه‌وين. فه‌يله‌سوف، ئێشكگر و چاودێرێكى بێ‌نه‌واى شه‌وه.
[1]. ئه‌مه له ناواخندا ڕه‌خنه‌شه له فه‌لسه‌فه‌ى نێگه‌تيڤ و نێگه‌تيڤيته‌ى هيگڵى، واته ئه‌و فه‌لسه‌فه و جيهانبينييه‌ى كه له‌سه‌ر نه‌فى و نه‌رێ به‌نده و ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر جه‌ختكردنه‌وه و به‌ڵێ‌كردن و ئه‌رێ‌كردنه‌وه: نيچه له به‌رامبه‌ر هيگڵ‌دا-و
[2]. "to corrupt"
[3]. Logical Revoltsيان ياخيبوونه لۆژيكييه‌كان- و
[4]. له فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌فلاتوندا، هه‌ستپێكراو(مه‌حسوسات) و درككراو(مه‌عقولات) جودان. دونياى ئێمه و ده‌وروبه‌رمان سه‌ر به هه‌ستپێكراوه‌كانن و دونيايه‌كى ڕواڵه‌تى و ناڕاسته‌قينه و كاتييه؛ دونياى درككراوه‌كان و مه‌عقولاتيش، بريتييه له دونياى ئايدياكان، دونياى فۆرمه نه‌گۆڕ و نه‌مره‌كانى عه‌قڵ، واته ئه‌و دونياى كه ده‌كه‌وێته سه‌رووى ئێره‌وه و له‌وێ نوسخه‌ى ئه‌سڵ و ئۆرگيناڵى شته‌كان هه‌ن و له‌ناوناچن-و
[5]. دياره دێرێدا پێى وايه دواليزمه ميتافيزيكييه‌كان له مێژووى فه‌لسه‌فه‌ى ڕۆژئاوادا، دواليزمێكن كه له‌سه‌ر عه‌قڵيه‌تێكى پياوانه درووستبوون و ته‌نانه‌ت پێكهاته‌ى "عه‌قڵ" خۆيشى تا ئێستا پێكهاته‌يه‌كى نێرانه بووه. بۆيه ئه‌وه‌ى له‌م دواليزمه ده‌مێنێته‌وه، ڕه‌هه‌ندێكى ژنانه و ته‌واوكه‌رێكى ژنانه‌يه و ده‌توانێت دواليزمه‌كان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه ياخود نه‌رمترى بكاته‌وه-و
[6]. ده‌سته‌واژه‌ى "bright obvious")ئاشكرا"ـى ڕووناك) وه‌ك هه‌ندێك له ده‌سته‌واژه‌كانى تر‌ى ئه‌م شاعيره، نامۆ و نه‌شاز دێته به‌رچاو؛ به‌ڵام ده‌سته‌واژه‌يه‌كى قه‌شه‌نگه و پێموايه سيفه‌تى "ئاشكرا"ـى وه‌ك ناوێك و بوونه‌وه‌رێك وه‌رگرتووه كه ده‌توانێت ووشى به‌ستن و چه‌قبه‌ستن بێت و له‌جێى خۆي‌دا وشك‌ببێت. مه‌رج نيه حه‌قيقه‌تيش شتێكى له‌م جۆره بێت: حه‌قيقه‌ت وه‌ك شتێكى "ئاشكرا"ـى ڕووناك ڕه‌قده‌بێت و ده‌يبه‌ستێت و يه‌كسه‌ر ناكوژێته‌وه، وه‌ك شه‌وقى ئه‌ستێره‌يه‌ك كه له جێى خۆي‌دا ده‌چه‌قێت و ده‌دره‌وشێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م ڕه‌قبوونه دۆخێكى ئه‌به‌دى نيه و به‌پێى باديۆ دووباره‌ده‌بێته‌وه-و
سه‌رچاوه‌كان:
- كتاب رخداد، فلسفه به‌منزله تكرار خلاقانه، آلن بديو، ترجمه اميد مهرگان، ص207-215.
- Philosophy as Creative Repetition, Alain badiou: http://www.lacan.com /badrepeat.html