كۆمه‌ڵناسى و ده‌سه‌ڵات
«ده‌رباره‌ی فیتيشیزمی زانستی»
تيۆدۆر ئه‌دۆرنۆ
وه‌رگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د
(Fetishism یان "بتگه‌رایی") زاراوه‌یه‌كی داتاشراوه له وشه‌ى پورتوگاليی fetiticoـه‌وه، كه به واتای سیحر و جادوو و نوشته دێت، له‌سه‌ره‌تادا به‌و پیرۆزكراوانه ده‌وترا كه لای هه‌ندێ گه‌لانی ئه‌فریقا هه‌بوو له‌و باوه‌ڕه‌وه گوایه هه‌ندێك شتی مادیی بچووك خاوه‌نی هێزێكی سیحریی سه‌رووئاسایین .لای ماركس ئه‌م چه‌مكه ده‌بێته ستراتیژێكی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، له‌م سیسته‌مه‌دا خه‌ڵك وا وێنای یاسا ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن كه به‌هه‌مهێنراوی هێزگه‌لێكی سه‌روو ئاسایین كه زاڵن به‌سه‌ریاندا و له بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن. له ئابووریی ماركسیزم‌دا، كه پێى‌وایه سه‌رمایه‌داری به‌نده له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی، بتگه‌رایی ماتریالی دروستده‌بێت، واته جۆره وێناكردنێك له‌باره‌ی كاڵا و كه‌لوپه‌له‌كانه‌وه وه‌ك شتانێك كه به سرووشتی خۆیان خاوه‌نی هێزێكی شاراوه‌ن، ئه‌ویش بریتییه له توانای ئاڵ‌وگۆڕكردن و، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له په‌یوه‌نديی نێوان خه‌ڵكی و مامه‌ڵه‌كانی ڕۆژانه‌دا، له‌مه‌یشه‌وه سه‌رمایه‌داری هه‌موو شتێك له جیهاندا ده‌كاته بابه‌تی كڕین و فرۆشتن. وه‌لێ له حه‌قیقه‌تدا توانای ئاڵوگۆڕكردنی كه‌لوپه‌ل ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی كه ئه‌و شتانه خۆیان به‌هه‌رمی كاری مرۆیین، جووڵه‌كانیشیان هیچ نین جگه له به‌ره‌نجامی په‌یوه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك له ڕێڕه‌وی به‌رهه‌مهێناندا. لای قوتابخانه‌ی فرانكفۆرتیش فیتشیزم له‌پاڵ شێوه كاڵاییه‌كه‌یدا ڕه‌مزییش ده‌بێته‌وه، بۆنمونه كردنی به‌رهه‌می فه‌رمی دامه‌زراوه‌كان و هه‌روه‌ها خودی دامه‌زراوه و سه‌رچاوه په‌یوه‌سته‌كانی ئه‌م دامه‌زراوانه به بنچینه‌ی باڵای كارگێڕیی ده‌وڵه‌ت، ئه‌مه‌یش له‌ڕێگه‌ی میكانیزمه به‌رده‌سته‌كانی كۆنترۆڵكردنی ئامرازه‌كانی وه‌ك زانست و ئایدیۆلۆژیا و ڕاگه‌یاندنه‌وه. واته فیتشیزم مانا ئابورییه‌كه‌ی كاڵاكان تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌بێته یه‌كێك له میكانیزمه‌كانی جێگیركردنی واقیعی سه‌رمایه‌داری وه‌ك واقیعێكی گونجاو و ئه‌به‌دی له زه‌ین و ئاگایی خه‌ڵكیدا. "وه‌رگێڕ"
تا ئێستا له‌باره‌ی پرسی خۆجیاكردنه‌وه و تایبه‌تمه‌ندی و بێلایه‌نیی كۆمه‌ڵناسى له سه‌رجه‌م زانسته‌كانی تردا لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆرمان كردووه، هه‌ڵبه‌ت قسه‌وباسمان له پێگه‌ی ئه‌م زانسته خۆیشی كردووه. وه‌ك بینیمان پێگه‌یه‌كی گرنگیشی هه‌یه. پێموایه ده‌بێت سه‌رله‌نوێ ئه‌م باسه تاوتوێ بكه‌ینه‌وه، به‌تایبه‌تیش له پرسی فیتشیزمی زانست‌دا. وێناكردن و چه‌مكه‌كانی كۆمه‌ڵناسى ته‌نیا ده‌یه‌وێت وێناكردن و چه‌مكی كۆمه‌ڵناسى خۆی بێت، كه‌چی ئه‌م وێناكردن و چه‌مكه ده‌یباته‌وه سه‌ر ئاراسته‌ی فیتشیزم[1]. شتێكى بێ‌سودیش نیه له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵناسيدا و بگره به ڕێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسانه له چه‌مكی فیتشیزمی زانست بكۆڵینه‌وه. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌نديی به فیتشزمی زانست به‌گشتییه‌وه هه‌بێت و ئه‌وه‌ی لێی‌ده‌ترسین ئه‌وه‌یه كه زانست، له په‌یوه‌ندیی پێشمه‌رجه‌كانیدا یان له‌و ڕێگایانه‌یدا وا لێیه‌وه هه‌ڵقوڵاون، خزمه‌ته‌كانی ته‌نیا ئاراسته‌ی خۆی بكات و خۆی بخاته خزمه‌تی خۆیه‌وه، بێ‌ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و بابه‌ته‌وه هه‌بێت كه ده‌بێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.
به‌ڵام له ئێستادا تێیگه‌یشتنمان له زانست به مانای ئه‌و پێكهاتنه زه‌ینییه سه‌ربه‌خۆیه نیه كه‌وا تێڕوانینه ته‌قلیدییه‌كان وێنایان ده‌كرد. ڕه‌وایه‌تيی زانست سود له‌و گۆشه‌نیگایانه وه‌رده‌گرێت كه لێیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و تێیده‌په‌ڕێنێت و به‌ڕه‌هایی خۆی ده‌خزێنێته نێو كوتله‌ی زانسته‌كانه‌وه. من ده‌زانم له‌م ڕه‌وشه‌ی ئێستادا كه زانسته‌كان به نێو قه‌یراندا ده‌ڕۆن، زانكۆیش به هه‌مان قه‌یراندا ده‌ڕوات, هه‌رگیز ئه‌م پرسه ئاسان نییه و بگره بواری جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو قه‌یرانه له یه‌كتری نه‌ماوه‌ته‌وه، پێموایه بۆمان نییه زه‌نده‌قی منداڵ ببه‌ین و به خۆشۆردن بیترسێنین، بۆ پاكژیی زانستیش هه‌روا. به بڕوای من، كه چه‌ندین جاریش جه‌ختم لێ‌كردۆته‌وه، ئێمه له میانه‌ی هه‌ڵگۆزینی میتۆدگه‌لی نوێوه بڕوا به په‌ره‌سه‌ندنی زانست، به زانسته سروشتییه‌كانیشه‌وه، ده‌هێنین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵناسى هه‌ر ته‌نیا به نموونه‌ی میتۆدی زانسته‌كانی تره‌وه گیرسایه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م میتۆده بیگه‌یه‌نێته فۆرمێك له بیركردنه‌وه له خۆی و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی به بابه‌ته‌كانی تره‌وه، ئه‌وا ئه‌مه ده‌بێته مایه‌ی جۆرێك له دیارده‌ی ئیفلیجیی عه‌قڵی، ده‌یگه‌یه‌نێته ئه‌و دیارده‌يه‌ی كه هابه‌رماس وه‌ك كۆتوبه‌ند ئاماژه‌ی پێده‌دات، یان ده‌یگه‌یه‌نێته بنبه‌ستی ئه‌زموونی ته‌قلیدی كه كۆمه‌ڵناسى، له قۆناغی گه‌ڕان به دوای خۆیدا، ده‌بێت هه‌ر به‌كرده‌یی لێی‌ده‌رچێت و تێی‌په‌ڕێنێت. خۆ ئه‌گه‌ر منیش لای خۆمه‌وه بمه‌وێت خۆم له چه‌مكه باوه‌كان دوور بخه‌مه‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌یشه قوتابخانه‌ی فرانكفۆرتی ئێمه‌ى پێ جیا ده‌بێته‌وه، ئه‌وا هیوام وایه له دواجاردا ئه‌مه نه‌بێته جۆرێك له فیتيشیزم. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستیشم ئه‌وه نیه ناچاربین بچینه سه‌ر نه‌فه‌سی جۆرێك له پراگماتیزم، یان جۆرێك له گه‌ڕان به دوای به‌ره‌نجامگه‌لی ڕاسته‌وخۆدا كه بتوانین به‌كاریان بهێنینه‌وه. به‌ڵكو ئه‌گه‌ر له ئێستادا به‌باشی بیر له كۆمه‌ڵناسى بكه‌ینه‌وه، ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و میتۆده‌ی تێیدا به‌كاری ده‌هێنین ئه‌گه‌رچی سه‌ربه‌خۆیش بێت، كه‌چی هه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵ زانست و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه چكۆله و به‌شه‌كییانه‌یشدا بگونجێت كه كۆمه‌ڵگا ده‌یخاته‌ڕوو، له دیوه‌كه‌ی دیكه‌یشه‌وه ئه‌و زانسته‌ی له فیتشیزم دوورده‌كه‌وێته‌وه ده‌بێت په‌یوه‌ست ببێته‌وه به گۆڕانكارییه‌كانی بونیاده‌وه له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا. جێی خۆیه‌تی بڵێین گه‌رچی حاڵی حازر كۆمه‌ڵناسى په‌یوه‌سته به چاره‌سه‌ركردنی پرسه پراكتیكییه‌كانه‌وه، كه‌چی ده‌شكه‌وێته نێو فیتشیزمه‌وه. ئه‌مه‌یش ئه‌و كاته‌ی هه‌وڵده‌دات له‌پێناو پاراستنی جۆرێك له پاكژیی پێویست بۆ خۆی، خۆی له ویستی گۆڕان بدزێته‌وه و ده‌رباز بكات.
له‌به‌رئه‌وه وا پێده‌چێت دیاریكردنی كایه‌ی كۆمه‌ڵناسى، به‌و شێوه‌یه‌ی كه هه‌وڵمدا وێناى بكه‌م بۆتان له‌جێی خۆیدایه، به‌و مانایه‌ی من ویستوومه پێگه‌یه‌كی شیاو بۆ كۆمه‌ڵناسى له‌پاڵ زانسته‌كانی تردا، كه له پێش ئه‌مه‌وه تایبه‌تمه‌ندی و جیامه‌نديی خۆیان وه‌رگرتووه، بخه‌مڵێنم. ئه‌وه‌م سه‌لماند، یان لایه‌نی كه‌م هه‌وڵمدا ئه‌وه بسه‌لمێنم كۆمه‌ڵناسييش وه‌ك سه‌رجه‌م زانسته‌كانی تر زانسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كایه‌یه له‌به‌رچاو بگرین كه كۆمه‌ڵناسى سه‌روكاری له‌گه‌ڵیدا هه‌یه، واته كۆمه‌ڵگه، ئه‌وا كتومت هاوشێوه‌ی زانسته‌كانی تر نیه. به‌ڵكو خاوه‌نی ڕه‌هه‌ندی «چۆنییه‌تی»يشه كه له‌وانی تر جیایده‌كاته‌وه.
بۆیه پۆلێنكردنی كۆمه‌ڵناسى و پێگیركردنی به یه‌ك پانتایی پسپۆڕییه‌وه كرده‌یه‌كی سه‌یر و بێ‌سه‌روبه‌ره‌یه، مێژووی كۆمه‌ڵناسيى مۆدێرن ده‌مانخاته به‌رده‌م فۆرمێكی بارگۆڕاو و شلۆق. له لایه‌كه‌وه ده‌بینین كۆمه‌ڵناسى مه‌یلی ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته زانستێك له‌گه‌ڵ مۆدێلی ئه‌و زانستانه‌ی تردا یه‌كسان بێت كه هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی سرووشت ده‌ده‌ن، كه‌چی له لایه‌كی تريشه‌وه ده‌بینین ئه‌م زانسته هه‌تا بێ‌نیاز بێت و ئامانجی خۆی دیاری نه‌كات، واته تا ئه‌و كاته‌ی چاوی له كۆمه‌ڵگا بڕیبێت, ئیدی بواری ئه‌وه‌مان نیه ئه‌م زانسته دیاری بكه‌ین و جیای بكه‌ینه‌وه، به‌م جۆره‌یش خولیا و نیازی ئه‌م زانسته بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه هاوشێوه ده‌بێت به خولیا و نیازی كۆنترۆڵكردنی سرووشت له‌لایه‌ن زانسته سروشتییه‌كانه‌وه.
تا ڕاده‌یه‌ك ئه‌م هانده‌ره له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتووندا ده‌بینینه‌وه. تیۆری ئایدیاكان، یان كاتیگۆریای میتافیزیكی لای ئه‌فلاتوون له تیۆری كۆمه‌ڵایه‌تی جیانابێته‌وه، به‌و مانایه‌ی گه‌ڕان به‌دوای ماهیه‌تی فه‌لسه‌فه‌دا له گه‌ڕان به‌دوای پرسی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕاسته‌قینه جیا نابێته‌وه. ڕه‌نگه هۆكاری دۆگمابوونی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتوونیزمیش هه‌ر له‌وه‌دا بێت كه هه‌وڵیداوه سۆراغی تاكه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئایدیاڵى بكات، ئه‌مه له‌پاڵ دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگه‌دا به شێوه‌یه‌كی هه‌ره‌مى و هیرارشی، بێ ئه‌وه‌ی كه‌وتبێتیشه هه‌ڵه‌كانی كۆمه‌ڵناسييه‌وه، جا بۆیه ده‌بینین تیۆره‌كه‌ی ئه‌فلاتوون هیچ نیه جگه له ده‌رهاوێژی Projectionـی ئه‌زموونێكی كۆمه‌ڵایه‌تيی وه‌ها كه له‌سه‌ر زه‌وی به‌دوایدا بگه‌ڕێین.
ئێستا ئیدی ده‌توانم فه‌زای ئه‌م باسه‌تان بۆ بڕه‌خسێنم، بۆ ئه‌مه‌یش پوخته‌یه‌كتان له‌باره‌ی خواست له‌سه‌ر مافی ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ باسده‌كه‌م [ویست بۆ ده‌سه‌ڵات]، ئه‌و خواسته‌ی كه وا له‌نێو جه‌رگه‌ی هزری كۆمه‌ڵایه‌تیدایه. ئه‌مه‌یش یه‌كه‌مجار لای ئه‌فلاتوون له‌م فۆرمه‌یدا ده‌یبینینه‌وه: ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌توانن ماهییه‌تی دابه‌شكردنی كار بناسن، ئه‌وانه‌ی كه ده‌زانن یان زانیاری‌یان له‌سه‌ر ماهیه‌تی وه‌زیفه تاكه‌كه‌سییه‌كان هه‌یه، ئا ئه‌مانه مافی خۆیانه بگه‌نه به‌رزترین ئاستی سه‌ركردایه‌تی كه هه‌قی ئه‌وه‌یان هه‌یه ببنه پادشا. جا سه‌یر ئه‌وه‌یه هزرگه‌لێكی له‌م شێوه‌یه ته‌نانه‌ت لای ئۆگه‌ست كۆنتیش ده‌بینینه‌وه، كه به‌لای خۆیه‌وه خۆی به دژه‌ئه‌فلاتونیزم ده‌زانێت، چونكه پێی‌وابوو كۆمه‌ڵناسی مافی چاودێریكردن و ئاماده‌سازیی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌یه. دواجار ئه‌مه‌وێت ئاماژه به دوایین ئه‌و هزرانه بكه‌م كه به‌م ئاراسته‌یه‌دا ده‌ڕۆن، واته هزره‌كانی كارل مانهایم‌ی هاوڕێمان، كه زۆر بیرۆكه‌ی جیاوازی به‌م ئاراسته‌یه‌دا خستۆته ڕوو. مانهایم پێى‌وایه ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی كه په‌یوه‌ست نین به هه‌ڵوێستی چینایه‌تيی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌وه به‌تواناتر و شیاوترن بۆ گه‌یشتن به بابه‌تیبوونی زیاتر. له ماوه‌ی دواتردا مانهایم تیۆری ده‌سته‌بژێری وه‌ك خاوه‌ن كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات یان مه‌یلی ده‌سه‌ڵاتگه‌ری گه‌شه‌پێدا. سووك و ئاسان به‌ره‌نجامی ئه‌و تیۆره ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و كه‌سانه‌ی مافی چاودێریكردنی كۆمه‌ڵگه‌یان هه‌یه و بۆ ئه‌وه ده‌شێن شه‌ونخونيی بۆ بكه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ی مافی ده‌سه‌ڵاتیشیان تێیدا هه‌یه، ئه‌وانه‌ن كه پێیان ده‌ڵێین سۆسیۆلۆژیست.
دواجار، ده‌ڵێم من به‌ته‌واوه‌تی له‌وه دڵنیا نیم كه په‌ره‌سه‌ندنی سۆسیۆلۆژیا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌م خواسته شاراوه‌یه‌ی مافی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌بێت. ئه‌مه‌ش هیچ به مه‌حاڵ و نامومكین نازانم. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له لایه‌ن سۆسیۆلۆژیاوه خواستی ئه‌م زانسته بۆ باڵاده‌ستی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا خواستێكی له‌مێژینه‌یه. له سایه‌ی په‌یوه‌ندییه باوه‌كانی ئێستای ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌بینین گروپی وا هه‌یه توانیویه‌تی له بنه‌ڕه‌ته‌كانی دابه‌شكردنی كار تێبگات، توانیویشیه‌تی ئه‌رك و ئامانجی عه‌قڵيی ئه‌وتۆ بۆ خۆی دابنێت كه هاوشێوه بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌لای كۆمه‌ڵناسه‌كانه‌وه بایه‌خدار و گرنگه، ئه‌مه‌یش هه‌ر به‌كرده‌یی، یان به‌شاراوه‌یی له خه‌ڵكانی تر زیاتر مافی چاودێریكردنی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه پێداون.
هه‌ڵه‌ی فیكری له‌م جۆره تیۆرانه‌دا، كه بۆ كۆمه‌ڵناسه‌كان تێگه‌یشتنی ئه‌سته‌مه، ئه‌وه‌یه ئه‌م ئاگاییه كرده‌یی یان شاراوه‌یه، بۆنمونه وه‌ك مانهایم بۆی ده‌چێت، وه‌ك هێز حیسابی بۆ كراوه. له‌م ساته‌دا من وای ده‌بینم جێیی خۆیه‌تی ئه‌وه‌تان بیر بخه‌مه‌وه ئۆگه‌ست كۆنت، كه هه‌ر به ڕاستی ده‌یویست كۆمه‌ڵناسى زانستی كۆمه‌ڵگا بێت، به‌م پێیه‌یش هه‌وڵیدا هه‌موو ئه‌و وێناكردنه فیتشییانه‌ی لێ‌داماڵێت كه پێیه‌وه په‌یوه‌ست بوون و كۆسپ بوون له‌ڕێی به‌زانستبوونیدا، ده‌شێت بڵێیین به‌قه‌د ئه‌وه‌ی مێژوونووسی عه‌قڵی بوو كۆمه‌ڵناس نه‌بوو، یان با بڵێین بان‌عه‌قڵانی بوو. جا دوای ئه‌مانه ڕێم بده‌ن له شتێكى زۆر گرنگ ئاگادارتان بكه‌مه‌وه، واته له‌و وه‌همه ئاگادارتان بكه‌مه‌وه كه هێشتا بوونی دامه‌زراوه ناعه‌قڵانییه‌كان له‌كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌قڵانیدا قبوڵده‌كات، بۆنمونه وه‌ك دامه‌زراوه‌ی خێزان و كڵێسا. كۆمه‌ڵناسيى ئه‌نگلۆساكسۆنی ئه‌م دامه‌زراوه ناعه‌قڵانییانه‌ی ته‌نیا وه‌ك پاشماوه، شوێنه‌وار، یان ته‌نیا وه‌ك میراتێك پۆلێنكردووه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغگه‌لێكی له‌رزۆك و شلۆق، به‌م جۆره بۆنمونه سپنسه‌ر دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازيى به پێشمه‌رجێك داناوه كه به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی دابه‌شكردنی كار تێیدا ده‌بێته كارێكی عه‌قڵانیكراو، ده‌بێته مایه‌ی تێهه‌ڵكێشبوون و یه‌كپارچه‌ييش.
لێره‌دا هیچم له‌ده‌ست نایه‌ت ئه‌وه نه‌بێت كه كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌لانه‌وه باس‌بكه‌م، ئه‌گه‌رچی باوه‌ڕێكی پته‌وم به هه‌ڵه‌ی ئه‌و ته‌فسیره باوه هه‌یه كه بۆی كراوه و ته‌نیا به بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵانه‌یش كه ته‌واوی ئه‌م نه‌ریتانه هه‌ڵگریانن، ده‌ره‌تانێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ئیشكالییه‌ته‌ی كه كۆمه‌ڵگه هاوچه‌رخه‌كه‌مان وروژاندوونی ناكاته‌وه. پاشانیش زۆرینه‌ی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی كه ئاماژه‌م بۆ ناوه‌كانیان كرد قه‌ناعه‌تێكی ته‌واویان به عه‌قڵانیه‌تی بۆرژوازی هه‌بوو، به گوزارشتگه‌لێكی تر پێیان وابووه عه‌قڵانییه‌ت به‌ره‌نجامی بیركردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كییه و ئه‌مه‌یش له ناوه‌ندی ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگه‌ی بۆرژوازیدا باڵاده‌سته و كلیلێكه كه ده‌كرێت به‌هۆیه‌وه گرێ كوێره‌كانی كۆمه‌ڵگه بكه‌نه‌وه و ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕۆشن بكه‌نه‌وه.
ئه‌مانه بیریان له‌و ڕۆڵه مه‌ترسیداره نه‌ده‌كرده‌وه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ده‌یگێڕێت، یان ڕه‌نگه ئه‌م ڕۆڵه خۆشحاڵی كردبن، به شێوازێكی تر گوزارشت له‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ببێته گوزارشتێكی ئیشكالی: ئه‌وان ئه‌وه‌یان له‌بیردا نه‌بوو ئه‌م عه‌قڵانییه‌ته له كۆمه‌ڵگه‌ی بۆرژوازیدا كه زۆرجار خۆیان ئاماژه‌یان پێداوه، واته ئه‌وه‌ی كه پێیان ده‌گوت سه‌رده‌می زانستی، یان كۆمه‌ڵگه‌ی زانستی یان كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی، هه‌موو ئه‌مانه پێشتر و ئێسته‌یش هه‌ر به ناعه‌قڵانی ماونه‌ته‌وه. چه‌مكی كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی هیچ نیه جگه له درێژكراوه‌ی چه‌مكه "كۆنتی"ـه كۆنه‌كه، واته چه‌مكی قۆناغی پوزه‌تیڤیزمی زانستی. ئه‌م ناعه‌قڵانیه‌ته هیچ نیه جگه له قه‌ناعه‌تكردن به‌م چه‌مكه، خۆ كاتێك ئامانجی كۆمه‌ڵگه ده‌بێته پاراستنی ئه‌ندامه‌كانی كۆمه‌ڵگه، واته پاراستنی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان لێ پێكدێت و كاركردن بۆ شكاندنی كۆده‌كانیان، یان كاتێك له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ئاماده‌سازییانه‌وه ته‌نیا ده‌گه‌ین به‌پێچه‌وانه‌ی خواسته‌كه، واته كاركردن دژی هه‌ر شتێكی عه‌قڵی، كه‌واته ئه‌مه ناعه‌قڵانیكردنه.
كاتێكیش به‌وردی له‌مه ڕاده‌مێنین، ئه‌و كاته ئه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه پێی ده‌ڵێین دامه‌زراوه ناعه‌قڵانییه‌كان و هه‌ر یه‌كه‌یشیان وه‌زیفه‌یه‌ك ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی خۆیان، ئه‌و كاته ده‌توانین ئه‌نجامگیریی چركه‌ساته ناعه‌قڵانییه‌كانی كۆمه‌ڵگه له بونیادی كۆمه‌ڵگه‌كه خۆیه‌وه ده‌ربێنين.
له سه‌ره‌وه به ئاماژه‌دان بۆ دامه‌زراوه‌يه‌كی وه‌ك خێزان ئاماژه‌م به ناعه‌قڵانیه‌ت كرد، خۆ ده‌توانین دامه‌زراوه‌ی تری وه‌ك سوپا و وه‌زیفه سه‌ربازى و ده‌زگا كڵێساییه‌كانیش به دامه‌زراوه‌ی ناعه‌قڵانی حیساب بكه‌ین. ده‌بێت وا له‌م چركه‌ساته ناعه‌قڵانییانه تێبگه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌زیفه بێت بۆ به‌رده‌وامێتيی ناعه‌قڵانییه‌ت. كۆمه‌ڵگه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئامرازه‌كانی خۆیه‌تی، به ده‌ربڕینی ماكس ڤێبه‌ر له خۆیدا عه‌قڵانییه. به‌ڵام عه‌قڵانییه‌تێك ئامراز به ئامانجه‌وه گرێ‌ده‌داته‌وه. واته عه‌قڵانییه‌تێكه ئامانجه ئوبێكتییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئامرازه به‌كاهێنراوه‌كانیدا یه‌كسان و هه‌ماهه‌نگ ده‌كاته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئامانجگه‌لێكی وا ده‌ستنیشانده‌كات كه به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ی ڕازیكه‌ر باوه‌ڕی به پاراستنی ڕه‌گه‌زی مرۆیی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا هۆكاری به‌رده‌وامبوونی ناعه‌قڵانییه‌ته، به‌ڵكو هۆكاری فراوانبوون و دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی خۆیشیه‌تی به شێوازی جۆراو جۆر. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه، ده‌بێت سه‌رنج له‌وه بده‌ین ڕه‌نگه ئه‌مه ڕاڤه‌یه‌كی قووڵ بێت بۆ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ی كه چركه‌ساته ده‌روونییه‌كان، یان ئه‌وه‌ی پێی دوترێت چركه‌ساته سۆسیۆ/سایكۆلۆژییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه، هه‌یانه. به بڕوای من ئه‌م لێبوونه‌وه (إشتقاق) بابه‌تییه‌ی ناعه‌قڵانییه‌ت، یان ئه‌م لێبوونه‌وه عه‌قڵییه‌ی ناعه‌قڵانییه‌ت ڕه‌نگه خاڵه سه‌ره‌كییه دژواره‌كه‌ی كۆمه‌ڵناسيى هاوچه‌رخ بێت.
ئێستا ده‌چمه‌وه سه‌ر باسی ئاره‌زوو و خولیاكانی كۆمه‌ڵناسى بۆ ده‌سه‌ڵات. پێشتر گوتم كۆمه‌ڵناسى خولیای ده‌سه‌ڵات و به‌ره‌نجامی كرده‌ی چاودێریكردن به‌سه‌ر هه‌ندێك هه‌ڵوێسته‌وه سه‌رزه‌نشت‌ده‌كات. پێشتریش ئاماژه‌م به‌و توێژینه‌وانه دا كه له كه‌سایه‌تيی ده‌سه‌ڵاتخوازیان كۆڵیوه‌ته‌وه، لێره‌دا ناعه‌قڵانییه‌تی گروپه بچووكه‌كان بۆ ئه‌و باسه زیاد ده‌كه‌م. لێره‌دا زۆر درێژه‌ی پێناده‌م. به‌ڵكو نموونه‌یه‌كی بچووك بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك بابه‌ت باسده‌كه‌م، هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت بزانین من یه‌ك وشه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و نموونه‌یه ناڵێم به‌و ئومێده‌ی خوێنه‌ر یان گوێگر خۆی له كاریگه‌رییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و نموونه‌یه‌ی من تێبگات، ئه‌گه‌رچی په‌یوندییه‌كی پته‌ویشی به كایه‌ی ڕیكلام و بانگه‌شه‌وه هه‌یه. له ئه‌مریكا باس له‌و لقه ده‌كه‌ن كه پێی ده‌ڵێن " كۆمه‌ڵناسيى مانگا". چیرۆكه‌كه ئه‌مه‌یه: یه‌كێك له كۆمپانیا پاوانخوازه‌كانى به‌رهه‌مهێنانی شیر بۆ بره‌ودان به به‌رهه‌مه‌كانی خۆی پشتی به‌ست به‌و ڕیكلامه‌ی كه ده‌ڵێت شیری ده‌به شیری ئه‌و مانگایانه‌یه كه به‌ئاسوده‌ییه‌وه له‌گه‌ڵ جووته‌كانی تریاندا ده‌ژین، بۆیه ئه‌م شیری ده‌به‌یه باشترین جۆری شیره.
ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت به جددی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م ئه‌مه‌یه كه جۆری ئاره‌زووه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسيى هاوچه‌رخ وه‌ك زانستێك بۆ چاودێریكردنی كۆمه‌ڵگه به‌كاری ده‌هێنێت ڕێك شتێكی له‌م بابه‌ته‌یه. واته هرزه‌كانی ده‌سه‌ڵاتگه‌ری به‌سه‌ر هه‌ندێك كه‌رتی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێستاوه ده‌شێت تا ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رفراوان ببێت و قه‌ڵه‌مڕه‌وخوازى بكات. له‌م بیرۆكانه‌دا شتێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی مانهایمه‌وه ئاماژه‌م پێدا ده‌بینینه‌وه، واته ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی كه ئازادانه له‌سه‌رووی هه‌موو چینه‌كانه‌وه مه‌له ده‌كه‌ن. كه‌ڵكه‌ڵه كۆمه‌ڵناسييه له‌مێژینه‌كان، كه كۆمه‌ڵناسى به‌نهێنی یان به ئاشكرا گوزارشتی لێ كردوون، واتای بارهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی عه‌قڵانی له هێز و هاوشێوه‌كانی هێزه‌وه نییه، به‌ڵكو واتای دانانی چاودێرییه‌كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئه‌م چاودێرییه له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه ده‌ڕوانێت، له سه‌ره‌وه چاودێرییه‌كه ده‌كات.
ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی زۆر زه‌ق گوزارشت له‌م دۆخه بكه‌ین، كاتێك له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵناسييه‌وه قسه له‌باره‌ی چه‌مكی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه ده‌كه‌ین وا ڕاستتره چه‌مكی ڕێكخستنی پراكتیكی له‌بری چه‌مكی عه‌قڵانییه‌ت به‌كار بهێنین. كۆمه‌ڵناسه‌كانيش هه‌رگیز له بازنه و جوغزی ئه‌م بۆچوونانه ده‌رنه‌چوون، چونكه پێیان وابووه سۆسیالیزم بریتییه له وه‌لانانی مه‌سره‌فگه‌لێك كه ده‌كرێت نه‌یانهێڵین، یان به ساده‌یی خۆپاراستن له كه‌وتنه نێو هه‌ڵه و تێكچوون و په‌رته‌وازه‌یييه‌وه، به مانایه‌كی تر ڕێكخستنی ڕه‌وتی میكانیزمی به‌رهه‌مهێنانی كاپیتالی، ئه‌مه بێجگه له باسكردن یان بیركردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام له په‌یوه‌نديی خه‌ڵكانی زیندوو به میكانیزمه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه.
به‌م جۆره ده‌توانین بڵێین ئاره‌زووی كۆمه‌ڵناسى بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه هیچ نیه جگه له چه‌سپاندنی چاودێری، به واتای ئاماده‌سازیی تایپی ته‌كنۆكراتی، به‌ڵام ئه‌م تایپه تا ڕاده‌ی به‌ئامێركردنی ئامرازی به‌رهه‌مهێنان و له‌میشه‌وه ژیانی هاوبه‌شی مرۆڤ تا ده‌گات به ئاگامه‌ندی و نائاگامه‌ندییان، درێژده‌بێته‌وه. ئه‌م ئاراسته‌وه‌رگرتنه ته‌كنۆكراتییه به‌ره‌و تایپی كۆمه‌ڵناسييانه، زۆرجار هه‌ر به‌زوویی كه‌وتۆته كار له‌میانه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنیكییه‌وه، ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی كه بۆ كۆنترۆڵكردنی سرووشت پێویست و زه‌رورییه.
به بڕوای من ئه‌م ئاماژه بنه‌ڕه‌تييانه كه له لاپه‌ڕه‌كانی پێشوودا خستمنه‌ڕوو, ده‌سته‌به‌ری ده‌رخستنی نه‌بوونی هیچ تایبه‌تمه‌ندی و جیاوكێكن كه كۆمه‌ڵناسى هه‌یبێت، به‌و واتایه‌ی ئه‌گه‌ر بڕیار بێت زانستێكمان بۆ كۆمه‌ڵگا هه‌بێت، ئه‌وا ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه مافی داگیركردنی پێگه‌یه‌كی سه‌نته‌ریی تایبه‌تمان له‌نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌مانه‌وێت لێی وردبینه‌وه و لێی تێبگه‌ین، پێ‌بدات. ئینجا ده‌بێت ڕه‌خنه له چه‌مكگه‌لی وه‌كو: ده‌سه‌ڵات، یان ده‌سته‌بژێر و سه‌ركردایه‌تی و بگره چه‌مكی ڕۆشنبیر بگرین و لێیان ده‌رباز ببین، نه‌ك له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵوێستی فیتشییه‌وه هه‌وڵی درێژكردنه‌وه‌یان بده‌ین. باشترین شتێك كه ئومێده‌وار و خوازیاری بین، پاراستنی ئاوه‌ز و پێگه‌یشتوویی خۆمان، یان به‌شێك له‌م ئاوه‌زه‌یه له‌ڕێگه‌ی پاراستنی ئه‌و بابه‌ته‌ی كه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین، ئه‌مه له‌پاڵ پاراستنی ئه‌م بابه‌ته و ئازادیی خۆیشماندا.
سه‌رچاوه:
- ثيودور فون أدورنو: محاضرات فی علم الإجتماع، ترجمة: جورج كتورة، مركز الإنماء القومی، لبنان- بیروت، ص106-111.