ئوستوره[1]ى كردار
موراد فه‌رهادپور، ئوميد ميهرهگان
و. وهليد عومه‌ر
وته‌یه‌كى وه‌رگێڕ:
له عه‌قڵى سه‌ليم يان باودا دابهشكارییهكى دوالیستانه هه‌یه له‌نێوان تیۆر و پراكتیك، یان قسه و كرداردا. پێداگرتنێكى درۆزنانه و ته‌ڵخ هه‌یه له‌سه‌ر كردار، كردارى ڕاسته‌وخۆ و بێ‌ميديۆم و بێ‌نێوانگر. ئه‌م تێڕوانينه وايكردووه كه به هه‌موو جۆره تيۆر و تيۆريزهكردنێك بوترێت "قسه‌ى زل"، له‌كاتێكدا هه‌موو تيۆرهكان قسه‌ى زل و به‌تاڵ نين و به‌شدارن له واقيعدا. خۆ ڕاسته كه‌م نين ئه‌و قسه و فهلسهفاندنانهش كه مه‌سه‌له هه‌نوكه‌يى و گرنگه‌كان دهيشێوێنن، بۆيه پێويسته تيۆرى ڕاديكاڵ و زيندوو له قسه‌ى قه‌به و به‌تاڵ جيابكرێته‌وه. پێداگرتن له‌سه‌ر كردار، هه‌ميشه پێداگرتنێكى پاك و نيهتپاكانهش نيه. ئه‌م تێڕوانینه، له ساڵانى ڕابردووى ئێمه‌دا له ڕسته‌ى سیاسییهكى وه‌ك "به‌رهه‌م ساڵه‌ح"دا كۆده‌بێته‌وه: كردار شه‌رته! ئه‌و كرداره‌ى سياسييه‌كانى ئێمه مه‌به‌ستيانه، پتر له قسه‌ى زله‌وه نزيكه. تيۆر ده‌توانێت "قسه‌ى بچوك"يش بێت، دهرگيربوون بێت له‌گه‌ڵ ديارده ڕۆژانهييهكان و نوكته و نان و هتددا. تيۆر له هه‌ندێ جێى گرنگيشدا هه‌يه كه پێناچێت خه‌ياڵمان بۆى چووبێت، له به‌ياننامه‌ى كۆمه‌ڵێك گه‌نجه‌وه بيگره تا ده‌گاته ڕسته‌ى پچڕپچڕى ژنێكى نه‌خوێنه‌وار له‌به‌رده‌م مايكى ته‌له‌فزيۆندا كه ده‌ڵێت: ئێمه زوڵم و خراپه قبوڵناكهين و حه‌زمان له ئازادييه. ئه‌م نوسینه‌ى خواره‌وه بۆ واقيعى ئێمه‌ش بايه‌خى خۆى هه‌يه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى نه‌بێته بيانوويهك بۆ خۆدزينه‌وه و سوكايه‌تيكردن به "بهردهفڕكێى گه‌نج و هه‌رزه‌كاره‌كان"، يان نه‌بێته ستايشكردنى عيرفانبازى و خودگه‌رايى.
ئوستورهكان كۆمه‌ڵێك حه‌كايه‌تى گشتين[كلى] كه ئامانجه‌كه‌يان بريتييه له بەگشتىكردن و ههمهكىكردنى ژيان و جيهان و هه‌موو شتێك. ڕۆڵ و كاركردى ئوستورهكان بريتييه له پڕكردنه‌وه‌ى كون و درزه‌كان و شاردنه‌وه‌ى ناكۆكييهكان. ئوستورهكان له يه‌ك كاتدا هه‌م ڕوونن و هه‌م ته‌مومژاوى، كێشه و پرسيارهكانمان ڕوون ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌سه‌ر حيسابى ساده‌كردنه‌وه‌ى درۆيينهيان. ئوستورهكان وه‌ڵامێكى ساده و سهرڕاستيان هه‌يه بۆ هه‌موو شته‌كان، و له ڕێگه‌ى ده‌ربازبوون له ئاڵۆزى و ناكۆكى و تهمومژهكانهوه وه‌ڵامى ئاره‌زووى ناوهكيمان ده‌ده‌نه‌وه. به‌ڵام سپێتى و ڕوونى و پاكييان وه‌كو ديمه‌نى سپى و بهفرگرتووى جه‌مسه‌ره‌كان وايه و ترسێكى شاراوه‌مان تيا ده‌بزوێنێت؛ باج و به‌هاى ئه‌م ڕوونى و پاكييه، بێده‌نگى و سه‌رما و ڕه‌قبوونه‌وه و مردنه.
سه‌رده‌مى ئێمه، به‌تايبه‌ت ده‌يه‌كانى كۆتايى سه‌ده‌ى بيست، شاهيدى خولیایه‌كى زۆر بووه بۆ «له‌ئوستوره‌داماڵين» و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئوستوره. هه‌ر ئه‌م خوليایهیه كه زۆركه‌سى خستۆته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ى ڕاگه‌ياندنى كۆتاييه‌كان: كۆتايى مێژوو، كۆتايى شۆڕش و ڕزگارى له سياسه‌تدا، كۆتايى سوبێكت، حه‌قيقه‌ت و گشتێتى و گهردوونگهرايى(كليت)له فه‌لسه‌فه‌دا، كۆتايى عه‌قڵ، مۆدێرنه و پيشه‌سازى له كۆمه‌ڵناسى و ئابوريدا، ته‌نانه‌ت كۆتايى خودى «ئوستوره»ش له تيۆلۆژيادا. به‌ڵام ئه‌م خوليايه بۆ ڕاگه‌ياندنى كۆتاييه‌كان، ئێستا خۆى بۆته ئوستورهيهك. له‌ڕاستيدا، «له‌ئوستوره‌داماڵين» هه‌ميشه به شێوه‌يه‌كى ناوه‌كى و شاراوه تێكه‌ڵى ئوستورهسازى بۆته‌وه. ئه‌و نه‌ريته فيكرييانهى كه هيچكات وه‌كو نه‌ريتێك ئاگايان له سرووشتى مێژوويى خۆيان نه‌بووه و هه‌ميشه هه‌وڵيانداوه له يه‌ككاتدا ڕۆڵى ياريزان و ناوبژيوان و تهماشاكهريش بگێڕن، بۆ نمونه زانستگهرايى و ليبراڵيزم، له به‌رامبه‌ر ڕاگه‌ياندنى تێكشكانى ئوستورهگهلێكدا كه له‌ڕاستيدا هه‌ندێكيان ته‌مه‌نيان كۆتاييهاتبوو، هه‌ندێك ئوستوره‌ى تريان دا به ده‌رخواردى خه‌ڵك. له‌وانه، ئۆبێكتيڤبوونى زانست يان ئوستوره‌ى بازاڕى ئازاد، كه ته‌نانه‌ت بۆ خودى ليبراڵهكانيش بوونيان نيه.
به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا، جۆرێكى تايبه‌تى ئوستوره هه‌يه و به‌پێچه‌وانه‌ى جۆره‌كانى تره‌وه، ئامادهييهكهيان زه‌ق و به‌رچاو نيه و كه‌مجار هه‌ڵده‌ماڵرێن و ئاشكرا ده‌بن. ئه‌م ئوستورانه كه له باگراوه‌ندى ژيانى ڕۆژانه و دووتوێى داوه‌رى و حوكمدان و تێگهيشتنهكاندا درێژه به ژيانى بێده‌نگى خۆيان ده‌ده‌ن، هه‌روا لاواز و بێكاريگهرى نين به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌توانن نه‌رم و له‌سه‌ره‌خۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك لێخوڕن. ڕاوكردنى ئه‌م ئوستورانه پێويستى به بيركردنهوهيهكه كه بتوانێت سه‌ر بكات به ناو درز و كهلهبهرهكاندا، به ناو پشتخان و ژيرزهمينهكاندا، به كورتييهكهى هه‌موو جێيه‌ك. ته‌نزى تاڵ و گورچكبڕى ڤۆڵتێرى، ئامرازێكى گونجاوه بۆ ئه‌م بيركردنه‌وه ڕاوكه‌ره، به‌ڵام له‌مه‌ش باشتر ئه‌و جۆره بيركردنهوهيهيه كه برێخت ناويدهنێت بيركردنه‌وه‌ى كاڵوخاو (crude thinking). ئه‌م جۆره بيركردنه‌وه‌يه له پانتايى تيۆريزهكرندا يه‌كسانه به كردهگهلێكى وه‌ك نه‌رمه ڕا، مه‌شق(ئهحما)، ڕێكردن، پياسه و وێڵگهڕى.
سه‌رهه‌ڵدانى بزووتنه‌وه ڕاديكاڵه خوێندكارييهكانى كۆتايى ده‌يه‌ى 1960، زه‌مينه‌ى مێژوويى دووباره‌بوونه‌وه‌ى هه‌ندێك تۆمه‌ت بوو دژى قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت و به‌تايبه‌ت خودى "تيۆدۆر ئه‌دۆرنۆ". به چاوپۆشى له درووستى و نادرووستيى بۆچوونه‌كانى ئه‌دۆرنۆ و هۆركهايمهر(كه له پۆستى سه‌رۆكى زانكۆى فرانكفۆرتدا له ڕابردوو پتر كۆنزهرڤاتيڤتر ببوو) و كهموكورتييه تيۆرييهكانيان له مامهڵهياندا له‌گه‌ڵ «ماركسيزمى ڕووسى» و سياسه‌تى پراكتیكیدا؛ گومانى تيا نيه كه به‌شى سه‌ره‌كيى ئه‌م تۆمه‌تانه به‌ره‌نجامى ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆى بڕوابوون بوو به ئوستوره‌ى كردار. به‌ڵام خودى (تۆمه‌تباركردن)ـه‌كه ههويرێكى تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ و دووباره‌ى ئه‌م سيفه‌تانه بوو: پشتگوێخراو، ڕۆشنبير، پاسيڤ و ده‌سته‌وه‌ستاو، كرمى كتێب[مشكى كاغهزخۆر]، بۆرژواى نزم و ساقت، فره‌وێژ، تيۆرچن، خانهدانخوو، كه‌سێك كه له جياتيى به‌شداريكردن له خه‌باتى خه‌ڵكدا دژى ئيمپرياليزم، شيعر و ڕۆمان ده‌خوێنێته‌وه(ئه‌ويش هى كه‌سانێكى نزم و ساقتى وه‌ك كافكا و بێكێت)، يان له ژوورهكهيدا چه‌ند پارچهيهكى شۆنبێرگ به پيانۆكهى ده‌ژه‌نێت.
يه‌كێك له ڕۆڵ و كاركردهكانى ئوستوره، ڕێك بريتييه له ئيفليجكردنى فيكر و چه‌سپاندنى گه‌مژه‌يى. ئێستا ئه‌وه‌نده به‌سه بيرێك له‌م ڕاستييانهى خواره‌وه بكه‌ينه‌وه:
- تا ڕاده‌يه‌كى نزيك له دڵنياييه‌وه، جگه له ده‌نگدان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ئه‌دۆرنۆ له سه‌رتاپاى ژيانيدا ده‌ستى نه‌داوه‌ته هيچ جۆره "كردارێكى سياسى"، به ده‌ربڕينێكى تر، ڕۆژنامه‌ى نه‌فرۆشتووه، به‌ياننامه‌ى بڵاونه‌كردۆته‌وه، له‌گه‌ڵ پۆليسدا ده‌سته‌ويه‌خه نه‌بۆته‌وه، به‌شداريى خۆپيشاندانى نه‌كردووه، نه‌چۆته زيندان، خه‌باتى چه‌كداريى نه‌بووه، له مانگرتنى به‌كۆمه‌ڵى كرێكاراندا وتارى حهماسيى نه‌خوێندۆته‌وه و له هيچ شۆڕشێكدا به‌شدار نه‌بووه.
- مليۆنان خوێندكار و گه‌نجى ڕاديكاڵ له سه‌رانسه‌رى دونيادا ، له سه‌ره‌تاى بزووتنه‌وه‌ى ڕۆمانتيكهوه تاكو ئه‌مڕۆ، كاره‌كانى سهرهوهيان به‌بێ وه‌ستان ئه‌نجامداوه.
- شتێكى ته‌واو به‌ڵگه‌نه‌ويسته كه پشكى ئه‌دۆرنۆ له پێشكه‌وتن و بهديهاتنى كردارهكيى ئامانجى سۆسياليزم و عه‌داله‌تخوازى و ڕزگاربوونى كۆمه‌ڵگا و تاك و هه‌ر ناوێكى تردا، چه‌ندقات له دانه به دانه‌ى ئه‌و مليۆنان كه‌سه زياتر بووه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك تيۆريستى وه‌كو لينين و ترۆتسكييش، زياتر سه‌روكاريان له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌م و كاغه‌زدا بووه نه‌ك بێڵ و تفه‌نگ. ڕه‌نگه ئه‌م حوكمه، وه‌ك حوكمێكى ساويلكانه و گاڵته‌جاڕ بێته به‌رچاو و به‌م وه‌ڵامه كۆتايى بێت: «مه‌به‌ستى ئێمه له كردار ئه‌وه نيه كه ئه‌دۆرنۆ و ترۆتسكى بێڵێك بگرنه ده‌ستيانه‌وه تاكو بيانخه‌ينه ڕيزى زه‌حمه‌تكێشانه‌وه». به‌ڵام ڕاستييهكهى ئه‌وه‌يه كه ئه‌م ساويلكهييه به‌شێكه له ماهيه‌تى كردار و بێ ئه‌وه‌ى تاكه‌كان خۆيان به‌ڕاشكاوى دانى پيا بنێن، له‌م پێشگريمانهيهوه ده‌ست پێده‌كه‌ن و (سياسه‌تى پراكتيكى)ـى لينين و ترۆتسكى كورتده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌م چه‌مك و تێگه‌يشتنه ساويلكانهيه.
به‌ڵام گه‌ر هه‌ر ئوستورهيهك وه‌ڵامى ئاره‌زوويه‌كى شاراوه ده‌داته‌وه، ئه‌وا ئاره‌زووى شاراوه‌ى پشت ئوستوره‌ى كردار چيه؟ به ئاسانى ده‌توانين ئه‌وه ده‌ستنيشان بكه‌ين كه له‌م ئوستورهيهدا له‌به‌رده‌م ئاره‌زووى كردارى "په‌تى"داين. كردارێك كه به‌بێ هيچ مه‌ودايه‌كى شوێنكاتانه، هه‌ر لێره‌دا و له‌م چركه‌يه‌دا حه‌قيقه‌ت و سه‌ركه‌وتنى ڕه‌هامان بۆ بهدىبێنێت. گه‌ر ئه‌م سيفه‌تانه وهرگێڕينه سه‌ر زمانى تيۆر، ئه‌وا به‌رهه‌مى كاره‌كه هيچ نيه جگه له كردارى ڕاسته‌وخۆ و بێ‌نێوانگر. له‌ڕاستيدا ڕق له تيۆر خۆى، نمونهيهكى تايبه‌ته بۆ ڕق له ناوهندگيرى و نێوانگرى(mediation). مه‌به‌ست له نێوانگرى(كه ڕوونكردنه‌وه‌ى، پێويستى به باسێكى جيا و سه‌ربه‌خۆيه) پهيڕهويكردنى بنه‌ماكه‌ى ئه‌رستۆ نيه ده‌رباره‌ى ناوهڕاستگرتن و ميانڕه‌وى. ئاره‌زوو بۆ نه‌بوونى نێوانگر، كه چه‌مكه هيگڵييهكانى وه‌ك (گيانى جوان) و (ڕۆحى ڕۆمانتيك) نمونهيهكى باڵان بۆى، كۆمه‌ڵێك مانا و ميسداقى زۆرى هه‌يه(له پانتايى باسه‌كه‌ى ئێستاماندا): بێئۆقرهيى، هه‌ڵهاتن له هۆشياريى مێژوويى، بێتوانايى له شيكردنه‌وه‌ى كۆنكرێتى و دياريكراودا، ئه‌و نائومێدييهى كه له ئيفليجبوونهوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، له هه‌مووشى گرنگتر ئه‌و "كردارپهرستى و دهردهكردار"ـهيه كه له نهڕهخسانى هه‌ر جۆره كردارێكه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه.
ئاره‌زووكردنى كردارى په‌تى و بێناوهند، هه‌مان ئاره‌زووى يه‌كبوونه له‌گه‌ڵ حه‌قيقه‌تى پهتيى موتڵه‌قدا كه بنچينهى هه‌موو ڕوانگه عيرفانييهكان پێكدێنێت. پێناسه لاكانييهكه بۆ عيرفان، كه له‌ڕاستيدا وردترين و پڕگوزارشتترين پێناسه‌ى عيرفانه، بونياد و ستراكتۆرى ئه‌م ئاره‌زووه و ئه‌و ئوستورهيهشى كه درووستيده‌كات، ڕوونده‌كاته‌وه: عيرفان بريتييه له يهكبوونى بێنێوانگرى ڕياڵ[2] له‌گه‌ڵ خهياڵىدا. ڕياڵ بريتييه له‌و (شت)ـه بێ ڕه‌نگه‌ى ئه‌وديوى هه‌موو شته‌كان و هه‌موو ده‌ركه‌وته‌كان و هه‌موو ماناكان، هه‌مان واقيعى له واقيع واقيعيتر، هه‌مان ده‌سه‌ڵاتى "بوون" له‌وديوى بوونه‌وه‌ره‌كانه‌وه كه ده‌رنابڕرێت و نانوێنرێتهوه و له‌پشتى پانتايى ڕه‌مزيى زمان و كه‌لتور و كۆمهڵگاوهيه، و خهياڵىيش بريتييه له وێنه‌ى نهرجسييانهى (من) وه‌ك سه‌نته‌رى نه‌گۆڕ و يهكپارچه و پته‌وى جيهان. يهكبوونى بێنێوانگرى ئه‌و دووانه، واته توانه‌وه‌ى (من) له حه‌قيقه‌تدا و توانه‌وه‌ى حه‌قيقه‌ت له مندا. پێده‌چێت ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مردن و كوژران، زهقترين نمونه‌ى ئه‌م تێڕوانينه عيرفانى و ڕۆمانتيكييه بن بۆ كردارى په‌تى. داماڵينى هه‌ر جۆره نێوانگرێك له‌م كرداره، به‌دڵنياييه‌وه ده‌يگۆڕێت بۆ كردارى پهتيى ويساڵ و پێگه‌يشتن و سه‌ركه‌وتن، به‌ڵام تاكه نمونه‌ى كردارى پهتيى سه‌ركه‌وتووش بريتييه له خۆكوشتن. وه‌كچۆن لاكان ده‌ڵێت، خۆكوشتن تاكه كردارى هه‌ربه‌ڕاست سه‌ركه‌وتووه، چونكه [سوبێكت] ده‌ستى ده‌گات به ئامانج و به‌رهه‌مه ئايدياڵهكهى خۆي‌دا كه جه‌سته‌يه. ئيدى له حاڵه‌ته‌كانى تردا، ئاره‌زووى ئێمه ته‌نيا به‌و مانايه دێته‌دى كه ده‌ستمان بگاته جێنشين يان بابه‌تێكى هاوشێوه و ساخته‌ى ئاره‌زوودا. ئه‌م شكسته به‌شێكه له ئاره‌زووى مرۆڤ وه‌كو نوقسانييهك كه هه‌رگيز پڕنابێته‌وه، چونكه به‌ده‌ر له‌م حاڵه‌ته ئێمه ئيتر سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ شتێك‌دا نابێت كه ناوى سوبێكت بێت.
سوبێكت خۆى له‌سه‌ر بنه‌ماى ناواخنكردنهوهى ئاره‌زوو يان نوقسانى و درز و بۆشايى درووستده‌بێت. له په‌يوه‌نديى ديالهكتيكيى نێوان ئه‌م دووانه‌دا، هه‌ر گۆڕانێك له يهكێكياندا، به‌ناچارى گۆڕان به‌سه‌ر ئهويتريشياندا دێنێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌يه كه ته‌نانه‌ت گه‌ر بابه‌تى ڕاسته‌قينه و ئايدياڵيى ئاره‌زووش بێته دى ئه‌وا ديسان كردار، سه‌رنه‌كه‌وتوو و دڵساردانه ده‌مێنێته‌وه؛ چونكه خودى كردارى ئاره‌زووكردن و به‌ده‌ستهێنانى بابه‌تى ئاره‌زوو ده‌بێته هۆى گۆڕان له سوبێكتدا، هه‌ڵبه‌ت به جۆرێك كه له كۆتاييدا من چيتر ئه‌و كه‌سه‌ى پێشوو نيم و سه‌ره‌نجام ئاره‌زووى بهديهاتووش چيتر ئاره‌زووى من نيه.
له‌ئوستوره‌داماڵين، زۆرجار چ به ئاشكرا يان شاراوه، تێكه‌ڵ ده‌بێته‌وه به درووستكردنه‌وه‌ى ئوستوره. ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به دانه‌رى ئه‌م زاراوهيهش، واته رۆدۆڵف بۆتمانيش به‌ئاسانى ده‌توانين ئه‌وه ده‌ستنيشان بكه‌ين كه ديدى ناڕهخنهيى و نامێژوويى بۆ مۆدێرنه وه‌كو ستراكتۆرێكى ئهپيستمۆلۆژى و قبوڵكردنى ته‌واوى ئوستوره‌ى زانست وه‌ك تاكه زانينى ئۆبێكتيڤ و يهقينئامێز به‌شێكى گرنگه له (بنه‌ما تيۆرييه‌كان)ـى ئه‌و له داماڵينى ئوستوره‌دا له په‌يامى مه‌سيحيه‌تدا. ده‌توانين نمونهيهكى ئێرانى بۆ ئه‌م په‌يوه‌ندييه ناوه‌كييه كه ڕێك په‌يڕه‌وى له‌م لۆژيكه ده‌كات، له به‌رهه‌مه‌كانى عه‌بدولكه‌ريم سرووش و سه‌يد جه‌واد تهباتهباييدا بدۆزينه‌وه. ئاماده‌يى ئه‌م ستراكتۆره هاوبه‌شه له‌م دوو گوتاره ناكۆكه‌دا، بەڵگەى فراوانى و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌م بيركردنه‌وه ئايدياڵيستى و ئوستورهييه و بێبايهخبوونى گفتوگۆ [خۆماڵى و] نيشتمانييهكانه.
بۆيه به‌م پێيه ئه‌و مه‌ترسييه لهئارادايه كه وێرانكردن و تێكشكاندنى "ئوستوره‌ى كردار" له جياتيى بنياتنانهوهيدا، ببێته هۆى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ئوستوره‌ى (بۆچوون و قسه و [تیۆر][3]). ده‌ربڕينى ئه‌و حهقيقهتهى كه (قسه و تیۆر) له هه‌ندێك قۆناغى مێژووييدا له ئاست و پێگه‌ى كرداردايه و كرداريش خۆى چه‌مكێكى تيۆرييه، به‌ته‌واوى كێشه‌كه‌مان بۆ چاره ناكات. به‌ڵام ڕه‌نگه ئه‌م ناتهواوييه خۆى ديوێكى حه‌قيقه‌ت بێت. ئوستوره ڕۆڵى ئه‌و هه‌وير و مه‌عجونه ده‌بينێت كه بڕياره هه‌موو درز و كه‌له‌به‌ره‌كان پڕبكاته‌وه و واقيع وه‌كو «گشت و كۆ»يه‌كى يهكپارچه و بێناكۆكى بخاته‌ڕوو. كه‌واته ئه‌وه‌ى له‌دواى تێكشكاندنى ئوستوره‌ى كردار ده‌مێنێته‌وه بريتييه له كۆمه‌ڵێك درز و كون و كه‌له‌به‌ر نه‌ك «گشت»ێكى يهكپارچه و ئه‌بستراكت به‌ناوى (يه‌كێتيى ديالهكتيكيى نێوان تيۆر و كردار)ـه‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى كه ڕاڕا نابين هه‌وڵى وه‌ڵامێكى ته‌واوه‌تى بده‌ين، بۆخۆى نيشانه‌ى وه‌فادارييه به‌رامبه‌ر به حه‌قيقه‌ت. بڕین و قرتاندنى گفتوگۆ لە بڕگەیەکى مێژوویی‌دا به شێوە بێکێتییەکەى، له جیاتیى درێژەدانێكى بێكۆتايى له (دۆخى ئایدیاڵیى قسه)دا، بڕینى دانیشتنى دەروونشیکاريى نه‌خۆش به شێوە لاکانییەکەى، له جیاتیى درێژەپێدانەکەى به ستایلى ئەمریکى بۆ چاره‌سه‌ركردنى تاک و گونجاندنى لەگەڵ کۆمەڵگادا، دوو نمونەن بۆ "دیالەکتیکى وەستان"ـى واڵتەر بنیامین، ئەو ديالەكتيكهى كه حەقیقەت له قاڵبى وێنەیەک یان مۆنتاژێکى دیالەکتیکیدا ڕاودەکات که ئاوسە بە گرژى و ناکۆکى.
[1]. له هه‌ندێك نوسين و وه‌رگێڕانى كورديدا، هه‌ردوو زاراوه‌ى "ئوستوره" و "ئه‌فسانه" تێكه‌ڵده‌كرێن. زاراوه‌ى ئه‌فسانه زه‌قكراوه‌ته‌وه و له‌جياتيى ئوستورهش به‌كارده‌هێنرێت. ئوستوره(legend)، جيايه له ئه‌فسانه(myth). ئوستوره بنه‌مايه‌كى واقيعيى هه‌يه و درۆى ڕووت نيه، واته هه‌ڵگرى ڕه‌هه‌ندێكى مێژوويى ڕاستهقينهيه و زياده و ته‌مومژى چۆته سه‌ر؛ به‌ڵام ئه‌فسانه پتر هۆنينه‌وه‌ى خهياڵات و زيادهڕۆييه و ناوكێكى مێژوويى دياريكراوى نيه.[و].
[2]. بۆ زانياريى زياتر له‌سه‌ر چه‌مكى ڕياڵ، خوێنه‌ر ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر چاپكراوهكانى پرۆژه‌ى نێگه‌تيڤ (به‌تايبه‌ت كتێبى دووه‌م، دياله‌كتيك كه به‌و زووانه ده‌زگاى سه‌رده‌م بڵاويده‌كاته‌وه).
[3]. له سه‌رده‌مى پۆستمۆدێرنى خۆماندا، بۆچوونى شه‌خسى و ڕاى تايبه‌تى، بره‌وێكى سه‌يرى سه‌ندووه. برهوێك كه سوبێكتێكى خۆپه‌رستى درووستكردووه و له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره دهستێوهردانێكدا پێت ده‌ڵێت: ئه‌مه ڕاى خۆمه و په‌يوه‌نديى به تۆوه نيه! گه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانى ئه‌م هه‌مووه بۆچوونه شه‌خسييه تا دواسنور، ڕاكێشين، دوور نيه هه‌موو ئه‌كت و چالاكييه‌كى جه‌ماوه‌رى و به‌كۆمه‌ڵ له‌ناوبچێت. كۆمێنتنوسين، يه‌كێكه له ده‌ركه‌وته زه‌قه‌كانى ئه‌م بۆچوونپهرستييه. كۆميدياكه لهوهدايه به هه‌زاران كه‌س خه‌ريكى قسه‌ن و ڕه‌خنه له‌وه ده‌گرن بۆچى قسه جێى كردار و پراكتيكى گرتۆته‌وه. [و].
سه‌رچاوه:
- وبسايت راديكال https://radicalpub.wordpress.com