ساتە فەلسەفییەکان بۆ ڕەخنەى ئاین
ن: فهیسهڵ دهڕاج
و: حهكیم عهبدولكهریم
فەلسەفەى چەپى هیگڵى کاریگەریى لەسەر سەرەتاکانى بیرى مارکس و گرنگیپێدانەکانی هەبووە، سەرەڕاى ڕەسەنایەتی و جیاوازیى بیرى مارکس، بەڵام چهمكه بنەڕەتییەکانى بیرى چەپى هیگڵیى تێنەپەڕاند، ئهو ئەگەر لە چەقى بازنەى ئەو بیرەشدا نەبووبێت، بهڵام لەگەڵ ئەوەشدا ههر به وابەستهیی مایهوه به بازنەى ئهو بیرهوه. لە بەر ئەوە سرووشتییە ئەگەر کێشەى ئاین بنەماى بیرى مارکسی لاو بێت، لەکاتێکدا کە دەنگێکى ناوازەو بانگەشەکەرى بێت، ئەم بیرە فەلسەفییە چەپە هەموو کێشەکانى فەلسەفە و خەمەکانى جیهانى لە ئایندا قەتیسکرد، وچارەسەرکردنى بۆ ئەم کێشەیە دەگۆڕا بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانى لە ئەڵمانیا. چەپە هیگڵییەکان دواى هیگڵ هەوڵیاندا بۆچاکسازیى جیهان و ئاین، بۆیە بە پەرۆشییەکى زۆرەوە لە دواى جۆرێکى تایبەت لە پرۆتستانتیەتدا... ڕۆیشتن، بەڵام بێئومێدییان لە واقیعى سیاسیى ئەڵمانیا ئەو پەرۆشییەى نەهێشتن، بۆیە بە دواى ئاینێکى نوێدا ڕۆیشتن، ئەویش بێباوەڕى بوو کە "برۆنۆ باوەر" بانگەشەى بۆ دەکرد، ئیدى دژایەتیکردنى ئاین لەو کاتە بوو بە یەکەم و سەرەکیترین چالاکى لەو دیدهوه کە ڕزگارکردنى هۆش لە خەیاڵ بەسە بۆ ڕزگارکردنى تاک و کۆمەل بەیەکەوە، "شتریز" واى نوسیوە: "سەبارەت بە فەیلەسوف، خودا جیاواز نیە لە بەرد، فەیلەسوف بێباوەڕى تەواوە"، و باوەڕى وابوو کە مەسیح شتێک نیە جگە لە بەرجەستەبوونى خودا لە هەموو مرۆڤایەتیدا، مەسیح تەنها ئاماژەیەکە، بەڵام مەسیحى ڕاستەقینە هەموو مرۆڤایەتییە وەک ئەوەى ئاماژەیەکى ڕاستەقینە بێت بۆ خودایەکى راستەقینە، مرۆڤایەتى بۆ خۆى خودایە. بەڵام "باور" هیچ شتێک لە ئینجیلدا نابینێ، جگە لە قۆناغە یەک بەدواى یەکەکانى هۆشیارى مرۆیى، لاى "باور" ئینجیل کتێبێکى ئاسمانى نیە، بەڵکو دەربڕینێکە لە هۆشى مرۆڤ لە قۆناغێکى دیاریکراودا، هەر لە بەر ئەوەشە ناوەڕۆکى ئینجیل لە قۆناغێکهوه بۆ قۆناغێکى دیکە جیاوازە، و ئەمەش بە گوێرەى پێشکەوتنى هۆشیارى مرۆڤ و گەشەسەندنى، بۆیە هەموو ئینجیل بەرهەمى مرۆڤایەتیى پەتییە کە ڕهنگدانەوەى ڕوانینى مرۆڤە بۆ جیهان لە مێژوویەکى دیاریکراودا، و مێژووى ئینجیل شتێک نیە جگە لە مێژووى پێشکەوتنى بیرى مرۆڤایەتى و گواستنەوەى لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکى.
دەرچوون لەم ڕوانینە مێژووییەى کە بو ئینجیل کراوە، "باور" گەیشتە ئەو دەرەنجامەى کە تێپەڕکردن و کۆتایهێنان بە بیرى مەسیحیەت پێویسته، مەسیحیەت لە سەرەتاوە عەقڵانى بووە لە بەرئەوەى لەگەڵ هۆشیارى مرۆڤایەتیدا لە قۆناغێکى دیاریکراودا سازاوە، بەڵام ئێستا ئەو عەقلانیەتە نەما و بزربوو، به بزربوونی قۆناغە مێژووییەکەى و ئیدى بووە بە لەمپەرێک بۆ پێشکەوتن، و پێشکەووتن پێویستى بە لەڕەگهەڵکێشانى دونیابیینى ئاینى هەیە، چونکە عەقڵانیەتى لەدەستداوە، لە دەوران یان کاتى پێگەشتتنى تەواوهتیی هۆشیارى، هۆشیاریى ئاینى هۆشیاریى پێش مێژووی هۆشیارییەکى درووستە. بۆیە "باور" ئاینى خستە ژێر دادگاى عەقڵەوە، ودواتر مەرگى ئاینى ڕاگەیاند، ئینجیل تەنها پێکهاتەى عەقڵى مرۆڤێکى داهێنەرە لە ماوەیەکى دیاریکراودا و داهێنانێکى نەمر نیە. و مەسیحیەت وەک ئەڵقەیەکه لە زنجیرەى پێشکەوتنى مرۆڤایەتى دەرکەوتووە، بەڵام له سهردهمی عهقڵدا دەبێت سەرزەنشت بکرێت، چونکە هۆشى مرۆڤى پەرشوبڵاوکردووەتەوە لە بازنەى خەیاڵاتدا(وەهم)، بەجۆرێک کە مرۆڤ ڕاستەقینەى مرۆڤایەتى لەدەستدەدات، و پەنا بۆ وههمه میتافیزیکییەکان دەبات و ڕازیدەبێت پێیان. باور نامۆبوونى ئاینى لەو جیابوونەوەیهدا دەبینێت کە درووستبووە لە نێوان هۆشى مرۆڤ و ئەو بابەتەى کە ئەم هۆشەو خودا درووستیکردووە "ئاین پەرتبوونى عەقڵە، باوەڕى ئاینى ڕوبەڕووى هۆش دەبێتەوە وەک هێزێکى سەربەخۆ". ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئاین بەرهەمى مرۆیى ڕووتە، بۆیە هۆشیارى خود دەڕوات بەرەو بابەت، بۆ بونەوەرێکى خەیاڵى(وهم)خاوەن سەربەخۆییەکى خودى، دوور دەکەوێتەوە لەو خودەى کە درووستیکردووە، دەرکەوت وەک سەروەرێکى هەڵقوڵاو لە نەبوون(عدم)وە دەبێت بە خاوەن هێزێکى (خارق) ئەفسوناوى خۆى لەسەروو ئەو بوونە یان خودەوە دەبێت کە لە سەرەتاوە هێناویەتیە بوونهوه. هۆشیارى ئاینى لاى "باور" لەتبوونێکە لە هۆشیاریى مرۆڤایەتى، و دڕانێکە لە ناوەڕۆکى مرۆڤ، چونکە ئاین لەناوەڕۆکیدا ڕەنگدانەوەى عەقڵێکى دابەشکراوە، ئەم عەقلە دابەشکراوە جێگە دەگرێت و دەگۆڕێت بۆ بۆ بونێکى سەربەخۆ و گەورەدەکرێت و ڕێخۆشکەرى بۆدەکرێت بۆ دەستکراوەى دەسەڵاتەکەى لەڕێگەى خەیاڵێکى فراوان و کراوە کە جڵهو ناکرێ، بە بنەماکانى عەقڵ، یان ئەو نامۆیە بە بنەماکانى عەقڵ و لۆجیکى عەقڵی.
لە سەرووى ئەوەى کە چەپى هیگڵى کاریگەرى کردوە لە تێگەشتنى مارکس بۆ ئاین، بهڵام هۆکارێکى دیکەش هەیە کە ئەویش ئهو ژینگە خێزانییە بووه کە ماركس تێیدا گەورە بووه، وا دەردەکەوێت کە هەرگیز ئەزموونى ئاینیى نەزانیبێت، و بە قۆناغى دوودڵى و دڵەڕاوکەى ئاینیدا تێنەپەڕیوه وەک ئەوەى کە هاوڕێکەى ئەنگڵس بینیویەتى، ترس و تارمایى ئاینى لەدەرگاى بیرکردنەوەى مارکسى نەداوە ههتا ئهو كاتهشی كه منداڵیش بووه، بۆیە دەتوانین بڵێین مارکس هەر لە منداڵییەوە بێ باوهڕ بووە.
مارکس ڕەخنەى لە ئاین گرتوە بەناوى هۆشیارى خود لەو نوسینێکى "جیاوازى لە فەلسەفەى سرووشتى لاى دیمۆقریت و ئەپیكۆر" و جەختى لە بەهاى عەقڵى مرۆڤ کردووەتەوە. ئاین دەرهاویشتەى خەیاڵێكی نەخۆشە، پەیوەستە بەو وڕێنە(هلوسە) زۆرەى کە دەردەکەوێت لە جیهانى ناعەقڵیدا "لەجیهانى عەقڵ بوونى خودا دەوەستێت".
بۆیە سەلماندنى بوونى خودا لاى مارکس شتێک نیە جگە لە ووتەیەکى بێ مانا نەبێت، یان سەلماندنێکە بۆ بوونى هۆشیارى مرۆڤ پەیوەست بەمرۆڤەوە، مارکس وایدەبینێ کە هەموو ئەو بەڵگانەى بۆ بوونى خودا خراونەتە ڕوو دەکرێت ڕاستبکرێتەوەو بۆ سەلماندن و دڵنیابوون لە نەبوونى خودا، خودا لەو کاتەدا هەیە کە عەقڵ و بیرکردنەوەى عەقڵى نیە: "خودا هەیە لە بەر ئەوەى سروشت خراپ خۆى ڕێکخستوە"، و "خودا هەیە لە بەر ئەوەى کە جیهان نەگونجاوە لە گەڵ عەقڵدا"، "خودا هەیە لەبەرئەوەى بیرو هزر خودا نیه". خودا باڵدەکێشێت بەسەر ئەو جیهانەى کە عەقڵ تێدا وندەبێت بەڵام ئەوکاتەى کە ڕۆژى عەقڵ هەڵدێت دوور-نزیک بێت ئەوکات سەفەردەکات و دەڕوات بۆجێگەیەکى دیکە.
مارکسى لاو شمشێرى عەقڵى بە ڕووى ئایندا بەرزکردەوە ههر لهو كاتهوهی تێزه ڕهخنهیهكهی له بارهی "بلوتارک" پێشكهشكرد، کە فەلسەفەى خستبووه ناو دەفرى ئاینەوە، ومارکس داواى سەروەرى دەسەڵاتى ڕەهاى کرد بۆ فەلسەفە، پیکەوەژیانى نێوان فەلسەفەو ئاین ئەستەمە، عەقڵ هاوڕێیەتى دژەکەى خۆى ناکات، و فهلسهفه تهنها ئامێز بۆ هاوارهكهی پرۆمیس دهكاتهوه: "بەیەک ووشە، من رقم لەهەموو خواوەندەکانە" باوەڕناهێنێ تەنها بە باوەڕى خۆى نەبێت و"ئاڵاکەى خۆى بەرزدەکاتەوە بەڕووى هەموو خوداکانى ئاسمان وزەوى ئەوەى کە دان نانێت بە خوداوەندێتى باڵاى هۆشیاریهی خودى مرۆڤایەتى، ئهو هۆشیاریه خودیهی هیچ ڕكابهرێك ناتوانێت شان له شانی بدات.
هەر بۆیە مارکس پشتگیرى لە ئەبیقۆر دەکات وەک فەیلەسوفى ئازادى بیر دژ بە دیمقریت و حەتمیەتە میکانیکیەکەى، ئەبیقۆر لە فەلسەفەکەیدا بۆشاییەکى زۆرى بەجێهێشتووە بۆ داهێنانە خۆڕسکەکانى مرۆڤى داهێنەر و لە خاکى مرۆڤ هەموو ئەو گیاوبژە میتافیزیکیانەى دەرهێنا کە بە تارمایەکانى خوداوەند ئاسوده دهبوون، له لای ئهبیقۆڕ مرۆڤ ئازاده، به بێ خوا، لە جیهانێکدا کە بەتەواوى تێدا ووندەبێت: "هەموو ڕووبەڕوبونەوەیەک لە نێویشیاندا خودا".
کاتێک مارکس جیاواوى له نێوان مەسیح و سوقراتى ڕەتکردەوە، ئەوەى بەکارهێنا بۆ دەرخستنى جیاوازى نێوان فەلسەفەو و ئاین، واتە جیاوازى نێوان عەقڵ و ناعەقڵانیەت، یەکەمیان،"فەلسەفە واتاى مەعریفەى مرۆڤ بۆ خۆى دەگەیەنێت، بەڵام ئاین واتاى مەعریفەى مرۆڤ بۆ هەڵەکانى دەگەیەنێت"، بەمانایەکى دیکە فەلسەفە واتاى بەرگرى مرۆڤە لە عەقڵى مرۆڤ و بەهاکانى، لەکاتێکدا ئاین کڵۆڵى و دەستەپاچەیى وشکستى مرۆڤ بەدەردەخات. فەلسەفە لەناوڕۆکدا بەرگریە لە مرۆڤ، بەرگریە لە عەقڵى مرۆڤ و کەمالى مرۆڤ، لە کاتێکدا ئاین بەرگرى لە ڕەتکردنەوەى مرۆڤ دەکات. فەلسەفە ئاڵاى بەرگرى لە عەقڵى مرۆڤ بەرزدەکاتەوە و شەڕى ئاین دەکات و ئاین ڕەتدەکاتەوە وەک دژ بە مرۆڤ، فەلسەفە کاردەکات لەسەر ئازادبوونى هۆشیارى مرۆڤ لە کاتێکدا ئاین کار بۆ کوێرى و چەواشەکارى هۆشیارى مرۆڤ دەکات.
لە ڕوانینى مارکسى لاوەوە مرۆڤ ناتوانێ جەخت لەبوونى خۆى بکاتەوه لە ڕێگەى خوداوە، بەڵکو ئەمە لەڕێگەى مەرجەکانى بوونى خۆیەوە دەبێت، ئەگەرنا شایستهی مرۆڤ بوون نیه، کاتێک کە لە هاوپێچى نوسراوەکەى بە دەقەکانى (شلنغ )ى لاو باس لە نابابەتى بوونى خودا دەکات، مارکس دەڵێ "عەقڵى لاواز ئەو عەقڵە نیە کە داننانێ بە هیچ خودایەکى بابەتى، بەڵکو ئەو عەقڵەیە کە دان بەتاکه خودایهكدا دەنێت"، دواتر جهختدهكاتهوه له سهر ئهوهی کە کاتى ئەوە هاتوە عەقڵى مرۆڤ لەهەموو ئەو کۆتو بەندانەى دەیبەستێتەوە ڕزگار بكرێت.
عەقڵ ئاشتەواى لەگەڵ باوهڕدا ناکات، چونکە تەنها باوەڕى بەخۆى هەیە، بۆیە ئاشتەواى عەقڵ و باوهڕ ئەستەمە و ناگونجێت به ههمان ئهو شێوهی کە ئاشتەواى لە نیوانَ فەلسەفە و ئایینیشدا ئەستەمە، و هەموو ئیمان وباوەڕیەک کەمکردنەوەیه له بەهاى عەقڵ ولێڵکردنى بێگهردی هۆشیارى خودیه، و ئیمان و باوەڕى درووست نابێت تەنها بۆ ئەو عەقڵانە نەبێت کە تواناى تێگەشتنى سرووشتى خۆیان نیە، هەر بۆیە مارکس هێرش دەکاتە سەر خوداى (بلوتارخ) و واى دادەنێت دەرەنجامى ترسى مرۆڤە و پەککەوتنیەتى، و هۆکارێکە بۆ ئارامبوونەوەى مرۆڤ و چاککردنەوەى ئەو پەککەوتنەى، مرۆڤ هیچ خودایەک ناخولقێنى بۆخۆى، و ئەو خودا درووستناکات ئهو كاته نهبێت كه وندەبێت لە کێشە و گرفتەکانى خۆیدا، ئەو کاتەى لە ئێستاى خۆى دەترسێت و دواتر لە ئایندەى دهترسێت، دواتر کەسێتیى خۆپەرست و داخراو بهسهر خۆیدا دەگەڕێت بە دواى ئارامیەکدا و خودایەک بۆ خۆى دەخولقێنێ.
ڕەخنەى مارکس لە بابەتى ئاین لەسەر بنەماى ئازادیى هۆشیاری و ئازادیى عەقڵەوە سەرچاوەى گرتووە، واتا بەناوى مرۆڤى تەواوهوه ئەو مرۆڤەى کە پێویستە خۆى حوکمى خۆى و جیهانهكهی بکات بەبێ هیچ دەستێوەردانێكی دەرەکى.
٭ ئهو وتاره بهشێكه له ١١ وتاری نێو كتێبی "ماركسیهت و ئایین"، له نوسینی فهیسهڵ دهڕاج، چاپخانهی فارابی، چاپی سێیهم، ٢٠١٧