ڕەخنەى مارکس بۆ ئاین و پێشکەوتنى
ن: فهیسهڵ دهڕاج
و: حهكیم عهبدولكهریم
هەڵوێستى کارل مارکس سەبارەت بە ئاین درێژکراوەى هەڵوێستى فەیلەسوفەکانى چەرخى ڕۆشنگەرى و ئەو ڕەوتە فەلسەفیانەیه کە بەرگریکار بوون لە مرۆڤ، ئەوەى کە لە سەدەى هەژدەهەم و نۆزەهەم لە ئەوروپا باو بوون. فەلسەفەى چەرخى ڕۆشنگەرى چەمکێکى عەقڵانى بۆ مرۆڤ و بۆ کۆمەڵگا هێنایه ئاراوە، وەک دیاردەیەک کە تواناى خوێندنەوەى زانستى هەبێت، لە بەر ئەوەى کۆمەڵگا لە سروشت جیاواز نیە، و لە بەر ئەوەى یاساى خۆى هەیە کە لێکدانەوەى بۆ دەکات و باسى جووڵەکەى دەکات، کەواتە کۆمەڵگاش بەهەمان شێوە دەکرێت بکەوێتە ژێر یاساگەلێکى هەمان شێوەوه، کۆمەڵگا بونێکى شاراوە نیە، بەڵکو بوونێکە و لە ژێر کاریگەرى هەمان ئەو یاسایانەدایە کە دیاردە سروشتیەکان بەڕێوەدەبات، و عەقڵى مرۆڤ دەتوانێت لێى تێبگات و بڕواتە ناویەوە، چونکە لە ژێر ڕکێفى هێزێکى میتافیزیکیدا نیە، بەڵکو خۆى تواناى بیرکردنەوەى هەیە و لە هەمانکاتدا دەسەڵاتى بەسەر بوون و هۆشیارى خۆیدا هەیە، و بەهەمان شێوە لەو بوونەى دەگات. مرۆڤ - سەرەڕاى تایبەتمەندى و هۆشیارییەکەى- بەشێکە لە سرووشت، و بەردەوامى و درێژکراوەى سرووشتە و بوونێکى ناسرووشتیى نیە. فەلسەفەى ڕۆشنگەرى هەموو کەموکورتییەکانى میتافیزیکى و لاهوتى تێکشکاندووە و واى لە مرۆڤ کرد کە خۆى تەوەرى خۆی بێت، بوونى خۆى پیرۆزکرد، و عەقڵى خۆى گەورەکرد، و سرووشتى وەک پەرتوکێکى کراوە خستە پێش چاو کە تواناى خوێندنەوە و کردنەوەى ئاماژەکانى هەبێت.
شەڕى فەیلەسوفەکانى چەرخى ڕۆشنگەرى لە عەقڵەوە دەستى پێکرد، و عەقڵانیەت ڕەتکردنەوەى میتافیزیکیاى خوڵقاند و لاهوت پاشەکشەى کرد و زانست جێگەى گرتەوە. شەڕى فەلسەفى ڕێنسانس تەنیا کاوێژکردنەوەى بیر و بەرهەمهێنانى مەعریفەیەکى ڕووتى داماڵراو لەواقیعى کۆمەڵایەتى نەبوو، بەڵکو لە ناوەڕۆکیدا شەڕێکى سیاسىی کۆمەڵایەتى ڕۆیشتوو بەئاراستەى پێشکەوتن و ڕزگارکردنى کۆمەڵگا و مرۆڤ بوو. بۆیە ئاراستەى تیرەکانى ڕووبەڕووى ئایدۆلۆژیاى ئاینى کرد، ئەو ئایدۆلۆژیایەى کە هێزى خواوەندى کردبووە تاکە تهوهر بۆجیهان بۆ ئەوى کە دەسەڵاتى فیودالى و دەزگاکانى بچەسپێنێت. بیرى ئاینى جیهانى وا خستوەتەڕوو کە بوونێکى ناڕوونە و تواناى تێگەیشتنى نیە، و پێویستى بە تێگەشتن نیە، بۆ ئەوەى پاساو بهێنێتەوە بۆ پێویستى و بەردەوامبوونى فیودالییەت. هەر بۆیە ئایدۆلۆژیاى فیودالى زانستى گەڕانەوە بۆ ڕیزى بیرى لاهوتى کۆن کەجیهان لێکناداتەوە، بەڵکو ئەوە باسدەکات کە چۆن ئەم جیهانە ناچارە لە ڕێگەى تاکە هێزێکەوە بەڕێوەببرێت کە هێزى تواناى خوداییە، بەم شێوە جیهان دابەشبووە بە سەر دوو جیهان یەکێکیان ملکەچ بۆ ئەوى دیکەیانە، جیهانى مادى ملکەچە بەجیهانى ڕۆحى، ومرۆڤ بۆ سرووشت، و بەم شێوە بانگەشەى بۆ فەلسەفهى ڕازیبوون کرد، وەرگرتن و ڕازیبوونى جیهان وەک ئەوەى هەیە، وەک دوو جیهان یەکیان ملکەچى ئەوى دیکەیە. هەر بۆیە فەلسەفەى ڕۆشنگەرى هات بۆ ئەوەى فەلسەفەى ڕازیبوون ڕەتبکاتەوە و فەلسەفەى ئازادى بخاتە جێگەى، و بۆ ئەوەى ڕۆح لە بەرامبەر مادە ڕەتبکاتەوە، و بۆ ئەوەى کە تواناى خوداوەندى لە سرووشت و کۆمەڵگا بکاتە دەرەوە و وا لەعەقڵى مرۆڤ بکات کە خۆى تاکە دەسەڵات بێت، و مرۆڤ بخاتە ناوەندى جیهان وەک وزەیەکى داهێنەر لە ژێر کاریگەرى یاساگەلێکى دیاریکراودا.
کەسێتیى مرۆڤ زیاتر بەرجەستەبوو بەهاتنى پەیوەندى کۆمەڵایەتى و ئابورى بۆرژوازى، سیستەمى بۆرژوازى لەململانیى دژ بەکەنیسە و فیوداڵ، جارێکى دیکە مرۆڤبوونى مرۆڤایەتیى گەڕاندەوە و بۆ عەقڵیش بەهاکەى. ئەم سیستەمە ئەمەى کرد وەک پێویستیەکى مێژویى و ئەڵتەرناتیفێک بۆ سیستەمى فیودال. سیستەمى بۆرژوازى مرۆڤى ئازاد کرد بۆ ئەوەى بیخاتە ناو چالاکى و بزاوتێکى دیکەى ئاگرین، بەڵام بەشێوەیەکى باش. هەر لە بەر لۆژیکى بوونى مێژوو مسۆگەریى ڕێڕەوەکەى لەدایک بوونى بۆرژوازیەت تێگەشتنێکى تازەى هێنایەئاراوە کە تەنها دژ بەرى لاهوتیەت نیە، بەڵکو دژبەرى ناڕەوایەتى و ستەمکارییە دژ بەمرۆڤ، هەر بۆیە بە هەموو توانایەکیەوە کێشەیەى دیکەى خستە ڕوو، ئەویش پەیوەندى تاک بەکۆمەڵگاویهوه، ئاڵاى مرۆڤ بەرزکرایەوە وەک چەکێک بە مەبەستى هەڵتەکاندن و تێکدانى دەسەڵاتى دەوڵەتى فیودالى. بۆرژوازیەت لەتێکۆشانى دژ بە دەسەڵاتى سیاسى هەرگیز بەناوى خۆیەوە قسەى نەکردوە، بەڵکو بەناوى مرۆڤایەتیەوە بە گشتى قسەى کردوە، بۆ ئەوەى تەواوى ئەو چینە کۆمەڵایەتیە چەوساوانە لە دەورى خۆى کۆبکاتەوە، و ئەمە توانەوەى دەسەڵاتى فیودالى خێراتر کرد. و لە هەوڵەکانیدا جەختى لە سەر پێویستى بەدیهاتنى شێوازێکى فهرمانڕهوایی کردەوە کە ئاماژە و ڕەنگدانەوەى بەرژەوەندیى گشتى بێت، حوکمێک بەرژەوەندى مرۆڤ بێت بەبێ هیچ کۆت و بەندێ.
لێرەوە پشتى چەمکى لاهوتى بۆدەوڵەت وەک كیانێكی ئاسمانى تێكشکاند.
لەچوارچێوەى ئەو مەرجە تازانەى کە شۆڕشى بۆرژوازى هێنایە ئاراوە کێشەى مانادان بە مێژوو شوێنێکى سەرەکى گرت، مێژوو و مانا دوو واتاى یەک بەدواى یەکن لەلایەک ئەوەى کە عەقڵ خاوەندارێتى لە مێژوو دەکات، لە لاکەى دیکەوە خاوەنداریەتى عەقڵ بۆ واقیعى کۆمەڵایەتى. ئەمەش لەڕووى تیۆریەوە واتای ئهوهیه مرۆڤ بوو به خاوهن و گهورهی خۆی ، و خاوەنى مێژوو و سروشت و کۆمەڵگاش، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گێتى هەمووى کەوتە ژێر چەترى مرۆڤى ئازادهوه، هەر بۆیە فەلسەفەى ڕۆشنگەرى کێشەیەکى تازەى خستە ڕوو، ئەویش پەیوەندى ئاڵوگۆڕى نێوان مرۆڤ وەک ئەوەى کە هەیە، و مرۆڤ وەک ئەوەى کە پێویستە وابێت.
بەهاى فەلسەفەى ڕۆشنگەرى و لایەنە باشەکانى لەو ڕوانینە دیالیکتیکیەیدا خۆى دەبینێتەوە لە بارهی ڕێچکەى مرۆڤ لەمێژودا، لە تاکدا ئەوەى بینى کە بەردەوام تێدەپەڕێت و دەجوڵێت بە ئاراستەى ئایندە، جوڵەیەکى هێواش هێواش و قوناغ بەقوناغ لەتاریکیەوە(سدیم) بۆ ڕۆشنایى، و لە غەریزەوه بۆ عەقڵ، و لە پێویستبوونهوه بۆ ئازادى. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەم فەلسەفەیە کاریکردوە لە سەر گۆڕانکارى بۆ بەدیهاتنى بوارى تازە تا مرۆڤ بتوانێت جهوههری خۆى بەدەستبهێنێ و هەموو مرۆڤ بوونەکەى خۆی بخاتە نێویهوه بەبێ هیچ کۆت و بەندێک. لێرەوە مرۆڤ دەبێت ڕوبەڕووى واقعی گوزهرانی ببێتهوه بەمەبەستى گۆڕینى بەواقعێکى تازە كه به پێی یاساكانی عهقڵ بجوڵێتهوه، واته دامهزراندنی جیهانێكی عهقڵانی كه هیچی تێدا نهبێت جگه له یهكهی عهقڵ و مرۆڤ له چوارچێوهیهكدا كه بهیهك ئاراستهی نهگۆڕ بهرهو پاشهڕۆژی مێژووی ڕێدهكات، واته بهرهو پێشكهوتنێكی یهكبهدوایهكداهاتوو بهرهو مهملهكهتی عهقڵ و ئازادی.
لەم دادگایەدا فەلسەفى مرۆڤ (فەلسەفەى بۆرژوازیەت)، بۆ یەکەم جار لەمێژودا ڕەهەندێکى تازەى لەخۆگرت، تاک وەک ئەوەى ڕەگ و بنەماى گهردوونه، تەنها مەرجەکانى بوونى خۆى ناهێنێتە بوون، بەڵکو کاردەکات لەپێناو گۆڕینى ئەم مەرجانەى بوونى بەئاراستەى ئایندە. هەر لە بەر ئەمەشە فەلسەفەى چەرخى ڕێنیسانس واى لە مرۆڤ کرد کە تاکە ئهكتهری سهر شانۆی مێژوو بێت، وەک بونێکى مرۆیی کە گەشە دەکات و پێش دەکەوێت بۆ ئەوەى مێژوو هێڵەکانى مێژوو بەیەکەوە تێهەڵکێش بکات، مێژوو شتێک ناڵێت چیرۆکى تاکێكی پهتی نەبێت له ههوڵدانهكانیدا بۆ ئەوەى ببێت به خاوەنى خۆى و جیهان. ئەوەى ئەم فەلسەفەیە ئاشکراىکرد، سەرەڕاى ئایدیاڵی بوونی، ڕۆڵى چالاکى مرۆیی لەگۆڕینى جیهان و مرۆڤ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە شیکردنەوەى مێژوو بەشێوەیەکى بابەتى، ههموو شیکردنەوەکانى لە ڕێگەى دەستەواژەى خود بووە، دەستەواژەى تاک وەک مرۆڤ "ئازاد" لە سیستەمى سەرمایەدارى، ئازادى کڕین و فرۆشتن.
مارکسى لاو پشتى بە فەلسەفهى ڕۆشنگەرى بەست لە تێگەشتنیدا بۆ مرۆڤ و لە ڕوانینیدا بۆ سروشتى ئاین. جوڵهی فكری فهلسهفی ئهو له سەر دوو پایە ڕاوەستاوە: کەس به جیهانى بژێوى، بە واتاى ڕۆشتنى کەسەکان بهرهو ئازادبون لە ئەو ئاستەنگى و کۆتوبەندانەى کە واقیع لە بەردەمیدا دروستى دەکات، لێرەدا ناوەڕۆک "جهوههر"ی مرۆڤ هەیە کە ئارەزووى بەدەستهێنانى خود دهكات، واقیعێک هەیە کە ئەم ڕۆشتنە جڵهو دەکات. لە گەڵ ئەمەشدا مارکسى لاو واقیعى کۆمەڵایەتى بەشێوەیەکى دابڕاو و تەمومژاوى نەبینیوە، بەڵکو هەوڵى داوە-سەرەڕاى مانەوەى لە نێو قوتابخانەى فەلسەفى باڵا دەست سەردەمى خۆیدا- کە شیکارى ئەو ناکۆکیانە بکات کە خۆى حەشارداوە لە سیستەم و جوڵەى کۆمەڵایەتى کە خولقێنەرى لێكترازانی نێوان واقیع و ناوەڕۆک "جەوهەر"ی مرۆڤه.
شیکارییەکانى مارکس بۆ ئاین و واتاکەى لە فەلسەفەى ڕۆشنگەرى هاتوه وهك کێڵگەیەکى تێۆرى ناڕاستەوخۆ، و لە فەلسەفەى کلاسیکى ئەڵمانى وەک کێڵگەیەکى ڕاستەوخۆ، ئەو (واتە مارکس) ئەم فەلسەفانەى خوێندوەتەوە بەچاوى فەیلەسوفێکى لێکۆڵەر له بارهی ئازادیى مرۆڤ داکۆکیکار لە عەقڵى و داواكهری گەشتنى عەقڵ بە" کەماڵى" پێگەیشتنى، بۆیە تێگەشتنى مارکس لە نوسینەکانیدا سەرەتایدا نەیتوانیوە فهلسهفهی كانتی تێپهڕێنێت كه مرۆڤ لە وتراوە ئاکاریەکانەوە دەبینێت نەک وەک ئەوەى کە پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتى پهیوهست به شێوهیهكی كۆمهڵایهتی دیاریکراو.
تیگەشتنى مارکس بۆ ئاین وەک یەکەیەکى جێگیر و وەستاو نیە، بەڵکو لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکاریانەدا ڕۆیشتووه کە کاریگەرى لەسەر پێشکەوتنى بیرى مارکس هەبووە، بۆیه دەکرێ سێ ساتەوەخت لە ڕوانینى مارکس بۆ ئاین لەیەک جیابکەینەوە: ساتە فەلسەفییەکەى، ساتە ئەنترۆپۆلۆژیەکەى، بهڵام ساتی سێهەم ساتى پهیوهسته به تێگەشتنى زانستى مارکس بۆ جیهان، واتا مادییەى مێژوویى و مادییەى دیالەکتیکى.
٭ ئهم بهشه وتارێكه له یازده وتاری كتێبی "ماركسیهت و ئایین" له نوسینی فهیسهڵ دهڕاج، خانهی فارابی، چاپی سێیهم، ٢٠١٧