A+    A-
(3,357) جار خوێندراوەتەوە

 

              ئایا خودئاگایی مرۆڤ وەھمێکە و بەس؟

 

 

 

 

 

 ئایا بەڕاستی مێشکی مرۆڤ تەنھا بریتییە لە کۆمەڵەیەکی ئاڵۆزی پێکھاتوو لە وردە ئامێری ھەستیار؟

 دانیال دێنیت، فەیلەسوف و پسپۆڕی زانستی (ناسین)، دەڵێت: مێشکی مرۆڤ پێکھاتووە لە ملیارەھا وردیلە ڕۆبۆت، کە ھەمان نیرۆنەکان یان خانە دەمارییەکانی مێشکن. بەڵام ئاخۆ بەڕاست مێشکی مرۆڤ ئەندامێکی تایبەتییە؟! ئەم فەیلەسوفەی بواری زەین و ئاگایی، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (بی بی سی) لەبارەی خودئاگایی مرۆڤەوە قسەوباس دەکات.

 ھۆبێرت دریفۆس، فەیلەسوفی ئەمریکی، لەیاداشتێکی بەناوبانگدا کە لەنێو فەیلەسوفاندا بەخراپ ناوی ڕۆیشتووە، لەساڵی ١٩٦٥ پاگەندەی ئەوەی کرد مرۆڤ ھەردەم لە یاریی شەترەنجدا لە کۆمپیتەر دەباتەوە، بە بەڵگەی ئەوەی گوایە ئامێرەکان ئاگاییان نیە! چەند ساڵی دواتر، دریفۆس خۆی لە دۆخێکی شەرمھێندا بینییەوە، کۆمپیوتەرێک لەیاری شەترەنجدا کش و ماتی کرد! پاشتر و لەساڵی ١٩٧٧ کۆمپیوتەرە بەناوبانگەکەی کۆمپانیای (ئای بی ئێم) کەناوی (دیپ لو) بوو، گری کاسپارۆفی پاڵەوانی شەترەنجی جیھانی دووچاری شکست کردەوە...

دێنیت کە بەرھەمگەلی پڕبایەخی لەبواری فەلسەفەی زەین و ئاگایی نووسیوە، ھەردەم لەسەر ئەو باوەڕە بووە زەینی مرۆڤ بریتییە لە ماشێنێک. بۆ ئەو پرسیارەکە بریتی نیە لەوەی ئاخۆ کۆمپیوتەرەکان دەتوانن ببن بە مرۆڤ یان نا؟ بەڵکو پرسی سەرەکی بۆ دێنیت ئەوەیە کە ئایا مرۆڤ ھەر بەڕاست ھێندە ئاگامەندە وەک وێنادەکرێت؟ دانیال دێنیت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی.بی.سی، بەئاماژەکردن بەوەی کە ھیچ شتێکی تایبەت دەربارەی (شهود[1]ی دەروونی)ـی مرۆڤ بوونی نیە، دەڵێت: "شهود، بەسادەیی واتە زانینی شتێک بێ ئەوەی بزانین چۆن ئەوە دەزانین!".

 دانیال دێنیت باوەڕی وایە خانە دەمارییەکانی مێشکی ئێمە، وردیلە ڕۆبۆتگەلێکن کە وەڵامگۆی شەپۆل و سیگناڵە کیمیاییەکانن. دێنیت، ڕێنیە دیکارتی فەیلەسوفی فەڕەنسی سەرزەنشتدەکات، چونکە بۆ ھەمیشە ئەندێشەی ئێمەی، دەربارەی چۆنێتی بیرکردنەوە لە زەینی مرۆڤ، تووشی شێواوی کرد. دیکارت نەیدەتوانی وێنای ئەو ئەگەرە بکات کە چۆن دەکرێت ئامێرێک توانای بیرکردنەوە، ھەستیاری و خەیاڵکردنی ھەبێت. لەدیدی دیکارتدا ئەم تایبەتمەندییانە، توانا و بەھرەی خوداپێداوانە بوون. ھەڵبەت ڕەنگە بتوانین چاوپۆشی لە دیکارت بکەین، چونکە لەسەدەی حەڤدەدا ژیاوە، سەردەمێک کە ماشێن و ئامێرەکان لە چەرخ و خولخولەک و ھەرەم و دانەی بەناویەکداچوو درووستکرابوون و دەربارەی (سی پی یو، میمۆری و ڕام) ھەواڵێک لەئارادا نەبوو.

 

 

ڕۆبۆتی لە ڕۆبۆت درووستکراو!

 مێشکی مرۆڤ لەسەدان ملیار نیرۆن پێکھاتووە. ئەگەر بمانەوێت ژمارەی نیرۆنەکانی مێشک، بەخێرایی ژماردنی ھەر نیرۆنێک لەیەک چرکەدا، بژمێرین، ئەوا بۆ ئەم کارە زیاتر لە سێ ھەزار ساڵمان پێویستە. مێشکی ئێمە لە ماشێن و وردە ئامێری مۆلکۆلی پێکهاتووە، کە بریتیین لەھەمان خانە دەمارییەکانی مێشک. دێنیت دەڵێت گەر ئەم بابەتە کە مێشکی مرۆڤ لە ئامێر درووستکراوە، ئازارماندەدات، نیشانەی ئەوەیە توانای فەنتازیاکردنمان کەم و سنوردارە. دێنیت دەپرسێت: " ئایا دەزانیت ئامێرێک کە لەسەدان ملیار وردیلە بزوێنەر پێکھاتبێت، چ توانایەکی ھەیە؟" بە وتەی دێنیت: " ئێمە نەوەک ھەر ڕۆبۆتین، بەڵکو ژمارەیەک ڕۆبۆتین کە لە ڕۆبۆتگەلی وردیلە ڕۆبۆت، پێکھاتووین" خانە دەمارییەکانی مێشکمان، وردیلە ڕۆبۆتگەلێکن، کە وەڵامی شەپۆل و سیگناڵە کیمییاییەکان دەدەنەوە. داینەمۆ پرۆتینییەکانی ناوەوەی خانە دەمارییەکانیش کە وزەی کیمیایی بۆ ھێزی بزوێنەر یان پەیامی دەماری دەگۆڕن، بۆ خۆیان ڕۆبۆتن!

 ئەم زنجیرەیە بەم شێوەیە درێژدەبێتەوە.

 

شاشەی مۆبایل (یان وەھمی بەكارهێنەر):

 کاتێک قسەکردن لەبارەی مێشک و زەینی مرۆڤ دێتە پێش، باسوخواس لەبارەی خودئاگایی دەبێتە ناچاری. بەتایبەت کاتێک دانیال دێنیت، فەیلەسوفی خاوەن تێورە لەبارەی خودئاگایی و زەینی مرۆڤ، لایەنێکی باسەکە بێت. خودئاگایی مرۆڤ دیاردەیەکی واقیعییە و ئێمە ھەموو ڕۆژ خودئاگایی ئەزمووندەکەین. بەڵام بۆ دێنیت، خودئاگایی مرۆڤ ھەر ھێندەی واقیعیبوونی شاشەی تابلێت و مۆبایل واقیعییە! ئەو پسپۆڕانەی ئامرازە ئەلیکترۆنیەکانی ئێمە درووستدەکەن، بەو شتانەی کە لەسەر شاشە بەدیاردەکەون، دەڵێن: وەھمی بەكارهێنەر! ڕەنگە ئەم پرۆسەی ناونانە، لەسەرەوە بۆ خوارەوە بێت، بەڵام ڕاستییەکی تێدا پەنھانە! فشارخستنە سەر ھێماکانی سەر ڕووکاری شاشەی موبایل، ئەو ھەستەمان پێ دەبەخشێت کە ئێمە کۆنترۆڵمان بەسەر ھەموو شتێکەوە ھەیە. ئێمە وا بیردەکەینەوە کە بەسەر (ھاردوێر)ی ناوەوەی ئامرازەکە زاڵین. بەڵام ئەو کارەی پەنجەکانی ئێمە لەگەڵ شاشەی مۆبایلدا ئەنجامیدەدەن، بەراورد بە کۆی چالاکییەکانی موبایلێک، زیاتر وەک بەشدارییەکی قێزەون دێتە بەرچاو! بەدڵنیاییەوە ئەم بەشدارییە ھیچ شتێک لەسەر چۆنیەتیی کارکردنی مۆبایل بەئێمە ناڵێت. بە باوەڕی دانیال دێنیت، خودئاگایی زەینی مرۆڤ لەپێگەیەکی ھاوشێوەدایە، بە وتەی دێنیت خودئاگایی، (وەھمی بەکارهێنەر)ی مێشکە لەبارەی خۆیەوە! خودئاگایی بۆ زۆرێک واقیعی و گرنگ دێتەبەرچاو، بەڵام لەڕاستییدا ھێندە پرسێکی گەورەش نیە، دێنیت دەڵێت: " پێویست ناکات مێشک بزانێت کە مێشک چۆن کاردەکات"

 

ھێندەش ھۆشیار و زیرەک نیین!

 ئێمە دەزانین لە مرۆڤە سەرەتاییەکانەوە پەرەمانسەندووە، لەسەدا نەودو نۆی (دی ئێن ئەی) ئێمە ھاوشێوەی شەمپازییە. دەزانین ھۆکاری بەشێک لەڕەفتارەکانمان، دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی ئاژەڵییانەی ئێمە (کە بەگشتی ئەو لایەنە نیە کە زۆرینەمان شانازی پێوە دەکەین). ئێمە ئارەزوو دەکەین کە وا بیربکەینەوە توانا تایبەتییەکانمان، زیرەکییمان، دیدگا و بەھرەکانمان، دەبێت سەرچاوەیەکی تایبەت و دەگمەنیان ھەبێت. مێشکی ئێمە، ھەروەک جەستەمان، بەدرێژایی سەدان ملیۆن ساڵ پەرەیسەندووە و بەرھەمی ملیۆنان و ملیۆنان ئەزموون و ھەڵە و بازدانی پەرەسەندنگەرانەیە.

بە وتەی دێنیت توانای ئێمە توانایی ئێمە بۆ بیرکردنەوە لەدیدگای پەرەسەندنەوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ توانایی ئێمە بۆ ھەرسی خۆراک نیە! ھەردوو ئەم کارانە، چالاکی ژینگەناسیین کە بە تێۆرەی ھەڵبژاردنی سرووشتیی داروین دەکرێت ڕوونبکرێنەوە. (ئێمە ھەمیشە لەسەر جیاوازییەکانی خۆمان لەگەڵ گیانلەبەرانی تردا، پێداگرییمان کردووە، بەڵام ئێمە بەتەواوی بەرھەمی ئەزموونە ناکۆتاکانی پەرەسەندنین)

 

تاقیكردنەوە و ھەڵە:

 ئێمە لە بەکتریا نەناسراوەکانەوە پەرەمانسەندووە. زەینی ئێمە بەتەواوی بەھرە گرنگەکانییەوە، بەرھەمی ئەزموون و تاقیکردنەوە ناکۆتاکانی ژینگەیە. دێنیت باوەڕی وایە ھۆش و زیرەکیی ئێمە بەھرەیەکی خودایی نیە. بەڵکو بەرھەمی ملێۆنەھا ساڵی ئەزموون و ھەڵە و تاقیکردنەوەیە. کاتێک بەکتریاکان بەرەو سەرچاوەی خۆراکی دەجوڵێن، زاناکان ئەم جوڵەیە، بەھۆی ھۆش و زیرەکیی بەکتریاکان، بەرزنانرخێنن، کارێکی لەم شێوەیە بەتەواوی بەنازانستی دێتە پێش چاو! بەڵام کاتێک زانایان، بیرکردنەوە، وەک چالاکییەکی سرووشتی و ژینگەیی پەتی پێناسەدەکەن، دەبنە جێگای گاڵتەوگەپ و یان تەنانەت دەبنە ئامانجی توڕەیی گوێگرانی خۆیان! ئەم بەکەمگرتنە (کەمایەسیگەرایی)ـە توندە، زۆرێک ئازار دەدات، لەدیدگای زۆرێکەوە وتنی ئەوەی کە مێشکی مرۆڤ لە مشتێک نیرۆن پێکھاتووە، خەیاڵێکی خاوە. دیكارتیش، بەتەواوی بەکەمەوە سەیری ماشێن و ئامێرەکانی دەکرد، بەڵام ئالان تورینگی ماتماتیکزان و زانای بواری کۆمپیوتەر، لەسەدەی بیستدا کەمتەرخەمییەکانی دیکارتی قەرەبوو کردەوە. تۆرینگ پێشبینیی کردبوو تا کۆتایی سەدەی بیست، " ھەڵبژاردنی واژەکان و ڕای گشتیی خوێنەوارەکان بەچەشنێک گۆڕانی بەسەرا دێت، کە تاکەکان دەتوانن بەزمانی ئامێر و ماشێن لەگەڵ یەکتردا بپەیڤن، بێ ئەوەی دووچاری دژبەری و تێنەگەیشتن ببنەوە" کۆمپیوتەرەکان لەدەیەی شەستدا، ھێندەش لە یاریی شەترەنج باش دەرنەدەکەوتن، بەڵام ئێستا دەتوانن وەک جان کۆڵترێن، ساکسیفۆن بژەنن! لەدنیای دیجیتاڵیی ئەمڕۆکەدا و لەچاخی سۆپەرکۆمپیوتەرەکان و مۆبایلە زیرەکەکاندا، ھیچکات وێنای ئەوە سەخت نیە کە چۆن ئامێرێکی درووستکراو لەسەدان ملیارد بەشی بچوک کە ئەم بەشانە خۆیان بەکردەیی ڕۆبۆتن، بەسادەیی دەتوانێت مرۆڤێک بێت؟! دانیال دێنیت باوەڕی وایە مرۆڤ بریتییە لە ئامێرێکی لەو شێوەیە.

 

 

 

لە بی بی سیییەوە وەرگێڕدراوە

وریا ئەحمەد

 

* تێبینی: ئەم باسانە لەسەر ماهیەتی مرۆڤ لە كۆڕوكۆمەڵە زانستییەكانی جیهاندا دەورووژێنرێت و مشتومڕی زۆری لەسەر دەكرێت كە بۆ دونیای كوردی بایەخی خۆی هەیە. بۆنمونە لەو ڕووەوە گرنگە كە جۆرێك لە هەڵوەشانەوە و لەئاشنایی داماڵین درووستدەكات دەرهەق بە مرۆڤ و تەمومژە خورافییەكانی. واتە پێناسەیەكی تەواو سێكۆلار و دنیایی دەبەخشێتە مرۆڤ. بەڵام دەبێت ئاگامان لەو ڕەخنانەش بێت كە لەسەر ئەم تیۆرانەیە. بۆنمونە سلاڤۆی ژیژەك ڕەخنەی لەسەر تیۆرەكانی دانیال دێنیت هەیە و پێی وایە مرۆڤ ماشێنێك نیە و بەس، بەڵكو لەناو ماشێنێكی گەورتری ڕەمزییدایە كە پێی دەوترێت ئەویتری گەورە و مرۆڤ خاوەنی پانتایی كۆمەڵایەتییە كە تەواو هاوتا نیە بە ماشێنێكی ڕۆبۆتئاسای ئاگایی. بە دەربڕینێكی تر، مرۆڤ ماهیەتێكی مەكینەئاسای نیە كە وەك ڕۆبۆتێك بجووڵێتەوە بەڵكو سوبێكتێكی ڕەمزی و كۆمەڵایەتییە و حەقیقەت بەرهەمدێنێت و هەڵگری كۆمەڵێك دۆخی پاتۆلۆژی و دەروونی و كۆمةڵایەتییە كە ڕۆبۆتەكان نیانە- و


[1]. Intuition