A+    A-
(1,788) جار خوێندراوەتەوە

 

ڕیالیزمی سەرمایەدارانە

"وێناکرنی کۆتايى جیهان ئاسانترە، لە وێناکردنی کۆتایی خودی سەرمایەداری"

 

 

 

مارک فیشەر

لە ئینگڵیزییەوە: محەمەد فایەق

 

 

 

لە یەکێک لە دیمەنە سەرەکییەکانی فیلمی ڕۆڵەکانی مرۆڤ (Children of men)،  لە دەرهێنانی ئالفۆنزۆ کوارۆن دا، کارەکتەری کلیڤ ئۆوێن، تیۆ[Theo]، سەردانی هاوڕێیەکی دەکات لە وێستگەی وزەی باتەرسی، کە لە ئێستا دا بووە بە تێکەڵەیەک لە بینایەکی حکومی و  پێشانگایەکی تایبەت. لە باڵەخانەکەدا گەنجیینە کەلتورییەکانی -وەک دەیڤیدی مایکڵ ئەنجیلۆ، و گۆرنیکای پیکاسۆ، و بەرازی فووتێکاری پینک فلۆیدی تیا  دەپارێزرێن، کە بۆخۆی میراتێکی نۆژەنکراوەی هونەرییە. ئەمە تاکە وێناکردنمان بۆ ژیانی دەستەبژێرەکان,کە خۆیان حەشارداوە لە دەرئەنجامی  ئەو کارەساتەی کە بووەتە هۆی نەزۆکییەکی گشتی: ئەوە نەوەیەک تێدەپەڕێت و هیچ منداڵێک لەدایکنەبووە. تیۆ دەپرسێت. " گرنگیی ئەمانە لە کوێدایە کاتێک کەس نابێت بیانبینێت؟" پاساوهێنەرەکان چیی دیکە نەوەی نوێ نین، چونکە هیچ کەسێک نامێنێت بۆ پاساوهێنانەوە. وەڵامەکەی بەشێوەیەکی چێژپەرستانەی نهێلیستیانە دەداتەوە  «هەوڵدەدەم بیری لێ نەکەمەوە».

ئەو دیستۆپیا[1] و وێرانەیە کە تایبەتە بە سەرمایەداریی دوایین، ئەوە خاڵی دانسقەیە کە   لە ڕۆڵەکانی مرۆڤدا هەیە. ئەمە ئەو سیناریۆ تۆتالیتارە ئاشنایەی نیە، کە  لە دیستۆپیا سینەماییەکاندا بەرچاومان دەکەوێت ( بۆ نمونە  V for Vendetta لە دەرهێنانی, James McTeigue  (2005. لە ڕۆمانێکی P.D. James وە وەگیراوە و فیلمەکەشی لەسەر بەرهەمهێنراوە، تێیدا دیموکراسی هەڵدەپەسێردرێت و وڵات لەلایەن ڕاسپێردراوێکی خۆ-سەپێنەوە بەڕێوەدەبرێت؛ لە فیلمەکەدا هەموو ئەمانە بەشێوەیەکی ناوازە پیشاندەدات. تا ئەو شوێنەی کە دەزانین، ئەو پێوەرە ئۆتۆریتەرییانەی کە  لە هەموو شوێنێکدان؛ دەکرێت لە هەموو ئەو  پێکهاتە سیاسییانەی کە جێبەجێ بکرێت، هەرچەندە خۆی بە دیموکراتییش لەقەڵەمبدات. شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر  ئامادەسازی کردووین بۆ ئەم پێشهاتانە: ئاسایی کردنەوەی قەیرانەکان دەبێتە هۆی درووستبوونی ڕەوشێک کە تێیدا هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێکارانە، کە کتوپڕی دۆخەکە درووستیکردووە وەک شتێکی وێنانەکراو بێتە پێشچاو (کەی شەڕەکە کۆتاییدێت؟)

سەیرکردنی  فیلمی  ڕۆڵەکانی مرۆڤ، ڕاستەوڕاست بیرخەرەوەی ئەو دەستەواژەیەی ژیژەک و فریدریک جەیمسۆن[2]؛ وێناکردنی کۆتایی جیهان زۆر ئاسانترە وەک لە وێناکردنی کۆتایی خودی سیستەمی سەرمایەداری. ئەم درووشمە ڕوونکەرەوەی مەبەستی تەواوەتی منە لە 'ڕیالیزمی سەرمایەداری': ئەو هەستە بەربڵاوەی کە نەک تەنها سیستەمی سەرمایەداری تاکە سیستەمی ژیاری سیاسی و ئابورییە، بەڵکو  تەنانەت  وێناکردنی هەر  ئەڵتەرناتیڤێکی  واتاداری دیکە لە ئێستادا کارێکی ئەستەمە. کاتێک دا ئەو فیلم و ڕۆمانە دیستۆپییانە ئا بەو شێوەیەی وێناکردن بەگەڕبخرێن بە بیانووی ڕۆڵی گێڕانەوەوە و چیرۆکخوانییەوە، ئیدی دەبنە کارەسات لەبەردەم دەرکەوتنی جۆرێکی جیاواز لە ژیانکردن. بەڵام ئەمە ڕۆڵەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە. ئەو جیهانەی کە وێنایدەکات زیاتر وەک هەڵهێنجانێک یاخود بەسوێکردنی برینەکەمان بێت وەک لەوەی ئەڵتەرناتیڤێک بێت بۆی. لە جیهانی فیلمەکە دا، بەهەمان شێوەی جیهانەکەمان، ئەو لە ڕادەبەدەر زۆرداری[3]و   سەرمایە بە هیچ شێوەیەک شیوای هەڵکردن نیە : کە تێیدا ئۆردوگای زۆرەملێی نیشتەجێکردن[4] و یانە تایبەتە[5] ڕاقییەکان بە پاڵ یەکترەوەن. لە ڕۆڵەکانی مرۆڤدا فەزا گشتییەکان وێڵکراون و بوونەتە زبڵدان و شوێنی  ئاژەڵی کێوی و بەرەڵڵا(ئەوانەی کە بە تایبەتەی لەو دیمەنە زرنگانەوەی فیلمەکاندا ڕوودەدەن کاتێک ئاسکێک ڕادەکات بەناو قوتابخانەیەکی وێرانبوودا). نیولێبراڵەکان، کە پشکی شێریان بەردەکەوێت لە ڕیالیزمی سەرمایەدارییدا، بەبۆنەی وێرانبوونی فەزای گشتیەوە ئاهەنگ دەگێڕن؛ لەکاتێکدا، بەپێچەوانەی هیواخواستنە فەرمییەکانیانەوە هیچ پوکانەوەیەکی دەوڵەت لە فیلمی  ڕۆڵەکانی مرۆڤدا بەدیناکرێت؛ دەوڵەت تەنها دەگەڕێتەوە بۆ ئەرکی  کرۆکە سەربازی و پۆلیسییەکەی (دەڵێم هیواخواستنی 'فەرمی' چونکە نیولیبراڵیزم بە شێوەیەكی نهێنیئامێزانە پشتی بە دەوڵەت ئەستوورە لە کاتێک دا لە ئاستی ئایدۆلۆژییدا سەرکۆنەی دەکات و دایدەشۆرێت. ئەمە زۆر بەزەقی لە قەیرانی ئابوریی ٢٠٠٨دا دەرکەوت، کاتێک بە بانگێشتنامەی ئایدۆلۆژیاداڕێژەکانی نیولیبرالیزم دەوڵەت کەوتە هەڵپە بۆ پاڵپشتیكردنی سیستەمی بانکی.)

کارەساتی  ڕۆڵەکانی مرۆڤ نە لەبەردەمماندا چاوەڕێیە ڕووبدات و نە ڕووشیداوە، بەڵکو بە بەردەوامی لە ناویدا دەژین. هیچ چرکەساتێکی دیاریکراوی کارەسات بوونی نیە: جیهان بە تەقینەوەیەک کۆتایی نایەت، دەگاتە بنبەست و شیدەبێتەوە و بەرەبەرە پارچەپارچە دەبێت. کێ دەزانێت چی  بووەتە هۆکاری ڕوودانی  کارەساتەکە ؛ هۆکارەکانی لە ڕابردووێکی دوور‌‌‌‌دایە، بۆیە بە دڵنیاییەوە دابڕاوە لە ئێستا، کە وەک ویستێکی ڕاڕایانەی  بوونەوەرێکی خراپ دەردەکەوێت: جادوویەکی بەد، و نەفرەتێک کە هیچ پەشیمانیەک دادی نادات. دەردێکی وەها تەنها بە دەستێوەردانێک سارێژدەبێتتەوە، کە بە هیچ جۆرێک بیری لێنەکرێتەوە جگە لە  هۆکاری سەرهەڵدانی دەردەکەی لە خاڵی سەرەتادا. هەر کردارێک بێ واتایە؛  تەنها هیوا بێ ماناکان ماقووڵ دەردەکەون. خورافە و دین وەک پەناگەی سەرەتایی بێ هیوایی دەگەشێنەوە.

بەڵای چی دەربارەی خودی کارەساتەکە؟ ئەوە ڕوونە کە دەبێت تێمای نەزۆکی وەک خوازەیەک دابنرێت، وەک فیچقەکردنی جۆرێکی دیکەی کەڵکەڵەیەک. دەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو ئەم کەڵکەڵەیە هاوار دەکات کە بە چەمکە کەلتورییەکان بخوێنرێتەوە، هەروەک ئەو پرسیارەی فیلمەکە دەیخاتەڕوو: کەلتورێک دەتوانێت چەندێک بەرگەی بێ وەچەیی بگرێت؟ چی ڕوودەدات کاتێک نەوەی نوێ چیدی توانای خوڵقاندنی موفاجەئەی نەمابێت؟   

ڕۆڵەکانی مرۆڤ پەیوەستە بەو گومانەی کە گەیشتووینەتە کۆتاییەکە؛ بەو بۆچوونەی داهاتوو جگە لە دووبارەکردنەوە و شێوەپێدانەوەیەک زیاتر هیچی دیکە لەباردا نەبێت. ئایا دەکرێت ئەو 'نەوەیەی دێت' هیچ دابڕانێک و تاسانێک لەگەڵ خۆیدا نەهێنێت؟ ئەم کەڵکەڵەیە وا دەردەکەوێت ببێتەهۆی دەرئەنجامی خولانەوەیەکی دوو-جەمسەری: هیوایەکی لاوازی 'یەسووعیانە'[6]  بە شتێکی نوێ کە دەبێت دەربکەوێت؛ دەگۆڕیت بۆ قایلبوونێکی خەمناکانەی هیچ شتێکی نوێ هەرگیز ناتوانێت ڕووبدات. سەرنجەکە لە  شتە گەورەکەی کە دێت دەچێتە سەر دوا شتە گەورەکە - چەندێک لەمەوپێش ڕوویدا و چەندێکیش گەورە بوو؟

ت.س. ئیلیۆت[7] ڕووکاری پشتی (منداڵانی پیاوان) دەچنێت؛  هیچ نە بێت لە وێرانەخاكدا[8]  میراتێکی چەشنی تێمای نەزۆکی بەجێدێڵێت. دوا وتەکانی کۆتای فیلمەکە ' شانتیه[9]، شانتیه، شانتیه' زیاتر پەیوەندیان بە پارچە [[piece فراگمێنتەکانی[10] ئیلیۆتەوە هەیە وەک  ئاشتەوایی    [peace] ئوپاندیشا[11]. هەروەها دەشێ باس لە مەراقەکانی ئیلیۆتێکی دیکەش بکەین، ئیلیۆتی 'نەریت و لێهاتووی تاکەکەسی[12]'  کە دیوێکی  ڕازئامێزانەی فیلمەکەیە. بە بڕوای هارڵۆد بلووم[13]، لەم وتارەی دابوو کە ئیلیۆت ئەو پەیوەندیە پێچەوانەیەی نێوان پەیڕەوکراو و نوێگەر ڕووندەکاتەوە. نوێگەر خۆی وەک کاردانەوەی شتگەلی دامەزاراو دەبینێتەوە؛ لە هەمان کات دا، شتە دامەزراوەکان دەبێت خۆیان ڕێکبخەنەوە لە وەڵامدانەوەی نوێبوونەوە دا. ئیلیۆت ڕایگەیاند کە شەکەتییەکانی داهاتوو وامان لێ ناکەن ڕابردوو لەبیرکەین. نەریت هیچ مانایەکی نابێت گەر بەربەرەکانێ و هەموارنەکرێتەوە. ئەو کەلتورەی تەنها پارێزگاریی لێدەکرێت بە هیچ شێوەیەک پێی ناوترێت کەلتور.

چارەنووسی گۆرنیکای پیکاسۆ لە فیلمەکە دا نمونەیە بۆ ئەوەی کە تابلۆیەک سەردەمانێک هاواری ئازارە بەسوێیەکان و  تەووژمی ڕاپەڕین بوو دژی ستەمی  فاشیستەکان، ئێستا بۆتە وێنەیەکی قەد دیوارێک. هەر وەک فەزای هەڵواسینەکانی باتەرسی، تابلۆکانیش دەبنە پەیکەرێکی 'بەرزنرخێنراو' کاتێک لە هەموو ماتەوزەیەکی شیاوی هەر ئەرک و ناوەڕۆکێک دادەماڵدرێن. هیچ بابەتێکی کەلتوری ناتوانێت بەهاکەی بپارێزێت کاتێک کە هیچ کەسانێک نەمابن تەماشای بکەن.

پێویست ناکات چاوەڕێی ئایندە نزیکەکەی (ڕۆڵەکانی مرۆڤ) بین تاکو ببینین چۆن کەلتور دەبێتە پاشماوەی مۆزەخانەکان. دەسەڵاتی ڕیالیزمی سەرمایەداری تا ڕادەیەک لە  ڕێگەیەوە داتاشراوە کە بتوانێت هەموو شتە مێژووییەکان هەڵبڵووشێت و بەکارببات: 'سیستەمی هاوتایی' یەکێکە لە کاراییەکانی لە ڕێیەوە دەتوانێت هەموو ئۆبێکتە کەلتورییەکان بگرێتەخۆی، هەر لە ڕەمزە دینییەکانەوە بیگرە تا دەگاتە پۆرنۆگرافی  و سەرمایەی مارکس و بەها نەختینییەکان. کاتێک بە مۆزەخانەی بەریتانیادا بگەڕێیت، ئەو شتانە دەبینیت کە  لە شوێنە ڕەسەنەکانیان هەڵکێشراون و وەک بڵێی کۆکراوەی سەر ڕووی کەشتییەکی نێچیروانی ئاسمانین، دەتوانرێت وێنایەکی بەهێزت بەکردەوە هەبێت بۆی. گۆڕینی کردار و سرووتەکانی بیر و باوەڕەکانی کەلتورە پێشینەکان بە شێوەیەکی بابەتییانە بۆ تەنها بابەتێکی ئێستاتیکی، دەبێتەهۆی لە مانا دادەماڵیان بۆ بەرهەمێكی دەستکرد. ڕیالیزمی سەرمایەداری جۆرێکی تایبەتی ڕیالیزم نیە، زیاتر  ڕیالیزمێکە لە-خۆ دا. هەروەک مارکس و ئەنگڵس لە مانیفێستدا ئاماژەی پێدەکەن:

مه‌له‌كوتيیترين نه‌شوه‌ و په‌رۆشييه‌ دينييه‌كان و جۆشوخرۆشى جوامێرانه‌ و هه‌ستگه‌رايى ڕه‌شۆكانه‌ى له‌ به‌سته‌ڵۆكاوى حيساباتى خۆپه‌رستانه[14]‌دا نوقمكردووه‌. بەها شەخسییەكانی مرۆڤی گۆڕی بۆ بەهای ئاڵوگۆڕ، لەجیاتیی ئازادییە بێشومارە بەخشراو و بەدەستهاتووەكان، تەنیا یەك جۆر ئازادی، واتە ئازادیی بێ بەندوباری بازرگانیی به‌كورتييه‌كه‌ى چه‌وساندنه‌وه‌ى ڕووت، بێشه‌رمانه‌، ڕاسته‌وخۆ، و بێڕه‌حمانه‌ى خسته‌جێى ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌يه‌ى كه‌ له‌ وه‌همه‌ دينى و سياسييه‌كان ئاڵێنراوه‌.

سەرمایەداری لەو پاشماوەیە جێدەمێنێت کاتێک بڕوابوون لە ئاستی  سرووتی و تەونی ڕەمزییدا دەڕووخێت؛ هەموو ئەوەی کە ماوە بینەرێکی-بەرخۆرە، کە بەناو کەلاوە و وێرانەکاندا دەسوڕێتەوە.

ئەم گۆڕانە لە باوەڕبوونەوە بۆ ئێستاتیکا، و لە بەشداربوونەوە بۆ بینەر و چاودێریکار، یەکێک لە فەزیلەت و ڕندییەکانی  ڕیالیزمی سەرمایەدارییە. دەتوانین بڵێین، هەر وەک بادیۆ ئاماژەی بۆ دەکات، "ئێمەی لەو 'ئەبستراکتە کوشندەکان' کە لەژێر ئیلهامی 'ئایدۆلۆژیاکانی ڕابردوو' دا بوون وەرچەرخان"، ڕیالیزمی سەرمایەداری خۆی وەک قەڵغانێک دەردەخات بۆ ئەوەی  لەو مەترسییانە بمانپارێزێت کە سەرچاوەکەیان باوەڕبوونە. ئەو ڕەفتارە تەنزاوی و دژبەیەکەی  سەرمایەداریی پۆستمۆدێرن کە بە هێشتنەوە مەودایەک گوایە بەرگریمان[15] زیاددەکات لە دژی لەخشتەبردنی توندڕەوەکان. دابەزاندنی ئاستی داخوازییەکانمان ئەو باجە بچووکەیە کە دەبێت بیدەین بۆ پاراستنمان لە تیرۆر تۆتالیتاریزم. 'لەناو دژیەکییەکدا دەژین' هەر وەک بادیۆ ئاماژەی پێدەکات:

 لەناو پەیوەندییەکەی دڕندانە، کە ڕۆچووە لە نایەکسانی دا – تێیدا  هەموو بوون تەنها لەسەر بنەمای پارە دەنرخێنرێت– و وەک نموونەیەکی ئایدیاڵ پیشانمان دەدرێتەوە. بۆ پاساودانەوەی کۆنسەرڤاتیزمەکەیان، پارتیزانەکانی نەزمی باڵادەست ناتوانن بڵێن  ئایدیاڵە یاخوود ناوازەیە. بۆیە، بڕیاریانداوە هەموو بەشەکانی تری جیهان وەک وێرانە و ناهەموار بناسێنن. دڵنیان لەوەی کە لەناو بارودۆخێکی نایاب و بێ کەموکوڕی دا ناژین. ئێمە خۆشبەختین کە لەناو دۆزەخێکدا نین. دیموکراسییەکەمان بێ کێشە نیە، بەڵام باشترە لە دیکتاتۆرییە خوێنڕێژەکان. سەرمایەداری نادادپەروەرانەیە، بەڵام تاوانبار نیە وەک ستالینیزم. ڕێماندەدا ملیۆنان ئەفریقی بە هۆی ئایدزەوە بمرن، بەڵام بەیاننامەی ڕەگەزپەرستانە دەرناکەین وەک میلۆسۆڤیچ. بە فڕۆکەکانمان عێراقییەکان دەکوژین، بەڵام  بە کێرد سەریان ناپەڕێنین وەک ئەوەی ڕواندا و هتد.

 

 ئەم 'ڕیالیزمە' هاوتایە لەگەڵ دنیابینینە داڕووخاوەكەی خەمۆکێک، کە پێی وایە هەر ڕەوشێکی ئیجابی، یان هەر هیوایەک خەیاڵپڵاوییەکی مەترسیدارە.

 

دۆلۆز و گویتاری لە ئاماژەدانیاندا بە سەرمایەداری، بێگومان سەرجڕاکێشترینە لەدوای مارکسەوە، وێنای سەرمایەدارییەک دەکەن وەک شێوە توانستێکی تاریکی تارماییەک بەسەر هەموو سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانی پێشوو دا سوڕاوەتەوە. لە لایان سەرمایە 'شتێکی ناولێنەنراوە'، قێزەونێک کە کۆمەڵگە سەرەتایی و فیوداڵیەکان 'خۆیان لێ دوورخستۆتەوە یەکسەری'. سەرمایە لەگەڵ خۆی دا لێشاوێکی داماڵینی هەموو بەهاکان لە پیرۆزیان دەهێنێت. سیستەمێکە کە چی دیکە کار  بە یاسا بڵندنشین و ترانسێندێنتەکان ناکات؛ بە پێچەوانەوە هەموو ڕێساکان هەڵدەوەشێنێتەوە و بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی دایاندەڕێژێتەوە. سنوربەندیی سەرمایەداری جێگیر نیە بە نەزمێک، بەڵکو بەردەوام  پێناسە دەکرێت و دەکرێتەوە بە شێوەیەکی پراگماتیکی خۆبەخۆیانە. ئەمە وا دەکات سەرمایەداری وەک ئەو شتەی فیلمەکەی «جۆن کارپنەر» بچێت، کە هەمان ناوی هەیە: دڕندەیەک، بوونێكی ناکۆتای شل و لاستیکی، کە توانای هەڵڵوشین و هەرسکردنی هەرشتێکی هەیە پێیبگات. لای دۆلۆز و گویتاری سەرمایە 'تابلۆیەکەی ئاوێتەییە لە هەر شتێکە کە تا ئێستا بوونی هەبووە'؛  موتوربەیەکی نامۆی نێوان سەرو-مۆدێرن و کۆنەوار. لەو ساڵانەوەی کە دۆلۆز و گویتاری دوو بەرگی کتێبەکەیان بەناوی "سەرمایەداری و شیزۆفرینیا" نوسی، وا پێدەچێت تاسەی ئەو لەپانتاییداماڵینەی[16] سەرمایەداری لە داراییدا کورتبووبێتەوە، و وازی لە کەلتور هێنابێت تا لەلایەن دووبارە-پانتایی پێدانەوە[17] ئاڕاستەبکرێت.

ئەم پەرێشانی و هەستکردنەی کە  هیچ شتێکی نوێ بوونی نیە، لە خۆیدا شتێکی نوێ نیە. ئێمە دەستەودامێنی کۆتایی مێژوو بووینەتەوە کە فرانسیس فۆکۆیاما لە دوای کەوتنی دیواری بەرلینەوە جاڕیدا. تێزەکەی فۆکۆیاما  کە بە لیبراڵیزمی سەرمایەداریی مێژوو گەیشتووەتە لوتکەی خۆی  لەوانەیە لای زۆرێک جێی گاڵتەجاڕی بووبێت، بەڵام لە ئاستی نائاگایی کەلتورییدا قبوڵکراوە، تەنانەت گریمانەکراوە. پێویستە ئەوەمان لەبیربێت ئەوە  تەنها هەستکردن نەبوو بە بردنەوە، هەرچەندە تەنانەت فۆکۆیاماش ئەو ئایدیایەی تێپەڕاند، کە مێژوو گەیشتۆتە 'کۆتا کەناراوەکان'ی. فۆکۆیاما ئاگاداری کردینەوە لەوەی شارە درەوشاوەکەی تارماییەکی بەسەردا دێت و دەچێت، بەڵام نەک تارماییەكی مارکسییانە بەڵکو نیچەییانە. هەندێ لە پێشبینینیەکانی نیچە لەو لاپەڕەیانەدان کە باس لە 'لێوڕێژبوونی چاخێک دەکات بە مێژوو'. لە ت«ێڕامانی ناوەخت»دا دەنووسێت 'بە لاڕێدابردنی سەردەمێک بەرەو  مەزاجێکی مەترسیداری گاڵتەجاڕانە بە ڕەچاوکردنی  خۆی'،  'هەروەها دواتریش بەرەو شێوازێکی مەترسیدارتری سەگباوەڕی ملدەنێت'، کە تێیدا 'دەستوپەنجە نەرمکردنێکی جیهانی' و بینەرێکی بێ ئاگا جێی هاوبەشبوون و بەرپرسیارێتی دەگرێتەوە. ئەمە ئەو دۆخەیە لە 'دوایین مرۆڤ'ی نیچە دا، مرۆڤێک کە هەموو شتێکی بینیوە، بەڵام لە داڕمانێکی بەردەوامی ئەخلاقی دایە بەتەواوەتی لەبەر خودی ئەو خود-ئاگاییە (زیادەیە).

پێگەی فۆکۆیاما تا ڕادەیەک ڕەنگدانەوەی پێگەی فریدریک جیمسۆنە. وتە بەناوبانگەکەی جیمسۆن کە دەڵێت پۆستمۆدێرنە 'لۆژیکی کەلتوریی سەرمایەداریی دوایین'ـە.  ئەوەی خستەڕوو کە شکستی داهاتوو خۆی لەو دیمەنە کەلتورییەی پۆستمۆدێرنەدا دەبینێتەوە، کە تێی دا، وەک ئەو وێناکردنە تەواوەی بۆی کردبوو، فرەیی و دووبارە ڕۆح بەبەرداکردنەوە زاڵدەبێت. لەبەر ئەوەی جیمسۆن دۆزێكی قایلکەری خستەڕوو پەیوەست بە پەیوەندیی نێوان کەلتوری پۆستمۆدێرن و کەلتوری بەرخۆری (پاش-فۆردی)[18]ی سەرمایەدارییدا، وا دەردەکەوێت چەمکی ڕیالیزمی سەرمایەداری وەک جۆرێک لە ناپێویستی دەرکەوێت. ئەوەی من پێی دەڵێم ڕیالیزمی سەرمایەداری دەکرێت لە ناواخنی ئەو نەرمیی و شلییەی پۆستمۆدێرنەدا جێی ببێتەوە، کە جیمسۆن تیۆریزەی دەکات. بەڵام هێشتا پۆستمۆدێرنە، سەڕەڕای هەوڵە قارەمانئاساكانی جیمسۆن لە پۆلێنبەندی دا، چەمکێکی جێی مشتومڕە؛ مانەکەی  بەگونجاوی بەڵام  نامەیسەرانە، ناجێگیر و پەرشە. لە هەمووی گرنگتر، دەمەوێ ئەو ئەرگومێنتە بخەمەڕوو کە هەندێ لە پرۆسانەی کە جیمسۆن باس و شیکاری کردوون وەها قووڵ و درێژخایەن بوونەتەوە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.

لە کۆتاییدا، سێ هۆکار هەن کە چەمکی ڕیالیزمی سەرمایەدارییم پێ باشترە وەک لە پۆستمۆدێرنیزم کاتێک کە لە ١٩٨٠کان دا بۆ یەکەم فریدریک جیمسۆن تێزەکانی لەسەر پۆستمۆدێرنیزم پەرەپێدا؛ هێشتا، گەر هەر بە ناویش بووبێت، ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی هەبوو بۆ سەرمایەداری. بەڵام ئێستا دەستەودامێنی هەستێکی شەکەتی نەزۆکی قووڵتر و زۆر گشتگیرانەتری کەلتوری و سیاسی بووینەتەوە. لە هەشتاکاندا 'سۆسیالیزمی بنیاتنراو' هێشتا مابوو، هەرچەندە لە دوایین قۆناغەکانی داڕمانی دابوو.  لە بەریتانیا خاڵی دابڕانی ئەنتاگۆنیزمی چینایەتی بەتەواوەتی ئەزمووندەکرا لە ڕووداوەکانی وەک مانگرتنی کرێکارانی کانە خەڵوزەکان لە ساڵانی ١٩٨٤-١٩٨٥دا، شکستی کرێکارانی کانە خەڵوزەکان چرکەساتێكی گرنگ بوو لە گەشەی ڕێالیزمی سەرمایەداری دا، هەر هیچ نەبێ گرنگی  پانتاییە ڕەمزییەکەی وەک  کاریگەرییە پراکتیکییەکانی بوو.  داخستنی کانەکان لەسەر هەمان ئەو بنەمایە بوو کە هێشتەوەیان بە کراوەیی لە ڕووی  'ئابورییەوە ڕیالیستی' نیە؛ کرێکارانی کانە خەڵوزەکان دوا ئەکتەرانی ڕۆمانسیەتی پرۆلیتاریای چارەڕەش بوون. هەشتاکان ئەو ماوەیە بوو کە ڕیالیزمی سەرمایەداری دەجەنگا  و بنیاتنرا، کاتیک دۆکترینەکەی  مارگرێت تارچەر کە دەیوت 'هیچ ئاڵتەرناتیڤێک بوونی نیە' -  درووشمێکی کورت و پوخت کە ڕیالیزمی سەرمایەداری هیواخوازی بوو –  کە بوو بە پێشبینیەکی  خۆ-بەدیهاتووی دڕندانە.

دووەم خاڵ، پۆستمۆدێرنیزم هەندێک پەیوەندیی هەیە بە مۆدێرنیزمەوە. دەستپێکی کارەکانی جیمسۆن لەسەر پۆستمۆدێرنیزم بە شەنوکەوکردنی ئەو ئایدیایانە بوون کە لەلایەن ئەدۆرنۆ و هاوشێوەکانیەوە خرابوونەڕوو،  کە پێی وابوو مۆدێرنیزم تەنها بەهۆی داهێنانە فۆرماڵەکانیەوە ماتەوزەیەکی ڕزگاری هەیە. بەڵام ئەوەی جیمسۆن سەرنجیی دا هاوئاهەنگی توخمە مۆدێرنەکان بوو بۆناو کەلتوری عەوام (لە ناکاوێکدا، بۆ نمونە، تەکیکە سوریالیستییەکان لە ڕیکلامەکاندا دەرکەوتن). هەروەها لە هەمان کات دا چەند فۆرمێکی مۆدێرنە ناواخن دەکران و دەکران بە کاڵا؛ بنچینەکانی مۆدێرنیزم، وەک بەناو باوەڕی بە دەستەبژێری و   مۆنۆلۆژیکییەکەی و کەلتورە هیرارشییەکەی، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و ڕەتکردنەوە بوونەوە لە ژێر ناوی 'جیاوازی' و 'فرەیی[19]' و 'زۆری[20]' دا. ڕیالیزمی سەرمایەدارری چیدی ڕووبەڕووی ئەم ململانێیە نابێتەوە لەگەڵ مۆدێرنیزم دا. بە پێچەوانەوە، دڵخۆشە بە شکستی مۆدێرنیزم: مۆدێرنیزم ئێستا بووە شتێک کە جاروبار دەگەڕێتەوە، بەڵام بە ستایلێکی ئێستاتیکیی سڕبووەوە، نەک بە هیچ شێوەیەک وەک ئایدیاڵێک بۆ ژیان.

سێیەم خاڵ، نەوەیەکی تەواو بەسەر ڕووخانی دیواری بەرلین دا تێپەڕیوە. لە شەستەکان و حەفتاکاندا کێشەی سەرمایەداری ئەوە بوو چۆن بتوانێت وزەکانی دەرەوەی لەخۆبگرێت و هەڵبمژێت. ئێستا بە تەواوەتی کێشەکە پێچەوانە بۆتەوە؛ هەموو توانای خۆی بەگەڕخستووە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی سەرکەوتوو بێت. چۆن دەتوانێت کارا بێت گەر هیچ دەرەوەیەک نەبێت داگیری بکات و دەستی بەسەردا بگرێت؟ لای زۆربەی ئەوانەی لە خوار تەمەنی بیست ساڵەوەن لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوری نەبوونی ئەڵتەرناتیڤ چیدی کێشەیەک نیە. سەرمایەداری بە شێوەیەکی بێ وێنە ئاسۆکانی بیرکردنەوە داگیر دەکات    جیمسۆن بە ترسەوە ئاماژەی دەدا بەو  ڕێگایانەی کە لێیانەوە سەرمایەداری دزەی دەکردە ناو نا-ئاگاییەوە؛ بەڵام ئێستا چیدی ئەوە جێگەی مشتومڕ نەماوە ئەو حەقیقەتەی کە سەرمایەداری خەوبینینیشی بە ژیانەوە لە خەڵک داگیرکردووە. وێناکردنی ڕابردووی نزیکمان وەک قۆناغێکی بێ تاوان   و دەستێوەرنەدراوی پڕ لە ماتەوزەی  سیاسیی مەترسیدار و بە لاڕێدابردنە، دەبێت ئەوە لەبیرنەچێتەوە ، کە بەکاڵاکردن کارکردی بەردوامی سەدەی بیست بوو لە درووستکردنی کەلتور دا. بەڵام ململانێ کۆنەکانی نێوان ڕەمزە بەرەنگارییەکانیان[21] و بەکاڵاییکردنی ڕەمزەکان[22]، لەنێوان  هەڵوەشاندنەوە و ناواخنکردن[23] دا ڕۆڵیان نەماوە. ئەوەی ئێستا ڕووبەڕووی بووینەتەوە ناواخنبوونەوەی ئەو ماتریاڵانە نیە کە پێشتر هەلگری ماتەوزەیەکی شۆڕشگێڕی بوون، بەڵکو پێش-ناواخنکردن[24] و وەبەرهێناوەیانە: داماڵین و لە قاڵبدانەوەی  ئارەزوو و ئیلهام و هیواکانە لە لایەن کەلتوری سەرمایەوە.  بۆ نموونە سەرنجی ناوچە نیشتەجێبوونە 'ئەڵتەرناتیڤی'ــــــەکان و  زۆنە کەلتورییە 'سەربەخۆکان'  کە بەبەردەوامی ئەو ژێستە کۆنەی یاخیبوون وا پیشاندانی وەک بڵێی یەکەمجارە شتی وا دەبێت. 'ئاڵتەرناتیڤ' و 'سەربەخۆ' دەرخەری هیچ شتێک نین لە دەرەوەی کەلتوری باوەوە، بەڵکو تەنها ستایلێکن، لە ڕاستی دا ستایلی باڵادەستن لە ناو کەلتوری باودا. هیچ کەسێک وەک کورت کۆبەین[25] و نیرڤانا ئەم بنبەستەیان بەرجەستەنەکردووە بەرەنگاری نەبوونەتەوە. کۆبەین بە ماندووبوونە سامناکەکەی و تووڕەبوونە بێ ئاکامەکەی دا ویستی ئەوە بەو نەوە بێ ئۆقرەیەی  کە لە پاش مێژووەوە هاتوون ڕاگەیەنێت، کە هەموو جووڵەیەکان پێشبینیکراو و شوێنهەڵگیراو سەودا و مامەڵەی پێوەکراوە تەنانەت پێش ئەوەی ڕووشبدەن. کۆبەین دەیزانی کە تەنها پارچەیەکی  دیکەیە لە نمایشێک، دەیزانی کە هیچ شتێک باشتر لە MTV پەخشناکرێت جگە لە ناڕەزایی لە دژی MTV؛ دەیزانی کە هەموو جووڵەیەک قسەیەکی سواوە کە پێشتر نوسراوەتەوە، دەیزانی و هەستیشی پێکردبوو  کە تەنها سواوییەکە. جیمسۆن ئەو مەنگییە شیدەکاتەوە کە بەتەواوەتی 'کۆبەین'ی لەدەست و پێ خستبوو: وەک کەلتوری پۆستمۆدێرن بە گشتی، کۆبەین خۆی لە ناو "جیهانێکدا دەبینیەوە کە چیدی داهێنان و نوێبوونەوە لە ستایلەکاندا شیاو نەبوو، ئەوەی مابوو تەنها لاساییکردنەوەی ستایلە مردووەکان بوو، قسەکردن بوو لەڕێگەی ماسک و دەنگی ستایلەکان لە مۆزەخانیەکی خەیاڵییدا". تەنانەت سەرکەوتن لێرەدا  واتای شکست بوو، چونکە سەرکەوتن بە واتای بوون بە پاروویەک بوو کە سیستەم بتوانێت لەسەری بژی. بەڵام تووڕەییە  بوونگەراییەکەی نیرڤانا و کۆبین هی سەردەمەکانی پێشتر بوو؛ ئەوەی ئەوانی سەرخست ئەو ڕۆکە  فرە ستایلییە بوو کە فۆرمەکانی ڕابردووی بەبێ دوودڵی بەرهەمدەهێنایەوە.

مەرگی کۆبەین سەلماندی  شکست و ناواخنبوونی یۆتۆپیای ڕۆک و  ئامانجە پرۆمیسیۆسییەکانی بوو. کاتێک ئەو مرد بەری خۆری ڕۆک بە هیپ پۆپ دەگیرا، کە سەرکەوتنە جیهانییەکەی پێشمەرجی ئەو جۆرەی  وەربەرهێنانەوەی سەرمایە بوو کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا. بەشی زۆری هیپ پۆپ، لەباربردنی هەر  هیوایەکی 'ساکار؛ بوو کە کەلتوری لاوان دەتوانن شتێک بگۆڕن؛ و جێگرتنەوەی لە لایەن  ئامێزگرتنەوەیەکی سەرسەختانەی 'ڕیالیتە'یەکی دڕندەی داماڵراو. لە هیپ پۆپ دا هەر وەک سیمۆن ڕینۆڵد لە وتارێکی  ساڵی ١٩٩٦دا لە گۆڤاری The Wire دا ئاماژەی پێدەکات،

'[ڕیال]-یزم' [واقیع یان ڕاستەقینە] دوو واتای هەیە. یەکەم بە واتای  موزیکێکی ڕەسەن و سازشنەکەر کە ڕەتیدەکاتەوە بفرۆشرێت بە پیشەسازی مۆزیک و پەیامەکەی  نەرمبکاتەوە بۆ ئەوەی بڵاوبکرێتەوە. 'ڕیال' هەروەها دەلالەت لە موزیکێک کە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە کە هاتۆتەگۆڕێ بە هۆی ناجێگیریەکانی سەرمایەداریی دوایینەوە، و ڕەگەزپەرستی بە دامەزراوەیکراو، زیادبوونی چاودێریکردن بەسەرخەڵکەوە و بێزارکردنی لاوانە لە لایەن پۆلیسەوە. 'ڕیال' واتای مردنی نەزمی کۆمەڵایەتی: بەو واتایەی کە کۆمپانیا گەورەکان وەڵامدەرەوەی زیادبوونی قازانجن  نەک بە زیادکردنی مووچە و باشکردنی شایستەیەکان بەڵکو بە کەمکردنەوەی (لە کاردەرکردنی هێزی کاری هەمیشەی بۆ ئەوەی شەپۆلێک لە فەرمانبەری نیو-ڕۆژە  و  کرێکاری سەربەخۆ درووستبکەن کە هیچ سودمەندی و دڵنیایەکی کاریان نیە).

لەکۆتاییدا ئەوە بە تەواوەتی کارامەی هیپ پۆپ بوو کە نوسخەی یەکەمی ڕیال  -سازشنەکەرە-  وا لێکرد کە  بە ئاسانی هەڵبلوشرێت بۆناو دووەم، واقیعێتی ناجێگیری ئابوریی سەرمایەداری؛ کە تێی دا ئەم جۆرە ڕەسەنیەتە سەلماندی کە توانای  وەبەرهێنان و بەبازاڕیکردنی بەرزە. ئەم ڕاپە مافیاییە نە ڕەنگدانەوەی دۆخە باڵادەستە کۆمەڵایەتییەکەیە و نە هۆکاری ئەم دۆخەشە، بە پێچەوانەی زۆرێک لەوانەی کە ئەم ڕایەیان هەیە؛ هەر وەک ڕەخنەگرانی ئاماژەی پێدەکەن ئەو  سوڕەی کە هیپ پۆپ و بواری کۆمەڵایەتی سەرمایەداری دواین بە یەکەوە دەبەستێتەوە ئامڕازێکە کە لە ڕێیەوە ڕیالیزمی سەرمایەداری خۆی وەردەچەرخێنێت بۆ شێوەکی ئەفسانەی دژەئەفسانەیی. لێکچوونی نێوان هیپ پۆپ و فیلمە مافیاییەکانی وەک   Scarface  و    Godfather و  Goodfellasو  Pulp Fictionو Reservoir Dogs ، لەوێوە سەرهەڵ دەدا کە کە هەموویان بانگەشەی داماڵینی جیهان لە هەستە سۆزدارییەکان دەکەن و پیشانیانداوە کە 'واقیع چۆنە': جەنگێکی هۆبزییانە هەمووان لە دژی هەمووان، سیستەمێک کە بەرداوەمە لەسەر چەوسانەوە و گشتاندنی تاوانکاری. لە هیپ پۆپ دا ڕینۆڵد ئاماژەی پێدە دا " بۆ ئەوەی 'واقیع بەدەستبهێنیت'  دەبێت ڕووبەڕووی سرووشتی  دۆخێک ببیتەوە کە سەگ یەک دەخوات، کە تۆ تەنها براوە یاخود دۆڕاوێکیت ، هەروەها کە زۆرینە دۆڕاو دەبن".

هەمان جیهانبینی نیۆ-نوار[26]انە بەهەمان شێوە لە کتێبە کۆمیدیەکانی فرانک میلەر و ڕۆمانەکانی جەیمس ئێڵڕۆ دا دەبینرێتەوە.   جۆرێک لە پیاوسالاری لە ئەفسانە داماڵراو هەیە کە کارەکانی میلەر و ئیلڕۆی دا. وەک چاودێرێکی خاوەن بڕیار کە نایەوێت جیهان بڕازێنێتەوە ئەوە دەخەنە ڕوو کە دەتوانرێت جیهان بخرێتە نیوان بەناو دوو جەمسەری ئەخلاقیی پاڵەوانانی کۆمیکەکان و ڕۆمانی نەریتی تاوانکاری. ئەم 'ڕیالیزم'ە بە جۆرێک زەقکراوەتەوە، لە جیاتی لەکەدارکردنی بەهۆ خووگرتن بە گەندەڵیەکی قێزەونەوە – هەرچەندە لە ڕادەبەدەر گەورەکردن و جەختکردنەوە لەسەر  خراپەکاری و ناپاکی و دڕندەیی لە هەردوو نووسەرەکە دا خێرا وەک فووتێکرن زۆرپێوەنانێک دەردەکەوێت. مایک دەیڤس لە ١٩٩٢ لەسەر ئیڵری دەڵێت " لە قوڵای تاریکی دا، هیچ ڕوناکییەک نیە بۆ ڕەواندنەوەی ڵێڵی، و  ئەهریمەن دەبێتە پزیشکێکی  یاسایی دزێو. ئەنجامەکە زیاتر لەو  ئەخلاقە ڕووکەشە ڕاستیەی سەردەمی ڕیگان-بۆش دەچێت: لێوڕێژبوونی گەندەڵییەک کە چیدی نابێتە هۆی کەوتنەوەی ناڕەزایەتی و جێی بایەخدان". بەڵام هەر ئەم لە هەستداماڵینە دەچیتە خزمەت بەردەوامبوونی ڕیالیزمی سەرمایەدارییەوە: دەیڤس گریمانەی ئەوە دەکات کە 'ڕۆڵی L.A. noir' لەوانەیە بۆ ئەوە بێت کە ' دەرکەوتنێکی هۆمۆ رەگەنەس لەخۆبگرێت'.

 

 

 

 


[1]  Dystopia.

[2] Fredric Jameson.

[3] Ultra-authoritarianism

[4] Internment camp

[5] Franchise coffee bars

[6] Messianic

[7] T.S. Eliot

[8]The Waste Land: کۆمەڵە هەڵبەستێکن لەسەر ئەو قەیرانە دەروونی و کولتوری و نەمانی بەهایانەی کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانیەوە هاتە ئاراوە

[9] شانتیه Shantih لە هیندۆسی دا بەواتای ئارامی دەروونی و ڕۆحی دێت

[10]. ئەو فراگمێنتانەن کە کە دەرخەری دیوە کارەساتبارەکەی بوونی مۆدێرنن و هەروەها دانەپاڵی کارە هونەرییە دژەکان 

[11]. بەشێکە لە دەقە هیندۆسیەکان، کە تێیان دا باسی تەسەوف و سرووشتی خودا دەکات

[12] Tradition and Individual Talent: کە تای دا بەرگری لە ڕۆڵی نەریت دەکات لە هاریکاریکردنی نوسینی مۆدێرن دا

[13] Harlod Bloom

[14] ." the icy water of egotistical calculation"

[15] . immunize

[16] . deterritorialization

[17] .reterritorialization

[18] . Post-Fordism

[19] . Diversity

[20] . Multiplicity

[21]. detournement

[22] . recuperation

[23] . incorporation

[24] . pre-corporation.

[25] .Kurt Cobain

[26] .Neo-noir: ژانرێکی فیلمە، کە  ناوەڕۆکەکەی تاوانکاری و سینیزم و ناڕوونی ئەخلاقییە. [فیلمی ڕەش بە فەڕەنسی]

 

سەرچاوە: بەشی یەکەمی کتێبی

Capitalist Realism: Is there no alternative?

Mark Fisher