كرده‌ی ئافراندن چییه؟
ژیل دۆلۆز
وه‌رگێڕانی : فازڵ مه‌حموود
منیش ده‌مه‌وێت لێره‌دا پرسیارێك بخه‌مه ڕوو، پرسیارێك هه‌م بۆ ئێوه و هەم بۆ خۆیشم. چی ده‌كه‌ن كاتێك خه‌ریكی سینه‌ما ده‌بن؟ یان من كاتێك خه‌ریكی فه‌لسه‌فاندنم یان هیواده‌خوازم بفه‌لسه‌فێنم ئه‌وا ڕێک چ ده‌كه‌م؟
ده‌مه‌وێت پرسیاره‌كه به شێوه‌یه‌كی تر بخه‌مه ڕوو: هه‌بوونی ئایدیا له‌مەڕ سینه‌ما به چ واتایه‌ك دێت؟ كاتێك خه‌ریكی سینه‌ما ده‌بین یان ده‌مانه‌وێت سه‌رقاڵی سینه‌ما ببین، ئه‌وا له‌وێدا ئایدیا به چ واتایه‌ك دێت؟ چی ڕوو ده‌دات كاتێك ده‌ڵێن: "وه‌ره بڕوانه، من ئایدیایه‌كم هه‌یه". له كاتێكدا زۆر كه‌س به باشیی له هه‌بوونی ئایدیایه‌ك ده‌گه‌ن، به‌ڵام ئه‌م شته زۆر جار به ده‌گمه‌ن ڕوو ده‌دات، وه‌ك کەشێکی جه‌ژن وایه، كه كه‌متر بوونی هه‌یه.
پاشان به واتایه‌كی تر، هه‌بوونی ئایدیایه‌ك شتێكی گشتیی نییه. ئێمه به شێوه‌یه‌كی گشتیی خاوه‌نی ئایدیایه‌ك نین. ئایدیایه‌ك ـ به ته‌واوه‌تیی وه‌ك كه‌سێك كه ئایدیایه‌كی هه‌یه ـ هه‌ر له‌پێشدا په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌م یان ئه‌و بواره‌وه. هەندێ جار ئایدیایه‌ك له‌مه‌ڕ شێوه‌كاریی، هەندێ جار ئایدیایه‌ك له‌مەڕ ڕۆمان، هەندێ جار ئایدیایه‌ك له‌مەڕ فه‌لسه‌فه، هەندێ جار ئایدیایه‌ك لەمەڕ زانست. به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا یه‌ك ئایدیای هاوبه‌ش بوونی نییه تا بكرێت له ته‌واوی ئه‌م بوارانه‌دا هه‌مانبێت. ده‌بێت وه‌ك پۆتانسیه‌لێك هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئایدیاكاندا بكه‌ین كه پێشتر له مۆدێلێكی ده‌ربڕیندا هه‌بن و له مۆدێلی ده‌ربڕین دانەبڕاو بن، هه‌ر بۆیه من ناتوانم بڵێم ئایدیایه‌كم به گشتیی هه‌یه. له كرده‌ی ئه‌و بوارانه‌ی من شاره‌زایانم ده‌توانم بڵێم من ئایدیایه‌كم دەربارەی ئه‌م بواره هه‌یه، بۆ نموونه ئایدیایه‌ك دەربارەی سینه‌ما یان ئایدیایه‌ك دەربارەی فه‌لسه‌فه. كه‌واته من له‌م پرنسیپه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌مه‌وه كه من فه‌لسه‌فاندن ده‌كه‌م و ئێوه‌ش مژۆلی سینه‌ما ده‌بن. یه‌كه‌مجار ڕه‌نگه ئه‌وه بپەژرێنرێ و ئاسان بێت بۆ وتن كه فه‌لسه‌فه ئاماده بێت بۆ بیركردنه‌وه له‌مه‌ڕ هه‌ر شتێك، ئیتر بۆچی له‌مەڕ سینه‌ما بیر نه‌كاته‌وه؟ ئه‌م شته كاڵفامانه‌یه. فه‌لسه‌فه بۆ بیركردنه‌وه له‌مه‌ڕ هه‌موو شتێك دروست نه‌بووه. مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه وه‌ك هێزێكی "بیركردنه‌وه ـ له سه‌ر" ئه‌وه پیشان ده‌دات كه زۆر شتی لێ بارده‌كه‌ین، به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌موو شتێكمان لێ وه‌رگرتووه‌ته‌وه، چونكه كه‌س پێویستی به فه‌لسه‌فه نییه بۆ بیركردنه‌وه. ته‌نیا كه‌سانێك كه له ڕاستیدا توانای بیركردنه‌وه‌یان له‌مه‌ڕ سینه‌ما هه‌یه بریتین له‌وانه‌ی ئیشی سینه‌ما ده‌كه‌ن یان ڕەخنەگرانی سینه‌ما، یاخود ئه‌و كه‌سانه‌ی حه‌زیان له سینه‌مایه. ئه‌م كه‌سانه پێویستییان به فه‌لسه‌فه نییه بۆ بیركردنه‌وه له‌مه‌ڕ سینه‌ما. ئایدیایه‌ك كه وابزانێت ماتماتیكزانه‌كان پێویستییان به فه‌لسه‌فه هه‌یه بۆ بیركردنه‌وه له‌مەڕ ماتماتیك، ئایدیایه‌كی گاڵته‌جاڕانه‌یه. ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه په‌یوه‌ست بكرێت به بیركردنه‌وه دەربارەی شته‌كان، ئه‌وا هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی وجودیی بۆ ئه‌م شته بوونی نییه. ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه بوونی هه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ناوه‌ڕۆكی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه.
ئه‌م شته به ته‌واوه‌تیی زۆر ساده‌یه: فه‌لسه‌فه بوارێكی داهێنه‌رانه‌یه، هه‌روه‌ها داهێنه‌رانه‌شه به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی بواره‌كانی تر، له هه‌مانكاتدا هه‌ڵگری دروستكردن یان داهێنانی چه‌مكه‌كانه. خۆ چه‌مكه‌كان له فه‌زای فرەوانی ئاسماندا نین كه له‌وێدا فه‌یله‌سووفه‌كان چاوه‌ڕوان بن بۆیان دابه‌زێت و وه‌ری بگرن. چه‌مكه‌كان ده‌بێت دروست بكرێن. به دڵنییاوه هیچ چه‌مكێك نایه‌ت خۆی خۆی دروست بكات. ئێمه‌ش ڕۆژێك نایه‌ین به یه‌ك بڵێین: "ئه‌ها، من ئه‌م چه‌مكه وا دروست ده‌كه‌م"، به هەمانشێوه هه‌رگیز شێوه‌كارێك نایه‌ت پێمان بڵێت: "سه‌یركه، من تابلۆیه‌كی وه‌ك ئه‌مه دروست ده‌كه‌م"، یان سینه‌ماكاریك بڵێ: "ئه‌ها، من فیلمێكی وه‌ها دروست ده‌كه‌م". ده‌بێت پێویستییەک هه‌بێت، هه‌م له فه‌لسه‌فه هه‌م له‌وانی تر، ئه‌گینا هیچ شتێك ڕوو نادات.
داهێنه‌ر، له پێناو چێژ و خۆشی‌دا ئیش ناكات. داهێنه‌ر ده‌ست بۆ ئیشێك ده‌بات كه به شێوه‌یه‌كی گردەبڕ پێویستی پێی هه‌بێت. ته‌نیا ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه كه ئه‌م پێویستییە زۆر ئاڵۆزه، ئه‌گه‌ر ئه‌م پێویستییە بوونی هه‌بێت، فه‌یله‌سووفێك (لێره، من لانیكه‌م ڕه‌چاوی ئه‌و شته ده‌كه‌م وا فه‌یله‌سووفێك پێوه‌ی سه‌رقاڵ ده‌بێت) زیاتر خۆی سه‌رقاڵی داهێنان و دروستكردنی چه‌مكه‌كان ده‌كات نه‌ك خۆی ته‌رخان بكات بۆ بیركردنه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌مه‌ڕ سینه‌ماش.
من ده‌ڵێم خه‌ریكی فه‌لسه‌فاندن ده‌بم، واته هه‌وڵ ده‌ده‌م داهێنان بۆ چه‌مكه‌كان بكه‌م. ئه‌گه‌ریش بڵێم ئێوه ئیشی سینه‌ما ده‌كه‌ن، كه‌واته ئێوه ئیشی چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌و شته‌ی وا ئێوه ئافراندنی بۆ ده‌كه‌ن، چه‌مكه‌كان نین ـ ئه‌مه ئیشی ئێوه نییه ـ به‌ڵكوو ئیشتان ئافراندنی بلۆكه‌كانی جووڵه/كاته. ئه‌گه‌ر هاتوو بلۆكێكی جووڵه/كات دروست بكه‌ن ڕه‌نگه ئه‌وه ئیشی سینه‌ماییتان كردبێت. مه‌سه‌له‌كه بیرهێنانه‌وه‌ی مێژوو یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نییه. هه‌موو شتێك مێژوویه‌كی هه‌یه. هه‌روه‌ها فه‌لسه‌فه‌ش مێژوو ده‌گێڕێته‌وه. چه‌ند مێژوویه‌ك له‌گه‌ڵ چه‌مكه‌كان. سینه‌ما مێژووه‌كان له‌گه‌ڵ بلۆكه‌كانی جووڵه/كاتدا ده‌گه‌ڕێته‌وه. شێوه‌كاریی جۆرێكی تر له بلۆك دروست ده‌كات كه ئه‌م بلۆكانه نه بلۆكی چه‌مكه‌كانن نه بلۆكه‌كانی جووڵه/كات، به‌ڵكوو ئافراندن بۆ بلۆكه‌كانی هێڵه‌كان/ڕه‌نگه‌كان ده‌كات. مۆسیقاش كۆمه‌ڵه بلۆكێكی تری تایبه‌ت ده‌خوڵقێنێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا زانستیش زۆر كه‌م داهێنه‌رانه نییه. من دژایه‌تییه‌كی ئه‌وتۆ له‌نێوان زانسته‌كان و هونه‌ره‌كاندا نابینم.
ئه‌گه‌ر داوا له زانایه‌ك بكه‌م كه خه‌ریكی چییه، ئه‌وا ئه‌ویش هه‌ر خه‌ریكی داهێنانه. ئه‌و كه‌شف ناكات ـ كه‌شفبوونی هه‌یه، به‌ڵام نه‌ك به‌و شێوه‌ی كه ئێمه كردەیەکى زانستیی پێناسه بكه‌ین ـ زاناش هاوشێوه‌ی هونه‌رمه‌ند داهێنان ده‌كات. زانا، شتێكی ئاڵۆز نییه، ئه‌و كه‌سێكه داهێنان ده‌كات یان كرداره‌كان دروست ده‌كات. هه‌ر بۆیه لێره كه‌س جگه له‌و نییه. زانا تا ئه‌و كاته‌ی زانایه هیچ شتێك ناكات به یارمه‌تیی یان له‌گه‌ڵ چه‌مكه‌كان نه‌بێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه ـ خۆشبه‌ختانه ـ فه‌لسه‌فه بۆ ئه‌م شته بوونی هه‌یه. به كورتیی: شتێك هه‌یه كه ته‌نیا زانا ده‌توانێت بیكات: داهێنان و دروستكردنی كرداره‌كان. كردار چییه؟ كردار كاتێك له ئارادا ده‌بێت كه ڕێكخستنێك له‌نێوان دوو گشت‌دا هه‌بێت. چه‌مكی بنچینه‌یی زانست ـ نه‌ك هه‌ر له دوێنه‌وه به‌ڵكوو له مێژه‌وه ـ بریتییه له چه‌مكی گشت و كولیه‌ت.
هیچ كۆیه‌كییه‌ك په‌یوه‌ندیی به چه‌مكه‌وه نییه. هه‌ر كه ئه‌وان به شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك ببه‌ستنه‌وه به یه‌كه‌وه ئه‌وا كرده‌یه‌كی به‌ده‌ست هێناوه و ده‌توانن بڵێن: "من ئیشی زانستیم كردووه."
ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تر بدوێت، ئه‌گه‌ر سینه‌ماكارێك ده‌توانێت له‌گه‌ڵ كه‌سێكی زانستیی قسان بكات و كه‌سێكی زانستیش چه‌ند شتێكی بۆ وتن له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سووفێكدا هه‌بێت و به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وا ئه‌م شته په‌یوه‌سته به كرداری چالاكانه‌ی داهێنه‌رانه‌ی هه‌ر كامیانەوە. نه‌ك ئه‌وه‌ی شوێنێك هه‌بێت سه‌باره‌ت به ئافراندن، ئافراندن خۆی شتێكی گۆشه‌گیرانه و ته‌نیایه و به ناوی ئافرانده‌كه‌مه‌وه‌یه كه من له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر شتێكم بۆ وتن هه‌یه. ئه‌گه‌ر ته‌واوی ئه‌و بوارانەی وا له ڕێی كرداری ئافراندنیانه‌وه پێناسه ده‌كرێن پۆڵێن بكه‌ین، ئه‌وا ده‌ڵێم سنووردارییه‌كی هاوبه‌ش له نێوانیاندا هه‌یه.
هه‌موو ئه‌و لایه‌نه سنوورداره‌ی له‌نێوان ئه‌م زنجیره داهێنانانه‌دا هاوبەشە، داهێنانی كرداره‌كان، داهێنانی بلۆكه‌كانی كات/جووڵه، داهێنانی چه‌مكه‌كان بریتیین له فه‌زا-كات. ئه‌گه‌ر ته‌واوی ئه‌م ڕێكخستن و دیسپلینانه پێكڕا په‌یوه‌ندیی دروست ده‌كه‌ن، ئه‌م له ئاستێكدایه كه هه‌رگیز هیچ كاتێك بۆ خۆیان ئازاد نابن، به‌ڵكوو له ته‌واوی ئه‌م ڕێكخستن و دیسپلینه داهێنه‌رانه‌دا به واتای پێكهانی فه‌زا ـكات به كار هاتوون.
لای برێسۆن[1] ـ به هەمانشێوه كه ده‌زانرێت ـ زۆر به كه‌میی فه‌زا ته‌واوه‌كان بوونیان هه‌یه. ئه‌مانه ئه‌و فه‌زایانه‌ن كه ده‌توانین پێیان بڵێین فه‌زا لێكدابڕاوه‌كان. بۆ نموونه سووچێك، سووچی زیندانێك پاشان سووچێكی تر، ئنجا شوینێك له نێوان دیواری زیندانه‌كاندا دەبینین. هه‌موو شتێك به شێوه‌یه‌ك ڕوو ده‌دات كه فه‌زای برێسۆن وه‌ك زنجیره‌یه‌ك له پارچه‌ی بچووك كه تیایدا په‌یوه‌ندیی ناتوانێت له پێشدا ده‌ستنیشان كرابێت. چه‌ند ده‌رهێنه‌رێكی گه‌وره هه‌ن كه به پێچه‌وانه‌وه فه‌زا گشتییه‌كان به كار ده‌به‌ن. مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه كه به‌كارهێنانی فه‌زا گشتییه‌كان ئاسانه، به‌ڵام فه‌زای برێسۆن جۆرێك فه‌زای تایبه‌ت له خۆ ده‌گرێ. بێگومان ئه‌م فه‌زایه دیسان به كار هاته‌وه و به شێوه‌یه‌كی زۆر ئافرێنه‌رانه له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه به كار هات كه ئه‌م فه‌زایانه‌یان نوێ كرده‌وه، به‌ڵام برێسۆن یه‌كه‌م كه‌سه له‌وانه‌ی كه ئه‌م فه‌زایه‌ی له پارچه‌كه‌ی بچووكی لێكپچڕاو دروست كرد، واته ئه‌و پارچه بچووكانه‌ی وا په‌یوه‌ندیكردنیان له پێشدا ده‌ستنیشان كراوه. بۆیه ده‌مه‌وێت له‌مەڕ ئه‌مه بڵێم: له سنوورداری ته‌واو ئه‌م هه‌وڵه داهێنه‌رانه، فه‌زاـكات بوونی هه‌یه و هیچ شتێكی تر جگه له‌مه بوونی نییه. بلۆكی كات/جووڵه برێسۆن له‌نێوان ئه‌م جۆره فه‌زایانه‌وه دێنه نێو فه‌زاكانی تر.
بابه‌ته‌كه ئه‌مه‌یه: ئه‌م پارچه بچووكانه‌ی فه‌زای بینراو كە تێیاندا په‌یوه‌ندیی له پێشدا ڕوو نادات، له چ ڕێگەیه‌كه‌وه پێكڕا په‌یوه‌ندیی ده‌كه‌ن؟ له ڕێی ده‌سته‌وه. ئه‌م شته نه تیۆرییه نه فه‌لسه‌فه. به‌مشێوه‌یه هه‌ڵسه‌نگاندن ناكرێت. ده‌ڵێم: جۆری فه‌زای برێسۆن به‌هابه‌خشینی سینه‌ماتۆگرافی ده‌سته له‌نێو وێنه‌دا. پێكه‌وه‌به‌ستنی پارچه بچووكه‌كانی فه‌زای برێسۆن پارچه لێكدابڕاوە‌كانی كاتن ـ ناتوانین هیچ شتێكی تر بن جگه له لێکگرێدانێک له ڕێی ده‌سته‌وه. هه‌ر بۆیه ماندووبوونی ده‌ست له ته‌واوی سینه‌مای برێسۆندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت. به‌مشێوه‌یه بلۆكی فه‌زا/جووڵه‌ی برێسۆن ڕۆڵی ده‌ست وه‌ك كاره‌كته‌رێكی تایبه‌تی ئه‌م فه‌زایه‌ی كه ڕێك به‌ره‌و پێشێ ده‌رده‌چێ، وەردەگرێت. جگە لە دەست چیتر هیچ شتێ كه له ڕاستیدا بتوانێت په‌یوه‌ندیی به‌شێك له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تری فه‌زا دروست بكات، بوونی نییە. بێگومان برێسۆن گه‌وره‌ترین سینه‌ماكاره كه به‌ها له‌مسییه‌كان بهێنێته نێو سینه‌ماوه. ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌زانێت چۆن گرته‌یه‌كی ڕیزپەڕی ده‌ست بگرێت، نه‌خێر، چونكه ئه‌و له گرته‌كانیدا ده‌ست به كار ده‌هێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێوێستی پێیان هه‌یه. ئافرێنه‌ر كه‌سێك نییه كه له پێناو چێژ ئیش بكات. ئافرێنه‌ر هیچ شتێ ناكات گه‌ر به ته‌واوه‌تی پێویستی پێی نه‌بێت.
جارێكی تریش دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه، هه‌بوونی ئایدیایه‌ك له‌مەڕ سینه‌ما به واتاى هه‌بوونی ئایدیایه‌ك له بواره‌كانی تردا نییه. به‌هه‌رحاڵ ده‌كرێت ئایدیایه‌كی سینه‌مایی بۆ بواره‌كانی تر به كار بێت یان ده‌كرێت بۆ نموونه بۆ ڕۆمان شتێكی نایاب بێت، به‌ڵام نابێت ئه‌م ئایدیایانه له هه‌ر بوارێكدا یه‌ك نیگای یه‌كسانیان هه‌بێت. ئایدیای سینەماش هه‌یه كه له سینه‌ماتۆگرافیدا نه‌بێت ناكرێت به كاری بهێنیـت. هه‌ر بۆیه كاتێك بڵێین ئایدیایه‌كی سینه‌مایی بوونی هه‌یه كه ده‌یه‌وێت ببێته ڕۆمان، پێشتر له‌نێو پڕۆسه‌یه‌كی سینه‌ماتۆگرافیدا خۆی به‌رجه‌سته كردووه و پێشتر خۆیان ده‌ستنیشان كردووه. ئه‌م جۆره له پرسیاركردن بۆ من سه‌رنجڕاكێشه: سینه‌ماكارێك كه له ڕاستیدا ده‌یه‌وێت ڕۆمانێك بكاته فیلم، چی ده‌كات؟ به بۆچوونی من بابه‌ته‌كه ڕوونه، چونكه ئه‌و چه‌ند ئایدیایه‌كی له‌مەڕ سینه‌ما هه‌یه كه له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌ی ڕۆمان وه‌ك ئایدیایه‌كی ڕۆمان ده‌یخاته به‌رده‌ستی، له‌رینه‌وه‌یه‌كی لا دروست ده‌كات و له‌م شوێنه‌دا زۆرجار به‌ركه‌وتنی گه‌وره دروست ده‌بێت. باس له گرفتی سینه‌ماكارێك ناكه‌م له هه‌لبژاردنی ڕۆمانێكی مامناوه‌ند و خراپ. ده‌كرێت ئه‌و پێویستی به ڕۆمانێكی مامناوه‌ند هه‌بێت، ئه‌مه‌ش ڕێگریی له‌وه ناكات كه فیلمێكی باشی لێ ده‌رنه‌چێت. شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م گرفته سه‌رنجڕاكێش ده‌بێت، به‌ڵام پرسیارێكی جیاوازتر ده‌خه‌مه ڕوو: چی ڕوو ده‌دات كاتێك ڕۆمانه‌كه ڕۆمانێكی گه‌وره بێت و ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌ی ڕۆمان له‌نێوان ئه‌و ئایدیایانه‌دا خۆی ده‌ربخات كه له كاتی به‌فیلمكردنی ئه‌م ڕۆمانه و خودی ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌یه؟
یه‌كێك له جوانترین جۆری ئه‌م نموونانه كۆرۆساڤایه[2]. بۆچی ئه‌و هێنده هه‌ست به نزیكیی و خزمایه‌تیی نێوان خۆی و شكسپیر و دۆستۆیڤسكی ده‌كات؟ بۆچی ده‌بێت ژاپۆنییه‌ك هێنده نزیك و خزمی شكسپیر و دۆستۆیڤسكی بێت؟ به جۆرێك وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه كه پێم وابێت نەختێ فه‌لسه‌فیی ده‌بێت. لای كه‌سایه‌تییه‌كانی دۆستۆیڤسكی زۆر جار شتێكی تاڕاده‌یه‌ك بنجكۆڵانه ڕوو ده‌دات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ده‌توانن گرنگییه‌كی زۆر به شتی بچووك بده‌ن. به شێوه‌یه‌كی گشتیی ئه‌وان دڵه‌ڕاوكێیان زۆره. كه‌سایه‌تییه‌كیان له ماڵ ده‌رده‌چێت و ده‌چێته شه‌قام و ده‌ڵێت: "تانیا، ئه‌و ژنه‌ی كه خۆشم ده‌وێت، داوای یارمه‌تیی لێ كردووم. ڕا ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر فریای نەکەوم، ده‌مرێت". له پلیكانه‌كان داده‌به‌زێت و هاوڕێیه‌كی ده‌بینێت، ئنجا سه‌گێكی له‌توپه‌تكراو ده‌بینێت كه خه‌ریكه ده‌مرێت، بیری ده‌چێته‌وه، ته‌واو بیری ده‌چێته‌وه كه تانیا چاوه‌ڕوانی ئه‌مه. بیری ده‌چێته‌وه. ده‌ست بە قسان ده‌كه‌ن. پاشان به‌ر هاوڕێیه‌كی تری ده‌كه‌وێت، ده‌چێت چایه‌ك لای ئه‌و ده‌خواتەوە و له‌ناكاو سه‌رله‌نوێ ده‌ڵێته‌وه: "تانیا چاوه‌ڕێمە، ده‌بێت بڕۆم بۆ لای". ئه‌م شته ده‌یه‌وێت چیمان پێ بڵێت؟ كه‌سایه‌تییه‌كانی دۆستۆیڤسكی به‌رده‌وام له باری نائاساییدان، له هه‌مانكاتدا كه له بارێكی نائاساییدان و مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌سته به ژیان و مه‌رگه‌وه، ده‌زانن هێشتا مه‌سه‌له‌یه‌كی تری نائاسایی و به‌په‌له هه‌یه ـ و نازانن كامه‌یه و ئه‌م شتانه‌یه كه ڕایانده‌گرێت. هه‌موو شتێك به شێوه‌یه‌ك تێده‌په‌ڕێت كه له خراپترین باری نائاساییدا بن ـ "ئه‌وه ئاگره، ده‌بێت لێره بڕۆم" ـ به خۆیان ده‌ڵێن: "نه‌خێر، چەند شتێكی به‌په‌له و نائاسایی هه‌ن، لێره ناجووڵێم تا تێنەگه‌م چییه". كاڵفامانه‌یه. ئه‌مه هاوكێشه‌ی كاڵفامییه: "ده‌زانن، كێشه‌یه‌كی زۆر قووڵ هه‌یه. كام كێشه. به باشیی نازانم. به‌ڵام لێمگه‌ڕێن. هه‌موو شتێك ده‌توانێت بسووتێت، ده‌بێت ئه‌م كێشه به‌په‌له و نائاسییه بدۆزمه‌وه. ئه‌م شته ئه‌وه نییه كه كۆرۆساڤا له دۆستۆیڤسكییه‌وه فێر بێت. هه‌موو كاراكته‌ره‌كانی كۆرۆساڤا به‌مشێوه‌یه‌ن. ئه‌مه به‌ركه‌وتنێكی جوانه. ئه‌گه‌ر كۆرۆساڤا بتوانێت ڕۆمانه‌كانی دۆستۆیسڤكی بكاته فیلم لانیكه‌م له به‌ر ئه‌وه‌یه كه ده‌توانێت بڵێـت: "من مه‌سه‌له‌یه‌كی هاوبه‌شم له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌یه، كێشه‌یه‌كی هاوبه‌ش، ئه‌مه‌یه بابه‌ته‌كه". كه‌سایه‌تییه‌كانی كۆرۆساڤا له بارودۆخێكی ناجێگردان، به‌ڵام سه‌رنج بده‌ن كه كێشه‌ی نائاساییتر بوونی هه‌یه و ئه‌م كاره‌كته‌رانه ده‌بێت بزانن ئه‌م گرفتانه چیین. 'ژیانكردن' ڕه‌نگه یه‌كێك بێت له‌و فیلمانه‌ی كۆرۆساڤا كه له‌م واتایە زیاتر تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام زۆربه‌ی فیلمه‌كانی ئه‌و هه‌ڵگری ئه‌م واتایەن. بۆ نموونه فیلمی 'حه‌وت سامۆرایی': هه‌موو فه‌زاكانی كۆرۆساڤا پێكه‌وه گرێ دراون و به شێوه‌یه‌كی پێویست ئه‌مه فه‌زایه‌كی هێلكه‌ییه، له‌ژێر بارانی به‌خوڕدا. له فیلمی حه‌وت سامۆراییدا كاره‌كته‌ره‌كان كه‌وتوونه‌ته بارودۆخێكی نائاساییەوەـ پارێزگاریی گونده‌كه‌یان گرتووه‌ته ئه‌ستۆ ـ له ئامانجێكی تریان له فیلمه‌كه‌دا ئیش له‌سه‌ر پرسیارێكی قووڵتر ده‌كه‌ن كه له كۆتاییدا سه‌رۆكی سامۆراییه‌كان باسی ئه‌و شته ده‌كات: "سامۆرایی كێیه؟ سامۆرایی نه‌ك به شێوه‌یه‌كی گشتیی، به‌ڵكوو له‌م سه‌رده‌مه‌دا؟". كه‌سێك كه ئیتر به كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت. كوێخاكان چیتر پێویستییان به‌و نییه و وه‌رزێره‌كانیش به زوویی له‌وه تێده‌گه‌ن چۆن به‌رگری له خۆیان بكه‌ن. به درێژایی فیلمه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌و باره نائاساییه‌ی نێو فیلمه‌كه‌ش، سامۆراییه‌كان ئه‌م پرسیاره گه‌مژانه و كاڵفامانه له خۆیان ده‌كه‌ن: "ئێمه‌ی تر، سامۆراییه‌كان، ئێمه كێین؟" ئایدیای سینه‌ما له حاڵه‌تێكی وه‌هادایه كه ده‌كه‌وێته نێو پرۆسه‌یه‌كی سینه‌ماتۆگرافییه‌وه. لێره‌دا ئێوه ده‌توانن بڵێن: "من ئایدیایه‌كه‌م هه‌یه"، ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌وه‌شتان له دۆستۆیڤسكییه‌وه وه‌رگرتبێت.
ئایدیا شتێكی ساده‌یه. چه‌مك نییه، فه‌لسه‌فه نییه. له هه‌مانكاتدا ده‌توانن له هه‌موو ئایدیایه‌ك چه‌مكێك ده‌ربێنین. بیر له مینێلی[3] ده‌كه‌مه‌وه، كه ئایدیایه‌كی زۆر نایابی له‌مه‌ڕ خه‌ون هه‌یه. ئه‌و ئایدیایه‌ش زۆر ساده‌یه ـ ده‌كرێت لێره‌دا باسی بكه‌ین ـ و له پڕۆسه‌یه‌كی سینه‌ماتۆگرافیش به‌كار هاتووه و یه‌كێكه له به‌رهه‌مه‌كانی مینێلی خۆی. ئایدیای مه‌زنی مێنێلی له‌مه‌ڕ خه‌ون په‌یوه‌سته به هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی وا خه‌ون نابینن. خه‌ونی ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ون ده‌بینن په‌یوه‌سته به‌و كه‌سانه‌ی خه‌ون نابینن. بۆچی ئه‌مانه بەیەکەوە په‌یوه‌ستن؟ چونكه خه‌ونی ئه‌وی تریش بوونی هه‌یه، ترس هه‌یه. خه‌ونی خه‌ڵكی به‌رده‌وام خه‌ونێكی زۆر برسییه كه مه‌ترسی قوتدانی ئێمه‌ی هه‌یه. چونكه خه‌ونی ئه‌وانی تریش زۆر مه‌ترسیداره. خه‌ون ترسناكترین ویستی هێزه. هه‌ریه‌كه‌مان كه‌متازۆر قوربانیی خه‌ونی ئه‌وانی ترین. هاوكات شازترین كچی گه‌نج، نه‌ك له‌به‌ر ڕۆحی به‌ڵكوو له به‌رخه‌ونه‌كانی ده‌بێته ترسناكترین كه‌سی دڕنده. وریای خۆتان بن به‌رانبه‌ر خه‌ونی ئه‌وی تر، چونكه ئه‌گه‌ر بكه‌ونه نێو خه‌ونی ئه‌وی تر، ئه‌وا ئێوه خراپ ده‌بن.
ئایدیایه‌كی سینه‌ماتۆگرافیك تا ڕاده‌یه‌ك له‌م فیلمه تازانه‌ی دواییدا ئه‌م جیاكارییه به ناوبانگه‌ی بینین ـ قسه‌كردنه، چ له‌لای ـ ئاماژه بۆ نموونه به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مجۆره ده‌كه‌م ـ سیبێربێرگ[4]، یان سترۆبه‌كان[5]، و مارگوریت دویراس.
چ شتێكی هاوبه‌ش، یان كامه ئایدیای درووستی سینه‌ماتۆگرافیك بۆ جیاكردنه‌وه‌ی بینین و ده‌نگ؟ بۆ ناتوانین ئه‌م شته بۆ شانۆ بكه‌ین؟ لانیكه‌م، ئه‌م شته ده‌توانرێت بكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م شته له‌گه‌ڵ شانۆ بگونجێ، جگه له دۆخی ئاوارتە، ئه‌گه‌ر شانۆ بتوانێت ئامڕازی خۆی بدۆزێته‌وه، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین شانۆ ئه‌م شته‌ی له سینه‌ما وه‌رگرتووه. شتێك كه به ناچار ناكرێت خراپ بێت، به‌ڵام ئایدیایه‌كی ته‌واو سینه‌ماتۆگرافیك كه گرەنتیی جیاكاریی بینین و قسه‌كردن و بینراو و ده‌نگ ده‌كات و وه‌ڵامی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌داته‌وه، واته ئایدیایه‌ك بۆ سینه‌ما.
ده‌نگ قسه له‌مەڕ چه‌ند شتێك ده‌كات. هه‌مان كات وا له ئێمه ده‌كات سه‌یری شتێكی تر بكه‌ن. دواجار، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئێمەی ده‌كات ده‌كه‌وێته ژێر ئه‌و شته‌ی کە واده‌كات ئێمه بیبینین. ئه‌م خاڵه‌ی سێیه‌م زۆر گرنگه. ئێوه باش هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه له‌وێ یان شانۆ لێره ناتوانێت له‌سه‌ر ئه‌م شته بڕوات. شانۆ توانیوێتی هه‌ردوو گریمانه‌ی یه‌كه‌م له خۆ بگرێ: له‌مەڕ شتێك قسه‌مان بۆ ده‌كات و وامان لێ ده‌كات سه‌یری شتێكی تر بكه‌ین، به‌ڵام له كاتێكدا قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كات ئێمه ده‌خاته ژێر ئه‌و شته‌ی كه وامان لێ ده‌كات سه‌یری بكه‌ین ـ و ئه‌مه‌ش گرنگه، ئه‌گینا هه‌ردوو كرداره‌كه‌ی یه‌كه‌م ڕه‌نگه هیچ واتایەکیان نه‌بێت و هیچ سوودێك به ده‌سته‌وه نه‌دەن ـ ده‌توانین به واتایه‌كی تر بڵێین: قسه به‌ره‌و هه‌وا به‌رز ده‌بێته‌وه و له هه‌مانكاتدا عه‌رد كه ده‌یبینن به‌ره‌به‌ره دادبه‌زێت. یان له هه‌مانكاتدا وته به‌ره‌و هه‌وا به‌رز ده‌بێته‌وه، له‌وێدا كاتێ قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كات كه به‌ره‌و ژێر عه‌رد دابه‌زیبێت.
ئه‌مه واتای چی ده‌دات، گه‌ر ته‌نیا سینه‌ما بتوانێت ئه‌م شته بكات؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه كه ده‌بێت بیكات، به‌ڵام سینه‌ما دوو بۆ سێ جار ئه‌م شته‌ی كردووه، ته‌نیا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم ته‌نیا سینه‌ماكاره گه‌وره‌كان بوون كه ئه‌م ئایدیایه‌یان هه‌بووه. ئه‌مه‌یه ئایدیای سینه‌ماتۆگرافیك. موعجیزه‌یه، چونكه ئه‌م شته گرەنتی ئاستی سینه‌ما ده‌كات بۆ گۆڕینێكی ڕاسته‌قینه‌ی ڕه‌گه‌زه‌كانی، قۆناغێك كه لەنا‌كاو سینه‌ما ده‌نگدانه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ جۆره فیزیكێكی به كوالێتی باشی ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌خاته به‌رده‌ست. ئه‌م شته فه‌زایه‌كی گۆڕان دروست ده‌كات، تێپه‌ڕینێكی گه‌وره‌ی ڕه‌گه‌زه‌كان له سینه‌ما له‌نێو هه‌وا و عه‌رد و ئاو و ئاگر. له هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی وا باسم كردن، ئه‌م شته مێژوو ناسڕێته‌وه. مێژوو به‌رده‌وام لێره‌یه، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت ئه‌وه‌یه بۆچی مێژوو هێنده سه‌رنجڕاكێش و گرنگه، ئه‌گینا هه‌موو ئه‌م شتانه یان له پشتمانه‌وه‌ن یان له‌گه‌ڵمان. له‌م سه‌رده‌مەی وا من خه‌ریكم به خێرایی ماناكانی شیی ده‌كه‌مه‌وه ـ ده‌نگ له هه‌مانكاتدا به‌رز ده‌بێته‌وه كه قسه ده‌چێته ژێر عه‌رد ـ ئێوه زۆربه‌ی فیلمه‌كانی سترۆبێكان ده‌ناسن، واته گه‌وره‌ترین قۆناغی ڕه‌گه‌زه‌كان لای سترۆبه‌كان. ئه‌وه‌ی دەیبینین ته‌نیا عه‌ردێكی بیابانییه، به‌ڵام ئه‌م عه‌رده بیابانییه هێنده‌ی ئه‌و شتەی وا لەسەرێتی، قورسە. ڕه‌نگه لێم بپرسن: باشه ده‌بێت بزانین ئه‌وه چییه كه ده‌كه‌وێته سه‌رییه‌وه؟ به ته‌واوه‌تیی ئه‌وه ده‌نگه كه له گه‌ڵمان ده‌دوێ. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر عه‌رد بئاوسێت به هەمانشێوه كه ده‌نگ به ئێمه ده‌ڵێت، ئه‌وا دێت له‌ژێر عه‌رددا شوێن و كاتێك بۆ خۆی داگیر ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگه له‌سه‌ر ته‌رمه‌كان قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كات، ئه‌وا ته‌واوی هێڵی ته‌رمه‌كان خه‌ریكن شوێنی خۆیان له‌ژێر عه‌رد خۆش ده‌كه‌ن، له‌و كاته‌دا بچووكترین جووڵه‌ی با له‌سه‌ر ئه‌و عه‌رده بیابانییه، لەسه‌ر ئه‌و فه‌زا به‌تاڵه‌ی وا له پێش چاوتانه، بچووكترین چاڵ له‌و عه‌رده، هه‌موو ئه‌مانه واتای خۆیان وه‌رده‌گرن.
ده‌ڵێم هه‌بوونی ئایدیایه‌ك، له هه‌موو بواره‌كاندا، په‌یوه‌ندیی به نه‌زمی په‌یوه‌ندیكردنه‌وه نییه. ئه‌و شتانه‌ی وا باس كرا بۆ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كان كورت ناكرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش نابێته گرفت. واتا چی؟ به واتای یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندیی بریتییه له گواستنه‌وه و په‌ره‌پێدانی زانیارییه‌كان. كه‌واته، زانیاریی چییه؟ زۆر ئاڵۆز نییه، هه‌مووان ده‌زانن زانیاریی چییه، زانیاریی بریتییه له وشه‌ی نهێنیی به ڕێكوپێكیی. كاتێك زانیارییتان ده‌ده‌نێ، ئه‌وا پێتان ده‌ڵێن ئێوه ناچارن بڕوا به‌و شته بكه‌ن. به واتایه‌كی تر، زانیاریپێدان، بریتییه له خستنه‌گه‌ڕی وشه‌ی نهێنیی. ئیفاده‌كانی پۆلیس ڕێك به ناونیشانی په‌یوه‌ندیكردن ناو ده‌برێن. ئه‌وان له ڕێی زانیارییه‌وه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئێمه دەبەستن، پێمان ده‌ڵێن ناچارین بڕوای پێ بكه‌ین یان ئه‌گه‌ر بڕوایه‌كی كه‌میشمان پێی هه‌بێت، ناچارین. نه‌ك بڕوای ته‌واو به‌ڵكوو ده‌بێت وا خۆمان بنوێنین كه بڕوامان پێی كردووه. داوامان لێ ناكه‌ن بڕوا بهێنین، به‌ڵام وه‌ك كه‌سانێك له‌گه‌ڵمان مامه‌ڵه ده‌كه‌ن كه بڕوامان هێناوه. ئه‌مه زانیاریی و په‌یوه‌ندییه و به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ جگه له‌و وشه نهێنییه و گواستنه‌وه‌كانیان، هیچ زانیارییه‌ك له ئارا نییه. ئه‌و شته‌ی كه بۆ وتن ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه كه زانیاریی به ته‌واوه‌تیی بریتییه له سیستمی كۆنترۆڵ. ئه‌م شته ئاشكرایه و به تایبه‌ت ئه‌مڕۆ به ئێمه‌وه په‌یوه‌ندیداره.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه هاتووینه‌ته نێو كۆمه‌ڵگەیه‌كه‌وه كه ده‌توانین ناوی لێ بنێین كۆمه‌ڵگەی كۆنترۆڵ. بیرمه‌ندێكی وه‌ك 'میشێل فۆكۆ' ڕاڤه‌ی دوو جۆر كۆمه‌ڵگەی كردبوو كه له ئێمه‌وه نزیكه. یه‌كێكیانی ناو لێ نابوو كۆمه‌ڵگەی ده‌سه‌ڵاتداریی و ئه‌ویتریان كۆمه‌ڵگەی دیسپلین. تێپه‌ڕینێكی جۆریی له كۆمه‌ڵگەی ده‌سه‌ڵاتداریی بۆ كۆمه‌ڵگەی دیسپلینیی، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناپلیۆن. كۆمه‌ڵگەی دیسپلین ـ ڕاڤه‌كانی فۆكۆ تا ئه‌م ناونیشانه به‌ناوبانگه‌ش ده‌مێنێته‌وه ـ خۆیان له ڕێی دروستكردنی شوێنه داخراوه‌كانەوە پێناسه ده‌كه‌ن: زیندانه‌كان، خوێندنگەکان، كارگه‌كان، نه‌خۆشخانه‌كان. كۆمه‌ڵگە دیسپلینه‌كان پێویستییان به‌م شتانه‌یه. ئه‌م ڕاڤانه بوونه هۆی هه‌ندێك دژوازیی و نادیاریی بۆ هه‌ندێك له خوێندنه‌وه‌كانی فۆكۆ، چونكه ده‌زانین ئه‌مه دوایین بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌و بوو، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی ڕاشكاو به‌مشێوه‌یه نییه. فۆكۆ هه‌رگیز به‌مشێوه‌یه بیری نه‌كرده‌وه و به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا وتویه‌تی كۆمه‌ڵگەی دیسپلینه‌كان هەتاهەتایی نین. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ئێمه ده‌چینه نێو چێوەیەکى نوێی كۆمه‌ڵگەوه. به دڵنیاییه‌وه هه‌موو جۆره‌كانی كۆمه‌ڵگەی دیسپلینیی بۆ ساڵانی ساڵە وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌زانین ئێمه هاتووینه‌ته نێو فۆرمێكی تری كۆمه‌ڵگە كه ده‌بوو ناوی لێ بنێین، ئه‌ویش ئه‌و ناوه‌یه بوروز ناوی لێ ناوه ـ فۆكۆ زۆر ستایشی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناونانه‌ی ئه‌وی كردووه ـ ئه‌ویش كۆمه‌ڵگەكانی كۆنترۆڵه. ئێمه هاتووینه‌ته نێۆ كۆمه‌ڵگەكانی كۆنترۆڵ، كه به شێوه‌یه‌كی زۆر جیاواز خۆیان له كۆمه‌ڵگەكانی دیسپلین پێناسه ده‌كه‌ن. شتێك كه چاودێریی داراییه‌كانی ئێمه ده‌كات و چیتر پێویستی به شوێنی داخراو نییه. پێشتر هه‌موو ئه‌مانه، زیندانه‌كان، خوێندنگە و نه‌خۆشخانه‌كان ئه‌و شوێنانه بوون كه شوێنی گفتوگۆ و مشتومڕی هه‌میشه‌یی بوون. ئایا په‌ره‌پێدانی چاودێریی كه‌سه‌كان له ماڵه‌وه باشتر نییه؟ به‌ڵێ، بێگومان داهاتوو وا ده‌بێت. کارگه‌كان له هه‌موو لایه‌كه‌وه درزیان برد. ئه‌ی وا باشتر نییه بمانخه‌نه نێو سیستمێك له ماڵه‌وه ئیش بكه‌ین؟ ئایا جگە لە زیندان هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌كی تری سزادان بوونی نییه؟ كۆمه‌ڵگەكانی كۆنترۆڵ چیتر به شوێنه داخراوه‌كاندا تێناپه‌ڕن. ته‌نانه‌ت خوێندنگەش. ده‌بێت به باشیی چاودێریی ئه‌و بابه‌تانه بكه‌ین وا لە چڵ ساڵ و په‌نجا ساڵی داهاتوودا له دایك ده‌بن و په‌ره دەگرن و له یه‌ك كاتدا باسی پرشنگداریی خوێندنگە و پیشه بۆ ئێمه ده‌كه‌ن. زانینی شووناسی خوێندنگە و پیشه له ڕێڕه‌وی زانیارییه‌كی هه‌میشه‌یی كه داهاتووی ئێمه‌یه، سه‌رنجڕاكێش ده‌بێت و ئه‌مه چیتر ئاماژه نییه بۆ سه‌رله‌نوێ گرووپاندنی شوێنه داخراوه‌كان. كۆنترۆڵ، دیسیپلین نییه. كه‌س له جاده‌ی ده‌ره‌وه لە زیندان نانێ، به‌ڵام له كاتی دروستكردنی جاده‌كه‌دا كه‌ره‌سته‌كانی كۆنترۆڵ زیاتر ده‌كه‌ن. ناڵێم ئه‌مە تاکە‌ئامانجی جاده‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاره، چونكه خه‌ڵك ده‌توانن به شێوه‌یه‌كی ناكۆتا بڕۆن و به 'ئازادیی' بسووڕێنه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی له شوێنێكی داخراودا بن، به‌ڵام له كاتێكدا كه به ته‌واوه‌تیی له‌بن له كۆنترۆڵدا بن.
ئه‌مه داهاتووی ئێمه‌یه. وای دابنێین كه زانیاریی شتێكی به‌م چەشنەیە، به‌ڵام سیستمی كۆنترۆڵی وشەنهێنییه‌كان چه‌ند بنكه‌یه‌كی تایبه‌تیان له كۆمه‌ڵگەكاندا هه‌یه. به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی به‌رانبه‌ر شتێكی وه‌ها ده‌توانێت چی بكات؟ له‌مه‌ڕ به‌رهه‌می هونه‌ریی قسه ناكه‌ین، به‌ڵام ده‌ڵێین لانیكه‌م دژه‌زانیارییه‌ك بوونی هه‌یه. كۆمه‌ڵه وڵاتێكی دیكتاتۆریی هه‌ن كه له‌وێدا له‌و بارودۆخه تایبه‌ت و ئه‌سته‌مه‌دا دژه‌زانیاریی بوونی هه‌یه. له سه‌رده‌می هیتله‌ردا ئه‌و جووله‌كانه‌ی له ئه‌ڵمانییه‌وه ده‌هاتن یه‌كه‌م كه‌س بوون پێیان ڕاده‌گه‌یاندین كه‌مپی کاری زۆره‌ملێ و كوشتار هه‌یه، ئه‌م جووله‌كانه به‌م شته‌یان، ئیشی دژه‌زانیارییان ده‌كرد. ده‌بێت بوترێ كه دژه‌زانیاریی بۆ ئه‌نجامدانی چالاكییه‌ك به‌س نییه. هیچكام له دژه‌زانیارییه‌كان هه‌رگیز ده‌ست و پێی هیتله‌ریان نه‌بەست. له یه‌ك بارودۆخدا نه‌بێت. كام بارودۆخ؟ ئه‌مه‌یه كه زۆر گرنگه؛ ته‌نیا وه‌ڵام بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه دژه‌زانیاریی به ته‌واوه‌تیی نابێته شتێكی كاریگه‌ر و كارا تا ئه‌و كاته‌ی ـ به‌پێی سرووشته‌كه‌ی ـ نه‌بێته كرده یان به‌رگریی. كرده‌ی به‌رگرییش نه زانیارییه نه دژه‌زانیاریی. دژه‌زانیاریی تا نه‌بیته كرده‌ی به‌رگریی، كاریگه‌ریی نابێت.
چ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان به‌رهه‌می هونه‌ریی و په‌یوه‌ندییدا هه‌یه؟ هیچ. به‌رهه‌می هونه‌ریی كه‌ره‌سته‌ی په‌یوه‌ندیی نییه. كه‌ره‌سته‌ی هونه‌ریی هیچ شتێكی وه‌ك په‌یوه‌ندیی پێ ناكرێت. به‌رهه‌می هونه‌ریی هه‌ڵگری كه‌مترین زانیارییش نییه. له لایه‌كی تر، په‌یوه‌ستبوونێكی سه‌ره‌كیی له‌نێوان به‌رهه‌می هونه‌ریی و كرده‌ی به‌رگرییدا بوونی هه‌یه. به‌رهه‌می هونه‌ریی وه‌ك كرده‌یه‌كی به‌رگریی چه‌ند شتێكی زۆری بۆ كردن له‌گه‌ڵ زانیاریی و په‌یوه‌ندییدا هه‌یه.
ئه‌و په‌یوه‌ندییه نهێنیئامێزه‌ی نێوان به‌رهه‌می هونه‌ریی و كرده‌ی به‌رگریی چییه له كاتێكدا ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ریكی به‌رگرین نه كات و نه هه‌ندێ جار كەلتووری پێویستیان بۆ هه‌بوونی لانیكه‌م په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ هونه‌ردا نییه؟ نازانم. مارلۆ، په‌ره‌ی به چه‌مكێكی جوانی فه‌لسه‌فیی داوه، شتێكی زۆر ساده لەمەڕ هونه‌ر ده‌ڵێـت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ته‌نیا هونه‌ر تا ئاستی مردن به‌رگریی ده‌كات. بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تا: چی ده‌كه‌ین كاتێك خه‌ریكی فه‌لسه‌فاندن ده‌بین؟ چه‌مكه‌كان چێ ده‌كه‌ین. له‌وێدا هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌وه جوانترین چه‌مكی فه‌لسه‌فه بوو. بیری لێ بكه‌نه‌وه... بیری لێ بكه‌نه‌وه چ شتێك تا ئاستی مردن به‌رگری ده‌كات؟ بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین وه‌ڵامه‌كه‌ی مالرۆ باشترین وه‌ڵامه ته‌نیا ئەوە بەسە تەماشای په‌یكه‌رێك بكرێت كه سێ هه‌زار ساڵ پێش ئێمه داتاشراوە،. بۆیه ده‌توانین بڵێن، لانیكه‌م، له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه كه ئێمه سه‌یری ده‌كه‌ین هونه‌ر شتێكه كه به‌رگریی ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌نیا شتێكیش نه‌بێت كه به‌رگریی بكات. لێره‌وه‌یه كه ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌رته‌سكه‌ی نێوان كرده‌ی به‌رگریی و به‌رهه‌می هونه‌ریی دروست ده‌بێت. هه‌موو كرده‌یه‌كی به‌رگریی به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی نییه، هه‌رچه‌ند ده‌كرێت به شێوه‌یه‌ك وا بێت. هه‌موو به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی كرده‌یه‌كی به‌رگریی نییه هێشتا، به شێوه‌یه‌ك ده‌كرێت وابێت.
بۆ نموونه له فیلمه‌كانی ئسترۆب جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و وێنه درووستده‌بێت، ئه‌وانه به‌مشێوه‌یه به‌دی دێن: ده‌نگه‌كه به‌رز ده‌بێته‌وه، به‌رز ده‌بێته‌وه، به‌رز ده‌بێته‌وه، له‌وێدا ده‌نگه‌كه له‌ژێر زه‌وییه ڕووته‌ن و بیابانییه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ