مه‌زنترین فیلمی ئێرله‌ندی
(«فیلم»ی بێكێت )[1]
ژیل دۆڵۆز
وەرگێڕانی: فازڵ مەحمود
كێشه
ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕاست بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌سقه‌فی ئێرله‌ندیی بێركێلی[2] ده‌یڵێت، كه بوون، به واتاى خۆئیدراككردن دێت (esse est percipi) ئایا ده‌كرێت له ئیدراك[3] هه‌ڵبێی؟ چون ده‌توانین ببینه كه‌سێكی نائیدراك؟
مێژووی كێشه‌كه
ڕه‌نگه بتوانین وێنای ئه‌وه بكه‌ین كه هه‌موو چیرۆكه‌كه په‌یوه‌ست بێت به بێركێلیوه، كه به‌پێی پێویست سه‌باره‌ت به بوونێكی خۆئیدارك و (ئیدراك) قسه‌ی كردووه. ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه ته‌نیا لەلایه‌ن بۆستێر كیتون[4] ده‌توانرا بگێڕدرێت، ڕۆڵی ئه‌سقه‌ف بێركێلییه. یان به شێوه‌یه‌كی تر ڕێڕه‌وێكه له ئێرله‌ندییه‌كه‌وه بۆ ئێرله‌ندییه‌كی تر، له بێركێلییه‌وه كه ئیدراكی هه‌بووه و خۆی ئیدراك كردووه، بۆ بێكێت كه «هه‌موو به‌خته‌وه‌رییه‌كی percipere و percipi» تا كۆتایی برد و ته‌واوی كرد. هه‌ر بۆیه ده‌بێت به‌شێك له فیلمه‌كه (یان به‌شێكی جیاكراوه له‌م مه‌سه‌لانه) له‌به‌رچاو بگرین كه كه‌مێك له‌وه‌ی بێكێت خۆی جیاوازتر بێت.
بارودۆخی كێشه‌كه
ڕه‌نگه چه‌ند شتێكی ته‌حه‌مولنه‌كراو له خۆئیدراككردندا بوونی هه‌بێت. ئایا ئه‌م خۆئیدراككردنه له‌لایه‌ن كه‌سی سێیه‌مه‌وه‌یه؟ نه‌خێر، پاشان كه‌سه سێیه‌مه ئیدراكییه گریمانه‌ییه‌كان له په‌لوپۆ ده‌كه‌ون له‌وكاته‌ی كه هه‌ركامه‌یان هه‌ست ده‌كه‌ن نه‌ك به ته‌نیا له‌لایه‌ن ئه‌وی تره‌وه به‌ڵكوو له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه ئیدراك كراون. كه‌واته ئایا چه‌ند شتێكی ترسناك له‌نێو خۆئیدراككردندا بوونی هه‌یه، به‌ڵام چی؟
پێدراوه‌كانی كێشه‌كه
تا ئه‌وكاته‌ی د‌رك یان ئیدراك (كامێرا) له پشته‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كه‌دایه، مه‌ترسیدار نییه، چونكه ئیدراك به نائاگایی [له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كه‌وه] ده‌مێنێته‌وه. ئیدراك كاتێك كه‌سایه‌تییه‌كه ده‌خاته چوارچێوه‌ی خۆیه‌وه كه له گۆشه‌یه‌كی لاره‌وه لێی نزێك ده‌بێته‌وه و ئه‌و سه‌باره‌ت به خۆئیدارككردن به ئاگا دێنێت. به شێوه‌یه‌كی باو ئه‌وه ده‌ڵێین كه كه‌سایه‌تییه‌كه ئاگایی سه‌باره‌ت به خۆئیدارككردنی به ده‌ست ده‌هێنێت و «دێته نێو percipi » له كاتێكدا كامێراكه له پشته‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كه‌دا له گۆشه‌ی 45- پله‌دا له سووچێكه‌وه بۆ سووچێكی تر تێدەپه‌ڕێت.
بابه‌تی یه‌كه‌م: دیوار و پلیكانه، ئه‌كشن[5]
كه‌سایه‌تییه‌كه ده‌توانێت به خێرا ڕۆیشتن به ته‌نیشت دیواره‌كه‌وه مه‌ترسیی سنووردار بكات. له ڕاستیدا ته‌نیا یه‌ك سووچی هه‌ره‌شه‌ئامێزی هه‌یه. ڕێكردنی كه‌سایه‌تییه‌ك به درێژایی دیواره‌كه یه‌كه‌م ئه‌كتی سینه‌ماتۆگرافیكه (زۆربه‌ی سینه‌ماكاره گه‌وره‌كان ئه‌م شته‌یان تاقی كردووه‌ته‌وه). ئه‌كشن به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا زۆر ئاڵۆز ده‌بێت كاتێك ببێته ستوونیی یان هه‌ڵقه‌یی، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ر پلیكانه‌كه، پاشان گۆشه و کوڵەسووچه‌كان به‌پێی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ میحوره‌كان به‌دوایه‌كدا گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت. به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، هه‌موو جارێك گۆشه‌نیگای 45 پله تێده‌په‌ڕێنێت، كه‌سایه‌تییه‌كه ده‌وەستێت، له كرده و ئه‌كشن ده‌وەستێ، خۆی ده‌نووسێت [به شوێنێكه‌وه] و ئه‌و به‌شه‌ی ده‌موچاوی كه به ده‌ره‌وه‌یه، به ده‌ست داده‌پۆشێت، یان به ده‌سته‌سڕێك یان ئه‌و پارچه‌قوماشه‌ی كه له كڵاوه‌كه‌ی هاتووه‌ته خوارێ. ئه‌مه بابه‌تی یه‌كه‌م بوو، ئیدراكی ئه‌كشن، كه ده‌كرێت ڕێگری لێ بكرێت له ڕێی ڕاگرتنی كرده و ئه‌كشنه‌وه.
بابه‌تی دووه‌م: ژووره‌كه، ئیدراك
ئه‌مه دووه‌م ئه‌كتی سینه‌ماتۆگرافیكه، ناوه‌وه، ئه‌و شته‌ی له‌نێو دیواره‌كاندا ڕوو ده‌دات. پێشتر، كه‌سایه‌تییه‌كه وه‌ك كه‌سێكی ئیدراككه‌ر سه‌رنجی نه‌ده‌ده‌رایه: ئه‌وه كامێراكه بوو كه ئه‌وی بۆ ئیدراكێكی «كوێر» ئاماده ده‌كرد، واته ئه‌وه‌ی پێویست بوو بۆ كرده‌ی ئه‌و. به‌ڵام ئێستا كامێراكه ئه‌و له ژووره‌كه‌دا ئیدراك ده‌كات و كه‌سایه‌تییه‌كه ژووره‌كه ئیدراك ده‌كات: هه‌موو ئیدراكێك دوو هێنده ده‌بێت. پێشتر، كه‌سایه‌تییه سێیه‌مه‌كان ده‌یانتوانی به شێوه‌یه‌كی هێزه‌كیی ئیداركی كه‌سایه‌تییه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن كامێراكه‌وه ڕێگریان لێ كرابوو. ئێستا، كه‌سایه‌تییه‌كه خۆی ئیدراك ده‌كات و ئه‌و شتانه‌ی ئیدراكی پێ ده‌كه‌ن ده‌بنه ئه‌و شته‌ی کە هه‌ركامه‌یان ئه‌و تووشی ئیدراك ده‌كه‌ن: نه‌ك به ته‌نیا ئاژه‌ڵه‌كان، ئاوێنه‌كان، وێنه‌یه‌كی ڕه‌نگاوڕه‌نگی خودا، فۆتۆكان، هه‌روه‌ها قاپ و قاچاخه‌كان (به هەمانشێوه ئازنشتاین له زمانی دیكنزه‌وه ده‌ڵێت: كتریه‌كه ته‌ماشام ده‌كات...). شته‌كان له‌م ڕوانگه‌یه‌وه له مرۆڤه‌كان مه‌ترسیدارترن: ناتوانم ئیدراكیان بكه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئیدراكم نه‌كه‌ن، هه‌موو ئیدراكێك وه‌ك ئه‌مانه ئیدراكی ئیدراكه. ڕێچاره‌ی دووه‌م بریتییه له كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی ئاژه‌ڵه‌كان، داپۆشینی ئاوێنه‌كه، داپۆشینی شته‌كان، دڕاندنی وێنه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كه، دڕاندنی فۆتۆكان: ئه‌مه له‌ناوبردنی ئیدراكی دوو هێنده‌یه. كه‌مێك پێش ئێستا، له نێو شه‌قامه‌كه‌دا، كه‌سایه‌تییه‌كه هێشتا شوێن ـ كات و به تایبه‌ت به‌شه جیاوازه‌كانی ڕابردوو (ئه‌و وێنانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵیگرتبوون) له‌به‌رده‌ستدا بوو. له ژووره‌كه‌دا، هێشتا هێزی پێویستی هه‌بوو بۆ ڕێكخستنی وێنه‌كان كه ئه‌ویان گه‌ڕاندبووه‌وه بۆ ئیدراك، به‌ڵام پاش تۆزێ ئه‌و هیچی له‌به‌رده‌ست نییه جگه له كاتی ئێستا، له فۆرمی ژوورێكی به‌رته‌سكی داخراودا كه له‌وێدا هه‌موو ئایدیایه‌كی كات و شوێن، هه‌موو وێنه‌یه‌كی ئیلاهیی، مرۆیی و ئاژه‌ڵ و شته‌كان له‌ناو چووه. ته‌نیا شتێك كه ماوه‌ته‌وه ئه‌سكه‌مله‌كه‌یه[6] له ناوه‌ڕاستی ژووره‌كه‌دا كه باشتر له هه‌ر نوینێك، باشترین كه‌ره‌سته‌یه كه پێش یان پاش پیاوه‌كه بوونی هه‌یه، كه ئێمه له نێوان فه‌زای عه‌ده‌مدا ڕاده‌گرێت (چوون ـ و ـ هاتن).
بابه‌تی سێیه‌م: ئه‌سكه‌مل، كاریگه‌ری
كه‌سایه‌تییه‌كه ده‌یتوانی له‌سه‌ر ئه‌سكه‌مله‌كه دا‌نیشێت و له‌وێدا سه‌رخه‌وێك بشكێنێت، تا ئه‌وكاته‌ی ئیدراكه‌كان له‌ناو بچن، به‌ڵام ئیدراك هێشتا له پشته‌وه‌ی ئه‌سكه‌مله‌كه چاودێریی ده‌كات، كه له‌وێدا هه‌ردوو لاكه‌ی هاوكات له‌به‌رده‌ستدایه. وا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئیدراك ئه‌و ئیراده باشه‌ی وا كه‌مێك پێش ئێستا ده‌ریخستبوو، له ده‌ست دابێت، واته ئه‌و كاته‌ی په‌له‌ی كردبوو بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئه‌و گۆشه‌نیگایه‌ی له ڕووی كه‌مته‌رخه‌مییه‌وه تێی په‌ڕاندبوو، تاوه‌كوو كه‌سایه‌تییه‌كه به‌رانبه‌ر كه‌سه سێیه‌مه گریمانه‌ییه‌كان بپارێزێت. ئێستا به ئه‌نقه‌ست ئه‌و شته ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات له سه‌رخه‌وشكاندكه‌ی تێبگات. كه‌سایه‌تییه‌كه به‌رگریی له خۆی ده‌كات و له ترسان و به‌وپه‌ڕی لاوازییه‌وه خۆی گرمۆڵه ده‌كات. كامێرا ـ ئیدراك له‌مه سوودمه‌ند ده‌بێت، به ته‌واوه‌تیی له گۆشه‌كه‌وه ده‌رده‌چێت، ده‌سووڕێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رانبه‌ر ئەو كه‌سایه‌تییه‌ی وا سه‌رخه‌و ده‌شكێنێت و لێی نزیكەوە ده‌بێ. بۆیه ئه‌وه ئاشكرا ده‌بێت كه چییه، ئیدراكی كاریگه‌ریی، واته ئیداركی خۆ سه‌باره‌ت به خۆ، كاریگه‌رییه‌كی په‌تیی. ئه‌م ئیدراكه ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی دوانی پیاوێكی سه‌رشێته[7] له‌نێو ئه‌سكه‌مله‌كه‌دا. ئه‌مه ئیدراكی كه‌سێكی تاکچاوه كه ته‌ماشای كه‌سایه‌تییه تاکچاوه‌كه ده‌كات. ئیدراك چاوه‌ڕێی كاتی خۆی ده‌كرد. هه‌ربۆیه ئه‌مه ئه‌و شته بوو كه زۆر ترسناك بوو: به‌م واتایەی كه ئه‌م ئیدراككردنی خۆ له لایه‌ن خۆوه، «شتێكه ناسڕێته‌وه و حاشاهه‌ڵنه‌گره«. ئه‌مه سێیه‌م كرده‌ی سینه‌ماتۆگرافیكه، گرته‌ی نزیك[8]، كاریگه‌ریی یان ئیدراكی كاریگه‌ریی، ئیدراكی خۆ [خۆئیدراككردن]. هه‌روه‌ها ئه‌م ئیدراكه خۆیشی له‌ناو ده‌چێت، به‌ڵام له كاتێكدا كه جووڵه‌ی ئه‌سكه‌مله‌كه بوه‌ستێت و كه‌سایه‌تییه‌كه بمرێت. ئایا به‌پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌سقه‌ف بێركلی خستوویه‌تییە ڕوو، نابێت له بوون بوه‌ستین بۆ ئه‌وه‌ی ببینه كه‌سێكی نائیدراك؟
چاره‌سه‌ری گشتیی
فیلمی بێكێت له سێ وێنه‌ی بنه‌ڕه‌تیی سینه‌ما تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وانیش ئه‌كشن، ئیدراك و كاریگه‌ریین، به‌ڵام هیچكامیان هه‌رگیز له‌لایه‌ن بێكێته‌وه كۆتایی پێ نایه‌ت، هیچ نامرێت. كاتێك ئه‌سكه‌مله‌كه له جووڵه ده‌وەستێ، ئایدیای ئه‌فڵاتۆنیی ئه‌سكه‌مل [كورسی]، ئه‌سكه‌ملی ڕۆح، ده‌ست بە جووڵە ده‌كات. كاتێك كه‌سایه‌تییه‌كه ده‌مرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی مورفی باسی ده‌كات، ئه‌وه پێشتر به‌ره‌و ڕۆح ده‌ستی بە جووڵە كردووه. ئه‌و وه‌ك ته‌په‌دۆرێكه له‌سه‌ر زه‌ریایه‌كی پڕ له جووڵه و شه‌پۆل. ئه‌و چیتر ناجووڵێت، به‌ڵام له ژینگه‌یه‌كدایە كه ده‌جووڵێت. ته‌نانه‌ت كاتی ئێستاش له‌ناو ده‌چێت، له‌نێو بۆشاییه‌كدا كه چیتر هه‌ڵگری تاریكیی نییه، له سه‌یروره‌یه‌كدا كه چیتر هه‌ڵگری هیچ گۆڕانێك نییه كه مایەی تێگه‌یشتن بێت. ژووره‌كه به‌شه‌كانی خۆی له ده‌ستداوه و له بۆشاییه‌كدا ئه‌تۆمێكی ڕووناك و پرشنگدار به‌ره‌ڵا ده‌كات، ئه‌تۆمی ناكه‌سیی و له هه‌مانكاتدا تایبه‌ت، كه چیتر هه‌ڵگری خۆ نییه بۆ خۆجیاكردنه‌وه‌ی له‌وانی تر یان تێكه‌ڵیان بێت. سه‌یرووره‌ی هه‌ستپێنه‌كراوی ژیانه، «به‌بێ وه‌ستان یان هیچ بارودۆخێك»، بۆ به‌ده‌ستهێنانی شه‌پۆل و شڵپوهوڕێکی جیهانیی و ڕۆحیی.
لەم لینكەی خوارەوە، دەتوانیت سەیری فیلمەكە بكەیت:
[1] "«فیلم» یه‌كێكه له فیلمه‌كانی ده‌رهێنه‌ری ئه‌مریكیی ئالان ئیشنایده‌ر كه سامۆئێل بێكێت سیناریۆكه‌ی نووسیوە و بۆستێر كیتون ڕۆڵی تێدا ده‌گێڕێت. ئه‌م فیلمه فیلمێكی بێده‌نگ و ڕه‌شوسپییه و ده‌رهێنانه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1965، ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ش 24 خوله‌كه.
[2] évêque irlandais Berkeley
[3] La perception
[4] Buster Keaton
[5] l’Action
[6] la Berceuse
[7] l’homme convulsif
[8] le gros plan/close-up
سه‌رچاوه:
Deleuze, Gilles, Critique et clinique, éd. Minuit, paris, 1993, pp. 36-39.