A+    A-
(788) جار خوێندراوەتەوە

بیرخستنەوەی «تایتانیك» 
 

وەلید عومەر


تایتانیك لە خەیاڵی زۆربەماندا ئامادەیە(بەوانەشەوە كە تاقەتی سینەمایان نیە). تایتانیك هەم ڕووداو بوو، هەم فیلم. هەر ئەمەشە وایكردووە لە مێژووی جیهان و مێژووی سینەماشدا ئاكامی سەیری لێ بكەوێتەوە. تایتانیك بەرهەمی ساڵی 1997ـە و جەیمس كامیرۆن لە هۆڵیود بەرهەمیهێناوە. ڕووداوەكە كڵێشەییە، بەڵام لەو كڵێشانەیە كە لە خەیاڵی مرۆڤەكاندا سەردەمانێكی درێژە ئامادەیی هەیە: واتە ئەو كڵێشەیەی كە كچێكی چینەكانی سەرەوە(گەرچی لە ژیانی كەسێكی تردایە)، عاشقی كوڕێكی هەژار دەبێت. دیارە لە ڕووداوی نقومبوونی كەشتییەكەی تایتانیكدا شتی لەم جۆرە بوونی نیە، بەڵام لە فیلمەكەدا بۆی زیادكراوە و پاش زیادكردنە ڕووداوەكە وەك پاشكۆی ئەم پەیوەندییە سۆزدارییە دەردەكەوێت. هەموو دەزانین تایتانیك كەشتییەكی زەبەلاح بوو كە لە بەندەرێكی ئینگڵیزەوە بەرەو نیۆرك كەوتەڕێ و لە ناوەراستی مانگی ئەپرێلی 1912دا لەناو زەریای ئەتڵەسییدا بەر شاخێكی سەهۆڵین دەكەوێت و تێكدەشكێت و نقومدەبێت(گەرچی گومان لەسەر هۆكارەكەی هەیە و كەسانێك دەیان ساڵە لەوە دەكۆڵنەوە ئاخۆ ڕووداوەكە چۆنچۆنی بووە). گوایا زیاد لە 1500 كەس نقوم دەبێت و كەمینەیەكیش بە بەلەم ڕزگاردەكرێن. 

كاتێك بینەرێكی كورد سەیری تایتانیك دەكات، شتانێكی لێ هەڵدەگۆزێت كە تاڕادەیەك بۆ بینەرێكی خۆرئاوایی جیاوازە. تایتانیك بەرهەمی تموحی مرۆڤی خۆرئاواییە لە لوتكەی شۆڕشی پیشەسازییدا و غرووری مرۆڤە لە سەرەتای سەدەی بیستدا كە كەشتییەكی گەورە درووستدەكات و شتێك لە دەسەڵاتی خودا دادەشكێنێت. غروورێك كە ڕەهەندیكی نمایشییش وەردەگرێت و دەوترێت چەند دانەیەك لەو دووكەڵكێشانەی سەر كەشتییەكەش تەنیا بۆ نمایش و خۆدەرخستنی قودرەتی مرۆڤ بووە و هیچ ئەركێكی نەبووە لە ئیشپێكردنی كەشتییەكەدا. كاتێك مرۆڤ لە نقومبوونی كەشتییەكە ورددەبێتەوە و سەدان مرۆڤ بەسەر ئاوەكەوە دەبینێت، ئاگایانە بێت یان نائاگایانە، هەست بە ڕووداوێكی سێكۆلار دەكات. ڕووداوێك كە دەسەڵاتی خواوەند كۆتاییدێت و مرۆڤ دەستی بە هیچ ناگات و هاوارەكانی بڕناكەن. كەشتییەكە وەك بوونەوەرێكی مرۆڤكرد، پارچەپارچەدەبێت و دەستی خوداكرد كۆتاییدێت. بە دەربرینێكی تر، ئیلحاد بەدامەزراوەیی دەبێت و لە ئاگایی مرۆڤی خۆرئاواییدا هەنگاوێك دەچێتە ێش. ئەمە لەكاتێكدا كە ڕەنگە ڕووداوی لەو جۆرە، بۆ مرۆڤی خۆرهەڵاتی، بە جۆرێك لە ئیمان و حەپەسانی غەیبی كۆتاییبێت. ڕووداوی تایتانیك، تراوما و شۆكێكی دەروونی بوو. ڕەنگە لەبەر ئەمەش بێت كە بۆ تەحەمولكردنی ئەم شۆكە، فیلمیكی گەورە و پڕخەرجیی لەسەر بەرهەمبێت: چونكە خەرجی و تێچووی فیلمەكە، لە خەرجیی كەشتییەكە زیاتر بووە(بەجیاوازیی بەهای دراو و سیاقە مێژووییەكەیانەوە). پاش چەندین دەیەش كە هەندێك پاشماوەی وێرانبووی كەشتییەكە دەردەهێنرێت، نرخێكی زۆری لەسەر دادەنرێت تاكو ببینرێت: یەكێك لەو پارەدارانەی كە خولیای ئەوە بووە پاشماوەكەی ببینێت، پارەیەكی زۆری بۆ ئەوە تەرخانكردووە پاشماوەكەی ببینێت و پێی وایە «بینینی تایتانیك، خەونێكە كە بە پارە ناكڕدرێت». وەك بڵێی ئەو خەونەی بە پارە نەكڕیبێت! زیادكردنی ڕووداوێكی ڕۆمانسییش بۆ تایتانیك لە فیلمەكەدا، ڕووبەڕووبوونەوەیەكی فەنتازییە لەگەڵ ئەم شۆكە مێژووییەدا. 

ئەمڕۆ پاش بینینەوەی فیلمی تایتانیك و چیرۆكە ڕۆمانسییەكەی، پێدەچێت دووخاڵ جێی سەرنج بێت:

1) ڕووداوەكان، بە نێوانگریی مەجازیبوونەوەیەكی زۆرتر درووستدەبن و قابیلی تێگەیشتن دەبن. بە دەربڕینێكی سادەتر: كارەسات زۆر ڕوودەدات، بەڵام بەناو میدیا و شاشەكاندا دەگاتە ئێمە و دەیبینین و ئاسایی دەبێتەوە و شۆكەكەی نامێنێت. ڕەنگە پرسێكی مەجازی زووتر قبوڵبكرێت تا پرسێكی واقیعی. تەنانەت لە فیلمێكدا ڕەنگە دەربارەی كارەساتێك خەڵك زیاتر ئامادە ببن، تاكو ئەوەی لە خودی یادی كارەساتەكەدا ئامادە ببن(چونكە فیلمەكە هەم مەجازییە و هەم پارەیەكیش بە بەشداربووەكان دەدرێت و گەر ئەوەش نەكرێت ئەوا وەك ڕێگایەك دەیبینن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەكی تری كارەساتەكە). 

2) ئەمڕۆ «بەدەقیقی» نازانین ، چیرۆكێكی باوی كچێكی دەوڵەمەند و كوڕێكی هەژار لە واقیعدا گەیشتووە بە كوێ. ئایا هەژارەكانیش(كە عادەتەن زۆرینەن) هەوڵنادەن وەك دەولەمەندە شیكپۆشەكان دەركەون؟ ئایا ئەمە ئەو چیرۆكە كۆنەی نەشێواندووە كە هەژارێك وەك هەژار دەردەكەوت و پارەدارێكیش وەك پارەدار؟ ڕەنگە گەر كوڕە هەژارەكان وەك هەژار خۆیان دەربخەن، ئەوا لە گۆشەیەكی قەتیسكراو و فەرامۆشكراو و دەستبەستراودا بمێننەوە و «ڕۆز»ێك بوونی نەبێت دەستیان بكاتەوە؛ كە لە فیلمەكەدا دیكاپریۆ لە سوچێكی فەرامۆشكراودا و لەناوەڕاستی كارەساتەكەدا دەستی بەستراوەتەوە(لێرەدا «دەست» وەك «بەش»ێك لە «گشت»جەستە، جەستە پەكدەخات. ئەمەش وەك میتافۆرێك بۆ زۆرێك لە كوڕە هەژارەكانی ئەمڕۆ كە «بە دەستبەستراوی» هەمووشت دەبینن و دەستیان بە هیچیش ناگات).