A+    A-
(932) جار خوێندراوەتەوە

دەمامك: سامانە بەنرخەكە

وەلید عومەر

 

 



پێرسۆنا(Persona) فیلمێكی بەناوبانگی بێرگمان، دەرهێنەری سویدییە. چیرۆكەكە بەسادەیی بەم جۆرەیە: ئەلیزابێت ڤۆگلەر كچە پاڵەوانی فیلمەكەیە كە لە ناوەڕاستی نمایشێكی شانۆییدا دەوەستێت و بڕیاردەدات بۆ ئەبەد بێدەنگ بێت و چیتر نمایشنەكات. ڤۆگلەر بەدرێژایی فیلمەكە هیچ ناڵێت و مان لە قسەكردن دەگرێت. پەرستارێكیش بەناوی "ئانا" ئەركی چاودێریی ڤۆگلەر دەگرێتە ئەستۆ و بۆ پشوودانێكی درێژ ڕوودەكەنە كەناری دەریایەك و لە كوخێكدا دەمێننەوە و جۆرێك لە ئاخاتوتن و هۆگربوون لەنێوانیاندا درووستدەبێت. ئانا، لەم بێدەنگییە بەردەوامەی ڤۆگلەر وەڕسدەبێت، بەڵام دەبێتە دەرفەتێكیش كە هەموو حەكایەتەكانی خۆی بگێڕێتەوە. بەشێك لە تەفسیرەكان هەردوو كەسایەتییەكە بە یەك كەسایەتی دەزانن كە كەرتبووە و قسە لەگەڵ خۆی دەكات، بەڵام مرۆڤ كاتێك قسە لەگەڵ خۆیشی دەكات ئەوا كۆمەڵگا(ئەویتری گەورە) ئامادەیە و لەناویدا نیشتەجێ بووە.

ڕەنگە سادەترین پرسیار ئەمە بێت: ئایا ڤۆگلەر لە نمایشەكە دێتەدەر، یان نمایش وەك حەقیقەتی ژیان قبوڵدەكات؟ كاتێك لە چەقی نمایشێكدا دەوەستێت و بیردەكاتەوە ئەمە چیە خەریكێتی، ئیتر دەوەستێت و وەك بڵێی تاقەتی نمایشی نامێنێت و لەوە بەئاگادێتە كە كۆی ژیان نمایشێكی وریایانەیە. واتە ژیان نمایشێكە و دەبیت یاسا و ڕێساكانی ئەم نمایشە بناسینەوە. هەموومان دەزانین كۆمەڵێك ئەكتەرین لەبەردەم یەكتردا، بەڵام نابێت ڕێساكانی نمایشەكە پێشێل بكەین و كارەسات بخولقێنین. خاڵێكی قووڵ كە سەبارەت بە نمایش بینیبێتم، ئەو چەند پەڕەیەی ژیژەكە لە كۆتایی كتێبی (ئۆبێكتی باڵای ئایدۆلۆژیا)وە. ئەو پێی وایە، نمایش و مەرایی جۆرێكە لە پاڵەوانێتی. واتە كاتێك نمایش دەكەین، هەموو حەقیقەتی خۆمان دەردەخەین و لەوە ناترسین كە هیچمان لەپشتەوە جێنەهێشتووە. هاتووین گەمە بەو حەقیقەتەوە دەكەین كە كۆی بوونی ڕاگرتووین. لەوێدا دەقاودەق دەڵێت: "پاڵەوانێتیى ماستاو مەرایى" ئەم پارادۆكسە دەگەیەنێتە ئەوپەڕى خۆى. پەیامەكە ئەمەیە: "گەرچى ئەو شتەى وا دەیڵێم، وەك نكۆڵیكردنى بیروباوەڕە ناوەكییەكانى خۆمە، بەڵام دیسان ئەوەش دەزانم كە ئەم فۆرمە بەتاڵەى سافى و خاڵیسى، چەندقات لە بیروباوەڕە ناوەكییەكانم ڕاستگۆیانەترە، بەم مانایەش من لە فڕێدانى بیروباوەڕەكانمدا بەشێوەیەكى ساف و موخلیسانە دەجوڵێمەوە".

لە یۆنانی كۆندا، پێرسۆنا بە مانای كەسایەتی دەهات. وەك بڵێی كەسایەتیی مرۆڤ جۆرێكە لە دەمامك. ڕوونتر: هەموومان یارییەكی قورس بە دەمامكەكانمانەوە دەكەین، ئیدی لە ئاستی شەخسییەوە بیگرە تا دەگاتە ئاستی كۆمەڵایەتی و هونەری و فیكری و سیاسەت(پاراستنی دەمامكی بارزانی لەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، یارییەكی كەمتازۆر زیرەكانە بوو كە دەمامكی «سەربەخۆیی» پاراست). لەودیوی دەمامكەوە گەنجینەیەكی گرانبەها خۆی حەشارنەداوە، بەڵكو هەموو شتە گرنگەكان لە دەمامكدا نیشتووە و چڕبووەتەوە. بۆیە بۆ ئەوەی لە میتافیزیكی دەمامك/جەوهەر خۆمان قوتاربكەین، پێویستە دان بەوەدا بنێین كە دەمامك ڕۆڵی ئەودیوی دەمامكیش دەگێڕێت: بەڵام بەو مەرجەی بێشەرمانە دان بەوەدا نەنێین كە «ئەوە دەمامكە». 

ڕەنگە سەركەوتنە سەرەتاییەكەی ئەم فیلمە لەوەدا بێت كە ڤۆلگەر ڕۆڵی دەمامك ناگێڕێت، بەڵكو خۆی وەك دەمامكێك دەردەكەوێت: سیمای خۆی بریتییە لە دەمامكێك. ئەو هەستەمان دەداتێ، ئەم ئەكتەرە دەمامكێكی وشكهەڵاتوو و ڕاستەقینەیە.