A+    A-
(958) جار خوێندراوەتەوە

نوسین بە تەور
 

وەلید عومەر

 

 



فیلمی درەوشانەوە(The Shining) فیلمێكی ترسناكی دەروونییە و ساڵی 1980 لەلایەن ستانلی كوبریك-ەوە دەرهێنراوە(كە ئەویش لە ڕۆمانی درەوشانەوەی ستیڤان كینگەوە وەرگیراوە كە ڕۆمانەكەم نەبینیوە). فیلمەكە چیرۆكی خێزانێكی سێ كەسییە كە باوكێكی نوسەر و دایكێكی ئاسایی و مناڵێكە لە ئوتێلێكدا. باوكە نوسەرەكە ناوی "تۆرێنس"ـە. بڕیارە ئەم خێزانە زستان لە ئوتێلێكدا بگوزەرێنن، هەم وەك كارگوزار پارەیەك وەربگرن، هەم باوكە نوسەرەكەش ڕۆمانەكەی تەواوبكات. بەڵام ڕووداوەكان بە ئاراستەیەكی تردا دەڕۆن: لەڕواڵەتدا فەزای ناو ئوتێلەكە، كابرای نوسەر تووشی تێكچوونی دەروونی دەكات. ژنەكەش وەك پەڵەیەكی بێ پەیوەندی بە ژیانی پیاوەكەوە دەردەكەوێت و مناڵەكەش بە تاقی تەنیا بە ڕێڕەوی ترسناكی ئوتێلەكەدا دێت و دەچێت و یاریدەكات و جاروبار لەوسەری ڕێڕەوەكەوە دوو كچۆلەی خەیاڵی دەبینێت(بەرامبەر بە ژووری ژمارە 237ی ناو ڕێڕەوەكەش تووشی سام و شڵەژان دەبێت). كاتیك ژن و منالەكە دەچنەدەرەوەی ئوتێلەكە بۆ پیاسە، نوسەرەكە خۆی ئامادەدەكات بۆ نوسین و دەستدەكات بە تایپ. بەڵام ناتوانێت لە یەك ڕستە زیاتر بنوسێت و دەیان و سەدان لاپەڕە بەم ڕستە دووبارەیە پڕدەكاتەوە: "All work and no play makes Jack a dull boy". پاش ئەم “لە نوسین چوونەوە"یە، بگرە و بەردە لەنێوان خۆی و خێزانەكەی و خەڵكانێكی تردا درووستدەبێت و خێزانەكەی ڕاودەنێت و خەڵكێكیش لەناو ئوتێلەكەدا بە تەور دەكوژێت. سەرەنجام لەو ماوەیەدا كە بەناو بەفری دەرەوەی ئوتێلەكەدا دوای مناڵەكەی دەكەوێت تا بیكوژێت، شەكەت دەبێت و ڕەقدەبێتەوە. 
خاڵێكی سادە كە دەتوانین لەسەر فیلمەكە بیورووژێنین، كەسایەتیی "نوسەر”ـە. نوسەر كێیە؟ ئایا نوسەر ئەو سوبێكتە نەخۆشەیە كە كۆنترۆڵی لە دەستی خۆیدا نیە، یان كەسێكی پەروەردەكاری كۆمەڵایەتییە و بۆ چاكەی گشتی تێدەكۆشێت؟ بەپێی بۆچوونی یەكەم نوسەر كارەكتەرێكی نەخۆشە و ئەم نەخۆشییە باڵابووەتەوە بۆ ئاستی داهێنان، و داهێنان ئەو جڵەوەیە كە ناهێڵێت نوسەر ببێتە بكوژ(بۆنمونە، كەسێكی تەور وەشێنی وەك نوسەری ناو فیلمەكە). بەپێی بۆچوونی دووەمیش، نوسەربوون جۆرێكە لە پیشە و بژاردە و تەنانەت ئەركی كۆمەڵایەتی(وەك لە یۆنانی كۆن، یان یەكێتیی سۆڤیەتدا باو بوو). 

پێدەچێت تا ئەم تایپە لە مرۆڤ لەناو مێژوودا هەبێت، پێناسەكەی یەكەم هەڵگری ڕاستیی زیاتر بێت. چونكە نوسەربوون هەم جۆرێكە لە كەفارەی كۆمەڵایەتی، هەم جۆرێكیشە لە ئاوارتەبوون(استثنا) و دەرچوون لە ڕۆحی دەستەجەمعی. بەم پێیە نوسەربوون شتێكە لە نە-نواندنەوە، ڕاستەوخۆ هیچ واقیعێكی باو نانوێنێتەوە و هەمیشە ئیزافەیەك دەخاتە سەر واقیع. بە دەربڕینێكی تر، نوسەربوون بژاردەیەك نیە لەپاڵ بژاردەكانی تردا، زەوقێك نیە لەپاڵ زەوقەكانی تردا، بەڵكو قەدەرێكی تاقانە و ڕەمزییە كە مرۆڤ لە كۆمەڵگادا هەڵیدەگرێت. واتە ئەزموونێكی پێدراو و پۆزەتیڤ نیە، بەڵكو پێنەدراو و نێگەتیڤە(وشەی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ ڕەهەندێكی فیكرییان هەیە و گوزارشتن لە شتی پێدراو و پێنەدراو). نوسەربوون لە جێیەكدا ئەو شتەیە كە پێناسه هەڵناگرێت و ڕوویەكی مەحاڵی هەیە. وەكچۆن عەشق ڕوویەكی مەحاڵی هەیە و هیچكام لەو پێناسە باوانە نیە كە بۆی دەكرێت. بۆنمونە، جۆرێك لە بنێشتی مناڵان هەیە كاتێك وێنەی ناو بنێشتەكە هەڵدەپچڕیت، هەرجارە و بە هەردوو زمانی ئینگڵیزی و فارسی پێناسەیەكی بۆ عەشق كردووە وەك: «عەشق واتە هەستكردن بە ترپەی دڵی یەكتر»، «عەشق واتە گوشینی چەند دڵۆپە لیمۆیەك بۆ ناو "چا"كەی ئەو»، «عەشق واتە دایكبوون و هتد». بەڵام شتێك هەیە لە عەشقدا كە هیچكام لەمانە نیە، واتە دەكرێت ئەمانەش هەبێت و عەشقیش نەبێت. نوسەربوونیش بەم جۆرەیە. نوسەر مامەڵە لەگەڵ هەزاران ئەگەر و ئیمكانی نوسیندا دەكات، بەڵام ڕەگەزێكی مەحاڵیش هەیە و ملكەچی نوسین نابێت و پێدەچێت هەر ئەمەش هۆكاری بەردەوامبوون بێت.

لە فیلمەكەدا، ئەو ژنەی لەگەڵ نوسەرەكەدا دەژی، وەك ژنێكی بێ ڕەبت دەردەكەوێت. وەك بڵێی، هەبوونی ژنێك لە ژیانی نوسەرێكدا هەمیشە وەك ڕەگەزێكی بێ ڕەبت دەمێنێتەوە و لە بەدحاڵیبوونێكی بونیادی دا دەژین. لەوێشدایە كە كارمەندی بەشی خواردنەوەی ئوتێلەكە بە نوسەرەكە دەڵێت: «نە دەتوانیت لەگەڵ ژنان بژیت، نە دەشتوانیت بێ ئەوان بژیت». ئەمە ئەو پنتە ناكۆكەیە كە بۆ بزووتنەوەی فیمینیزم و ڕەوتی پیاوسالارییش ماوەتەوە و ڕیشەكەی بۆ ئەو بەدحاڵیبوونە قووڵە دەگەڕێتەوە كە لەنێوان فەنتازیای دوو مرۆڤدا هەیە(واتە گەر ژن ئەحمەق بێت لای پیاو، پیاویش وەك ئەحمەقێك دەردەكەوێت لای ژن). ڕەنگە لوتكەی ئەم بەدحاڵیبوونە لە كوشتندا دەربكەوێت. لە فیلمەكەدا سەرەتا ڕێبەری ئوتێلەكە ژووری ساردخانەكە پیشانی ژن و مناڵەكە دەدات و بڕ و جۆری گۆشتەكانیان پیشاندەدات كە جۆرەها گۆشتی ئاژەڵ و پەلەوەری لێیە و ئامادەكراوە. لە كۆتایی فیلمەكەدا، ئەم گۆشتە وەردەگەڕێت بۆ گۆشتی مرۆڤەكان، واتە ئەوانەی كە بەر تەورەكە دەكەون.