A+    A-
(711) جار خوێندراوەتەوە

ئاڕنۆڵد لەسەر جادە

 

وەلید عومەر

 





لەجیاتیی ئەم ناوە ڕەسمییە درێژە "ئاڕنۆڵد ئالویس شوارزینگەر"، ئاڕنۆڵد بە ناوێكی خۆماڵییەوە هاتە واقیعی ئێمەوە. ساڵانی شەڕی ناوخۆ، ئاڕنۆڵد زوو قبوڵدەكرێت و دەبێتە بەشێك لە خەیاڵدانی مناڵییمان. ئەوكات ئاڕنۆڵدی ناو فیلمی (Terminator ) پێی دەوترا: ئاڕنۆڵد قوڕقوشمەكە(لە هەندێ جێگەی تریش پێی دەوترا ئاڕنۆڵد مسەكە). ئەوكات لە دنیای ئێمەدا ئەو سیستەمە زاراوەییە ئامادەیی نەبوو كە وشەی قوڕقوشم بگۆڕێت بۆ (ڕۆبۆت). ناوەڕۆكی فیلمەكەش كە لەسەر وێرانبوونی جیهان و شەڕی ئەتۆمە لە داهاتوودا، بەجۆرێكی تر دەگات. ئەوەندەی كە گرتە و دیمەنە ئەكشنەكان دەگەیشت، ناواخنی فیلمەكان نەدەگەیشت. لە ساڵانی شەڕی ناوخۆدا، هێزی چەك و بازوو بەسەر هێزە ڕەمزییەكانی تردا زاڵبوو. ئەمەش گوزارشت بوو لەوەی كە بەرهەمێكی مۆدێرنی سینەما بە بەرهەمێكی تاڕادەیەك پێشمۆدێرن وەردەگیرا. بۆیە ئاڕنۆڵد بازوویەكی هەبوو كە لە مرۆڤێكی ئاسایی زیاتر بوو، شتێك بوو كە لە فەلسەفەدا پێی دەوترێت(سایبۆرگ یان ئەو مرۆڤەی كە نیوەی ڕۆبۆت و ماشێنە و نیوەشی مرۆڤ). بە دەربڕینێكی تر، پەیوەندیی بینەری كورد بە ئاڕنۆڵدەوە جۆرێك بوو لە هاوشوناسی و یەكبوونی خەیاڵی(Imaginary Identification). ئەم سیاقگۆڕییە تائێستاش لە مەسەلەی ئەدەبیات و وەرگێڕاندا ئامادەیی هەیە و بۆنمونە كافكا وەك كافكا نایەت و بێكێت وەك بێكێت نایەت.

لە بەشی یەكەمی زنجیرەفیلمی Terminator (لەناوبەر)دا، ساڵی 2029یە و ڕۆبۆتەكان فەرمانڕەوایی زەوی دەكەن و دەیانەوێت ئەو تۆزە مرۆڤەش لەناوبەن كە ماونەتەوە. ئاڕنۆڵد ڕۆڵی ئەو ڕۆبۆتە لەناوبەرە دەبینێت كە تووشی خودئاگایی هاتووە و لە ئاستی ڕۆبۆتێكی ئاسایی دەرچووە. لەم بەشەدا ئاڕنۆڵد لە ململانێدایە بۆ كوشتنی دایكی ئەو مناڵەی كە گوایا لە داهاتوودا فریادڕەسی مرۆڤایەتییە. لە بەشی دووەمدا، ڕۆڵی ئاڕنۆڵدا ئەرێنییە و مناڵە فریادڕەسەكە كە ناوی (جان كارنەر)ە لە ڕۆبۆتێكی تر دەپارێزێت. لە بەشی سێیەمدا، پاش ئەوەی كە جان كارنەر و ئاڕنۆڵد مرۆڤیان لە قەڵاچۆبوون پاراستووە، ڕۆبۆتێكی «ژن» دەیەوێت جان كارنەر بكوژێت كە تەمەنی گەیشتوە بە 20 ساڵ. ئەمجارەش بە كۆمەكی ئاڕنۆڵدی نیوەمرۆڤ ڕزگاریدەبێت. فیلمی تێرمیناتۆر بەهۆی خواستی بازاڕ/بینەرەوە تا چەند بەشێكی تر دەڕوات و بەردەوامە. ئێستا كە سەلیقەی خەڵك بۆ فیلم گۆڕاوە، ئاڕنۆڵد هەر جێی ڕامان و هەڵوەستەیە(بەپێچەوانەی ئەو خۆلوسكردنە ڕۆشنبیرانەیەوە كە ئەم فیلمانە وەك فیلمی نزم دەخاتەلاوە). بەهەرحاڵ، ئاڕنۆڵد لە شێوەی بكوژدا بێت یان پارێزەر، ئەوا هەر نابێتە تێز و ئەنتی تێز و بگرە درێژكراوەی كارەكتەرێكە و دۆخی خۆی دەگۆڕێت.

كاتێك وەك مرۆڤێكی وەڕس و ماندووی ناو ئەم جیهانە لەپاش فیلمی تێرمینیاتۆری ئاڕنۆڵد، دەڕۆینە ناو شار و لەسەرجادەكان ئاڕنۆڵد و ئۆتۆمبێلە ناقۆڵاكانی نابینین هەست بە چی دەكەین؟ ئایا هەستناكەین واقیع شتێكی لێ داشكێنراوە؟ بە دەربڕینێكی تر: فیگەری ئاڕنۆلد بەر لە هەر شتێك بریتییە لە ڕەهەندە سەركوتكراوەكەی واقیع. واقیع بۆ ئەوەی وەك واقیع درووست ببێت، پێویستی بەوەیە ڕەگەزێكی توندوتیژ لەخۆیدا هەڵگرێت و ناونشینی بكاتەوە. بەتایبەت لە دنیایەكی وەك ئەمڕۆدا، واقیع ئەو ڕەهەندە توندوتیژەی سەركوتكردووە و لە فۆرمی تردا پێشكەشماندەكات وەك: جامخانە شیك و ڕازاوەكانی پێشانگای ئۆتۆمبێل، سیمای هیلاكی ڕێبوارە بێكار و خەمۆكەكان، سواڵكەرە جۆراوجۆرەكان، ئەو مرۆڤانەی كە توندوتیژییەكانی واقیعییان لەناو خۆیاندا هەڵگرتووە و نەخۆشیكردوون و هتد. بۆیە ئاڕنۆڵد بەر لەوەی كەرەستەیەكی ئایدۆلۆژیی هۆڵیود بێت بۆ شكاندنی ئیرادەی مرۆڤایەتی، ئەوا ئەو رەگەزە سەركوتكەرەیە كە بەردەوام واقیع دەیچەپێنێت و لە شێوەی دیكەدا سەردەردەهێنێتەوە. پێش ماوەیەك ئەمە لە ژیانە ئاساییەكەی ئاڕنۆڵد خۆیشیدا ڕوویدا كە دیوێكی سیمبوڵیی هەیە:
ئاڕنۆڵد ئەو كاتەی كە فەرمانڕەوای ویلایەتی كالیفۆرنیایە، ئەو ئوتێلە دەكاتەوە كە پەیكەرێكی خۆیشی لەبەردەمیدایە. خاوەنی ئوتێلەكە پێی دەڵێت ژوورێك بۆ تۆ تەرخانكراوە و هەركات هاتیت دەتوانیت پشووی تیابدەیت. دواتر كە ئاڕنۆڵد وەك فەرماندار نامێنێتەوە، ڕێی دەكەوێتە ئەو ئوتێلە و دەیەوێت بڕواتە ژوورە تایبەتكراوەكەی. بەڵام لە ژووری پێشوازی پێی دەڵێن بەداخەوە هەموو ژوورەكان گیراوە(چونكە ئاڕنۆڵد چیتر ئاڕنۆڵد نیە و ئەو ناوبانگ و دەسەڵاتەی جارانی نیە). ناچار ئاڕنۆڵدا كیسەیەكی خەو دێنێت و لەژێر پەەیكەرەكەیدا دەخەوێت. ئەم ڕووداوە هەم گوزارشتە لە سەرمایەداریی ئەمریكی، هەم گوزارشتە لە بەرجەستەبوونەوەی كاركردی ئاڕنۆڵد خۆی وەك هێمایەك. ئاڕنۆڵد خۆی ڕەگەزە چەپێنراوەكەی ژیانی هەموومانە كە لە فەزای گشتییدا خۆی دەردەخات. ئەو پەیكەرە لەوێدا، ئەو دیوەی ئاڕنۆڵدی ئەكتەرە كە قازانج بۆ سەرمایەداری بەرهەمدێنێت و ئاڕنۆڵدە لە گۆشت و خوێن درووستكراوەكە پاشەڕۆ و تڵپی سیستەمەكەیە.

ئەم قودرەتە جەستەییەی كە لە ئاڕنۆڵددا هەیە، كۆمەڵێك شتی ترمان پێدەڵێت كە لۆژیكی خۆی لە سەرمایەدارییەوە وەردەگرێت. بۆنمونە لە بەشی دووی تێرمینیاتۆردا، دایكی مناڵەكە لەبەر خۆیەوە شتێكی لەم جۆرە دەرهەق بە ئاڕنۆڵدی نیوە-ڕۆبۆت دەڵێت: ئەو باشترین باوكە بۆ تۆ. واتە لەڕوانگەی ئەو ژنەوە باوكی باش/پیاوی باش ئەو پیاوەیە كە هەرچیت پێ وت بتوانێت بیكات. باشترین پیاو ئەو پیاوەیە كە نەتوانین ناتوانێت و نەزانین نازانێت. دەبێت هەموو خواستەكانی ئەو بەدیبهێنیت، لە خواستی شەخسییەوە تا مەسرەف و ڕاكەراك و كاركردن. بە مانایەكی تر، مرۆڤی باش لەڕوانگەی سەرمایەدارییەوە ئەو مرۆڤەیە كە ماندووبوون نازانێت و دەبێت لە ئاستی مرۆڤی سایبۆرگی نزیكببێتەوە. 

لە دواسنوردا، ئاڕنۆلد ئەو بریكارەیە كە لەڕێگەی خراپەكاری و وێرانكردنەوە، بۆ چاكە و رزگاری تێدەكۆشێت. سادەترین شت كە لەمەوە بیرمانبكەوێتەوە درووشمەكانی ئەمریكا خۆیەتی: لەڕێگەی وێرانكارییەوە، دیموكراسی و ئازادی بۆ عێراق و ئەفغانستان و سوریا و ناوچەكانی تری دونیا دێنن.