یاخیبوونی بۆرژوا مووچەخۆرەکان
سلاڤۆی ژیژەک
و. محەمەد فایەق
بیل گەیتس چۆن بوو بە دەوڵەمەندترین پیاوی ئەمریکا؟ سامانەکەی هیچ پەیوەنديی بەوەوه نیە کە مایکرۆسۆفت بەرهەمەکانی لەچاو ڕکابەرەکانی دا بە هەرزانتر دەخاتەڕوو، یاخود سەرکەوتووانەتر کرێکارەکانی دەچەوسێنێتەوە(مایکرۆسۆفت پارەی زیاتر دەدات بە کرێکارە هزریيەکانی[1]). لەگەڵ ئەوەشدا ملیۆنان کەس هێشتا بەرهەمەکانی مایکرۆسۆفت دەکڕن، چونکە مایکرۆسۆفت خۆی وەکو ستانداردێکی جیهانی سەپاندووە؛ بەتەواوەتی کایەکەی قۆرخکردووە؛ وەک نمونەیەک بۆ ئەو شتەی کە مارکس پێیدەوت " کاری زهینيی گشتی[2]"، کە مەبەست لێی زانینی هاوبەش بوو لە هەموو شێوازەکانی دا، هەر لە زانستەوە بیگرە تا چۆنیەتيی ئەنجامدانی هەرشتێک. گەیتس، به شێوهيهكى کارا لەڕێگهی خاوەندارێتیکردنی بەشێکی ئەو کارە زهینیيە گشتیيەوە دەوڵەمەند بوو بەهۆى دەستبەسەراگرتنی ئەو کرێیەی کە بهدەستدەهات.
ڕەنگە ئەگەری بەتایبەتیکردنی کاری زهینيی گشتی شتێک بووبێت کە مارکس، لە نوسینەکانیدا لەسەر سەرمایەداری، هەرگیز وێنای نەکردبێت (بەزۆری لەبەر ئەوەی ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی پشتگوێ خستبوو). گەرچی کرۆکی ململانێی ئەم سەردەمە هەوڵی زهوتكردنى خاوەندارێتيی هزرى؛ لەگەڵ زیادبوونی ڕۆڵی کاری زهینيی گشتی دا، کە بنچینەکەی زانینی هاوبەش و هەماهەنگيی کۆمەڵایەتییە، لە کۆمەڵگە پاشپیشەسازییەکاندا، دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی سامان لە هەموو ڕووەکانەوە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕادەی بەکارهێنانی هێزی کار لە بەرهەمهێنانی دا. دەرەنجامەکە ئەوە نیە کە مارکس پێشبینیى دەکرد، کە هەڵوەشانەوهی سەرمایەداريیە؛ بەڵکو گواستنەوەیهکی پلەبەپلەی قازانجی بەرهەمهێنراوه لهڕێگهى چەوساندنەوەی کرێکارەوە بۆ کرێیەک کە لەڕێگهی بهتايبهتيكردنى زانینەوە[3] بەدەست دەخرێت.
هەمان شت سامانە سرووشتییەکانیش دەگرێتەوە؛ لەڕێگهی چەوساندنەوەیەکەوە، کە سەرچاوەی یەکەمی کرێیە لە جیهاندا. ململانێیەکی بەردەوام هەیە کە کێ کرێکەی دەستدەکەوێت خەڵکی وڵاتەکە یان کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان. دژیەکی و ئایرۆنییەکە لێرەدایە، کە مارکس لە بەرواردکردنی نێوان کرێکار(کە بەگەڕخستنی زیادەبەها درووستدەکات) و کاڵاکانی تردا(کە مهسرهفكردنى هەموو بەهاکەی له بهكارهێناندا بەکاردەبات) نەوتی وەک کاڵایەکی "ئاسایی" ناساندووە. کەواتە هەر هەوڵێک بۆ پەیوەستکردنی نرخی نەوت بە هەڵکشان و داکشانی تێچووی بەرههمهێنانی یاخود نرخی هێزی کاری چەوساوە، بێمانا دەبێت. تێچووی بەرهەمهێنان پشتگوێدەخرێت بەهۆی بوونی بە پشکێک لەو نرخەی دەیدەین بە نەوت، نرخێک کە لە ڕاستیيدا ئەو کرێیەیە کە خاوەن سەرچاوەکان ئارەزوویدەکەن لەئەنجامی کەمیی دابینبوونیەوە.
دەرەنجامی زیادبوونی بەرهەمهێنان، کە بەهۆی گەشەی لەڕادەبەدەری کاریگەريی زانینی هاوبەشەوەیە( collective knowledge)، بووهتەهۆی هێنانی گۆڕانێک بەسەر ڕۆڵی بێکاریدا. ئەوە سەرکەوتنی ڕاستەقینەی سەرمایەدارییە (کارامەیی زیاتر، زیادبوونی بەرهەم) کە بێکاری درووستدەکات، بە بەردەوامی کرێکار بێکەڵک دەکات؛ ئەوەی کە دەبووایە وەک نیعمەتێک سەیربکرایە – کاری کەمتر- بوو بە نەفرەتێک. یاخوود بە دەربڕینێکی دیکە چانسی چەوساندنەوەی لە کارێکی هەمیشەییدا ئێستا وەک ئیمتیازێک تەماشادەکرێت. بازاڕی جیهانی، هەر وەکو فریدریک جیمسۆن ئاماژەی بۆ دەکات، 'فەزایەکە کە تێی دا هەموو کەسێک جارێک بووە بە هێزی کاری بەرهەمهێنەر، هەروەها هێزی کار لە هەموو شوێنێکیشدا بەهۆی سیستەمەکەوه نرخ بۆ خۆی دادەنێت. بەجیهانیبوونی بەردەوامی سەرمایەداری وایکردووە کە بێکاری چیدی بەتەنیا نەکەوێتە ناو " لەشکری ئیحتیاتی هێزی کار"ەوە وەک ئەوەی مارکس ئاماژەی بۆ کردبوو؛ بەڵکو ئەوەش بگرێتەوە کە جيمسۆن باسیدەکات: «ئەو کۆمەڵە دانیشتووانە گەورانەی کە وەک بڵێی هەر وابوون، "کەوتوونەتە دەرەوەی مێژوو"ـەوە؛ ئەوانەی کە بەمەبەست فڕێدراونەتە دەرەوەی بەمۆدێرنکردنی سەرمایەداريی جیهانيی یەکەمەوە، و وەک بێهیوا و کەیسە کۆتاییەکان ناوزەدکراون»: دەوڵەتە بەناو شکست خواردووەکانی وەک (سۆماڵیا و کۆنگۆ)؛ قوربانیيانی کارەساتە سرووشتی و ژینگەیيەکان؛ ئەوانەی گیریان خواردووە لەناو کۆنە 'ڕقە ئەتنی'یە ساختەکاندا، ئۆبێکتەکانی مرۆڤدۆستەکان و NGO کان یان بەرکەوتووانی شەڕی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر. لە بەر ئەوە پۆلێنبەنديی بێکاری بڵاوبووهتەوە بۆ مەودایەکی فراوانی خەڵک، هەر لە بێکاری کاتییەوە، بۆ ئەوانەی چیتر ناتوانرێت بەکاربخرێن و ئەوانەی بۆهەتاهەتایە بێکارن، بۆ هەموو ئەو بێدەرەتان و بێماڵوحاڵانەی لە ژێر کوخێکدا دەژین(هەمووی ئەوانەی کە مارکس خۆی زۆرجار پشتگوێی خستوون، 'لۆمپن پرۆلیتارهکان')؛ و لە کۆتایيدا هەموو ئەو کۆمەڵگە و دەوڵەتانەی کە کراونەتە دەرەوەی پرۆسەی بەجیهانیبوونی سەرمایەداری، وەک بۆشاییەکی سەر نەخشەیەکی کۆنیان لێهاتووە.
بە بۆچوونی هەندێ کەس ئەم فۆرمە نوێیەی سەرمایەداری دەبێتەهۆی درووستکردنی ئەگەری نوێی ڕزگاری. لەپێش هەموویانەوه ئەمە تێزی مايكڵ هارت و ئهنتۆنى نێگریيه لە کتێبەکەیان دا بەناوی حهشامات Multitude، کە تێیدا لە هەوڵی ڕادیکاڵکردنەوەی مارکسدان کە پێىوابوو کە بە تەنیا گەر سەری سەرمایەداری پانبکەینەوە ئهوا دەگەین بە سۆسیالیزم. مارکس، وەک ئەوەی ئەوان دەیبینن، لهڕووى مێژووييهوه ناچار و كۆتوبهندكرابوو: لەو باوەڕەدا بوو لهڕوانگهى کارێکی پیشەسازيی سهنتراڵ و خۆکرد و بەشێوازێکی هەرەمی ڕێکخراوهوه، هەروەها لە ئەنجامی تێگەیشتنی لە کاری "زهينيی گشتی"یەوە وەک شتێکی نزیک لە کارگوزارێکی ڕێکخراوی ناوەندی؛ ئەوە تەنیا ئەمڕۆیە کە بەهۆی زیادبوونی 'هێزی کاری نامادی'يهوه، کە شۆڕشێکی ئاوەژووکەر بووه به 'توانست و ئەگەرێکی ئۆبێکتيڤ'. هێزی کاری نامادی دوو جەمسەر دەگرێتەوە: لە هێزی کاری زهینیيهوه(بەرهەمهێنانی ئایدیا، و دەق و پرۆگرامی کۆمپیوتەر، هتد) بۆ هێزی کاری سۆزدارانە[4] (کە لەلایەن دکتۆر، و دایەنەکان و کارمەندانی فڕۆکەخانەکانهوه ئهنجامدهدرێت). ئەمڕۆ هێزی کاری نامادی هەژموونيی خۆى سەپاندووە بەو مانایەی کە مارکس باسی هەژموونی بەرهەمهێنانی گەورەی پیشەسازيی دەکرد لە سەرمایەداريی سەدەی ١٩دا: خۆ داسەپاندنەکەی بەهۆی هێزی ژمارەکەیەوە نیە، بەڵکو بەهۆی ڕۆڵگێڕانێکی بونياديى سەرەکی و سیمبولیەوەیە. ئەوەی کە پەیدابوو پانتاییەکی بەرفراوانە بە ناوی 'شته هاوبەشهكان'ـەوە[5]: زانینی هاوبەشىپێكراو و شێوازێکی نوێی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی. بەرهەمەکانی بەرهەمهێنانە نامادییەکان ئۆبێکت و کاڵا نین، بەڵکو پەیوەندیيەکی کۆمەڵایەتی و نێو-کەسيی نوێن؛ بەرهەمهێنانە نامادییەکان زیندە-سیاسیين، بەهەمی ژیانی کۆمەڵایەتيین.
هارت و نێگری باسی ئەو پرۆسەيه دەکەن کە ئەمڕۆ ئايدۆلۆژيستهكانى سەرمایەداريی "پۆستمۆدێرن" وەک سەرکەوتنی گواستنەوە لە بەرهەمهێنانی ماديیەوە بۆ بەرهەمهێنانی سيمبولی؛ لە لۆژیکی هەرەمیی ناوەندییەوە بۆ لۆژیکی خۆ-ڕێکخستن و هەماهەنگییە فرەسەنتەرەکان شتەکە دەبینن. جیاوازییەکە ئەوەیە کە هارت و نێگری بەئەمەکن بۆ مارکس: له هەوڵی سەلماندنی ئەوەدان کە لەسەر حەق بوو، ئەوەی کە هەڵکشانی کاری زهینيی گشتی لە دوورمەودادا ناگونجێت لەگەڵ سەرمایەداریيدا. ئایدۆلۆژیستهكانى سەرمایەداری لە هەوڵی سەلماندنی پێچەوانەکەیدان: کاتێك دەڵێن، تیۆری مارکسی (و پراکتیزەکەشی) لەناو سنوربەنديی لۆژیکيی هەرەمی دەسەڵاتی ناوەنديی دەوڵەتدا قەتیس بوو و ناتوانێت سەودا بکات لەگەڵ کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕشی زانیاری دا. چەندین هۆکاری ئەزموونی هەن بۆ ئەم ئاخاوتنە: ئەوەی کە ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانی ڕووخاند، ئەوە بوو کە نەیانتوانی خۆیان لەگەڵ ئەو لۆژیکە کۆمەڵایەتیيە نوێیەدا بگونجێنن کە شۆڕشی زانیاری بەردەواميی پێدەدا. لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە بەر بە شۆڕش بگرن، بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژە پلانێکی تری سەنتراڵی گەورەی دیکە. پارادۆکسەکە لێرە دایە، ئەوەی کە هارت و نێگری وەک ئاماژەیەکى بێوێنە دەینرخێنن بۆ زاڵبوون بەسەر سەرمایەداریيدا، ئایدۆلۆژیستە سەرمایەدارەکان وەک ئاماژەی پەیدابوونی سەرمایەدارییەکی بێبهركهوتن(frictionless) تەماشای شۆڕشی زانیاری دەکەن.
شیکارییەکانی هارت و نێگری چەند خاڵێکی لاوازی تێدایە، کە یارمەتیمان دەدات تێبگەین سەرمایەداری چۆن توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر ئەو ڕێکخستنە نوێیەی بەرهەمهێناندا(بە تێگهيشتنه مارکسییەکە) کە دەبوو تێیپەڕێنێت. ئەوان ئەو مەودایەیان بەکەم نرخاند کە سەرمایەداريی ئەمڕۆ توانیویەتی سەرکەوتووانە(گەر بۆ کورتمەوداش بێت بەلای کەمەوە) خودی کاری زهینيی گشتی بەتایبەتی بکات، هەروەها ئەو مەودایەشی، کە زیادتر، زیادتر بۆرژوازی و کرێکار خۆيشیان وەک زیادەیهکیان لێ دێت(کە زۆربەیان نەک هەر بۆ ماوەیەکی کەم بەڵکو بە بهشێوهيهكى بونيادى و ستراکچەری ناتوانرێت کاریان هەبێت).
گەر سەرمایەداریی کۆن ئایدیاڵیانە وەبەرهێنەرێکی بەگەڕبخستایە کە وەبەرهێنانی لە پارەکە خۆی یا قەرزێکدا بکردایە، کە هەر خۆی ڕیکخەر و بەڕێوەبەری بووایە، و لە دوایش دا قازانجەکەی بدوورایەتەوە؛ ئەوا ئایدیاڵێکی نوێ خەریکە پەیدادەبێت. چیدی ئەو وەبەرهێنەرە نیە کە خاوەنی کۆمپانیاکەی بوو، بەڵکو جێبەجێکارێکی شارەزا ( یاخود بۆردێک بەسەرپەرشتيی یەکێك ' CEO 'یەک بەڕێوەدەچێت) کە کۆمپانیايەک بەڕێوەدەبات کە خاوەنەکەی بانکێکە(هەروەها لەلایەن چەندین بەڕێوهبەریشهوه بەڕێوەدەبرێن کە خاوەنی بانک نین) هتد. لەم ئایدیاڵە نوێیەی سەرمایەداریيدا، بۆرژوا کۆنەکان کە ناکاریگەر و ناپێویست بوون، بۆیە وەک بەڕێوهبەری موچەخۆر ئەرکیان پێ دراوەتەوە: ئەندامە نوێکانی بۆرژوازی مووچەوەردەگرن، تەنانەت گەر خاوەنی بەشێکی کۆمپانیاکەش بن، پشک بەدەستدەخەن بەهۆی ڕێزلێنانیانەوە ('بەخشش' بۆ 'سەرکەوتنەکان'یان'). ئەم جۆرە نوێیەی بۆرژوازی هێشتا زیادەبەها بەدەستدەخات، بەڵام بەشێوەیەکی(تەمومژوای) لەژێر ناوی ئەو شتەی کە پێی دەوترێت 'زیادە مووچە': زۆر زیاتر وەردەگرن لە 'کەمترین مووچە'ی پرۆلیتاریایەک(ڕێژەیەکی دانراوی ئوستورهيى کە تەنها شوێنانێک نمونەی ڕاستهقينه بن کرێکاری شیرینیخانەکانی چین و ئهندۆنيزیایە)، ئەوە ئەم جیاکارییەیە لە پرۆلیتاریای ئاسایی کە پێگەکەیان دیاریدەکات. بۆرژوازی بە واتا کلاسیکییەکەی خەریکە نامێنێت: سەرمایەدارەکان وەک گروپۆچکەیەکی كرێكارى مووچەخۆر پەیدادەبنەوە، وەک بەڕێوەبەرانیک کە شایستەی مووچەی زیاترن بە فەزڵی کارامەییانەوە(ههڵسهنگاندنى ساختهى زانستی لە بەر ئەم هۆیە گرنگە: شەرعیەت بە جیاوازییەکان دهدات). هەر تەنیا بەڕێوبەرەکان ناچنە خانەی کرێکاری زێدەمووچەوە بەڵکو هەموو توێژەکانی وەک خزمەتگوزاريی گشتی، و پزیشک، و پارێزەر، و ڕۆژنامەوان، و ڕۆشنبیر و هونەرمەندیش لەخۆدەگرێت. زێدەکە بە دوو شێوەیە: پارەی زیاتر(بۆ بەڕێوهبەرهکان و هتد)، لەگەڵ ئەوەشدا کاری کەمتر و کاتی بەتاڵی زیاتر(بۆ هەندێ لە ڕۆشنبیرەکان، هەروەها بۆ بەڕێوبەرە حکومییەکان).
ئەو پرۆسانەی کە ئەوەی پێیدەنرخێنرێت کام کرێکار زێدەمووچەیەک وەربگرێت، ڕێکارێکی هەڕەمەکی [Arbitrary]و ئارەزووکارانەی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیایە؛ هیچ پەیوەندییەکی بە لێهاتوويیەوە نیە؛ هۆکار هەبوونی زێدەمووچەى ئابوری نیە بەڵکو سیاسییە: ڕاگرتنی 'چینی ناوەڕاست'ـە بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیريی کۆمەڵایەتی. ئەم هەڕەمەکیبوونەی هەرەمی کۆمەڵایەتی هەڵەیەک نیە، بەڵکو هەموو مەبەستەکەیە؛ هەڕەمەکیبوونی نرخاندنەکان ڕۆڵیکی هاوتای هەڕەمەکیبوونی سەرکەوتنی بازاڕ دەبینێت. توندوتیژی تەشەنەدەکات، نەک کاتێک کە لە فەزای کۆمەڵایەتیيدا زۆر ئهگهر و ئيحتيمال(شيمانه) هەن، بەڵکو کاتێک کە هەوڵدەدرێت ئەو ئيحتيمالانه لابدرێن. لە La Marque du sacre دا، ژان پێری دوپی [ [Jean-pierre Dupuy پێیوایە هیرارشیەت یەکێکە لەو چوار ڕێکارە (‘dispositifssymboliques’)ی کە ئەرکەکەی ئەوەیە کە پەیوەندییە هیراركييەکان بە سوکایەتیئامێز نەبینرێت: هیرارشیەت خۆی (نەزمێکی داسەپاوی دەرەکی کە ڕێگەم پێدەدات پلە کۆمەڵایەتییە نزمەکەم ئهزموونبكهم، ئهويش جيا لە بەها زگماکییەکانم)؛ داماڵينى ڕاز و تهمومژ[6] (ڕێکارێکی ئایدۆلۆژی کە دەریدەخات کۆمەڵگە بەپێی کارامەيی و لێهاتویی بەڕێوەنابرێت [[meritocracy بەڵکو بەرهەمی ململانێ بابهتييه کۆمەڵایەتییەکانە، کە بە دوورم دەگرێت لەو دەرئەنجامە بەسوێیەی کە بلەبەرزی کەسێکی دیکە بەهۆی لێهاتوويی و دەستکەوتەکانییەوەیەتی)؛ ئيحتيمال(ڕێکارێکی هاوشێوە، کە وامان لێدەکات بگەین بەو دەرئەنجامەی کە پێگەی پانتايی کۆمەڵایەتیمان پەیوەستە بە دهرەنجامی جۆرە یانسیبێکی سرووشتی و کۆمەڵایەتی)؛ ئاڵۆزی(هێزە جڵەونەکراوەکان دەرەنجامی چاوەڕواننەکراویان هەیە؛ بۆ نمونە، دەستى شاراوەی بازاڕ دەبێتەهۆی شکستهێنانی من و سەرکەوتنی دراوسێکەم، سەرەڕای ئەوەی من زیاتر و زیرەکانەتر کاربکەم). بەپێچەوانەی دەرکەوتنەکانەوە، ئەم ڕێکارانە ڕکابەر یاخود هەڕەشە نین بۆ سەر هیرارشیەت، بەڵکو وایان لێدەکەن قبوڵکراو بێت، چونکە ئەوەی "دەبێتەهۆی ورووژاندنى ئیرەيى، ئەو ئایدیایەيه کە ئەويتر شایەنی بەختە باشەکەی ئەمە، نەک ئایديا پێچەوانەکە کە تەنها ئایدیایەکە و دەتوانرێت بەڕاشکاوی دەرببڕدرێت." دوپی لەم گریمانەیەوە دەگاتە ئەو سەرەنجامەی ئەوە هەڵەی گەورەیە کە وابزانرێت کە کۆمەڵگەیەکی عەقڵانی و ماقوڵ کە خۆی بە گونجاو بزانێت، ئيدى له بوغز و كينه ڕزگاريدهبێت: بەپێچەوانەوە، ئەوە لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدایە کە ئەوانەی لە پێگە نزمەکاندان دەرچەیەک دەدۆزنەوە بەهۆی کەرامەتە لەکەدارکراوەکەیانەوە کە توندوتیژە و پڕ لە ورووژمی بوغز و كينهيه.
هەر پەیوەست بەمەوە ئەو مەنگیيەی کە ئێستا "چین" تێیکەوتووە: ئامانجە باڵاكهى ڕیفۆرمەکانی دێنگ(Deng ) ئەوە بوو کە سەرمایەدارییەک پێشکەشبکات کە بۆرژوازيی تيانەبیت(چونکە ئەوانە دەبوونە چینە حکومڕانە نوێیەکە)؛ بەڵام ئێستا سەرکردەکانی چین لە ئازاری ئەو دۆزینەوەیەدان کە سەرمایەداری بەبێ هیرارشیەتێکی جێگیر، کە لەلایەن بۆرژوازیيەوە هێزی پێدەدریت، دەبێتە هۆکاری دروستبوونی ناجێگیريی هەتاهەتايی. بۆیە ئاخۆ چین بە چی ڕێچکەیەکدا دەڕوات؟ کۆمۆنیستەکانى پێشوو بەگشتی وەک کارامەترین بەڕێوەبەرانی سەرمایەداری دەردەکەون لەبەر ئەوەی مێژووە پڕ لە دوژمنایەتییەکەیان بەرامبەر بە بۆرژوازی وەک چینێک بەتەواوەتی لەگەڵ ئەو مەیلەی ئێستای سەرمایەدارييدا دێتەوە بۆ بوونە سەرمایەداريی ئیداری کە بۆرژوازی تێدا نەبێت- لە هەردوو حاڵەتەکەدا، هەر وەک ستالین زۆر لەمەو پێش ئاماژەی پێدا، ' کادیرەکان بڕیار لە هەمووشتێک دەدەن.' ( جیاوازییەکی سەرنجڕاکێش لەنێوان وڵاتی چینی ئەمڕۆ و ڕووسیا: لە ڕووسیادا مامۆستیانی زانکۆ لەڕادەبەدەر مووچەکانیان کەمە- بەشێوەی دیفاکتۆ بوونەتە بەشێک لە پرۆلیتاریا، بەڵام لە چین زیادەمووچەیەکیان بۆ تەرخانکراوە بۆ زامنکردنی فێرکردنەکەیان).
چەمکی زێدەمووچە(يان زێدهكرێ) تیشکی نوێ دەخاتە سەر پرۆسەی دەربڕینی ناڕەزاییە 'دژە سەرمایەدارییەکان'. لەکاتی قەیراندا، بەربژێرە دیارەکان بۆ ' توند کردنەوەی قایشەکان' ئاستە نزمەکەی بۆرژوا مووچەخۆرەکانن: ناڕەزایی سیاسی تاکە بژاردەیانە گەر بیانەوێت ڕێگری بکەن لەوەی بئاخێنرێنە ناو پرۆلیتاریاوە. هەرچەندە ناڕەزایەتیەکانیان تەنها بەناو دژی لۆژیکی دڕندانەی مارکێتە، لە کردەوهدا ناڕازین لەوەی ئیمتیازی پێگە ئابوریيەکەیان لە داخورانی پلەبەپلەدایە. ئاین ڕاند فەنتازیایەکی هەیە لە ڕۆمانی ئەتڵەس شروگێد [ Atlas Shrugged] دا لەسەر مانگرتنی سەرمایەدارە داهێنەرەکان، فەنتازیایەک کە خۆی له بەواقيعیبوونە لادەرەکەی مانگرتنەکانی ئەمڕۆدا دەبینێتەوە، کە زۆربەیان لەلایەن بۆرژوا مووچەخۆر'ـهکانەوە ئەنجامدەدرێت کە ترسی لەدەستدانی زێدە مووچەکانیان هەیە. ئەمانە پرۆتێستۆی پرۆلیتاریا نین، بەڵکو پرۆتێستێکن بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی بوون بە پرۆلیتاریاوە ئەنجامدەدرێن. کێ دەوێرێت ئهمڕۆ ناڕەزايی دەرببڕێت؟ لەکاتێکدا هەبوونی کارێکی هەمیشەيی بۆخۆی ئیمتیازێکە! ئەو کرێکارانەی کە بە مووچەیەکی نزمەوە( کە پاشماوەی) کارگەکانی ڕستن و چنینن و هتد نەخێر، بەڵکو ئەو کرێکارە سوودمەندانەی کە ئیشێکی زامنکراویان هەیە(مامۆستا، کرێکاری گواستنەوە گشتییەکان، پۆلیسەکان). ئەمە هەروەها ئەو شەپۆلە ناڕەزاییەی خوێندکارانیش دەگرێتەوە کە بزوێنەری سەرەکییان ئەو مشتومڕەیە کە خوێندنی باڵا چیدی نەتوانێت زامنی زێدەمووچە بێت بۆیان لە دواتری ژیانیاندا.
لە ههمان کاتدا ئەوە ڕوونە کە ئەم نوسخه نوێیەی ناڕەزایەتیيەکانی ساڵی ڕابردوو[٢٠١١]، هەر لە بەهاری عەرەبیيەوە بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوا، لە ۆڵ سریتەوە بۆ چین، لە ئیسپانیاوە بۆ یۆنان. نابێت وەک یاخیبوونی بۆرژوا مووچەخۆرەکان ببینرێت. هەر حاڵەتێک دەبێت بە پێی توانای خۆی حسابی بۆ بکرێت. مانگرتنی خوێندکاران لە دژی ڕیفۆرمەکانی زانکۆکان لە بەریتانیادا زۆر بەڕوونی جیان لە تێکهەڵپژانەکانی مانگی ئۆگەست، کە کەرنەڤاڵێکی تێکدەری بەرخۆری بوو، هەڵچوونێکی ڕاستەقینەی بێبەشکراوان. دەتوانرێت بگوترێت کە سەرهەڵدانەکانی میسر دەستیپێکرد وەک بەشێک لە یاخیبوونی بۆرژوا مووچەخۆرەکان (کە گەنجە خوێندەوارەکان ناڕازی بوون لە نەبوونی هیچ ئاسۆیەک لە ئایندەیاندا)، بەڵام ئەمە تەنها یەک لایەنى ناڕەزایهتييه گەورەکە بوون لە دژی ڕژێمێکی چەوسێنەر. لە لایەکی ترەوە، ناڕەزایەتیەکان نەیانتوانی کرێکارە هەژارەکان و ڕەنجدەرەکان بجوڵێنن هەروەها سەرکەوتنی ئیسلامییەکانيش لە هەڵبژاردنەکاندا دەرخەرى ئەو ڕاستییە بوو کە بنکەی کۆمەڵایەتيی ناڕازییە سێکۆلارەکان زۆر تەنگ بووە. یۆنان ڕەوشێکی تایبەتە: لە دەیەی ڕابردوودا، بۆرژوازیيەکی نوێی مووچەخۆر(بەتایبەت بەڕێوهبەرە درێژخايهنهكانى حکومهت) دروستبوو بە دەستگیرۆيی یارمەتییە داراییەکانی یەکێتيی ئەوروپا، و ناڕەزایەتییەکانیش بەهۆی هەڕەشەی کۆتاييهێنان بەمەوە سەریهەڵدا بە زۆری. بە پرۆلیتاریاکردنی بۆرژوا مووچەخۆرە نزمەکان هاوتایە لەگەڵ پێچەوانەکەیدا کە بریتییە لە پاداشتکردنێکی ناماقوڵانەی زۆری بەڕێوبەرە باڵاکانی بانکەکان (ناماقوڵانەیە چونکە لێکۆڵینەوەکان ئەوەیا سەلماندووە کە لە ئەمریکادا وا دەردەکەوێت هاوڕێژەیەکی پێچەوانەیە بێت بە گەشەی کۆمپانیاکە). لە جیاتيی ئەوە ئەم ئاقارە بدەینە بەر ڕەخنەی ئەخلاقی، پێویستە وەک نیشانەی سیستەمی سەرمایەداری بیانبینین کە چیدی توانای خۆ-جڵەوکردنی سەقامگیريیەکەی نەماوە؛ بە دەربڕینێکی تر، هەڕەشەی لەدەستدەرچوون دەکات.
[1]. intellectual workers
[2]. general intellect
[3]. the privatisation of knowledge
[4]. affective labour
[5]. "Common"
[6]. demystification
سەرچاوە:
https://www.lrb.co.uk/v34/n02/slavoj-zizek/the-revolt-of-the-salaried-bourgeoisie