A+    A-
(1,767) جار خوێندراوەتەوە

 

                     دەربارەی مافەکانی ژن:  تیۆریا و پراکتیک

 

 

 

 

سەرکەوت جەلیل – ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی

 

 

لێرەوە دایبگرە PDF 

 

 

1_ سەرەتایەکی تیۆریایی: دوالیزمی نێر/مێ

پێش ماوەیەک،شەست و نۆیەمین ساڵوەگەڕی دەرچوواندنی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ بوو. بەم بۆنەیەوە دەپرسین: ددانپێدانان و ڕیالیزەکردنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتیی و مافەکانی ژن بەتایبەتیی، لە چ ئاستێکدایە؟ بەگشتیی و لە ڕووی مافەکانی ژنەوە بە تایبەتیی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای سەرجەمی ناوچەکانی تری جیهانەوەیە. وەک لەم توێژینەوەیەدا دەخرێتە ڕوو، سەرباری هەندێک هەنگاوی گرنگ و پێویست لە سۆنگەی چەسپاندنی یەکسانیی جێندەرییەوە، بەڵام هێشتا زۆرترمان دەوێت و دەبێت لەوە قووڵتر شەڕی وەها جیهانێک بکەین و بە چاوی ڕادیکاڵییەوە، لە پرسی پێگە و مافەکانی ژن نزیک ببینەوە. گرنگە لەوەی تا ئێستە کراوە، زیاتر بکەین و نەوەستین، تا لای کەمی ئەفسانەی دوالیزمی جێندەریی نێر/مێ تێبەڕێنین، بەو پێیەی وەها دوالیزمێک، بووەتە ڕیشەی زۆر دیاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی تر. بۆیە دەستبردن بۆ ئەو دیاردانە بەبێ دەستبردن بۆ ڕیشەی بابەتەکە، کە جیاکاریی جێندەرییە، ئەگەری سەرکەوتنمان کەمتر دەکاتەوە.

      لەم توێژینەوەیەدا بە وردیی تیشک دەخرێتە سەر پێگە و مافەکانی ژن لەزۆرێک لە یاسا نێودەوڵەتی و عێراقییەکاندا، بەوانەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤایشەوە. بەڵام دەبێت لەبیرمان بێت، کە ڕێگەی چاکسازیی یاسایی بەتەنیا، نامانگەیەنێتە ئامانج، هەرچەندە وەها ئامانجێک بەبێ ڕێکارە یاساییەکانیش سەرناگرێت. پێش یاسا، دەبێت دەست بۆ نەریت و کەلتوور ببەین؛ ئێمە شۆڕشێکی کەلتوورییمان پێویستە.وەک دەزانین، بەهۆیدووەمین جەنگی جیهانیی(1945)شەوە،  زۆر وڵات گەیشتنە ئاستێکی وەها لە ماڵوێرانیی، کە لە لێواری قڕبوون نزیک بوونەوە؛ ملیۆنان مرۆڤ کوژران و کەمئەندام بوون. پێداچوونەوەی سیستەمی یاسایی و زەینییەتی زاڵی ئەوکات، پێویستیی بوو. لێرەوە دەتوانین ئەو زنجیرە یاسا و بڕیارانەی لە دوای ئەو جەنگەوە دەرچوێنران، وەک پیادەکردنی وەها پێداچوونەوەیەک لەقەڵەم بدەین. ئیتر باسی مافەکانی مرۆڤ، مافی دیلەکان، مافی خەڵکی سڤیل، مافی کرێکار و هەژاران و دواتریش، باسی مافەکانی ژنان و منداڵان دەکرا. وەها یاساگەلێک، هەرچەندە لە ئاستی چاوەڕوانیی هەندێکماندا نەبن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەوکات و ئێستای مرۆڤایەتییش، لای کەمی ئەو مافانە جەخت لێ دەکەنەوە کە دەبێت هەر مرۆڤێک، بەوانەی ژنانیشەوە، هەیبێتن. جگە لەوەیش، ئەوەی ئێستا زیاتر مرۆڤایەتی پێویستییەتی، پێداچوونەوەی نەریت و سیاسەتە باوەکانە، واتە دیوە کەلتوورییەکەیە، تا هیچ نەبێت لەگەڵ پرسی پێگە و مافەکانی ژندا بگونجێت.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەگەر دیقەتی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان بدەین، دەبینین نێر و مێ بە درێژایی مێژوو، لە گۆڕانکاریی و شوێنگۆڕکێدا ژیاون. قۆناغەکانی سەرەتای ئەم پەیوەندییە هەرچییەک و هەرچۆنێک بن، ئەوەی لە ئێستادا باڵادەستە، سیاسەتی پیاو یان نێرە و ئەوەیشی خەبات دژی ئەم دۆخە باوە دەکات و ئاواتی بەرقەرارکردنەوەی یەکسانییە، ژنە. لە ئێستادا دەسەڵاتی پیاو، پێی ناوەتە قۆناغێکەوە کە دەشێت بە قۆناغی 'دەسەڵاتی ڕەق و نەرم'یش ناوی ببەین. ئەمەیش واتە بەهۆی ئەنجامە لاوەکییەکانی مۆدێرنەی ڕۆژئاواییەوە چیتر پیاو، تەنیا کوتلەیەکی ڕەق و فیزیکیی نییە، تەنیا جەستە نییە، تەنیا بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەگەڵ مێینەدا، دەسەڵاتی خۆی پیادە ناکات. بەڵکو ئەو دەسەڵاتە، پێی ناوەتە قۆناغێکی سیمبوڵییشەوە. واتە پیاو/نێر لە ڕیگەی نەرمە هێزیشەوە، خۆی دەسەپێنێت و دەیەوێت هەر لە پێگەی باڵای خۆیدا، بمێنێتەوە (بۆ نموونە، لە سینەما و میدیا بڕوانە).

      دەسەڵاتی پیاو، گشتگیرە. بەو مانایەی کە تەنیا لە ماڵ و تەنیا بەسەر ژنەکەی خۆیدا و تەنیا لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیاندا قەتیس نەبووە. بەڵکو وەک ئاو، وەک هەوا، چووەتە هەموو کون و قوژبنێکی ژیانەوە و سەرلەبەری شارستانێتیی مرۆڤی بەرمەبنای وەها دەسەڵاتێک، داڕشتووە: هەر لە شێوەدان بە ئاینەکانەوە، چ ئاسمانیی و چ غەیری ئەوانیش؛ لە ئاسمان و وێناکردنە ئەفسانەیی و خەیاڵییەکانی؛ لە یاساکانی؛ لە دەوڵەت؛ لە ململانێ و جەنگ و پێکدادانەکانی؛ لە فەلسەفە و هونەر و زانستی؛ لە سینەما و شانۆیی و شیعرەکانی؛ لە زمان و جلک و بابەتەکانی تری نەریت و کەلتوور؛ لە شار و شارسازیی و بیناسازیی؛ لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی تریش؛ لە شێوازی بیرکردنەوە و نووسین و هەستان و دانیشتنەوە؛ تا بە ئادابی سەر سفرە و خواردن و خواردنەوەیش دەگات. لەناو ئەم هاوکێشەیەشدا، هەمیشە سەرەوە و پێشەوە و لای ڕاست و ژوور، هیی پیاون، ژێرەوە و دواوە و لای چەپ و خواروویش، هیی ژنن: بۆ نموونە، لە وێناکردنی ئاینیی بەگشتیی و ئیسلامییدا بەتایبەتیی، ئاسمان نێرە و زەوییش مێیە، لەکاتێکدا بەپێی ئەفسانەی دێرینی بابلییەکان، ئاسمان و زەوی لە جەستەی پارچەکراوی دایکە خواوەند دروستکران. لە کوردستانیشدا، لە زۆرێک لە ماڵەکاندا و لەکاتی خواردندا، سەرەتا دەبێت پیاو و میوان نان بخۆن، دواتر سەرەی ژن و منداڵەکان دێت (لەکاتی خواردنی مریشکیشدا، زۆرجار ڕانەکەی بۆ پیاو/باوک دادەنرێت).

ڕیشەی وەها وێناردنێک دەربارەی ژن، دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری جێهێشتنی قۆناغێکی شارستانێتیی مرۆڤ، کە بە سەردەمی کۆمۆنەی سەرەتایی ناسراوە، بەرەو قۆناغێک، کە زیاتر مۆرکی بنیاتنانی دەوڵەت و شار و ئاینی یەکتاپەرستیی پێوە دیارە. وەک عەبدوڵا ئۆجەلان باسی دەکات، لە سەردەمی کۆمۆنە سەرەتاییەکاندا، شتێک نەبوو بەناوی ناوەندێتیی (مەرکەزییەت/سێنتراڵیزم)، لای کەم لەو ئاستەی دواتری سەردەمی دەوڵەت و پاشا موتڵەقەکان و ئاینە یەکتاپەرستییەکاندا نەبوو. دواتر و لە پاش دامەزراندنی یەکەمین دەوڵەت لە مێژوودا، کە دەوڵەتی سۆمەرییەکانە لە وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکەدا، پیاوانی دەربار و ئاین دەبوو هەموو پاساوێک بۆ هێشتنەوە و بەهێزکردنی پێگە و دەسەڵاتی پاشا، بهێننەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش، وردە وردە مێژووی پێشووتری باڵادەستیی ژنیان سڕییەوە، کە خۆی لە فرە خودایی، باڵادەستیی خواوەندی دایک، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، نەبوونی چینایەتیی، نەبوونی دەوڵەت و ناوەندێتییدا، دەبینییەوە. لەو ساتەوە تا ئێستە، ئەو هەوڵەی پیاوان لە کەنارگیرکردن و لاوازکردنی ژنان و هەوڵی ئەمانەی دواتریش لە گەڕاندنەوەی خەونی دزراویان لە بەرقەرارکردنی یەکسانیی جێندەرییدا، بەردەوامە(1).

لە هەموو قۆناغەکانی دواتردا، پیاو ژنی سەرکوت کردووە و بە هەر نرخ و شێوازێک بێت، هەوڵی پاراستنی پێگە و هێزی خۆی داوە. تەنانەت زۆرێک لە فەیلەسووفانیش، هاوشێوەی پیاوەکانی تر، نەیانتوانیوە گرێی جیاکاریی جێندەریی تێپەڕێنن و باری لاسەنگی ژن، ڕاست بکەنەوە. بۆ نموونە، ئەگەر هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی فەلسەفییانە لە یۆنانی کۆنەوە سەیری بکەین، دەبینین هەریەکە لە ئەفلاتون و ئەریستۆ، جیاکاریی جێندەریی دژ بە ژنیان وەک دیفاکتۆ قبوڵ کردووە. بگرە لەوەیش زیاتر، بە کاری 'خواوەند و سروشت'یان داناوە و لەوێشەوە، ئەرکی گۆڕین و دەستکاریکردنیان نەخستووەتە ئەستۆی خۆیان؛ ئەریستۆ پێی وا بووە کە ژن ددانیشی لە پیاو کەمترە!(2). ئەم دۆخە تا دوای سەرهەڵدانی مەسیحییەت و ئیسلام و بە درێژایی سەدەکانی ناوەڕاستیش، بەردەوام بووە. هەموو سیاسەتوان و مەلا و بیرمەند و فەیلەسووفانی مەسیحی و موسوڵمانیش، ژنیان بە کەمتر لە پیاو داناوە و ئامادە نەبوون وەک دروستکراوێکی کامڵی دەستی خودا، سەیری بکەن. بگرە لە پلەیەکی نێوان پیاو و کۆیلەکاندا دایانناوە: لە پیاو کەمتر، بەڵام لە کۆیلە زیاتر. جگە لەوەیش، بێزیان لە جەستەی ژن هاتووەتەوە و بە سەرچاوەی هەموو هەڵخەڵەتان و هەڵنووتان و گوناهێکی پیاویان زانیوە؛ وەک ئەوەی لە حیکایەتی ئادەم و حەوادا دەردەکەوێت(3).

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەوتی لیبراڵیی لە فیکری سیاسییشدا، کە بە زەقی خۆی لە نووسین و تێزەکانی جۆن لۆکدا دەبینێتەوە، بەڵێنی یەکسانیی بە ژن درا و باسی پێکەوە ژیانی هەموو مرۆڤەکان، دەکرا. بەڵام وەک هەندێک توێژینەوە دەری دەخەن، جۆن لۆکیش تەنیا باسی پیاوی کردووە و ناکرێت وەک بیرمەندی یەکسانیی جێندەریی و ڕزگاریی ژن، سەیر بکرێت. لەوەیش زیاتر، خودی لیبراڵیزمی سەرمایەداریی، بە قۆرخکردنی لەلایەن پیاوان و پتەوترکردنی پایەکانی چەوساندنەوەی ژن، لەوانەیش دەوڵەت، کۆتایی هات(4). لە شۆڕشی ئەمەریکیی و فەرەنسییشدا، وەها هەوڵێک درا، بەڵام لە بنچینەدا و بەهۆی زاڵیی زەینییەتی نێرسالارییەوە، زۆرێک لە مافەکانی ژن پێشێل کران.جۆن ستیوارت میل، بەتایبەتییش لە کتێبی 'بەکۆیلەکردنی ژنان'دا، هەوڵێکی تا ڕادەیەک جددی دا کە ژنان لەگەڵ پیاوان یەکسانبن و ئەوانیش مافەی دەنگدانیان هەبێت. بەڵام دۆخی گشتیی بەریتانیا و جیهانی ئەوکات، زەمینەی بۆ وەها ئامانجێک خۆش نەکرد(5). یەکەمین هەوڵی ڕادیکاڵی تیۆریایی لە ڕوانگەی یەکسانیی جێندەریی و مافەکانی ژندا، کارڵ مارکس و فرێدریک ئێنگڵس، دایان. هەو ئەوکاتە هێرش کراوەتە سەر ئەم دوو بیرمەندە، بەوەی هانی خەڵک بەگشتیی و ژنان بەتایبەتیی بۆ بەدڕەوشتیی، دەدەن. ئەوەیش دۆخێکی زۆر نزیکە لەمەی ئێستای کۆمەڵگای عێراقیی و کوردییشەوە، کە هەموو بانگەوازێک بۆ ئازادیی، بە تۆمەتێکی پێچەوانە کە گوایە ئەمە بانگەوازی بەرەڵایی و بەدڕەوشتییە، تەواو دەبێت(6). لە ڕووی پراکتیکی مێژووییشەوە، لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری کۆمۆنیستەکانی ڕوسیادا بوو، کە ژن بوو بە خاوەنی کۆمەڵێک مافی گرنگی یاسایی، هەرچەندەلە ڕووی پراکتیکییەوە هێشتا نەگەیشتنە ئاستی یەکسانیی تەواو، وەک لە سروشتی دەوڵەت و شێوازی بەڕێوەبردنی و ڕۆڵی پیاو تێیدا لە قۆناغەکانی دواتردا، دەردەکەوێت(7).

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بوو، کە ڕەوتێکی ڕادیکاڵ بە ناوی فێمینیزمەوە سەری هەڵدا و چەندان هەوڵی گرنگیان لە بەرپەرچدانەوەی بەناو 'ڕاستیی'ە مێژووییەکان دەربارەی جیاکاریی جێندەریی، دا. لە ڕێگەی ئەوانەوە بوو کە هەندێک لەو ئەفسانانەی دەربارەی زاڵیی پیاو تا ئەوکات هەبوون، هەوڵی پووچەڵکردنەوەیان درا. هەر بۆ نموونە، چیتر ژن هەر بە سروشت 'ژن' نەبوو، بەڵکو ئەوە کۆمەڵگا، دۆخی بابەتیی و مێژوویی و پەروەردەی خێزانییە کە مرۆڤێک دەکات بە 'ژن و هاووڵاتیی و مرۆڤی پلە دوو'(8). هەروەها چیتر بایۆلۆژیا وەک زانست و جەستەی ژنیش وەک بابەتێکی ئەو زانستە، بارتەقای پاساودانی جیاکاریی جێندەریی، وەڵامی پرسیارەکانی نەدەدایەوە و ئەفسانەی 'لاوازیی سروشتیی جەستەیی ژن' پووچەڵ کرایەوە؛ چیتر حەتمییەتی بایۆلۆژیی ئەو ڕەواجەی پێشووی نەما و سەلمێنرا، وەک لە سەرەوە باسی قۆناغی کۆمۆنە سەرەتاییەکان کرا، کە ژن لە دوای ئەو قۆناغەوەهەندێک ئیمتیاز و خەسڵەتی خۆی لەدەست داوە. هۆکارەکەیش جەستە و بایۆلۆژیا بووە و پەیوەندیی بە زاتی ژنەوە نییە؛ هەندێک خەسڵەتی جەستەیی پیاو کرانە داردەست بۆ پاساودانی بەکۆیلەکردنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە ناوەندەکانی ژیان و بڕیاردان(9).

ئێستاشی لەگەڵ بێت پیاو لە خوڵقاندنی ئەفسانەکانی خۆی بەردەوامە، ئەوەتا سوپەرمان، باتمان و سپایدەرمان دەخوڵقێنێت، جارجاریش بۆ تێرکردنی ئارەزووی جەماوەرەکەی، 'ژنەی پشیلە - کات وومێن'ێک دەخاتە بازاڕەکەوە. ئەگەر بە دیاریکراویی باسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بکەین، لە شێوازی بنیاتنان و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەرچوواندنی یاساکانەوە بیگرە، تا بە مزگەوت و کڵێسا و نەخۆشخانە و ناوبازاڕەکانیشی دەگات، هەمووی مۆرکی پیاوانەیان بەسەرەوەیە، ژنیش هەر لە دواوەوە و وەک سەیرکەرێک، ماوەتەوە: بۆ نموونە، بڕوانە مزگەوت و چایخانەکانی کوردستان، کە چۆن تەنیا پیاوان تێیاندا ئامادەن.

بێگومان ئەوەی لە زەینی مرۆڤدا بێت، دێتە زمانیشەوە، یان لە ڕێی زمانەوە خۆی مانیفێست دەکات. هەر بۆ نموونە، دیقەتی زمانەکانی دنیا بدەن و لە کاریگەریی زەینییەتی نێرسالاریی بەرسەریانەوە، ڕابمێنن. تا پێش چەند ساڵێک لە زمانی ئینگلییزیدا، بە وتەبێژیان دەوت (spokesman) و بە بازرگانیشیان دەوت (businessman). تا لەم دواییانەدا و پاش وەرگرتنی ئەو جۆرە کار و پۆستانە لەلایەن ژنانەوە، ناچار کردیان بە (spokespersons) و وشەی (businesswoman)یشیان زیاد کرد. لە زمانی عەرەبییشدا، سەدان و هەزاران وشە و ناو هەن، کە لە بنەڕەتدا پۆی ئاژەڵیان پێوە بووە و دواتر کراون بە ناو و خەسڵەتی ژنان. تەنیا وەک نموونە، لە مانای بنەڕەتیی ناوەکانی 'هەیفا' و 'شەهلا' و خەسڵەتی 'کەحلا' وردبەوە(10). لە زمانی کوردییشدا، هەمان دۆخ بەرقەرارە. زۆرن ئەو پەندانەی پێشینان کە مەدحی پیاوان دەکەن و ژنان دەشکێننەوە. هەر بۆ نموونە 'بەرخی نێر بۆ سەربڕینە'. ئەمە و جگە لە چەندان دەستەواژەی تری وەک 'پیاوەتییەکم لەگەڵ بکە'، 'پیاو لەشی ساغ بێت'، 'هەی لە ژن کەمتر' و دەیانی تریش، کە ئەولەوییەتی پیاو لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا جەخت لێ دەکەنەوە. بۆیە بێگومان، چاکسازیی یاسایی، نابێت لە وەها چاکسازیی و پاکسازییەکی زمانەوە دوور بێت، کە ئەویش گۆڕینی نەریتەکان و شێوازی بیر لێ کردنەوە و وێناکردنی ژن، دەخوازێت. لێرەوە دەردەکەوێت، کە دەستبردن بۆ بابەتێکی وەک مافەکانی ژن، سەر بۆ چاککردنەوە و بنیاتنانەوەی زۆرێک لە بابەتە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی تریش، دەکێشێت.

گرنگیی وەها توێژینەوەیەک لەوەدایە، کە تەرکیز دەخاتە سەر یاسای نێودەوڵەتیی و یاسای عێراقیی، بەڵام لە هەمان کاتدا یاساکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا و هەندێک دەوڵەتی تریش، فەرامۆش ناکات. جگە لەوەیش، تەنیا بە باسکردنی یاساوە ناوەستێت، بەڵکو ئاوڕ لە سیاسەت و کەلتوور و نەریت و زمانیش دەداتەوە. واتە کۆی زەینییەت (مێنتاڵێتی)ی پیاوسالارانە بەر نەشتەری ڕەخنە دەدات و هەوڵی هەڵتەکاندن و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیش دەدات. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە، هۆشیارکردنەوەی پیاوان و ژنانیشە دەربارەی واقیعێکی ئێستای جیهان و ناوچەکەیش، واقیعێک کە زۆرجار و بە لای زۆر کەسەوە، شاراوەیە و ڕاستەوخۆ درکی پێ ناکرێت. هۆکاری ئەمەیش، نەریتە. نەریت سروشتی وایە، بەبێ هۆشیاریی دەربارەی واقیعەکە و ویستی تێپەڕاندن، تێناپەڕێنرێت. نەریت هەیە تا جێبەجێ بکرێت؛ مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لە باری نەریتێکی دیاریکراو بدزێتەوە، هەر دەبێت نەریتەکە جێبهێڵێت و لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو نەریتەوە، جارێکی تر دۆخەکە هەڵسەنگێنێتەوە. بەو ئومێدەی ڕۆژێک مرۆڤایەتیی بگاتە ئاستێک لە هۆشیاریی، کە بار و واقیعی دوالیزمی نێر/مێ تێپەڕێنێت، هەر ئەمەیشە ئامانجی وەها توێژینەوەیەک.

 

2_ مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی ژن لە یاسای نێودەوڵەتییدا

      وەک سەرەتا، دەبێت بزانرێت کە مافەکانی ژن، سەرباری هەندێک جیاوازیی و تایبەتمەندییان، دواجار بەشێکن لە مەنزوومە و بزاوتی مافەکانی مرۆڤ، کە دوای دووەمین جەنگی جیهانیی لە (1945)ەوە، سەرپێ کەوتووە. مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵێک مافن کە بەبێ گوێدانە هیچ جۆرە جیاوازییەکی نێوان مرۆڤەکانی سەر ئەم هەسارەیە لە نەتەوە، زمان، ئیتنیک، ڕەنگی پێست، ئاین، مەزەب و ئینتیمای سیاسیی، بۆ هەموویان فەراهەم کراون. هاوکات ئەرکێکیش دەخەنە ئەستۆی دەوڵەتانی دنیا، کە کار بۆ ڕیالیزەکردنی ئەم مافانە بکەن. لەم سۆنگەیەوە، مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێک گەرەنتیین کە تاکەکەس لە بەرامبەر هێز و زەبری دەوڵەت و دەسەڵاتداراندا، دەپارێزن. وەک لە سەرەتاوە وترا، مافەکانی مرۆڤ بەرهەمی پێداچوونەوەی شارستانێتیی مۆدێرنی مرۆڤن، کە بە پلەی یەکەم لەسەر دوو پایەی دەوڵەتی نەتەوەیی و پەیوەندییەکانی هێز، بنیاتنراوە.

ئاستی جێبەجێکردن و ڕیالیزەکردنی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری دنیادا، مایەی ناکۆکیی و سەرئێشەیە. لە هەموو دەوڵەتێکدا ڕێژەیەک لەم مافانە، بە فەرامۆشکراویی ماونەتەوە. هاوکات گلەیی نەبوونی میکانیزمێکی کارای ناچارکردنی دەوڵەتان دەکرێت؛ واتە تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێکیش مافێک یان کۆمەڵە مافێکی دانیشتووانی پشتگوێ بخات، دەزگا یان لایەنێکی نێودەوڵەتیی، سەروودەوڵەتیی نییە، کە ناچار بە وەستاندنی پێشێلکارییەکانی بکات.

      ئەگەر ئەمە دۆخی مافەکانی مرۆڤ بێت بەگشتی، بێگومان مافەکانی ژنیش هەمان چارەنووسیان هەیە. لە سەردەمێکدا کە زەینییەتی باو، تێڕوانینی باو، دەسەڵاتی پیادەکراو و تەنانەت سیمبۆڵیزەکردنیش، لەسەر بنچینەیەکی پیاوانە و پیاوسالارانە بیناکرابێتن، مافەکانی ژن دوو جار ڕووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەستی جددیی دەبنەوە. بەڵام با سەرەتا بپرسین: مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژن، چیین؟

2-1: مافەکانی مرۆڤ: بریتیین لە کۆمەڵێک ماف کە لە کۆمەڵێک پەیماننامە و نەریتی نێودەوڵەتییدا، جێگیرکراون. هەڵبەت مافەکانی مرۆڤ، وەک ئایدیا، مێژوویەکی درێژی هەیە و بە چەندان پەرەسەندندا تێپەڕیوە. یاسا و ڕێسا ناوخۆییەکانی زۆرێک لە دەوڵەتان و ئیمپراتۆریاکان، لە فۆرمەلەبوونی ئەم مافانەدا بەم شێوە مۆدێرنەی ئێستایان، ڕۆڵیان هەبووە. لە ئەفلاتون و ئەریستۆوە، کە باسی تیۆریای جەنگی ڕەوا و یاسا/مافە سروشتییەکانیان دەکرد، تیۆریسینانی سەردەمی ڕۆشنگەریی ئەوروپا، شۆڕشی ئەمەریکا و فەرەنسا و جاڕنامەکانیان دەربارەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیی، تێزەکانی جۆن لۆک و کانت و هیگڵ و مارکس و جۆن ستیوارت میل، پێشیلکارییەکانی فاشیزم و نازیزم لە سەدەی بیستەمدا و شکست و هەڵوەشانەوەی کۆمەڵەی گەلان، هەریەکە و بە ڕێژەیەک لە بنیاتنانی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤدا، بەشدارن. لە سەدەی بیستەمدا و دوای دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (1945)دا، مافەکانی مرۆڤ لە ڕووی بایەخ و ئاوڕ لێ دانەوەوە، هەنگاوێکی گەورەیان هەڵگرت. لە (1948)دا، جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، کە وەک بەردی بناغەی یاسای مۆدێرنی مافەکانی مرۆڤ وایە، لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دەرچوێنرا(11). جاڕنامەکە لە سی مادەدا، کۆمەڵێک ماف لەخۆ دەگرێت، لەوانەش: مافی ژیان، یەکسانیی لەبەردەم یاسادا، سەلامەتیی جەستەیی و دەروونیی، بەشداریکردن لە حکومەت و ئیدارەدا، کارکردن، کرێی یەکسان بۆ کاری یەکسان، خوێندنی بەخۆڕایی، بەشداریی کەلتووریی، بەکۆیلە نەکردن، بیمەی کۆمەڵایەتیی، ڕێوشوێنی یاسایی دادپەروەرانە و ئازادیی ئاین و ویژدان. لە بڕیاردانی ئەم مافانەدا، گوێ بە جیاوازیی ڕەنگی پێست، نەتەوە، ئاین، دەوڵەت و ناوچە نەدراوە. ئەمەش وای لە هەندێک کردووە کە ئەم مافانە، یان لای کەم هەندێکیان (وەک مافی ژیان، سەلامەتیی جەستەیی و دەروونیی) وەک کۆمەڵە مافێکی گەردوونیی ببینن، لەکاتێکدا هەندێک مافی تر، وەک یەکسانیی جێندەریی، هێشتا لە ڕووی گەردوونییەوە و لە پراکتیکدا قبوڵ نەکراون(12).

      جگە لەو جاڕنامەیە، کۆمەڵێک پەیماننامەی نێودەوڵەتییش هەن، کە بەشێکن لە یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ. لەوانەش پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنیی و سیاسییەکان و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییەکانی ساڵی (1966)، کە بوونە مایەی دروستبوونی کۆنکرێتیی یاسای مافەکانی مرۆڤ و لە ئێستاشدا زۆربەی دەوڵەتانی دنیا واژۆ و پەسەندیان کردوون. جگە لەم دووانە، پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی نەژادیی (1966)، پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژ بە ژنان (پەیماننامەی مافەکانی ژن-1979)، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئەشکەنجەدان (1984)، پەیماننامەی مافەکانی منداڵ (1989)، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی پاراستنی مافی کرێکارە کۆچبەرەکان و ئەندامانی خێزانەکانیان (1990) و پەیماننامەی مافەکانی کەمئەندامان (2006)یش، بەشێکن لە یاسای مافەکانی مرۆڤ.

2-2: مافەکانی ژن: مافەکانی مرۆڤ، تەنیا بابەتێکی یاسایی نیین. بەڵکو پرس و پرسیارێکی فەلسەفیی و سیاسییشن. هەندێک ڕەهەندی ئەم مافانە، ناکۆکیی زۆریان لەسەرە: ئایا بابەتی مافەکانی مرۆڤ کێن؟ ئایا گەردوونیبوونی ئەم مافانە بە چ مانایەکە و تا کوێ بڕ دەکات؟ چۆن لەگەڵ مەسەلەی جیاوازیی کەلتوورییدا بیگونجێنین؟ ئەمانە و چەند پرسیارێکی تریش. بەڵام بەهەرحاڵ، مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێک گەرەنتیین بۆ تاکەکەس لە بەرامبەر هێز و زەبری دەوڵەت و کەس و دەزگاکانی نێوی، دانراون. ئەمەش دەمانباتەوە سەر مەسەلەی هێز و دەسەڵات، کە دەشێت دواجار، لە ڕێی بەکارهێنانی مافەکانی مرۆڤەوە، بە سوودی تاکەکس و کۆمەڵەکان بشکێتەوە. یاسای نێودەوڵەتییش، هەروەک یاسای ناوخۆیی دەوڵەتان، فرە سەرچاوە و دەوڵەمەندە. بۆ مافەکانی ژنیش، مەسەلەکە دوو جار ئاڵۆزە، هەم وەک یاسا و هەم نەریت و کەلتووریش. جگە لە پەیماننامەی مافەکانی ژن، کۆمەڵێک بڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەن، کە لێرەدا لەسەریان دەوەستم.

2_2_1: پەیماننامەی مافەکانی ژن: لەوانەیە وشەی 'ژن' لە زمانی کوردیدا، لای کەم بۆ هەندێک کەس، جێگەی گرفت و ناکۆکیی بێت. بەڵام لەم سیاقەدا و بۆ مەبەستی ئەم وتارە، مەبەست لە 'ژن'، مێینەیە بەگشتی، بەتایبەتی مێینەی سەروو هەژدە ساڵ. بەو پێیەی بۆ کەسانی خوار هەژدە ساڵ، پەیماننامەی مافەکانی منداڵ بەرکارە، هەرچەندە بۆ منداڵی مێینەش، دیسان پرسی جیاوازیی جێندەریی و پەیوەندیی بە پەروەردەی خێزانیی و دەوڵەتییەوە، سەرهەڵدەداتەوە.

ئامانجی سەرەکیی پەیماننامەی مافەکانی ژن، نەهێشتنی ئەو جیاوازییانەی نێوان پیاو و ژنە، کە لەسەر بنەمای سێکس و جێندەر دروستبوون و دەبنە هۆکاری پەکخستن، دوورخستنەوە، یان بێڕۆڵکردنی ژنان لە بوارەکانی ئابووریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، کەلتووریی، مەدەنیی، یان هەر بوارێکی تردا(13). بەپێی مادەکانی دواتری پەیماننامەکە، دەوڵەتانی ئەندام هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی و سیاسیی پێویست دەگرنە بەر بۆ ئەوەی جیاکاریی نێوان پیاو و ژن بنبڕ بکەن. هاوکات دەبێت دامودەزگای پێویست و لەبار بەمەبەستی جێبەجێکردن و ڕیالیزەکردنی ئەو ئامانجە، بنیات بنێن، ئەگەر پێویستیش بکات، سزای سەرپێچیکاران بدرێت.

خاڵی سەرنجڕاکێش لە پەیماننامەی مافەکانی ژندا، مادەکانی دووەم و پێنجەمن. بەپێی ئەم دوو مادەیە: دەوڵەتانی ئەندام، بەمەبەستی هەموارکردنەوە و گونجاندنی ڕەفتاری باوی کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی ژنان و پیاوان لەگەڵ ئامانجی بەرقەرارکردنی یەکسانییدا، ڕێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر. ئەمەش واتە ئەرکی دەوڵەتان، تەنیا دەرچوواندنی یاسا و ڕێسا و هەنگاوە فەرمییەکانی تر نییە، بەڵکو دەبێت هەنگاوی ئیجابیی زیاتر بنێن و بەجۆرێک دەستکاری زەینییەت و نەریتی دانیشتووانەکانیان بکەن، کە یەکسانیی جێندەریی پێ بپێکێت. وەک دواتریش زیاتر ڕوونی دەبێتەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی تری جیهانیش، بەتایبەتیی ئەو وڵاتانەی ئیسلام تێیاندا ئاینی زۆرینەی دانیشتووانە، لەم ئەرکەی دووەمدا شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە دەستکاری دیدی خەڵکی خۆیان لەسەر ژن و ئەرک و مافەکانی، بەرەو باشتر بگۆڕن. ئەگەر دیقەتی تەحەفوز و کۆمێنتی دەوڵەتان لەسەر مادەکانی پەیماننامەکە بدەین، دەبینین: جەزائیر، بەحرەین، بەنگلادیش، میسر، ئیسرائیل، ئوردن، کوەیت، لوبنان، مالیزیا، ماڵدیڤ، ماڵتا، مۆریتانیا، مۆناکۆ، مەغریب، عومان، پاکیستان، قەتەر، سعودیە، سینگاپورە، سوریا و ئیمارات، تەرکیزیان لەسەر مادەکانی 2 و 16ی پەیماننامەکەیە و پێیان قبوڵ ناکرێت. پاساویشیان نەگونجانی ئەم مادانەیە لەگەڵ بنەماکانی دەستور و یاساکانی خۆیاندا، بەو پێیەی سەرچاوەی سەرەکیی دەستوور و یاسای باری کەسییان، ئیسلام و یەکێک لە مەزەبەکانییەتی. بەڵام ئیسرائیل و ماڵتا و ماڵدیڤ پاساویان ئەوەیە کە ناتوانن وەها مادە و مەرجێک بەسەر کەمینە ئاینییەکانیاندا، بسەپێنن. ئێران و سودان هێشتا پەیماننامەکەیان واژۆ و پەسەند نەکردووە. هەرچی عێراقیشە، تەحەفوزی لەسەر مادەی (2)، بڕگەکانی (f) و (g) و مادەی 16 هەیە: بەپێی ئەو دوو مادەیە، وەک لە سەرەوەش ئاماژەی پێ درا، دەبێت دەوڵەتی ئەندام ڕێوشوێنی پێویست بۆ هەموارکردنەوە یان سڕینەوەی ئەو یاسا، ڕێسا، نەریت و کردارانەی جیاکاریی دژی ژن پەرە پێ دەدەن، بگرێتە بەر. هەروەها دەبێت ئەو بڕگانەی یاسای سزادان و یاسا جەزائییەکانی تریش هەڵبوەشێنێتەوە، کە دەچنە خزمەتی جیاکاریی جێندەرییەوە. بەپێی مادەی شازدەش، ژن و پیاو لە پێش، لەکات و لە دوای هاوسەرگیرییش، یەکسانن. ئەمەش واتە ژن دەتوانێت مافی تەڵاقدان و جیابوونەوە و مافی لەباربردنی منداڵیشی هەبێت(14). لەم خاڵەوە دەگەینە ئەوەی، کە دەوڵەتانی ئیسلامیی، لەسەر جیاوازیی جێندەریی بنیاتنراون و لە ئێستاشدا نایانەوێت هەوڵێک بە ئاراستەی نەهێشتنی وەها جیاکارییەکدا، بدەن. ئەوەشی ئەم خاڵە دەسەلمێنێت، تەرکیز و تۆقینی ئەوانە لە مادەکانی 2، 15، 16ی پەیماننامەکە، کە ژن و پیاو لە مەسەلەیلی خێزان، هاوسەرگیریی، بەخێوکردنی منداڵ، جیابوونەوە و تەڵاق، پێدانی ڕەگەزنامە بە منداڵانی ژنەکە و نەهێشتنی ئاسەوارەکانی جیاکاریی دژی ژنان، یەکسان دەکەن.

      2-2-2: بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتیی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆمەڵەی گشتیی و ئەنجوومەنی ئاسایش، دوو کاریگەرترین دەزگا و ئاژانسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، کە گەورەترین و کاریگەرترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە. بە خوێندنەوەی چارتەری ڕێکخراوەکەش، دەبینین کە کۆمەڵەی گشتیی زیاتر وەک پەرلەمانی ڕێکخراوەکە و ئەنجوومەنی ئاسایشیش وەک حکومەت، یان پۆلیسی نێودەوڵەتیی، دەردەکەوێت. بۆیە نابێت ڕۆڵی ئەم دووانە لە پرسی یەکسانیی/جیاکاریی جێندەرییدا، نادیدە بگیرێت.

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ژمارە (48/104) لە ڕێکەوتی (20ی دوازدەی 1993) و لە شەش مادەدا، جەخت لە بنبڕکردنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەرهەق بە ژنان، دەکاتەوە. لەوانەیش: (1)، توندوتیژیی جەستەیی، سێکسیی، یان دەروونیی لەنێو خێزاندا، توندوتیژیی پەیوەندیدار بە بەشوودان و مارەیی، خەتەنەکردن و توندوتیژیی کەسوکاریش؛ (2)، توندوتیژیی کۆمەڵگەیی، وەک لاقەکردن، سوودوەرگتنی سێکسیی، گێچەڵی سێکسیی، بازرگانیکردن بە ژن و ناچارکردن بە لەشفرۆشیی؛ (3)، هەر کردەوەیەکی توندوتیژانە کە لەلایەن دەوڵەت خۆیەوە ئانجام بدرێت، یان چاپۆشیی لێ بکرێت. گرنگیی ئەم بڕیارە لەوەدایە کە بەراورد بە پەیماننامەی مافەکانی ژن، هەنگاوێک دەڕواتە پێشەوە و ڕۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش نادیدە ناگرێت. بەڵکو داوای هەماهەنگییان لەگەڵ دەکات، تا هەمووان پێکەوە توندوتیژیی دژ بە ژنان بنبڕ بکەن(15).

یەکێکی تر لە بڕیارە گرنگەکان، بڕیاری ژمارە (1325)ی ئەنجوومەنی ئاسایشە بە ناوی "ژن، ئاشتی، ئاسایش"ەوە. مەبەستی سەرەکیی بڕیارەکە، پاراستن و گرنگیدانی زیاترە بە ژن لە کاتی جەنگ و پێکدادانی سەربازییدا. هەروەها بڕیارەکە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی ئەندامیش دەکات، کە ژمارە و ڕێژەی بەشداریی ژنان لە بڕیاردان و بەشداریی سیاسیی زیاتر بکەن. دوای بڕیارەکەش، زۆرێک لەو هێزە ئاشتیپارێزانەی ڕەوانەی ناوچە جیاوازەکان کران، ڕاوێژکاری تەیبەتیان بە پرسی جێندەر دامەزراندووە، چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی و چەند دەوڵەتێکیش، بڕیارەکەیان تێکەڵ بە یاسای ناوخۆیی خۆیان کردووە، لە ئەفغانستان و عێراق و چەند دەوڵەتێکی ئەفریقییشدا (وەک لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دیتمان)، ڕێژەی 25%ی کورسییەکان بۆ ژنان تەرخانکرا(16). بەڵام ئەم بڕیارە و سێ بڕیاری دواتری ئەنجوومەنی ئاسایشیش(17)، خاڵێکی لاوازیی گەورەیان تێدایە، ئەویش نەبوونی میکانیزمی جێبەجێکردن و شێوازی سزادانی ئەو دەوڵەتانەیە، کە بڕیارەکان جێبەجێ ناکەن.

پێگە و مافەکانی ژن لە دەوڵەتە ئەمەریکی و ئەوروپییەکاندا، سەرباری هەر بەرەوپێشچوونێک، هێشتا ماویەتی. بۆ نموونە،بڕوانە دیاردەی بازرگانیکردنی سێکسیی بە ژنانەوە، بەتایبەتیی لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا، کە ڕێژەیەکی ترسناکی تۆمارکردووە و زۆرێک لە قوربانییەکانیش ژنان و کچانی بێ دەرامەت و هەژارن و هاوکات پێش کڕین و فرۆشتنیش، لێیان دەدرێت و مامەڵەیەکی زۆر نامرۆڤانەیان لەگەڵدا دەکرێت(18).ئەو برەوەشی کە پیشەسازیی پۆرنۆگرافیی لە ئەمەریکا و ئەوروپا هەیەتی، لە پارچەکانی تری دنیادا نییە. هەمووشمان دەبێت بزانین، کە وەها پیشەسازییەک، لە بنەڕەتدا لەسەر جیاکاریی جێندەریی دژ بە ژنان بنیات نراوە و دەجوڵێت؛ تێیدا ژن، دەگاتە ئەوپەڕی بێ ڕێزیی و تەنیا وەک ئامێرێکی خزمەتکردنی پیاو لێی دەڕوانرێت و هیچی تر. خۆ ئەگەر ئاماژەیەکیش بە پێگە و مافەکانی ژن لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەین، دەتوانین بڵێین ئەو دەوڵەتانە، لە پرسی یەکسانیی جێندەرییدا، زۆر لە دواوەی دەوڵەتانی ئەمەریکا و ئەوروپاوەن. لە سعودیە، بۆ نموونە، جگە لەوەی کە بەپێی شەرعی ئیسلام ژن بۆی نییە پۆستی سیادیی (ویلایەت) وەرگرێت، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بوو، کە ڕێگەی پێ درا ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت و لە بۆنە و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا ئامادە بێت(19). لە ئێرانیش بە هەمان شێوە، لە کۆتاییەکانی (2015)دا یاسایەکی تایبەت بە باری خێزانیی دەرچوێنرا، کە تێیدا ئەولەوییەتی دامەزراندن لە کەرتی گشتیی و تایبەتیشدا، بە ڕیزبەندیی، دەدات بە پیاوی مناڵدار، پیاوی بێ مناڵ، ئینجا ژنی مناڵدار. هەروەها ئەوانەی بێ هاوسەرن، بۆیان نییە ببنە پارێزەری یاسای باری کەسیی. جگە لەمانەش، یاساکە تەڵاق وەک شتیکی نەخوازراو و ناحەز وێنا دەکات و دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی توندوتیژیی خێزانیی، لەبریی یاسا و دادگا و دادوەر، دەداتە دەست گروپێکی پیشەیی و ڕاهێنراو بۆ ئەو مەبەستە(20). واتە هەنگاوێک گەڕاوەتە دواوە و لەبریی دامەزراندنی دامودەزگای جەماوەریی و دیموکراسیی بێ لایەن و نیشتمانیی، هانا بۆ کەسانێکی دەبات، کە هیچ گەرەنتییەک نییە باوەڕیان بە یەکسانیی جێندەریی هەبێت. ئەمەش خاڵی لاوازیی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ لە زیاتر لە ڕێگە و کەناڵێکەوە، هەوڵی هێشتنەوەی دۆخی باو دەدەن و دژی تەوژمی مافەکانی ژنان و لاوان، دەجوڵێنەوە.

 

      3_ پێگە و مافەکانی ژن لە یاساکانی عێراق و کوردستاندا(21)

هەڵبەت، وەکچۆن لە باسی یاسا و پراکتیکی نێودەوڵەتییدا دیتمان، یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، زەینییەتی نێرسالارییان بە ئاراستەی بەرقەرارکردنی یەکسانیی تەواودا، تێنەپەڕاندووە. وەک پرەنسیپ، چەند ساڵێکە هەوڵێک هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی تەرازووی لاسەنگی جێندەریی، لە هەرێمی کوردستاندا پاش ڕاپەڕینی (1991) و لە عێراقیشدا پاش کەوتنی حکومەتی سەددام لە (2003)دا. تا ڕادەیەکیش هەوڵەکان سەرکوتوو بوون، وەک دواتر دەیبینین، بەڵام هێشتا دۆخەکە هەوڵی جددیتر و زیاتری پێویستە.

      3-1: یاسا عێراقییەکان:

3-1-1: دەستووری عێراقیی ساڵی(2005): لە هەموو دەوڵەتێکی دەستوورییدا، دەستوور باڵاترین یەکەی یاساییە و لە سەرەوەی پلەبەندیی یاسایی وڵاتەوە دێت. دەستووری عێراقی لەمەسەلەی مافەکانی ژندا، کەوتووەتە چەند دژیەکییەکەوە. بەپێی مادەی دووەم، نابێت ئەو یاسایانەی لە وڵاتدا دەردەکرێن، دژی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامیی و هاوکات دژی بنەماکانی دیموکراسیی و ماف و ئازادییەکانی نێو دەستوورەکەش بن. وەک لە تەحەفوزی دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا دەربارەی مادەکانی پەیماننامەی مافەکانی ژن بینیمان، بەشێک لە پرەنسیپەکانی شەریعەتی ئیسلامیی، بەتایبەتی پرسەکانی یاسای خێزان و باری کەسیی، دژی مافەکانی ژنن لە یاسای نێودەوڵەتییدا. جگە لەوەش، دەستووری عێراق لە مادەی 41یدا، ڕێگە بە ڕێکخستنی کاروباری کەسیی خەڵکی سەر بە مەزەبە جیاوازەکان، هەریەکە و بەپێی مەزەب و ڕێبەری ئاینیی خۆیان، دەدات (دواتر زیاتر لەسەر ئەمەیان دەوەستین). ئەمانە لەکاتێکدان، کە بەپێی مادەی 14ی دەستوور، عێراقییەکان بەبێ گوێدانە سێکس و جێندەریان، لەبەردەم یاسادا یەکسانن. بەگشتیی، تێکەڵییەک لە مەسەلەکەدا هەیە و دەتوانین بڵێین، یاسادانەری عێراقی لە مسۆگەرکردنی مافەکانی ژن و خوڵقاندنی یەکسانییەکی یاسایی ڕاستەقینەدا، ڕاستگۆ نەبووە. ئەینا وەها پشێوییەک لەنێو مادەکانی دەستووردا، ڕێگەی لێ دەگیرا و چارە دەکرا.

3-1-2: یاسای سزادانی عێراقیی ژمارە (111ی ساڵی 1969): لە مادەی 41 بڕگەی (1)دا، مێرد بۆی هەیە بەمەبەستی تەمبێکردنی ژنەکەی، لێی بدات. مەسەلەی خیانەتی هاوسەرییش گرنگە، کە ئاشکرا یاساکە بە لای بەرژەوەندیی پیاوەکەدا شکاوەتەوە. بەپێی مادەی 409 ئەگەر پیاو، ژنەکەی یان یەکێک لە مەحرەمەکانی لەکاتی سێکس (زینا)دا بگرێت، دەتوانێت هەردووکیان یان بکوژێت، یان بە سەختیی سزایان بدات و ئەمەش بە 'بیانوو'یەکی یاسایی بۆ تاوانکار لەقەڵەم دەدرێت و سزای بۆ سووک دەکرێت، لەکاتێکدا ژن ئەم مافەی نییە. بەپێی مادەی 398 ئەوانەی لاقەی مێینەیەک دەکەن، ئەگەر ڕازیبن کە هاوسەرگیریی لەگەڵ بکەنەوە، سزا نادرێن. لەمەشدا هیچ حسابێک بۆ ڕا و ڕەزامەندیی مێینەکە نەکراوە. جگە لەوەش، هیچ مادەیەک تەرخان نەکراوە بۆ سزادانی خەتەنەکردن، تا هیچ نەبێت لەو ڕێگەیەوە پراکتیکی وەها کارێک، کەمتر بێتەوە.

3-1-3: یاسای مەدەنیی عێراقیی ژمارە (40ی ساڵی 1951): لە مادەی 102دا هاتووە: "سەرپەرشتیاری منداڵ، باوکییەتی، ئینجا ڕاسپێردراوی باوکی، دواتر باپیرەی، پاشان ڕاسپێردراوی باپیرەی، دواجاریش دادگا، یان ڕاسپێردراوی دادگا". واتە دوور و نزیک باسی دایکیی نەکردووە. مادەی 588یش تەنیا ددان بەو کڕین و فرۆشتنەدا دەنێت، کە باوک یان باپیرە بە ناوی مناڵەکانەوە دەیکەن. مادەی 1327یش باسی ڕەهنکردنی موڵک و ماڵی منداڵ دەکات لەلایەن 'باوک'ەوە و ڕەوایەتیی پێ دەدات.

3-1-4: یاسای هەڵبژاردنی عێراقیی ژمارە (16ی ساڵی 2005): بەپێی مادەی 11، دەبێت هەموو لیستێک، لای کەم یەک لەسەر سێی کاندیدەکانی مێینە بن. بەپێی مادەی 14یش، ئەگەر ژنێک کشایەوە و کشانەوەیشی کاری لە ڕێژەی بەشداریی ژنان کرد، ئەوکات هەر دەبێت ژنێک لە جێگەی دابنرێتەوە. سیستەمی کۆتا بۆ ژنان، وەک لەم یاسایە و ئەوەی هەرێمی کوردستانیشدا دەبینرێت، لەوانەیە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئێمەدا نەبێت، بەڵام هیچ نەبێت بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا، کارێکی باشە و هەنگاوێکی پێویستە.

3-1-5: یاسای ڕەگەزنامەی عێراقییژمارە (26ی ساڵی 2006): وەک لە مادەی 9ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافەکانی ژندا هاتووە، ژن و پیاو لە ڕووی بەخشینی ڕەگەزنامەی وڵاتەکانیان بە منداڵەکانیانەوە یەکسانن. یاسای ڕەگەزنامەی عێراقییش، لە مادەی 3دا هەر کەسێک لە باوکێک یان دایکێکی عێراقی بێتە دنیاوە، بە عێراقیی داناوە. ئەمەیش خاڵێکی پۆزەتیڤە و لەمەدا عێراق، پێشی زۆربەی دەوڵەتانی ئیسلامیی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داوەتەوە. جگە لەمەیش، بەپێی یاساکە ژنیش وەک پیاو، مافی خۆیەتی شان بە شانی ڕەگەزنامەی عێراقیی، ببێتە خاوەنی ڕەگەزنامەی دەوڵەتێکی تریش.

3-1-6: یاسای باری کەسیی (ژمارە 188ی ساڵی 1959): لە سەدەی نۆزدە و بیستەمدا، عێراق خاوەنی یاسایەکی یەکگرتووی سەراپاگیری باری کەسیی بۆ سەرجەمی دانیشتووانەکەی، نەبوو. بەڵکو پەیڕەوکارانی هەر مەزەبێک، یاسا و شەریعەتی تایبەت بە خۆیانیان هەبوو. تا ئەوەی دوای شۆڕشی 14ی تەمووز و لە (1959)دا، ئەم یاسایە دەرچووێنرا. ئەم یاسایە وەک کۆکەرەوەی هەموو مەزەبە جیاوازەکان بوو، بەسەر هەموو پەیڕەکارانیشیاندا جێبەجێ دەکرا. بەڵام هەر لە سەرەتاوە لایەنە شیعییەکان، یاساکەیان پەسەند نەکرد و هەوڵی جددییان بۆ هەڵوەشاندنەوەی، دا، بەڵام شوێنی خۆی نەگرت(22). لە مادە 3ی یاساکەدا ڕێگە بە پیاو دراوە لەگەڵ زیاتر لە ژنێکدا هاوسەرگیریی بکات، بۆ ئەمەش چەند مەرجێکی بۆ دانراوە، کە زیاتر پشت بە باری دارایی پیاوەکە و لێکدانەوە و بڕیاری دادوەر دەبەستێت. واتە ڕەزامەندیی ژنەکە وەک مەرجێک حسابی بۆ نەکراوە. بەپێی مادەی 8، کەسانی تەمەن پازدە ساڵیش دەتوانن هاوسەرگیری بکەن، ئەگەر سەرپەرشتیار و دادوەر ڕازی ببن و کەسەکە شیاو بێت. واتە لە پازدە ساڵ کەمتر، ناتوانێت هاوسەرگیری بکات. بەپێی مادەی 9، ئەگەر کەسێک بەزۆر هاوسەرگیریی پێ بکرێت، چ ژن و چ پیاو، ئەوا هاوسەرگیرییەکەی پووچەڵ دەبێتەوە ئەگەر سێکس نەکرابێت. واتە ئەگەر سێکس کرابێت، بۆیان نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیان بکەن. بەپێی مادەی 17، پیاوی موسوڵمان بۆی هەیە لەگەڵ ژنی مەسیحی و جوودا هاوسەرگیریی بکات، بەڵام ژنی موسوڵمان ئەمەی بۆ نییە. بەگشتیی، یاساکە زمان و گوتارێکی نێرسالارانەی بەسەردا زاڵە و لە ڕوانگەی باڵادەستیی پیاوەوە بەسەر ژندا، نووسراوە. وەک ئەوەی لە مادەی 26ی تایبەت بە ئەرک و مافی هەردوو لا لەنێو ماڵدا، دەیبینین. هەروەها وەک ئەوەی لە مادەکانی 47 و 48دا ئاشکرا دەردەکەوێت، کە عیددەی تەنیا لەسەر ژن واجب کردووە، لەکاتێکدا پیاو هەرکاتێک ویستی، دەتوانێت دووبارە هاوسەرگیریی بکاتەوە. هەروەها لە مادەکانی 89 و 91دا، پشکی مێرد لە میراتیی ژن، لە پشکی ژن لە میراتیی مێرد زیاترە. زیاتر لە مادە و بڕگەیەکی ئەم یاسایە پێویستییان بە هەموارکردنەوەیە، وەک حاڵەتەکانی تەڵاقدان و جیابوونەوە، کە ئەوەش دواتر و لە باسی هەموارکردنەوەی یاساکە لە هەرێمی کوردستاندا، باشتر ڕوون دەبێتەوە.

      لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵیشەوە، پرۆژە یاسایەک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی، چووەتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و وەک پرەنسیپ ڕەزامەندیی لەسەر دراوە و دەنگی زۆرینەی هێناوە. بەڵام وەک هەندێک لە پەرلەمانتاران ڕایانگەیاند: "هەموارکردنەکە هیچ پێویست نییە و مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنی تێدا ڕەچاو نەکراوە. لەوەش زیاتر، گورزێکی کوشندەیە لە کەرامەتی ژنی عێراقی. هەروەها جیاکاریی لەنێوان پەیڕەوکارانی مەزەبە جیاوازەکاندا دروست دەکات و بەوەش، نەک تەنیا زیان بە ژن دەگەیەنێت، بەڵکو کۆمەڵگەش لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە"(23).

 

      3-2: یاساکانی هەرێمی کوردستان و باکووری سوریا (ڕۆژاڤا):

3-2-1: هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی عێراقیی: پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە یاسای ژمارە (14ی ساڵی 2002)دا، مادەکانی 128، 130، 131، 409ی یاسای سزادانی عێراقیی ساڵی (1969)ی هەموارکردەوە. بەو پێیەش چیتر کوشتن بە بیانووی شەرەف، بە پۆزشی یاسایی سزا سوککەر لەقەڵەم نادرێت(24). بەمەش هەنگاوێک لە بەرقەرارکردنی یەکسانیی جێندەریی نزیک بووەوە. بەڵام ئەوەی پێویستە، چەسپاندنی وەها پرەنسیپ و هۆشیارییەکە لای هاووڵاتییان، بە ژن و پیاویشەوە، تا لە واقیعیشدا جێی خۆی بکاتەوە.

3-2-2: یاسای دەرماڵەی مناڵبوون و دایکایەتیی ژمارە (23ی ساڵی 2003)ی هەرێمی کوردستان: بەپێی یاساکە، ژن بە درێژایی مۆڵەتی مناڵبوون یان دایکایەتیی، مووچە و دەرماڵەی تەواو وەردەگرێت. ئەمەش خاڵێکی ئیجابییە و زیاتر لەگەڵ مادەی 11 بڕگەی 2ی پەیماننامەی مافەکانی ژندا دێتەوە.

3-2-3: یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی ژمارە (8ی ساڵی 2011)ی هەرێمی کوردستان: بەپێی ئەم یاسایە، هەموو جۆرە ئازاردانێکی جەستەیی، سێکسیی و دەروونیی لەلایەن ئەندامان و خزمانی تا پلە چوارەوە، بە توندوتیژیی دادەنرێت و سزای لەسەر دەدرێت. هێندەی پەیوەندیی بە ژنەوەیە، هەریەکە لە هاوسەرگیریی ژن بە ژن، مناڵ بەشوودان، بەشوودان لە جیاتی خوێن، ناچارکردنی ژن بە کاری بەدڕەوشتیی و داوێن پیسیی لەلایەن مێردەوە، خەتەنەکردنی مێینە، لێدان و لەباربردن و خۆکوشتن بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە، بەسووک سەرنجدان و بەزۆر سەرجێییکردن، وەک کردەوەی توندوتیژ لەقەڵەم دراون(25). بەڵام تا ئێستا ئەم کرد