به‌ره‌و چه‌پێكى ئازاديخواز و پێشكه‌وتنخواز له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
-گفتوگۆ له‌گه‌ڵ جيلبێر ئه‌شقه‌ڕ-
وه‌رگێڕانى: شاڵاو خاليد pdf
ئەم گفتوگۆیەی خوارەوە، لە چوارچێوەی مەلەفێکدايه کە گۆڤاری ئەلیکترۆنيی (الجمهورية)ـی سوری ئامادەی کردووە بە ناونیشانی " چەپ و پرسی ئازادی" ، تیایدا ئاوڕ لە کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە چەپ و ڕۆڵی چه‌پ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ڕووداوەکانی دراوەتەوە، ئەوەی خوارەوەش بەشداریکردنی جیلبێر ئەشقەرە لە مەلەفەکەدا. جیلبێر ئەشڤەر - Gilbert Achcar ، ئەکادیمیيەکی سۆسیالیستی لوبنانیە، لە ساڵی ١٩٥١ز لە دایکبووە و تاوەکو ئێستاش مامۆستای زانکۆیە لە لوبنان، توێژینەوەکانی لەبارەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و دیاردەی ئیسلامیزم .. ھتد. دیارترین کتێبیشی (عەرەب و ھۆڵۆکۆست) ە کە لە ساڵی ٢٠١٠ز بڵاوبووەوە. چه‌پى نوێى كوردى، پێويستى به ئاگاداربوونه له چه‌پى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و تێگه‌يشتن له ڕوانگه كۆنكرێتييهكانى. چه‌پى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، له قه‌يرانى تايبهتيى خۆيدايه و چارهنووسيشى پابه‌نده به يهكترهوه. چه‌پى كوردستان وه‌ك به‌شێك له چه‌پى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، پێويستى به تێگه‌يشتنه له پێكهاتى كۆمه‌ڵايه‌تى و سياسى و مێژووى خۆى و پاشان كۆنكرێتيكردنهوهى ماركسيزم بۆ كۆمه‌ڵگا. لێره‌وه، بۆچوونى چه‌پى ناوچه‌كه، كه‌متازۆر بهرچاوڕوونيى تيايه بۆ چه‌پى كوردييش. (وه‌رگێڕ).
- چۆن پێناسه‌ى "چه‌پ" و " سياسه‌تى چه‌پگه‌را" ده‌كه‌يت؟ توخمه تيۆرييه سه‌ره‌كييه‌كانى سياسه‌تى چه‌پگه‌را چين؟
* باشه، لێمگه‌ڕێ ده‌ڵێم سياسه‌تى " پێشكه‌وتنخواز" - لێره‌دا زاراوه‌ى پێشكه‌وتنخواز له برى چه‌پگه‌را به‌كارده‌هێنم – ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌يه‌كى درووست تێيبگهين، ئه‌وه‌يه كه به‌رگرى له هه‌موو ئه‌و به‌هايانه ده‌كات كه هه‌ر له شۆڕشه‌كانى سه‌ده‌ى هه‌ژده‌وه به مۆدێرنه و پێشكه‌وتنى مێژوويى ناسراوه، له‌گه‌ڵ جهختكردنهوهيهكى تايبه‌ت له‌سه‌ر به‌ها جهوههرييهكان كه دادپه‌روه‌ريى كۆمه‌ڵايه‌تى و يهكسانىييه. له به‌رئه‌وه، پێناسه‌ى سياسه‌تى پێشكه‌وتنخواز يان سياسه‌تى چه‌پ ده‌كه‌م به‌وه‌ى هه‌ر سياسهتێكه كه به‌ڕاستى تێده‌كۆشێت بۆ سيسته‌مێكى ته‌واو بۆ ئه‌م به‌هايانه.
- ئه‌ى چى [دهڵييت] له‌باره‌ى سياسه‌تى چه‌پگه‌را يان سياسه‌تى پێشكه‌وتخواز -وه‌ك ئه‌وه‌ى ناوتنا- له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا؟ چۆن ده‌توانين به‌گوێره‌ى ئه‌و به‌هايانه‌ى ئاماژه‌ت بۆ كرد له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئهفريقادا دووباره چه‌پ درووستبكهينهوه؟
* من ئه‌و تێڕوانينه ڕه‌تده‌كه‌مه‌وه كه ده‌ڵێت ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست يان مسوڵمانان ده‌بێت به‌هاگه‌لێكى جياوازيان هه‌بێت. ئه‌و به‌هايانه‌ى كه ئاماژه‌م بۆ كردن به‌هاگه‌لێك و مافێكى مرۆيى گهردوونيين كه پێويسته له هه‌موو شوێنێك به‌رگرييان لێ بكرێت. ئه‌و بههايانهش به‌ڕاستى جياكردنهوهى دين له ده‌وڵه‌ت له‌خۆده‌گرێت: ئازادى و ديموكراسى پێويستيان به‌م جياكردنه‌وه هه‌يه، چونكه ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر دين وه‌ستابێت، يان ده‌وڵه‌تێك بانگه‌شه‌ى ئيلهاموهرگرتن له ده‌قه پيرۆزه‌كان بكات؛ ناكرێت ده‌وڵه‌تێكى ئازاد و ديموكرات بێت، به‌وه‌ى كه دامه‌زراوه ئايينيه‌كان لێكدانه‌وه‌كانى خۆيان بۆ شهريعهى خودا ده‌سه‌پێنن له‌برى ئه‌و ياسا ديموكراتييانهى كه مرۆڤ دايدهنێت. هه‌روه‌ها بابه‌تگه‌لێكى زۆرى ئازاديخوازى په‌يوه‌ست به جياكردنهوهى ئايين له ده‌وڵه‌ت هه‌يه، يه‌كێكيان بريتيه له ئازادبوونى ژنان، كه پێكهێنه‌رێكى بنچينه‌يى هه‌موو پرۆگرامێكى پێشكه‌وتنخوازى ڕاستهقينهيه، ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستيش ئاوارته(ئيستيسنا) نيه. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مه يه‌كێكه له گرنگترين كاره‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، چونكه ناوچه‌كه له‌م لايه‌نه‌وه زۆر دواكه‌وتووه. ئێمه له پرسه‌كانى ئازادبوونى ژن دا له زۆرينه‌ى نه‌ته‌وه‌كان دواكهوتووترين. به شێوازى هاوشێوه‌ش، شێوهگرتنى مافه‌كانى هه‌موو گرووپه چه‌وساوه‌كان له كۆمه‌ڵگادا، به گرووپه نه‌ته‌وه‌يى و ئيتنى و جێندهرييهكانيشهوه، پێكهێنه‌رى بنچينه‌يى سياسه‌تى پێشكه‌وتنخوازه. پێويسته سياسه‌تى پێشكه‌وتنخواز خۆى بۆ ڕزگاركردنى هه‌موو مرۆڤ به ژن و پياوه‌وه ته‌رخانبكات، وه‌ك ئه‌وه‌ى بۆ دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵايه‌تى و يه‌كسانى تهرخانيدهكات.
- ئه‌ى ڕێكخراوه سياسييه‌كان و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان چى؟ ئه‌و ئاڵنگارييه(ته‌حه‌دا) سهرهكياينه چين كه ڕووبه‌ڕووى چالاكوانه چه‌په‌كان ده‌بنه‌وه. ئه‌و هه‌لانه‌ى لهبهردهمياندايه چين له پرسه‌كانى ڕێكخستن و جووڵانه‌وه‌دا؟
* پێموايه پرسى ڕيكخستن پرسێكه له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن و تهكنۆلۆژيادا په‌ره‌ده‌سێنێت. ئه‌مڕۆ ناتوانين پارێزگارى له هه‌مان ڕێكخستن بكه‌ين كه پێش په‌نجا ساڵ هه‌بوو. وه‌ك هه‌موومان بينيمان، ئامرازه مۆدێرنهكانى په‌يوه‌ندى له ساڵه‌كانى ڕابردوودا ڕۆڵێكى ميحوهريى له ڕاپهڕينهكان و جووڵانه‌وه جه‌ماوه‌رييه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست دا گێڕا. به‌ڵام هه‌روه‌ها ئه‌م ئه‌زمونانه سهلمانديشيان كه به‌كارهێنانى ته‌كنۆلۆژياى مۆدێرن و به‌تايبه‌تيش ئامرازه‌كانى په‌يوه‌نديى كۆمه‌ڵايه‌تى به‌س نين تاوه‌كو سه‌ربكه‌وين. چونكه كه‌سێك له سايهى سيسته‌مێك دا بژێت كه به سيسته‌مى ده‌وڵه‌تى ناوه‌ندى حوكمبكات، ناتوانێت به ته‌نها به به‌كارهێنانى ئامرازه‌كانى په‌يوه‌نديى كۆمه‌ڵايه‌تى و ئه‌نته‌رنێت به‌سه‌ريدا سه‌ربكه‌وێت. تۆ پێويستت به ڕێكخستنێكى ڕاسته‌قينه هه‌يه له‌سه‌ر زه‌وى، به‌ڵام ناكرێت ئه‌م ڕێكخستنه له‌سه‌ر شێوه‌ى ئه‌و ئامێره ناوهندييانه بێت كه له قۆناغه مێژووييهكانى پێشوو دا باو بوون. ئه‌و ڕێكخستنانه تايبه‌ت بوون به‌و وڵاتانه‌ى كه سيستهمگهلێكى سه‌ركوتكه‌ر حوكمياندهكرد، به‌ڵام له واقعيدا ناتوانين ڕێكخستنى هاوشێوه له‌م ڕۆژگاره‌دا درووستبكه‌ين، چونكه سيسته‌م خۆى سودى له ته‌كنۆلۆژياى مۆدێرن بينيوه بۆ چاودێريكردنى گه‌له‌كه‌ى. له سايهى سه‌ركوتكردن و چاودێريكردنى مۆدێرندا درووستكردنى هه‌ر ڕێكخستنێكى كاريگه‌ر زۆر قورسه، ئا لێره‌دايه قورسييهكه ده‌رده‌كه‌وێت. له وڵاته سهركوتكارهكاندا، ده‌شێت ڕۆڵى ئامرازه‌كانى په‌يوه‌نديى كۆمه‌ڵايه‌تى يه‌كلاكه‌ره‌وه بێت له چركه‌ساته‌كانى سه‌ره‌تادا كاتێك جه‌ماوه‌ر داده‌به‌زێته سه‌ر شه‌قام، واته له‌سه‌ره‌تاى ڕاپه‌ڕين دا. به‌ڵام كاتێك ئازادى له شه‌قام دا ده‌سه‌پێنرێت، ڕێكخستن له سه‌ر زه‌وى و به‌وپه‌ڕى خێرايى شياوهوه له تۆڕى كردارييدا نه‌ك ته‌نها گريمانه‌يى(مه‌جازى)،گرنگييهكى ميحوه‌رى به‌ده‌ستده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه بهدهستنهيهت، ئه‌وا ترسى نسكۆ و تێك‌شكان زۆره، وه‌ك ئه‌وه‌ى له ئه‌زموونه‌كانى ئه‌م دواييه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بينيمان.
- ئه‌ى له‌باره‌ى نه‌ريته چهپگهراكانهوه ( ماركسيزم يان ئه‌وانى ديكه) له پرسه‌كانى ڕێكخستن و جووڵانهوهكاندا چى؟ ده‌توانرێت چى له لينين يان لۆكسمبۆرگ يان ترۆتسكييهوه فێربين ؟
* باشه، پێموايه ئه‌م گفتوگۆيانه زۆرينه‌يان كۆنن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ زه‌مه‌نێك كه به‌سه‌رچووه، ئه‌وانه‌ى كه سوورن له‌سه‌ر پشتبه‌ستن به تێڕوانينى لينين بۆ ڕێكخستن، وه‌ك ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه وان كه ده‌يانه‌وێت مامه‌ڵه‌كانيان به‌هه‌مان ئه‌و شێوازه ڕێكبخه‌ن كه پێش سه‌ده‌يه‌ك باو بوو. ئه‌مڕۆ سه‌ركه‌وتوو نابن. ئێمه له سه‌رده‌مێكى جياواز دا ده‌ژين، ته‌كنۆلۆژياى مۆدێرن ڕێ به ڕێكخستنێكى زۆر ديموكراسييتر و زۆر ئاسۆييتر ده‌دات، كه له‌سه‌ر شێوه‌ى تۆڕه‌كان بێت نه‌ك له‌سه‌ر نمونه‌ى هه‌ره‌مى ناوه‌ندى. به‌ڵام، بێگومان پێويسته ڕێكخستن له‌گه‌ڵ دۆخى به‌رپاى هه‌موو وڵاتێكدا بگونجێت، يه‌ك نمونه‌ى گه‌ردوونى ڕێكخستن بوونى نيه. ئه‌و تراژيديايهى دواى شۆڕشى ڕووسى بهديهات له‌وه‌دا شاراوه‌ته‌وه كه بهلشهفييهكان نموونه ڕوسييهكهى خۆيان گشتاند كه له‌ژێر بارودۆخێكى تايبه‌تدا دروستكرابوو، [بارودۆخێك] كه له جه‌نگان له‌گه‌ڵ سيسته‌مى قه‌يسه‌رى و پاشانيش له شه‌ڕى ناوخۆ دا به‌رجه‌سته ده‌بێت. ويستيان نموونهكهيان به‌سه‌ر هه‌موو جيهان دا بسه‌پێنن، به‌ڵام ئه‌مه سوودى نه‌بوو. پێويسته ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ى هه‌ند وه‌ربگريت كه ده‌ورى ئه‌و جه‌نگه‌ى داوه كه دهچيته ناويه‌وه؛ پله‌ى ئه‌و ئازاديهش كه له وڵاته‌كه‌تدا هه‌يه، سرووشتى ئه‌و سيسته‌مه سياسيهش كه ڕووبه‌ڕووى دهبيتهوه به‌هه‌ند وه‌ربگريت. هه‌موو ئه‌م شتانه به‌شێكه له كێشه‌كه، چاره‌سه‌رێكى جادوويى بوونى نيه كه له هه‌موو شوێنێك باش بێت. له‌به‌رئه‌وه، وه‌كو وتم، ئه‌گه‌ر تۆ له‌ژێر سيسته‌مێكى سهركوتكهردا ده‌ژيت، [ئه‌وا] ئامرازه ئه‌ليكترۆنييه‌كانى په‌يوه‌نديى كۆمه‌ڵايه‌تى له زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگانه‌دا كه له درووستكردنى هه‌لومه‌رجه سه‌ره‌تاييه‌كانى جووڵه‌ى جه‌ماوه‌رى و ڕاپهڕينهكان و شۆڕشه‌كاندا ڕووبهڕووتدهبێتهوه هاوكاريت ده‌كات. به‌ڵام، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى هه‌لێك بۆ ڕێكخستنێكى جياواز به‌شێوه‌يه‌كى ئازادتر هه‌ڵده‌كه‌وێت، پێويسته ده‌ستبه‌جێ هه‌له‌كه بقۆزيته‌وه و ده‌ست به درووستكردنى تۆڕێكى فراوان بكه‌يت له‌و خه‌ڵكانه‌ى په‌يوه‌ستن به ئامانجێكى هاوبه‌شه‌وه. له‌به‌رئه‌وه، درووستكردنى كۆڕاييهكى گشتى له‌نێوان پێشكه‌وتنخوازه‌كاندا به‌تايبه‌تيش گه‌نجه چالاكه‌كان چونكه زۆرينه‌ى ئه‌وانه‌ى په‌يوه‌ستن به جه‌نگه‌وه له‌پێناو ئامانجه پێشكهوتنخوازييهكاندا گه‌نجه‌كانن، گرنگييهكى زۆر له‌خۆده‌گرێت. زۆر گرنگه كۆڕايى له‌سه‌ر ئامانجه‌كان به‌ديبێت، واته په‌يماننامه‌يه‌كى ئازادبوونى هاوبه‌ش، و له نزيكترين ههليشدا درووستكردنى ڕێكخستنێك بۆ ئه‌م ئامانجانه تێبكۆشێت، له‌پێناو گواستنه‌وه بۆ قۆناغێكى دوورتر.
- كێشه‌يه‌كى تر له‌و كێشانه‌ى ڕاى جياوازى له‌سه‌ره له مێژووى فيكر و ستراتيژى چه‌په‌كاندا، كێشه‌ى هاوپهيمانييهكانه. بۆچوونت چيه له‌سه‌ر ئه‌و هاوپهيمانييانهى كه چه‌په‌كان ده‌توانن له جه‌نگه‌كه سياسييهكهياندا له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا درووستيبكهن؟ ئايا پێشنيارى ستراتيژيه‌تى كرێكارى يان پرۆليتارى پوخت ده‌كه‌يت، يان هاوپه‌يمانييه‌ك چينه جياوازهكان له‌خۆبگرێت؟ به چاوپۆشين له چينهكان، ئه گرووپه سياسى و ئايدۆلۆژييانه كێن كه چه‌پ له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا ده‌توانێت هاوپهيمانێتيان له‌گه‌ڵ بكات؟
* شته‌كه به‌شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى پشت به سرووشتى ئه‌و كێشانه ده‌به‌ستێت كه ڕووبه‌ڕووى دهبيتهوه. ئه‌گه‌ر تۆ له وڵاتێك دايت كه تا ئێستاش پێويستى به ئازادييه سه‌ره‌كييه‌كان و ديموكراسى هه‌يه، ئه‌وا تۆ پێويستت به هاوپهيمانێتيهكى فراوان هه‌يه، پێويستيشه بتوانيت هاوشێوه‌ى درووستبكه‌يت، چونكه له‌وێدا زۆرێك له گرووپه سياسى و كۆمهڵايهتيهيكان هه‌ن كه له هه‌وڵدان بۆ ئازادى هاوبهشيت بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ له وڵاتێكى ئازاد دا ده‌ژيت، تيايدا جه‌نگه سهرهكييهكهت له‌پێناو سۆسياليزمدايه، ئه‌وا هاوپهيمانييهكهت زۆر به‌رته‌سكتر ده‌بێت، واته هاوپه‌يمانى له‌نێوان ئه‌وانه‌ى له تێكۆشان بۆ به‌ديهێنانى گۆڕانێكى سۆسياليستى هاوشێوه‌ن، ئه‌وه‌ش ئامانجێكه نمونه‌ى ئه‌و كۆڕاييهى له‌سه‌ر كۆنابێته‌وه كه له‌سه‌ر ئازادى و ديموكراسى كۆده‌بێته‌وه. كه‌واته، جارێكى تر، پره‌نسيپى گشتى له‌م شتانه‌دا بوونى نيه، ڕه‌چه‌ته‌ى گشتى بوونى نيه. له پرسه‌كانى ڕێكخستن و تهكتيكهكاندا، پێويسته له‌سه‌ر مرۆڤ به‌رده‌وام بگه‌ڕێته‌وه بۆ « ته‌فسيرى كۆنكرێـتى بۆ بۆ دۆخى كۆنكرێتى» وه‌ك ئه‌وه‌ى لينين ده‌يوت. ئه‌وه باش‌ترين بنه‌مايه كه پێويسته له‌ناو كۆى بۆچوونهكانيدا له‌م بابه‌تانه‌دا پشتي پێ ببه‌ستين.
- ئاماژه‌ت بۆ په‌يوه‌نديى نێوان ديموكراسيه‌ت و سۆسياليزم، هه‌روه‌ها بۆ گرنگيى ديموكراسيه‌ت بۆ سۆسياليزم كرد. به‌ڵام ده‌مه‌وێت زياتر ڕاڤه‌ى په‌يوه‌نديى نێوان سۆسياليزم و ديموكراسيهتم بۆ بكه‌يت، و بێگومان هى سۆسياليزم و سێكۆلاريزميش. ئه‌گه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كى ئه‌رێنى له‌نێوان ئه‌م سێ چه‌مكه‌دا هه‌يه، ئه‌وا له‌باره‌ى چ جۆره ديموكراسيه‌ت و سێكۆلاريزمێكهوه قسهدهكهين؟
* له وه‌ڵامدانه‌وه‌مدا بۆ پرسيارى يه‌كه‌م هه‌وڵمدا ڕوونيكهمهوه كه چۆن سێكۆلاريزم به‌ستراوه به ديموكراسييه‌وه. ناكرێت ديموكراسى به‌بێ بوونى سێكۆلاريزم بوونى هه‌بێت، به ماناى جياكردنهوهى دين له ده‌وڵه‌ت. پێويسته دين ته‌نها و ته‌نها شتێكى په‌يوه‌ست بێت به ئازاديى تاكه‌كه‌سييه‌وه. پێويسته ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر دين بنياتنهنرێت، هه‌روه‌ها ده‌ستوه‌رنه‌داته ئيمانى خه‌ڵكى و ژيانى تايبهتييانهوه، ئه‌مه پره‌نسيپێكى بنچينه‌ييه. هه‌روه‌ها ناشێت دامه‌زراوه دينييه‌كان ده‌ستوه‌ربده‌نه به‌ڕيوه‌بردنى ده‌وڵه‌ته‌وه، و ده‌وڵه‌تيش ده‌ستوه‌رنه‌داته به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌م دامه‌زراوانه‌وه. ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر سهروهريى گه‌ل وه‌ستاوه كه ڕاگرى ديموكراسييه. ديموكراسييش مه‌رجێكى سه‌ره‌كييه بۆ هه‌ر سيسته‌مێك كه به‌ڕاستى بشێت به سۆسياليزم وه‌سفبكرێت، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتنمان بۆى بوێت. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌يه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا ديموكرات نه‌بوو، خاوه‌ندارێتيى گشتيى هۆيه‌كانى به‌رهه‌مهێنان حه‌تمه‌ن ده‌بێته هۆى درووستكردنى نايهكسانى به‌شێوازى جياواز. له‌برى خاوه‌ندارێتيى تايبه‌ت، نايهكسانيى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌سه‌ر ئيمتيازه بيرۆكراسييهكان داده‌مه‌زرێت. كه‌واته، له ئه‌نجامدا، ديموكراسى پێويستى به سێكۆلاريزم هه‌يه، سۆسياليزميش پێويستى به ديموكراسى هه‌يه[به له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و تێزه كلاسيكهى ماركس و لينين كه ديموكراسى دابه‌شده‌بێت به‌سه‌ر ديموكراسيى بۆرژوازى و ديموكراسيى پرۆليتارييدا].
- ڕۆڵى ئيمپرياليزم و كۆلۆنياڵيزم چيه له دواكه‌وتنى ناوچه‌كه‌دا؟ چه‌پى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست چۆن ده‌توانێت له‌نێوان جه‌نگ دژى ديكتاتۆرى و جه‌نگ دژى ئيمپرياليزمدا هاوسه‌نگى ڕابگرێت؟
* ئه‌و كێشه‌يه‌ى ئاماژه‌ت بۆ كرد ته‌نها ئه‌و كاته ده‌رده‌كه‌وێت كه ڕووبه‌ڕووى سيسته‌مێكى ديكتاتۆر ده‌بينه‌وه كه دژى ئيمپرياليزمى ڕۆژئاواييه. ئه‌گه‌ر تۆ ڕووبه‌ڕووى ديكتاتۆريهتێك ببيتهوه كه ئيمپرياليزم پشتيوانيى ده‌كات، ئه‌وا هيچ كێشهيهك له‌ئارادا نيه بۆ دژايه‌تيكردنى هه‌ردووكيان. بۆ نمونه، له‌به‌رئه‌وه‌ى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا مه‌مله‌كه‌تى سعوديه ده‌پارێزێت، ئه‌وا كاتێك دژايه‌تيى سعوديه ده‌كه‌يت، تۆ دژايه‌تيى هه‌ردووكيان ده‌كه‌يت، سعوديه و پارێزه‌ره‌كه‌ى. به هه‌مان لۆژيك، كاتێك تۆ دژايه‌تيى ديكتاتۆريهت ده‌كه‌يت له ئێرانى سه‌رده‌مى شا دا، ئه‌وا تۆ دژايهتى شا و ئيمپرياليزمى ئه‌مه‌ريكى ده‌كه‌يت؛ به‌و سيفهتهى له پشتيه‌وه وه‌ستاوه. به‌ڵام كاتێك ڕووبه‌ڕووى سيسته‌مێكى ديكتاتۆرى دهبيتهوه كه دژايهتى ئيمپرياليزمى ڕۆژئاوايى ده‌كات يان پهيوهنديگهلێكى گرژى له‌گه‌ڵيدا هه‌يه، كێشه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت. خاڵى كليلئاسا لێره‌دا ئه‌م شێوه‌يه‌ى خواره‌وه‌يه: به‌نيسبه‌ت بزووتنه‌وه جهماوهرييهكانهوه، جه‌نگ له‌پێناو مافه بنچينه‌ييه‌كانى له‌پێشينه‌ى ته‌واوێتى، ئه‌م جه‌نگه‌ش دژى ديكتاتۆريهت بهرپايدهكات. به‌ڵام، له هه‌مان كاتدا پێويسته به‌بێ هيچ وه‌همێك له‌باره‌ى ئيمپرياليزم و به‌بێ پشتبه‌ستن پێى بچێته جه‌نگه‌كه‌وه. چونكه ئيمپرياليزم ئه‌گه‌ر ڕووبه‌ڕووى جه‌نگێكى پێشكه‌وتنخوازى ڕه‌سه‌ن بێته‌وه، ئه‌وا ديكتاتۆرى په‌سه‌ندده‌كات، ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌گه‌ڵ بهرژهوهنديهكانيشيدا ڕێكنه‌كه‌وێت. بۆ ئيمپرياليزم هه‌ميشه باشتره له‌گه‌ڵ ديكتاتۆريهتدا مامه‌ڵه بكات وه‌ك له مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ شۆڕشه پێشكه‌وتنخوازه‌كاندا. له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستيشدا ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌يمانه‌كانى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ديكتاتۆرييدا په‌سه‌ندده‌كه‌ن وه‌ك له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌كاندا. ساڵى 2011 له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى ڕاپهڕينهكانى به‌هارى عهرهبىدا، گۆڕانێك به‌بێ ڕاديكاڵ بوونى ڕاپهڕينهكان، و بچووككردنه‌وه‌ى له ڕووبه‌رێكى به‌رته‌سك دا، و پاراستنى ده‌وڵه‌ته بهرپاكان هه‌مى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كان بوو. ئه‌مه به‌سه‌ر هه‌موو ڕاپهڕينهكاندا جێبه‌جێده‌بێت، به ڕاپه‌ڕينى سورياشهوه. ڕ‌ژێمى سوريا پهيوهنديگهلێكى گرژى له‌گه‌ڵ ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كاندا هه‌بوو. ڕژێم « به‌رهه‌ڵستكارى ئيمپرياليزم» نه‌بوو، به‌ڵام په‌يوه‌نديه‌كانى له‌گه‌ل ئه‌مه‌ريكادا له گرژيدا بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كان ئاره‌زووى كه‌وتنى ڕ‌ژێمى نه‌بوو، ئه‌گه‌ر بيويستايه ئه‌وا ڕژێم پێش پێنج ساڵ به هاوكارى ئه‌مه‌ريكا ده‌كه‌وت. به‌ڵكو واشتنتۆن پێدانى چه‌كى به‌رگرى كه ئۆپۆسزيۆنى سورى پێويستى بوو ڕه‌تكرده‌وه، مه‌به‌ستم چه‌كى دژه فڕۆكه‌يه . ئه‌وه‌ى كرد چونكه نه‌يده‌ويست ڕژێم بكه‌وێت. ته‌نها كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاريى له‌ناو ڕژێم دا ده‌ويست، له‌گه‌ڵ هێشتنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا. ئه‌وانه‌ى كه به‌شداريى ڕاپه‌ڕينى سوريايان كرد وههميان ئه‌وه بوو كه ئه‌مه‌ريكا له بهرژهوهنديياندا پشتياندهگرێت. به توندى و به په‌ژاره‌وه بێهيوا بوون.
- چەندین ساڵ وەک مامۆستای توێژینەوەکانی پەرەپێدان کارتکردووە، بە دڵنیاییەوە چەندین جیاوازی ھەیە لە نێوان دەوڵەتانی (مينا - MENA) [دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، مينا كورتكراوه ئينگليزيهكهيهتى]، بەڵام لە ڕوانگەیەکی گشتیيەوە، چ ستراتیژیەتێکی پەرەپێدان گونجاوا بۆ ئەم وڵاتانە؟ ئەو ئاڵنگاری و کێشە سەرەکیيانە چین کە پەرەپێدان لەم وڵاتانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە؟ ڕۆڵی حکومەتەکان لەم پەرەپێدانەدا چیە؟
* ھەموو حکومەتەکانی ناوچەکە تێگەیشتنی نیولیبراڵیزم بۆ پەرەپێدان وەردەگرن، ھەمووان پێیانوایە کە پێویستە کەرتی تایبەت ڕابەرايهتيی ئابوری بکات. بەڵام ئەم ستراتیژە بەشێوەیەکی شوورەییانە شکستی ھێنا لە ناوچەیەکدا کە سەرمایەی تایبەت متمانەی بە داھاتوو نیە، لەبەرئەوەش مەیلی بەلای وەبەرھێنانی درێژمەودادا نیە کە بۆ پەرەپێدانی ڕاستەقینەی بەردەوام پێویستە. سەرمایەی تایبەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا زۆربەی سەرمایەیەکە تێدەکۆشێت بۆ قازانجی خێرا و کێبڕکێ، لەو سەرمایەیە ناچێت کە لە سەدەی نۆزدەدا ڕابەرایەتيی بزووتنەوەی بەپیشەسازیکردنی لە ئەوروپادا کرد. ئەو کەسەی پێیوابێت کە دووبارەکردنەوەی ئەوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ھاوچەرخدا شتێکی شیاوە ئەوا لە وەھمێکی گەورەدا دەژى. لەبەر ئەم ھۆکارە، تاکە ڕێگا بۆ پەرەپێدان لە ڕێگای ھەڵسانی دەوڵەتەوەیە بە ڕۆڵی تەوەرەیی(ميحوه‌رى). کارەکە بەشێوەی تایبەتیش ھەر ڕاستە، چونکە ئەم ناوچەیە سەرچاوەگەلێکی نەوتی زەبەلاحی ھەیە، سەرچاوەی دەخل بۆ دەوڵەت بەرھەمدەھێنێت، [کە] پێویستە لە پەرەپێدانی درێژ مەودادا بەگەڕبخرێت. ئێستاش ئەوە دەبێتە پرسیار: چ جۆرە پەرەپێدانێک؟ لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ پرسی دیموکراسى. ئەگەر دیموکراسى لە کۆمەڵگادا بوونی نەبێت، لەکاتێکدا دەوڵەت خاوەنی داھاتێکی نەوتيی گەورەبێت، ئەنجامەکە بەھەدەردانێکی گەورەو گەندەڵیيەکی زەبەلاح دەبێت، کە بەشێوەیەکی مەزن زیان بە پەرەپێدان دەگەیەنێت.
-ئایا ڕۆڵی سەرمایەی تایبەت لە پرۆسه‌ى پەرەپێدان لە وڵاتانی (مینا) دا لە سایەی حکومەتی سۆسیالیستی‌دا پۆزەتیڤ دەبینیت؟ پەیوەنديی نێوان دەوڵەت و ئەم سەرمایەیە چۆن دەبێت؟ بە شێوەیەکی گشتیيتر، پەیوەنديی نێوان کۆمەڵگای مەدەنی و سەرمایە و دەوڵەت چۆن دەبێت؟
* ئەو وانەیەی کە لە ئەزموونەکانی خۆماڵیکردنی پێشوەوە فێری بووین، ئەوەیە کە کۆتاییھێنان بە پرۆژە تایبەتەکان بەشێوەیەکی کرچ‌وکاڵ وەک ئەوەی لە کۆتایی بیستەکان لە یەکێتيی سۆڤیەت ئەنجامدرا ھەڵەیەکی ترسناکە. پێویستە پرۆسه‌ى ھاوبەشيکردن(التشریک)ی هۆيه‌كانى بەرھەمھێنان بە پلەپلە بێت، تەنھا کاتێک خاوەندارێتيی گشتی کۆنترۆڵ بگرێتە دەست کە بە شێوەیەکی کاریگەر و لەناو ھەلومەرجێکی پێدراودا درووست ببێت. پێویستە دەوڵەت ئەو سەرمایەدارانە ھانبدات کە دەیانەوێت وەبەرھێنان لە پرۆژەگەلی بەسوود و بەرھەمداردا بکەن، ئەو پرۆژانەی کە کەرتی گشتيی سەرچاوەی مرۆیی و زانیاری نیە بۆ جێبەجێکردنی بەشێوەیەکی چالاک، بەو مەرجەی پەیوەست بن بە دانی باج و یاساکانی کارەوە. لە ھەلومەرجێکی لەم شێوەیەدا، پێویستە دەوڵەت گەرەنتيی تەواو بە وەبەرھێنانی تایبەت جا لۆکا‌ڵی بێت یان بیانی بدات بۆ قەرەبووکردنەوەیەکی دادپەروەرانە لە حاڵەتی ھاوبەشيکردن لە داھاتوودا. ھەرچی پەیوەنديی بە کۆمەڵگاوە ھەیە بەشێوەیەکی گشتی، لەڕاستيیدا ئەوەش ئەوەیە کە تۆ لەژێر ناوی " کۆمەڵگای مەدەنی" دا ئاماژەت بۆ کرد، پێویستە توانای چاودێریکردنی کەرتی گشتی و دەوڵەتی ھەبێت. حکومەتی سۆسیالیستی تەنھا کاتێک بەڕاستی(حکومەتی گەل، لەلایەن گەلەوە، لەپێناو گەليشدا) دەبێت کە "گەل" تەنھا لە ھەڵبژاردنی نوێنەراندا کورتنەبێتەوە، بەڵکو ھاوبەشیکردنی دەستە بنکەییەکانیش لە چاودێریکردنی حکومەتدا لەخۆدەگرێت.
- لێمانگەڕێ با بگوازینەوە بۆ ڕووداوگەلێک و دیاردەگەلێکی دیاریکراو لە ناوچەکەدا. بە یەکێک لە کۆنترین پرسیارەکان دەستپێدەکەین: کێشەی فەلەستین. ئەو ھەڵوێستە چیە کە پێویستە چەپ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ده‌رهه‌ق به دۆزی فەلەستین بیگرێته‌به‌ر؟ کێشە سەرەکیيەکان لە جەنگی نابەرابەری نێوان فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکاندا چیە؟
*پێموایە پرسە سەرەکیيەکە لێرەدا مافی چارەی خۆنوسینی فەلەستینە. فەلەستینیەکان ھەر لە دامەزراندنیەوە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دەچەوسێنرێنەوە. ھەر لەو ساتەدا، زۆرینەی فەلەستینیەکان لە خاکەکەیان دەرکران و ئاوارەبوون. بەشێک لەوان لەگەڵ بەشێکی تر لە فەلەستینیەکاندا نزیکەی پەنجا ساڵ دەبێت کەوتوونەتە ژێر داگیرکاری، لە ساڵی ١٩٦٧ـەوە. لێرەدا تراژیدیگەلێکی کەڵەکەبوومان ھەیە، پێویستیشە ھەمووی چارەسەربکرێت. بابەتە سەرەکیيەکەش لێرەدا بریتیيە لە مافی چارەی خۆنوسینی فەلەستینیەکان؛ واتە توانستی ھەڵبژاردنیان لەنێوان گەڕانەوە بۆ ئەو زەویەی خۆیان یان باوکانیان لێی دەرکراون، یان ژیان لە دەوڵەتێکی سەربەخۆدا لەسەر زەویيەکانی ١٩٦٧، یان جێگیربوون لەو وڵاتانەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین لەگەڵ بەدەستھێنانی تەواوی مافە سیاسیيەکانیان. ئەمە بەسەر وڵاتانی وەک لوبنان و سوریا و ئوردن دا جێبەجێدەبێت کە تێیدا ئاوارە فەلەستینیەکان بەدەست چەوساندنەوە دەناڵێنن. ھەروەھا ئەمەش بەشێکی سەرەکیيە لە دۆزی فەلەستین، چونکە ئەوەی فەلەستینیيەکان دەچەوسێنێتەوە تەنھا ئیسرایل نیە، بێگومان دەوڵەتی زایۆنیزم چەوسێنەری سەرەکيی فەلەستینیيەکانە. ئەمە ڕوونە، بەڵام ھێزگەلی تریش ھەن مومارەسەی چەوساندنەوە دەکەن، پیویستە ڕووبەڕوویان بێتەوە.
-پەیوەنديی نێوان خەباتی فەلەستین لەپێناو دیموکراسی و جەنگ لەگەڵ داگیرکەری ئیسرایلىدا چیە؟ ئەو ھەڵوێستە چیە کە دەبێت چەپ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەرانبەر گروپەکانی بەرگری ئیسلامی وەک حەماس و جیھادی ئیسلامی‌دا بیگرێتەبەر؟
* ئەگەر وەک گشتێک سەیری ناوچەکە بکەيت، لە حەفتاکانەوە گۆڕانێک بەدیدەکەیت لەنێوان ئەو سەردەمەدا کە تێیدا ئەو پێکھاتانەی کە ململانێی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و سیستەمە دیکتاتۆرەکانیان دەکرد لایەنگری چەپ بوون، تا ئەو زەمەنەی ھێزە ئیسلامیيە فەندەمێنتاڵیستەکان تێیدا باڵادەست بوون و ھەژموونیان پەیداکرد لە قسەکردن بەناوی ئەم ململانێوە. لە حەفتاکان بەسەرەوە ئەم گۆڕانکاريیە بە قەیرانی جیاجیا بەگوێرەی وڵاتەکان ڕوویداوە. لە فەلەستین دا لە کۆتایی ھەشتاکان دا حەماس دەرکەوت. پێش ئەوە چەپ وەک ھێزێکى ڕادیکاڵ ڕۆڵێکی زۆر گرنگی دەگێڕا. بەڵام حەماس دەستی بەگەشەکردن کرد و چەپیش کەوتە قەیرانەوە، ھەروەھا چەپی جیھانیيش کەوتە قەیرانەوە لەگەڵ ڕووخانی یەکێتيی سۆڤیەتدا، کە وەک بەرجەستەکەری چەپ سەیردەکرا، جا ئەم تێروانینە ھەرچەند ھەڵەش بووبێت. ئەنجامەکەشی ئەوەبوو بزوتنەوە ئیسلاميیە فەندەمێنتاڵیستەکان گەشەیاندەکرد. بەڵام ئەم بزووتنەوانە لە وڵاتە جیاوازەکاندا ڕۆڵی جیاوازی دەگێڕا. لە وڵاتێکی وەک فەلەستین دا، یان تەنانەت لە لوبنانیش (حاڵەتی حيزبوڵا) کاتێک کە بەشێک لە لوبنان داگیرکرابوو، ئەم بزووتنەوانە ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە به‌رگریکردنی داگیرکەردا. لەم حاڵەتانەدا، ئەگەر تۆ دژی ئێمپریالیزم و زایۆنیزم بیت که پێویستە ھەموو پێشکەوتنخوازێک وابێت، پێویستە لەسەرت پشتی ھەر بزووتنەوەیەک بگریت کە دەچێتە ململانێیەکی دادپەروەرانەوە لەگەڵ ئیمپریالیزمدا، بەڵام ھەروەھا لێرەدا پێویستە ئەوە بەبێ ھیچ وەھمێک بکەیت. کاتێک خەبات دژی سیستەمێکی دیکتاتۆری دەکەیت کە بانگەشەی ئەوە دەکات دژی ئیمپریالیزمە، پێویستە بەبێ ھیچ وەھمێک لەبارەی ئیمپریالیزمەوە ئەوە بکەیت. ئەگەریش دژی ئیمپریالیزم جەنگايت، پێویستە بەبێ ھیچ وەھمێک لەبارەی ھێزە ئیسلاميیە فەندەمێنتاڵە دیکتاتۆرەکانەوە کە دژی ئیمپریالیزم دەجەنگێت یان بانگەشەی ئەوە دەکات ئەوە بکەیت، چونکە پێویستە لەبیرت بێت ئەم ھێزانە بە ئەندازەی ئەوەی دژی ئیمپریالیزمن دژی چەپیشن ئەگەر زیاتریش نەبێت. ئەوان لەڕاستیدا زیاتر دوژمنی دیموکراسيی ڕادیکاڵ و سۆسیالیزم و ئازادبوونی ژنانن وەک لە دوژمنایەتیان بۆ ئیمپریالیزم و زایۆنیزم. پێویستە زۆر ڕەخنەگرانە لەبەرانبەر ئەوانە بوەستیت کە بەرجەستەی دەکەن؛ پێویستیشە جیاوازيیە ميحوهرييهكان لە نێوان خۆت و ئەوان دا لەبیرنەکەیت.
- دەتوانین بڵێین ڕێکخستنێک لە بابەتێکدا پێشکەوتنخواز و لە بابەتێکی تردا پاشڤەڕۆیە؟ ئەگەر وەک یەکەیەکی تەواو سەیری ڕێکخستنەکان بکەین، ئەوا ناتوانین ئەم جیاکاريیە بکەین. حيزبى تودە لە ئێران لە سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩دا پێڕەوی لە شێوازی ئاماژەبۆکراو کرد و پشتیوانيی لە بازی ئیسلامیەکان کرد(صقار الاسلاميين)، لە ڕاستيیشدا لە چەسپاندنی دەسه‌ڵاتی ئیسلامیيدا بەشداریى کرد. دەزانم لێرەدا گرفتێک ھەیە: لەلایەکەوە ڕێکخستنێکی پاشڤەڕۆی دژەئیمپریالیزم ھەیە، لە لایەکی تریشەوە ھێزەکانی داگیرکاری زایۆنیزم. بەڵام گرووپە بەرگريیە پێشکەوتنخوازە سیکۆلارەکان چۆن دەتوانن لەسەر حيسابی گروپە ئیسلامیيەکان لە ململانێ لەگەڵ داگیرکەری زایۆنی دا ھەژموونیان ھەبێت، بەشێوەیەک ڕێکخستنە پێشکەوتنخوازەکان بتوانن لە ھەمان کاتدا خەبات دژی داگیرکەر بکەن و ململانێی دیموکراسی و پێشکەوتنیش بکەن دژی ئیسلامیيەکان؟
* لەڕاستیيدا ئەوە کرۆکی بابەتەکەیە. ئەو بنەمایانەی کە پێویستە لە جووڵەی ھاوبەش لەگەڵ ئەو گرووپانەدا پەیڕەوبکرێت کە لە ھیچ شتێک دا ھاوبەشی ناکەین تەنھا دوژمنێکی ھاوبەش نەبێت بنەماگەلێکی زانراون، شۆڕشگێڕێکی ڕووسی پێش سەدەیەک ئەم بنەمایانەی کورتکردووەتەوە، ھەمیشە پێمخۆشە باسیبکەم: ١) ڕێکخستنەکان تێکەڵ مەکەن، بە جیا ڕێبکەن و پێکەوە دەستبوەشێنن. ٢) واز لە داواکاريیە سیاسیەکانتان مەھێنن. ٣) جیاوازيی بەرژەوەندیيەکان مەشارنەوە. ٤) وریای ھاوپەیمانەکەتان بن وەک ئەوەی وریای دوژمن دەبن. ٥) زیاتر گرنگی بە سودوەرگرتن له ھەلومەرجە بدەن کە ململانێکە دەیئافرێنێت وەک لە گرنگیدانتان بە بە ھێشتنەوەی ھاوپەیمانەکە. ئەگەر ئه‌م بنەمایانە پەیڕەوکران، ئەوە دەمێنێتەوە کە پێشکەوتنخوازەکان بۆ جەماوەری بسەلمێنن کە ئەوان لە فەندەمێناڵیستەکان زیاتر پەیوەستن بە خەبات دژی دوژمنی ھاوبەشەوە، بەڵام ئەوان بە پێچەوانەی فەندەمێنتاڵیستەکان و ھەندێک جار لە ڕووی ئەوانیشدا بە پێداگریيەوە بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی کرێکاران و ژنان و ھەموو چەوساوەکان دەکەن.
- دواتر لە پرسیاری داھاتوو دەگەڕێمەوە بۆ ئیسلامیزم و ئیسلامی سیاسی، بەڵام پێش ئەوە دەمەوێت پرسیار لەبارەی ئەوە بکەم پێیدەڵێن " بەھاری عەرەبی". چۆن پەیدابوونی ئەم ڕووداوانە ڕاڤەدەکەیت؟ ڕۆڵی چەپ لەوەدا کە ناونراوە " بەھاری عەرەبی" چیە؟ ئەگەر پەرژاندمان(قبوڵمانکرد) کە " بەھاری عەرەبی" شكستى هێناوه لانيکەم بەشێوەیەکی کاتی، جا لەلایەن دیکتاتۆرەکانەوە بێت یان پارتە ئیسلامیيە پاشڤەڕۆکان، ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان بۆ داھاتوو چیە؟
* یەکەم؛ من ناوی نانێم " بەھاری عەرەبی" ، بیرۆکەی پشت ئەم ناونانە ئەوەبوو کە ئەم "بەھار"ـە ماوەیەکی کورتخایەنە، دواتر شتێکی ھاوشێوەی شۆڕشەکانی ئەوروپای ڕۆژھەڵات بەخۆوە دەبینێت کە ھەموو شت لە چەند مانگێکی کەم دا قڵپبووەوە. من ھەرگیز باوەڕم بەمە نەبووە، چونکە من دەزانم کەوتنی ڕژێمه عەرەبيیەکان چەند قورسە، زۆر زۆر قورسترە لەو دۆخەی کە لە ئەوروپای ڕۆژھەڵاتدا باڵادەست بوو، چونکە ئەم ڕژێمانە [عەرەبيیەکان] ئامادەن ملیۆنان مرۆڤ بکوژن تاوەکو لە دەسەڵات بمێننەوە. کەواتە دۆخەکە زۆر قورستترە، لەبەرئەوەش زاراوەی "ڕاپەڕین"م بەکارھێنا لەبری " بەھار" ، ھەر لەسەرەتاشەوە ڕووداوەکانم بەوە وەسفکرد کە پرۆسه‌يه‌كى شۆڕشگێڕی دوور مەودان. ئەوەی ساڵی ٢٠١١ لەو وڵاتانەدا کە بە عەرەبی قسەدەکەن دەستیپێکردووە، پرۆسێسێکی درێژمەودایە چەندین ساڵ بەڵکو چەند دەیەیەک دەخایەنێت. ئەوە[ڕاپەڕینەکە] پرۆسێسێکی شۆڕشگێڕی مێژوویی درێژە، سەرکەوتن و تێکشکانیش و قۆناغ گەلێک لە شۆڕش و دژە شۆڕش بەخۆوە دەبینێت، بۆ ماوەیەکی درێژ سەقامگیریيەکی بەردەوام نابینین. لەڕاستيیدا، مادام کێشە سەرەکیيەکان، ئەو کێشە ئابوری و کۆمەڵایەتیيانەن کە بوونەھۆی تەقینەوە چارەسەرنەکراون، ناوچەکە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت. لە سەرەتادا وەھمی زۆر ھەبوون، خۆم پاراست لە زیادەڕەویکردن لە گەشبینیيدا؛ چونکە قورسيی کارەکەم دەزانی و پێشبینيی کاردانەوەی دژەشۆڕشم ده‌کرد. لە واقیع دا، شەپۆلی شۆڕشگێڕيی یەکەممان بینی کە بۆ ماوەی دووساڵ بەردەوام بوو، پاش ئەوە کاردانەوەی پێچەوانە ھات. لە ٢٠١٣ـەوە ناوچەکە چووەتە قۆناغی دژەشۆڕشەوە و تا ئێستاش تێیدایە. لە ماوەیەی قۆناغی شۆڕشگێڕيی یەکەمدا ھێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە وڵاتە عەرەبیيەکاندا لە گرتنەدەستی سەرکردایەتيیدا بەشێوەیەکی جێگیر شکستیانھێنا. لە درووست‌کردنی ھێزێکی پێشکەوتنخوازی سەربەخۆ شکستیانھێنا. لە بنچینەدا ئەوەی کردیان گۆڕینی ھاوپەیمانەکانیان بوو: جارێک لەگەڵ ڕژێمە کۆنەکان دا ھاوپەیمانیيان کرد، جارێکیش لەگەڵ ئیسلامیيە فەندەمێنتاڵیستەکاندا؛ لەگەڵ ئیسلامیيە فەندەمێنتاڵیستەکاندا دژی ڕژێمە کۆنەکان ھاوپەیمانیيان ئەنجامدا، پاشان لەگەڵ ڕژێمە کۆنەکاندا دژی دژی فەندەمێنتاڵیستە ئیسلامیيەکان، کاتێک کە ئەوان ھەژموونیان پەیداکرد. ئەم یاریيە بەگشتی شکستی ھێنا. ئەنجامەکەشی چەپ پەراوێزخرا، سەرەڕای ئەوەی لەسەرەتای ڕاپەڕینەکاندا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا. ئەوەی ئەمڕۆ باڵادەستە پێکدادانی شۆڕش و دژەشۆڕش نیە، بەڵکو لەنێوان دوو شێوەی دژەشۆڕشدایە، دوو ھێزی دژەشۆڕش ھەیە: ڕژێمە کۆنەکان و ئیسلامیيە فەندەمێنتاڵیستەکان. ئەم ھێزانە لە سوریا و لیبیا و یەمەن به‌شێوه‌يه‌كى سەربازيیانە دەجەنگن، لە وڵاتانی تری وەک میسریش دا سیاسیيانە. دۆخەکە تراژیديیە، بەڵام حەکایەتەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، چونکە وەک وتم ناوچەکە سەقامگیر نابێت مادام کێشە سەرهکيیەکان چارەسەرنەکراون. کێشە ڕاستەقینەکانیش لەبری ئەوەی چارەسەربکرێن زۆر خراپتر بوونه، چونکە خودی دۆخەکە کێشەگەلێکی ئابوريی گەورەتر دەئافرێنێت کە دەبێتە ھۆی گرژيی کۆمەڵایەتيی زیاتر. لەبەرئەوە، پرۆسه شۆڕشگێڕیيەکان بەردەوام دەبێت، ڕاپەرينی تر دەبینین وەک ئەوەی بەم دواییە لە تونس بینیمان کاتێک کە ڕاپەڕینێکی لۆکا‌ڵی ھەڵگیرسا لەبارەی مه‌سه‌له‌ى بێکاریيەوە. ئەمە ئاماژەیەکە بۆ دواتر. ڕاپەرینی زیاتر و تەقینەوەی کۆمەڵایەتيی زیاتر دەبینین، دۆخەکەش بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت. پرسی گرنگ بۆ داھاتوو بریتيیە لە توانا و ناتوانایی ھێزە پێشکەوتنخوازەکان لە خۆڕێکخستنەوە وەک ھێزێکی سەربەخۆ کە توانای سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکەی ھەبێت بەرەو گۆڕانکاريیەکی پێشکەوتنخوازی ڕاستەقینە. ئەگەر ئەمە بەدینەیەت، ئەوا داھاتووی ناوچەکە زۆر تاریکتردەبێت، بەڕاستيیش ترسناکە. کاتێک بیر لەو ھیوا گەورانە دەکەیتەوە کە لە ساڵی ٢٠١١ سەروەربوون، پاشان دەڕوانیتە دۆخی ئەمڕۆ، جیاوازيیەکی مەزن بەدیدەکەیت. بەڵام ئەم گۆڕانکاريیە لە پێنج ساڵدا ڕوویدا، پاش پێنج ساڵی تر لەوانەیە دۆخەکە بە تەواوى جارێکی تر بگۆڕێت. پێویستە جارێکی تر بیريبھێنینەوە، شتێکی چارەنووسسازە کە ھێزە پێشکەوتنخوازەکان ئەڵتەرناتیڤێکی پێشکەوتنخواز بۆ ھەردوو دژە شۆڕشەکە باڵادەستەکەی ناوچەک تەبەنىبکەن.
- لەکۆتاییدا دوو پرسیار لەبارەی ئێرانەوە، یەکەم لەبارەی شۆڕشەکەی ١٩٧٩ـه‌وه. تۆ سەر بەو تەوژمە مارکسیيەيت کە بەتوندی ڕەخنەی ئیسلامی سیاسی و دەرکەوتەکانی وەک شۆڕشی ١٩٧٩ دەکەیت. توخمە سەرەکیيەکانی ڕەخنەگرتنت لە ئیسلامی سیاسی و بەتایبەتیش شۆڕشی ١٩٧٩ چیە؟ چۆن ئەم دیاردانە شیدەکەیتەوە؟
* لەسەرەتادا، جۆری جیاواز لە مارکسیزم ھەیە. مارکسیزم نزیکبوونەوەیەکی میتۆديی گشتی و تێڕوانینێکی گشتیيە بۆ مێژوو، بەڵام بەکارھێنانی زۆر جیاوازی ھەیە. دەشێت ئەوانەی کە بەخۆیان دەڵێن "مارکسی" چەندین تێڕوانینی جیاوازیان ھەبێت لەبارەی یەک بابەتەوە. بە باشی بیرمه کە لە ساڵی ١٩٧٩دا گفتوگۆى نێوان مارکسیيەکان توند بوو. زۆرینەیان شۆڕشی ئێرانیان وەک شۆڕشێکی پێشکەوتنخواز دەبینی، باوەڕیانوابوو کە شۆڕشی ئێرانی وەک شۆڕشەکانی تر، جۆرێکە لە شۆڕشی نیشتیمانی-دیموکراسی. لەو کاتەدا سووربووم لەسەر ئەوەی کە ئەوانەی ئەمە دەڵێن تێناگەن لە ڕۆڵی فەندەمێنتاڵیزمی ئیسلامی لە شۆڕشی ئێران‌دا. ڕاستە کە شۆڕشی ئێرا