چه‌پ و ئاوڕدانه‌وه له مۆدێرن‌ه
وه‌ليد عومه‌ر
يه‌ك: چه‌پ و مۆدێرنبوون
ئه‌م قه‌يرانه ئابورييه‌ى كوردستان، له‌م چه‌ند ساڵه‌ى پێشوودا؛ بۆ هه‌ر چه‌پێكى نوێ و بيركه‌ره‌وه زياتر قه‌يرانێكى نائابورى بوو. به‌و مانايه‌ى كه كۆمه‌ڵگاكه به‌ده‌ست نه‌ريتێكى كۆن و كه‌لتورێكى سته‌مكارانه‌وه ده‌ناڵێنێت كه ڕيشه‌كه‌ى له ئابورى كۆنتره. لێره‌شه‌وه‌يه كه ناكرێت ته‌نيا به‌پێى ديده كلاسيكه‌كه، به‌هۆى كايه‌يه‌كى وه‌ك ئابوريى سياسى‌يه‌وه له ئێستا و ڕابردووى كۆمه‌ڵگاكه تێبگه‌ين. ڕه‌نگه ئابوريى سياسى بتوانێت كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى ئابورى، و كۆمه‌ڵێك په‌يوه‌نديى نێوان ئابورى و سياسه‌ت بپشكنێت و له‌و "به‌ها"يه بكۆڵێته‌وه كه پاش ئابوريى سه‌رمايه‌دارى دێته‌كايه‌وه؛ به‌ڵام كۆى ئه‌و ورده‌كارييانه‌مان پيشاننادات كه ئه‌م كۆمه‌ڵگايه چه‌ندين سه‌ده‌يه به‌ده‌ستيه‌وه ده‌ناڵێنێت. ئايا ئه‌و به‌هايانه‌ى له كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دايه، ته‌نيا به‌هاى ناو په‌يوه‌ندييه‌كانى سه‌رمايه‌داريين؟ ڕه‌خنه‌ى ئابوريى سياسى له‌دواى ماركسه‌وه بايه‌خێكى زۆرى هه‌يه، به‌ڵام ئه‌م سياقه‌ى كۆمه‌ڵگاى ئێمه، زياد له كايه‌يه‌كى پێويسته تاكو ڕه‌خنه‌بكرێت و به‌ديلى تازه‌ى بۆ ته‌رحبكرێت. هه‌ر به‌ديلێك ته‌رحبكرێت، چه‌پ بێت يان چه‌پ نه‌بێت، ناتوانێت خۆى له‌و پرسياره جديه بدزێته‌وه كه: چۆن نه‌ريته كۆنه‌كانى تێپه‌ڕێنرێت و عه‌قڵێكى ڕه‌خنه‌يى و ڕۆشنگه‌ر له مرۆڤى ئێمه‌دا ناونشين بكرێته‌وه؟ بۆنمونه چه‌پى ئێره، ناتوانێت خۆى له‌و نه‌ريته ده‌وڵه‌مه‌نده‌ش داببڕێت كه نه‌ريتى ليبراڵيزمه. ناشتوانێت ته‌نيا به‌هۆى كتێبى سه‌رمايه و گرۆنده‌ريسه‌وه له گرێ كوێره‌كانى مێژووى ئێمه تێبگات. ئابوريى سياسى، جۆرێك له چه‌مكسازى و عه‌قڵانيه‌تى تايبه‌ت به‌خۆى هه‌يه كه ڕيشه‌كه‌ى له فه‌لسه‌فه‌دايه و به‌شێكيشى له زانستدايه، به‌ڵام ده‌بێت زه‌مينه‌يه‌كى عه‌قڵانيى بۆ بڕه‌خسێنين تاكو له هه‌ندێك جێ‌دا يارمه‌تيمان بدات بۆ تێگه‌يشتن له خۆمان. گه‌ر ئه‌مه نه‌كه‌ين، ئابوريى سياسى، وه‌ك ئابوريى سياسى ناگات.
ئه‌م كۆمه‌ڵگايه ته‌نيا كێشه‌ى ژێرخانى نيه، كێشه‌ى نانى نيه، به‌ڵكو كێشه‌ى سه‌رخان و نه‌ريتێكى نامۆدێرن و پێش‌مۆدێرن(pre-modern)ى هه‌يه. ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵگا له دۆخێكى ناجێگيرى مێژووييداين و نه‌چووينه‌ته ناو مۆدێرنه‌وه. ڕه‌نگه به‌رهه‌مه‌كانى مۆدێرن‌ه و "عه‌قڵى ئامرازى" ئاماده‌يان هه‌بێت، به‌ڵام عه‌قڵى مۆدێرن و "عه‌قڵى ڕه‌خنه‌يى" تاچه‌ند ئاماده‌يى هه‌يه؟ چۆن خۆمان له ئوستوره و دين و خێڵ و نايه‌كسانييه‌كانى تر دابڕنين؟ يان جه‌وهه‌ريتر بپرسين: ئايا چه‌پ ده‌كه‌وێته كوێى پرۆسه‌ى مۆدێرنيزاسيۆن و به‌مۆدێرنكردنى كۆمه‌ڵگاوه؟ چه‌پ به‌شێكه له پرۆسه‌ى به‌مۆدێرنكردن، يان به‌مۆدێرنكردن به‌شێكه له چه‌پ؟ ڕه‌نگه ئه‌مه له پرسياره سه‌ره‌كييه‌كانى به‌رده‌م هه‌ر چه‌پێكى نوێ بێت بۆ داهاتوو. هه‌ر چه‌پێكى نوێ، ناتوانێت خۆى له‌و شه‌ڕه سه‌خته ده‌ربازبكات كه شه‌ڕى مۆدێرنيزاسيۆنى كۆمه‌ڵگايه. گه‌ر ئه‌مه نه‌كرێت، ئه‌وا هه‌ر نوسخه‌يه‌كى چه‌پ بێنيت، ئه‌گه‌رى زۆره به بونياده كۆنه‌كانى كۆمه‌ڵگاوه درێژه به خۆى بدات و نه‌توانێت نه‌ريتێكى نوێ بێنێته ناو كۆمه‌ڵگاوه. ڕه‌نگه خه‌ڵكانى چه‌پ له كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا بێنه قسه و بڵێن: ئه‌مه شه‌ڕێكى بۆرژوازييه و مۆدێرن‌ه خۆى مۆدێرنه‌ى سه‌رمايه‌دارييه، ئه‌م شه‌ڕه شه‌ڕى سه‌ره‌كيى چه‌پ نيه. به‌ڵام وه‌ڵامێكى دياله‌كتيكى بۆ ئه‌مه هه‌يه و ده‌توانين بڵێين: به‌شێكى زۆرى چه‌پى ئه‌م ناوچه‌يه، ڕوو له ئه‌وروپاى مۆدێرن ده‌كه‌ن و ناوچه‌يه‌كى نا-مۆدێرن جێده‌هێڵن. ئايا ئه‌مه خۆى ئه‌رگۆمێنتێكى عه‌مه‌لى نيه بۆ ئه‌وه‌ى كه پرۆسه‌ى به‌مۆدێرنكردنى كۆمه‌ڵگا، كارێكى سه‌ره‌كى و حه‌ياتييه؟
ئه‌و مۆدێرنه‌يه‌ى له كۆمه‌ڵگايه‌ى ئێمه‌دا هه‌يه، به‌هۆى قه‌ده‌رى مێژوويى و جوگرافييه‌وه، دره‌نگتر ده‌گات. جگه له‌وه‌ى به‌ته‌واوى ده‌سكاريى بونياده كۆنه‌كان ناكات و له‌ناوه‌وه كۆمه‌ڵگاكه تووشى قه‌يرانى جدى ناكات. بۆنمونه، قوتابخانه و په‌روه‌رده و فێركردن كه يه‌كێكه له ديارده‌كانى مۆدێرن‌ه، كه‌چى ئه‌و ستراكتۆرانه ناله‌قێنێت كه مرۆڤى ئێمه‌ى پێ په‌روه‌رده ده‌كرێت. مۆدێرن‌ه ئه‌وه‌ت به‌سه‌ردا قه‌رزده‌كات كه بچيته قوتابخانه و بخوێنيت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه ئه‌م خوێندنه ده‌چێته خزمه‌تى كام نه‌ريته‌وه؟ ئه‌و مرۆڤه‌ى كه پێى ده‌گه‌يه‌نێت و فێرى خوێنده‌واريى ده‌كات، چ جۆره مرۆڤێكه؟ ئايا هه‌ڵگرى عه‌قڵێكى زانستى و مۆدێرن و ڕه‌خنه‌ييه؟ ياخود به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ى مرۆڤێكه كه دواى مۆدێرن‌ه له‌دايكبووه، و له‌پێش مۆدێرنه‌دا جێماوه؟ ئايا عه‌قڵ به‌سه‌ر خورافه‌دا زاڵبووه؟ ئايا ئازادى و ديموكراسى بۆته به‌شێك له مامه‌ڵه‌ى ڕۆژانه‌مان؟ ئايا له ڕووبه‌رى خوداوه په‌ڕيوينه‌ته‌وه بۆ ڕووبه‌رى مرۆڤ، كه له پره‌نسيپه سه‌ره‌تاييه‌كانى مۆدێرنه‌يه؟ كاتێك ئه‌م پرسيارانه ده‌كه‌ين، ئاگامان له‌و ديوه تاريكه‌ى مۆدێرنه‌شه كه ناوى سه‌رمايه‌دارييه، ده‌توانێت دۆخێك زاڵبكات كه مناڵ تاقه‌تى قوتابخانه‌ى نه‌مێنێت و خوێندكار نا‌ئومێد ببێت له چاره‌نووسى داهاتووى. به‌و ديوه‌ى تريشدا، ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كه ناسيۆناليزم پێى ده‌ڵێت "نه‌ته‌وه"، قوربانيى ده‌ستى به‌رهه‌مه ته‌كنۆلۆژييه‌كانى مۆدێرن‌ه بووين وه‌ك كيمياباران و هتد. ئێمه خوێندكار و ده‌رچووى زانسته‌كانمان هه‌يه، به‌ڵام ئه‌وانه تاچه‌ند هه‌ڵگرى ئه‌و ڕه‌هه‌نده مۆدێرنه‌ى زانسته‌كانن كه له مرۆڤێكى خورافييه‌وه ده‌تكه‌ن به مرۆڤێكى ڕۆشنگه‌ر؟ كاتێك زانسته مرۆڤايه‌تييه‌كان ده‌خوێنين، توانيومانه مرۆڤبوونى خۆمان و سوبێكتيڤيته‌ى خۆمان بخه‌ينه ژێر كاريگه‌رييه‌وه و خۆمان و باوه‌ڕه دێرينه‌كانمان هه‌ڵوه‌شێنينه‌وه؟ مۆدێرنه‌ى ڕۆژئاوايى كه دێت، به‌ره‌نجامى ڕێنيسانس و ڕيفۆرمى دينى و شۆڕشى پيشه‌سازى و سێكۆلاريزم و ڕۆشنگه‌رييه و دواتريش كۆمه‌ڵێك ڕه‌خنه‌ى گرنگى لێ ده‌گيرێت. ماركسيزم و ليبراڵيزم و هه‌ردوو چينى پرۆليتار و بۆرژواش به‌رهه‌مى مۆدێرنه‌ن. به‌ڵام كۆمه‌ڵگاى ئێمه چۆن بڕێك له‌و مۆدێرنبوونه قه‌ره‌بووبكاته‌وه؟ دياره مێژووى كۆمه‌ڵگاكان جيايه و مه‌رج نيه به هه‌مان پرۆسه‌دا بڕۆينه‌وه، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌م نا-هاوكاتييه قه‌ره‌بووبكرێته‌وه و كۆى كايه جياجياكانى كۆمه‌ڵگا مۆدێرنيزه‌بكرێت. ماركس له جێيه‌كدا باسى ئه‌و كۆمه‌ڵگايانه ده‌كات كه نه‌هاتوونه‌ته ناو مێژووه، و پێى‌وايه ئه‌و كۆمه‌ڵگايانه خه‌سڵه‌تێكى كۆنه‌پارێزانه وه‌رده‌گرن و مه‌جالى خۆته‌عبيركردنيان بۆ نه‌ڕه‌خساوه. ئێمه كه نه‌مانتوانيوه فۆرمه سياسييه‌كه‌ى مۆدێرن‌ه ئه‌زموونبكه‌ين كه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌يه و له شوناسى خێڵ و عه‌شيره‌ت و حيزبه‌وه بپه‌ڕينه‌وه، چۆن بتوانين خۆمان مۆدێرنيزه بكه‌ين؟ ئه‌مه له‌كاتێكدا ديارده و ده‌زگا مۆدێرنه‌كانى وه‌ك پارله‌مان و دادگا و زانكۆمان هه‌يه، به‌ڵام به ناوه‌ڕۆكێكى كه‌متازۆر پێش‌مۆدێرنه‌وه. حيزب كه خۆى ديارده‌يه‌كى مۆدێرن‌ه، لاى ئێمه چه‌نده مۆدێرن‌ه؟ لێره‌دا ئاماژه‌يه‌كى جه‌لال تاڵه‌بانى-م بيرده‌كه‌وێته‌وه له ياده‌وه‌رييه‌كانيدا(كتێبى ديدارى ته‌مه‌ن). ئه‌و له ژماردنى جياوازييه‌كانى يه‌كێتى و پارتيدا ده‌ڵێت: يه‌كێتى حيزبێكى مۆدێرن‌ه، به‌ڵام پارتى حيزبێكى بنه‌ماڵه‌ييه. به‌ڵام به حوكمى ئه‌وه‌ى بونيادى كه‌لتوره‌كه مۆدێرن نيه، ئه‌وا كه‌مێك كاتمان پێويست بوو تا چاوه‌ڕوان بين و تێبگه‌ين يه‌كێتى-ش حيزبێكى بنه‌ماڵه‌ييه.
دوو: چه‌پ و دايالۆگ
ئه‌و ژێسته‌ى كه كه‌متازۆر له‌ناو خوێنه‌وارى كورده‌وه سه‌ريهه‌ڵداوه و ده‌وترێت "مرۆڤايه‌تى حسابه، با مرۆڤ بين، هتد"، ژێستێكى مۆدێرن‌ه. ژێست لێره‌دا واته لاساييكردنه‌وه‌ى ئه‌كت، واته ئه‌و دۆخه‌ى كه شتێك ده‌كه‌يت و ده‌ڵێيت به‌ڵام پتر نواندنه و ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ى تيايه بيگۆڕيت بۆ ئه‌كت، يان بيكه‌يته به‌ديلى ئه‌كت و كاريگه‌ريى ئه‌كتيشى هه‌بێت. كاتێك ده‌ڵێين، هه‌موو شوناس و ئايدۆلۆژياكان بخه ئه‌ولاوه و ته‌نها مرۆڤ به، ئه‌وه خه‌ريكين ژێستى "مرۆڤبوون" ئه‌نجامده‌ده‌ين. وه‌ك ده‌زانين چه‌مكى مرۆڤبوون و مرۆڤايه‌تى(هيومانێتى)، له داهێنراوه‌كانى سه‌رده‌مى مۆدێرنه‌يه و له‌ناو پارادايمى مۆدێرنه‌دا درووستبووه. مرۆڤبوون به‌و مانايه‌ى كه مرۆڤ ڕه‌هه‌ندێكى جيهانى و گه‌ردوونيى هه‌يه و ده‌بێت له شوناسه به‌رته‌سك و بچوكه‌كان تێپه‌ڕين و ئه‌م تێپه‌ڕينه‌ش ده‌ستكرد نه‌بوو، به‌ڵكو زياتر خۆڕسك بوو. به‌ڵام بۆ خه‌ڵكانێكى وه‌ك ئێمه، ده‌بێت پتر له ژێسته‌كه‌يه‌وه ده‌ستپێبكه‌ين و خۆمان درووستى بكه‌ين. چه‌پ ده‌توانێت له درووستكردنى ئه‌م درووشمه‌دا ڕۆڵى هه‌بێت و ئينسانى كورد له‌و مرۆڤه گه‌ردوونييه نزيكبكاته‌وه كه مۆدێرن‌ه درووستيكردووه و دواتر جيهانگيرى ڕۆڵى تر‌ى پێداوه. ڕه‌نگه هه‌ڵه نه‌بين بڵێين تا ئه‌م ساته‌ش به مانا فه‌لسه‌فييه‌كه‌ى، مرۆڤى كورد ئه‌و مرۆڤه مۆدێرن‌ه نيه كه نيشته‌جێى ناو جيهان بێت و به‌شداريى عه‌قڵى مۆدێرن و كه‌لتورى ڕه‌خنه‌گرانه‌ى مۆدێرنه‌ى كردبێت. ته‌نانه‌ت ڕه‌وه‌ندى كوردى له ده‌ره‌وه‌ى كوردستان، به كۆمه‌ڵ و كۆڵێكتيڤ مرۆڤێكى لۆكاڵيين. هێشتا ئه‌و عه‌قڵه مۆدێرنه‌يان له‌خۆياندا ناواخن‌نه‌كردۆته‌وه كه مرۆڤ به‌ره‌و پێشكه‌وتن ده‌بات و له ئوستوره كه‌لتورى و لۆكاڵييه‌كانى داده‌بڕێت. ئه‌مه جگه له كۆنه‌پارێزيى كه‌لتورى، كۆنه‌پارێزييه‌كى پۆستمۆدێرنانه‌شى تيايه. پۆستمۆدێرنه كه وه‌ك ڕه‌خنه‌كردن و كاردانه‌وه به‌ڕووى مۆدێرنه‌دا هاتووه، ئه‌و حه‌كايه‌ته گه‌وره و گه‌ردوونييه ڕه‌تده‌كاته‌وه كه مرۆڤه‌كان له هه‌موو شوێنێك شوێنكه‌وته‌ى "يه‌ك" تايپى عه‌قڵ بن. گوايا به‌ناوى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى حه‌كايه‌تى گه‌وره‌وه، ده‌بێت ده‌ست به حه‌كايه‌تى بچوك و شوناسى بچوكى خۆمانه‌وه بگرين. ئه‌مه بۆ كوردێك و زۆربه‌ى كه‌لتوره جياجياكان كه ده‌چنه ڕۆژئاوا، مه‌ترسيى خۆى هه‌يه و ڕێگره له‌وه‌ى به‌ر ئه‌و عه‌قڵه ڕه‌خنه‌ييه مۆدێرن‌ه بكه‌ون كه به‌هاكانى ئه‌وێى درووستكردووه. ئه‌مان به به‌ها كۆنه‌كانه‌وه، له‌ناو دنيايه‌كى تازه‌دا ده‌ژين كه تازه‌ييه‌كه‌ى له فۆرم و ڕتووش و ئامرازدا كورتبۆته‌وه. ئه‌مه‌ش نه‌ك دايالۆگى كه‌لتوره‌كان درووستناكات، به‌ڵكو مرۆڤێكى قه‌تيس و گۆشه‌گير له كه‌لتوره‌كه‌ى خۆي‌دا ده‌هێڵێته‌وه و واقيعى مه‌جازى و ئه‌نته‌رنێتيش ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌تر ده‌كه‌نه‌وه و ده‌يان ڕێگاى بۆ ده‌كه‌نه‌وه بێته‌وه ناو كه‌لتوره نه‌ريتييه‌كه‌ى خۆىز سلاڤۆى ژيژه‌ك له ڕه‌هه‌ندێكى تره‌وه باسى ئه‌مه ده‌كات و پێى‌وايه ئه‌و تۆلێرانس و جياوازييه‌ى كه له خۆرئاوا باسده‌كرێت، له ناواخندا ڕه‌گه‌زپه‌رستى و لوتبه‌رزيى هه‌ڵگرتووه. بۆنمونه، ڕۆژئاواييه‌ك چێژ له سه‌ما و خواردنى تايبه‌تى كه‌لتورێكى ده‌ره‌وه‌ى خۆى وه‌رده‌گرێت و ستايشى ده‌كات؛ به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌و نه‌ريته دواكه‌وتووانه‌دا بێده‌نگه كه هه‌مان كه‌لتور هه‌يه‌تى(بۆنمونه مامه‌ڵه‌ى عه‌ره‌ب و كورده‌كان له‌گه‌ڵ هاوژينه‌كانياندا). بۆيه جێى خۆيه‌تى بپرسين: ئايا ژێستى "مرۆڤبوون"، تاچه‌ند ده‌توانێت ببێته جدى، و مرۆڤى كورد ببه‌ستێت به كه‌له‌پورى مۆدێرنه‌وه كه دايالۆگ و گوێگرتن له "ئه‌ويتر" يه‌كێكه له پره‌نسيپه‌كانى؟
لێره‌وه‌يه كه دايالۆگ ده‌توانێت به‌شێك بێت له ستراتيژى چه‌پ. دايالۆگ له زۆر ڕه‌هه‌ند و به زۆر مانا. تا ئه‌م دايالۆگه درووستنه‌بێت، زۆر پرۆسه‌ى تريش ناكه‌ونه‌ڕێ كه تێكڕا به‌رهه‌مى مۆدێرنه‌ن وه‌ك: شارنشينى. ئاماژه‌كردن به‌م خاڵه، قورسايى خۆى هه‌يه. له كوردستان شارى مۆدێرن هه‌يه، به‌ڵام عه‌قڵآ مۆدێرنى تيا نيه. به فۆرم مۆدێرن‌ه، به‌ڵام به‌ناوه‌ڕۆك پڕه له شوناسى كۆنه‌پارێزانه و پێش‌مۆدێرن. ده‌يه‌ها ساڵيشه به‌شێكى زۆرى به‌رهه‌مه‌كانى مۆدێرن‌ه لێره هه‌ن، هه‌ركه چاو ده‌كه‌يته‌وه چوارده‌ورت، له‌و ديمه‌نانه جياوازه كه به‌ر له مۆدێرن‌ه هه‌بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ى نوقسانه، نه‌هاتنى ديوه فيكرى و ڕۆشنگه‌رييه‌كه‌ى مۆدێرنه‌يه. لێره‌وه دايالۆگ په‌يوه‌ندييه‌كى زۆرى به شاره‌وه هه‌يه. شار هه‌ر قه‌ره‌باڵغى نيه، به‌ڵكو درووستكردنى كۆمه‌ڵێك په‌يوه‌نديى مۆدێرنيشه كه ده‌بێت شتێكت هه‌بێت به ئه‌ويترى بڵێيت و گوێ له ئه‌رگۆمێنته‌كانى بگريت و خه‌مى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تيى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ درووستبكه‌يت. ئه‌وه‌ى له كوردستان سه‌رلێشێوانى درووستكردووه، هاتنى سه‌رمايه‌دارييه‌كى ڕووته‌ڵ و فرۆشتنى نه‌وت و ئابورييه‌كى دواكه‌وتووانه‌ى كرێخۆرى بوو، كه كه‌وته پێش پرۆسه‌ى مۆدێرنيزاسيۆنه‌وه و سوبێكتێكى بووده‌ڵه و مه‌سره‌فپه‌رستى درووستكرد. مرۆڤى ناو كه‌لتوره پێش‌مۆدێرنه‌كان، كاتێك ده‌بێته به‌رخۆر و مه‌سره‌فپه‌رست، ئيتر هێنده‌ى له‌گه‌ڵ كاڵادا دايالۆگ ده‌كات، له‌گه‌ڵ "ئه‌ويترى مرۆڤ"دا نايكات. ده‌توانين ئه‌مه ناوبنێين "به‌شتبوونى دايالۆگ". هه‌ر لێره‌شه‌وه‌يه كه زمانى ڕيكلامه كوردييه‌كان، زمانێكى عامى و نزمن.
وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێكرد، چه‌پى خۆماڵى پێويستى به هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى به‌شێك له به‌ها و درووشمه‌كانى مۆدێرنه‌يه له‌گه‌ڵ خۆي‌دا. ئه‌ركى چه‌پێكى ڕۆژهه‌ڵاتى، له‌گه‌ڵ چه‌پێكى ڕۆژئاواييدا جياوازه. ئه‌وه‌ى لێره بۆرژوازيى كوردى نه‌يتوانيوه ئيشى بۆ بكات، به‌جۆرێك له جۆره‌كان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى چه‌پ. بۆيه لێره‌دا ده‌بێت بزانين چۆن مامه‌ڵه و گفتوگۆ له‌نێوان چه‌پ و گه‌نجانيشدا درووستده‌كرێت. يه‌كێك له نوكته خۆماڵييه‌كانى چه‌پ ئه‌وه‌يه كه تا كتێبى "سه‌رمايه نه‌خوێنيته‌وه، نابيته چه‌پ". ئه‌م نوكته‌يه خۆى ڕێگره له‌به‌رده‌م دايالۆگ و گه‌شه‌ى گه‌نجاندا. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌م دوو خاڵه‌ش كه 1) ده‌يان مليۆن كه‌س به‌بێ خوێندنه‌وه‌ى سه‌رمايه خه‌باتيانكردووه 2) بۆرژوا و ئه‌كاديمييه‌كان خوێندوويانه‌ته‌وه و نه‌شبوونه‌ته چه‌پ. به‌ڵكو هۆكاره‌كه شتێكى تره و ئه‌ويش ئه‌وه‌يه كه: ئێمه به‌ته‌نيا به‌هۆى عه‌قڵى ئابوريى سياسييه‌وه ناتوانين دايالۆگ درووستكه‌ين، به‌ڵكو پێويستمان به زۆر لقى مه‌عريفى و زۆر ناوى تر و زۆر كتێبى تره كه به‌رهه‌مى ڕۆشنگه‌رى و مۆدێرنه‌ن و له زۆر ڕووه‌وه كۆمه‌ك به ئايدياى چه‌پ ده‌كه‌ن(هاوكات پێويستمان به‌و ڕه‌خنانه‌شه كه فيكرى پۆست‌مۆدێرن له مۆدێرنه‌ى گرتووه).
سێ: چه‌پ وه‌ك غه‌ريبه
زۆرجار وه‌ڵامێك بۆ كێشه‌يه‌ك له مێژوودا جێگيرده‌بێت و نه‌وه به نه‌وه ده‌گوازرێته‌وه. ئه‌م وه‌ڵامه، ده‌بێته ده‌ليل و ئه‌رگۆمێنت و سه‌ره‌نجاميش ده‌بێته كڵێشه. با يه‌كێك له‌و ئه‌رگۆمێنتانه بێنينه‌وه و لێى‌تێبگه‌ين. ده‌وترێت هۆكارى ئه‌وه‌ى كه چه‌پ نه‌يتوانيوه له ڕابردوودا له كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا سه‌ركه‌وێت و له مێژووه‌كه‌دا ڕيشه داكوتێت، چه‌په‌كان خۆيان بوون(له شه‌ست و حه‌فتا به‌دواوه ئه‌م مێژووه وه‌رگره). واته ئه‌وه خراپى و خراپ به‌كارهێنانى ميكانيزمه‌كان بووه له‌لايه‌ن چه‌په‌كان خۆيانه‌وه كه نه‌يانتوانيوه بلكێن به واقيعى ئێمه‌وه. به‌ڵام ئايا ئه‌مه ئه‌رگۆمێنتێكى ده‌قيقه؟ بۆچى هۆكاره‌كه له ئاستى شه‌خسى(سوبێكتيڤ)ـه‌وه نه‌گوازينه‌وه بۆ ئاستى بابه‌تى(ئۆبێكتيڤ) و هه‌لومه‌رجى مێژوويى؟ واته به‌رله‌وه‌ى خراپييه‌كه به‌سه‌ر تاكه‌كه‌سه‌كاندا بسه‌پێنين، با ئه‌و دۆخه نا-مۆدێرن‌ه دواكه‌وتووه له‌به‌رچاوبگرين كه چه‌پى بۆ هاتووه. ئه‌وه هه‌لومه‌رجى دواكه‌وتووى كۆمه‌ڵگا بووه كه بير‌ى چه‌پى وه‌رنه‌گرتووه، نه‌ك ئه‌وه‌ى شه‌خسه‌كان سه‌داسه‌د هه‌ڵه بووبێتن(كه بێگومان هه‌ڵه‌ى شه‌خسييش كاريگه‌ريى خۆى هه‌يه، به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دا سه‌يركردنى ديارده‌يه‌كه له‌ناو مێژوويه‌كى گه‌وره‌ى كۆمه‌ڵگاكه‌دا). به ده‌ربڕينێكى تر، به‌ر له‌وه‌ى يه‌خه‌ى چه‌په‌كان خۆيان بگرين، ئه‌وه هه‌لومه‌رجێكى فراوانترى كۆمه‌ڵايه‌تى بووه كه يارمه‌تيى هاتنى ئايدياى چه‌پى نه‌داوه بۆ ئه‌وه‌ى به‌ناو كۆمه‌ڵگادا شۆڕببێته‌وه. هه‌موو ناوێكى غه‌ربى و هه‌موو ئايديايه‌كى غه‌ربى و مۆدێرن به هێماى كوفر زانراوه، و زۆر فه‌رقى نه‌كردووه ناوه‌ڕۆكى ئايدياكه چيه و چۆنه. واته فه‌رقى نه‌كردووه ماركس بێت يان نيچه، ته‌نانه‌ت عارفێكى وه‌ك ئيكهارتيش بێت. دالى "غه‌ربى و ئه‌وروپى"، "دال"ێكى شووم بووه و بۆ خه‌ڵكانێك كه به‌ته‌نگى ئيمانيانه‌وه بوون جێى مه‌ترسى بووه. لێره‌شه‌وه هێزه سياسييه نه‌ياره‌كان ئه‌م دۆخه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌يان قۆستبووه‌وه و ئايدياى چه‌پيان له‌به‌رچاوى خه‌ڵك ناشيرين ده‌كرد. هه‌ر "ئه‌ويتر"ێكى غه‌ربى، وه‌ك "كافر" سه‌يركراوه و كافريش مه‌دلولێكى واى هه‌بووه كه نۆرم و ئه‌خلاقى كۆمه‌ڵگا ده‌شێوێنێت. هۆكارى ئه‌مه‌ش هۆكارێكى تۆتۆلۆژييانه بووه: چونكه كافر، كافره يان غه‌رب غه‌ربه و هيچى تر. لێره‌وه‌يه كه قه‌ده‌رێكى بابه‌تى، به‌سه‌ر هه‌وڵى خودى و شه‌خسييدا زاڵبووه و زه‌مينه بۆ هێزه كۆنه‌په‌رسته‌كان خۆشتر بووه نه‌ك هێزێكى پێشكه‌وتنخواز. به مانايه‌كى تر، زه‌مينه‌كه خۆى ناشيرين بووه؛ نه‌ك ئه‌وه‌ى گوناهه‌كه سه‌داسه‌د له ئه‌ستۆى چه‌په‌كان بووبێت و ئه‌مان ئايدياكه‌يان ناشيرين كردبێت. بكه‌ره‌كان هه‌رچه‌نده هه‌ڵه‌يان كردبێت و ئايدياكه‌يان ناشيرين كردبێت، هێشتا ئه‌و زه‌مينه كه‌لتورى و مێژووييه له‌وه به‌هێزتربووه دژى ئايدياكه. پێويسته ئاماژه به‌وه بكه‌ين كه مه‌به‌ست له‌م باسه پاككردنه‌وه‌ى ئه‌ستۆى چه‌په‌كان نيه له كه‌موكورتييه‌كان، به‌ڵكو بيرخستنه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌رگۆمێنته ناته‌واوه بوو كه جێگۆڕكێى به شوێنى كه‌سه‌كان و هه‌لومه‌رجه‌كه كردبوو. له‌برى وه‌رگرتنى هه‌لومه‌رجه مێژووييه نامۆدێرنه‌كه، كه‌سه‌كانى كردبووه به‌رپرسيارى يه‌كه‌مين له شكستى ئايدياى چه‌پدا. خاڵێكى زۆرگرنگيش كه پێويسته بير‌ى خۆمانى بخه‌ينه‌وه ئه‌وه‌يه: بكه‌رانى ئايدياكه، سه‌ر به هه‌مان زه‌مينه‌ى كه‌لتورى بوون و له هه‌ندێك ڕووه‌وه له‌و وێنا ئوستوره‌يى و ئه‌فسانه‌ييه تێنه‌په‌ڕيبوون كه خه‌سڵه‌تى پێش‌مۆدێرنه‌يه و وه‌ك ئوستوره سه‌يرى ماركسيزميان كردبوو.
به‌هه‌رحاڵ، كاتى خۆى كه شه‌پۆلێكى چه‌پ به‌ر ناوچه‌ى ئێمه ده‌كه‌وێت، شتانێك له‌گه‌ڵ خۆى دێنێت كه دواتر به‌ئاسانى پاشه‌كشه‌ى پێده‌كرێت. له ڕۆژئاوا، بير‌ى ماركسى، كه خۆى بيرێكى مۆدێرن‌ه و له سه‌رده‌مى ڕۆشنگه‌رييدا شكڵى گرتووه؛ هاوكات لێدان بووه له ديوه چه‌وسێنه‌ره‌كانى ناو مۆدێرنه‌ش. شۆڕشى پيشه‌سازى كه ديسان يه‌كێكه له زه‌مينه‌كانى درووستبوونى مۆدێرن‌ه، جۆرێك له چه‌وسانه‌وه‌ى مۆدێرنى درووستكردووه و چينێكى نوێى به‌ناوى چينى پرۆليتاره‌وه خولقاندووه. ماركسيزم دێت و ڕه‌خنه‌ى وردى ئه‌م چه‌وسانه‌وه مۆدێرن‌ه ده‌كات كه به‌هۆى مه‌كينه و كارگه و پيشه‌سازيى نوێوه درووستبووه و چينايه‌تى و نايه‌كسانيى خستۆته ناو مرۆڤه‌كانه‌وه(له‌كاتێكدا يه‌كسانى خۆى يه‌كێكه له درووشمه‌كانى مۆدێرن‌ه). ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ش كه ماركس ده‌يخاته‌ڕوو، به‌جۆرێك له جۆره‌كان درێژكراوه‌ى مۆدێرنه‌يه و په‌ره‌دانه به درووشمى "پێشكه‌وتن" كه مۆدێرن‌ه خۆى ته‌حيكردبوو. بيرياره‌كانى مۆدێرن‌ه و مرۆڤى مۆدێرنيش، به‌رده‌وام بيريان له‌وه كردۆته‌وه كه زياتر و زياتر پێشبكه‌ون. وه‌ك ده‌وترێت، پێشكه‌وتن، سه‌ر به ميتافيزيكى مۆدێرنه‌يه و سه‌ره‌نجام فيكرى ماركس خۆيشى ده‌بێته قوربانيى ئه‌م ميتافيزيكه. ئه‌ويش به‌و مانايه‌ى كه ئێستا له عه‌قڵى باودا، مێژوو و كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات و تازه ناگه‌ڕێته‌وه تا جارێكى تر ماركسيزم ئه‌زموونبكرێته‌وه. به‌ڵام بۆ كۆمه‌ڵگاى ئێمه هيشتا شته‌كه تۆزێك جياوازتره. ئێمه هێشتا پێويستمان به "پێشكه‌وتن"ـه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى بگه‌ڕێينه دواوه و كۆمه‌ڵێك ده‌سكه‌وتى گرنگى ناو مۆدێرن‌ه هه‌ن كه سوديان لێ ببينين. گه‌ر له‌ناوه‌وه، بونيادى مێژووى خۆمان و كه‌لتوره‌كه نه‌جوڵێنين، ئه‌وا له سه‌رده‌مى پۆستمۆدێرنه‌دا مرۆڤێك به‌رهه‌مدێنين كه: هه‌مووشت ڕه‌تده‌كاته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ى نه‌ريته كۆنه‌كانى پێش‌مۆدێرنه‌ى له ژيانى خۆي‌دا ڕه‌تكردبێته‌وه.
به‌ته‌نيا به تێگه‌يشتن له "برسێتى"، له كۆمه‌ڵگا تێناگه‌ين، بۆيه ڕه‌نگه هه‌موو چه‌پێكى ڕاديكاڵ، مه‌حكوم بێت به‌وه‌ى ئاوڕى جدى له مۆدێرن‌ه و كه‌له‌پوره‌كه‌ى بداته‌وه...