A+    A-
(2,991) جار خوێندراوەتەوە

 

    (هەڕەشەى تیرۆر)ـەکە

 

 

سلاڤۆى ژیژەک

له‌ ئينگڵيزييه‌وه‌: هاوڕێ ئەحمەد

 

 

 

 

شێوازە هەڵەکانى پشتیوانى

بەهۆى کردەى کوشتنە وەحشیگەریيەکەى سەر ئۆفیسى (چارلى ئیبدۆ)ـەوە ئێمە هەموومان لە حاڵەتى شۆکداین، ئێستا باشترین کاتە بۆ کۆکردنەوەى جورئەتى بیرکردنەوە، نەک درەنگتر وەک ئەوەى لایەنگرانى (مەعریفەى هەرزان) دەیانەوێت باوەڕمان پێ بهێنن کە دواى هێوربوونەوە باشتر له‌ شته‌كان تێدەگەین، بیرکردنەوە بە شێوەیەکى ساردوسڕ دواى کارەساتەکان تواناى وەگەڕخستنى ڕاستيیەکانى نیە، بەڵکو تەنها حاڵەکەتە سادە و نۆرماڵدەکاتەوە و ڕێگەمان لێ دەگرێت ڕاستەوخۆ بەر لێوارە تیژەکەى ڕاستى بکەوین.

یەکەم شت کە پێویستە ڕەتبکرێتەوە هاوکێشە عاتفييەکەى شوناس‌پێدانە (من چارلى ئیبدۆم) یان (ئێمە هەموومان چارلى ئیبدۆین)، بەڵێ دەتوانین ئەو بانگەشەیە بکەین، بەڵام بەزوویى وەکو بانگەشەکەى شارى سارايه‌ڤۆى لێدێت کە لەساڵى 1990 ئابڵووقەى خرابووە سەر و هەموان هاوارياندەکرد (ئێمە هەموومان لە سارايه‌ڤۆ دەژین)، یان شارى غەزە کە بۆمباراندەکرا هەموو دەیانوت (ئێمە هەموومان لە غەزە دەژین)، بەڵام له‌ڕاستیدا هیچ کەس لەو بانگەشەکارانە نە لە غەزەو نە لە سارايه‌ڤۆ نەدەژیان. حاڵەتى ئەو دوو شارە زۆر لەوە قورستربوو بەو هاوکێشە هەست‌بزوێنانە دابپۆشرێن، بە پێچەوانەوە شتیکى زۆر هەزەلى و بێمانا دەبێت کاتێك کەسێك ئەو هاوکێشەیە بەکاربهێنێت وەکو پشتیوانییەک بۆ قوربانیانى هێرشەکەى یانزەى سێپتەمبەر و بڵێت (ئێمە هەموومان نیۆرکین)، بەڵکو ملیۆنان کەس لە وڵاتانى جیهانى سێهەمدا هاواردەکەن (پێمان خۆشە ببین بە نیۆرکی، ڤیزامان بدەنێ) هەمان شت بۆ (چارلى ئیبدۆ)ش ڕاستە.

زۆر بە ئاسانى ئێمە هەموومان دەتوانین ئەو شوناسە بەرانبەر بە (چارلى ئیبدۆ) بە خۆمان بدەین، بەڵام زۆر قورسە بڵێین (ئێمە هەموومان باگین)، چونکە (باگ) شوێنێکى وەهاى نییە ئێمە بگرێتەخۆ (باگ شارۆچکەیەکى بچووکە لە باکورى ڕۆژهەڵاتى نەیجیریا بۆکۆحەرام هەموو دانیشتوانەکەى كوشت کە ژمارەیان دووهەزار کەس بوو).

بیرکردنەوە، واتە ئەو جووڵەیەى کە لەودیوى سۆز و پشتگیرییە سۆزداريیە جیهانیيەکانه‌وه‌ کە لە چەند ڕۆژى یەکەمى کارەساتەکاندا دەتەقنەوە دێت، ئەو دیمەنەى لە باشتر ڕۆژى یەکشەمەى یانزەى جێنیوەرى بینیمان کە سیاسیيە گەورەکان لە سەرانسەرى جیهانەوە لە "دەیڤد کامیرۆن"ـەوە بۆ لاڤرۆڤ، لە نەتانیاهۆوە بۆ عەباس کە دەستى یەکتریان گرتبوو، دووڕووترین و درۆزنترین دیمەن بوو کەتا ئێستا بینیبێتمان، ئەوەى ئەوەندەى تر دیمەنەکەى ناشرین کردبوو ژەنینى ئەو میوزیکەى بتهۆڤن بوو (Ode to Joe) کە وەکو مارشێکى نافەرميى یەکێتيى ئەوروپا ناسراوە بۆ ئەو سەرکردانەى بەرپرسى یەکەمن لەم فەوزایەى کە تێیداین، ئەوەى تایبەتیشە بە بێشەرميى ڕووسیا بەشداريى وەزیرى دەرەوە (لاڤرۆڤ) بوو لە خۆپیشاندانى خاوەنشکۆکاندا دژى کوشتنى ڕۆژنامەنووسانى (چارلى ئیبدۆ) بەڵام گەر (لاڤرۆڤ) لە خۆپیشاندانى ڕۆژنامەنووسانى مۆسکۆدا کە بۆ کوشتنى دەیان رۆژنامەنووس ڕێکخرابوو بەشداربووایە ئه‌وا بێ‌دوودڵى یەکسەر دەستبەسەردەکرا، بۆ نەتەنیاهۆش هەمان شت باشتر ڕاستە. ئەى چى دەربارەى کارەساتى (نەکبە)ـى ساڵى 1948 (بووە هۆى ڕاگواستنى700.000  هاوڵاتيى فەلەستینى و ڕووخاندنى 600 گوند)، ئێرە ئەو شوێنەیە کە هاوسۆزى ئازار و مەینەتى ئەوانيترین!

 

ئایا بەڕاست، (چارلى ئیبدۆ)ى ڕاستەقینە ئەم هەڵویستە بێتامەى نەدەکرد بە کاریکاتێر، کە سەرکردەکان لە کامیرۆنەوە بۆ لاڤرۆڤ لە ناتانیاهۆوە بۆ عەباس باوەش بەیه‌کدا دەکەن و ماچى یەکدى دەکەنء لە پشتەوەش چەقۆى تیژ لە یەک دەسوون؟

من یەکلابوومەتەوە کە بێ‌خوا و ئەتایستم، بۆیە پێموایە ئەم دیمەنە زۆر لەوە بێشەرمترە گەر تەنانەت بۆ خوداش بکرێت، کێ هەستى بەو ناچارییە کرد کە ده‌ست وەربداتە ئەم بێشەرمییە لەبەر هیچ نا بەڵکو بۆ ڕۆحى (چارلى ئیبدۆ)، بەڵێ، هێرشەکەى سەر پاریس بەبێ مەرج دەبێ ئیدانە بکرێت، ئیدانەکردنێکى ڕاستى، ڕاستتر لەو سادەییەى کە بانگەشەى هاوهەڵویستی و هاوپشتيى ئێمەى (ئازاد، دیموکرات، تێگەشتوو) بەرانبەر بە دێوە بکوژەکانى ئیسلام! پێویستە، بەڵێ پێویستە بەهەموو تواناى ئازادیيمانەوە بەبێ وەعزدان ئیدانەى بکەین "چارلى ئیبدۆ دنەى هەستى موسڵمانانى داوە و گاڵتەى بە ئیسلام کردووە"، "هێرشى برا موسڵمانەکانمان بەهۆى کاریگەريى ترسى داگیرکاريى ئەمەریکاوەیە (دەى کە وەهایە بۆ هێرشیان نەکردە سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمەریکا لەبرى گۆڤارێکى ساتیرەى فەڕەنسا)". مەبەستەکە بە تەنها ئەوە نییە کە سکاڵانامەکەى کردە تیرۆریستیيەکە ڕاستە یان نا، بەڵکو سەرهەڵدانى ئەو پرۆژە سیاسى-ئایدۆلۆژیيەیە کە پەرچەکردارى بەرانبەر بە ناعەدالەتى هەیە، "ڕەشید ئاراین" لە ديبەیتێکدا دەربارەى کۆچ و تیرۆر، پۆڵێن و پارادایمى ئەم حاڵەتە دەکات و دەڵێ:

 

"لە دواى هێرشەکەى سەر پاریسەوە هەموو سەرقاڵن بە قسەکردن دەربارەى ئیسلام و توندڕەویيەکانى داعش و چۆنیيەتى تێکشکاندن و لەناوبردنى، بەڵام کەمترین قسە لەسەر ئەوە کراوە کێ داعشى درووستکردووە و بۆ درووستى کردووە؟ ئایا ئەمەش وەکو ئەو بەرهەمەیە کە کاتى خۆى ئەمەریکا و سعودیە بۆ جەنگى دژى سۆڤیەت لە ئەفغانستان بەرهەمیانهێنا؟ یان بەهۆى داگیرکاريى سەربازى ئەنگلۆ-ئەمەریکا و هەڵوەشاندنەوەى هێزى سەربازى عێراق و هەڵهاتنى ئەفسەرەکانى بەرەو باکورو خۆڕێکخستنەوەیان لە شێوەى گرووپێکدا بۆ بەرگریکردنى ئیمپرالیستى ئەنگلۆ-ئەمەریکا لە دەرئەنجامیشدا ئەمەى لێ دەرچوو"

 

 

ئاراین جەخت لەسه‌ر ئه‌م گاڵتەجاڕيیە دەکاتەوە و بەئاشکرا ئەم هێرشە بۆ سەر ئیسلام و توندڕەويى ئیسلامى بە قسەى پووچ دەزانێت و دەپرسێت: بۆ لەم سیاقەدا کەس باسى ئیمپریالیزمى ئەوروپى ناکات کە بەرپرسە لەوەى لە ڕۆژهەڵاتى ناوه‌ڕاستدا چى دەگوزەرێت و چى ڕوودەدات کە لە دەرئەنجامدا بووە هۆى کۆچى ئەم خەڵکە، ئەو دەڵێت:

 

"ئەوەى لە ئەفغانستان لە ساڵى 1980 لە لایەن ئەمەریکاو سعودیەوە  بۆ جەنگى دژى سۆڤیەت درووستکرا، دواتر وەکو قاعیدە و تالیبان و داعش لە هەموو شوێنێک خۆى نمایشکردەوە، ڕۆژئاوا ئەم خێوه‌ى درووستکرد یان ڕێگایدا سەرده‌ربێنێت، هەربۆیە هەر قسە و گفتوگۆیەک دەربارەى توندڕەويى ئیسلامى دەچێتە چوارچێوەى دووڕوویيەوە گەر نەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى سەرهەڵدانى و نەزانێت ڕۆژئاوا لە جیهانى ئیسلامیدا بە تایبەتى لە دەیەى هەشتاکانەوە چییان کردووە"

 

ئەم پەرەگرافە زنجیرەیەک خاڵى کێشەلەسەرى لەخۆگرتووە. یەکەم، ئەو ڕاستییەى کە کەس دەربارەى بەرپرسیارێتيى ڕۆژئاوایيەکان لە سەرهەڵدانى داعشدا قسەى نەکردووە. دووەم، دەربارەى پاشەکشەى سێکۆلارە چەپڕەوەکانى وڵاتە عەرەبيیەکان، ئەوان لە ساڵانى پەنجاکان و شەستەکاندا لەوپەڕى بەهێزيیدا بوون، ئێمە زۆر بەئاسانى دەتوانین پەنجەى تۆمەت ئاراستەى ڕۆژئاواییەکان بکەین کە وڵاتە عەرەبیيەکانى بەرەو مۆدێرنە هەڵدێرا(هەردوو دەوڵەتى عێراق و سوریا کە ئێستا سەرچاوەى سەرەکيى کۆچن بەفەرمى دوو دەوڵەتى سێکۆلار بوون و دین ئەو ڕۆڵە سەرەکیيەى تێدا نەبوو)، سێهەم، ئەم جەختکردنەوەیە لەوەى تەنها ڕۆژئاوايیەکان بەرپرسن لەم دۆخەى ئێستاى جیهانى عەرەبى، بە ماناى پاسیڤێتى (ناچالاکى) عەرەبەکان نایەت وەکو قوربانییەک؟ ئایا ئەوە ڕوون نییە کە ئیسلامى عەرەبیش خۆیان خاوەن پرۆژەى سیاسیين، بۆنمونە فراوانخوازيى ئیسلامى کە لە تەقەلاى ئەوەدایە هەنگاو بەرەو ڕۆژئاوا بنێت؟ ئایا ناکۆکیيەکانى نێوان شیعە و سونە پرۆژەى سیاسی نین؟ بەپێى ئەو لۆژیکەى ئاراین بێت، دەتوانرێت بەرپرسیارێتيى هیتلەر بخەیتە ئەستۆى سه‌رمايه‌داريى ئەوروپى، با سەرنجى زیاترى بخەینە سەر، کەواتە دەبێت ئەوە ڕاست بێت کە ماکس هۆرکهایمەر لە ساڵى 1930 وتى ئەوانەى کە نایانەوێ دەربارەى سه‌رمايه‌دارى قسەبکەن، ده‌بێت بەرامبەر فاشیزمیش بێدەنگ بن.

با بگەڕێینەوە بۆ سەر دیمەنەکەى پاریس، ئەم یەکێتيیە بە ماناى یەکێتيى سەرجەم گروپ و دین و چین و نەتەوە جیاوازەکان نایەت، ئەم یەکێتيیە تەنها یەکێتيى چینى فەرمانڕەوا و خاوەن هێزن، پۆستەر و ستیکەرەکانیش بە تەنها لەسەرى نەنوسرابوو (ئێمە هەموومان چارلى ئیبدۆین)، بەڵکو لە هەندێ پۆستەردا نوسرابوو (ئێمە هەموومان پۆلیسین)! لەکاتێکدا فەڕەنسا تەنها وڵاتى ئەوروپایە (بەپێى زانیاریەکانى من) کە بە دارەکانى دەستیان وێنەى دڵڕەقترین و ئەحمەقترین پۆلیسییان کێشاوە(هەروەک ئەوانەى لە وڵاتە کۆمۆنیستیەکاندا هەن)، ئێستا لە دواى کارەساتەکەى چارلى ئیبدۆوە، پۆلیسەکان زۆرترین پیاهەڵدان و ستایشدەکرێت، باوەشیان پێدا دەکەن هەروەک ئەوەى باوەش بە دایکێکدا بکەن، هەر پۆلیسیش نا بەڵکو هەموو هێزە تایبەتەکانى تریش لە چەشنى دەزگاکانى موخابەرات، پۆلیسە نهێنیەکان، هەروەک ئەوەى ئالیان میللەر وتى:

 

 " چیتر بەرگەى پۆلیس ناگرین، لێیان وەڕس بووین، بە تایبەت خەڵکە عەرەب، ئەفریقیەکە؛ کە هەرگیز لە مێژووى فەڕەنسادا ئەمە ڕووينەداوە، ئەوەى کە جارجار لە وڵاتانى دیکەدا ڕوودەدات لە فەڕەنسا ڕۆژانەیە، خەڵک ڕقى لە هێزى سەربازییە لە کاتێکدا ئەوان خەڵک لە هەڕەشەکانى دەرەوە دەپارێزن، کەچى خەڵک پۆلیسەکانى خۆشدەوێت چونکە بوونەتە هۆى سەرکوتکردنى ناوخۆ"

 

"هەڕەشەى تیرۆر" سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانى هەندێ موستەحیلاتدا، لەوانە دووبارە ئاشتکردنەوەى نەوەى شۆڕشى شەست و هەشت، دوژمنە سەرسەختەکەى، هەروەک لە تێڕوانینى فەڕەنسیيەکاندا بە کردەى نیشتیمانى ناسێنرا؛ بە چەپڵەڕێزان خەڵکە قوربانیيەکەى فەڕەنسا خۆیان پێشکەشى چاودێرەکان کرد، بەکورتى ئەو چرکەساتە شادییە مانیفێستى پاریس بوو بۆ سەرکەوتنى ئایدۆلۆژیاى "یەکێتيى خەڵک دژى دوژمنێك، هەموو ناکۆکيیەکان دەسڕێتەوە". خەڵک هەڵبژاردەیەکى ناخۆش و کەئیبى پێشکەشکرا (تۆ تیرۆریستيت یان بەشێکيت لەم پشتیوانییە دژى تیرۆر)، ئەو پرسیارەى لێرەدا خۆى قوتده‌كاته‌وه‌ ئەمەیە: مەبەست چییە لەم سەرلێشێواندنە؟ وەڵامى ئەم پرسیارە شتێکى بێمانا دەبێت، گەر لەگەڵ هاوشێوەکەیدا مامەڵه‌نەکرێت: (ئێمە کێین لە ڕۆژئاوا، بکوژى کۆمەڵکوژيیە قێزەونەکانى جیهانى سێهەم، بۆ ئیدانەکردنى ئەمە با کارێک بکەین).

یەکێک لە کاریگەريیەکانى هەڵوێستى (سوپەرئیگۆ)ى میدیا لیبراڵەکان کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەیسى ڕووداوە سێکسیيەکانى پەنابەرەکاندا دەکەن، لێرەدا بۆ تێگەشتن دوو نموونە ده‌هێنينه‌وه‌: لە ساڵى (2015)دا یەکێک لە ئافرەتەکانى ڕێکخراوى (بێ‌سنور) لەلایەن گرووپێکى پەنابەرى سودانیيەوە لە کامپێکى ئیتالیادا دەستدرێژيى سێکسیى کرایەسەر،  هاوڕێکانى قەناعەتیان پێکرد کە ئەم حاڵەتە بڵاونەکرێتەوە چونکە دەبێتەهۆى ئەوەى پەنابەرەکان ئازاربدرێن. دواتر لە کەڕنەڤاڵى سەرى ساڵدا لە وێستگەیەکى شەمەندەفەرى شارى کۆڵن لە ڕاپۆرتێکى وەزارەتى ناوخۆدا داوا لە پولیسەکانى کرا کە وشەى (دەستدرێژيى سێکسى) لە ڕاپۆرتەکەیاندا کە ئاراستەیان کرابوو لاببەن، ئەم تێگەشتنە ئەو ترسە دەخاتەڕوو کە چۆن میدیا ڕاستڕەوەکان، بزووتنەوە دژەپەنابەره‌كان کار لەسەر ئەم ڕاپۆرتانە دەکەن.

لە ساڵى 2016، ئەوە بڵاوکرایەوە کە چەند ساڵى پێشووتر (کارستین نۆرداڵهاوکن) گوایە کوڕێکى چەپى سیاسى و ئەنتى ڕاسیست و فیمینیستە لە ماڵەکەى خۆیدا لە نەرویج لەلایەن پەنابەرێکى سودانیيەوە دەستدرێژيى سێکسيى کراوەتەسەر، سودانیيەکە دواتر گیرا و چوار ساڵ زیندانى کرا. دواى تەواوبوونى سزاکەى، نەرویج دەیەوێت بیگێڕێتەوە بۆ سودان. هاوکن کاتێك بەمە دەزانێت، لە زنجیرەیەک نوسینیدا ئەوە ڕووندەکاتەوە کە هەست بە تاوان و بەرپرسیارێتى دەکات چونکە بووەهۆى ئەوەى کە سودانیيەکە چیتر نەتوانێت لە نەرویج بژى و بنێردرێتەوە بۆ تاریکستان و نادڵنیایی سودان، ئەو دەنوسێت:

 

"هەستدەکەم لەبیرکراوم، پەراوێزخراوم، لەو هەموو هێرشە دەترسم کە دەکرێتە سەرم، دەترسم کەس شووم پێنەکات، کوڕەکان گاڵتەم پێبکەن، دەترسم بە ئەنتى فیمینیست لەقەڵەم بدرێم کاتێك دەڵێم ئەو کوڕە پێویستە گرنگى پێبدرێت، ڕەچاوى بکرێت، کوڕان و پیاوان پێویستە ئەوە بزانن کە قسە لەسەر هەستەکانیان بکەن، ئەوان پەراوێزخراون، بۆ من ئەو دەستدرێژیيە بووەهۆى ئەوەى تەنهابم و لەبیربکرێم و لە کۆمەڵگە داببڕێم".

 

لێرەدا شتێکى ئاسانە تێڕوانینى گشتيى پۆپۆلیستەکان ببینيت، چۆن گاڵتەى شێتانە و ماسۆشیەتى نه‌زاكه‌تى سياسى(political correctness) گەيشتووەتە ئەم توندڕەویيە. یەکەم، ئەوەى لێرەدا جێگاى لەسەر ڕاوەستانە ئەوەیە بۆیە ئەم تاوانە گرنگيى پێدەدرێت چونکە لەلایەن پەنابەرێکەوە ئەنجامدراوە. بە درێژایی کات چەندەها حاڵەتى دەستدرێژيى سێکسى هەبووە بەڵام لە لایەن میدیاکانەوە گرنگيى پێنەدراوە. دووەم، پێویستە یاسا بۆ هەمووان وەکو یەک بێت، نەوەک مامەڵەیەکى جیاوازتر لەگەڵ پەنابەردا بکات، نە دڵڕەقتر نە نەرمتر. لەکۆتایيدا، ئەوەى گرنگە ئەوەیە هاوکن بۆیە گرنگى بەو دەستدرێژیيە سێکسیيە و قوربانيى پیاو و دەرئەنجامەکانى داوە، چونکە کێشەکە لە شوێنێکى ترە، هەستى تاوانبارى و بەرپرسیارێتيى هاوکن بەرانبەر دەستدرێژیکەرەکە، ئەو تێڕوانینە حاشاهەڵنەگرەى نه‌زاكه‌تى سياسى بەرجەستەدەکات، ئێمە (کوڕە سپیيەکانى ڕۆژئاوا) بە تەواوى بەرپرسیارین بەرانبەر هەموو ئەوانەى بەرانبەرمان دەکرێت، بۆیە پیویستە هەست بە بەرپرسیارێتى بکەین. کاتێك تاوانکارەکان سزادەدرێن، تاوانکارەکانیش قوربانى ئەو هەلومەرجەى چواردەوریانن، تاوانەکانیان دەرەنجامى ناعەدالەتيى ئەم گەردوونەیە، دەرەنجامى جەنگ و بێ‌هيواییە، ئایا ئێمە هەموومان قوربانيى دەستى ئەو بارودۆخەى چواردەورمان و ئەو مامەڵەکردنە نین کە لەگەڵمان دەکرێت؟ هەڵوێستى هاوکن سەیر نیە، تەنها خستنەڕووى هەڵوێستى نه‌زاكه‌تى سياسييه‌.

لێرەدا پێویستە دەروونشیکارانە شتەکە ببینین، کێ بەرپرسیارە لەوەى کەسێک بەم شێوەیە خۆشى دەبینێت. خۆشى‌بینین، بەو مانایەى کەس نەبێتە قوربانيى باروودۆخەکە. چى وەهاى لە تاوانکارەکانى دەسدرێژیيە سێکسيیەکان کردووە کە بخرێنە ئەو حاڵەتەوە کە بەو شێوەیە کردەى دەستدرێژيى سێکسى بکەن، ئێمە هەموومان بەرپرسین لەو شێوەیەى کە خۆشى لە شتەکان دەبینین، ئەو جووتیارە سۆماڵیيەى کە کچەکەى خەتەنەدەکات کەمتر بەرپرسیار نیە لەو دەوڵەمەندە ڕۆژئاواییە سادیستەى کە دەستدرێژيى سێکسى دەکاتە سەر کۆیلە سێکسیيەکان.

هێرشەکەى سەر چارلى ئیبدۆ تەنها "تێپەڕاندنى ڕووداوى ترس" نەبوو، کە ئەجێنداى سیاسى و دینيى گەورەى بەدواى خۆیدا هێنا، بە دڵنیاییەوە نابێت موبالەغەى تێدا بکەین، ئەگەر بەم شێوە کوێرانە پووچە خۆ بەدەست ئیسلامۆفۆبیا (islamophobia)ـه‌وه‌ نەدەین، ئەوا پێویستە دڵڕەقانە شیکارى ئەم شێوازە بکەین. باشترین ڕێگا بۆ تێگەشتن لێى پێویستە پرسیارێکى ئاسان بپرسین، ئایا فەندەمێنتاڵیزمى ئیسلامى، پێش‌مۆدێرن-ـە یان دیاردەیەکى مۆدێرنە؟ شتێ لێرەدا کە زۆر ناڕوونە ئەوەیە، گەر کەسێک پرسیارێک لە ڕووسیەکى دژەکۆمۆنیست بكات، ئایا کام نەریت جێگاى ڕەخنەیە سەبارەت بە ترس و تۆقاندنەکانى لینینیزم؟ ئەوا دوو وەڵامى دژبەیەکى دەستدەکەوێت، هەندێ ستالینینیزم (بەلشەفیک بە گشتى) وەکو بەشێك لە بەمۆدێرنەکردنى ڕۆژئاوایی ڕووسیا دەبینن، هەندێکى تریش ڕەخنە لەوە دەگرن کە ڕووسیا بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە بۆ ستەمکاريى ڕۆژهەڵاتى کە پێشتر لێرە باڵادەست بووە. سەبارەت بە گرووپى یەکەم ڕۆژئاواییە مۆدێرنەکان بەدڵڕەقانە نەریتى ڕووسیایان تێکداوە و ئەوەى تایبەتیشە بە گرووپى دووەم تراژیدیاى ڕووسیا دەگەڕێننەوە بۆ خراپيى هەڵبژاردنى کات و شوێنى شۆڕشى سۆسیالیستى کە لە وڵاتێکدا بووە هیچ پاشخانێکى دیموکراسيى نەبووە، ئایا ئەوەى تایبەتە بە توندڕەويى ئیسلامى کە خۆى لە داعشدا نمایشکرد هەمان شت نیە؟ کیڤن ماکدۆناڵد ئەوەى خستەڕوو کە جیهادییەکانى داعش لە سەدەکانى ناوەڕاستەوە نەهاتوون بەڵکو بیرمەندە مۆدێرنەکانى رۆژئاوا درووستيکردوون. گەر بمانەوێت زیاتر لە سەرچاوەى ئایدۆلۆژیا و توندوتیژيى دەوڵەتى ئیسلامى (داعش) تێبگەن پێویستە چاوێك به‌ شۆڕشى فەڕەنسسیدا بخشێنین، کیڤن ماکدۆناڵد دەڵێت:

"ئەبوبەکر بەغدادى لەو وتارەیدا کەلە مزگەوتى گەورەى موسڵ پێشکەشیکرد و دەوڵەتە ئیسلامیەکەى و خۆى وەکو خەلیفەکەى ناساند، وتەیەکى بیرمەندى هیندى-پاکستانى ئەبوعەلاى مەودودى دامەزرێنەرى جەماعەتول ئیسلام کە بنەماى دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسلامی (داعش)ە هێنایەوە کە دەڵێت (دەوڵەت لەسەر بنەماى کۆمەڵێك پرەنسیپ دادەمەزرێت) نەوەک لەسەر بنەماى نەتەوە و خەڵک، لە شۆڕشى فەڕەنسیيشدا دەوڵەت لەسەر بنەماى هاوڵاتى دادەمەزرێت، جگە لە دەوڵەت، هاوڵاتى هیچ شتێکى تر بوونى نییە. ئەم تیۆرە، هاوڵاتییەکە لە کۆمەڵگە و نەتەوەو مێژوو دادەبڕێت. هەر ئەمەشە چەقى تێڕوانینى مەودودى كه‌ "هاوڵاتیبوون لە ئیسلام"دا هەروەک ئەوەى شۆڕشى فەڕەنسى دەوڵەت لە هاوڵاتى درووستدەکات، بۆ تێگەشتن تەماشاى قورئان مەکە بەڵکو چاوێک بە شۆڕشى فەڕەنسى و بنەڕەتى کریستیانێتيى ئەوروپیدا بخشێنەوە کە دەڵێت (لە دەرەوەى کڵێسا هیچ ڕزگارییەک بوونى نییە). ئەم ئایدیایە كه‌ لە ئەوروپاى مۆدێرندا پەرەیسەند، بوو بە (لە دەرەوەى دەوڵەت هیچ تاکێکى یاسایی بوونى نییە). ئەم ئایدیایە نوێنه‌رايه‌تيى تەواوى دەسەڵاتەکانى ئەمڕۆ دەکات، هەر ئەمەشە سەرچاوەى ئەوەى پێى دەڵێن پەنابەر".

لێرەدا هەندێ ڕاستى هه‌يه‌ هەروەک چۆن هەندێ کێشەش بوونى هەیە، تەنها لەبەر ئەوەنا کە زۆر نزیکە لە نه‌زاكه‌تى سياسى، و ڕەخنە-لە-خۆگرتنى ڕۆژئاواوە. له‌وه‌ش گرنگتر، ئەو هاوتەریبیيەى نێوان داعش و شۆڕشى فەڕەنسى هەروەک ئەو هاوتەریبیيەى نێوان نازیزم، ستالینیزم وێنەى کێشراوە کە هەردووکیان دوو شێوەى تۆتالیتاریزمن، ئەمە سەرلێتێکدانە، تەنها لەبەر ئەوەنا کە لەڕووى پێکهاتەى کۆمەڵایەتى و ئایدۆلۆژییەوە جياوازن، بەڵکو لە ڕێکارەکان و هۆکارى سەرکوتکردنیشدا جیاوازن (بۆ نموونە پرۆسەى پاککردنەوە (لابردنى خەڵکى خراپ) لە ستالینیزم و نازیزمدا جیاوازە). ئەوە ڕاستە کە دین داوا لە مرۆڤ دەکات ملکەچى خودا بێت (لە زۆر دیندا هەیە، بە ئیسلامیشەوە) بە ماناى پێویستيى بەردەوامیدان بە کۆیلەیی و ملکەچى نایەت بەڵکو دەتوانرێت ببێت بە پرۆژەى ئازادیى گەردوونى، هەر وەک سەید قوتب لە کتێبى (معالم فی الطریق-مه‌شخه‌ڵى ڕێ)دا ئەو پەیوەندییەى نێوان ئازادیى گەردوونى و ملکەچى بۆ خودادا باسدەکات و دەڵێت:

"کۆمەڵگەیەک هەموو دەسەڵاتێک بۆ خودا بگەڕێنێتەوە و ملکەچى یاسا پیرۆزەکەى بێت، جگە لە خودا تاکەکانى ملکەچى یەکتر نەبن، تەنها بەو شێوەیە تامى ڕاستەقینەى ئازادى دەکرێت؛ تەنها ئەمە (شارستانیەتى مرۆڤایەتی)یە چونکە شارستانیەت لەسەر بنەماى ئازادیى ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە شکۆى تاکەکانى کۆمەڵگە بنیاتدەنرێت، بەڵام لەم کۆمەڵگەیەدا هەندێ خاوەن دەسەڵات بن و دەسەڵاتى یاسادانانى هەبێت، هەندێکى تريش کۆیلە و گوێرایەڵ بن، لەو کۆمەڵگەیەدا ئازادیی ڕاستەقینە و شکۆى مرۆڤ بوونى نییە، کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەماى چەمکى (باوەڕ) بە خودا دەمەزرابێت، شکۆى مرۆڤ لە لایەن کەسى باڵاترەوە پێشێل نەکرێت، ئەوا لەو کۆمەڵگەیەدا هیچ کەس کۆیلەى ئەويتر نییە، لەو کۆمەڵگەیانەى پێشوودا ئەوانەى کە لەسەر بنەماى (باوەڕ) دامەزراوە، مرۆڤ خاوەنى شکۆیە و لەڕووى ڕۆحى و هۆشیاريیشەوە ڕێزلێگیراوە، بەڵام لەو کۆمەڵگەیەى کە لەسەر بنەماى ڕەنگ، نەتەوە، نەژاد یان هەر شێوە جیاکاریيەکى تر دەمەزرابێت ئەوا مرۆڤ توشى کۆت و بەند و چەوساندنەوە بووە، مرۆڤەکان هەموو یەکسانن بێ گوێدانە ڕەنگ و نەتەوە و نەژاد، مرۆڤ دەتوانێ باوەڕ و بیرکردنەوە و هەڵوێستى بەرانبەر بە ژیان بگۆڕێت، بەڵام ناتوانێت ڕەنگ و نەتەوە و نەژاد و هەوەها شوێنى لەدایکبوونى بگۆڕێت، گەر مرۆڤ لە ڕۆح و ژیرى بێبەشبکرێت ئەوە لە مرۆڤایەتى دادەماڵرێت".

 

ئەوەى کە سەید قوتب وەکو بنەماى بیردۆزەکەى پشتى پێبەستووە ئەوەیە کە ئێمەى مرۆڤ (ئازادانە) لە ناو هەستى (خۆڕسك)ـانەى سرووشتى مرۆڤدا هەڵسوکەوت دەکەین، ئێمە بەڕەهایی ئازاد نین بەڵکو ملکەچى سرووشتە ئاژەڵیيەکەى مرۆڤین. هەمان لۆژیک لاى ئەرستۆش هەیە، ئەو لە ڕوونکردنەوەى خاسیەتە ئۆنتۆلۆژييه‌کاندا ئاماژە بە ملکەچێتى و کۆیلایەتيى مرۆڤ دەکات، کۆیلەکانی ئازادن لەوەى کە دەیانەوێ چیبکەن، لە کاتێکدا پیاوە ئازادەکانیش دەبێت ئەرکى خۆیان بە جێبهێنن، هەر ئەم (زۆر ئازادی)یەیە کە کۆیلەى کۆیلەکان درووستدەکات، ئەو دەڵێت:

"هەموو شتەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەستن بە یەکەوە، بەڵام هەمووى بە هەمان شێوە نا، ماسییەکان و پەلەوەرەکان و ڕووەکەکان، جیهان هیچ شتێکى تێدا نییە کە لەگەڵ ئەويتردا شتێکى بۆ کردن نەبێت. هەموو پەیوەستن بە یەکەوە، هەموویان بەرەو یەک کۆتایی دەڕۆن، بۆ نمونە لە ماڵێکدا پیاوە ئازادەکان بەلانى کەمەوە ئازادن لەوەى چیدەکەن، هەموو یان زۆرینەى شتەکانیان بۆ ڕێکخراوە، لەکاتێکدا کۆیلەکان یان ئاژەڵەکان پێکەوە بۆ باشترکردنى شتە بچووکەکان کاردەکەن، ئەمەش بەشێکە لەو بنەمایەى کە بەردەوامێتى بە سرووشتى ئەوانى تر دەدات"

 

سەید قوتب چاوى بڕیوەتە ئازادیى ئابورى و کۆمەڵایەتى کە هیچ سەروەرێک بوونى نەبێت، کە ملکەچى بۆ خودا وەکو گه‌رەنتیەک بۆ ڕەتکردنەوەى ملکەچيى ئەوانى ترە. دەتوانین ئازایانە ئەوە بڵێین تاكه‌ شتى پۆزەتیڤ لە ملکەچێتى بۆ ئاسمان بەماناى ڕەتکردنەوەى ملکەچێتى بۆ زەوى دێت، سەرەڕاى هەموو ئەوانە بەڵام کێشەیەکى جەوهەریيش لەو وتەیەدا هەیە، ئایا کاراکتەرى کۆیلە لەمڕۆدا بە ماناى بەکاربەر نایەت؟ تا ئەو شوێنە رێگەم پێدەدەرێت کارێ بکەم (ئەوە بکەم کە دەمەوێت)، ئەمە وەکو کوێلەکردن نییە بۆ کاڵا؟ با بگەڕێینەوە بۆ ئەرستۆ و سەید قوتب، ئەرستۆ (بە لانى کەمەوە من پێم وایە) وەکو ئەرکێکى ئەخلاقى ئاماژە بەمە دەکات، نەوەک ملکەچێتى بۆ خودایەک، بەڵام سەید قوتب ئازاديى ئابورى و کۆمەڵایەتى وەها پێناسەدەکات، کاتێك دێتەدى کە هیچ سەروەرێک جگە لە خودا لەسەر زەویدا بوونى نەبێت، ئەمە هەر ئەوەی (راسین ئەتالى) کە دەڵێت "لە خودا دەترسم، جگە لەوە هیچ ترسێکى ترم نییە" هەموو ترسەکان دەگۆرن بە یەک ترسى گەورەتر، ئەم ترسە زۆرەش لە خودا وەها دەکات ببیت بە کەسێکى چاونەترس بەرانبەر بە دەسەڵاتدارانى زەوى، هەر بۆیە سەید قوتب دەڵێت؛ تاكه‌ سەروەرم خودایە، ملکەچیيم بۆ خودا بە ماناى ڕەتکردنەوەى سەرجەم ملکەچیيمە بۆ دەسەڵاتەکانى زەوى.

خاڵى جەوهەرى لێرەدا ئەوەیە، هەموو بەرگريیەک بەرانبەر سەرمایەدارى پێویست ناکات پشت بە ڕێگا کۆنەکانى پێش‌مۆدێرنە ببەستێت لە پێناو بەرگریکردن لە ژیانێکى تایبەتدا و گەڕانەوە بۆ پێش مۆدێرنە، چونکە کارێکى ئەستەمە، ئاخر جیهانگیرى سەرجەم شێوەکانى بەرگريى لەخۆیدا کۆکردووەتەوە، ئەوانەى دژایەتيى جیهانگیرى دەکەن لەپێناو گەڕانەوە بۆ ترادسيۆن بە هەمان ڕێگە خۆیان دەکەونە مەترسیيەوە، چونکە ئەوان بە زمانى مۆدێرن دەدوێن و ناوەڕۆکێکى کۆنیان هەیە و بە شێوەیەکى پۆستمۆدێرن کاردەکەن، لە برى تەماشاکردنى داعش وەکو حاڵەتێکى بەرگریکارى توندڕەو بەرانبەر بە مۆدێرنە پێویستە وەکو حاڵەتێکى ترى خراپى خودى مۆدێرنە (لادانى مۆدێرنە) ببینرێت، وەک ئەوەى مێیجى لە باسى یاباندا دەڵێ "خێرایی پیشەسازيى مۆدێرن فۆرمێکى ئایدۆلۆژى وەرگرت کە یابانى گێڕایەوە بۆ دەسەڵاتى ئیمپراتۆرى پێشوو"، وێنە بەربڵاوەکەى ئەبوبەکرى بەغدادى کە کاتژمێریکى نایابى سویسريى لەدەستدایە، وێنەکە لێرەدا وەکو هێمایەک دێت کە داعش لە جیهانى پروپاگەندەى ئینتەرنێتدا بە تەواى خۆى ڕێکخستووە، هەروەها سەرجەم ڕێکارەکانى پۆستمۆدێرنەى بۆ پڕوپاگەندە و بەهێزکردنى ڕوئیاى ئایدۆلۆژى و سیاسيى خۆى بەکارهێناوە لە لێدانى ڕۆژئاواييەکانەوە بگرە بۆ دەستدرێژى کردنە سەر و ئازار و ئەشکەنجەدانیان.

راستیەکى نەبیستراو لە داعشدا هەیە ئەویش ئەوەیە ئەوان کارە دڕندانەکانیان بەشاراوەیی ئەنجام نادەن بەڵکو بە بەرچاوى هەموانەوە دەیکەن و لە میدیاکاندا کردەى سەربڕینەکان بڵاودەکەنەوە، دان بەوەدا دەنێن کە بڕوایان بە کۆیلایەتى و جاریەى سێکس هەیە و پاساویان بۆ هێناوەتەوە.

سەرهەڵدانى داعش وەکو خاڵێکى گرنگى چاوتێبڕاو تەماشادەکرێ کە دوايین بەشى چیرۆکە درێژەکەى بەخەبەرهاتنەوەى دژە کۆلۆنیاڵە "دووبارە نەخشەکێشانەوەى سنوورى نەتەوەکان کە بە ئەنقەست لەلایەن زلهێزەکانەوە دواى جەنگى جیهانى یەکەم سەپێنرا". لە هەمانکاتدا بەشێکە لە خەبات دژى ئەو ڕێگایەى کە سەرمایەى جیهانيى کردووە بە هێزى دەوڵەتە نەتەوەکان، بەڵام هۆکارى ئەو ترس و دڵەراوکێیە چییە کە دەربارەى داعش هاتووەتە کایەوە، وتارە فەرمیيەکانى دەسه‌ڵاتى داعش بە ڕوونى ئەوە دەڵێن کە بنەماى سەرەکيى دەوڵەتەکە بریتى نیە لە گرنگیدان بە خۆشگوزەرانى و تەندروستى و شەڕ دژى هەژارى لەپێناو خەڵکەکەى، بەڵکو گرنگى بە ملکەچکردنى خەڵک دەدات بۆ یاسا و بنەما دینیەکان. ئەمەش وەهاى کردووە کە داعش بەرەو کارەساتێکى گەورەى مرۆیی مل بنێت لەو ناوچانەى کە دەکەوێتە ژێر فەرمانڕەواییەوە، درووشمەکەى ئەوەیە (گرنگى بە بنەما دینیەکان بدە، خۆشگوزەرانى خۆى فەراهەم دەبێت)، لێرەدا کەلێنێکى گەورە دەکەوێتە نێوان دەسەڵاتى داعش لە لایەک و دەوڵەتە ڕۆژئاوايیەکانەوە لە لایەکى ترەوە. سەبارەت به‌ تیۆرى (bio power)ى فۆکۆ "ڕێکخستنى ژیانى تاک لەپێناو پاراستنى خۆشگوزەرانيى گشتیدا"، خەلافەتى ئیسلامى بە ته‌واوى دژى ئەمەیە.

ڕەنگە ئەمە بەس نەبێت بۆ پیشاندانى دوژمنکاريى سەرمایەداريى جیهانى؛ کەلێنکى کۆمەڵایەتى-کەلتوريى گەورە لە پشت هێرشەکانى داعشەوەیە دژ بە ڕۆژئاوا. لە چەند دەیەى ڕابردوودا ئایەتوڵا خومەینى بەڕوونى وتى "ئێمە لە سزا ئابوريیەکان ناترسین، لە داگیرکاريیە سەربازیيەکان ناترسین، ئەوەى ئێمە دەترسێێت ئەوەیە بێ‌ئەخلاقێتيى ڕۆژئاوا داگیرمان بکات". ڕەنگە ئەوە وەڵامێکى گرنگ بێت دەربارەى هۆکارى هێرشەکانى (چارلى ئیبدۆ)، ئایا بەکورتى چارلى ئیبدۆ ئەو (بێئەخلاقيیە ڕۆژئاوایی)یە نیە کە خومەينى لێى دەترسێت؟ لەڕاستیدا ئیسلامە فەندەمێنتاڵەکان کێشەیان لەگەڵ دڕندەیی و دڵڕەقيى ئابورى و سەربازيى ڕۆژئاوادا نییە، دوژمنە ڕاسته‌قينه‌کەیان ئابوريى نیۆکۆلۆنیالیزم نییە بەڵکو کەلتورە (بێ ئەخلاق)ـەکەیەتى.

هەمان شت دەربارەى ڕووسیاى (پۆتین)یش ڕاستە، لەو شوێنەدا کە ناسیۆنالیستە کۆنسێرڤاتیڤەکان پێناسەى کێشمەکێشەکانیان لەگەڵ که‌لتورى ڕۆژئاوادا دەکەن و سەرنج دەخەنە سەر جیاوازيى ڕەگەزى، پۆتین لە ئێوارەخوانێکدا لە (ست پێتسبۆرگ) دەڵێت "ئنجیل کە باسى هەردوو ڕەگەزەکە و هۆکارى یەکگرتنیان دەکات تەنها لە پێناو وەچەخستنەوەدایە".

لە زۆرێک لە وڵاتە ئەفریقى و ئاسیایيەکاندا، بزووتنەوە هاوڕەگەزبازەکان وەکو دەرئەنجامى دیاردەیەکى کەلتورى جیهانگیريى سەرمایەدارى تەماشا دەکرێت کە کاریگەريى لەسەر نەریتە کۆمەڵایەتى و کەلتوريیەکان هەیە، ڕەتکردنەوەى ئازاديى هاوڕەگەزبازى وەکو خەبات دژ بە کۆڵۆنیاڵیزم دەردەکەوێت.

جیاوازيى جێندەرى بە پلەبەندى و بەرپرسیارێتيى هەر جێندەرێکیان پێناسەدەکرێت، ئەو هەڵوێستە نەرمەى کە جیهانى ئیسلامى بەرانبەر بە دەستدرێژيى سێکسى هەیەتى لەسەر بنچینەى ئەو گریمانەیەیە کە بۆیە پیاوەکە ئەوەى کردووە چونکە ئافرەتەکە پێشتر بە کردەوەکانى مەیلى پێ نیشانداوە. لە پایزى 2006دا، شیخ تاجەدین هیلالى گەورە زاناى موسڵمان لە ئوسترالیا دواى ئەوەى گرووپێک پیاوى موسڵمان کارێکى ئابڕووبەرى دەستدرێژيى سێکسى دەکەن دەڵێت "کاتێ کە پارچە گۆشتێکى دانەپۆشراو فڕێدەدەیتە سەرجادە، پشیلەکان دەیخۆن، کامیان هەڵەن؛ پشیلەکان یان پارچە گۆشتەکە؟ بێگومان پارچە گۆشتە دانەپۆشراوەکە". بەپێى ئه‌رگۆمێنتەکەى هیلالى دەبێت ئافرەتان بەرپرسیارێتيى دەستدرێژییە سێکسیەکانى سەر خۆیان هەڵبگرن، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە پیاوان بەتەواوى بێگوناحن لەو دەستدرێژيیانە چونکە ناتوانن خۆیان بەرانبەر بەو ئیغراکردنە بگرن و کۆیلەى غەریزە سێکسیەکانن، ئەمەش بە تەواوى لە بڕیارێکى ئێراندا دەبینرێت کە لە بەروارى 3ى جێنیوەرى 2006دا بڕیاریدا کە کچێکى 19 ساڵ لە سێدارە بدرێت چونکە بە چەقۆ یەکێک لەو سێ پیاوەى کوشتووە کە ویستوویانە دەستدرێژيى بکەنە سەر. بابەتەکە لێرەدا ئەوەیە، ئەى چی دەبوو گەر ئەو ئافرەتە بڕیارى بدایە بەرگرى لەخۆى نەکات و ڕێگەى بدایە سێ پیاوەکە دەستدرێژییەکە ئەنجام بدەن؟ ئەوکات دەبوایە بە پێى یاساکانى ئێران 100 جەڵدى لێ بدرایە، و ئەگەر ئەو ئافرەتە لە کاتى دەستدرێژییەکەى سەرى هاوسەرى هەبوایە، ئەوا بە لەشفرۆش دەناسرا و بڕیارى تا مردن بەردبارنکردنى بەسەردا دەدرا. لێرەدا لە هەموو بارەکاندا تەنها ئافرەتەکە بەرپرسیارێتى هەڵدەگرێت، دەبوو ئەو ئافرەتە چی بکات؟ وەڵامەکە ئاسانە، پێویست بوو لە ماڵ بمێنیتەوەو هەرگیز بە بە تەنها دەرنەچێت، ئەم هەڵوێستە تەنها تایبەت نییە بە ئیسلام، بەڵکو ڕۆژانە لە چواردەورماندا ڕوودەدات؛ ئەناستیسیا میلینچینکۆ لە وتارێکیدا بە زمانى ئۆکرانى لەژێر ناوى (ئافرەتان هەمیشە ڕەخنەى ئەوەیان لێدەگرن کە دەستدرێژى دەکرێتە سەریان)، دەنوسێت: "تێکڕاى جیهانى پێش سۆڤیەت ئەو پرسیارەیان دەکرد هەڵەى ئافرەتان چییە؟ ڕەنگە تەنوورەى کورت لە پێ بکەن، یان ڕەنگە هۆکارى ئەوە بێت کە درەنگ دەڕۆنەوە، یاخود ئەوە بێت کە سەرخۆشن، نا بەڵکو ئافرەتان بۆیە تاوانباردەکرێن چونکە تەنها لەبەر ئەوەى ئافرەتن!".

هەمان چیرۆک لە فیلمى سینەمایی (the handmaid’s tale) دەبیسترێت "پیاوان ناتوانن بەرگە بگرن، بەڵام ئێمە جیاوازین، دەتوانین بەرگەبگرین" بۆیە لە بەشێکى ئەم جیهانەدا لەباربردن و ڕەگەزبازى وەکو پێشکەوتنێکى ئەخلاقى مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، لە بەشێکى تریشدا دژە-بێگانەو دژە-لەباربردن کەمپەینى گەورەى بۆ دەکرێت. لە مانگى شەشى 2016دا کەناڵى جەریزەدا ئەوەى بڵاوکردەوە کە کچێکى بەڕەگەز ئەڵمانيى 22 ساڵ هەواڵى ئەوەى بە پۆلیس داوە کەلە يانه‌يه‌كى شەوانەدا لە ده‌وحە دەستدرێژیى سێکسى کراوەتە سەر، بەڵام دادگاى دۆحە بڕیارى ساڵێکى زیندانى بە بیانووى سێکسکردنى ناشەرعى بەسەر کچەکەدا سەپاند.

 

 

 

ماويه‌تى...

 

 

تێبينى: ژيژه‌ك وه‌ك له‌ زۆرێك له‌ نوسينه‌كانيدا ده‌رده‌كه‌وێت، بۆ ئيمكان و پۆتانشێڵى دژه‌-سيسته‌م ده‌گه‌ڕێت. ئه‌م ئيمكانه‌ گه‌ر ئيمكانێكى كورت و كاتييش بێت، ژيژه‌ك له‌سه‌رى ده‌وه‌ستێت. وه‌ستان له‌سه‌ر سه‌يد قوتب يه‌كێكه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌ كه‌ ئيمكانێكه‌ دژى ئيمپرياليزمى ئه‌مريكى و ئه‌وروپى. جگه‌ له‌و ڕه‌هه‌نده‌ تيۆرييه‌ قووڵه‌ى كه‌ ژيژه‌ك له‌ تێكسته‌كاندا ده‌يبينێت و خوێنه‌رى ئاسايى بۆى درووستناكرێت. هه‌ر له‌و په‌ره‌گرافه‌ى سه‌يد قوتبدا، ژيژه‌ك پێى وايه‌ ملكه‌چى بۆ دالێكى گه‌وره‌(master signifier)، باشتره‌ له‌وه‌ى ملكه‌چى كۆمه‌ڵێك دالى بچوك بيت. به‌ ده‌ربڕينێكى تر، ملكه‌چى بۆ خودايه‌ك(گه‌رچى ئه‌بستراكت و خه‌ياڵى ش بێت) باشتره‌ له‌وه‌ى ملكه‌چى مرۆڤێك بيت له‌ناو سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارى و ليبراڵيزمدا. ژيژه‌ك دواتر ڕه‌خنه‌ى توندى ئيسلام ده‌كات و له‌سه‌ر پرسى ژن ده‌وه‌ستێت. به‌و مانايه‌ى ئه‌و ئيمكانه‌ى كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئيسلامدا هه‌يه‌ بۆ مافى ژن، له‌ناو ئيسلامدا نيه‌ و ئيسلام ته‌نيا له‌به‌ر ئه‌وه‌ دژى ژنه‌ كه‌ ژنه‌. له‌ سه‌رووى هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌، ژيژه‌ك عاده‌ته‌ن بۆ پارادۆكسه‌كانى ئه‌م جيهانه‌ و ئه‌م سيسته‌مه‌ ده‌گه‌ڕێت و حه‌قى ته‌واو به‌و پنته‌ تيۆرييانه‌ ده‌دات كه‌ له‌ تيۆره‌ زل و زه‌به‌لاحه‌ باوه‌كاندا فه‌رامۆشده‌كرێت. گه‌ر له‌ڕوانگه‌ى كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌وه‌ سه‌يرى ئه‌و پرسانه‌ بكه‌ين، به‌ جۆرێكى تره‌. بۆنمونه‌، كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ خاوه‌نى مێژوويه‌كى دينى و دواكه‌وتووه‌ و زه‌قكردنه‌وه‌ى ئيسلامى سياسى ده‌بێته‌ جێى مه‌ترسى. بۆ ژيژه‌ك كه‌ له‌ هه‌ناوى كه‌پيتاڵيزمى خۆرئاواييدايه‌، ڕوانگه‌ى سه‌يركردنه‌كه‌ تۆزێك ده‌گۆڕێت و ناچاره‌ به‌توندى ڕه‌خنه‌ى ده‌ستدرێژييه‌ ئيمپرياليستييه‌كانى ئه‌وروپا بكات و شتێك زياتر له‌ بۆچوونى باو بڕوات(وه‌رگێڕ). 

 

سه‌رچاوه‌:

بەشى يه‌كه‌م لە کتێبى جورئه‌تى نائومێدى (the courage of hopelessness)