A+    A-
(2,553) جار خوێندراوەتەوە

 

ئایا شۆڕشەکان هەمیشە شکستدێنن؟

 

 

 

جۆن مۆلینۆ

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

                                                                                                                                       pdf

 

 

 

 

دۆخی جیهان، بەم هەموو گۆڕانی کەشوهەوا و بێکاری و جەنگ و ڕاسیزمەی تێيدایە، لەحاڵێکدایە کە ئاسان نیە بۆ دەسەڵاتدرانمان باوەڕمان پێ‌بهێنن کە هەموو شتێک ئاساییە. بەڵام پێویستیان بەمە نیە. ئەوەی پێویستیانە تەنها ئەوەیە باوەڕ بە خەڵک بهێنن کە ناتوانن هیچ شتێک لەم بارەیەوە بکەن و ناتوانن هیچ شتێک بگۆڕن. لەبەر ئەم هۆکارەیە هەرکات سەرمایەداری بەهانە بۆ نایەکسانی و جەنگەکان دەهێنێتەوە، ئەم نوشتەیە "بەڵام تۆ ناتوانیت سروشتی مرۆڤ بگۆڕیت" بازاڕێکی گەرمی هەبووە لای دەهۆڵ‌كوت و لایەنگرانی سیستەم کە هەمیشە بە گوێی خەڵکی ڕەش و ڕووتیاندا دەدایەوە.

بیرۆکەی هەموو "شۆڕشەکان بە شکست کۆتایيان دێت"، هەمیشە پەیوەستکراوە بە سرووشتی مرۆڤەوە. هەردووکیان پەیوەستن بەو باوەڕەی پێی‌وایە شۆڕشەکان بۆیە شکستدێنن، چونکە خەڵکە ئاساییەکان ناتوانن کۆمەڵگە بەڕێوەببەن و دەسەڵاتی گەل تەنها وەهمە. بۆیە هەرچەندە جۆرج ئۆروێل سۆسیالیست بوو، بەڵام ڕۆمانەکەی "مەزرای ئاژەڵان" ڕەواجێکی زۆری هەبووە لای دەسەڵاتداران، چونکە ڕۆمانەکە وا دەردەخات کە گۆڕانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بۆ دیکتاتۆرییەت حەتمی بووە، بەهۆی ناهۆشیاریی ئەو گیاندارانەی کە لە  ڕۆمانەکەدا ڕۆڵی چینی کرێکار دەگێڕن.

هەرجارێک شۆڕشێک شکستدێنێت، بازرگانه‌كانی، ئەم ئەرگۆمێنتە دەهێننەوە. کە لەگەڵ دۆخی ئێستاشدا گونجاوە، بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارەی لەمیسردا گەشەیکردووە و بەهۆی سرووشتی ڕاستڕەوانەی ئەو هێزانەی کە دەسەڵاتی ئۆکرانیایان لەسه‌رکارلابرد. دەبینین سایمۆن جێنکینز بەم دوايیە لە ڕۆژنامەی "The guardian" دەنوسێت "مایدان نزالیژنۆستە لە ئۆکرانیا... و تەحریر لە میسر گۆڕەپانگەلێکن کە سیمبولی شکستن نەوەک ئومێد".

 

ئەزموونەکان لە مێژوودا

ئاسانە لیستێک لەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە ڕیزبکەین کە بەشکست کۆتاییانهاتووە: شۆڕشی جووتیارانی ساڵی 1381، جەنگی جووتیارانی ساڵی 1525 لە ئەڵمانیا، کۆمۆنەی پاریسی ساڵی 1871، شۆڕشی ئیسپانیا ساڵی 1936 و هتد ... سەرباری ئەمە، بیرۆکەی هەموو شۆڕشەکان شکستدێنن، بە تەواوی هەڵە و پووچە.

زۆربەی ڕژێمە سەرمایەدارە دیموکراسییەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی شۆڕشگەلی سەرکەوتوون. دیارترینیان شۆڕشی هۆڵەندییەکان دژی ئیمپراتۆرییەتی ئیسپانیا لە سەدەی شازدە، کە بووە بەردی بناغەی دەوڵەتی هۆڵەندا، و شۆڕشی ئینگلتەرا 1642-1649 کە دەسەڵاتی پاشایەتی و ئەرستۆکراتی فیوداڵيی لەناوبرد و ڕێگەی بۆ حوکمی پەرلەمانی خۆشکرد، و شۆڕشی فەڕەنسی 1789-1794 کە لویسی شازدەهەمی لەناوبرد و دەسەڵاتی ئەرستۆکراتی فەڕەنسيی تێکشکاند و کۆتایی بە فیوداڵیزم هێنا لە فەڕەنسا، و شۆڕشی ئەمریکی 1775 کە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ بوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە یەکێک لە بەهێزترین نەتەوەکانی سەرمایەداری.

بۆرژوازيی هاوچەرخ، هەست بە شەرمەزاری دەکات لە ڕابردووی خۆی کە بنەچەیەکی شۆڕشگێڕانەیە. دەیەوێت بەپێی توانا پەردەپۆشی بکات، بۆیە دەبینین شۆڕشی ئینگلتەرا کراوە بە "شەڕی ناوخۆیی ئینگلتەرا" نەوەک شۆڕش. لەمەش زیاتر بۆرژوازيی کۆنەپارێزی ئینگلتەرا کەمتازۆر هاوسۆزن لەگەڵ زنجیرەی تەلەفزیۆنی "Gay cavaleris" کە لایەنگری چارڵزی یەکەمن و دژ بە "بیوریتانەکان" کە دڕندە و توندوتیژ بوون و لایەنگری ئۆلیڤەر کرۆموێل بوون، کە بناغەدانەری دەسەڵاتی بۆرژواکانە. بەهەمان شێوە مێژوونوسان دەیانویست شۆڕشی فەرەنسی ناشيرین بکەن، وەکو وێرانکارییەک وێنای دەکەن کە بە سەرپەڕاندن و تیرۆری ساڵانی 1793-1794 کۆتاییهات.

بەڵام ئەم هەموو هەوڵە بۆ گەڕان بەناو مێژوودا، ناتوانێت ئەو ڕاستیيە بشارێتەوە کە ئەم شۆڕشانە، شۆڕشی ڕاستەقینە بوون و لە خەڵکی ئاسایی پێکهاتبوون کە لەڕێگەی هێزەوە سيسته‌مى باڵاده‌ستيان لابردووە، و دەسەڵاتیان لە چینی "ئەرستۆکراتی فیوداڵی"ەوە گواستووه‌تەوە بۆ چینی "بۆرژوازی"، کە لەتوانایدا بووە سیستەمێکی نوێی کۆمەڵایەتی و ئابوری بنیات‌بنێت.

لەمەش زیاتر ئەم شۆڕشانە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر سەرکەوتوو بوون. شۆڕشی هۆڵەندی، کۆماری هۆڵەندای کرد بە وڵاتێکی خاوەن سەرکەوتووترین ئابوری لە ئەوروپادا لەنێوان ساڵانی 1600-1660، و کردی بە دیموکراسيیتر و لیبراڵتر و پێشکەوتووخوازتر کە هاوشێوەی نەبووە لە پێشتردا. بوو بە بەهەشتێک بۆ شۆڕشگێڕان و بیرمەندان و هونەرمەندان. هاوشێوەی یەکسانیخوازی وەکو جۆن لیلبۆرن، و فەیلەسوفانی وەکو دیکارت و سپینۆزا، و نیگارکێشێکی وەکو ڕێمبرانت.

لە ئینگلتەرا پاشایەتيی ستیوارت لەڕێگەی چارڵزی دووەمەوە لە ساڵی 1660دا گەڕێنراییەوە، بەڵام بە مەرجی جیاوازترەوە لەو مەرجانەی کە باوکی پێداگريی لەسەر پارێزگاری لێکردنیان دەکرد. پەرلەمان بەسەر پاشادا سەرکەوت و چیتر بەریتانیا بەڕەهایی لەلایەن پاشایەتیيەوە حوکم نەدەکرا. دەسەڵاتی بۆرژوازی و پەرلەمان بەئاسانی چەسپا لە "شۆڕشی شکۆدار"ـی ساڵانی 1688-1689، و بەریتانیا بوو بە وڵاتی شۆڕشی پیشەسازی و هێزێکی باڵادەستی سەرمایەداری لە سەدەی نۆزدەدا.

شۆڕشی فەڕەنسی بەتەنها فەڕەنسای نەگۆڕی بۆ دەوڵەتێکی سەرمایەداری هاوچەرخ، بەڵکو پاریسی کرد بە پایتەختی سیاسەت و ڕۆشنبیریی سەدەی نۆزدە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر توانيی دیموکراسی و فەلسەفەی سیاسيی مۆدێرن سەرپێ بخات کە دیدگای تایبەتیان هەبوو ده‌ربارەی پرسەکانی ئازادی و مافی مرۆڤ، و دواتریش سۆسیالیزم.

سەدەی بیستەم ڕێژەیەکی زیاتر و فراوانتری شۆڕشی نەتەوەیی بەخۆیەوە بینی، کە دەسەڵاتی کۆڵۆنیاڵی تێکدەشکاند و سەربەخۆیی نەتەوەیی بەدەستدەهێنا، کە لە شۆڕشی ئیرلەنداوە دەستپێدەکات کە لەساڵی 1916 هەڵگیرسا و ساڵانی 1920-1921 گەیشتە لوتکە، بۆ شۆڕشی میسری لەساڵی 1919، و شۆڕشی چین لە ساڵی 1949، و شۆڕشی کوبا لە ساڵی 1959، و شۆڕشی جەزائیر دژی فەڕەنسییەکان لەنێوان ساڵانی 1954-1962، تاوەکو شۆڕشەکان دژی دەسەڵاتی پۆرتوگالییەکان لە ئەنگۆلا و گینابیساو و مۆزەمبیق، و هتد....

کەوایە، چۆن دوای ئەم هەموو ئەزموونە لە شۆڕشی سەرکەوتوو، گریمانەی ئەوە دەکرێت کە هەموو شۆڕشەکان بە شکست دەگەن؟ وەڵامەکەی ئەوەیە تا ئێستا هیچکام لەم شۆڕشانە ئەوکۆمەڵگە یەکسان و ئازادەییان بەدی نەهێناوە کە بەڵێنیان پێدا بوو.

 

شۆڕشی بۆرژوازی

پێویستە ڕوون بین لە کاتی قسەکردن لەبارەی جیاوازییەکانی شۆڕشی بۆرژوازی لە ڕابردوودا و ئەو شۆڕشە کرێکارییەی لە ئێستادا باسی دەکەین، شۆڕشە بۆرژوازییەکان پێشکەوتنخواز و سەرکەوتوو بوون، بەڵام نەیتوانی یەکسانيی ئابوری و کۆمەڵگەیەکی بێ‌چین بنیات‌بنێت.

لە ڕووکەشدا "مافی یەکسانی"ـى هەڵگرتبوو، بەڵام تەنها بۆ جۆشدان و ڕاکێشانی جەماوەر بوو، چونکە لەڕاستیدا چینی سەرمایەداران ڕابەرایەتییان دەکرد کە دواتر دەسەڵاتیان کەوتەدەست، کە چینێکی چه‌وسێنه‌رن و بەبێ چینی ژێردەستەی کرێکاران ناتوانن بژین. بۆیە ئەم شۆڕشانە نەیاندەتوانی لە دیموکراسيی دەستوری زیاتر بەدەست بهێنێنن، لە باشترین حاڵەتدا بەدەستهێنانی مافی یاسایی یەکسان بۆ هەمووان (بەدڵنیاییەوە لە پراکتیکدا تەنانەت ئەمەشی بەدینەهێنا(.

هەمان شت بەسەر زۆرێک لە شۆڕشە نەتەوەیی و دژە ئیمپریالیستەکاندا جێبەجێ دەبێت. بە هۆکاری مێژوویی ئەم شۆڕشانە زمانێکی ڕادیکاڵتریان لە شۆڕشی بۆرژوازی هەڵگرتبوو، زۆرجاریش خۆیان بە کۆمۆنیست یان مارکسی دەناساند- دیارترینیان شۆڕشەکانی چین و کوبایە.

 لەڕاستیدا ئەم شۆڕشانە لەلایەن چینی ناوەندەوە سەرکردایەتيی دەکرا، نەوەک چینی کرێکار، بۆیە نەیانتوانی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی سەرمایەدار زیاتر بنیات‌بنێن، و سەرباری ئەوەی کۆمەڵگەیەکی بە جیاوازی چینایەتييەوە بەدیهێنایەوە، بەڵکو هەمیشە لەژێر پەستانی ئەو هەوڵی تێکدان و دژایەتیکردنانە دەبوو کە لەلایەن بازاڕی جیهانيی سەرمایەدارییەوە ئاراستەدەکران.

لێرەدا پێوستە شتێک لەبارەی جووتیارانەوە بگوترێت. لەو کاتەوەی شێوازی ژیان لە ڕاوکردنەوە گەشەیکرد بۆ کشتوکاڵ لە نزیکەی پێنج هەزارساڵ  پێش ئێستادا، زۆرینەی دانیشتووانی سەرزەوی بەردەوام جووتیار بوون، بۆیە هەمیشە بەشێک یان زۆرینەی بەشداربووانی شۆڕش جووتیار بوون. ئەم حاڵەتە بە تەواوەتی بەدی دەکرا لە هێزە شۆڕشگێڕەکانی پانچۆڤێلا و ئیمیلیانۆ زاپاتا لە شۆڕی مەکسیک، و سوپای سوری ماوتسی تۆنگ لە شۆڕشی چین، و گەریلاکانی کاسترۆ لە کوبا.

بەڵام ئاستەنگییەکی گەورە هەیە لەگەڵ جووتیارەکاندا وەکو هێزێکی شۆڕشگێڕ: دەتوانن جەربەزانە دژی سیستەمی کۆن، و خاوەن زەوی و کۆڵۆنیاڵیستەکان بجەنگن، بەڵام ناتوانن لەکاتی سەرکەوتنی شۆڕشدا بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیەکی نوێ بگرنەدەست، ئەمە پەیوەنديی بە بێ‌توانایی و ناهۆشیارییەوە نیە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە هەلومەرجی ژیانیانەوە.

دەسەڵاتی هەموو کۆمەڵگەیەک لەکۆتايیدا پشت بە کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان دەبەستێت، لە کۆمەڵگەی مۆدێرنیشدا هێزە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکان لەناو شارەکاندان، بەڵام بنکە و شوێنی جووتیاران لە دێهاتەکانە، و لەدوای بەشداریکردن لە هەر شۆڕشێکدا، لەکۆتايیدا جووتیاران هەر دەبێت بگەڕێنەوە دێهاتەکان و بەڕێوەبردنی شارەکان و دواتریش بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بۆ کەسانی تر جێبهێڵن.

بەڵام چینی کرێکار یان پرۆلیتاریا، ئەوانەی لەسەر فرۆشتنی هێزی کاری خۆیان دەژین، پێچەوانەی جووتیاران لە شوێنکاری گەورەدا چڕبوونەتەوە، کە ڕەنگە لە کارگە یان سەنتەری پەیوەندی، کارگەی کەشتى‌درووستکردن یان ئۆفیسێکی حکومەتدا بێت. هەروەها لە شارە گەورەکاندا چڕبوونەتەوە کە هێزی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی تێدایە.

وەک چۆن سەرمایەداری بەتەواوی جیهاندا بڵاوبۆتەوە، ئاواش قەبارەی چینی کرێکار بەشێوەیەکی دراماتیکی زیادیکردووە کە دەیکاتە زۆرینەی دانیشتوانی جیهان. بەبێ چینی کرێکار ناتوانرێ کۆمپیوتەر یان ئۆتۆمۆبیل پێکەوەبنرێت، دووکان و سۆپەرمارکێتەکان ناتوانن کارمەندیان دەست بکەوێت، خوێندنگە و فەرمانگەکان ناکرێنەوە، و پاس و شەمەندەفەر و فڕۆکەکان ناجوڵێن.

ئەمە هێزێکی شاراوەی بێ‌ئەندازە دەبەخشێتە چینی کرێکار، نەوەک تەنها بۆ سەرکەوتن بەسەر سەرمایەداريیدا، بەڵکو بۆ بنیاتنان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی بنیاتنراوی دوای شۆڕش، بۆئەوەی ئەم حوکمەش بەڕێگەیەکی دیموکراسیيانە بە ئەنجام بگەیەنێت. چینی کرێکار یەکەم چینی چەوساوەیە لە مێژوودا کە دەتوانێت کۆمەڵگە بەڕێوەببات بەبێ بەکارهێنان و چەوساندنەوەی ئەوانی تر.

بەڵام ئایا چینی کرێکار دەتوانێت حوکمێکی دیموکراسییانە جێبەجێ بکات لەکاتی دەسەڵات گرتنە دەستیدا؟ ئایا کۆمەڵێکی دیاریکراو لە چەوسێنەری نوێ لە ڕیزەکانی ئەم چینەوە پەیدا نابن و خۆیان زاڵبکەن؟ ئەم پرسیارە سەر لەنوێ پرسی سرووشتی مرۆڤ و بەلاڕێداڕۆيشتنی شۆڕشی ڕووسیا دێنێتەئاراوە.

ئەگەر بەکورتی لەسەر سرووشتی مرۆڤ بوەستین، زۆرجار وا دانراوە کە مرۆڤ بە سرووشت چاوچنۆک و خۆپەرستە، بەم هۆیەوە بەدیهێنانی یەکسانيی ڕاستەقینە ئەستەمە، بەڵام ئەمە هەڵەیە چونکە سرووشتی مرۆڤ جێگیر و نەگۆڕ نیە، بەڵکو بە گوێرەی گۆڕان و گەشەی ژینگە و هەلومەرجی ژیان ئەویش دەگۆڕێت و گەشەدەکات. ئەوە فاکتێکە کە ڕاوچی و کۆمەڵە سەرەتاییە دێرینەکان دەیان هەزار ساڵ پێش ئێستا لە کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و یەکساندا دەژیان، پێش ئەوەی چینایەتی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا دەربکەوێت. کەوایە هیچ بەربەست و تەگەرەیەکی ناوەکی لە سرووشتی مرۆڤدا نیە بۆ چەسپاندنی یەکسانی.

 

شۆڕشی ڕووسیا(ئۆكتۆبه‌ر)

پێویستە دان بەوەدا بنێین کە گەیشتنی شۆڕشی ڕووسیا بە دیکتاتۆرییەت، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو باوەڕەی خەڵکانێک دەربارەی حەتمیەتی شکستی شۆڕشەکان. چونکە شۆڕشەکە، سەرەڕای هەموو شتێک، گرنگترین شۆڕشی سەدەی بیستەم بوو، تاکە شۆڕش بوو کە چینی کرێکار توانيی لە ڕێگەیەوە بگاتە دەسەڵات، و پرۆسەی بونیادنانی سۆسیالیزم دەستپێبکات، و دەبێت وەکو ئەزموون و تاقیکردنەوەیەک لێی بڕوانرێت.

هەروەها ئەو هەلومەرجە ماتریاڵییەی شۆڕشی ڕووسيی ساڵانی دوای 1917 خۆی تێدا بینیوە، بە جۆرێک سەخت بوو، کە شۆڕشەکە دەکرێ بگوترێ هیچ ڕێگەیەکی تری نەبوو، هەر دەبوو تووشی ئەو بەلاڕێدا ڕۆيشتنە ببێتەوە.

پێش شۆڕش، ڕووسیا دواکەوتووترین وڵاتی ئەوروپا بوو لە ڕووی ئابوريیەوە- زۆرینەی دانیشتووانەکەی جووتیار بوون، چینی کرێکار کەمتر لە 10% پێکدەهێنا. ئابورییەکەی بەهۆی جەنگی جیهانيی یەکەمەوە تووشی زیانێکی زۆر هاتبوو، دواتر بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە بەتەواوی هەرەسی هێنا. لە ساڵی 1921 دا بەرهەمهێنانی پیشەسازی بەڕێژەی 31% کەمیکرد بەراورد بە ڕێژەکەی لە ساڵی 1913. لەهەمان ساڵدا ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەورەش بۆ 21% کەمیکرد. کەڵەکەبوونی ئەم هەرەسە ئابورییە بووە هۆی بڵاوبوونەوەیەکی فراوانی برسێتی و ڕەشەگرانەتا(تیفۆس) و کۆلێرا.

کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکەی تێکشکاندنی چینی کرێکاری شارنشین بوو، کە شۆڕشیان بەرپاکرد و لەساڵى 1917 دا دەسەڵاتیان گرتەدەست. چینی کرێکاری ئەوکات وەکو لینین لەبارەیانەوە وتویەتی " لە دۆخێکی خوارتر و خراپتری چینایەتیدا بوون.. و لە هێڵ و ڕێڕەوە چیناییەتیەکەی خۆيان لادراون، چیتر وەکو پرۆلیتاریا نەمانەوە". بەو چەرمەسەری و ماندووکردنە ماتریاڵی و سیاسییەی تێی کەوتبوون، چینی کرێکاران توانیان بۆ بەڕێوەبردنی حکومەتەکەی خۆیان و لێپرسراوانی دەوڵەتەکەیان لەدەستدابوو.

لەم هەلومەرجەدا چاوەڕوانکراو بوو بەشێک لە لێپرسراوانی دەوڵەت و حیزب، جا ئەگەر کۆمۆنیستێکی دڵسۆزبن یان نا، بگۆڕێن بۆ بیرۆکراتێک کە خاوەن مافی تایبەت بن و لە سەرووی لێپرسینەوەوە بن، دواتریش ئاگایی و هۆشیان بەم هۆکارە گۆڕانی بەسەردا بێت. بۆیە دەکرا، بەڵکو ئەنجامیشدرا، کە ئەو دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریایەی لینین وێنای دەکرد، بگۆڕێت بۆ دیکتاتۆرییەت بەسەر پرۆلیتاریاوە.

ئایا دەکرا لەم ڕێگا داخراوە دەربازی ببوایە؟ بەڵێ، بەڵام تەنها کاتێک شۆڕشەکە بگوازرایەتەوە بۆ دەوڵەتانی دیکە کە لە ڕووی ئابورییەوە پێشکەوتووترن، کە دەکرا ئەوکات هاوکارییان بۆ کرێکارە ڕووسییە بێ‌دەرەتانەکان هەناردە بکردایە. نزیک بوو ئەمە ڕووبدات: شۆڕشەکە بە فیعلی گوازراییەوە بۆ ئەڵمانیا و ئیتاڵیا(چەند شوێنێکى دیکەش)، زۆریش نزیک بوو لەسەرکەوتن. بەڵام شکستەکەی لە بنەڕەتدا بۆ نەبوونی ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕیی گونجاو دەگەڕێتەوە، ئەمەش شۆڕشی ڕووسیای بەتەنها هێشتەوە و چارەنووسی دیاریکرد.

بە تێگەیشتن لەو هەلومەرجە ماتریاڵییەی شکستی بە شۆڕشی ڕووسیا هێنا، ڕووندەبێتەوە کە پەیامێکی ئومێدبەخش ئاراستەی شۆڕشی نوێ دەکات نەوەک پەیامی هیوابڕین و ورەبەردان. ئێستا هەموو دەوڵەتە گەورەکان خاوەنی هێزی بەرهەمهێنانی پێشکەوتووترن و چینی کرێکاریان بەهێزترە لە ڕووسیای ساڵی 1917. جیهانی ئەمڕۆ یەکگرتووتر و لێک  نزیکترە لە پێشوو، بۆیە بە ڕوودانی هەر گۆڕانکارییەک لە وڵاتێکدا بڵاوبوونەوەی شۆڕشی بەجیهاندا زۆر ئاسانتر دەبێت لە ساڵانی 1917-1923.

 

شکستی گۆڕەپانەکان

وەڵامی ئەو ئەرگۆمێنتە مێژوویە گشتییەمان دایەوە دژی شۆڕش، ئێستاش دەتوانین بگەڕێینەوە سەر ئەرگۆمێنتی تایبەت بە شکستی گۆڕەپانەکان (تیان ئان مین، تەحریر، پۆریتۆ دێل سۆل، تەقسیم، مەیدان و هتد ...) لەوەی بتوانن کۆمەڵگەیەکی نوێ و باشتر بەدیبهێنن، ئەم بیرۆکەیەشە کە سایمۆن جێنکینز و ئەوانیتر بەرگريی لێ دەکەن. جێنکینز پێی وایە: گۆڕه‌پانەکان بوون بە "ئایکۆنی شۆڕشی سیاسيی مۆدێرن"، دان بە هێزە ئیلهامبەخشەکەیدا دەنێت، بەڵام پێی وایە "جەماوەر زیاتر دەڕووخێنێت کەمتر بنیاتدەنێت" دەنوسێت: "جەماوەر دەتوانێت کارەبای ڕژێمێکی لاواز ببڕێت و دەوڵەت بخاتە تاریکییەوە. بەڵام بەدەگمەن ڕووناکی بەسەر دیموکراسیدا هەڵدەکات. هەموو جوڵانەوەیەک دەکرێت ئومێدی زەمەنێکی باشتر ببەخشێت، بەڵام مێژوو بەردەوام گومانکارە".

بەڵام جێنکینز کەوتۆتە ناو دوو هەڵەی زەقەوە. یەکەم، ئەو وەکو یەک دیاردە دەڕوانێتە جەماوەری هەموو گۆڕەپانەکان، لەبری ئەوەی بڕوانێتە پێکهاتەی چینایەتی و ئامانجی سیاسی و بیر و ئایدۆلۆژیای باڵادەست لای هەریەکێکیان. جێنکینز نایەوێت جیاوازی بکات لەنێوان جەماوەرێکدا کە سەر بە چینی ناوەندە و جەماوەرێک کە سەر بەچینی کرێکارانە، لەنێوان جەماوەرێکی کۆنەپارێز و جەماوەرێکی ڕادیکاڵ و هتد....

دووەم، جەماوەری ناو گۆڕەپانەکان سیمبولی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی دیاریکراون، جێنکینز گۆڕەپانەکان بەهەموو شۆڕش یەکساندەکات، بۆیە ڕەگەز و لایەنەکانی دیکە نادیدە دەگرێت، وەکو ئەوە وایە شۆڕشی فەڕەنسی کورتبکرێتەوە تەنها بۆ دەست بەسەراگرتنی باستیل یان شۆڕشی ڕووسی، کورتبکرێتەوە بۆ ئەو ڕێپێوانەی ڕووە و کۆشکی زستانە ئەنجامدرا.

ئەمە بۆ هەموو شۆڕشەکانی ئەم دواییانە هەڵەیە، بەڵام بۆ شۆڕشی میسری بەتایبەت هەڵەیە: چونکە هەرچەندە ڕاگەیاندنەکان بەردەوام تیشکیان دەخستە سەر گۆڕەپانی تەحریر، بەڵام تێکۆشان و هەوڵی گەورە و گرنگ هەبوون لە سەرانسەری وڵاتەکە. بەتایبەت لە ئەسکەندەرییە و سوێس. لەبەرئەوەی کۆی کۆبوونەوەکانی سەرشەقام و مانگرتنە فراوانەکان و دەست بەسەراگرتنی شوێنکارەکان، یەکلاکەرەوە بوون بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆریەتی حوسنی موبارەک.

بۆیە جێنکینز و ئەوانی تر، ڕەنگە بنوسن چارەنووسی شۆڕشەکان شکستێکی حەتمییە، بەو ئەنجامگیرییە هەڵانەی لە خەباتەکانەوە دەریانهێناوە. بەڵام لەڕاستیدا ئەو شۆڕشانە سەرناگرن کە لە داگیرکردنی شوێنە گشتییەکان بەولاوە تێناپەڕن، هەڵەیە پێمانوابێت ئەم ڕێکخستن و کۆبوونەوە جەماوەرییانە ناتوانن ئەم سنورانە تێپەڕێنن.

لەڕاستیدا، ئەنجامگیریی درووست ئەوەیە کە مۆبیلیزەی جەماوەر لەشەقامەکاندا هەنگاوێکی پێویستە بۆ هەموو کردەیەکی شۆڕشگێڕی، بەڵام پێویستمان بە مانگرتنی گشتی و دەست بەسەراگرتنی شوێنکارەکان دەبێت. چونکە خاڵی بەرهەمهێنان ئەو خاڵەیە کە سەرمایەداران پێی لاواز دەبن و هەموو هێزی چینەکەش لەوێدا چڕبووەتەوە.

سەرەڕای ئەمە پێویستمان بە ڕێبەرایەتییەکی شۆڕشگێڕیی سۆسیالیستانە هەیە، چونکە بەبێ سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانە، دەکرێت بزووتنەوە جەماوەرییەکە بە لاڕێ و چەوتیدا ببردرێت و ناپاکيی لێ بکرێت.

ئەگەر توانرا هەموو ئەم ڕەگەزانە پێکەوە کۆبکرێتەوە، چینی کرێکار لە توانایدایە بەسەر سەرمایەداریدا سەربکەوێت و کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستيی ئەنتەرناسیۆنال بنیات‌بنێت، کە زۆر لە ئەزموونەکانی ڕابردوو بەهێزتر دەبێت.

 

 

 

 

 


ئەم وتارە بەئینگلیزی لە گۆڤاری مانگانەی (The socialist)، ژمارەی ئەپریلی ساڵی 2014، بڵاوکراوەتەوە

سەرچاوەکان:

1 - http://socialistreview.org.uk/390/do-revolutions-always-fail

 2-  http://revsoc.me/revolutionary-experiences/30095/