A+    A-
(2,924) جار خوێندراوەتەوە

          نامۆبوونى مرۆڤ   

 

 

 

زه‌رده‌شت نوره‌دين

(به‌شى يه‌كه‌م)            

 

 

 

 

 

     مرۆڤ لەو چرکەساتەی کە هەستیکرد شتێک لە دەرەوەی خۆی، شتێک زیاتر لە خۆی هەیە و حوکمی بەسەردا دەکات، هەستی نامۆبوونی لەلا گەڵالە بوو. لەو کاتەوەی بیری بەلای هێزێکدا ڕۆيشت کە لە دەرەوەی هێزی خۆیەتی و دواجار هێزی ئەم دەبێت ملکەچی هێزی ئەو بێت، هەستی نامۆبوون و غەریبی دایگرت. لەو ساتەوەی کە بەر ئەو بەشەی خۆی کەوت کە لەدەره‌وەی خۆیەتی و هاوکات جيايه‌ لە خۆی، هەستی بەدابڕان و نەگەیشتن و نامۆبوون کرد.

     نامۆبوونی مرۆڤ، قووڵترین و کۆنترین تێمای ناو هەموو گێڕانەوەکانی مرۆڤە کە بەرهەمی ئوستورەیی جۆراوجۆر و دژیەکی بەدوای خۆیدا هێناوە. بە گەڕانەوە بۆ کۆنترین نوسراوە بەجێماوەکان کە لە قۆناغی شارستانییەتدا هاتوونەتەنوسین، بەر یەکەم فۆرمە دامەزراوەییەکانی نامۆبوون دەکەوین. لێرشەوە ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە بۆچی بە نزیکەيی تێکڕای گێڕانەوە ئوستورەییەکان باس لە دەستدانی سەرەتایی جۆرێک لە بەهەشت یان جۆرێک لە ژیانی بێ‌گەرد و کامڵ دەکەن. سەرەڕای ئاینیە ئیبراهیمییەکان کە بەهاوبەشی باس لە دەرکران لە بەهەشت دەکەن ئەوا ئوستورەی گەلانی تری وەک مایا، نەیجیریا، یۆنان، بابڵ و...هتد باسیدەکەن. دەرچوون لە ژیانی کۆچەری و کۆمۆنی و گیرسانەوە لە گوند و پاشان لەشار، نامۆبوونی بەدامەزراوەییکرد. نامۆبوون لە شاردا بەڕوونی لە نوسراوە سەرەتاییەکانی شارستانییەتدا بەشێوەی جۆراوجۆر دەردەکەوێت.

     لێرەدا لە هەموو فۆرمەکانی نامۆبوون یان لە دەرکەوتە جیاوازەکانی نامۆبوون بە درێژايی مێژوو ناکۆڵینەوە. ئەوەی لێرەدا لەسەری ڕادەوەستین دوایین فۆرمەکانی ناموبونی هاوچەرخە. بۆ ئەم کارەش سەرەتا ئاماژەیەکی سەرپێی دەدەین بە تیۆرەکانی نامۆبوون و پاشان دەپەرژێينە سەر دوافۆرمەکانی نامۆبوون. دەکرێت بەشێوەکی گشتی تیۆرەکانی نامۆبوون کورتبکەینەوە بۆ سێ تیۆری نامۆبوون: یەکەم تیۆری نامۆبوونی ئاینی، دووەم تیۆری نامۆبوونی سرووشتی، سێیەم تیۆری نامۆبوونی کار.

 

 

١- تیۆری نامۆبوونی ئاینی

 تیۆری نامۆبوونی ئاینی بە دوو شێوەی ئەرێنی و نەرێنی فۆرموڵە بووە. شێوەی نامۆبوونی ئاینیی ئەرێنی کە ڕوانگەیەکی ناوئاینییە لەمەڕ ئاین، باس لەوە دەکات کە مرۆڤی سەرەتایی بەهۆی هەڵەیەکی بەراییەوە لە ئەبەدییەت، نەمری و ناکۆتابوون دوورخراوەتەوە و ژیانێکی بڕاوە و کۆتاداری وەک سزا بەسەردا سەپاوە. ئەمەش لە دوو تێگەيشتنی جیاواز و دژبەیەک لەلای میسرییە کۆنەکان و هندییەکان بۆ نەمری دەرکەوتووە. دەشێت هەموو تێگەشتنە جۆراوجۆرەکان لەمەڕ ئەبەديیەت و نەمری لەنێوان ئەم دوو جەمسەرەدا جێبکەینەوە. بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر تێگەشتن بۆ نەمری و ناکۆتا هەیە کە ئەویش ناکۆتا و نەمريی بازنەیی و هێڵییە.

  تێگەشتنی هندییەکان بۆ ناکۆتا و نەمری بازنەیییە، کە لای بودا بە تەواوی ئەم جۆرە تێگەشتنە مانیفێست دەبێت. لەم ڕوانگەدا ژیان لەبنچینەوە ئازار و ناخۆشییە و ئازادبوون و ڕەهابوون لە ژیان بەمانای ڕزگاری دێت. بودا دەڵێت: " لەدایکبوون ئازارە، پیری ئازارە، نەخۆشی ئازارە، مردن ئازارە، خەم و پەژارە و پەشیمانی و بێ‌هیوایی ئازارە. نەگەیشتن بەوەی کە خۆشتدەوێ و ئارەزووت لێیەتی ئازارە، بە کورتی هەر پێنج بەشەکەی هۆگربوون ئازارە"[1]. ڕزگاربوون لە خودی ژیان و گەيشتن بە نێرڤانا باڵاترین پلەی بوونە کە ئەویش نەبوون و پاکبوونەوەیە لە هەموو ئارەزوو و ویستەکان، پاکبوونەوەیە لە ژیان و جیهان. لەم سۆنگەيه‌وە کۆتاداری و نەبوونی هەمیشەیی، باڵاترین فۆرمی بوونە. لە ڕوانگەی بوداوە ناکۆتایی و نەمری، کارەسات و ئازارچەشتنە و تا مرۆڤ بەتەواوی لە ئارەزوو و ویستی ژیان پاکنەبێتەوە ئەوا ئەگەر بشمرێت سەرلەنوێ لە فۆرمێکی خراپتردا دێتەوە بوون و ئەم سووڕە کە "کارما"یە، بەردەوامدەبێت تا دەگات بە نێرڤانا و لە ژیان ڕزگاری دەبێت. لەم تێگەشتنەدا بەڕوونی فەزڵ و لەپێشترێتيی نەبوون دەدرێت بەسەر بووندا و نەبوون دەبێت بە دوائامانج و غایەت. لە پەیوەند بەم باسەوە هێگڵ پێی‌وایە ڕۆژهەڵات بەگشتی لە نەبووندا وەستاوە و نەچۆتەناو صەیروورە(بوونبه‌)وە. ئەگەر تێگەشتنی ئۆنتۆلۆژیی بودایی کە بەقووڵی لە ڕۆژهەڵاتدا ڕەنگیداوەتەوە کورتی بکەینەوە بەم شێوەیە فۆڕموڵە دەبێت؛ نەبوون – بوون – نەبوون. ئەگەرچی لە نیگای یەکەمدا ئەم فۆرموڵە، ماتریاڵیستی دەردەکەوێت بەڵام لە ناواخندا بەقووڵی ئایدیالیستییە. لەبەرئەوەی لە نەبووندا وەستاوە و دوائامانج و غایەتی کردووە بە نەبوون.

     لەبەرانبەردا نەمری و ناکۆتابوون لەلای میسرییە کۆنەکان هێڵییە(خه‌تى) و دواتر ئەم تێگەشتنە لەمەڕ نەمری و ناکۆتابوون، بۆ ئاینە ئیبراهیمییەکانیش(یەهودی، مەسیحی و ئیسلام) دەگوازرێتەوە. هیچ گەلێک هێندەی میسرییە کۆنەکان گرنگییان بە ژیانی پاش مردن نەداوە و ئەوەندە خۆیان بۆ ئامادە نەکردووە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێگەشتنیان لەمەڕ نەمری و ناکۆتابوون. لە ئوستورەی میسرییە کۆنەکاندا هاتووە کە " ئامیت واتە (مردووخۆر) بوونەوەرێکی ئوستورەییە یاخود دێوێکی میسری کۆنە کە پێكھاتووە لە سەری تیمساح و لاشەی شێر و بەرازی ئاوی. بەپێی بیر وباوەڕی میسرییە کۆنەکان، ئامیت لە ماڵی خۆیدا چاوەڕێی خواوەندی مردن (ئوزیریس) دەکات لە جیھانی ژێرەوە بۆ ناردنی مردووەکان، کە دادگایی دەکرێن و دڵیان بە تەرازوو دەکێشرێت، ئەگەر دڵیان پاک و بێگەرد بوو ئەوا بەڕی دەکرێن و ئەگەر قورس بوو بوو بە گوناه و تاوان، ئەوا دەدرێتە ئامیت تاکو بیخوات بەم شێوەیەش خاوەنی دڵەکە بەتەواوی بوونی دەسڕێتەوە لە جیھاندا و نامێنێت (کە مەبەست لێی جیھانی مردووەکانە، چونکە فیرعەونییەکان باوەڕیان بە زیندووبوونەوەی دوای مردن ھەبووە، و ھەرکەسێکیش کە دەمرێت گیانەکەی دەچێتە جیھانی مردووەکان و دواتر زیندوو دەکرێتەوە بەڵام ئەگەر ئامیت دڵی بخوات ئەوا زیندوونابێتەوە و بەتەواوی نامێنێت وەک ئەوەی ھەر نەبووبێت)[2]". لەم تێگەيه‌دا نەمری تا دواسنوری ڕاکێشراوە و لە پێش هەموو شت دانراوە. تەنانەت لە پێش جەهەنم و بەهەشت دانراوە. ئەوەی گرنگە نەمربوونە نەک جۆرێتيی ژیانەکە. ئەم تێگەيشتنە قووڵە لەمەڕ نەمری هەمووی نەهاتووه‌تە ناو ئیسلامەوە و لە قورئاندا ڕەنگینەداوەتەوە. لە قورئاندا هاتووە کە کاتێک کافرەکان لەو دنیا زیندوودەکرێنەوە خۆیان ئارەزوو بەوە دەخوازن کە هەر خاک بوونایە و زیندوو نەکرانایەتەوە[3]. ئەمەش دەرخەری تێگەشتنی کاڵ و کرچی ئیسلامە بۆ نەمری.

   بەپێچەوانەی تێگەشتنی هندییەکانەوە لەلای میسرییە کۆنەکان مردن و کۆتاداری و نەبوون گەورەترین ئازار و سزایە کە دەشێت بەسەر مرۆڤدا بسەپێت و بەرزترین فۆرمی بوون نەمری و ناکۆتابوونە. تێگەشتنەکانی تر لەمەڕ بوون/نەبوون، نەمری/مردەیی و ناکۆتابوون/کۆتاداری لەم دوو تێگەيشتنەوە سەرچاوەی گرتووە و زۆرجار هەردووکیانى تێهەڵکێشکردووە. ئەم دوو تێگەيشتنە لەمەڕ ناکۆتا و کۆتاداری دەکرێت لەڕێگەی ئەندازەی کراوە و داخراوە بەشێوەیەکی ماتماتیکی ڕوونبکرێتەوە.

 نامۆبوونی ئاینيی ئەرێنی، سەرەڕای تێگەيشتنە جیاوازەکانیان، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ژیانی مرۆڤییان بەستووە بە پنتێک لەدەرەوەی خودی مرۆڤ و ڕاگری ئەنتۆلۆژيی مرۆڤ خراوەتە دەروەی بوونی مرۆڤ. لە هەردوو تێگەيشتنەکەدا مرۆڤ بۆئەوەی بەختەوەر بێت، دەبێت یان ناکۆتا بێت یان کۆتادار. جیابوونەوەی مرۆڤ بەشێوەیەکی کاتی لە کۆتاداری یان لە  ناکۆتابوون، نامۆبوونی ئاینيی ئەرێنی درووستدەکات. ڕزگاربوونی ئاینی، لەمەڕ نامۆبوونی ئاینيی ئەرێنی، گەيشتنە بە ئەویتری کۆتادار یان ناکۆتا. بەدەربڕینێکی تر مرۆڤی ئاینی دواجار بۆئەوەی لە نامۆبوونی ئاینی ڕزگاری ببێت دەبێت بە تەواوی بە "ئەویتر" بێت و لەویتردا بتوێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ باوه‌شی ئەویتر. وەک پێشووتر ئاماژەمان‌پێدا زاگەی نامۆبوونی ئاینی دابڕان و جیابوونەوە بوو لە ئەویتری "ناکۆتا" یان "کۆتادار" بەهۆی گوناهی سەرەتایی یان هەڵه‌ی بەرایی مرۆڤی سەرەتاییەوە. نمونەی دیاری ئەمەش گەيشتنە بە نێرڤانا، یان چوونە بەهەشتەوەیە.

  نامۆبوونی ئاینيی نەرێنی تێگەشتنێکی دەرەئاینییە بۆ نامۆبوونی ئاینی. فۆیەرباخ دیارترین تیۆریزەکاری ئەم جۆرە لە نامۆبوونی ئاینییە. لەم ڕوانگەيه‌دا، مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو خەریکی لەخۆنامۆکردنی خۆی بووە و تا زیاتر مێژوو گەشەیکردووە ئەوا مرۆڤ زیاتر نامۆبووە. بەدەربڕینێکی تر، مێژووی مرۆڤ مێژووی لەخۆنامۆبوونی مرۆڤ بووە. لەخۆنامۆبوون لەم ڕوانگەوە بەمانای ئەوە دێت مرۆڤ خه‌سڵەت و تایبەتمەندییە ناوەکییەکانی خۆی کە ڕێژەیی، ناجێگیر، وابەستە و کاتی بووە لە پرۆسەیەکی مێژووییدا، بەشێنەیی و هەنگاوبەهەنگاو لە خۆی داماڵیوە و داویەتییەپاڵ بوونێکی سەربەخۆ لەدەرەوەی خۆی. بەم پێیەش بوونە سەربەخۆ و دەرەکییەکە، خه‌سڵەت و تایبەتمەندییە ناوەکییەکانی مرۆڤی بەشێوەیەکی موتڵەق،  نەگۆڕ، سەربەخۆ و هەمیشەیی وەرگرتووە و بووە بە شوناسی. ئەو بوونە سەربەخۆ و دەرەکییە بووە بە خودا.

     لەم پنتەوە پەیوەنديی نێوان خودا و مرۆڤ دەبێتە پەیوەنديی پێچەوانە. تا خودا گەورەتر، بەهێزتر، ئازادتر، حەیاتیيتر، پێویستتر و... هتد بێت ئەوا مرۆڤ لەبەرانبەردا بچوکتر، لاوازتر، دیلتر، بۆ مەرگ شیاوتر، زیادە و ناپێویستر و... هتد دەبێت. بەم پێیەش مێژووی گەشەی  خودا یەکساندەبێت بە مێژووی کڵوڵی و زەلیلی و داماويی مرۆڤ. بەدەربڕینێکی تر، مێژووی گەشەکردنی خودا دەبێتە مێژووی لەمرۆڤخستن و لەبکەرخستنی مرۆڤ. لەم مانایەدا مێژوو بۆ مرۆڤ دژەمێژووە، لەبەرئەوەی تا زیاتر لەسەر ئەم ڕیتمە بەرده‌وام بێت و بڕواتە پێش؛ ئەوا مرۆڤ زیاتر بەرەو ئیفلاسبوون و خاڵیبوونەوە لە هەموو خه‌سڵەت و تایبەتمەندییەكان دەڕوات.

     لوتکەی ئەم نامۆبوونە لەو بڕگە مێژووییەدا دەگات بەلوتکە کە ئاین لە فرەخوداییەوە وەردەچەرخێت بەرەو تاكخودایی. لە فرەخوداییدا کەلێن، درزی ئازادی و وەرگرتنی هەندێ خه‌سڵەت و تایبەتمەندی هێشتا بۆ مرۆڤ مابووه‌وە لەبەرئەوەی بۆ هەر خه‌سڵەتێک یان بۆ چەند خه‌سڵەتێکی دیاریکراو خودایەک هەبوو. بەو پێیەی خه‌سڵەت و تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ نەژمێردراو بوو و لەبەرانبەردا ژمارەی خوداکان ژمێردراو و دیاریکراوبوو ئەوا ئەو دەرفەتە بۆ مرۆڤ ڕەخسابوو کە هێشتا هەندێ خه‌سڵەت و تایبەتمەندی هەبێت کە خودای نەبێت. بەڵام لەکاتی وەرچەرخان لە فرەخوداییەوە بۆ تاک‌خودایی ئەو درز و کەلێنانەی ئازادی قۆرخکرا و لە مرۆڤ سەندرایەوە و هەمووى درایە یەک ‌خودا. لەم پنتەوە تاکە خودایەک بوو بە خاوەنی هەموو شت و مرۆڤ لە هەموو خاوەندارییەکی ڕاستەقینە و هەمیشەیی داماڵرا و بووە خاوەنی هیچ.

     فۆیەرباخ دەڵێت: "خودا تەنیا ئۆبێکت و بابەتی مرۆڤە و بەس؛ و ئۆبێکتی و بابەتی ئاژەڵ نییە. بەڵام ماهیه‌ت و چییەتيی بوونێک تەنیا لەڕێگەی ئۆبێکت و بابەتەکەیەوە دەناسرێت ". بۆنمونە، ئەندازیاری کۆمپیتەر و ئەندازیاری بۆماوە؛ ئەوا هەردووکیان لە ڕێگەی ئۆبێکتەکەیانەوە لەیەک جیادەکرێنەوە. بەم پێیەش ئەوە ئۆبێکت و بابەتە کە ماهیەت و چییەتيی سوبێکت و  بکەر دەستنیشاندەكات. لەم پنتەوە فۆیەرباخ پێی‌وابوو کە خودا ماهییەت و چییەتيی مرۆڤی وەرگرتووە و لە دەرەوەی مرۆڤ بووە بە بوونێکی سەربەخۆ و باڵا. مرۆڤ لە بەرانبەر خودادا یان باشتر بڵێم مرۆڤ لە بەرانبەر سیفەتە باڵابووەکانی خۆیدا لە بوونێکی تری باڵادا ملکەچ و زەلیل بووە. بۆ فۆیەرباخ ئاگامەندبوونی مرۆڤ بەم پرۆسە و گێڕانەوەی سیفەتە مەعنەوییەکانی خودا بۆ مرۆڤ، بە مانای ڕزگاريی مرۆڤ دادەنێت. بەڵام ئەمە تەنیا دەشێت ڕزگارییەکی ئایدیاڵیستانە بێت.

 

٢- تیۆری نامۆبوونی سروشتی

  ئەم تیۆرە بەشێوەی جۆراوجۆر لەلای فەیلەسوفەکان، بیرمەندان و تەنانەت شاعیرەکانیش گەڵاڵەبووە. تیۆری نامۆبوونی سرووشتی بەشێوەیەکی گشتی دووبارەداڕشتنەوەی تیۆری نامۆبوونی ئاینییە بەشێوەیەکی عەقڵانی و نیمچەماتریاڵیستی. لەم تیۆرەشدا، ژیانی ‌بەرایی مرۆڤە سەرەتاییەکان، کە ڕاوچی و کۆچەری بوون بابەت و ئۆبێکتی باڵای ئارەزووی مرۆڤەکانە. بەدەربڕینێکی تر، مرۆڤەکانی پاش ژیانی ‌بەرایی نۆستالیژیا و ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆی هەیە. ڕۆسۆ بەو بڕگە بەراییەی ژیانی دەوت دۆخی سرووشتی. لە ڕوانگەی ڕۆسۆوە لە دۆخی سرووشتیدا، مرۆڤ نامۆ نەبوو، ئازادانە و بەختەوەرانە دەژیا.

خاڵی هاوبەشی نێوان تیۆری نامۆبوونی ئاینی و سرووشتی ئەوەیە کە هەردووکیان بە دوو جۆری جیا باس لە سەردەمێکی زێڕینی ژیانی مرۆڤ دەکەن و پێیانوایە ئەگەرچی مرۆڤ ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ژیانە بەڵام وەک کواڵێتی، مرۆڤ ناتوانێت ئەو جۆرە ژیانە تێپەڕێنێت و لەوە خۆشتر و باشتر بەدیبهێنێت. لەم سۆنگەوە هەردوو تیۆرەکە کۆنەپارێزانە و ڕوویان لە ڕابردووە. نامۆبوونی مرۆڤ لە هەردوو تیۆرەکەدا بە دوو شێوەی جیاواز لە یەکتری ڕوودەدات. ڕەنگدانەوەی تیۆری نامۆبوونی سرووشتيی مرۆڤ، لەلای ڕۆمانتیکەکان بەقووڵی دەبینرێت.

     هیچ بیریارێک وەک ڕۆسۆ تیۆری نامۆبوونی سرووشتيی نەخستووه‌تە بەرباس. ڕۆسۆ لەسەردەمێکدا باس لە ناکۆکيی نێوان عەقڵانییەت  و سروشت ده‌كات کە زۆربەی بیرمەندان و فەیلەسوفان، عەقڵانییەت و ڕۆشنگەرییان بە بە دوائاسۆی بەختەوەريی مرۆڤ دەزانی. لەم ڕووەوە ڕۆسۆ بۆ سەردەمی خۆی ئاڤانگارد و پێشەنگ بوو. ڕۆسۆ بەختەوەری و نامۆنەبوونی مرۆڤی لە ڕۆشنگەری، عەقڵسالاری و پێشکەوتنی شارستانییەتدا نەدەبینی. هەر زوو باسی لەو ناکۆکی و نادادپەروەری و چەوساندنەوە کرد کە بەهۆی پێشکەوتنی شارستانییەت، دابەشبوونی کار و خاوەندارێتيی تایبەتەوە دێتەبوون.

     لە ڕوانگەی ڕۆسۆوە، مرۆڤی دۆخی سرووشتی کە ڕاوچییە بەتەنیا دەژی و بەتەنیا پێداویستییە ڕۆژانەییەکانی خۆی ڕاستەوخۆ لە سرووشتەوە وەدەستدەهێنێت، بەبێ‌ئەوەی وابەستەی ئەویتری مرۆڤ بێت و هاوکات وابەستەی سرووشتیش نابێت. ئەمەش بەمانای ئەوەی ئەوە دێت کە مرۆڤی دۆخی سرووشتی بەبێ‌ئەوەی بۆ بەدیهێنانی ئارەزوو و پێداویستییەکانی خۆی ئارەزوو و پێداویستییەکانی ئەوانیتر سنورداربکات، خۆی ئازادانە بەدیدەهێنێت. لەم دۆخەدا لەبەرئەوەی بەرژوەنديی مرۆڤی دۆخی سرووشتی و ئەویتری هەمان دۆخ بەیەکدا نەچووە و لە کێبڕکێدا نین بۆ فراوانکردنی پانتایی هێزی خۆیان لەڕێگەی سنوردارکردنی پانتایی هێزی ئەوانیترەوە ئەوا بەریەک ناکەون و حوکم لەسەر یەکتری نادەن. لەم سۆنگەوە دۆخی سرووشتی، دۆخی پێش-ئەخلاقە و هێشتا چاکە و خراپە نەهاتووه‌تەگۆڕێ و پانتایی کۆمەڵایەتی درووستنەبووە و لەگەڵ ئەوانیتردا پەیوەنديی کۆمەڵایەتيی نەبەستووە ئەگەرچی جۆرێک لە پێکەوەیی سەرەتایی هەیە.

  ڕۆسۆ پێی‌وابوو جیاکەرەوەی سەرەکيی نێوان نێوان مرۆڤی دۆخی سرووشتی و ئاژەڵ ئەوە بووە کە مرۆڤ خاوەنی ویستی ئازاد بووە. ویستی ئازاد لە دۆخی سرووشتيیدا بەو مانایە دێت کە مرۆڤ پابەندی ئەوانیتری مرۆڤ نەبووە و نەکەوتووه‌تە ناو ململانێی هێزە کۆمەڵایەتییەکانه‌وه‌ لەبەرئەوەی لەڕێگەی خۆیەوە، پێداویستییەکانی خۆی بەدیهێناوە. لەم سۆنگەيه‌وە بە هیچ جۆرێک ویستی ئازاديی خۆی بۆ ئەوانیتر سنوردارنەکردووەح ئەمەش ئەو خه‌سڵەتەی بە مرۆڤی دۆخی سرووشتی بەخشیوە کە بەرەو کەماڵ و کامڵگەرایی  بڕوات.

 لەڕوانگەی ڕۆسۆوە مرۆڤی دۆخی سرووشتی، دوو غەریزەی هەبووە کە لە پێگەی دوو هێزدا هاوسەنگيی ژیانی پاراستووە کە ئەوانیش بریتی‌بوون لە؛ عەشقی غەریزی و هاوسۆزيی غەریزی. عەشقی غەریزی بنەمای مانەوەی خۆی بووە و هاوسۆزيی غەریزی بنەمای مانەوەی جۆری خۆی بووە. مرۆڤی دۆخی سرووشتی لەڕێگەی عەشقی غەریزییەوە ژیانی خۆی پاراستووە و هەوڵی مانەوەی خۆی داوە و لەڕێگەی هاوسۆزيی غەریزییەوە هەوڵی پاراستن و هێشتنەوەی جۆری خۆی داوە.

     بۆ ڕۆسۆ مرۆڤ لە دۆخی سرووشتیدا، وابستە و پابەندی سرووشت نابێت و ویستی ئازاد سنوردارناکات و مرۆڤ لە ڕێگەی ئەو دوو غەریزەوە بەختەوەرانە ده‌ژی. لەم دۆخەدا هیچ کام لەو دوو غەریزەيه‌ ناگۆڕێت بۆ حەسودی و کۆنترۆڵکردنی ئەوانیتر بەڵکو جۆرێک لە هارمۆنيه‌تی پێکەوەيی سەرپێدەخات. کارەساتی مێژوويی لەڕوانگەی ڕۆسۆوە کاتێک سەرهەڵدەدات کە مرۆڤ لە دۆخی سرووشتییەوە وەردەچەرخێت بەرەو دۆخی کۆمەڵایەتی. ئەم وەرچەرخانەش دەرەنجامی زۆبروونی ژمارەی کۆمەڵ و هاتنەکایەی پەیوەنديی کۆمەڵایەتی و پابەندبوونی کۆمەڵایەتییە. دواجار دۆخی کۆمەڵایەتی، خاوەندارێتيی تایبەت و دابەشبوونی کار بەرهەمدەهینێت کە ئازادی سنورداردەکات و یەکسانی هەڵدەوەشێنێتەوە. پاشان ئەم گۆڕانکاريیانە بۆماوەیی و بەدامەزراوەیی دەبێت و نەوە بە نەوە دەگوازرێتەوە و چینایەتی درووستدەبێت و ناکۆکيی چینەکان سەرهەڵدەدات.

     نامۆبوونی سرووشتی لەم پنتەوە لە ڕوانگەی ڕۆسۆوە درووستدەبێت؛ کاتێک دۆخی سرووشتی دەگۆڕێت بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی، عەشقی غەریزی دەگۆڕێت بۆ خۆپەرستی، هاوسۆزيی غەریزی دەگۆڕێت بۆ کێبڕکێی کۆمەڵایەتی... هتد. دواجار مرۆڤ ئازادی سنورداردەبێت و دەکەوێتە ناو ململانێی هێزە کۆمەڵایەتییەکانەوە و هاوکات وابەستە و پابەندی ئەوانیتر دەبێت. لێرەدا ناکۆکی لەنێوان تاک وەک خۆی کە هەیە و ئەو وێنەی کە لەدەرەنجامی بەشداريی ناچارانةی کۆمەڵایەتييه‌وه‌ بۆی درووستدەبێت، دێتەئاراوە. بەدەربڕینێکی وردتر، نامۆبوون لەڕوانگەی ڕۆسۆوە بریتییە لە جیاوازيی نێوان وێنەی تاک وەک خۆی و ئەو وێنەی کە لە پانتایی کۆمەڵایەتیدا وەریدەگرێت کە مرۆڤ شەق و دوولەتدەکات ئەمەش واتە نامۆبوون.

 ئەگەرچی لەلای ڕۆسۆ ئەوە دەردەکەوێت کە شارستانییەت و گوندنشینی بەجۆرێک یەکسانيی سەرەتایی مرۆڤەکان هەڵدەوەشێننەوە و پاشان خاوەندارێتيی تایبەت و دابەشبوونی کار، چینایەتی بۆماوەيی و بەدامەزراوەیی دەکەن بەڵام تێگەشتنی بۆ نامۆبوونی مرۆڤ دەقیق و ماتریاڵیستی نییە. هەروەها تێگەشتنیشی بۆ تاک و کۆمەڵ ئەبستراکتە. لە کاتی قسه‌كردن لەسەر نامۆبوونی کار لەلای مارکس ئەمە بەڕوونی دەردەکەوێت. نامۆبوون دالێکی گەورە یان سەمپتۆمێکە بۆ نوقسانییەکی بنەڕەتيی ژیانی مرۆڤ کە بەشێوەی جۆراوجۆر بەدرێژایی چاخەکان لەلای مرۆڤ گەڵاڵەبووە. لەم ڕووەوە قسەکردن لەسەر نامۆبوون گرنگيی حەیاتی هەیە کە لە بەشەکانی داهاتوودا زیاتر لەسەری دەوەستین.

 


[1] - A World Religions Reader by Ian S. Markham and Christy Lohr

[2] - https://en.wikipedia.org/wiki/Ammit

[3] - "... يَقُولُ الْکافِرُ يا لَيْتَني‏ کُنْتُ تُراباً"(40) سوره: نبا.