A+    A-
(1,605) جار خوێندراوەتەوە

               تیرۆریزم و یاساى بازاڕ

                   گفتوگۆى ڕۆژنامەى لۆمۆند لەگەڵ ''ئەنتۆنیۆ نێگرى''

 

 

لە ئینگڵیزییەوە: هاوار محەمەد

 

 

 

ئەم گفتوگۆ کورتەى ڕۆژنامەى لۆمۆندى فەرەنسى، لە ڕۆژى 3ى ئۆکتۆبەرى 2001دا, ماوەیەکى کەم دواى هێرشەکانى 11ى سێپتێمبەر بۆ سەر ئەمریکا، لەگەڵ فەیلەسوفى ئیتالى "ئەنتۆنیۆ نێگرى" ئەنجامیداوە، جا لەبەرئەوەى هێشتایش جیهان لەژێر کاریگەریى ئەو تەقینەوانەدا لە دۆخى کشاندا ده‌ژى و لەمەیشدا لە گەردوون دەچێت کە هێشتا لەژێر کاریگەریى کشانى تەقینەوە گەورەکەدایە، بۆیە بە پێویستمان زانى بیکەین بە کوردى و بیخەینە بەرچاوى خوێنەر. ڕەنگە 11ى سێپتێمبەر تەقینەوەى گەورەى سەدەى بیست و یەک بێت و ڕووداوەکانى دیکە هەموویان بەرەنجامى ئەم تەقینەوەیە بن تەنانەت ئەگەر (لە غیابى گۆڕانکارییەکى ڕاستەقینە لە ڕێڕەوى جیهاندا) بگات بە جەنگى ئەتۆمیش، واتە خاپووربوونى جیهان، ئەو ساتەى کە گەردوون کاریگەریى کشانەکە دەگەیەنێت بە دواڕادەى خۆى و ئیدى کاریگەرییەکەى بەسەر خۆیدا پێچەوانە دەبێتەوە، بە مانایەکى تر هاتنەوەیەکە گەورەکە دەبێتە مایەى وێرانبوونى گەردوون.

وەرگێڕ

 

لۆمۆند: تۆ پێتوایە لەدواى هێرشەکانى 11ى سێپته‌مبەرەوە ئیدى پێویست بێت جیاکارییەکى ڕوونتر بکرێت لەنێوان دژە-ئیمپریالیزم و دژە-ئەمریکانیزمدا؟

نێگرى: هیوادارم دژە-ئەمریکانیزم کۆتایى پێهاتبێت. من هەرگیز وەها نەبووم, بە هەمان شێوە هەرگیز ئەنتى-ڕووسیا نەبووم. من هەمیشە دژ بە سیاسەتەکانى سەرمایەداریى ئەمریکا بووم هەر بەو جۆرەى کە دژ بە سۆسیالیزمى ڕووسیا بووم. کاتێک لە کەسێک دەپرسین داخۆ دژە-ئەمریکایە یان دژە-ڕووسیا، ئەمە ماناى ئەوەیە بووترێت ئێمە سەبارەت بەوە پرسیار دەکەین کە ئاخۆ ئەو دژ بە نەتەوەیەکە یان نا. بەلاى منەوە، نەتەوەکان دابەش بوون بەسەر دوو ئاستدا، ئەوانەى سەردەستن و ئەوانەى ژێردەستن. من لەگەڵ چەوسێنراوانى ئەمریکا و ڕووسیادام، دژ بە سیاسەتەکانى ئەمریکام لە ڤێتنام و دژ بە سیاسەتەکانى ڕووسیایشم لە پۆڵەندا یان لە چیکۆسلۆڤاکیا. من بەوە زۆر دڵخۆش دەبووم کە لە 11ى سێپتێمبەردا پەنتاگۆن خاپوور ببووایە و ئەوان دەستیان لە کۆشکى سپی نەپاراستایە, لەبرى ئەوەى ببینین دوو تاوەرەکە خاپووردەکرێن کە پڕبوون لە هەزاران کرێکارى ئەمریکی، لەنێوان ئەوانەدا دەرکەوت کە نزیکەى هەزار کرێکارى "نا-یاسایى"[1] هەبوون. دوژمنى من "ئیمپراتۆر"[2]ـە, (ئەوانەى کە پێیاندەوترا سەرمایەدارەکان) جا نەتەوەکەیان هەرچییەک بێت.

لۆمۆند: لە کتێبى ئیمپراتۆریەت[3]دا کە لەگەڵ نوسەرى ئەمریکى "مایکڵ هارت"دا نوسیوتە، ئێوە جیهانى ئێستا وەک سیستەمێکى گلۆباڵى باڵادەستى[4] شیکار دەکەن. داخۆ تیرۆرى "ئیسلامى" لە دەرەوەى ئەم "ئیمپراتۆرییەت"ـە نییە؟

نێگرى: یەکێک لە وانە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانى ئەم 11ى سێپتەمبەرە، ئەوەیە کە ئەمریکاییەکانیش خۆیان لەنێو ئیمپراتۆرییەتدا بینییەوە. دوورەپەرێزیى ستراتیژیى ویلایەتە یەکگرتووەکان تەواوبووە! من هاوڕاى "دانیال بن سەعید" نیم کە پێیوایە سه‌رمايه‌دارى هێشتایش لەڕێگەى دەوڵەت-نەتەوەوە گوزارشت لەخۆى دەکات. ئەم چیرۆکە ترسناکەى کە لە نیۆرک ڕوویدا، جۆرێکە لە تراژیدیاى شکسپیری. وا نییە؟ ئەوە خێزان، پادشا، یان باشتر بڵێین ئیمپراتۆر بوو کە خۆى داغان کرد، تەنانەت ئەگەر کارەکتەرەکانى وەکو بووشى کوڕ و هاوڕێکانى بەفیعلى لە پلانەکەدا نەبوون و نەپێکرابن. ئێمە ململانێیەک دەبینین لەنێوان دۆلار-تاڵیبان[5] و نەوت-تاڵیبان[6]ـدا، کە هەر یەکێکیان لەگەڵ ئەویتریاندا، یەکێیان لەسەر ئەویتریان بنیاتنراون، ئێستایش ئەوە ڕقوکینەیە زاڵ بووە. ئەمە مەسەلەى جەنگ نییە، بەڵکو مەسەلەى تۆلەسەندنەوەیە[7]! ئەى تۆ نازانیت ئەوە چەند ترسناکە جارێکى دیکە لەنێو ئەو واقیعە کۆنەى توندوتیژیى شکسپیریيدا نغرۆببین, لەنێو ئەم کەشى کەڵەکەکارییە سەرەتاییەدا (سەرەتایى=نا-شارستانێتی) بەو جۆرەى مارکس باسيکردووە، بخنکێین؟

لۆمۆند: لە دواى هێرشەکانەوە گەڕانەوەیەکى دڵخوازانە هەیە بۆ دەوڵەتى نەتەوە، کە ئێستا داواى لێدەکرێت ببێتە دەزگاى ڕێکخەرى نیشتمانى و نێودەوڵەتى؛ تۆ ئەمە چۆن تەفسیر دەکەیت؟

نێگرى: باشترین شت بۆ سەرنجدان لەم سی ساڵەى ڕابردوو سەرنجدانە لە زاڵبوونى یاساى بازاڕ  Lex Mercatoria. ئەم یاسایە هەموو شەرعییەتێکى لە دەوڵەت داماڵیووە. لەبەرئەمەیە کە یاساى بازاڕى بۆ دانراوە، چونکە پێکهاتەکانى تر شکستیان هێناوە، بۆیە پێویستە دەوڵەت دەستوەردان بکات. دەبێت فرانسوا ئیواڵدى هاوڕێم ڕەخنەى خۆى بکات و خۆ-ڕەخنەگەراییەکەى[8] ئەنجامبدات، ئەو وەکو هەموو فۆکۆییە ڕاستڕەوەکان[9] پێیوایە یاساى بازاڕ لە دەرەوەى گەرەنتى دەوڵەت ئیش دەکات. لەمڕۆدا ئەوە فۆکۆ ڕاستەقینەکەیە بردوویەتییەوە، ئەو فۆکۆیەى کە لە شیکاریى کۆنترۆڵدا پەیڕەویى لە مارکس کردووە. بازاڕى ئازاد هەرگیز بوونى نەبووە، ئەم بازاڕە هەمیشە چاوبەست بووە. وەکو فۆکۆ زۆر بە درووستى دەڵێت، ئەوە جەنگ نییە کە درێژە بە سیاسەت دەدات، بەڵکو ئەوە سیاسەتە کە درێژە بە جەنگ دەدات. جەنگ بنچینەى سیاسەتە![10]

لۆمۆند: ئایا دەشێت ئەم دۆخە بەراوردبکرێت بەو شۆڕشە شاراوەى کە تۆ وەک ڕابەرى بزووتنەوەى چەپى توندڕەوى سەربەخۆیى کرێکاران، لە ساڵانى حەفتاى  ئیتاڵیا ]لە سەدەى بیستەمدا[ تێیدا بەشدار بوویت (حوکمى سیانزە ساڵ زیندانى، کە لەلایەن ڕژێمێکى نیمچە ئازادەوە دەرچوو)[11]؟

نێگرى: ساڵانى حەفتاکان هەر لە سەرەتاوە پێکهێنەرى دەرچوون بوو لە مۆدێرنیته. لەمڕۆدا ئێمە لە سەردەمى پۆستمۆدێرنه‌داین. من هەرگیز تیرۆریستێک نەبووم، بەڵام دەمتوانى وەک تیرۆریستێک هێما بۆ خۆم بکەم. پاش هەموو شتێکیش، من باجى زۆرم داوە. بەڵام ئەوە مەسەلەى پەڕگیریى بەکۆمەڵ بوو. ئێمە خۆمان خستە دیالەکتیکى دەوڵەتى یاساوە, خۆمان خستە نێو دیالەکتیکى نێوان سۆسیالیزم و فاشیزمەوە، نێو خەباتى نێوان سۆسيالیزم و کۆمۆنیزمەوە. لەمڕۆدا، چیتر سەروەریى[12] زیاتر بوونى نەماوە. هەر خودى بناغەى سەروەرى لەنێو دۆخى هەماهەنگیى ماشێنى جەنگدا –کە هى سەرمایەداریى جیهانییە- بەتەواوەتى گۆڕانکاریى بەسەر خۆیدا هێناوە. ئێستا کە کەوتووینەتە نێو ئەم پشێوییە گەورەیەوە لە خۆمان دەپرسین: کێ کۆنترۆڵى هەموو ئەمانەى کردووە؟ ئەمە پرسیارەکەیە! ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن ببنە پێشەنگ. دەبێ چى بکرێت؟ "دەرچوون"[13], پاشەکشە لە مشتومڕ[14]، بیابانشینى[15]، کۆچکردن بۆ کۆتایهێنان بە: کار، جەنگ، مەعریفە. ئەمە ماناى دامەزراندنى ژیانێکى دیکەیە کە هەمان ئەو ژیانەى "سەردارەکان"[16] نییە؛ "تاڵیبانى دۆلار و تاڵیبانى نەوت".

 

 

 

 

 

 

 

 

 


پەراوێزەکانى وەرگێرى کوردى:

 

[1] Clandestinos

[2] Imperials

[3] ed.Exils, 'Le Monde des Livres', 23 March 2001

[4] Domination

[5] dollar-taliban ڕەنگە نێگرى، مەبەستى لە جۆرێک تیرۆریزمى ئەمریکى بێت, کە ئەمریکا خاوەنى دۆلارە))

[6] oil-taliban (بە هەمان شێوە ڕەنگە مەبەستى تیرۆریزمى جیهانى ئیسلامى بێت کە بە خاوەنى نەوتە)

[7] Vengeance

[8] self-criticism

[9] ئەنتۆنیۆ نێگرى ئەم ناوەى لەو تەفسیرە ڕاستڕەوە ناوە کە فۆکۆ ڕادەکێشێتە نێو تێزە پۆست-شۆڕشگێڕییەکانەوە، دیارترین نوێنەرى ئەم تەفسیرە "فرانسوا ئیواڵد"ە کە هاوڕێى فۆکۆبووە و هاوڕێى نێگریشە, لە کاتێکدا نێگرى و هارت و گەلێکى دیکە تەفسیرێکى چەپڕەوانە بۆ فۆکۆ دەکەن.

[10] نێگرى ئاماژە بە هەڵگەڕانەوەى گوتە بەناوبانگەکەى کلاوسەڤیتزە دەکات کە دەڵێت: ''جەنگ درێژەدانە بە سیاسەت بە ئامرازى دیکە'', فۆکۆ لە وانەوتارەکانى ساڵانى 79ى کۆلێژى دو فرانسدا ئەم گوتەیە ئاوا هەڵدەگەڕێنێتەوە: ''سیاسەت درێژەدانە بە جەنگ بە ئامرازى دیکە''، مەبەستیشى لە بایۆپۆلەتیکى سەردەمى کاپیتالیزمى سەدەى بیستەمە کە مومارەسەى هەموو ڕێسا جەنگییەکان دەکات، بەڵام بە ئامرازى ئینسانیتر.  

[11] مەبەست لە دادگایى کردنى ئەنتۆنیۆ نێگرییە، سەرەتا بە تاوانى ڕێکخستنى ڕێکخراوى تیرۆریستى و تێوەگلان لە ڕفاندن و کوشتنى ئەلدۆ مۆرۆ لەلایەن کۆمەڵەى "ئاڵا سوورەکان"ـەوە لە ئیتاڵیا و ئینجا بەهۆى کۆمەڵێک چالاکیى دیکەوە، بەڵام بڕیارى سیانزە ساڵ زیندانى وەک لە دەقەکەدا هاتووە هەڵەیە، چونکە لە ڕاستیدا بڕیارى 30 ساڵ زیندانیى بۆ دەرچوو، دواتر بە خستنەڕووى دۆکیۆمێنت و دروستکردنى گوشار و پشتیوانی لێکردنى لەلایەن کۆمەڵێک فەیلەسوف (لەوانە فۆکۆ و دۆلۆز و گواتارى) و کۆمەڵێک ڕێکخراوى چەپەوە، ئازادکرا.

[12] sovereignty

[13] Exodus

[14] Debate

[15] Desert

[16] Messieurs 

 

سەرچاوە:

Interview with Toni Negri in the aftermath of the 9-11 attacks in Le Monde newspaper, 03 October 2001.

 https://libcom.org/library/interview-le-monde-negri