پێشه‌كيى وه‌رگێڕ بۆ كتێبى (ڤايرۆسى ليبراڵ)
ناجى ئه‌فراسياو
گه‌ڕانه‌وه بۆ ماركسيزم ناچارى بوو. كه ده‌ڵێم ناچاربووين، له‌به‌ر دوو هۆكارى كۆنكرێتى و به‌رجه‌سته. يه‌كه‌ميان؛ هه‌رێمى كوردستان-عێراق، ڕووبه‌ڕووى قه‌يرانێكى ئابوريى قووڵ بووه‌ته‌وه و، ماوه‌ى سێ ساڵه به شه‌ڕى داعش و تيرۆره‌وه سهرقاڵكراوين. دووه‌ميان؛ئه‌و سيسته‌مه باڵاده‌سته‌ى ئه‌مڕۆ حوكمڕانى ده‌كات (سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارى، كه هه‌ڵگرى ئايدۆلۆژياى ليبراليزمه) ماوه‌ى سێ سه‌ده زياتره له جيهاندا باڵاده‌سته و، جگه له ده‌ربه‌ده‌رى و برسێتى و، نادادى و نايهكسانى و، جه‌نگ و ئاواره‌بوون، هيچ به‌رهه‌مێكى تر‌ى بۆ زۆرينه‌ى هه‌ره زۆرى خه‌ڵك نه‌بووه. ڕه‌گ و ڕيشه‌ى قه‌يران و جه‌نگه‌كان چين و چۆن لێيان تێبگه‌ين؟ هه‌موو خوێندنه‌وه و شيكارييه سياسى و ژۆرناليستييهكان، ده‌رهاويشته‌ى هه‌مان ئه‌و سيستهمهن كه بووه‌ته هۆكارى قه‌يران و جه‌نگ! ستۆديۆكانى هه‌واڵ له ئه‌مريكاوه بۆ به‌ريتانيا و فه‌ڕه‌نسا، تاكو ده‌گات به قه‌ته‌ر و توركيا و كوردستان-عێراق، هتد، له يه‌ك بازنه‌دا شيكارى بۆ دۆخه‌كه ده‌كه‌ن: بازنه‌ى سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارى. سه‌ده و نيوێك پێش ئێستا (ماركس) پێشبينيى داڕمان و پووكانهوهى ئه‌م سيسته‌مه‌ى كردبوو، ئه‌وكات (سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارى) له هه‌ڕه‌تى گهنجێتيدا بوو. هه‌رێمى كوردستانى عێراق له پاش ساڵى 1991وه هاوشێوه‌ى زۆرينه‌ى هه‌ره زۆرى وڵاتانى تر‌ى جيهان به‌شێكه له مه‌نزوومه‌ى سه‌رمايه‌داريى جيهانى، پاشان له ساڵى 2003وه، شانبه‌شانى عێراقى فيدراڵ به‌ته‌واوى خزاوه‌ته نێو ئه‌م سيسته‌مه دێوهزمهوه. بهدبهختيى وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست (به‌هۆى هه‌لومه‌رج و بارودۆخى مێژووييه‌وه) لهوهدايه، كه ئه‌م وڵاتانه ناشرينترين مۆدێلى سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارى ده‌پۆشن، كه ئه‌ويش مۆدێلى ئه‌مريكييه. به ڕاى من هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ژموونى سه‌ربازى و سياسى و بازرگانى و ئابوريى ئه‌مريكا به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا، به‌و پێيه‌ى ته‌واوى هێز و تواناى خۆى ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ هه‌يمه‌نه‌كردن به‌سه‌ر وڵاتانى جيهانى سێهه‌مدا، بۆئه‌وه‌ى بيانكاته پاشكۆ و دارهدهستى خۆى. به‌هانه و پاساوه‌كانى ئه‌مريكا بۆ داگيركارى زۆرن، له‌وانه پاراستنى مافى مرۆڤ و، ئازادكردنى گه‌لان له ديكتاتۆرييهت و، هێنانى ديموكراسييه‌ت بۆ ناوچه‌كه!
له‌م كتێبه‌دا (سه‌مير ئه‌مين)[1]شتێكى سه‌رنجڕاكێش ده‌وروژێنێت؛ ئه‌و پێى وايه، ئه‌و جه‌نگانه‌ى كه ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا له ناوچه‌كه‌دا ههڵيدهگيرسێنێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى بودجه‌ى ئه‌و وڵاته‌يه. سيما و خه‌سڵه‌ته‌كانى سيسته‌مى سه‌رمايه‌داريى ئه‌مريكى به‌ڕوونى خۆى نمايش ده‌كات و، بێشه‌رمانه پێناسه‌ى خۆى ده‌كات. ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ى بهواقيعى و به‌فيعلى له كوردستانى عێراقدا به‌رجه‌سته ده‌كرێت و دركى پێده‌كه‌ين بريتييه له پرۆژه‌كانى (نيو-ليبراڵيزم)، كه ئايدۆلۆژياى سيسته‌مى سه‌رمايه‌داريى دوايينه. به‌ڵگه‌ش بۆئه‌وه لێدوانه‌كانى به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستانه، كاتێك له كۆتايى ساڵى 2016دا له كۆنفراسى نه‌وت و گاز له له‌نده‌ن ڕايانگه‌ياند؛ ژماره‌ى فه‌رمانبه‌رانى كه‌رتى گشتى كهمدهكهينهوه و، له بهتايبهتكردنى[2] كه‌رته ئابوورى و گشتييه‌كان به‌رده‌وام ده‌بين. پرۆژه ئابوورييه‌كانى نيوليبراڵيزم له ساڵانى 1970وه له جيهاندا په‌يڕه‌و ده‌كرێت و، له ساڵى 2003وه به جانتا ديبلۆماسييهكهى (پۆل برێمه‌ر)[3] گوازرايهوه بۆ عێراق. ياساكانى برێمه‌ر وه‌كخۆى ناويناون (مانيفێستى ئابوريى نوێ)، له‌ژێر كاريگه‌رى كۆنزهرڤاتيڤى نوێ (فيلێپ بوبێت Philip Bobbitt)دا داڕێژراون، (فيلێپ) بانگه‌شه‌ى بۆ ئه‌وه ده‌كرد كه له سه‌ده‌ى بيست و يه‌كدا چيتر (ده‌وڵه‌تى بازاڕ Market State) جێگه‌ى (ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌يى Nation State) ده‌گرێته‌وه، كه به‌هه‌مان شێوه‌ى ده‌وڵه‌تى پێشوو سنوور و سيسته‌مى سياسيى هه‌يه، به‌ڵام به‌رپرسيارێتيى جه‌وهه‌رى ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى كه‌رتى تايبه‌ت. (برێمه‌ر) ده‌رباره‌ى پرۆژه‌كه‌ى وتى؛ "بۆئه‌وه‌ى عێراق ببوژێته‌وه و، ئاينده‌يه‌كى باشترى هه‌بێت پێويسته سيسته‌مه ئابورييهكهى بگۆڕين، ئه‌وه‌ش به له‌دايكبوونى كه‌رتى تايبه‌تى چالاك". له‌نێو ئه‌و فه‌رمان و بڕيارانه‌ى حاكمى ئه‌مريكا له عێراق، هه‌ردوو ياساى ژماره (39 و 81)[4] زۆرترين زيانيان به ئابورى (كه‌رتى كشتوكاڵ و پيشه‌سازى) و، بازرگانيى عێراق گه‌ياندووه. پرۆژه‌ى (نيوليبراڵيزم) له‌سه‌ر ده‌ستى كۆنزهرڤاتيڤه تازه‌كان له ئه‌مريكا و به‌ريتانيا به‌سه‌ركردايه‌تى سه‌رۆكى هه‌ردوو وڵات (ڕيگان و تاچه‌ر) له ساڵانى 1980دا وه‌ك مومارهسهيهكى ئابورى به‌ته‌واوى پيادهكرا،ئه‌وه‌ش له‌ژێر كاريگه‌ريى قوتابخانه‌ى شيكاگۆ و تيۆريستهكهيان (ميڵتۆن فريدمان). ئه‌مريكا به جێبه‌جێكردنى ئه‌م پرۆژانه له جيهاندا دوو ئامانجى سه‌ره‌كيى هه‌يه؛ كۆنترۆڵكردنى هه‌ساره‌كه له‌ڕووى سه‌ربازييه‌وه، هه‌روه‌ها كۆتوبهندكردنى وڵاتانى تر‌ى جيهان و ناچاركردنيان به ملكه‌چبوون و جێبه‌جێكردنى مه‌رجه‌كانى قه‌رزى بانكى نێوده‌وڵه‌تى. ئه‌و وڵاتانه‌ى كه ناچارن بۆ بونيادنانه‌وه‌ى ژێرخانهكانيان قه‌رز له ئه‌مريكا بكه‌ن! لێره‌دا گه‌مه سياسييه‌كه‌ى ئه‌مريكا ڕوونتر خۆى نمايشدهكات؛ وێرانكارى و كاولكارى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا ده‌هێنێت دواتريش وه‌ك فريادڕهسێك ده‌ستيان ده‌گرێت و، به‌ناوى گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانى وڵاتانى جيهانى سێهه‌مه‌وه قه‌رزيان پێده‌دات. سهرهكيتريين هۆشيارى كه پێويسته بگات به تاكه‌كانى ئه‌م كۆمه‌ڵگايانه بريتييه له‌وه‌ى چيتر ئه‌مريكا وه‌ك فريادڕه‌س و باوكى ديموكراسى نه‌بينن. ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانه‌كانى له ئه‌نجومه‌نى ئاسايش و نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان، پێيان وايه خودى جه‌نگ تاوان نييه به‌ڵكو به‌كارهێنانى چه‌كى كيميايى تاوانه! وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له سوريا و عێراق ڕووده‌دات، ڕۆژانه ژن و مناڵ و گه‌نج و پير له موسڵ و حه‌له‌ب ده‌كوژرێن و ئاواره ده‌بن، كۆميدياكه لهوهدايه ئه‌گه‌ر نه‌خۆشخانه‌يه‌ك به بۆردومانى هه‌ڵه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان بڕووخێت ئاساييه و ده‌ره‌نجامى جه‌نگه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چه‌كداره توندئاژۆكان ياساكانى جه‌نگ پێشێل بكه‌ن، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا داواى كۆبوونه‌وه‌ى به‌په‌له‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسايش ده‌كات، كاره‌ساته‌كه لهوهدايه جه‌نگ كراوه‌ته ڕه‌فتارێكى نه‌ريتى، واتا خودى جه‌نگ تاوان نييه به‌ڵام ئه‌وه‌ى ناياساييه تاوانى تيادا ئه‌نجامبدرێت. هه‌ڵبه‌ته خه‌ڵكى ئه‌م ناوچانه به‌ده‌ر نين له هه‌ڵه و كه‌موكورتى، واتا چه‌ندين هۆكارى سوبێكتيڤ به‌هانه و پاساو ده‌دات به ده‌ستى ئه‌مريكاوه. له‌وانه كێشه‌ى كه‌لتورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ئاينى. به‌ڵام ئه‌مريكا نه‌ك كار له‌سه‌ر كاڵكردنه‌وه‌ى جياوازييه‌كان ناكات به‌ڵكو كێشه تايه‌فى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان قووڵترده‌كاته‌وه. گه‌شه‌كردنى (ليبراڵيزم) له ئه‌وروپا له سه‌ده‌ى هه‌ژده‌دا بوويه مايه‌ى پێشكه‌وتن و وه‌رچه‌رخان له‌ڕووى كۆمه‌ڵايه‌تى و كهلتورييهوه. به‌ڵام بڵاوكردنه‌وه‌ى (نيوليبراڵيزم) له وڵاتانى جيهانى سێهه‌م (باشوور)[5]دا له جه‌وهه‌ردا دژى پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵايه‌تييه به‌و پێيه‌ى ئايدۆلۆژياى نيوليبراڵيزم ده‌رهاويشته‌ى هه‌لومه‌رجى گه‌شه‌سه‌ندنى هێزه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى ئه‌م وڵاتانه نييه. سه‌رهه‌ڵدانى (ئابووريى نيوليبراڵيزم) ده‌چێته ژێر ناونيشانى چاكسازيى دارايى و ئيدارييهوه، بۆيه ده‌بێت ئه‌و وڵاتانه مه‌رجه‌كانى بانكى نێوده‌وڵه‌تى و سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى جێبه‌جێبكه‌ن.
(سه‌مير ئه‌مين) له ده‌روازه‌ى كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "له كۆتايى سه‌ده‌ى بيسته‌مدا، نه‌خۆشييه‌كى ناديار له جيهاندا بڵاوبوويه‌وه، سه‌رجه‌م دانيشتوان تووشى ئه‌م نه‌خۆشييه بوون، ئه‌گه‌رچى هه‌موويان به‌م نه‌خۆشييه نه‌مردن. ئه‌و ڤايرۆسهشى كه هۆكارى نه‌خۆشييه‌كه بوو ناونرا (ڤايرۆسى ليبراڵ)، ئه‌م ڤايرۆسه بۆ يه‌كه‌مجار له سه‌ده‌ى شانزه‌دا، له‌نێو سێگۆشه‌ى پاريس و له‌نده‌ن و ئه‌مستردامدا سه‌ريهه‌ڵدا. ڤايرۆسهكه له ]زه‌رياى[ ئه‌تڵه‌سى په‌ڕييه‌وه، به‌ڵام جارێكى تر ڤايرۆسهكه له كۆتايى سه‌ده‌ى بيسته‌مدا له ئه‌مريكا گه‌ڕايه‌وه پاش ئه‌وه‌ى گهشهيكردبوو و به‌هێز ببوو، له ئه‌وروپا سه‌ريهه‌ڵدايه‌وه و، توانيى زۆربه‌ى ئه‌و ئهنتى ڤايرۆسانه له‌ناوببات كه ئه‌وروپييه‌كان له ماوه‌ى سێ سه‌ده‌ى ڕابردوودا درووستيانكردبوو".
سه‌مير ئه‌مين پێى وايه: "ئيمپرياليزم له ئێستادا بووه به‌كۆمه‌ڵ (ئيمپرياليزمى سێكوچكه)[6]. له قۆناغه‌كانى پێشووى جيهانگيرى و عهولهمهى سه‌رمايه‌دارييدا، هه‌ميشه ژماره‌يه‌ك سه‌نته‌ر هه‌بووه، به‌رده‌وام په‌يوه‌نديى ڕكابهرێتى له نێوياندا توند بووه، به ڕاده‌يه‌ك ململانێى نێوان ئيمپرياليستهكان له شانۆى مێژوودا هه‌ميشه شوێنێكى سهنتهراڵيزمى گرتبوو. گه‌ڕانه‌وه بۆ ليبراڵيزمى به‌جيهانيكراو له ساڵى 1980وه، ناچارماندهكات دووباره پێداچوونه‌وه به پێكهاته‌ى سه‌نته‌رى هاوچه‌رخى سيستهمهكهدا بكه‌ين، له‌به‌رئه‌وه‌ى لانيكه‌م له ئاستى ئيداره‌ى جيهانگيريى ئابورييدا، وڵاتانى سێكوچكه‌ى سه‌نته‌ر به ڕواڵه‌ت له شێوه‌ى قهوارهيهكى يهكانگيردا ده‌رده‌كه‌ون. هه‌ربۆيه ئه‌و پرسياره‌ى پێويسته وه‌ڵامبدرێته‌وه، بريتييه له زانينى ئه‌وه‌ى كه گه‌شه‌سه‌ندنه دياريكراوه‌كان سرووشتێكى چۆنێتيى هه‌ميشه‌ييان هه‌يه. واتا چيتر سه‌نته‌ر فره‌يى نييه، به‌ڵكو بووه به (گرووپ). يان كاتييه".
به‌ڵام ئه‌مين چه‌ند گريمانهيهك پێشكه‌شده‌كات له‌وانه: "پێويسته له‌سه‌ر باشور خۆيان له وههمهكانى ليبراڵيزم ڕزگاربكه‌ن، ده‌توانن ئه‌وه‌ش بكه‌ن و، ده‌ستبكه‌ن به فۆرمه نوێكانى گه‌شه‌پێدانى پشت به‌خۆبه‌ستن. بونيادنانى به‌ره‌ى يه‌كگرتوو له باشور پێويست به به‌شداربوونى گه‌له‌كانى ده‌كات".
هه‌روه‌ها "مومكينه هاريكارييهكى نێوده‌وڵه‌تى له نێوان گه‌لانى ئه‌وروپا و ئاسيا و ئه‌فريقيا و ئه‌مريكا درووستبكرێت. سيسته‌مه سياسييه‌كان له زۆربه‌ى وڵاتانى باشوردا ديموكراسى نييه، ئه‌گه‌ر ڕاشكاو بين ده‌بێت بڵێين قێزه‌ونه. ئه‌م ستراكتۆره سهركوتكارانهى ده‌سه‌ڵاتيش له ته‌نيشت كه‌رته‌كانى كۆمبرادۆرييهوه ده‌وه‌ستن، كه به‌رژه‌وه‌ندييان په‌يوه‌سته به فراوانبوونى سه‌رمايه‌ى ئيمپرياليزمى جيهانييه‌وه. به‌ڵام به‌ديل، بريتييه له بونيادنانى به‌ره‌يه‌ك بۆ گه‌لانى باشوور، پێويسته به ڕێگاى ديموكراسيشدا تێپه‌ڕ ببێت. ئه‌م ڕێگايهش درێژ و سه‌خت ده‌بێت، به‌ڵام به‌دڵنياييه‌وه، له ڕێگاى دامه‌زراندنى حكومه‌ته بووكهڵهكانهوه تێپه‌ڕ نابێت، كه سامان و سه‌رچاوه‌كانى وڵات ڕاده‌ستى كۆمپانيا فره‌ڕه‌گه‌زه ئه‌مريكييه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌و سيستهمانهش لاوازتر و كه‌مترين ميسداقييهت و شهرعييهتيان هه‌يه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شى كه له‌ژێر چه‌تر و پارێزبهنديى ئه‌مريكاى داگيركهردا جێگايان ده‌گرنه‌وه. به‌هه‌رحاڵ، ئامانجى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كان پاڵپشتيكردنى ديموكراسييه‌ت نييه له جيهاندا وه‌كخۆى له گوتاره ڕياكارييهكهيدا بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات".
دوايين لێدوانى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مريكا (ئاشتۆن كارته‌ر) له‌دوا ساته‌كانى شه‌ڕى موسڵ و ويلايه‌تى ئۆبامادا ئه‌وه‌بوو: "دواى شه‌ڕى موسڵ كۆتايى به تيرۆر نايه‌ت، بۆيه پێويسته هێزه‌كانى ئه‌مريكا له ناوچه‌كه‌دا بمێننه‌وه". واتا پێشوه‌خته سيناريۆى جه‌نگى داهاتوويان داڕشتووه.
[1]) بيرمه‌ند و ئابوريناسه. ساڵى 1931 له باوكێكى به‌ڕه‌گه‌ز ميسڕى و دايكێكى به ڕه‌گه‌ز فه‌ره‌نسى له وڵاتى ميسڕ له دايكبووه. دواى ئه‌وه‌ى بۆ ته‌واوكردنى خوێندنى باڵا ڕووده‌كاته فه‌ره‌نسا له ساڵانى 1950دا په‌يوه‌ندى ده‌كات به حيزبى كۆمۆنيستى فهرهنسييهوه، له‌نێو بزووتنه‌وه‌ى كۆمۆنيزمدا، زياتر له بازنه ماوييهكانهوه نزيكبووه. (سه‌مير ئه‌مين) يه‌كێكه له ديارترين نووسه‌رانى قوتابخانه‌ى پاشكۆيه‌تى. زۆربه‌ى وتار و كتێبه‌كانى به زمانى دايكى (به فه‌ره‌نسى) ده‌نووسێت. وه‌ك ڕاوێژكارێكى ئابورى له چه‌ندين وڵاتى ئه‌فريقى كاريكردووه، دژى گه‌شه‌پێدان و مۆدێرنه‌كردن و پلانى دامه‌زراوه داراييه نێودهوڵهتييهكان تيۆر و بيردۆزى خۆى پێشكه‌شكردووه، له‌و چوارچێوه‌شدا به‌شداربووه له دامه‌زراندنى كۆنسڵى گه‌شه‌پێدانى توێژينه‌وه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان له ئه‌فريقيا (CODESRIA) و، كۆنفرانسى جيهانى سێهه‌مThird World Forum) ) ئێستا سه‌رۆكى ئه‌مه‌ى دواييانه. ناوبراو كۆمه‌ڵێك خوێندنه‌وه‌ى نوێى بۆ په‌يوه‌نديى نێوان وڵاتانى سه‌نته‌ر و ده‌وروبه‌ر و، تيۆرى پاشكۆيه‌تى و، هه‌روه‌ها ماترياليزمى مێژوويى و مۆدێله‌كانى به‌رهه‌مهێنان پێشكه‌شكردووه.
[2]) الخصخصة privatization.
[3]) Paul Bremer. له ساڵى 2003دا له‌لايه‌ن (بۆشى كوڕ) سه‌رۆكى ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكاوه، پاش ڕووخانى ڕ‌ژێمى به‌عس وه‌ك حاكمى مه‌ده‌نى له عێراق ده‌ستنيشانكرا. ناوبراو نزيكه‌ى سه‌د بڕيار و ياساى نوێى بۆ عێراق ده‌رچوواند. كه زۆربه‌يان په‌يوه‌ستبوون به ياساى كه‌رته خزمه‌تگوزارى و گشتييهكانىوهك (پيشه‌سازى و كشتو‌كاڵى)، له‌و چوارچێوه‌شدا چه‌ندين ياساى ڕ‌ژێمى پێشووى هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
[4]) بۆ زانيارى زياتر: http://www.iraqcoalition.org/regulations/20040426_CPAORD_81_Patents_Law.pdf -
http://www.upov.org -
[5]) له نه‌خشه‌ى ئابووريى جيهاندا هێڵێكى وه‌همى كێشراوه، كه وڵاتانى گۆى زه‌وى ده‌كات به دوو به‌شه‌وه. به‌شى سه‌ره‌وه (باكوور) به ڕه‌نگى (شين) دياريكراوه، به‌شى خواره‌وه (باشوور) به ڕه‌نگى سوور دياريكراوه. بۆ يه‌كه‌مجار له‌لايه‌ن ڕاوێژكارى پێشووى ئه‌ڵمانياوه (Willy Brandt) له ساڵى (1980)دا به‌كارهێنراوه. له‌م كتێبه‌دا وڵاتانى (باشوور) به چه‌ند ناوێكى تر دێنه به‌رچاوتان له‌وانه (وڵاتانى تازه‌گه‌شه‌سه‌ندوو، وڵاتانى ده‌وروبه‌ر). هه‌روه‌كو چۆن وڵاتانى باكور به (وڵاتانى سه‌نته‌ر، وڵاتانى سه‌رمايه‌داريى پێشكه‌وتوو) ناويان هاتووه. له ديارترين وڵاتانى باكوور؛ (ئه‌وروپا، ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا و كه‌نه‌دا، يابان و كۆريا، ئوستراليا). وڵاتانى باشووريش (ئه‌فريقيا، ئاسيا، ئه‌مريكاى لاتين).
[6]) ئه‌مريكا، ئه‌وروپا، يابان.