A+    A-
(1,982) جار خوێندراوەتەوە

 

به‌راوردى چاودێريی تەندرووستی لەسايه‌ى سیستەمی سەرمایەداری، سۆسیالیزمدا

 

 

 

ڕيمۆند لۆتا

وه‌رگێڕانى: ده‌شتى مه‌حمود

 

 

 

 

 

 

ئەم وتارە لە ڤیدیۆی (ڕیمۆند لۆتا)وە وەرگیراوە کە لە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٠٩ لەژێر ناونیشانی ('' لە پشت تەنگژە و قەیرانی ئابوريی جیهانييه‌وه‌: شکستی سیستەم و پێویستيی شۆڕش'') لێرەدا لۆتا گفتوگۆی ئەو هۆکارانە دەکات کە لە پشت شکستی سیستەمەوەن لە دابینکردنی چاودێريی تەندرووستی بۆ خەڵک، و چۆن سۆسیالیزم دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە گرنگەدا بکات لە چوارچێوەی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاددا. ئەو وتارە کەمێک دەستکاریکراوە(و).

 

 

دەمەوێت [قسە لەسەر] ڕووداوێکی گەورە، کە لە ئێستادا باوە، بکەم. ئەویش مشتومڕی چاودێريی تەندرووستییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. دەمەوێت شتێک لەسەر ئەو بابەتە بڵێم، چونکە بابەتەکە چڕبوونەوەیە بۆ ناو کرۆکی ئەو سیستەمە. لێرەدا بارودۆخێک هەیە، بیرلەوە بکەوە کە لە چ شوێنێکدا کار دەکەيت (نزیکەی لە سەدا ١٠ ی هێزی کار بێکارە)، لەو شوێنەی کاری تێدا دەکەيت دەبێت یاسای بیمەی تەندرووستی هەبێت و دەبێت بیمەی تەندرووستیت هەبێت بۆئەوەی بتوانیت چاودێريی تەندرووستیت پێبدرێت. ئەوە زۆر کۆنە، وەک ئەوە وایە لەسەردەمی دایناسۆرەکاندا بژین. بیری لێ بکەرەوە. پێویستە چاودێريی تەندرووستی، بەرپرسیاریەتيی بنەڕەتيی کۆمەڵگا بێت. لێرەدا ئەو مەرج و سنورداريیانە هەن کە هەموویان پەیوەندیدارن بە خاوەندارێتيی تایبەتەوە، چاودێریکردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان، ڕێکخستنەکانی ئەو ئابوريیە. چى بەرپرسیاريی هەموو ئەوانەیە؟

قازانج.

لە ئێستادا لە بارودۆخێکداین کە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی تەندرووستيی زانکۆی هارڤارد، کە لە (نیۆرک تایمز) بڵاوکرایەوە، هەموو ساڵێک لە ئەمريکا نزیکەی ٤٥،٠٠٠ کەس دەمرن لەبەر نەبوونی بیمەی تەندرووستی، ئه‌ويش بەهۆکاری ئەو نەخۆشیانەی کە دەتوانرێت ئاسان چارەسەر بکرێن. هەروەها نزیکەی ٤٥ ملیۆن هاوڵاتيی ئەمریکی بەبێ بیمەی تەندرووستی ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. ئەگەری زۆری هەیە کە دەرئەنجامی ئەو مشتومڕه‌ی چاودێريی تەندرووستی، و پلانی تەندرووستيی ئۆباما، ئەو خەڵکانە وەک مێگەل بخرێنە ناو حەوزی قازانجی بەرهەمهێنەرانی بیمەی تایبەتەوە.

دیمەنێکی بێمانا و ناپەسەند هەیە کە پێی دەوتریت مشتومڕی چاودێريی تەندرووستی کە بەپارچەیی لەدەوری، ئایا ئەو کرێکارانەی کە بیمەیان نییە چاودێری تەندرووستی بکرێن یان نا دەسوڕێتەوە. سەرلەنوێ، ئەوە بەکاربردنی بەشێک لە مرۆڤایەتییە. لێرەدا، ئایا ژن لە مه‌سه‌له‌ى لەباربردنى كۆرپه‌له‌دا، یارمەتيی دارایی دەدرێت- ئایا هیچ هەستێکی سەرپەرشتی، سۆز، و دادپەروەری لە کۆمەڵگایەکی هۆشیار و ژیردا ئەوە نیشاندەدات کە ئەو شتانە دەستەبەر دەکرێن؟ نەخێر، لە کۆمەڵگایەکدا کە نێر تێیدا باڵادەستە و نەتەوەکەی خۆ بەگەورەزان و دەمارگیرە و بەگوێرەی لۆژیکی قازانج-لەسەروو-هەمووشتێکەوەیە (قازانج-هەمووشتێکە)بەڕیوەدەبرێت، ئەو شتانە دەستەبەر ناکرێن.

سەرنجی ئەوە بدەن، بەپێی بنەما جوانەکانی سیاسەتی دیموکراسی لە بنیاتی ئەو کۆمەڵگایەدا. لە ئێستا-ژمارەی پێوانەیی تۆمارکراوە- بۆ هەر ئەندامێکی کۆنگرێس لە ئێستادا هەشت لۆبی(چاودێر)ی پیشەگەر لە دەرمانسازی و ''پیشەسازيی چاودێريی تەندرووستی'' دیاریکراون. ئەها، پیشەسازيی چاودێريی تەندرووستی، ئەوە ناوێکی فریودەرە، ئەوە کەرتی سەرمایەگوزارییە. ئەوە چاودێريی تەندرووستی نیە، ئەوە پێویستيی کۆمەڵایەتی نیە. ئەوە بەرپرسیاریەتيی کۆمەڵایەتی نیە، ئەوە بازرگانییە. ئەوە پیشەسازيی چاودێری تەندرووستییە. سەرنج بدە، لە ئێستادا بۆ هەر یاسادانەرێکی کۆنگرێس هەشت چاودێری پیشەگەر لە پیشەسازی چاودێريی تەندرووستی هەیە. ئەوە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە. هەروەها شێتيی باڵی ڕاستەکانیشمان هەیە[بەگاڵتەوە]: ''ئۆهـ، من باشم. من زۆر تەندرووستم. من  ژیانی کەسانی تر و هیچ شتێکی ترم بۆ گرنگ نییە، ئەو خەڵکانە تەنیا مشەخۆرن.'' ئەوە دەنگێکی گرنگ و زاڵە لە کۆبوونەوەکانی شارەوانیيەکانی ئەو سیستەمی دیموکراسییەی ئێمەدا.

دەزانن، کە لە دیدارێکی تایبەتی سی.ئێن.ئێن  لەسەر چاودێريی تەندرووستی گوێبیستی شتێک بووم کە زۆر شتی ئاشکرادەکرد. گوێم لەو کابرایە ده‌گرت کە ناوی "سانجەی گوپتا''ـە، لەوانەیە هەندێک لە ئێوە بیناسن. سانجەی شارەزا و پسپۆڕى تەندرووستيی سی.ئێن.ئێن ـە. لەجێگایەکدا پرسیاری لێکرا، ''ئایا ژیرانەتر نییە کە لەپێشدا سەرنج بخرێتە سەر چاودێريی چارەسەرکردنی تەندرووستيی ڕاستەقینەی خەڵک؟'' ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە کرايه‌وه‌ کە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتبوون. دەزانن، هەمووان شتێکیان گووت. کەسێک ئەو پرسیارەی کرد. بۆ ئەوەی وەڵامەکەی سانجەیتان وەک خۆی پێ بڵێم دەبێت دەفتەری تێبینیەکانم دەربهێنم و سەیری بکەم؛ گوتی، '' لە ڕوانگەی تەندرووستی و ئەخلاقیيەوە، بەڵێ ژیرانەترە کە تیشک بخرێتە سەر چاودێريی چارەسەرکردن. بەڵام لەڕوانگەی قازانجەوە، نەخێر ژیرانەتر نییە''؛ و دواتر کەسێکی تر گوتی کە باشترە ڕاهێنان بە ژمارەیەکی زیاتر لە پزیشکی چاودێريی سەرەتايی بکرێت، بەڵام گۆپتا هەمان وەڵامی دایەوە: لە ڕوانگەی تەندروستی و ئەخلاقییەوە، بەڵێ باشترە، بەڵام لە ڕوانگەی قازانجەوە، نەخێر باشتر نییە.''

دەزانن کە گۆپتای لە وەڵامەکەیدا مەبەستی هەبوو. بەپێی زانياريى من ئەو مارکسی نیە [بە دەنگێکی گاڵتەپێکردنەوە]. هیچ نەبێت تاکو ئێستا هیچ بابەت و نوسینێکیم لە هیچ کام لەسەر ئەو ماڵپەڕی مارکسیانە نەدۆزیوەتەوە کە من سەردانیاندەکەم. بەڵام لەڕاستیدا، بەریەککەوتنێکی بنەڕەتی لەنێوان پێویستيی کۆمەڵایەتی و تەندرووستيی کۆمەڵایەتی و گرنگيی قازانجدا هەیە. بە بڕوای من ئەوە وردبوونەوەی زیاترە لەسەرئەوەی کە چی لەبەردەم ئێمەدا هەیە، ئەو بەریەککەوتنەی نێوان پێویستيی سەرەتایی و قازانج.

سۆسیالیزم ئەوە دەگۆڕێت. چیتر قازانج هەڵسوڕێنەر نیە. شتێک نییە بەناوی قازانجەوە. لەژێر سیستەمی سۆسیالیزمدا ئابوريیەک بوونى دەبێت کە بۆ خزمەتی خەڵکە و سەرچاوە و شارەزاکان بۆ ئەو جێگایانە ئاراستەدەکرێن کە پێویستە. لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک و پێویستيیەکانی مرۆڤایەيتی جیهانی. ئەوە بۆ سانجەی گۆپتایە، ئەوە ئەخلاقی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیست دەبێت.

ئێستا دەمەوێت کەمێک قسە لەسەر چۆنیەتيی ڕێکخستنی چاودێريی تەندرووستی بکەم لەناو کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستيدا. پێشنیار دەکەم کە گوێ لە دی.ڤی.دیی بۆب ئاڤاکیان بگرن کە باس لەو جۆرە لە ڕێکخستن دەکات بەناونیشانی ''وێناکردن.''. لەوێدا ئەوەمان بۆ وێنا دەکات کە چۆن دەتوانین لەناو کۆمەڵگایەکدا بەشێوەیەکی جیاوازتر شته‌کان ئه‌نجامبده‌ين بەپێی ئەو ڕێسایانەی کە من باسم لێوەکردوون. ئەو دی.ڤی.دییە لە ئێستادا لە ئۆنلاین بەردەستە بەناوی- شۆڕش: بۆچى پێویستە، بۆچی دەگونجێت، شۆڕش چییە. لەسۆسیالیزمدا شۆڕش چۆن دەگونجێت ومومكين ده‌بێت.

لەسایەی سۆسیالیزمدا، سیستەمێکی سیاسيی نوێ هەیە و هێز بەخەڵک دەبەخشێت کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان پشت بەچەندین ڕەهەندی جیاواز ببەستن، لێهاتوويی و مەعریفەی خەڵک و بڕیاردانیان بەرەو بنیاتنانەوەی کۆمەڵگا ئاراستەدەکرێت. کۆمەڵگایەك کە تێیدا تاکەکانی هۆشیارانە جیاوازی لە نێوان کەسانی شارەزا و نەشارەزادا دەکەن، لەو کۆمەلگایەدا پزیشکەکان گوێ لە نەخۆشەکان بگرن و لەوانەوە شت فێربن. پزیشکەکان لەڕووی تەندرووستیەوە ڕادەهێنرێن کە هەست بە پێویستييەکانی کۆمەڵگا و جیهان بکەن. زانیاريی پزیشکی لەنێوان خەڵکی ئاساییدا بڵاودەکرێتەوە کە ئەوەش دەبێتە هۆی درووستبوونی هەماهەنگی لەنێوان کەسانی باش‌ڕاهێنراو و کەسانی ڕانەهێنراودا.

لەسایەی سۆسیالیزمدا بەشێوەیەکی درووست مامەڵە لەگەڵ کێشە تەندرووستیەکاندا دەکرێت: ڕەچاوی شوێنی نیشتەجێبوون و شوێنی کاری نەخۆش دەکرێت؛ لێکۆڵینەوەی گونجاو دەکرێت لەسەر کێشە تەندرووستیەکانی ژینگە؛ ڕەچاوی پێویستیيە تایبەتیەکانی ئافرەت و کەمە نەتەوایەتیيەکان دەکرێت. بەراورد دەکرێت لەنیوان توێژینەوە پێشکەوتووەکان و توێژینەوە سەرەتاییەکان  کە خەڵک بەرەو هەوڵەکانی  دۆزینەوە و تاقیکردنەوە ئاراستەدەکات.

چیتر ناوەندەکانی بەڕێوەبردن و بڕیاردان لە دامەزراوە تەندرووستیەکان- نەخۆشخانەکان، کلینيک یان ناوەندەکانی خوێندنی تەندرووستی-  لەژێردەستى چەند کەسێکی کەمدا نابن. لەو ناوەندانەدا بریکار، پزیشک، پەرستار، خوێندکاران و کەسانی تری بەشەکانی تەندرووستی، و نوێنەری خەڵک بەشداریيان پێدەکرێت. لەناو هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا، خەلکی ئاسایی بەشداریيان پیدەکرێت و بەرپرسیاریەتیشیان پێدەدرێت.

کۆمەڵگای سۆسیالیستی، قازانج و پاکانەی داهێنان و مافی خاوەندارێتیکردن لەسەر دەرمان و تیماركردن، وەکو کوتانی ئایدز و شیوازی نوێى چارەسەرکردنی مەلاریا بەتەواوەتی قەدەغەدەکات. زانست و داهێنانە دەرمانیەکان بۆ خزمەتی تەواوی خەڵکی جیهان بەردەست دەبن بەبێ جیاوازی. بەشێوەیەکی تر، لەناو سیستەمی سۆسیالیزمدا هیچ کام لە''بیگ فارم-کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی دەرمان'' کۆمپانیا پیشەسازیيەکانی دەرمان نامێنن کە لەڕێگەی چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانه‌وه‌ قازانج دەستدەخەن.

ئێمە ناڵێین ئەوە کۆمەڵگایەکی (نمونه‌يى) و ئايدياڵييه‌ بەڵام ئەگەری هاتنەبوونی لەبارە. ئەو کۆمەڵگایە تەنیا لەکاتێکدا دێتەبوون کە جۆرێک لە ئابوريی جیاواز و دەسەڵاتی جیاواز بوونى هەبێت. ئەوە جۆرە لە کۆمەڵگا لە – وڵاتى چینی ماوتسی تۆنگدا، بەتایبەتی لە ماوەی شۆڕشی کەلتوريیدا ئەزمونکراوە.

ڕاستە کە چینی ماوتسی تۆنگ وڵاتێكى دەوڵەمەند نەبوو. بەڵام ئەو دەوڵەتە توانيی سیستەمی چاودێريی تەندرووستی گەردوونی درووستبکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکان تا ئێستاش نەیتوانیوە لە درووستکردنی ئەو جۆرە سیستەمە نزیکیش بێتەوە. خزمەتگوزاریەکانی تەندرووستی بۆ خەڵك بەبێ بەرامبەر بەردەستخران، یان بە نرخێکی کەم، و سیستەمی چاودێريی تەندرووستی لەسەر بنەماکانی یارمەتی و یەکسانی ئاراستەکرا.

گرنگيی چین ئەو کاتەی کە تەواو سۆسیالیستی بوو، لەسەر نەهێشتن، پاکوخاوێنی، و چەندایەتیەکانی تر، و چارەسەری گشتی کاری دەکرد. لەماوەی ١٥ ساڵدا چین توانيی بەسەر پەتاکانی ئاوڵە و کۆلێرادا زاڵ ببێت. هەڵمەتی بەکۆمەڵ دەستی پێکرد بۆ بنبڕکردن و لەناوبردنی ئالودەبوون بە تلیاك. یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندیيەکانی چاودێريی تەندرووستی لە سیستەمی سۆسیالیزمی چیندا زیادکردنی بەشداریپێکردنی بەکۆمەڵی خەڵك و بەرپرسیارکردنیان بوو لە کێشە و پەرۆشييه تەندرووستیەکاندا. هەردوو شیوازی ناوەندی و ناناوەندی و بڕێکی زۆر لە سەرچاوە تەرخانکرابوون لەگەڵ پشتبەستن بە خەڵك لە گەڕەک و ناوچەکانیاندا. هەروەها ڕاگواستنی بەکۆمەڵیش جۆرێک بوون لە پەروەردەی بەکۆمەڵ بۆ خەڵك.

سیستەمی چاودێريی تەندرووستی چینی، سوودی لەهەردوو چارەسەری هاوچەرخ و نەریتی ڕەسەنی وەکو گژوگیای پزیشیکی و دەرزی ئاژنین -(شێوازێکی چارەسەرکردنی چینییە که به چەقاندنی دەرزی له جێگاگەلێکی تایبەتی لەشدا هەندێک نەخۆشیی پێ چارەسەردەکرێت) وەرگرتووە. دروشمی باوی شۆڕشی چینی بریتیبوو لە ''خزمەتی خەڵك بکە" کە بەرەنگاربوونەوە بوو بەرامبەر بە زیادکردنی بەرژەوەندی و قازانجی تاکه‌كه‌سى. پزیشکەکان بەو رۆحیەتەوە ڕاهێنران. سەرکەوتنی ئەو سیستەمە لەسەر بنەمای تەندرووستيی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانيی کۆمەڵایەتی کە وەک هۆیەک بۆ درووستکردنی کۆمەڵگایەکی نوێ و ئازاد پێوانەکراوە نەک لەسەر بنەمای قازانج و تێچوون. خۆشگوزەرانيی کۆمەڵایەتی- تەندرووستبوونی خەڵك و تێکڕای ئاستی ژیان ئامانجی گرنگی ئەو کۆمەڵگایە بوو.

لەماوەی شۆڕشی کەلتوريیدا، سەرنجی خەرجيی چاودێريی تەندرووستی و تەرخانکردنی سەرچاوەکان بەرەو دێهاتەکانیش گواسترایەوە، کاتێک لەشارەکاندا باری تەندرووستی بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە دی. لەهەر ئاگادارکردنەوەیەکدا یەک-لە-سێی کەسانی تەندرووستی لەشارەکانەوە بەرەو دێهاتەکان و ناوچانە دوورەدەستەکان دەڕۆیشتن کە پێویستیان پێى بوو. یەکێک لە گرنگترین و دڵخۆشکەرترین بەرەوپێشچوونەکانی شۆڕشی کەلتوری لە چین بزووتنەوەی ''پزیشکی پێ‌پەتی'' بوو. ئەوانە ئەو گەنجە جووتیار و شاريیانە بوون کە دەنێردرانە دێهاتەکان، ئەوان ڕاهێنانی سەرەتاییان لەسەر چاودێريی تەندرووستی و دەرمان پێکرابوو. ئەو گەنجانە بەمەبه‌ستی پێویستيی دێهاتیيەکان نێردرانە دەرەوەی شارەکان و توانای چارەسەرکردنی نەخۆشیە باوەکانیان هەبوو.

ئەنجامەکان و کاریگەريیەکانی ئەو بزووتنەوەیە و سیستەمی چاودێريی تەندرووستی لە چین، سەرسوڕهێنەر بوون. گوێمان لەو تۆمەتە پووچ و بێ بنەمایانە دەبێت لەسەر ئەوەی کە ماوتسی تۆنگ بووەتە هۆی مەرگی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵك. بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی ماوتسی تۆنگدا ڕێژه‌ى ته‌مه‌ن و مانه‌وه‌ دووبەرامبەر زیادیکرد، ئه‌ويش لە ٣٢ساڵەوە لە ساڵی ١٩٤٩ ەوە بۆ ٦٥ ساڵ لە ساڵی ١٩٧٦دا. لەسەرەتاکانی ١٩٧٠ دا، ڕێژەی مردنی منداڵی ساوا لە شەنگه‌های کەمتربوو بەبەراورد لەگەڵ شاری نیۆرک.

ئەوە میراتی بەجێماوی یەکەم شەپۆلی شۆڕشی سۆسیالیستیە کە دەتوانین لێیەوە فیربین و بتوانین لێیەوە بنیات بنێن، وەک وتم، دەتوانین لە شەپۆلی داهاتوودا، زیاتر و باشتر بکەین.