دوودڵييه‌كانى هه‌رزه‌كارێك ده‌رهه‌ق به ماركسيزم
جۆرج ته‌رابيشى
و. ناجى ئه‌فراسياو
له ساڵانى حه‌ماسه‌تى سۆزدارييدا بووين، كاتێك چووينه نێو كايه‌ى سياسيى شانزه و هه‌ڤده و هه‌ژده ساڵ ده‌بووين، به‌شداريمان له يه‌كه‌م خۆپيشاندانى سياسيى (خوێندكاران)دا كرد. ده‌مانزانى كامه ڕێگاى خيانه‌ته، به‌ڵام نه‌مانده‌زانى كامه‌يه ڕێگاى ئاشتيى نيشتيمانى. ده‌مانزانى حكومڕانيى باڵاده‌ست هيچ په‌يوه‌ندييه‌كى به گه‌له‌وه نييه، به‌ڵام نه‌مانده‌زانى بيگۆڕين به چ حكومه‌تێك.
ئه‌و كاته سوريا له حوكمى ديكتاتۆريى ده‌رچووبوو، ديارده‌ى ديموكراسى و ململانێى نێوان حيزبه‌كان زۆر توند بوو. نازانم چۆن بووين به سۆسياليست، ئه‌وه‌ى ده‌يزانم كتوپڕ خۆمان به باوه‌ڕدارى سۆسياليزم بينيه‌وه، يان به مانايه‌كى تر ڕقمان له دابه‌شبوونى كۆمه‌ڵگا بوو بۆ دوو چين: ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار. ئايا كتێبى سۆسياليستيمان ده‌خوێنده‌وه، ئايا نوسينى سۆسياليسته‌كانمان ده‌خوێنده‌وه؟ بڕواناكه‌م شتێكى له‌و چه‌شنه ڕوويدابێت، جگه له هه‌ندێك وتارى ڕۆژنامه‌وانى. به‌ڵام خۆشه‌ويستيى دادپه‌روه‌ريى هه‌ميشه له قووڵايى هه‌رزه‌كاردا ڕه‌گى داكوتيوه.
ته‌نها ئه‌م هه‌ستى دادپه‌روه‌رييه پاڵنه‌رى ئێمه بوو كه ببين به سۆسياليست. به‌كورتى ياخى بووين نه‌ك شۆڕشگێڕ. هيچ دوودڵ نه‌بووين له‌وه‌ى ڕێگاى سۆسياليزم هه‌ڵبژێرين. ده‌بوايه يان په‌يونديى به حيزبى كۆمۆنيسته‌وه بكه‌ين يان حيزبى(به‌عسى عه‌ره‌بيى سۆسياليستى)، ته‌نها حيزبێكى سۆسياليستى كه شانبه‌شانى حيزبى كۆمۆنيستى هه‌بوو. ده‌ڵێم زۆر دوودڵ نه‌بووين، چونكه خێرا حيزبى دووه‌ممان هه‌ڵبژارد. پێويستمان به حيزبێك بوو درووشمى شۆڕش به‌رزبكاته‌وه، حيزبێك كه بزانێت چۆن ياخيبوونمان له باوه‌ش ده‌گرێت و ده‌يگوازێته‌وه بۆ شۆڕش. به‌هه‌رحاڵ شۆڕش يه‌كێك نه‌بوو له دروشمه‌كانى حيزبى كۆمۆنيستى سورى. ئه‌وپه‌ڕى داواكارييه‌كانى ديموكراسى و ئاشته‌وايى جيهانى و دۆستايه‌تيى نێوان گه‌لان به‌تايبه‌تى يه‌كێتيى سۆڤيه‌ت بوو. هيچ كام له‌م درووشمانه تينوێتيى ئێمه‌ى نه‌ده‌شكاند. چه‌ند درووشمێكى دووربوون له كه‌شى شۆڕش كه ئێمه پێويستمان پێى بوو، هه‌روه‌ها ده‌توانێت ياخيبوونى ئێمه به‌سه‌ر چينى بۆرژوازييدا له باوه‌ش بگرێت. هه‌موو زانيارييه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌و حيزبه ئه‌وه بوو كه به‌موتڵه‌قى توندوتيژه، بۆيه ياخيبوونى نمونه‌يى ئێمه پره‌نسيپى توندوتيژيى قبوڵ نه‌ده‌كرد.
ڕێگاى سۆسياليزمى نه‌ته‌وه‌ييمان گرته‌به‌ر. كاتێكيش پرسياريان ده‌رباره‌ى سۆسياليسته‌كه‌مان ده‌كرد، له وه‌ڵامدا ده‌مانوت سۆسياليزمى ناسيۆناليستى، سۆسياليزمى عه‌ره‌بى نه‌ك جيهانى. كاتێكيش داوايان لێده‌كردين جياوازى بكه‌ين له‌نێوان سۆسياليزمه‌كه‌ى ئێمه و سۆسياليزمى كۆمۆ‌نيسته‌كان، له وه‌ڵامدا ده‌مانوت: سۆسياليزمه‌كه‌ى ئێمه باوه‌ڕى به (ڕۆح) هه‌يه وه‌كچۆن باوه‌ڕى به (ماده)ش هه‌يه، وه‌ها له ڕۆحيانه‌ت تێگه‌يشتبووين كه بريتييه له‌و به‌ها ئايدياڵانه‌ى كه هه‌رزه‌كارى ئاواتى پێده‌خوازێت و، سۆسياليزمه‌كه‌مان بۆ هه‌موو گه‌له نه‌ك ته‌نها كرێكاران، وامانده‌زانى چينايه‌تى لێكدژه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه و يه‌كێتى عه‌ره‌بييدا و، سۆسياليزمه‌كه‌مان بڕواى به خاوه‌ندارێتيى بچوك و مافى ميراتى هه‌يه، چونكه بڕوامان وابوو كه خاوه‌ندارێتى سرووشتى مرۆڤه. كه‌واته چۆن به‌ته‌واوى نكۆڵى له خاوه‌ندارێتى بكه‌ين؟ ئايا ئه‌مه خراپ تێگه‌يشتن نييه له سرووشتى مرۆڤ؟
به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هه‌ستمانده‌كرد كه زه‌وى له ژێرپێماندا جێ‌گير نييه. هه‌ستمانده‌كرد كه ئێمه به‌بێ تيۆرين. ته‌نها تيۆرێكى سۆسياليزمى مومكينيش له‌و كاته‌دا ترسى له‌لا درووستكردبووين: ماركسيزم. كاتێكيش ده‌ستمانكرد به خوێندنه‌وه‌ى، بۆ ئه‌وه نه‌مانده‌خوێنده‌وه كه به‌فيعلى ببين به سۆسياليست، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين له ڕووى ماركسيزمى سامناكدا بوه‌ستينه‌وه. هه‌موو ڕايه‌كمان ته‌به‌نى ده‌كرد كه پێمان وابووايه ده‌توانێت به‌ڕوويدا بوه‌ستێته‌وه. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌مانويست وه‌ك چه‌پ بمێنينه‌وه، به‌ڵام چه‌پێك كه به‌تاڵ بێت له هه‌موو مۆركێكى ماركسيزم. كتێبێك نه‌ما كه ڕه‌خنه‌ى ماركسيزم بكات و ئێمه نه‌يخوێنينه‌وه (به ئه‌ندازه‌ى ئه‌و كتێبه عه‌ره‌بييه عه‌قيده‌ييان به‌رده‌ستبوون). به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هيچ كتێبێكى ماركسيمان نه‌ده‌خوێنده‌وه. له ڕێگاى ئه‌و نوسينانه‌وه له ماركسيزم تێده‌گه‌يشتين كه ده‌رباره‌ى ده‌نوسرا، نه‌ك له ڕێگاى خۆيه‌وه. بڕوامان وابوو كه ئابورى فاكته‌رى بنه‌ڕه‌تييه له مێژوودا، به‌ڵام ڕه‌خنه‌مان له ماركسيسته‌كان ده‌گرت و ده‌مانوت: كوا ڕۆڵى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ڕۆح؟ چۆن بايه‌خ به لايه‌نى ئابورى ده‌ده‌ن و، لايه‌نى كۆمه‌ڵايه‌تى و كه‌لتورى و سياسى فه‌رامۆشده‌كه‌ن؟
قيزكردنه‌وه و بێزارييه‌كى زۆر له ڕاست[2] و، ترسێكى شاراوه له چه‌پى ماركسى: له‌سه‌ر هێڵێكى باريك وه‌ستابووين، له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ى كه خه‌تى سپيى له خه‌تى ڕه‌ش جياده‌كرده‌وه. به‌ڵام خاڵێكى جوڵاو بوو. هه‌ميشه به‌ره‌و لاى چه‌پ ده‌جوڵا.
ئێمه له هه‌ژده ساڵيدا بووين كه‌چى سڵمان له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه ماركسيزم به ميتافيزيك تۆمه‌تباربكه‌ين: ئايا دواجار (دياله‌كتيك) ميتافيزيك نييه؟ سه‌يربوو كه -به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌خۆمان بزانين ئێمه‌ى ميتافيزيكى- ماركسيزم به ميتافيزيك تۆمه‌تباربكه‌ين. چونكه له‌ڕاستيدا قيزمان له هه‌موو شتێكى ميتافيزيكى ده‌بووه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى پێمانوابوو كه ميتافيزيك و غه‌يب و وه‌هم له‌لاى ڕاسته. وه‌كو وتم سوور بووين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى وه‌ك چه‌ب بمێنينه‌وه. ئه‌م ئايديايه‌ش بۆ ماوه‌يه‌كى زۆر دڵنيايى پێبه‌خشيين. ئێمه چه‌پين له‌به‌رئه‌وه‌ى ميتافيزيكى نين، به‌ڵكو ئێمه زۆر له ماركسييه‌كان چه‌پترين، له‌به‌رئه‌وه‌ى نه‌يانتوانيوه خۆيان له ميتافيزيك بپارێزن له‌كاتێكدا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه دژايه‌تى ده‌كه‌ن.
به‌ڵام هه‌موو بيانووه‌كانمان كاڵده‌بوونه‌وه. هه‌رچه‌نده ئاستى ڕۆشنبيرييمان قووڵ بوايه‌ته‌وه، بيانووه‌كانمان هه‌ڵده‌وه‌رين. چونكه گه‌يشتين به‌وه‌ى كه ماركسيزمى حه‌قيقى ئه‌وه نييه ئێمه ته‌سه‌ورى ده‌كه‌ين. به‌م شێوه‌يه‌ش ناچاربووين هه‌ميشه داهێنانى نوێ له ڕه‌خنه‌كردنى جديدا بكه‌ين، كه بتوانێت له ڕووى ماركسيزمى تازه كه‌شفبوودا بوه‌ستێته‌وه.
به‌ڵام له ماوه‌ى ئه‌م هه‌موو ململانێيه‌دا هێشتا سووربووين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چه‌پ بين. ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه‌ش هه‌ميشه پاڵيده‌ناين كه هۆشيارى و ڕۆشنبيرى سۆسياليستيانه‌مان به‌رزبكه‌ينه‌وه. به‌ڵام نه‌مانده‌توانى له‌و گرێكوێره‌يه ده‌ربازمان ببێت كه له‌به‌رامبه‌ر ماركسيزمدا هه‌مانبوو: هێشتا لێى ده‌ترساين. ئه‌گه‌ر ماركسمان بخوێندايه‌ته‌وه له نهێنيى ئه‌و ترسه تێده‌گه‌يشتين: چونكه له‌ڕاستيدا ئێمه هێشتا له چوارچێوه‌ى (دۆكترينى فه‌رميى)[3] چينى بۆرژوازييدا ده‌ژياين و بيرمانده‌كرده‌وه، سه‌ره‌ڕاى هه‌موو بانگه‌شه‌كانمان بۆ چه‌پگه‌رايى. ئه‌گه‌ر له‌وه تێبگه‌يشتينايه كه (دۆكترينى فه‌رمى) بريتييه له (سه‌رخانى ياسايى و سياسى) كه ته‌عبير له په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌رهه‌مهێنان له قۆناغێكى دياريكراودا ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر تێبگه‌يشتينايه كه هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان له‌و كاته‌دا چووبوونه نێو ململانێ له‌گه‌ڵ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌رهه‌مهێنان و چينى خاوه‌ن كه‌ره‌سته‌كانى به‌رهه‌مهێناندا، ئه‌وا نهێنى ئه‌و په‌رته‌وازه‌ييه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وت. چونكه ململانێى نێوان هێزه‌كانى به‌رهه‌مهێنان و په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمايه‌دارى و فيودالى ده‌بێته هۆى په‌رتبوونى دۆكترينى فه‌رميى بۆرژوازى و، له‌لاى ورده بۆرژوا‌كانيش -وه‌كو ئێمه- هه‌ستى په‌رته‌وازه‌يى درووستده‌كات: ئێمه په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمايه‌دارييمان ڕه‌تده‌كرده‌وه، به‌ڵام نه‌مانده‌توانى ڕه‌هه‌ندى دۆكترينى چينى به‌رهه‌مهێنه‌ر ته‌به‌نى بكه‌ين. نه‌مانده‌ويست له ته‌نيشتى سه‌رمايه‌دارى و ده‌ره‌به‌گايه‌تييه‌وه بوه‌ستين، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا له چينى پرۆليتاريا نه‌بووين. هه‌ربۆيه ده‌بوو بۆ ماوه‌يه‌كى درێژ له چوارچێوه‌ى (دۆكترينى فه‌رمى) و (ئايديا باوه‌كانى) بۆرژوازى بخولێينه‌وه، پێش ئه‌وه‌ى بتوانين ڕێگاى خۆمان به‌ڕوونى و متمانه‌وه بگرينه‌به‌ر به‌ره‌و دۆكترينى چينى پرۆليتاريا.
له‌م گێژاوه‌دا -كه هه‌ميشه به‌ره‌و دۆكترينى چينى ڕه‌نجبه‌ر و زه‌حمه‌تكێش ده‌ڕۆيشتين- ده‌ستمانكرد به خواردنه‌وه‌ى هه‌ندێك پره‌نسيپى ماركسيزم. ئه‌وه‌ش له سه‌ره‌تادا به‌شێوه‌يه‌كى نه‌رێنى و سه‌لبى بوو. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌يه ماركسيزممان له ڕه‌خنه ڕوخێنه‌ره‌كانيه‌وه بۆ فيكرى بۆرژوازى وه‌رگرت. وامان لێهات ده‌مانوت ڕه‌نگه ماركسيزم بۆ مه‌به‌ستى ڕووخاندن سودمان پێ بگه‌يه‌نێت نه‌ك بنياتنان، ڕووخاندنى تيۆره ڕاستڕه‌وه‌كان. به‌ڵام ته‌سه‌ورمان ده‌كرد بونيادنانى چه‌پگه‌رايى به‌رپرسيارێتيه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته سه‌ر شانى ئێمه، به‌ڵام له واقيعدا هيچمان بنياتنه‌نا.
له سايه‌ى ئه‌م كه‌شوهه‌وادا، ئه‌م ترس و سڵكردنه‌وه له ماركسيزم، سارته‌رمان دۆزييه‌وه. له ئه‌ودا فيكرى ڕه‌خنه‌گرمان بينيه‌وه كه زه‌ربه و زله‌ى درووستى ده‌نا به ماركسيزمه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ى بكه‌وێته گۆڕه‌پانى "ڕاست و ڕاستڕه‌وه"ـه‌وه. ئه‌و چه‌په‌مان تيا بينيه‌وه كه ده‌مانخواست وه‌كو ئه‌و بين، چه‌پێك پارێزگاريى له چه‌پبوونى خۆى ده‌كرد به‌بێ ئه‌وه‌ى كۆمۆنيست بێت، به‌ڵكو به‌بێ ئه‌وه‌ى ماركسى بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى له سه‌ره‌تادا تياماندا به‌ديكرد. خۆشييه‌كه‌مان به‌م دۆزينه‌وه‌يه گه‌وره بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى توانيى بۆ ماوه‌يه‌ك دڵنيايى له‌نێوماندا جێگيربكات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دڵه‌ڕاوكێيه‌ى ماركسيزم تووشى كردبووين. ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م تێگه‌يشتنه هه‌ڵه هانيده‌داين ئه‌و بانگه‌شه توندوتيژانه بوو كه كۆمۆنيسته ماركسييه‌كان له‌دژى به‌رپايان كردبوو.
ده‌ڵێم: سه‌ره‌تا به هه‌ڵه له سارته‌ر تێگه‌يشتبووين. چونكه خۆيمان نه‌خوێندبووه‌وه، به‌ڵكو ئه‌و بابه‌تانه‌يمان ده‌خوێنده‌وه كه مه‌به‌ستمان بوو، پاڵنه‌ره‌كه‌شمان بريتى‌بوو له ترس له ماركسيزم و، دۆكترينى فه‌رميى بۆرژوازى.
به‌ڵام دروستبوونى يه‌كێتى له نێوان ميسر و سوريا له ساڵى 1958دا و دواتر جيابوونه‌وه‌يان و، قه‌يرانه‌كانى چه‌پى عه‌ره‌بى، به‌تايبه‌تى حيزبى به‌عسى عه‌ره‌بيى سۆسياليستى، له‌كاتى يه‌كگرتن و جيابوونه‌وه‌دا، كارێكى وه‌هاى كرد كه ماسكى به‌رچاومان هه‌ڵماڵين، ئه‌مه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت سۆسياليست و چه‌پ بين. دركمان به حه‌قيقه‌تێكى ڕه‌ها كرد: پێويسته له‌سه‌رمان چاو به هه‌موو شتێك‌دا بخشێنينه‌وه، به ئايديا و ڕاوبۆچوون و هه‌ست و سۆز و خوێندنه‌وه‌كانماندا. هه‌ستمانكرد ئيتر ماوه‌ى موراهيقى و هه‌رزه‌كاريى سياسى كۆتايى‌هات، هه‌ستمان كرد كه پێويسته له ياخيبوونه‌وه بگوازينه‌وه بۆ شۆڕش.
به‌م شێوه‌يه‌ش سه‌رله‌نوێ ده‌ستمانكرده‌وه به خوێندنه‌وه: سه‌رله‌نوێ وتارى سه‌ركرده‌كانى حيزب و كتێبه‌كانيانمان خوێنده‌وه، ئه‌مجاره به كتێبه ماركسييه‌كان ده‌ستمان پێكرد. له‌وه نيگه‌ران بووين ئه‌گه‌ر ئێمه شۆڕشگێڕ و سۆسياليستى حه‌قيقى بووينايه ئه‌وا هه‌رگيز يه‌كگرتنه‌كه شكستى نه‌ده‌هێنا، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كى بابه‌تى و ئۆبێكتيڤ وه‌رمانگرتايه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كى سۆزداريى ڕووت و ئه‌بستراكت.
ڕه‌نگه كه‌سێك بپرسێت: ئايا نوسينى ديراسه‌يه‌ك له‌سه‌ر سارته‌ر و ماركسيزم گرنگه؟ لێره‌دا وه‌ڵامده‌ده‌مه‌وه: به‌ڵێ له‌به‌رئه‌وه‌ى به بڕواى من هه‌موو شۆڕشگێڕێك پێويستى به تيۆره. به‌هه‌رحاڵ شۆڕش ئه‌كتێكى ڕۆژانه‌ييه له‌سه‌ر ڕۆشنايى تيۆرێك. هه‌ربۆيه ته‌نها تيۆرى شۆڕشگێڕيى مومكين له‌مڕۆدا تيۆرى ماركسيزمه. به‌ڵام ئه‌مه به ماناى ئه‌وه نييه به‌و شێوه‌يه له ماركسيزم تێبگه‌ين كه ماركسيسته (ئه‌رثۆدۆكسه‌كان) ده‌يانه‌وێت. پێويسته له‌سه‌ر شۆڕشگێڕى ئه‌مڕۆ كه دووباره ماركسيزم بدۆزێته‌وه و كه‌شفى بكات، ماركسيزمى زيندوو، نه‌ك ئه‌و ماركسيزمه وشكه دۆگماييه‌ى كه ماركسييه‌كان ده‌رگاى شرۆڤه و ته‌ئويلات و ئيجتهاديان له‌سه‌ر داخستووه. يه‌كێك له شته باشه‌كانى فيكرى بوونگه‌رايى سارته‌ر ئه‌وه‌بوو توانيى دووباره ئه‌م دۆزينه‌وه‌يه به‌جێبهێنێت.
كۆتايى[4]
ئه‌مڕۆ ماركسيزم پێويستى به لينينێكى نوێ هه‌يه. وه‌كچۆن (لينين) خوێنێكى تازه‌ى كرده نێو جه‌سته‌ى ماركسيزم كه بتوانێت ڕووبه‌ڕووى خواست و پێداويستييه‌كانى دۆخى ڕوسياى دواكه‌وتوو ببێته‌وه و، له هه‌مان كاتيشدا ڕووبه‌ڕووى گواستنه‌وه‌ى سه‌رمايه‌دارى بۆ ئيمپرياليزم بوه‌ستێته‌وه، ئه‌وا به هه‌مان شێوه‌ش ماركسيزمى-لينينيزم كه له چوارچێوه‌ى ئه‌زموونى يه‌كێتى سۆڤێتدا چه‌قى به‌ستووه و گيريخواردووه، ئه‌مڕۆ پێويستى به خوێنێكى تازه‌يه كه بتوانێت باوه‌ش بۆ كۆى گشتى بزوتنه‌وه‌ى مێژوو له ئاسيا و ئه‌فريقا بكاته‌وه. ئه‌م ئه‌ركه‌ش له ئه‌ستۆى حيزبه ئاسيايى و ئه‌فريقييه خه‌باتگێڕه‌كاندايه. ماركسيزمى ئێستا پێويستى به حيزبه، به ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌م حيزبانه پێويستيان پێيه‌تى.
سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه وڵاته دواكه‌وتووه‌كان ته‌نها چانسن بۆ شۆڕشى سۆسياليزم، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى سه‌رمايه‌دارى توانيى شۆڕشى سۆسياليستى له وڵاته پيشه‌سازييه پێشكه‌وتووه‌كاندا ڕابگرێت و سڕى بكات، به‌تايبه‌تى پاش ده‌ركه‌وتنى سيماكانى گواستنه‌وه بۆ بۆرژوازى له‌نێو ڕيزه‌كانى چينى پرۆليتارياى ئه‌وروپييدا. به‌ڵام شۆڕش به‌بێ تيۆرى شۆڕشگێڕى بوونى نييه. كه‌واته ئايا گه‌لانى وڵاته دواكه‌وتووه‌كان ده‌زانن چۆن خۆيان ڕزگاربكه‌ن، ئه‌وه‌ش به ڕزگاركردنى ته‌نها چانسێك كه له شۆڕشى سۆسياليستى ماوه‌ته‌وه و، له هه‌مان كاتيشدا ڕزگاركردنى تيۆرى ئه‌م شۆڕشه؟ نمونه‌ى شۆڕشى كوبا وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسياره پۆزه‌تيڤ ده‌كات، هه‌روه‌ها كتێبه نايابه‌كه‌ى فرانز فانون (به‌شمه‌ينه‌تانى سه‌ر زه‌وى-The Wretched of the Earth)[5].
[2]) ڕاست؛ به‌مانى ڕاستى و حه‌قيقه‌ت نا، به‌ڵكو ته‌عبير له ميتۆدى ڕاستڕه‌وه كۆنه‌په‌رست و كۆنزه‌رڤاتيڤه‌كان ده‌كات. له به‌رامبه‌ردا ئايدۆلۆژياى (چه‌پ) هه‌يه كه له ڕێگه‌ى ڕاديكاليسته شۆڕشگێره‌كانه‌وه هه‌وڵى گۆڕينى واقيع ده‌دات به‌مه‌به‌ستى گواستنه‌وه به‌ره‌وه كۆمۆنيزم. (وه‌رگێڕ).
[3]) دۆكترين: العقيدة (بيروباوه‌ڕ).
[4]) ئه‌مه په‌ره‌گرافه پوخته‌يه‌كه له به‌شى كۆتايى كتێبه‌كه، به گرنگمان زانى ئيزافه‌ى بكه‌ين... (وه‌رگێڕ).
[5]) يه‌كێكه له‌و كتێبه زۆرباشانه‌ى كه مه‌سه‌له‌ى شۆڕش له وڵاتانى جيهانى سێهه‌م ده‌وروژێنێت به‌تايبه‌تى كه زۆربه‌ى وڵاتانى ئه‌فريقيا و ئاسيا له‌وكاته‌دا له‌لايه‌ن ئيمپرياليزمه‌وه داگيركرابوون.