A+    A-
(213) جار خوێندراوەتەوە

پارانۆیا وەک پرسێکى فیکرى

 

 

 

کارزان ئازاد

 

 

 

پارانۆیا مەعریفەیە لە قوناغی ئاوێنەدا، ئاگایییە لە قۆناغی مێژوویی دا.

پارانۆیا چەندە نەخۆشییەکی دەروونییە و پەیوەندیی بە نەخۆشییە دەمارییەکانەوە هەیە، ئەوەندەش پەیوەندیی بە سیستەمێکی بیرکردنەوە و لۆژیکی مێژووییەوە هەیە، لە ناو ڕووداو و قوناغە مێژوویەکاندا ڕەنگی‌داوەتەوە، هێنری هەشتەم لەماوەی فەرمانڕەواییەکەی کەسێتییەکی پارانۆیایی هەبوو. هەرچەندە ئەو قسەکەرێکی کاریزماتیک و خوێندەوار بوو، لەلایەن کەسانێکەوە بە یەکێک لە کاریزماییترین فەرمانڕەواکان دادەنرا، کە تا ئەو کاتە لەسەر تەختی ئینگلتەرا دانیشتبێت، بەڵام کەسێکی توند بوو، هەر کەسێک ڕووبەڕووی دەسەڵاتەکەی ببایەتەوە لەناوی دەبرد. هێنری باوەڕی وا بوو کچان شیاوی ئەوە نین جێگرەوەی بن، بۆیە شەش ژنی هێنا تاوەکو کوڕی هەبێت. لە کۆتایی ژیانی، بۆچوون و فشارە دەروونیيەکان بوونە هۆی قەڵەوبوون و تێکچوونی تەندرووستی. ئەم بیرکردنەوەيەى لەسەر جێندەر و دەسەڵات، وای کرد تێڕوانینێکی گشتی دەربارەی هێنری بێتەکایەوە وەک کەسێکی شەهوەتباز، دڕندە، خۆپەرست[1].

مەعریفەی پارانۆیی تەنها فەرمانڕەواکانی سەرەتایی سەردەمی ڕۆشنگەری نەگرتەوە، بەڵکو ئەو گرووپ و بزووتنەوە سیاسی و کەلتوريیانەش کە وەک بەدیلێک بۆ چاکسازی لە فۆرمی مۆدێرن و جۆری دەسەڵات درووست بوون درێژکراوەی مەعریفە پارانۆیاییەکەی فەرمانڕەواکانی پێشوو بوون.

هیگڵ لە کتێبی "فینۆمینۆژیاى ڕۆح"دا ئارگۆمێنتسازی و لێکدانەوەیەکی خستەڕوو لەسەر "ئومێد و شێتی و پارانۆیا"، ئەم سێ حاڵەتە ئافرێنەری یەکترن و بەشێکن لە تایبەتمەندیی کارەکتەری خود-سەنتەریی ڕۆمانتیکی ڕیفۆرمخواز.

ڕۆمانتیکی ریفۆرمخواز هیچ جیاوازییەک لەنێوان بونیادی خۆی و دەرەوەی خویدا نابینێت، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بۆچوونە هیگڵ لە کتێبی "فینۆمینۆلۆژیاى ڕۆح"دا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە یاسای دڵ بەشێکە لە هۆشیاریی مێژوو، هەروەها جۆرێکە لە هۆشیاریی پێویست لە مرۆڤی رۆمانتیکی ڕیفۆرمخوازدا بەرجەستە بووە، ئەم جۆرە هۆشیارییە هەوڵدەدات دڵی مرۆڤ و یاسا ئاشت بکاتەوە، جیهان باشتربکات؛ بەڵام مەحکومە بە بێ‌هیوایی و شکست، تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووش بێت، چونکە یاسای دڵ و واقع هەمیشە ناکۆکن.

هیگڵ بڕوای وایە، ئەزموونی بێ‌هیوایی و نائومێدیی خوڵقێنەری شێتییە، مرۆڤ دوای هەستکردن بە کڵۆڵی، هەوڵدەدات زاڵبێت بەسەر بێ‌هیوایدا و بەدوای میکانیزمێک دەگەڕێت، تاوەکو نائومێدیی و تێکشکانی ناوەکیی خۆی و شێتی خۆی دەرهاوێژی بکات بۆ دەرەوەی خۆی بۆ ئەوانی تر. ئەمەش پێی دەگوترێت "پارانۆیا"، ئەم فۆرمە لە پارانۆیا بارگاوییە بە توندوتیژی. بەم جۆرە مرۆڤی ڕیفۆرمخوازی ڕۆمانتیک دەگۆڕێت بۆ کەسێکی پارانۆیایی و توندوتیژ[2].

دەتوانین بەکۆمەکی هیگڵ, جێکەوتەی "یاسای دڵ" لە قۆناغی ڕۆمانتیزم دیاری بکەین، ڕۆمانتیزم دیاردەیەکی ئەورووپی بوو. ڕاستە بڵێین لە بنەڕەتدا لە ئاکتێکی شۆڕشێکی توندوتیژدا هەوڵی سەپاندنی خەیاڵێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دابوو، کاریگەریی لەسەر زۆر کایەی بیرکردنەوە و چالاکییەکان هەبوو. زۆرێک لە هونەرمەندان و فەیلەسوفانی سەرەتا و کۆتایی سەدەی هەژدە بە داکۆکیکردن لە ئازادی و سەربەخۆیی، دەچوونە بەگژی شێوازی تێڕوانینی مرۆڤەکان بۆ جیهان، جەختیان لەسەر یەکێتییەک دەکردەوە, واتە یەکگرتنی تاک و سرووشت و خاک.

بەڵام ڕیفۆرمخوازانی ڕۆمانتیک لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی هۆکارە بونیادییەکانی قەیرانی سەردەمەکەیان ببنەوە، لۆمەی کەموکوڕییە ئەخلاقییەکانی هاووڵاتیانی وڵاتەکانیان دەکرد، لەڕێگەی "سزدانی ئەخلاقی و خۆدیسیپلینکردن" ڕووبەڕووی تاک دەبوونەوە، ئەمەش جۆرێک لە پارانۆیا و شێتی بوو.[3]

لەسەر بنەمای ململانێی هۆشیاری قۆناغە مێژووییەکان ڕومانیتزم ، فاشیزم و نازیزم، هتد... وەڵامێکی فکری و پڕۆژەیەکی توند بووە بەرامبەر مەترسیەکانی مۆدێرنە، دونیایەکی بێ کەموکوڕی.

لە ڕەهەندە مێژووی و فکریەکەی پارانۆیا دەچینە سەر دیوە دەروونی و وجودیەکەی پارانۆیا لای ژاک لاکانی دەروونشیکار.

لە ساڵی ١٩٣٢، لاکان لە یەکەم بەرهەمی سەرەتایدا کە تێزی دکتۆرای بوو لە سەر حاڵەتی دەروونیی ژنێک، بە ناوی لێنا ئایمێ، سەرەتایی دەسپێکی کلینیکی بوو بۆ لاکان،  دەرئەنجامی کارەکانی چەمکی  پارانۆیا، خود-سزادان بوو.

پارانۆیا لە کاتی پێکهاتنی ئیگۆی تاکدا گەشە دەکات، ڕەگ و ڕیشەی پارانۆیا لە سەرەتایی درووستبوونی کەسێتیەوە ئامادەیە، لە یەکەم بەرهەمی شیکردنەوەی دەروونی کەسێتی ئایمێدا ئامادەیی هەبوو. پارانۆیا چەقینە لە ناو کارەکتەری نارسیست(خودئەڤین)دا، پەیوەستە بە قۆناغی نارسیزمی سەرەتاییەوە (Lacan J., 1932).

لاکان چەندین خەسڵەت و دەرکەوتەیەکی پارانۆیا دەستنیشان دەکات.

 یەکێک لە خەسڵەتەکانی پارانۆیا ئەوەیە، هەمووان وەهماویین، پارانۆیا بونیادی مەعریفی ئیگۆ درووست دەکات، لاکان دوو جۆر زانین دیاری دەکات:

زانینی خەیاڵی کە زانینی ئیگۆیە جیادەکاتەوە لە  زانینی ڕەمزی کە زانینی بابەتییە.

زانینی خەیاڵی بە زانینی پارانۆیی دادەنرێت، چونکە هەمان بونیادی پارانۆیای هەیە، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی ڕەها و یەکێتیی سوبێکت و ئۆبێکتی دەگرێتەخۆ.

هەروەها ڕەهەندێکی تری پارانۆیا بریتییە لە توندوتیژیی، چونکە پارانۆیا بەرئەنجامی چەقینی نارسیستییە لە قۆناغی ئاوێنەییەدا.

 توندوتیژی لەلایەن لاکانەوە وەک دیاردەیەکی دەروونی و ناوەکی و بونیادی ئیگۆ سەیر دەکرێت، جگە لەوەش لاکان توندوتیژیی دەروونی جیا دەکاتەوە لە دەربڕینێکی توندوتیژی بە پیلان و پراکتیک.

لاکان بەدوای هۆکاری دەروونی و توندوتیژیی پارانۆیادا دەگەڕێت لە سەرەتای گەشەی ئیگۆ [قۆناغی ئاوێنە]. دوای قۆناغی ئاوێنە، ئیگۆ دەچێتە ناو نەزمی خەیاڵی و واقیعێکی  دەروونی، گرێی ئۆدیب ئەزموون دەکات، جا سەرکەوتووبێت یان کێشەدار، شکڵی ئیگۆ دەشوێنێت، دواتر دەچێتە ناو نەزمی ڕەمزییەوە، واقیعێکی دەروونی دیکەی بۆ درووست دەبێت. لەم قۆناغەدا شکڵی ئیگۆ دووبارە درووست دەبێتەوە. لەگەڵ چەند حاڵەتێکی دەرونی گیرۆدە دەبێت وەک (نارسیست/ دەمارگیری/ لادان)، بەم حاڵەتە دەرونییەوە ئیگۆ دەکەوێتە پەیوەندی لەگەڵ جیهاین و ئەوانیتردا، تاک بونیادی دەروونی ناوەکی وەردەگرێت. هەروەها نارسیزم و توندوتیژی و لادان بەهۆی سروشتی نامۆیی ئیگۆوە لەدایک دەبن. لاکان ئیگۆ لە سوبێکت جیا دەکاتەوە. ئیگۆ لەگەڵ وێنەی ئاوێنەیی خۆیدا درووست دەبێت و شوناس وەردەگرێت، سوبێکت لە ڕێگەی نامۆبوون لە خۆی درووستدەبێت.

لاکان باسی بونیادی پەیوەندیی خەیاڵی دووانەیی ئیگۆ دەکات لەگەڵ ئەویتر کە دەبێتەهۆی دەرکەوتنی حاڵەتی نارسیزم، شەڕەنگێزی و لادان. ئەم سێ زاراوەیەش وابەستەی یەکترن لە واقیعی دەروونییماندا. خودناسین لە کاتی قۆناغی ئاوێنەدا بریتییە لە ناسینەوەی خود وەک ئەویتر، واتە ناسینەوەیەکی نامۆ و خەیاڵییە،  بەم شێوەیە پەیوەندی نامۆبوون "من تۆم" دەتوانێت ببێتەهۆی پەیوەندیی ململانێ و وەدەرنانی تۆ یان من، کە ئەگەری کردەی شەڕەنگێزانە زیاد دەکات(4).

ڕەهەندێکی تری پارانۆیا وەک پاتۆلۆژیای شوناس دەردەکەوێت لەلای لاکان چونکە لە سوبێکتی پارانۆیاییدا زیادەڕۆیی له شوناسی خەیاڵیی ئیگۆ دەبینین، سوبێکت لە قۆناغی نارسیستی چەقیووە،  بەرگری لەم شوناسە دەکات و بەهێزی دەکات،  لە ڕێگەی میکانیزمی دەرهاوێژییەوە، بەهەر نرخێک بێت. دەروونناسی ئیتاڵی، ماسیمۆ ڕیکالێکتی (Recalacti Massimo) دوو ڕەهەندی گرنگی دۆخی پارانۆیای تاک باس دەکات، ئەوانیش "چەقینی ئیگۆیە لە نارسیزمدا" و "میکانیزمی دەرهاوێژیی" تا ئەو ڕادەیەی ئیگۆ دەبێتە دیلی نارسیزمی خۆی.

سوبێکتی پارانۆیایی بەتەنها لە ڕێگەی فلتەرەکانی چاوسانەوەی ڕەمزییەوە کارناکات بەڵکو لە ڕێگەی فۆڕمە چەقیوەکانی میکانیزمی دەرهاوێژییەوە مانیفێست دەبێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە دێت، ئێمە ناتوانین خۆمان قبوڵ بکەین، تاکی پارانۆیی لەگەڵ وێنەی ئایدیاڵی ئیگۆدا ناکۆکە، خود سەرسامیەکی گەورەی هەیه، ئەم حاڵەته لە پارانۆیی لە ڕێگەی سەمپتۆمەکەیەوە خۆی دەرناخات کە بونیادێکی زمانی نەستەکی کۆدکراوی هەیه وەک  هەڵەی زمان و خەون، بەڵکو بەرەو دەرەوە دەرهاوێژ دەبێتەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەک کردەیەکی توندوتیژ و چەوسێنەر دەگەڕێتەوە بۆ دەرەوەی خۆی و واقیع.

نیگا و بوونی ئەویتر لە دەرەوە ڕۆڵی هەیە لە پێکهێنانی شوناس، سوبێکت دەکێشێتە ناو گێژەڵوکەی شوناس و تاعونی فەنتازیا، دواتر ئیگۆیەک ناوەکی دەبێتەوە تاکو ئاستی چەوسێنەر، چونکە ئەویتر هەم هۆکارە بۆ خود شەیدایی و درووستبوونی "ئایدیاڵ ئیگۆ" و هەروەها دوژمنە بۆ شێواندنی نارسیزمی ئیگۆ.

 لە سیاسەتدا پارانۆیا جۆرێکە لە پاتۆلۆژیای شوناس چونکە بەرگری پارانۆیی سوبێکت پەلکێش دەکات بۆ بەرگرییەکی بەردەوام  لە شوناسە خراپەکەی. هەر شتێک لە ئاسۆی خەیاڵی پێرفێکتیی ئیگۆ بشێوێنت، دەبێتە بوونێکی پیس و پۆخڵەوات پێویستە لەناوببرێت. وردتر، پارانۆیا وەک پاتۆلۆژیای شوناس کە بەهۆی بەهێزبوونی بەرگری لە فەنتازیا و ئیگۆیەکی پێرفێکت پەیدا دەبێت، کۆتایەکەی ترسناک و توندوتیژی هەیە.

 هەمیشە مرۆڤی پارانۆیی, خۆی وەک ئۆبێکتی قوربانی ئەزموون دەکات بەرامبەر ئەوی تری قێزەون.

 ڕەهندێکی تری وەهمی سوبێکتی چەوسێنەر و پارانۆیایی ئەوەیە کە دڵنیاییە کە ئەویتر نیگای خراپی دەکات و کۆنترۆڵی دەکات.

 جۆرێکی تری پارانۆیا لە وەهمی ئیرەییدا دەردەکەوێت، سوبێکت پێی وایە ئەویتر فێڵی لێ دەکات. لە جۆری ئیرۆتیکیدا ئەوی دیکە خۆشی دەوێت بەبێ ئەو ناژی.[5]

 لە وەهمی گەورەییدا مرۆڤی پارانۆیی هەست دەکات جیهان  ئەرکێکی بۆ دیاری دەکات وەک پاڵەوان بۆ ئەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات. مێژوو پێوسیتی بە ڕۆڵ و کەسێتی ئەوە، واتە خاوەنی چیرۆک و ئەفسانەی و حیکایەتێکی گەورەیی بێ بنەمایە،  بۆ نمونە، ستالین ئەم جۆرە مەعریفەی مێژوو ئەرکێکی پێ سپاردووە دەبێت جێبەجێی بکات.

لە وەهمی سیاسی و پرۆژەی دەوڵەتدا کەسی یەکەمی وڵات لەژێر ناوی ڕزگارکەر هەوڵدەدات پرۆژە سیاسی و کومەڵایەتییەکان بە عەقڵێتی کەسێتیی پارانۆیایی و یۆتۆپی بە سەرکەوتوویی لە کۆمەڵگادا جێبەجێ بکرێت،  واتە کێشە و گرژییە دەرونییەکانی مرۆڤی پارانۆیایی وەرگێڕێتە سەر پرۆژەیەکی سیاسی توندوتیژ بەرامبەر هەرکەسێک کە خەون و ئارەزووەکانی بشێوێنێت.[5]

بەو مانایەی دیکتاتۆرێک پرۆژەی وەهمی خۆی کە ڕیشەی لە ناو پارانۆیای خۆیدایە لەدژی خەڵکی مەدەنی و لەڕووی ئیتیک، کەلتور و مێژووشەوە لەوان جیاوازن، بەئامانج گیراوەکان بەهۆی شوناسی جیاواز  ئازار دراون یان جینوساد کراون، بۆ نموونە جینۆساید یەکێک لە ڕەهەندەکانی پارانۆیایە. ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی تورکیا لە مێژوودا و ئێستادا دەیکات بەرامبەر کورد دەچێتە قاڵبی جینۆسایدەوە، ئەو جینۆسایدەی دەوڵەتی بەعس کردی بەرامبەر بە گوند و خەڵکی سڤیل  بەناوی ئەنفال، ئەوەی ئەمریکا بەرامبەر هیندییە سورەکان کردی، سڕینەوە و جینۆساید بوو. نازیەکان بەرامبەر جووەکان، دەوڵەتی ئیسرایل بەرامبەر خەڵکی سڤیلی فەڵەستین هەموو ئەو جینۆسایدەی لەمێژوو و بە ئێستایشەوە ڕوودەدەن، ڕیشەیەکی پارانۆیی هەیە بۆ گەیشتن بە بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و ئابورییەکی بەهێز، بەڵام ئەویتری جیاواز ڕێگرە لە بەردەم خەون و ئایندەی دەوڵەت.

بۆ ئەوەی مرۆڤی پارانۆیایی شکست و بێ‌ئومێدی کەسێتی خۆی بشارێتەوە، دەستدەکات بە پێشکەشکردنی پرۆژەیەکی یۆتۆپی بۆ کۆمەڵگا و ئایندەی کۆمەڵگا، ئەم پرۆژە  بونیادی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی ڕەمزی دادەڕێژێت، لەکاتێکدا نیشانەی کەسێتیی پارانۆییە.

 

 

سەرچاوەکان:

[1] ‏https://www.britannica.com/biography/Henry-VIII-king-of-England/Legacy

[2] Wilfried Var Eecke ,(2019)Chapter 8. “Hegel and Lacan on Paranoia and the Question of How to Avoid the Dangers of Social Reform Ideas

[3]https://www.open.edu/openlearn/history-the-arts/culture/literature-and-creative-writing/literature/legacy-the-romantics#:~:text=Romanticism%20influenced%20political%20ideology%2C%20inviting,the%20group%20was%20therefore%20important.

[4] https://www.elenikoumidi.gr/lacanian-psychoanalysis-psychosis-1-schizophrenia/

[5] https://www.elenikoumidi.gr/lacanian-psychoanalysis-psychosis-2-paranoia.