A+    A-
(218) جار خوێندراوەتەوە

گەشبینیی ترسناک یان دڕندانە

(ئۆپۆزسیۆن وەک نمونه)

 

 

 

کارزان ئازاد

 

 

 

لۆرێنت بێرلاند، پرۆفیسۆری زمانی ئینگلیزی و توێژەری بواری فەلسەفە و ڕەخنەگری کەلتووری، جێندەری و مێژوویی فەنتازیای هاوڵاتیبوون و کلتووری جەماوری، ئەو تێما و ئایدیا سەرەکییانەی کاری تیۆرییان لەسەر دەکات بریتین لە هیترونورماتیڤیتی، تیۆریی هۆمۆسێکسواڵ، تیۆریی سیاسەتی بونیادنانی فەزای گشتی. لە ساڵی ٢٠١١ کتێبێکی بە ناوی گەشبینی ترسناک یان دڕندانە بڵاو کردەوە. نووسەر وێنەی دنیای دوای ساڵی ١٩٨٠ دەکێشێت کە بە سەردەمی جەنگی سارد ناسراوە و بە سەرەتای سەرهەڵدانی ئایدۆلۆجیای گەشبینیی ناو دەبات لە نێو سیستەمی بەڕێوەبردنی سۆشیال دیموکراتدا. ئەم ئایدیایە لە جیهانی دوای جەنگ بەتەواوی گەشەی پێ دراوە، جیهانێکه بە بەڵێن و گەشبینیی کاڵخۆر و دڵڕەقانە نوقم کراوە. جیهانێک کارگەی دروستکردنی سۆز و ئارەزوو و ئومێدە بۆ خەڵک کە بە دوای خەون و فەنتازیا بەدەستنەهاتووەکانیان بکەون، وەک هەوڵدان بۆ خەونەکان، دڵنیایی کار، یەکسانیی دادی کۆمەڵایەتی. بەڵام لە ئەنجامدا هەر خودی سیستەمی لیبراڵ- کەپیتاڵیزم بانگەشەیەکی گەشبینانە بە فۆرمێکی ئایدۆلۆژى بۆ گەیشتن بە بابەتی فەنتازیا، ئارەزوو، خەونەکانی مرۆڤ، بەختەوەری، ئابورییەکی باشتر ڕێگر و کۆسپە بۆ گەشبینبوون و بەختەوەربووونی مرۆڤ، لە ئەنجامدا ئەم سیستەمە بەردەوام خەون و سایکۆلۆژیای مرۆڤی لە قەیراندا کۆتایی پێ هێناوە(١).

 ئەوە چییە کە ئێمە ئارەزووی دەکەین؟ چی ڕوودەدات کاتێک ئارەزوو بۆ شتەکان و بوون بە ئایکۆن، جۆرێک لە کارەکتەری مرۆڤ، ئەزموونێک ئێمە هەڵپەی دەکەین لە کۆتاییدا بەرەو ڕووی ئازار و شکستمان دەکاتەوە؟ بۆچی ئێمە بەردەوام بەدوای ئەو شتانەدا دەگەڕێین کە ئازارمان دەدەن؟

لەبەر ئەوەی گەشبینی فۆرمێکی ئایدۆلۆژیی سیاسییە، هەوڵی داڕشتنی بونیادی دەروونی دەدات بۆ فیچقەکردن و بەرەڵابوونی ئارەزووەکانمان، هەروەها ئایدۆلۆژیای کەپیتاڵیزم هەوڵی درووستکردنی مانایە لە ئاستی بوون. هەندێک پرسیاری وجودی سەر هەڵدەدەن کە ئێمە کێین؟ ئەمانەوێت کێ بین؟ لەوەڵامدا نووسەر دەڵێت "ئەو شتەی ئێمە ئارەزووی دەکەین، هەر ئەو شتەیە کە دەبێتە هۆکاری بەربەست و ڕێگر بۆ ئەوەی مرۆڤ لە هەموو کایە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا، گەشە بکات". کاتێک سیستەمی بەڕێوەبردنی باو و لۆژیکی سەرمایەداری، ختوکەی بابەتی ئارەزووی مرۆڤ دەدات، لەگەڵیدا دەستەیەک بەڵێن و گەشبینی بۆ تاک درووست دەکات بۆ ئەوەی ئیمکانی ئارەزووەکانی بۆ بهێنێتە بوون. بەڵام شکستی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، بۆ نموونە ئایدیاڵی جەستە لە ئەمەریکا بریتییە لە لەش و لارێکی ڕێک و جوان، کە ئەوەش ئارەزووی هەموو تاکێکی ئەمریکییە. بەڵام ئاسایشی خۆراک و بازاڕی خۆراکی خێرا ئەم خەونەی هەبوونی جەستەی ڕێک، شکست پێ دەهێنن بۆ قەڵەوی. بەگوێرەی دواین ئاماری جیهانی ٣٥٪ی خەڵکی جیهان قەڵەون. گەشبینی و تامەزرۆیی بەرامبەر بابەتێک هەمان کات دەبێتە بەربەست و دژی خودی مرۆڤ دەوەستێتەوە. واتا سیاسەتی ئاسایشی خۆراک و ئایدۆلۆجیای ئەخلاقی سیاسی سەرمایەداری، ناکۆکییەکیان لە نێو خۆیاندا هەڵگرتووە(٢). گەشبینی وەک جۆرێک لە مەرگی لەسەرخۆ دەکەوێتەوە، چونکە سیستەمی جیهان و لۆژیک و ستراتیژی سەرمایەداری بۆ بەڕێوەردن و ئامانج و قازانجکردنی خودی ژیان  و ژیانی مرۆڤە بۆ قازانج، ژیان لە چۆنێتییەوە بووە بە ستایڵێک بۆ مارکێتینگ. لێرەوە جەستە ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە مانیفێستبوونی گوتاری سیاسەت و ئابووری و ڕەنگدانەوەکانیان لەسەر جەستە(٣، ل ٤٢).

 چەند ئایدیایەکی گرنگی نێو سیستەمی جیهانی ئەمڕۆ، جیهانی سەرمایەداری، هەن کە کۆمەڵ بەگشتی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، چ لە ئاستی سایکۆلۆجیا و جەستە، چ لە ئاستی کەلتوور، لەوانەش مەرگی لەسەرخۆ، سالارێتی، دیاردەی قەڵەوی، بابەتی گەشبینی و ئارەزوو بۆ دروستکردن و دوایین سوبێکتی جیهانی، کە بخوازن لەسەریان بوەستین. مەرگی لەسەرخۆ بریتییە لە داڕزان و لاوازکردنی ژینگەی فیزیک و دەروونیی دانیشتووان بەهۆی کاریگەرییە جیهانییەکانی بونیادی پرۆسەی سوبێکتسازی و بەڕێوەبردنی سەرمایەداری، وەک دەیڤد هارڤی دەڵێت، کێشەی مرۆڤ لەوەدا کورت کراوەتەوە کە بڵێن "نەخۆش ئەو کەسەیە توانای کارکردنی نیە"(٣، ل ٩٥).

هەروەها دوایین فۆرمی سوبێکتی جیهانی، لە شێوەی مەرگی لەسەرخۆ و فۆرمەکانی مانەوە بونیاد نراوە بەهۆی بانگەشەی دڵڕەقانە بۆ ئیش و فەرمان و کاریگەرییەکانی کارکردن. ئەو چالاکی و جووڵەیە بۆ بەرهەمهێنانی ژیان لە چوارچێوەی سیستەمدا، چالاکییەکی درێژەپێدەری دۆخی باوە، نەک دروستکردنی ڕووداوی مێژوویی،  جیهانێک لە سۆز و ئارەزووکردن بەبێ ئامانج و مەبەست، لە خەونێکی لەبارکراوەوە بۆ کارەکتەرێکی شکاو(٣، ل ١٠٠).

میشێل فۆکۆ جەخت لەسەر پەیوەندیی نێوان بایۆـدەسەڵات و سالارێتی دەکاتەوە بۆ بەرهەمهێنانی سوپێکت. یەکەم ئامانجی سالارێتی  و بایۆـدەسەڵات، خودی ژیانە لە ڕێگەی بایۆـپۆلەتیک (ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵی جەستە)وە. سالارێتی ئەوە نیە توانا و مافی ملپەڕاندنی خەڵکی هەبێت یاخود ژیان ببەخشێت بە خەڵکی، ئەوەش نیە کە ڕێگە بدات خەڵکی بژین یان بەجێیان بهێڵێت بۆ مردن. بەڵکو ڕێکخستی ژیانە، ڕێگەدانە بە ژیانێک لەچوارچێوەی ڕێکخستنێکی سیستەماتیکدا، ئیتر ئازار و چێژ بێت یان بێ کێشە. لەڕوانگەی لۆرێنتەوە تاک  لە نێو ڕژێمی سیستەمێکی سالارگەرایی و سوبێکت لە ژێر چاودێریی بایۆـدەسەڵاتدا تەواو جیاوازە؛ لە بایۆ-دەسەڵاتدا بەڕێوە دەبرێت وەک جیاکردنەوەی ژیانی تاک و کۆ، ژیان زیاتر دەبێتە فۆرمێک لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردنی دەزگایی و دیسپلین و... هتد.

ژیان دەبێتە کارگەی سیستەم، چ جۆرێکی سوبێکتی بوێت، وای بەرهەم دێنێت و لەنێو دانیشتوواندا جێگیری دەکات، بەم جۆرە مەرگی لەسەرخۆ لە کۆتاییدا سایکولۆجیای وێران و ڕەفتاری هاوڵاتی داگیر دەکات(٣، ل ٩٧).

 

شوناس وەرگرتنی مرۆڤ لە پەیوەندیی لەگەڵ شتەکاندا:

 بابەت و شتەکان لە خۆیاندا پۆتێنشیاڵی کارتێکردن و کاریگەربوونیان هەڵگرتووە، چ کاریگەریی مرۆڤ لەسەر شتەکان بێت یانیش بەپێچەوانەوە. واتا پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و بابەتەکان، تاکلایەنە و یەکسەریی نیە، بەڵکو دوولایەنەیە، وەک ئەوەی تەنیا ئێمە نین شتەکان و بابەتەکان بەکار دەهێنین، بەپێچەوانەشەوە، ئەوە شتەکانن مرۆڤ بەکار دەهێنن. مرۆڤ شێوەی شتەکان و بابەتەکان وەردەگرێت و لە مەودای تاک و کەسێتیی تاکدا ڕەنگ دەدەنەوە، بەتایبەتی بە بوون بە بەرخۆری ئەو بابەتانە. بۆ نموونە، کڕینی بەردوامی کۆکا کۆلا لە پێویستی و چێژ، دەردەچێت و دەبێتە جۆرێک لە وابەستەیی و پەیوەندییەک تا ئاستی داڕشتنی شوناسی بوونی مرۆڤ، بە بەرکەوتنی ترسناکی شتەکان و کاریگەرییان بەسەر مرۆڤەوە.

 

ناجێگیربوونی ئابوری و دەروونی وەک دەرئەنجامی گەشبینیی دڕندانەی سیستەمی ئەخلاقی و ئابووری و سیاسیی جیهانی باو:

 لە سەرەتای شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کە سیاسەتی ئابوریی نیولیبراڵیزم هەژموون پەیدا دەکات، بە جۆرێک هەل و زەمینەی جێگیربوونی ژیان بەگشتی وجێگیربوون لە کایەی ئابووری و سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، کەم دەبێتەوە یان شلۆق دەبێت. پێش ئەم سیستەمە، کێشەکە ئەوە نەبوو دۆخەکە خراپ بێت یان باش، بەڵکو جێگیربوونی جۆرێک لە ژیان بوو. بۆ نموونە، پێش سیستەمی نیولیبراڵیزم کەسێک لە خێزانێکدا کاری بکردایە، بە جۆرێک دۆخی ئابووری و سایکۆلۆجیی ماڵ جێگیر بوو، بەڵام ئێستا هەموو ئەندامانی خێزانەکە کار بکەن، تێر نابن. ڕاکردن بەدوای بابەتی چێژ و ئەو گەشبینییەی بۆ مرۆڤ دروست کراوە، بەردەوامە، هەمیشە لەدۆخی ناجێگیریدان، بەرەو ناجێگیرییەکی خراپتریش دەڕۆن. وەک بازنەیەکی پارداکۆس ئایدۆلۆجیای سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسیی باو لەڕێگەی ئەو نا-جێگیربوونەی لە دۆخی ئابووری و ئەو نوقسانییەی لە سایکۆلۆجیای مرۆڤدا هەیە، دەکاتە هەلێک بۆ دروستکردنی باوەڕێکی گەشبینیی بۆ تاکەکەس و دووبارە لە ژێر وەهمی  ئابوورییەکی جێگیر و سایکۆلۆجیایەکی تەندروست و خودێکی ئازاددا، خۆی نوێ دەکاتەوە. لە لایەکی ترەوە، ئەو خەونانەی بۆ ژیانێکی کەسیی باشتر لە تاکدا چێنراون، خودی کۆسپ و ڕێگر و ناجێگیربوونن بۆ بەدێهێنانی خۆزگە و ئاواتەکانی(٤).

ئەگەر کۆنتێکستی کۆمەڵایەتیی ئابووری-سیاسیی ئەمریکا و ڕۆژئاوا وەرگرین، هەمیشە گەشبینی و ئارەزوو لە بەدەستهێنانی کار دەبێتە هەوێنێک بۆ گەشبینیی خێزانێکی باش و منداڵی باش و سێکسی ئازاد و تەندروستی و... هتد. لە ئایندەدا، واتە وەک ئەوەی دوڵۆز و گواتاری دەڵێن، ڕێکخستنی دەسەڵات و حوکم، لەسەر یەکێتیی نێوان ئارەزوو و ژێرخانی ئابوری، بونیاد نراوە(٣، ل ٧٨). بەهۆی سیستەمی سەرمایەدارییەوە کۆمەڵێک ڕووداوی کارەساتبار ڕوو دەدەن، کاریگەریی تراوماتیک لەسەر تاک و ژیانی مرۆڤ بەگشتی دادەنێن، بەڵام ئایدۆلۆجیای ئەم سیستەمه جۆرێک لە کەلتووری گەشبینی زاڵ دەکات لەسەر دەروون و ئاگایی تاک بۆ تێپەڕاندنی کاریگەریی ئەو ڕووداو و  قەیرانە ئابووری و سایکۆلۆجییەی لەسەر ژیانی گشتی دروست دەبن. بەرهەمهێنانی گەشبینی و بابەتی گەشبینی بۆ مرۆڤ، دوایین لۆجیکی سەرمایەداری و سیاسەتی جیهانیی باوە، جا فۆرمی چارەسەر لە ڕێگای ئامۆژگاریی کەسێیتیی ئەکادیمی و دەزگای دینی و میدیاییەوە بێت بۆ بونیادنانی دەروونی کۆمەڵایەتی یان بونیادنانی ناوکی سیستەمی جیهانی، هەڵگری فیکر و هۆشیارییەکە بۆ چاندنی  گەشبینی و ژیانی باشتر، کەچی خۆی هۆکارە و دەرئەنجامی کارەساتە مرۆیی و سیاسی وئابورییەکانە.

ستراتیژی سیستەم ئەوەیە لە پاڵ هەموو ڕووداوە تراژیدی، تراوماتیک، ئابووری، سیاسییەکانەوە ژیان بەردەوام بێت و شتەکان وەک خۆیان بەردەوام بن، واتە ئێمە لەسەر کاریگەریی پاشماوەی ڕووداوەکان دەژین.

 

مرۆڤ و کات:

 مرۆڤ دیاریکردنی زەمەن لە نێوان ڕابردوو و ئایندەدا، ون دەکات و هەمیشە لە ئێستایەکی ڕەهای دروستکراوی خودی سیستەمدا دەژی؛ لە ڕێگەی کاڵا کەلتووریەکانییەوە بۆ پێویستیی ژیانی باش و گەشبینبوون لە ئێستادا دەمێنینەوە. کاتێک کە مرۆڤ هەوڵ بدات زاڵ بێت بەسەر بەرخۆریی کۆمەڵایەتی و مارکێتینگدا، بە نەخۆش و بیمار لەقەڵەم دەدرێت.

ئەگەر لە نێو بەڵێن و گەشبینییەکانی کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی ڕۆژئاوە، بێینە دەرەوە بەرەو ڕۆژهەڵات، هەرچەند جۆری هاوژیانیمان لە ئاستی دنیای مەجازی و بەکارهێنانی کاڵای مۆدێرندا یەک ناوەڕۆکە، بەڵام لە فۆرمی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی جیاوازدایە.

بونیادی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ڕۆژهەڵات، بابەتی ئارەزوو و مژدە و بەڵێنەکانی جیاوازە. بەڵام ڕەخنەی ڕیشەیی لە چەمکی گەشبینی لە نێو کایەی کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵات بگرین، وەک سەرەتایەک فێڵ و وەهمەکانی گەشبینی هەڵ دەینەوە کە دڕندانە و کاڵفامانە لە نێو بونیادی کایەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتدا دەخزێتە نێو ئەزموونی سایکۆلۆجی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی کەسێتیی تاکەوە، چونکە لە دنیای ئێمەدا کایەی کۆمەڵگە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خێڵ و نەریتەوە پێمان دەڵێت پاراستنی نەریتمان هەنگاوی ڕەسەنییەتە. کایەی دینی پێمان دەڵێت، ئیمان و هاوسەرگیری مایەی خۆشبەختی و گەرەنتیی ئەو دنیاتە. واعیزی ئابووری و ئابووریناس پێمان دەڵێت خۆپڕوکاندن بە بەرنامە و پلانی کارکردن، دەتگەیەنێتە دەوڵەمەندبوون و... هتد.  من لێرەدا زیاتر لەسەر کایەی سیاسی دەوەستم، چونکە سیاسەت و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی هەمیشە لەسەر گەشبینیی ترسناک کار دەکەن. کایەی سیاسی جۆرێک کارەکتەری ئۆپوزسیۆن بەرهەم دێنێت، پێمان دەڵێت دەنگدان و پرۆسەی پەرلەمان گەرەنتیی پێشکەوتن و مافەکانتە، شۆڕشی سپییە، لەکاتێکدا ئەو دروشمانەی ئۆپۆزسیۆن هەڵیگرتوون، لە نێو ئایدیا و فیکری ڕادیکاڵەوە نەهاتوون، بەڵکو بەرهەمی ڕق و بەرژەوەندیی کەسیین. ئۆپۆزسیۆن لێرە، زۆڵی دروشم و وشەی بێ بنەمان، کاری تەنیا پەخشکردنی گەشبینیی ترسناکە، لەکاتێکدا خودی کەسێتیی خۆیان و زۆڵێتیی دروشمەکانیان ڕێگرن لە بەردەم گۆڕانێکی ڕیشەییدا. بۆیە دەشڵێم "زۆڵی درووشم" چونکە ئۆپۆزسیۆن هیچ مەودایەکی فیکری و فەلسەفیی لەگەڵ دەسەڵاتدا وەرنەگرتووە، ئەوندە بیر لە کورسییەکانی پەرلەمان دەکەنەوە، نیو ئەوندە بیر لە واقیعی کوردستان و کێشەی هاوڵاتییان ناکەنەوە. ئەوەندە قسه لەسەر واقیع یان لەسەر دەرئەنجامی واقیعەکە دەکات، چرکەیەک سەرنجیان نەچووەتە سەر هۆکار و ڕیشەی کێشەکان لەو واقیعەدا. ئەوەندە بیریان لە دروستکردنی گەشبینی بۆ گۆڕینی دەسەڵات له ڕێگەی پەرلەمانەوە کردووەتەوە، بۆ ساتێک بیریان لە پرۆژەیەکی کەلتووری و ئایدۆلۆجیایەکی جیاواز بۆ بونیادنانی کۆمەڵگا نەکردووەتەوە. چونکە ئۆپۆزسیۆن تەنیا دەسەڵاتی دەوێت و کێشەی لەگەڵ کەلتوور نییە. هەر پارت و ئۆپۆزسیۆنێک پرۆژەی فەلسەفی و کەلتوورێکی سیاسیی ڕادیکاڵ و ئابوریی نەبێت، تەنیا بە گەشبینبوون بە پەرلەمان، تراژیدیا و قەیرانەکانی ژیانی مرۆڤی ئێمە بەردەوام دەبن. واتە خودی ئۆپۆزسیۆنی ساختە و هەلپەرست، ڕێگر و کۆسپن لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی.

چونکە پرۆژەی ئۆپۆزسیۆن پرۆژەیەکی کەسی و تایبەتە نەک کەلتووری و زانستی، بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییە هەمیشە بە دروشمی بێ بنەما و بێ پرۆژەی کەلتووری، کار لە سەر گەشبینیی ترسناک دەکات  بۆ پێویستیی و بایەخی پەرلەمان.

بونیادی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی دەسەڵات خۆی ڕۆڵ دەگێڕێت لە  دروستکردنی کارەکتەری سیاسی و چۆنێتیی ئۆپۆزسیۆن، کە ڕێگر بێت لە گەشەی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی و مەدەنی و سایکۆلۆجی، بۆیە هەتا مەودایەکی کەلتووری و فەلسەفی لەگەڵ دەسەڵاتدا وەرنەگریت، تەنیا بە گشبینیی دڕندانە بە پەرلەمان و دەنگدان، خودی کارەساتەکەن، کۆسپن بۆ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە.

گەشبینیی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەڕۆژهەڵاتدا، زیاتر پرۆژەیەکی مەعریفیی نەنووسراوی نەریتی خێڵەکی و دینی و ناسیۆنالیستییە. زۆر باش خۆی لەگەڵ دنیای سەرمایەداریدا ڕێک خستووە. پرۆژەی سیستەم خۆیەتی وەک بیرۆکەیەک کە دابەشی دەکات و دەیگشتێنێت بەسەر ژیاندا، وەک ژیانی خۆش و باش کامەیە؟ لێرەوە رۆحییەتێکی تامەزرۆیی شێتانە بۆ بەدیهێنانی ئایندەیەک تەنیا لە ڕێگەی ئەو بابەت و شتانەوە بەدەستی بهێنین کە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا پەسەند کراون. وەک ئەوەی هەموو کەسێک دەبێت هاوسەرگیری بکات، منداڵی هەبێت، خانووی هەبێت و دەنگی هەبێت و... هتد. گەر ئەوانەت بەدەستهێنا، لەگەڵیدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنیت، ژیانێکی باشترت دەبێت. واتە بونیادی کۆمەڵایەتی لەسەر داڕشتنی ئارەزوو و ناوەوەی مرۆڤ بۆ  ژیانێکی باشتر بە هاوکاری ڕەگەزەکانی خودی کومەڵگایە. کۆمەڵگە بەبێ لەدایکبوونی ڕووداوی کەلتووری و سیاسی و پرۆژەی فیکری و فەلسەفیی ڕادیکاڵ، هیچ خەون و ویستێکی ڕاستەقینە ڕوو نادات، جگە لە بەبازاڕکردنی ژیان و مرۆڤ بۆ قازانج و ئیستغلالکردنی نوقسانیی دەروونی و ئۆنتۆلۆژیی مرۆڤ بۆ خەونی بێ بنەما و ناواقیعی.

 

 

سەرچاوەکان:

1. https://muse.jhu.edu/book/70568

2. https://thebrooklyninstitute.com/items/courses/new-york/lauren-berlant-cruel-optimism-2/

3. Laurnet Berland. (2011). Cruel Optimism. Duke University Press: Durham and London, 2011.

4. https://socialtextjournal.org/periscope_article/how-does-it-feel/