A+    A-
(828) جار خوێندراوەتەوە

           هەروەکو کرمى ئاوریشم بە 

 (دەربارەى پەخشان و ستایلى نوسینى کارل مارکس)

 

 

 

 تێرى ئیگڵتۆن

و. وەلید عومەر

 

 

 

 

وتەیەکى کورت:

تێرى ئیگڵتۆن، تیۆریست و ڕەخنەگرێکى ئەدەبیی ئینگڵیزە. مانگى حوزەیرانى ساڵى پار، ئەم نوسینەى بڵاوکردووەتەوە. نوسینەکە کۆمەڵێک سەرنج لەسەر ستایلى نوسینى مارکس، یاخۆ پەخشان و داڕشتنى وى دەخاتەڕوو. لەپاڵ ئەوەشدا، پەیوەندیی مارکس بە هونەر و ئەدەبیاتەوە بیردەخاتەوە. ئیگڵتۆن خۆیشى ستایلێکى سرکى هەیە، و جۆرێک هونەرى ڕەوانبێژى بەکاردەهێنێت کە تەنیا لە زمانى ئینگڵیزییدا وەک خۆى دەمێنێتەوە و لە کاتى وەرگێڕاندا بڕێکى لێ لەدەستدەچێت. بۆ نمونە کۆمەڵێک وشەى هاوئاواز بەکاردەهێنێت کە ڕۆڵى ڕەگەزدۆزى دەگێڕن. بەکورتییەکەى، ئەم نوسینە، ڕانان و پیاچوونەوەیەکە بەسەر پەیوەندیی مارکسیزم و ئەدەبیاتیشدا کە ئەمڕۆ لە هەر کاتێکى تر زیاتر لێڵ بووە. ناونیشانى وتارەکە، «کرمى ئاوریشم» وەک میتافۆرێک بەکاردەهێنێت بۆ کارى ناکاڵایی، بۆ کارێک کە خۆى لەخۆیدا نەبەستراوەتەوە بە قازانج و بازاڕەوە. کرمى ئاوریشم، هەر لە گەڵاکانەوە خۆراکى خۆى وەردەگرێت و پێویستى بە هیچى تر نیە. مارکس خۆیشى ئەم میتافۆرە بەکاردەهێنێت. وتارەکە لە دوو سەرچاوەوە وەرگێڕدراوە.  (وەرگێڕ)

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

ئەو وەختەى کارل مارکس لە مۆزەخانەى بەریتانیا خەریکى نوسینى کتێبى سەرمایە بوو، و خاوەن قەرزەکان و دومەڵەکانى سەر پێستیشى گیانەسەریان کردبوو، کەوتبووە گلەیی لەوەى کەس تا ئێستا هێندەى ئەو شتى لەسەر پارە نەنوسیوە و کەسیش ئەوەندەى ئەو کەمى نەبووە؛ بۆڵەشى بوو «ئەم گەن‌وگووە ئابورییە» نەیهێشتووە کتێبە ئەستوورەکەى لەسەر بالزاک بنوسێت. بەرهەمەکانى مارکس پڕن لە ئاماژە بۆ هۆمەر، سۆفۆکڵ، ڕابیلیە، شکسپیر، سێرڤانتس، گۆتە و زۆر نوسەرى تریش. دیارە زۆر سەرسامى شاعیرانى وەک "ئەدمۆند سپینسەر"، شاعیرى کاسەلێسى شازادە ئەلیزابێتى یەکەم نەبوو، ئەوەى کە پشتگیریی لە تیرۆرى دەوڵەت کردبوو لە ئێرلەندا. میخائیل باکۆنینى ئەنارشیست، یەک لە کەلەڕەقترین نەیارەکانى مارکس لەنێو چەپى سیاسى دا،  دانى بەوەدا نابوو کەم کەس هەن وەک ئەو، هەم زۆر و هەم زۆرزانانەش شت بخوێننەوە. مارکس زمانى ئیتالى لە خوێندنەوەى دانتێ‌ و ماکیاڤیلى‌یەوە فێربوو، ئیسپانییش لە خوێندنەوەى سێرڤانتس و کاڵدیرۆنەوە، ڕووسییش لە هى پووشکینەوە. بۆیە مارکس لە یەکەمین پیادەکارانى چەمکەکەى گۆتە بوو، چەمکى ئەدەبى جیهانى، ئەو بیرۆکەیەى کە هەندێک لە باشترین نوسینە ڕەخنەییەکانى سەردەمى مەى لێ کەوتووەتەوە. تیۆرە ئێستاتیکییەکانى فرێدریش شیلەر، هاوەڵى کلاسیکزانى گۆتە، لەپشت ڕوانگەى ئەوەوەیە بۆ کۆمۆنیزم؛ واتە ئەو کۆمەڵگایەى وا گشت کەسى تیا ئازادە هەرچى دارایی و تواناى خۆیانە دەرببڕن.

مارکس بەگەنجى دەیویست ببێتە شاعیر نەک تیۆریستى سیاسى. کۆمەڵێک شیعرى ئاڵوواڵای ئەویندارانەشی بۆ "جێنى"ـى هاوژینى داهاتووى نوسیبوو کە لۆدۆڤیکۆ سیلڤاى فەیلەسوفى ڤەنزوێلایی لە کتێبى "ستایلى ئەدەبیی مارکس"دا، وا یەکەمجار لە ساڵى ١٩٧١ بە زمانى ئیسپانى بڵاوبووەوە، بە شیعرگەلێکى «بەشێوەیەکى بەدڵەوەنوساو خراپ» وەسپیاندەکات. دواتر مارکس دژى زێدەڕەوییە عاتفییەکانى ڕۆمانتیسیزم وەستایەوە، چونکە سەلیقە نیۆکلاسیکەکەى ئەویان لەمەڕ کێش و "جووتهاتنەوە" دەتۆراند. خۆ جارێکیان تراژیدیایەکى ئاست مامناوەنجیشى هۆنییەوە، ئەویش وەک مەشقێکى ناچاریى ئەو ڕۆژگارە کە بلیمەتە ئەدەبییە تازەپیاکەوتووەکانى پێ تاقیدەکرایەوە. پاژێک لە چیرۆکێکى خەیاڵییشى نوسى کە زۆر قەرزارى "تریستام شەندى[1]"يەکەى لۆرێنس ستێرن بوو، مەبەستم گەورەترین دژەڕۆمان[2]ـى ناو ڕۆمانە ئینگڵیزییەکانە. دواتر لە ژیانى خۆیدا ساڵى جارێک ئاخیل[3]ى دەخوێندەوە. حەزیدەکرد بە چەند زمانێکى جیاواز و بەدەنگەوە (بە دیکلەمەوە)، شیعر بۆ هاوڕێکانى و خێزانەکەشى بخوێنێتەوە؛ هەر لە ماڵەکەى خۆیشى لە لەندەن گرووپێکی بۆ خوێندنەوەى شکسپیر پێکەوەنابوو. بازنەیەکى کرێکارییشى لە برۆکسێل دامەزراندبوو کە بەبەرنامە بۆ مۆسیقا و ئەدەبیات دادەنیشتن. ئێلیانورى کچى، کە ڕەنگە خۆشویستنى بابى وایکردبێت زۆرى پێوە بنێت، دەڵێت: بابم هەموو شانۆنامەکانى شکسپیرى بە ئینگڵیزى و ئەڵمانى لەبەرە. گەرچى سەلیقەى ئەدەبیی وى، داواى بەرهەمگەلى سەنگینى دەکرد، بەڵام زۆر مەراقى چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانى ئەڵمانیش بوو، ئیدى لە کتێبە هەمەپەسەندەکانەوە بیگرە تا دەگاتە هى عاشقانە و ئەفسانە و شیعرى سەروادارى عامیانە. ئەو کەلتورى جەماوەریی ڕاستەقینە و ئەدەبیاتى زەرد و بازاڕیی ئینگلتەراى لێکجیادەکردەوە، چونکە پێى‌وابوو ئەو پیشەسازییەى وێندەر، هێند دواى قازانجى مادى دەکەوێت زەوقى مرۆ گەندەڵدەکات و هەستەکان هەرزانفرۆش‌دەکات.

مارکس یەک لە سەرچاوەکانى ئەو دیاردەیەیە کە ئەمڕۆ خۆمان پێى‌دەڵێین لێکۆڵینەوە کەلتورییەکان (cultural studies): تاکە بەرهەمى چیرۆکەخەیاڵ (فیکشن) کە سەرنجێکى زۆرى دابێتێ، ڕۆمانە پڕفرۆش و پڕخرۆشەکەى ئۆژین سوو[4] بوو، ئەوەى وا ناوى "نهێنییەکانى پاريس" بوو. هەروا بێتەوە، یەکێکیش بوو لە پێشەنگانى لێکۆڵینەوەى مێژوویی لە ئەدەب. مارکس، لایەنگرى ئەو تاقمە بوو کە خۆى پێى‌دەوتن «برایەتیی بەشکۆى ئەدیبانى[5] ئێستاى ئینگلتەرا» و هەریەکە لە دیکنز، تاکێرى، خاتوو گاسکێل و خوشکانى برۆنتەى دەگرتەوە؛ و دەیگوت ئەوانە لە هەموو مامۆستایانى ئەخلاق (مۆراڵفرۆشان) و سیاسییەکان زیاتر توانیویانە ڕاستییە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکان هەڵبماڵن. بەڵام ئەویش هەروەکو فرێدریک ئەنگڵسى هاوکار و هاوپشتى دارایی خۆى، بەپارێز بوو لەو بەرهەمە ئەدەبییانەى کە بەرنامەیەکى سیاسیی دیاریکراو دەرخواردى خوێنەر دەدەن. ئەو، هەموو نوسینێکى کاکڵەدارى دەخستە ژێر خانەى زاراوەى "ئەدەب"ـەوە، دەکەوتە وێزەى ئەو کەسانەشى وا حەقیقەتى ناو شیعر و چیرۆکان تێکەڵ بە جۆرەکانى ترى مەعریفە دەکەن. بە لاى ئەوەوە، داواکردنى سیستەمێکى فەلسەفى لە شاعیران و ڕۆماننووسان داوایەکى پووچ بوو. حەقیقەت[6] بۆ نوسەر، شتێکى ئەبستراکت و نەگۆڕ نیە، بەڵکو تایبەت و تاقانەیە.

مارکس نەیدەویست کارە ئەدەبییەکان بۆ مەرامى سیاسیى خۆى بەکاربهێنێت، بەڵکو دەیویست زمانى سیاسەت بە زاراوە ئەدەبییەکان دەوڵەمەندبکات. ئەو، بەهۆى قەرزکردنى وتەیەک لە ترۆیلوس و کرێسیداى شکسپیرەوە، گیانێک بە بەر شرۆڤەیەکى سیاسیی وەک دیپلۆماسیەتى تورکەکاندا دەکات؛ یاخود فاوەست و پالمیرستۆن [ـى"سەرەک وەزیرانى ئەو کاتەى بەریتانیا"] لە یەک ڕستەدا کۆدەکاتەوە. مانیفێستى کۆمۆنیست هەر لە دەسپێکى خۆیەوە پڕە لە وێنەى جوان و دڵگیر: «تارماییەک بە ئەورووپادا دێت و دەچێت [یان کەمێک حەرفییتر: تارماییەک/خێوێک چۆتە گیانى ئەورووپاوە]». کاتێک چاوێک بە سیاسەتى ئەودەمى فەڕەنسادا دەخشێنێت، بەتایبەت لە کتێبى هەژدەیەمى برۆمێرى لویی پۆناپارتدا، هەندێک وتەزاى وەک ئەمانە بەزەینیدا دێن: کۆمیدیا، تراژیدیا، مەهزەلە، باثۆس، لاوژە، پارۆدى، نواندن و هتد. ئەگەر دراما لە کرۆکى خۆیدا سیاسى بێت، ئەوا سیاسەت بێ‌ئەملاولا شتێکى شانۆییە. هەردووکیان لە وتاردان و ڕەوانبێژییدا یەکدەگرنەوە، و مارکس کە دایم پێیەکى لە شانۆ بوو، خولیایەکى زۆرى بۆ هەردوو هونەرە جەماوەرییەکە هەبوو. لە دەقە پیرۆزە عیبرییەکانیشدا، ڕێکارێکى ئاواهى دەبینینەوە کە ئەم جووە عەلمانی‌مەزەبە چاک هەرسیکردبوو: کاتێک هاوسەر و خوشکەکەى دەکەونەڕێ بۆ بەشدارى لە بزووتنەوەى «کڵێساى ئەخلاقى»، مارکس دەبۆڵێنێت و دەڵێت باشترە بچن پەیامبەرانى ناو کتێبى پیرۆز بخوێننەوە.

مارکس لە حەنناى ئەوەى پەخشانەکەى چۆن بێت، وەسواس و وردەکار بوو. جارێکیان بە بڵاوکەرەوەیەکى بێ‌سەبرى وتبوو: هەژارى، نەخۆشیی جگەر، و «ڕاڕایی بەرامبەر ستایل» ناردنى دەستنوسەکەیان دواخستم. وەک مامۆستایەکى ساتیر و تیزپێکردن کە بەویقارەوە شت دەردەبڕێت، بەجۆشوخرۆش و خۆنوێنییەوە دەنوسێت، لە خۆگیڤکردنەوەوە بۆ خۆڕۆمانسیکردنەوە، لە میهرەبانییەوە بۆ هەڵچوون. ڕۆژنامەیەک هەبوو لە شارى کۆڵن (بەناوى Neue RheinZeitung)، ئەو سەرنوسەرى بوو. سەرنجێکى هێجگار وردى ئەو نوسەرانەى دەدا کە قسەى لەسەر دەکردن، جاریش هەبوو مارکس خۆى وەکو ڕەخنەگرێکى ئەدەبى لەگەڵ ئەرگۆمێنتى سیاسیی نەیارەکانیدا دەجووڵایەوە. کتێبى "ئایدۆلۆژیاى ئەڵمانى" [ـى مارکس...]، شیکردنەوەیەکى کێشدارە دەربارەى پەخشانى کۆلکەنوسەرێکى ئەڵمانى، و پێماندەڵێت چۆنچۆنى ڕیتمە خەولێخەرەکەى، خوێنەر وا لێ دەکات سەرنجى نەچێتە سەر پڕوپووچیی ئەرگۆمێنتەکانى. ڕستەسازیی شەق‌وشڕ و میتافۆرى بێ‌ڕەپت، نیشانەى بیرێکى بێ‌ناوەڕۆکە.

گەر "ستایل" گوزارشت لە ڕۆحى نوسەر بکات، ئەوا ڕەنگە وردبوونەوە لێى وەک جۆرێک لە بێ‌چاوڕوویی دەربکەوێت، بۆ نمونە ئەو کاتەى بێ‌مۆڵەت لە سیماى کەسێک ورددەبینەوە. ستایل، تایبەتێتى و خزێتییەکى خۆى هەیە کە ناهێڵێت هەروا خۆمانى تێ هەڵقورتێنین. نوسەران پێیان خۆشترە بڵێیت گرێچنى چیرۆکەکەتان قایلکەر نیە، تا ئەوەى ڕستەسازییەکەتان ڕێکوپێک نیە. ڕۆلان بارت[7] دەڵێت، ستایلى ئەدەبى هەروەکو ڕۆچوون وایە بە قووڵاییەکانى لەشدا، بۆیەشە ستایلى هەرکەسێک وەک ئەندامە ناوەکییەکانى ئەو کەسە شتێکى خودى و تایبەتە. ڕەنگە ئێمە پێویستمان بە دەروونناسییەکى تایبەت بە ستایل هەبێت بۆ ئەوەى تێبگەین بۆچى فڵان نوسەر لە فڵان دەنگ و ڕیتم بێزارە، و دەشنوسێت بە ئەوانیترەوە. ئەى ستایل چۆنچۆنى بەهۆى بەزەینداهاتنەوە (بیرهاتنەوە)کانى نەستەوە درووستدەبێت؟ بۆچى وادەردەکەوێت شکسپیر سەگى ئیسپانیۆل بەهۆى حەلواى تواوەوە بیردەخاتەوە؟

لۆدۆڤیکۆ سیلڤا، ئەو بیرۆکەیەى بەلاوەناوە کە ستایل پرسێکى ئەوەندە خودى و تایبەت بێت و بۆ باسوخواسى گشتى دەستنەدات. دەشڵێت پێکداچوونێکى بەرچاو لەنێوان ستایلى نوسینى مارکس و تێڕوانینی‌دا بۆ مێژوو هەیە. هەندێک کەرەستەى ڕەوانبێژى لە کارەکانى ئەودا هەن لە هەمووى زیاتر بەرچاودەکەون وەک ئایرۆنى[8]، پارادۆکس (کۆکردنەوەى دژەکان)، هەڵگێڕانەوە، یەکتربڕین[9]، دژیەکى. هەردەڵێى فڕوفێڵ و هەڤدژییەکانى مێژوو بەدزییەوە خۆیان کردووە بەناو شێوازى نوسنیى ئەودا. بەپێى وتەى سیلڤا، ستایلى نوسینى مارکس نایەت بەسادەیی ئەم ململانێیانە بنەخشێنێت، بەڵکو «دەیانخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە». بەپێى تێڕوانینى سیلڤا، ئامانجى مارکس ئەوەیە وشە و مانا تا ئەو ڕادەیەى ڕێى‌تێدەچێت، تێکەڵى یەکتر بکات. هەر بۆیەشە ئایدیاکانى وى ئەبستراکت نین و بەزۆرى لێیان حاڵى دەبین. ئەم تێڕوانینە دەرگامان لەسەر دەکاتەوە، گەرچى گەرەکە وریاشى بین. وشەکان و ماناکان، شتانێک نین هەروا بتوانین تێکەڵیان بکەین، یان هەروا بەسادەیی بتوانین لێکیان جیابکەینەوە. نوسین دەتوانێت ئەو هەستەمان لەمەڕ زمان پێ ببەخشێت کە بە بەرى پێچەوانەى واقیعدا دەجووڵێت، وەک ئەوەى هاملێت دەڵێت: «نا، بەڵام ژیانکردن/ لە ئارەقى بۆگەنکردووى تەختەخەوێکى قڵیشاودا»، یان ڕەنگە وادەربکەوێت لە کۆتى جیهان ئازادبووە، وەکئەوەى لە زۆر شیعرى شیلى[10]دا دەیبینین، بەڵام نابێت ئەم میتافۆرە شوێنەکییانە دەقاودەق وەکو خۆى وەربگرین. بە هەمان شێوە، لاى مارکسیش تووشى ئەو شتە دەبین کە سیلڤا ناویدەنێت «وێناکردنى تیۆرى[11]»، ئەوەى کە قورسە چەمک و وێنەى تیا جیابکەیتەوە. پێدەچێت بازێک لە ئایدیاکانى مارکس لە فۆرمى وێنەدا پەڕیبێتنە ناو زەینى، کتێبەکەى سیلڤا چاوێک بە چەند میتافۆرێکى بنەڕەتیی مارکسدا دەگێڕێت (بۆ نمونە، سەرخان[12] کە بڕبڕەى پشتى فیکرەکەیەتی). میتافۆر لێرەدا ڕۆڵێکى [مەعریفى] و ناسینەکیی[13] هەیە نەک ڕازێنەرەوە، ئامرازى کەشفکردنە نەک ڕازاندنەوەى ئاخاوتن.

هێشتاش هەر چەمکى ستایل، چەمکێکە لە پرسى وێنەسازى تێدەپەڕێت؛ و کتێبەکەى سیلڤا تا ئاستێکى زۆر بێدەنگیی لەم ڕووکارانەى تر کردووە: تۆن (tone)، ڕیتم، بزووتن، زیل‌وبەم، کەش و مزێج، سینتاکس، شیرازە و هتد. لەجیاتیی ئەمانە، کتێبەکە سەرنجى بونیادى فۆرماڵ[14]ـى دەقەکانى مارکس دەدات، گەرچى ئێمە فێرین بونیاد (ستراکتۆر) نەخەینە خانەى ستایلەوە. مارکس خۆى هەریەکە لە بەرهەمەکانى بە کۆپارچەیەکى هونەرى ناودەبرد، سیلڤاش پێى‌وابوو ئەم یەکپارچەییە، تایبەتمەندیی هاوبەشى هونەر و زانستە. ئەو دەنوسێت: «شتى زانستى لەبەر ئەوە زاستییە کە یەکێتییەکى ڕێکخراو و بیناسازییانەى هەیە، و هەریەک لە بەشەکانى ئەم یەکێتییە لەگەڵ ئەویتریاندا وێکدێنەوە و بەبێ ئەو گشت (whole)ـە هیچیان بەتەنیا حەقیقەتیان پێ نیە». بەڵام زانست لەم قسانە پەشێوتر و پەڕپووتترە، بەشەکانیشى بۆ ئەوەى ڕاست دەربچن پێویستیان بە شتێکى زیاترە لە وێکهاتنەوە و ڕێکهاتنەوە. جادوو و بەختگرتنەوە، دوو سیستەمى یەکانگیرن. لە بوارى هونەردا، ڕوانینى سیلڤا دەرهەق بە پەیوەستبوونى نیۆکلاسیکیی مارکس بە پرسى یەکێتى و یەکگرتووییەوە، ڕوانینێکى زۆر ناڕەخنەییە. ژمارەیەکى زۆر کارى هونەرییمان هەیە، لانیکەم لە ساڵى ١٩٠٠ بەملاوە، کە بە نایەکانگیرى و پارچەپارچەبووندا دەناسرێنەوە.

ڕەنگە بتوانین حەزى مارکس بۆ وێنە و [وێنەسازى]، بگەڕێنینەوە بۆ ئەوەى متمانەى بە ئەبستراکتکردن[15] (پەتیکردنەوە) نەبوو [چونکە وێنە بەجۆرێک دوورکەوتنەوەیە لە پانتایی ئەبستراکت]. با ئەو عەقڵانییەکى سەردەمى ڕۆشنگەرییش بێت، هیومانیستێکى ڕۆمانتیکیشە کە شتانى کۆنکرێت و بەشەکیى پێ گرنگە. ڕۆڵى ئایدیا ئەبستراکتەکانى لە تیۆرى سیاسییدا پێ پەسەندە، بەڵام بە چاوێکى سادە و لاوەکییشەوە سەیریاندەکات. ئاڵۆزیی ڕاستەقینە کەوتووەتە شتە بەرجەستە و کۆنکرێتییەکانەوە. خولیاى ئەو بۆ شتى بەرجەستە و هەستپێکراو دەگەڕێتەوە بۆ ماتریاڵیزمەکەى، بەڵام بەشى خۆیشى دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانینە ئێستاتیکییەکەى. وشەى " aesthetic" (ئێستاتیکا)، لەبنەڕەتدا بە واتاى درک و هەستپێکردن دێت، مارکسیش هەڵوەداى هونەرێک بوو توند لکابێت بە شتانى بەرجەستە و هەستپێکراوەوە. هەر لەبەر ئەمەش، ستایشى ڕیالیزم (واقیعگەرایی) دەکرد، ئەوەى کە وادەردەکەوێت وشە و شت (thing) یەکدەخات، بەڵای سەر ئەو زمانەشە وا خۆى لە دەنگ و ڕیتمەکانیدا دەڕازێنێتەوە؛ هەروەکو شیعرەکانى سەردەمی گەنجیی خۆى.

لەپشتى ئەم لەپێشدانانەوە، سیاسەتێک نوستووە: خەڵکە کرێکارەکە نزیکى زەوى دەژین، لەحاڵێکدا جوانپۆشان، جواننوسان، و فەیلەسوفانى ئایدیالیست هاوتا کۆمەڵایەتییەکەى «خۆپەسەندانى دابەستە»ن لە کایەى هونەردا. جێى سەرسوڕمان نیە کەوا مارکس زۆرجار دەگەڕایەوە سەر "دۆن کیشۆت"، ئەوەى کە پێکدادانى فەنتازیاکانى ئاغا و کردارپەرستیی مرۆى کۆیلە دەخاتەڕوو. مارکس لە "ئایدۆلۆژیاى ئەڵمانى"دا بە نەغمەیەکى ناڕازییەوە دەڵێت ئەم خەونبین[16]ـانە زمانیان کردووەتە قەڵەمڕەوێکى ئۆتۆنۆم کە خۆیان لێى دەخوڕن، بۆیە ئیشى مرۆى ماتریالیست ئەوەیە زمان بگەڕێنێتەوە بۆ دونیاى واقیعى، بۆ ئەو جێیەى کە زمان دەرکەوتەى ژیانى پراکتیکییە. ئەم باسە ئاماژەیەکیشە بۆ ڤیتگنشتاینى دوایین، کە دوور نیە جۆرج تامسۆنى هاوڕێى کۆمۆنیستى، کتێبەکەى مارکسى پێ دابێت. مارکس کەیفى بە پرۆمیسۆس، پاڵەوانى ئوستوورەیی دەهات. نەک هەر لەبەر ئەوەى لە خوداکان یاخى بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە ئاگرى لە ئاسمانەوە هێنایە سەر زەوى، هەروەکو مارکس خۆى کە دەیویست ئاگایی[17]بگەڕێنێتەوە سەر [زەوی]ـى واقیع. لە بەرهەمەکانى ئەودا، دەبینین بەردەوام ڕەخنەى کیمێرا (خەیاڵاتى ڕووتى ئوستوورەیی)، وەهم، فەنتازیا، ئایدۆلۆژیا دەکات؛ هونەر دەتوانێت هەریەکە لەم ئاگاییە درۆیینانە بەهێزبکات یانژى یارمەتیمانبدات لاوازیان بکەین. مارکسیش هەروەکو فرۆید، وەهم بە بەشێکى پێکهێنەرى "بوونى کۆمەڵایەتی[18]" دادەنێت، ئەویش وەک هەڵەژمێرییەک نا کە هەروا ئاسان ڕاستبکرێتەوە. ئامانجى هەردووکیان لەبنچینەدا ئەوە نەبوو وەهم لەناوببەن، بەڵکو دەیانویست [بچنە بنج‌وبناوانیەوە] و لە هۆ و ئەنجامە مادییەکانى بکۆڵنەوە.

ئەو شیعرەى کە تەنیا لە بەرجەوەنە[19] دەنگییەکەى خۆیدا دەسوڕێتەوە، جۆرێکە لە فۆرمالیزم، و لە دیدى مارکسیشەوە جۆرێکە لە کاڵا. بەهاکەشى لە تایبەتمەندییە مادییەکەیدا نیە، بەڵکو لەو ئاڵوگۆڕە فۆرماڵ[20]ـەدایە وا لەگەڵ بەرهەمەکانى چەشنى خۆیدا هەیەتى. کاڵاکان، سەرەڕاى ڕووکارە فریودەرەکەیان، شتانێکى پەتى و ئەبستراکتن، شتاتێکى بێ‌گۆشت‌وخوێن، ئەرکى سۆسیالیزمیش ئەوەیە لەشە مادییەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە. وێڕاى ئەمەش، مارکس کاڵاکانى بە کۆمەڵێک فیتیش دەزانى کە دەسەڵاتى مادى بەسەر مرۆڤەکاندا پیادەدەکەن. کارلێکى وان لە بازاڕدا دەتوانێت پیاوان و ژنان بێکاربکات یاخۆ ڕادەستى کرێیەکى مەمرەومەژییان بکات. بۆیە کاڵاکان لە یەک کاتدا هەم لەڕادەبەدەر فۆرماڵن و هەم لەڕادەبەدەر مادییشن، لەم ڕووەوە لە کارێکى هونەریی بێ‌سەروبەر دەچن. هونەر لە شمەکى مادى درووستدەکرێت، بەڵام مادەیەکە فۆرمێکى مانادارى وەرگرتووە. هونەر گوزارشت لە یەکێتیى نێوان فۆرم و ناوەڕۆک دەکات کە لە بازاڕى سەرمایەدارى دا ئەم [جۆرە یەکێتییە مانادارە] دەستناکەوێت. لەم ڕووەوە، فیکرى مارکس سەر بەو میراتە ڕەخنەییە ئێستاتیکییەیە لە سەرمایەدارى کە لە شیلەر و جۆن ڕووسکینەوە درێژدەبێتەوە تا ولیام مۆریس و مارکۆزە.

بەپێچەوانەى زۆرینەى ڕیالیستەکانەوە، مارکس لەبەر ئەوە هونەر بە دیاردەیەکى بەنرخ نازانێت کە واقیع دەنوێنێتەوە. شتەکە بەراوەژووە، هونەر لەبەر ئەوە بایەخى بۆ مرۆڤایەتى هەیە کە خۆى لەخۆیدا ئامانجێکە. هونەر، ڕەخنەیە لە عەقڵى ئامرازى[21]. جۆن میڵتۆن، بەرهەمەکەى خۆى (بەهەشتى ونبوو)ـى بە پێنج پاوەند فرۆشتە وەشانخانەیەک، بەڵام بەو جۆرەش بەرهەمیهێنا «کە کرمى ئاوریشم، ئاوریشم بەرهەمدێنێت. ئەو کارەکەى خۆى تەواو پێ سرووشتى بوو». هونەر لەڕووى دەربڕینى ئازادانە و هاوئاهەنگانەى هێزە مرۆییەکانەوە، شاسەرمەشقى باش‌ژیانە. هونەر ڕادیکاڵە، لەبەر ئەو شتە نا کە دەیڵێت، بەڵکو لەبەر ئەوەى کە خۆى هەر وایە. هونەر [لەبنەڕەتدا] وێنەى کارى نامۆنەبوو (non-alienated)ـە، ئەویش لە جیهانێکدا کە پیاوان و ژنان ئەو شتانە ناناسنەوە کە هەر خۆیان ئەفراندوویانن.

جا بۆیە ئێستاتیکا (جوانیناسى)، زیاتر لەوەى چەپى سیاسى وێنایدەکات، هەڵگرى حەقیقەتە. قسەکە ئەوە نیە هونەر بخەینە جێى ژیان، بەڵکو گەرەکە ژیان بگۆڕین بۆ هونەر. ژیانکردن وەک کارى هونەرى، یانى ئەوەى هەموو توانستەکانى خۆت تێبگەیت و کردەکییان بکەیتەوە- ئەمەیە تیۆرى ئاکار لاى مارکس. بنەچەى سیاسەتەکەشى هەر ئاوایە: سۆسیالیزم، گردەکۆیەک ڕێکخستنى دەزگاییە ئەم ئیمکانە دەگەیەنێتە ئەوپەڕى خۆى. گەر کارى هونەرى لەم دۆخە باڵادەستەدا هەرس نەکرێت و [ئابڕووچوونێک بێت]، لەبەر ئەوە نیە پشتیوانى لە پرۆلیتاریا دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ژیانێکى ئاوا تێروپڕ لە بندەستى سەرمایەدارییدا ناڕەخسێت. هونەر، وێنەى ژیانێک دەکێشێت کە وزە مرۆییەکان تەنیا لەپێناوى کەیف‌وسەفاى خۆیاندا هەن و هیچى تر. هونەر لەکوێ بوو، مرۆڤایەتییش لەوێیە.

بەڵام پێویستە ئەم خۆبەدیهێنان و [خۆرسکاندنە]، لە تاکەکەس ژوورتر بڕوات؛ هەر لەبەر ئەمەش بوو مارکس ئەم پاشکۆ بەپێزەى بۆ ئەم دۆسیە مرۆییە زیادکرد. پێویستدەکات بەشێوەى دوولایەنە، هێز و تواناتان بهێننەدى، واتە ئەوانیتریش بە هەمان ڕێژە بتوانن گوزارشت لە بوونى خۆیان بکەن. یان وەکئەوەى لە "مانیفێستى کۆمۆنیست"دا هاتووە: گەشەى ئازادانەى هەر تاکێک، مەرجى گەشەى هەموو ئەوانیتریشە. لەم ڕێگەیەوە بوو توانیی ئاکارێکى بەبنەڕەت ئەریستۆکراتى، بگۆڕێتە سەر کۆمۆنیزم. ئۆسکار وایەڵد لە وتارەکەى خۆیدا "ڕۆحى مرۆڤ لە سایەى سۆسیالیزمدا" بەجۆرێک لە جۆرەکان هەمان شت دەڵێت. ئەوەى کە کەسانى بێکارەى وەک خۆى چاولەڕێى نەزمێکى سۆسیالیستیین و ئەمەش بۆ هەموان وەکو یەک فەراهەم دەبێت. وایەڵد لەو بڕوایەى خۆیدا کە ئامانجى سیاسى ڕزگاربوونە لە کار [ـى کاڵایی] نەک پیشاندانی وەک شتێکی «داهێنەرانە»، لە مارکسەوە نزیکترە تا ولیام مۆریس؛ گەرچى مۆریس مارکسى بوو نەک وایەڵد.

تێزێکى وەک خۆبەدیهێنان، کۆمەڵێک گرفتى بەدواوەیە، وەکچۆن هەر فۆرمێک لە ئاکار بگریت کۆمەڵێک گرفتى هەیە. وەک‌بڵێى گریمانەکە لەسەر ئەوە داڕێژراوە کە توانا مرۆییەکان خۆیان لەخۆیاندا شتێکى پۆزەتیڤن، و تاکە کێشەیان ئەوەیە ڕێ لە بڕێکیان گیراوە. بەڵام خۆ دەبێت ڕێت لێ بگرن تەقە لە مناڵی خەڵک نەکەیت، با [ئەم ڕێگرییە] زیان بە داهێنەرێتیی تۆش بگەیەنێت. گرفتێکى تری ئەم تێزە ئەوەیە دەڵێت توانا جۆراوجۆرەکانى مە لەگەڵ یەکتردا کۆک و هەماهەنگن، کە دیارە ئەمە ڕاست نیە. هەروەکو کەلتورى پۆستمۆدێرن کە ئەویش هەمان هەڵەدەکات و هەمەڕەنگى لە زاتى خۆیدا بە شتێکى بەنرخ دەزانێت. بەڵام بۆ دەبێ ژیانێکى لێوڕێژ لە هاندەرى هەمەڕەنگ بەنرختر بێت لە ژیانێکى تەرخانکراو بۆ یەک چالاکى؟ ئەگەر ئیما ڕادوکانۆ [ـى "یاریکەرى تێنس"] کەمتر یاریی تێنسى بکردایە، ڕێى تێدەچوو ژیانێکى پڕترى هەبووایە، بەڵام خەڵک بیانوویەکى باشیان بەدەستەوەیە ئیرەیی پێ ببەن.

مارکس هەرگیز نەهات کتێبێک لەسەر ئێستاتیکا بنوسێت. لەجیاتیی ئەوە هات بەچاکى بەکاریهێنا و سنورى نێوان هونەر و سیاسەت و ئابوریی هەڵگرت. بەم کارەشى بەڕووى ئەو دابەشکردنەى کاردا وەستایەوە کە تادەهات برەویدەسەند؛ وەکچۆن حەسرەتى بۆ شوێنەوارەکانى دابەشکردنى کار دەخوارد لە کۆمەڵگاى پیشەسازى دا. ئەو لەم ڕووەوە، لە تیۆرى ئاکارەکەیدا، خۆى بەستەوە بە ئایدیاڵى گشتێتىیەوە[22] کە وەک میراتێک لە بەرهەمە کلاسیکەکانەوە بۆى مابووەوە، ئایدیاڵێک کە چیدى ئەو هێزوگوڕەى جارانى نیە. هەر بۆ تەوسى ڕۆژگار، ئەم ئاژیتاتۆر[23]ـە سیاسییە ماندوونەناسە، لە هەناوى مێژوودا ململانێ و ناکۆکى (هەڤدژى) دۆزییەوە و لە هونەریشدا تەبایی و یەکپارچەیی؛ ئەو پیاوەى کە برێخت وتەنى ژمارەى ئەو وڵاتانەى بەتۆپزى گۆڕیبوونى لە ژمارەى ئەو پێڵاوانە زیاتر بوو کە دڕاندبوونى. ئەوە تەنیا لەگەڵ سەرهەڵدانى مۆدێرنیزم و بزووتنەوەى ئاڤانگارددا بوو کە دژیەکى و ململانێکانى مێژوو لە هونەردا دەرپەڕیبوون. بەڵام لە نامەیەکى مارکسدا هەندێک وردەکارى هاتوون کە ڕەنگە بتوانین بە خەبەردانى پێشوەختەى ئەم چرکەساتە کەلتورییەى بزانین. ئەوە بۆ ئەنگڵس دەگێڕێتەوە وەرگێڕێکى عەرەبى بیستووە بەناوى «دا-دا» (Dâ-Dâ)، و دوور نیە ئەم ناوە بکاتە ناونیشانى یەکێک لە بڵاوکراوەکانى. لەڕاستییدا ئەم دوو بڕگەیەى نەکردە ناونیشان، بۆ ئەوەى ئەوانەى دواى خۆى بیکەن.            

         

           

      

پەراوێزەکان:


[1] Tristram Shandy

[2] anti-novel

[3] Aeschylus

[4] Eugène Sue

[5] . مەبەست لە ڕۆماننوسان و چیرۆکنوسانە پێکەوە- و

[6] Truth

[7] Roland Barthes

[8] Irony

[9] Chiasmus

[10] Shelley

[11] theoretical imagination

[12] superstructure

[13] Cognitive

[14] formal structure

[15] Abstraction

[16] Dreamer

[17] Consciousness

[18] social existence

[19] . پێدەچێت وشەى "بەرژەوەندى"يش هەر لێرەوە هاتبێت کە لایەنێک لە ڕوانگە و گۆشەنیگاى خۆیدا دەسوڕێتەوە- و

[20] formal exchange

[21] instrumental reason

[22] ideal of wholeness

[23] . ئاژیتاتۆر (agitator)، کەسێکە خەریکى هاندانى سیاسى و پراکتیکى بێت و بانگەشەى بۆ بکات- و