A+    A-
(649) جار خوێندراوەتەوە

گەشتێک لەودیو سنوورەکانی نارسیزمەوە

 

 

 

 

تۆد مەک‌گوان

و. شێروان ئیبراهیم

 

 

 

لە زۆرینەی سیمینارەکاندا، لاکان هێرشدەکاتە سەر عەشق وەک وەهمێکی نارسیستی [خودئەڤینانە][1]. ئەو دەمەی سوبێکت عاشق دەبێت، ئەویتر دەخاتە هەمان ئەو جێگەیەی وا ئیگۆ[2] لە پەیوەندیی نارسیستییدا داگیری دەکات. هەریەک لە نارسیزم و عەشق بوار بە سوبێکت دەدەن شۆرتێک بخاتە پەیوەندییەوە لەگەڵ دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی، هەرچەند هێشتاش [سوبێکت] لەنێو قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتییدا ماوەتەوە. لێرەوە، مرۆڤ هەست ‌بە ئازادی دەکات بەبێ ئەوەی بەرگەی بێ‌بناغەیی ئازادیی ڕاستەقینە بگرێت. هەرچەند لاکان ئەگەری ئاوارتەیەک دەهێڵێتەوە، وەلێ بەم ڕستەیە هەڵوێستەکەی دەردەبڕێت «عەشق تەنها ئەودەمە بەردەستە کە نارسیستانەیە»[3]. ئەو دەمەی مرۆڤ ئەویتری خۆشدەوێت، ئەوا بەنێوانگیریی ئەویتر خۆی خۆشدەوێت. هەڵبەت مرۆڤ لەسەروەختی عاشقبووندا، خۆی وەک نارسیست نابینێت، بەڵام ئەمە بەرئەنجامی فرتوفێڵی عەشقە. هاوزەمان، نارسیزم دوایین قسەی لاکان نییە بەنیسبەت عەشقەوە.

قەینا عەشق ئەویتر دەخاتە پێگەی ئیگۆوە، وەلێ پەیوەندیی عەشق هێشتا لەق و لەرزۆکترە بەراورد بە پەیوەندیی نارسیستی. ئاخرییەکەی، نارسیزم پەیوەندییەکی هیوابڕە، سوبێکت بۆ ئەبەد بەرگەی ناگرێت، بەڵام ئۆبێکتی عەشق بەجۆرێک سوبێکت تووشی تراوما دەکات، ئیگۆ قەت پێی ناکرێت. دواجار ئیگۆ هەر وێنەیەکە، ئایدیاڵێکە سوبێکت لەبارەی خۆیەوە دەیکێشێت، بەڵام لە عەشقدا وێنەکە هەردەم ناکامڵە. ئەویتر دەتوانێت ئاگری عەشق لە سوبێکتدا هەڵگیرسێنێت، تا ئەوکاتەی بچووک نەبێتەوە بۆ ئەو وێنەیەی بۆی کێشراوە.

سەرەتا ئەم بچوک‌نەبوونەوەیە [بچوک نەبوونەوەی ئەویتر بۆ ئەو وێنەیەی بۆی دەیکێشین] ئارەزوومان دەورووژێنێت. ئارەزووی ئەو شتە دەکەین لە وێنەکەدا نایبینین، لەسەر بناغەی ئەو شتەی دەیبینین. بەو مانایەی، ئۆبێکتی عەشق چیتر بەتەنها وەک ئۆبێکتی ئارەزووکراو نامێنێتەوە. ئارەزووەکەمان بزوێنەری ئارەزووی ئۆبێکتە، هاوکات عەشق بەریەککەوتنی ئەم دوو ئارەزووە یەکتربڕە دەگرێتەخۆ. بەریەککەوتن لەگەڵ ئارەزووی ئۆبێکتی عەشق [مەعشوق]، ئەم عەشقە دەگۆڕێت بۆ ئەزموونێکی جیا لە ئارەزوو. ئارەزوو وا دەکات سوبێکت مەودایەک [لەگەڵ ئارەزووکراودا] بهێڵێتەوە، وەلێ عەشق ئەم مەودایە دەسڕێتەوە. هەر لەم خاڵەدا، ڕادیکاڵییەتی عەشق بەراورد بە ئارەزوو دەبینینەوە.

ئەم کاردانەوەیەی ئۆبێکتی عەشق، سەرچاوەی ڕەهەندە وێرانکەرەکەی عەشقە. لە عەشقدا، ئەوەی ناتوانین بیبینین، دێتەوە پێشمان. لە سیمینارێکدا دەربارەی دیاردەی گواستنەوە[4] (لەگەڵ خوێندنەوەیەکی تێروتەسەل بۆ سیمپۆزیۆمی ئەفڵاتون)، لاکان جەخت لەم خاڵە دەکاتەوە، هەر لێرەشدا چڕوپڕترین باسوخواسی وی لەمەڕ عەشق بەدی دەکەین. لاکان پێی وایە، «عەشق ئەو شتەیە، بەو ئۆبێکتەدا تێدەپەڕێت وا لەڕێگەی ئارەزوومانەوە دەستمان بۆی درێژکردووە؛ هەروەها ئەودەمەی ئارەزوومان گڕدەسێنێت، ڕێخۆشکەرە بۆ دەرکەوتنی ئەم کاردانەوەیە، واتە ئەو دەستەی کە بۆمان درێژکراوە لەشێوەی ئارەزووی ئەویتردا». ئارەزوو لەو شوێنەی چاوەڕوانی شتێکی جەوهەری دەکات ڕووبەڕووی وەهمی ئۆبێکت دەبێتەوە، بەڵام عەشق ڕووبەڕووی ئەو شتە دەبێتەوە وا هەرگیز چاوەڕێی نەدەکرد.

کاردانەوەی مەعشوق _«ئەو دەستەی کە بۆمان درێژکراوە»_ بوونی ڕۆژانەی سوبێکت ڕادەتەکێنێت. مرۆڤ ناتوانێت پێشبینی ساتی سەرهەڵدانی ئەم کاردانەوەیە بکات یان کاربکات بۆ سەرهەڵدانی ئەم کاردانەوەیە، بۆیە کتومت وەک موعجیزەیەکی سیکۆلارانە دێتەپێشچاو. لە عەشقدا، ئۆبێکت لە شوێنی گونجاوی خۆی نامێنێتەوە. کاردانەوە [ـی مەعشوق] بەرامبەر ئارەزوو [ـی عاشق]، سوبێکت ناچاردەکات سەرپاکی ژیانی بگۆڕێت، بەبێ هەبوونی ڕێنوێنییەک بۆ چۆنێتی ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییە. ڕاستە عەشق دەرفەتی ژیانی ئاسایی لەناودەبات، بەڵام سوبێکت پڕدەکات لە تێربوون. چیتر ژیان هەروا سادەوئاسان ناچێتەپێش.

عەشق کردەی نزیکایەتییە. عاشق نایەوێت مەودایەکی سەلامەت لەگەڵ مەعشوقدا بپارێزێت، لێرەشەوە، سوبێکت بۆردووماندەکات بە تەرزێک لە تێربوون کە سوبێکت ناچارە خۆی لەگەڵیدا ڕابهێنێت. هەمان ئەو تێربوونەی لێی دەسەڵەمینەوە، لە کردەی عەشقدا باوەشی بۆ دەکەینەوە. هەر بەم هۆیەوە عاشقەکان دەتوانن ساتە هەرە تایبەتەکانیان لەگەڵ یەکتردا هاوبەشى پێ بکەن: دەتوانن نامۆترین خەونەکانیان بۆ یەکتر بگێڕنەوە و پێکەوە بچنە حەمامەوە. ئەو شتانەی مایەی دوورخستنەوە و ڕەتکردنەوەی ئەوانیترە، دەبنە پێکهێنەری پەیوەندیی عاشقانە.

وەک دەزانین، عاشق کەموکوڕییەکانی مەعشوق دەگۆڕێت بۆ خاڵی دڵخواز. بۆنی ناخۆش، جلوبەرگی شڕوشپرزە، شێوازی خواردنی دزێو [لە مەعشوقدا]، دەبنە خەسڵەتی سەیر و سەرنجڕاکێش [بەلای عاشقەوە]، نەوەک ببنە مایەی مەوداپارێزی. عاشق باوەش بۆ دزێوترین خەسڵەتەکانی مەعشوق دەکاتەوە، وەک بەرزەنیشانەی بەهای مەعشوق لێیان دەڕوانێت. مەسەلەن، ئەو بۆنە ناخۆشەی بەرئەنجامی خۆنەشۆردنە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی، مەعشوق بێزارە لەو سرووتە ڕۆژانەییانەی ئەوانیتر کاتی خۆیانی تێدا بەفیڕۆ دەدەن. کامە خەسڵەت لە عالەمدا نەرێنییە، کردەی عەشق دەتوانێت پێچەوانەی بکاتەوە: ڕەنگە قەڵەویی بگۆڕێتە سەر ژیکەڵەیی، لەڕیی [ڕەقەڵەیی] ببێتە لەشجوانی، ناڕێک‌پۆشی ببێتە مۆدەیەکی تایبەت و هتد. پێچەوانەی ئارەزوو، عەشق ئامێزکردنەوەیە بۆ خەسڵەتە ئارەزوونەکراوەکانی ئۆبێکت.

لە «بوون و ڕووداو»[5] و چەند دەقێکی تریشدا، ئالان بادیۆ عەشق دەهێنێتە ئاستی ڕووداو، وەک یەکێک لە چوار ڕێکارەکەی حەقیقەت [هونەر، زانست، سیاسەت، عەشق]. بەڵام هەبوونی عەشق لەنێو ئەم لیستەدا شاز دێتەبەرچاو. وەختێک مرۆڤ ئەوەڵین جار «بوون و ڕووداو» دەخوێنێتەوە، هەستدەکات تێڕوانینی بادیۆ سەبارەت بە ڕووداوی عەشق، سەهوویەکی فەلسەفییە، عاتیفەی بەسەر فەلسەفەکەیدا زاڵبووە. بادیۆ حەقێتی سەرسام بێت بە هەستی عاشقبوون، وەلێ ئەمە نابێتە پاساوێک بۆ لەقەڵەمدانی [عەشق] وەک ڕێکاری حەقیقەت.  

پێچەوانەی سیاسەت و هونەر و زانست، عەشق دیاردەیەکی دابڕاوە. دیاردەی عەشق _بۆ نموونە، پەیوەندیی فڵان کوڕ و فڵان کچ_ هەمان باندۆری مێژوویی شۆڕشی فەرەنسی (ڕووداوێکی سیاسی) یان داهێنانی دوانزە-تۆنی[6] (ڕووداوێکی هونەری) نییە. تەنانەت سەرنجڕاکێشترین ڕووداوی عەشق، وەک پەیوەندییەکەی نێوان ئیلویز داژەنتای و پیتەر ئابیلارد[7]، ناتوانێت هێندەی هەڵکوتانەسەر زیندانی باستیل گۆڕانکارییەکی جەوهەریی بهێنێتە ئاراوە.

بەڵام بادیۆ عەشق لەپاڵ سیاسەت و زانست و هونەردا پۆلێندەکات، چونکە دەتوانێت ژیانی ڕۆژانە وێران بکات، دەتوانێت تاسەی سوبێکت بوروژێنێت (بەمانایەک، هەردووکیان یەک شتن). دەشێت عەشق ڕێکارێکی شازی عەشق بێت، ڕەنگە ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕێکارێکی پارادایمیی حەقیقەتە. ئەو تێکدانەی عەشق دەیخاتە نێو ژیانی ڕۆژانەمانەوە، زۆر بەرهەستترە بەراورد بە تێکدانەکەی سیاسەت و هونەر و زانست. سوبێکتی عاشق هەستدەکات ناتوانێت بەبێ مەعشوق بژی، بەڵام گالیلۆ ئەم هەستەی نەبووە بەرامبەر ئەو ڕووداوە زانستییەی پێیەوە سەرقاڵ بووە. دەکرێت سوبێکت لەپێناو عەشقەکەیدا بمرێت، بەڵام ڕێی تێ ناچێت لەپێناو سیستەمی دوانزە-تۆنی مۆسیقادا وەها کارێک بکات. چونکە عەشق لە ڕێکارەکانی دیکە وێرانکەرترە.

ڕوانگەی سینیکی[8] بۆ عەشق ناتوانێت ئەم وێرانکارییە ببینێت. بەقسەی بادیۆ، سینیک پێی وایە «عەشق یەکێکە لە فۆرمە گشتێنراوەکانی چێژگەرایی[9]»، ئەم سینیزمە وا دەکات مرۆڤ خۆلابدات «لەو ئەزموونی ئەویترێتی[10]ـیە قووڵ و ڕەسەنەی کە عەشق لێیەوە چنراوە». نکۆڵیکردن لە حەقیقەتی عەشق _هەژمارکردنی وەک پیلانێکی سەرمایەداری_ ڕێگەیەکە بۆ خۆلادان لەو گۆڕانەی عەشق دەیخوازێت، وەلێ هاوکات بوونی مرۆڤ بێ‌بەها دەکات[11]. ئەو تاسەیەی عەشق دایدەگیرسێنێت، هاندەری سوبێکتە بۆ درێژەدان بە ژیان.

وەختێک کۆمەڵگەی سەرمایەداری عەشق لەشێوەی ڕۆمانسییەتدا دەپێچێتەوە، بەنیازە ڕەهەندە وێرانکەرەکەی بسڕێتەوە و تاسەکەی بهێڵێتەوە. وەلێ ئەمە ئەرکێکی مەحاڵە، چونکە ڕاستە عەشقی سوبێکتی سەرمایەداری سەلامەتە، بەڵام عەشقێکی نوقسان و داشکێنراوە. ڕۆمانسییەت لەسایەی سەرمایەدارییدا فۆرمێکی وەبەرهێنانە، هەرچەن وەبەرهێنانێکی مەترسیدارە، بەڵام هەر لە چوارچێوەی حساباتی قازانج و زیاندا دەمێنێتەوە. کەچی عەشق هەموو حساباتێک تێدەپەڕێنێت، سوبێکت ناچاردەکات دەستبەرداری سەراپای شوناسەکەی بێت، نەوەک تەنها قومار بە سومعەت و سامانەکەیەوە بکات.

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Narcissistic.

[2] Ego.

[3] Jacques Lacan, Le Séminaire, livre XVI: d ’ un Autre à l ’ autre, 1968–1969 , ed. Jacques-Alain Miller (Paris: Seuil, 2006), 232.

[4] Transference.

[5] Being and Event.

[6] twelve-tone: میتۆدێکی ئاوازدانانە لە داهێنانی ئاڕنۆڵد شۆنبێرگ.

[7] Héloïse d’Argenteuil and Peter Abélard: ئەودەمەی ئیلویز لای مامی دەژی، دەبێتە قوتابیی ئەبیلاردی تیۆلۆژیست. ئەم مامۆستا و قوتابییە عاشقی یەک دەبن. بەهۆی ئەم پەیوەندییەوە مامی ئەم کچە ئەبیلارد دەخەسێنێت. هەریەک لە ئیلویز و ئەبیلارد دووردەخرێنەوە بۆ دوو دەیری جیاواز، تا کۆتایی تەمەنیان وەک ڕەبەن و ڕاهیبەیەک دەژین، بۆ ماوەی بیست ساڵ نامەگۆڕینەوە لەنێوانیان بەردەوام دەبێت، ئەم نامانەش پارێزراون و بڵاوکراونەتەوە.

[8] Cynical.

[9] Hedonism.

[10] Otherness.

[11] جارێکیان لە ڕۆژی ڤالانتاین قەسیدەیەکم لە یارەکەمەوە بۆ هات، بەجوانی گوزارشت لەم ئایدیایە دەکات:

"ڕەنگە عەشق پلانێکی سەرمایەداری بێت/ بەڵام پڕبەدڵ خۆشم دەوێیت

بۆیە لە ڤالانتاین بۆت دەنوسم/ پێت خۆش بێت یان نا".

قەسیدەکە باوەڕمی پەیوەست بە سرووشتە ئایدۆلۆژییەکەی ڤالانتاین نەگۆڕی، بەڵام بیرخەرەوەیەک بوو بۆ ئەوەی، هیچ پیلانێکی سەرمایەداری بەتەنها پیلانێکی سەرمایەداری نییە. هەریەک لەم پیلانانە، ناوکێکی ڕەسەن دەگرێتەخۆ تاوەکو کاریگەر بێت.

 

 

سەرچاوە:

_ Capitalism And Desire: The Psychic Cost of Free Markets, Todd McGowan, Columbia University Press.