A+    A-
(671) جار خوێندراوەتەوە

لە کوێدا بە دوای فەلسەفیبوونی سینەمای کیارۆستەمیدا بگەڕێین؟

 

 

 

 

گفتوگۆ لەگەڵ ساڵەح نەجەفی (وەرگێڕ و توێژەرى فەلسەفیی ئێرانى)

و. ڕاڤین کامەران

 

 

 

 

 

ساجیدە سەلیمی: لویس بۆنوێل ، ژان-لوک گۆدار ، ئینگمار بێرگمان ، تارکۆڤسکی و...هتد ئەو ناوانەن بە ژانری سینەمای بەناو فەلسەفیەوە گرێ دراون. ناونیشانێک کە چەند ساڵێکە ڕێگەی خۆی لە ئەدەبیاتی ڕەخنەگراندا کردووەتەوە، بەڵام هێشتاکە بۆ پێناسەی وردی سینەمای فەلسەفی هەموان نەگەیشتوونەتە خاڵێکی فیکریی هاوبەش؛ تایبەتمەندییەکانی فیلمی فەلسەفی چین؟ ئایا فیلمی فەلسەفی لەسەر بنەمای تیۆرییە فەلسەفییەکان دروست دەکرێت، یاخود دەرهێنەر وەک فەیلەسوف مامەڵە دەکات و... لەنێوان دەرهێنەرانی ئێرانیشدا، عەباس کیارۆستەمی بە دروستکەری فیلمی فەلسەفی دادەنرێت. لە سەرتاسەری جیهان چەندین کتێبی لەبارەیەوە نووسراوە و باس لە سینەمای کیارۆستەمی و ڕەوتی فەلسەفییەکەی کراوە. کەسانێک فیلمەکانی کیارۆستەمی بە سینەمای بوونگەرایی دەبینن، هەندێکیش بە گێڕەرەوی تەنیایی مرۆڤی سەدەی بیستەمی دادەنێن و هەندێکجاریش بە دەرکەوتەی فەلسەفەی ئەخلاقی دەزانن. کتێبی "عەباس کیارۆستەمی و فیلم-فەلسەفە" لە نووسینی ماتیۆ ئابۆت ، خاوەن دکتۆرا لە فەلسەفە و مامۆستای زانکۆی سیدنیی ئوسترالیا، بەم دواییە بە وەرگێڕانی ساڵح نەجەفی چاپ و بڵاو بوویەوە. بۆ زانیاریی زیاتر و لێکۆڵینەوە لەسەر سینەمای فەلسەفیی کیارۆستەمی، بانگهێشتی ساڵەح نەجەفیمان کرد. لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ساڵح نەجەفی دەربارەی سینەمای فەلسەفیی کیارۆستەمی و چەمکی فیلم-فەلسەفە بەگشتی دەدوێین.

_____________

 

- چەند ساڵێکە بابەتی فیلم-فەلسەفە چ لە بواری فەلسەفە و چ لەنێو فیلمدۆستاندا یەکێک بووە لە سەرنجڕاکێشترین پرس و باسوخواسەکان. بەڵام ڕەنگە پرسیاری بنەڕەتی ئەوە بێت فەیلەسووفان بە چەمکی گشتی و دەربڕینی ئەبستراکت قسە دەکەن، لە کاتێکدا سینەماکاران پەیوەندییان بە پرسە کۆنکرێتییەکانەوە هەیە، چۆن ئەم دوانە دەگەنەوە یەک زمان و لەژێر ناوی فیلم-فەلسەفەدا کۆ دەبنەوە؟

ساڵەح نەجەفی: پەیوەندیی فەلسەفە و فیلم، یاخود پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و هەر فۆرمێکی تری چالاکیی هونەری، جوانیناسی و کۆمەڵایەتی، یا دەبێت فەلسەفە وەک چالاکییەکی فیکری و ئەبستراکت سەیر بکرێت، یا چالاکییەکی فیکری کە تیشک دەخاتە سەر سیستەمێک یان خستنەڕووی چەمکگەلێکی مانادار دەربارەی جیهان یان هەر شتێکی تر. بەڵام لە کۆتاییدا وا دەردەکەوێت بە شێوەیەکی گشتی فەلسەفە ئەسبتراکت دەبێتەوە. بە پێچەوانەشەوە دەکرێ بڵێین چالاکییەکانی دیکەی مرۆیی زیاتر کۆنکرێتیتر، بەرجەستەتر و یاخۆ پراکتیکیترن. چ پەیوەندییەک لە نێوان ئەم دوانەدا دروست دەکرێت؟ ئەمە پرسیارێکی گشتییە. پێش ئەوەی بتوانین دەربارەی فیلم و فەلسەفە قسە بکەین، دەتوانین باسی گشت دیاردەیەک و فەلسەفە بکەین. واتا فەلسەفە بەگشتی خەریکی بیرکردنەوەیەکی چەمکی یا ئەبستراکتییە لەسەر چالاکییە کۆنکرێتیتر و پراکتیکیکیترەکانمان. پێم وایە دەبێت کەمێک ئەم بۆچوونە بگۆڕدرێت. بەو مانایەی پێویستە هەم وێنای تەقلیدیی کاری فەلسەفە بگۆڕدرێت و هەم پەیوەندیی نێوان چالاکییەکانی دیکە و فەلسەفە. بەگشتی لەم جۆرە دیدگایە دەگوترێت نووسینی فەیلەسووفەکان قوورسە، تەنانەت لە خودی ئەکادیمیاشدا نووسینەکانیان سەیر و سەمەرەن، یا بەشێوەیەک پرسیار دەکەن کە گوێگری ئاسایی ناتوانێت لێی تێ بگات. ئێمە بۆ ڕوونکردنەوەی قسە و بۆچوونەکانیان، کە ڕەنگە بەسوود بێنەپێشچاو یاخود بپرژێنە سەر پرسە گشتییەکان و ژیان کەوا گوێگری گشتیش دەخوازێت لێی تێ بگات، بە دوای نموونەی کۆنکرێتیتر دەگەڕێین تا ئایدیا و چەمکە ئەبستراکتەکانی فەلسەفە شی بکەینەوە. وا دیارە فیلمەکان لە دوو ڕووەوە کۆمەکێکی گەورەیان [بە فەلسەفە] کردبێت.

یەکێک لەو لایەنانە ئەوەیە سینەما هەر لە سەرەتاوە بینەرێکی جەماوەریی هەبووە و شێوازی چیرۆکبێژیی سینەما لە چاو شێوازی چیرۆکبێژیی ئەدەبیات و ڕۆمانی نوێ ئاسانتر پەیوەندی لەگەڵ جەماوەر دەبەستێت. پاشان چووینە ناو قۆناغێکەوە کە خەڵکی تاقەت و کاتیان بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانی گەورە، چیرۆکە دژوار یا شانۆنامەی ئەدەبی نەما، بەڵام لە فیلمێکدا، کە دوو کاتژمێرە یاخود زنجیرەیەک کە کاتەکەی کەمترە، هەموان بە ئاسانی تێیدەگەن. ئەم تێڕوانینە بوو کە دەیگوت دەکرێت فیلم بۆ ڕوونکردنەوەی ئایدیا فەلسەفییە ناڕوونەکان بەکاربهێنرێت. لە ڕاستیدا ئایدیای فیلمی فەلسەفی ڕەخنەیەک بوو لەم بۆچوونە. دەگوترا فیلمێکی نموونەیی بۆ فڵانە تیۆری سینەمایی بوونی نییە. بۆ ئەوەی زیاتر گشتگیرتر بین، بڕیار بوو بڵێین کاتێک تەماشای فیلمەکان دەکەین هەندێک جار بۆ تێگەیشتن لە هەندێک بیرۆکەی فەلسەفی یارمەتیدەرمان دەبێت، هەندێک جار بۆ تێگەیشتن لە هەندێک فیلم سوود لە ئایدیا فەلسەفییەکان وەردەگرین. واتا لە هەندێ حاڵەتدا لە فیلمەکاندا پرسیارگەلێک وروژێنراون کە تەنیا بە میدیۆمی سینەما دەکرا ئەو پرسیارانە بخرێنە ڕوو و ئەگەر میدیای تایبەت و زمانی سینەما نەبوایە، ئەوا ئەو پرسیارانە نەدەکرا.

 

- کەواتە دەتوانین بڵێین فیلم کۆمەکی فەلسەفەی کرد؟

ساڵەح نەجەفی: نەک تەنیا کۆمەکی فەلسەفەی کرد، بەڵکوو کۆمەکی بە بیرکردنەوەی مرۆڤیش کرد. مرۆڤ بە تەماشاکردنی فیلمەکان ڕووبەڕووی شێوازێکی نوێی بیرکردنەوە بووەوە کە تەنیا لە ڕێگەی سینەماوە بەدەست دەهات. ئەمەش جیاواز بوو لەوەی بڵێین ئێمە کۆمەڵێک بیرمەندی سیستماتیکمان هەیە کە سیستەمی هەمەلایەن و یەکگرتوو و لۆژیکی دروست دەکەن، کە ئێمە پێیان دەڵێین فەیلەسووف و هەروا بێتەوە کۆمەڵێک هونەرمەندیشمان هەیە کە بەرهەمەکانیان نموونەی ئەم سیستەمە فیکرییانەی فەیلەسووفەکانن. تێڕوانینی نوێی پەیوەندیی نێوان فیلم و فەلسەفە دەڵێت فیلمەکان بیردەکەنەوە و دەکرێت شێوازی بیرکردنەوەشیان وا لە فەیلەسووفەکان بکەن تێفکرن یا کاردانەوەی فەلسەفییان هەبێت. بێگومان لە مێژووی فەلسەفەدا تێڕوانینێکی وامان هەیە. کتێبی بەرگی یەکەمی سینەما ١: جووڵە-وێنە ی ژیل دوڵۆز بەڵگەی حاڵەتێکی وا بوو کە سینەماکاران بیرمەندن، بە کەرەستە و زمانی سینەمایی، گۆشەی کامێرا، شێوەی ڕووناکی، سەیرکردنی کارەکتەرەکان و هەموو شتێکی تر بیر دەکەنەوە. من هەموو سینەمام وەک نموونە بەکارهێنا و لەوەش گرنگتر ئاپاراتووسی سینەما، واتا ئامرازە ماددییەکانی سینەما، هەموو پێکەوە جۆرێک لە بیرکردنەوە پێکدێنن. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە مێژووی فیکردا تازە و نوێ بوو. بە هەمان شێوە ڕۆماننووسان و نیگارکێشەکانیش ئەم کارەیان کرد، بەڵام لەبەر ئەو جیاوازییەی سینەما کە بینەرەکەی فراوانتر بوو، هەر لەسەرەتاوە هونەرێکی جەماوەری بوو و سەرەنجام زۆر زیاتر ئەم پەیوەندییەی نێوان سینەما و فەلسەفەی خستە ڕوو.

 

- هەر ئەو باسەیە کە نووسەری کتێبی 'عەباس کیارۆستەمی و فیلم-فەلسەفە' بە ئاماژەدان بە مۆڵهاڵ باسی کردووە.

ساڵەح نەجەفی: ستیڤن مۆڵهاڵی نووسەری کتێبی 'دەربارەی فیلم' سەر بە نەریتی فیلم و فەلسەفەیە، بەڵام گەنجە و دیدگای ڕەخنەگرانەیە و لە بنەڕەتدا هیچ کام لەو نەریتانەی بە تەواوی قبوڵ نەکردووە. بەڵام دوو تێزی خستەڕوو، یەکێکیان بە تێزی بوێرانە و ئەوی دیکەش ڕەنگە بە تێزێکی کەمێک هاوسەنگتر ناو بنێین. دەربارەی فیلم کتێبێکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١ لە خۆرئاوا بڵاوکرایەوە و دوای ٧ ساڵ دووبارە چاپ کرایەوە. ئەم کتێبە یەکێکە لە دەقە بنەماییەکانی بزووتنەوەی فیلم-فەلسەفە. مۆڵهاڵ لەم کتێبەدا قسەیەکی باشی هەیە کە یارمەتیدەرە بۆ پێشخستن و دەوڵەمەندترکردنی باسەکە. لەم بەشەدا نووسەر باس لە هۆکاری هەڵبژاردنی فیلمەکان دەکات و بۆ هەڵبژاردنی فیلمیش نەریتێکی سەرنجڕاکێش بەکاردەهێنێت. پێش هەموو شتێک ئەو ناچێتە سەر ئەو فیلمانەی کە ئێمە وا ڕاهاتووین ناویان بنێین فیلمی فەلسەفی یان فیلمی قوورس. ئەو فیلمانەی کە مۆڵهاڵ لە کتێبی دەربارەی فیلم هەڵیبژاردوون بریتین لە فیلمگەلێکی وەک Aliens و Blade Runner. بەگشتی ئەوانەی بەدوای فیلمی فیکری و ئاستبەرزتردا دەگەڕێن ناچن بە لای هۆڵیووددا، دەچنە لای درایەر و باری لیڤینسن و ئەم هەڵبژاردنانەش دروستن. بەڵام ئەم ڕەوتە، چونکە پێی وایە فیلمەکان دەتوانن بیربکەنەوە و کاری فەلسەفی بکەن، هەندێکجار ئەو فیلمانە هەڵدەبژێرێت کە دەڵێین ئەم فیلمانە بۆ پیشەسازیی کاتبەسەربردنە؛ وەک فیلمەکانی دەیەی هەشتا و نەوەدەکان بەدواوە. ئەو قسەیەی مۆڵهاڵ دەیکات زۆر یارمەتیدەر بوو: «من وەک ڕوونکردنەوە، یان نموونەی حازربەدەست، یاخود وەک تێگەیشتنێکی عەوامیانەی دیدگا و مشتومڕی فەیلەسووفان سەیری فیلمەکان ناکەم؛ لە ڕوانگەی منەوە ئەم فیلمانە خۆیان ئەم جۆرە ڕوانگە و ئارگیومێنتانە لەبەرچاو دەگرن و هەڵیاندەسەنگێنن و خۆیان بە شێوەیەکی جددی و سیستماتیکی بیریان لێ دەکەنەوە، کتومت هاوشێوەی ئەو ڕێگایانەی فەیلەسوفەکان پیا تێ دەپەڕن». (لاپەڕە ٢٩). ئەم دەقە تەواوی دابڕانی نەریتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئێمە فەیلەسووف وەک کەسێک وێنا دەکەین کە سیستماتیکیانە بیردەکاتەوە و شێوازێکی سیستماتیکی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان دادەڕێژێت. بەڵام کاری فیلمەکان لەوەدایە کە کارلێکی سۆزداری لەگەڵ بینەردا هەیە، واتا کاریگەری لەسەر هەستوسۆزی بینەر دروست دەکات، یا بینەر بە شێوەیەکی عاتفی دەرگری فیلمەکە دەکات، نەک بە شێوەیەکی تیۆری. ئەم فەیلەسوفە پێمان دەڵێت فیلمەکان بەتەواوی پەیڕەوی لەو ڕێگایە دەکەن کە فەیلەسوفان پەیڕەویی لێ دەکەن.

 

- مەبەستیان ئەو دەرهێنەرانەیە کە وەک فەیلەسوف مامەڵە دەکەن و بە سینەماکەیان چەمکە فەلسەفییەکان دەردەبڕن، یاخود ئەو دەرهێنەرانەی لەسەر بنەمای تیۆریی فەلسەفیی بیرمەندانی دیکە فیلم دروست دەکەن؟

ساڵەح نەجەفی: ڕوانگەی فیلم-فەلسەفە جیاوازە لەوەی کە تۆ گوتت. بۆ نموونە ژیل دوڵۆز پێیوابوو دەشێت هەندێک لە دەرهێنەران وەک بیرمەندێکی گەورە سەیر بکرێن. مەودای ئەو نموونانەی هەڵمبژاردوون هەمەچەشنن، ئەمەش تەنیا لە مەودای دەرهێنەرانی ئەورووپیدا سنووردار نابێتەوە. ئەوە ڕوونە کە بریسۆن بیرمەند بووە و تیۆری هەبووە و کتێبێکی بەناوی چەند یادداشتێک دەربارەی سینەماتۆگرافی نووسیوە. بەڵام ئەوانیش دەچنە لای زۆرێک لە دەرهێنەرانی ئەمریکی کە بە ڕواڵەت بانگەشەی ئەوە ناکەن تیۆرییان هەبێت و کاتێکیش چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ساز دەکرێت باسی هیچ فەیلەسوفێک ناکەن، بەڵام کارەکانیان بەهای فیکری و فەلسەفیی هەیە.

-

هەر وەک کیارۆستەمی کە هەرگیز بانگەشەیەکی لەو شێوەیەی نەکردووە.

ساڵەح نەجەفی: ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی ئەم نووسەرە یەکەم نموونەی خۆی لە فیلمەکانی کیارۆستەمی تامی گێلاسی هەڵبژارد. بەشێک لە بینەرانی فیلمی تامی گێلاس لە کاتی سەیرکردنی فیلمەکەدا بێزار بوون و دەیانگوت ئەم فیلمە ئەسڵەن سەرنجڕاکێش نییە. یاخود بۆچی ئەوەندە ئەبستراکت و مینیمەڵە؟ تامی گێلاس فیلمێک نییە کە بە هەر هۆکارێک بێت لە نێو بینەرانی گشتیدا زۆر لایەنگری هەبێت. لە کاتێکدا وەک فیلمێکی قوورسیش دەرناکەوێت و ئایدیای سەختی تیا نییە. بەهەرحاڵ بەو واتایەی فیلمێکی گۆداری نییە. تەنانەت هاوبیرەکانی خۆشم کە زۆر ڕەخنەیان لەم فیلمە یان سینەمای کیارۆستەمی گرتبوو شتێکی سادەیان گوت کە هەڵە نەبوو، ئەوەی ڕەنگە ڕوانگەی دەرهێنەر لە ڕوانگەی ئەو پیرە تورکەوە نزیک بێت کە دەیگوت خۆت لە بەها بچووکەکانی ژیان بێبەش مەکە، یاخود قسەکردنەکەی لەسەر تووی شیرین. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین ئایدیای دەرهێنەر ئایدیایەکی قورس نییە. ئەو دەڵێت لە گۆڕەپانی ژیان و مەرگدا، ژیان هەڵبژێرە، ئەویش لەبەر چێژە بچووکەکانی ژیان. ئەم بۆچوونە کۆنەپەرستانە یاخود عیرفانییانە دەردەکەوێت. وەک ئەوەی جۆرێک لە چێژوەرگرتن یا هیدۆنیزمێکی تیا بێت. ڕوانگەی فیلم-فەلسەفە پێمان دەڵێت فیلم سەربەخۆ لە خودی دەرهێنەر بیردەکاتەوە، واتا دەرهێنەر لە ڕێگەی فیلمەکەیەوە سەرقاڵی چالاکیی فەلسەفییە، نەک لە ڕێگەی ئەو قسەیەی پێمان دەڵێت و ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە پەیوەندیی نێوان مەبەستی دەرهێنەر، نووسەر و ئەو کارەی کە ئەنجامی دەدات چییە. خاڵی سەرەکی ئەوەیە ژیانی ئەو فیلمەی کە دروستی کردووە، واتا شتی سێیەمی نێوان ئەو و بینەر و ڕەخنەگر، شتێکی سەربەخۆیە.

 

- ئەم ئامرازە لە سینەمادا بە چ فۆرمێک دەردەکەوێت؟ چوارچێوەی ئەم دەربڕینە سینەماییە چییە؟

ساڵەح نەجەفی: هەوڵی فیلم-فەلسەفە بریتییە لە دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانەی کە فیلمەکان بۆ بیرکردنەوە دەیگرنەبەر. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم ڕێگایانە تایبەتن بە میدیۆمی سینەما؟ ئەگەر تایبەت بێت بە میدیۆمی سینەما، ئەوا دەبێت بیرکردنەوە لە فیلمەکان هاوشێوەی خودی فیلمەکان بێت؛ واتا کەسێک کە بەڕاستی بیر لە فیلم دەکاتەوە بتوانێت میدیۆمێکی هاوشێوەی میدیۆمی سینەمای هەبێت، ئەگەر شێوازی بیرکردنەوەی فەلسەفیی فیلمەکان تایبەت بێت بە میدیۆمی سینەما، ئەوا ئەو کەسەی لەسەر ئەو فیلمانە دەنووسێت سوود لە میدیۆمێکی تر وەردەگرێت. ئەم میدیۆمە زمانی ئاخاوتنە، ئەو زمانەی کە بەگشتی فەیلەسووان پێی دەنووسن. دیسان باسەکە ئەوەیە ئێمە زمانی میدیۆمێک بە زمانی میدیۆمێکی دیکە ئەزموون دەکەین و پرسیارەکە ئەوەیە ئەم ئەزموونە چەندە ئاسانکار و مومکینە؟ بیرۆکەی فیلم-فەلسەفە ئەوەیە ئەم ئیمکانە فەراهەم دەبێت، واتا دەتوانرێت بڵێین فیلمەکان کاری فەلسەفی دەکەن، بەڵام ئەمە دەروازەیەکە کە دەبێت بۆ دیالۆگی نێوان ئەو دوو میدیۆمە بکرێتەوە. میدیۆمی فەلسەفە و میدیۆمی سینەما، چونکە هەردووکیان کاری فەلسەفی دەکەن، دەتوانن لەم دیالۆگەدا یارمەتیی یەکتر بدەن.

 

-بابەتێکی دیکەی ماتیۆ ئابۆت کە پێ دەچێت شایەنی سەرنج بێت، ئەوەیە کاتێک فیلمێک دروست دەکرێت تەنیا یەک کەس بەشدار نییە لە دروستکردنیدا و هەر لە دەرهێنەر و نووسەرەوە تا ئەندازیاری ڕووناکی و دەنگ و... هتد دەتوانن کاریگەرییان لە دروستکردنی فیلمەکە هەبێت. چۆن بیر لەم بابەتە بکەینەوە؟

ساڵەح نەجەفی: بانگەشەی فیلم-فەلسەفە ئەوەیە تەنانەت فیلمە بێبایەخەکانیش کە زۆر باش نین توانای بیرکردنەوەی فەلسەفییان هەیە. بێگومان لە مێژووی فەلسەفەدا فەیلەسوفێکی زۆرمان هەیە و پێویستیش ناکات بڵێین هەموویان داهێنەر یا کاریگەرن، بەڵام ئەم کەسانە لە چالاکیی فەلسەفیدا بەشدارن چونکە بەم میدیۆم و ئامێر و چەمکە کاردەکەن. نموونەی ڕەخنەکەی ئابۆت هەمان ئەو بانگەشەیەیە کە ئەو پرسیارە دەوروژێنێت داخۆ ڕوانگەی کیارۆستەمی لە فیلمی تامی گێلاس هەمان دیدگای ئەو پیرەمێردە تورکەیە یان نا؟ بە دڵنیاییەوە ئەمە شێوازە دروستەکە نییە. هۆکارێکی ماددی بۆ ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە باسمان کرد، چونکە فیلم، تەنانەت فیلمە مینیماڵییەکانی کیارۆستەمی یان ئەو فیلمانەی کە نزیک دەبنەوە لەو شتەی ئێمە پێی دەڵێین کامێرا-قەڵەم (ئەو دەرهێنەرانەی دەتوانن فیلم وەک قەڵەم بەکاربهێنن، واتا فاکتەرە دەرەکییەکان و هۆکارە سنووربەندییەکان بۆ بیرکردنەوە تا ئەو جێیەی بشێت وەلاوە بنێن و پشت بە سەرمایە، بەرهەمهێنەران و بڵاوکەرەوەکان نەبەستن) هێشتاکەش بە کەمترین دەستتێوەردان و ڕازاندنەوە دیمەنی فیلمەکە دەرگیرن.

ئەمە ئەو کارە بوو کە کیارۆستەمی لە فیلمی پێنجدا تاقیی کردەوە. واتا لابردنی ئەو کارەکتەر و گێڕانەوەیەی لە ناو جیهانی فیلمەکەدایە. بۆ دروستکردنی ئەم فیلمە پێویستمان بە کامێرا و کاتێکی بەتاڵە، دەشێت هەموو ئەم شتانە لەسەر سینەما بگوترێ. بەڵام لە کۆتاییدا سینەما کارێکی هاوبەش و بەکۆمەڵە، هەر بۆیە ئەگەرچی لە لایەک وابەستەی سەرمایەیە، لە لایەکی دیکەشەوە هەردەم خواستێکی کۆمۆنیستیی تێدایە. ئێمە فیلمسازانێکی ئەورووپیمان هەبوو کە پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد فیلم دەبێت کۆمۆنیستیانە دروست بکرێت. فیلمێک کە تیایدا هەموو ئەکتەرەکان یەکسان بن یا لە یەک ئاستدا بن، واتا هەموان لە چالاکیەکی هاوبەشدا بەشدار بن، نەک لەگەڵ ئەو مێتافۆرە کلاسیکیانەی کە فیلمساز وەک فەرماندەی سووپا دەبینرێت و ئەکتەرەکان دەکەونە ناو پلەبەندییەوە. هەموو ئەمانە ئەوە دەسەلمێنن فیلم هەم بە هۆی سروشتی هاوبەشی بەرهەمهێناییەوە، واتا بۆ نموونە ئەو جیاوازییە ماددییەی لەگەڵ بەرهەمهێنانی ڕۆمان، شیعر یان تابلۆدا هەیەتی، هەمیش بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئاپاراتووسی تایبەتی خۆیدا هەیەتی، ئاپاراتووسێک کە زۆرجار سەربەخۆ لە مەبەستی دەرهێنەر کاری خۆی دەکات، ئامرازێکە بۆ سەرپێخستنی چالاکیی فیکری و ڕەوتی فەلسەفی. بەڵام ئەم ڕەوتە زۆر سەربەخۆ کار لە مەبەستی دەرهێنەر دەکات. بیرکردنەوەی دەرهێنەر هێند لەم بابەتە تێوەگلاوە کە بتوانێت تواناکانی ئەو میدیۆمە ئازاد بکات و زۆریش گرنگ نییە دەرهێنەر کام دەقی فەلسەفی دەخوێنێتەوە؛ هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نایەت خوێندنەوەی دەقی فەلسەفی بە تەواوی ناکاریگەر و بێبایەخ بێت. دەشێت دەرهێنەرێک دەقی فەلسەفیی باش بخوێنێتەوە، بەڵام فیلمەکانی لە ڕووی توانای فەلسەفییەوە زۆر لاواز و هەژار بن.

 

- لەگەڵ هەموو ئەم شتانەی ئاماژەت بۆ کرد، کتێبێکت وەرگێڕاوە کە فەلسەفە لە سینەمای عەباس کیارۆستەمیدا شی دەکاتەوە، پێت وایە دەتوانرێت سینەمای کیارۆستەمی بە فەلسەفی دابنرێت؟ بە واتایەکی تر ئایا کیارۆستەمی لە نێو دەرهێنەر-فەیلەسوفەکاندا دادەنرێت؟ بۆچی چووی بۆ کیارۆستەمی؟

ساڵەح نەجەفی: کاتێک بیر لەم نەریتە دەکەیتەوە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر ئاسان نییە. واتا بە جۆرێک لە جۆرەکان دەشێت هەموو فیلمەکان فەلسەفی بن، بەڵام فیلمی فەلسەفی خراپ و فیلمی فەلسەفی باش هەیە. کیارۆستەمی کاتێک بۆم بووە پرس وەختایەک لە سەرەتای دەیەی دووهەزاردا بەشداریم لە پڕۆژەیەکی فیکری-تیۆریدا کرد. لەو کاتەدا بزووتنەوەیەک هەبوو کە پێم وابوو دەکرێت بە هەموو شێوەیەک بە وەرگێڕان و یارمەتی بڵاوکردنەوەی تیۆری و فیکری بە زمانی فارسی بەشداریی تیا بکەم. هەروەها کارێکی بەکۆمەڵیش بوو، کە تێیدا کەسانێک هەبوون من وەک هاوبیر و هاوپرۆژە و مامۆستای هاوئاوازم دەمدانان و دایاندەنێم؛ ئەندێشەی دوو کەسیان بۆ من گرنگترینیان بوو: موراد فەرهادپوور و مازیار ئیسلامی. کاتێک کتێبی پاریس-تاران چاپ بوو کەمێک تووشی شۆک بووم، چونکە لە هەمان کاتدا سینەمای کیارۆستەمیم بە جددی وەرگرت و ئەو کتێبەش هێرشێکی هەمەلایەنە بوو بۆ سەر سینەمای کیارۆستەمی. هێرشەکە لەسەر چەند ئاستێکدا بوو و هەندێک بەشی ڕەخنەکانیشم قبوڵ بوو. لە فەزای ئێراندا خۆرێک لە دەوری کیاڕۆستەمی، سینەمای کیاڕۆستەمی و پەیوەندیی نێوان سەرکەوتنە جیهانییەکەی وی و فیلمەکانی لە واقیعدا جێگیر بووبوو. ئەم کتێبەی موراد و مازیار پرۆسەیەکی ماددی دەگێڕێتەوە یا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن‌چۆنی کیارۆستەمی بووە کەسایەتییەکی جیهانی. بنەمای بوون بە ڕووخسارێکی جیهانی بەخت و شانس بوو، کیارۆستەمی بە ڕێکەوت بوو بە جیهانی و دەشکرا نەبێتە دەرهێنەرێکی جیهانی. کێشەکە ئەوە بوو چۆن ئەم شانس و بەختە لێک بدرێتەوە. ئەم کتێبە بۆ بەختیاوەریی کیارۆستەمی چەند هەلومەرجێکی خستە ڕوو، واتا گوتاری زاڵی ئێران و جۆرێکی دیاریکراوی سینەما کە لە ئێران پەرەی پێدرا، یاخود ئەو سنووربەندییانەی کە سینەمای ئێران لەو سەردەمەدا هەیبوو. لە ڕاستیدا گوتار یا ئایدۆلۆژیای باڵادەست کە بەسەر سینەمای ئێراندا سەپێندرا بوو، گەیشتە ئەو ئاستەی لەناکاو سینەمایەک سەرکەوتوو بێت کە لە ڕووی تەکنیکییەوە هەژار بێت. لە لایەکی ترەوە ئەو جیهانەی کە خەریکی دروستکردنی فیگەری کیارۆستەمی یان هاوشێوەکەی بوو، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئەو فیگەرەی بۆ خۆی برد، بە تایبەتی فێستیڤاڵی کان و فێستیڤاڵەکانی دیکە کە بەردەوام فیلمەکانیان نمایش دەکرد. هەروەها لە کتێبی پاریس-تاراندا باس لەوە دەکرێت لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا دەرهێنەرە مەزنەکانی ئەورووپی کە بە پێچەوانەی سینەمای هۆڵیووەدەوە سینەمای جیاواز یان سینەمای ئەڵتەرناتیڤیان پێناسە کردووە، وردە وردە مەیدانەکەیان جێ دەهێشت. چیتر سەردەمی زێڕینی سینەمای دەیەی شەستی هونەری ئەورووپی نەمابوو، هەروەها پازۆلینی، ئەنتۆنیۆنی یان بێرگمان بەرهەمێکی وایان نەبوو، لە قۆناغێکدا کە زۆر چالاک و داهێنەر بوون؛ ئێستاکە گشتیان پیر بووبوون و خودی گۆداریش وەک جاران لە سینەمای ئەورووپیدا نەدەدرەوشایەوە.

فیستیڤاڵەکان و ڕەخنەگرانی ڕۆژئاوا بۆ پەرەپێدانی سینەمای جیاواز تینووی دۆزینەوەی ڕووخساری نوێ بوون و ناچار بوون بێنە شوێنێکی پەراوێزتر و نادیارتر. شتێکی سروشتییە ڕەخنەگران میکانیزمی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی فیلم لە ئێران نەزانن و هەموو ئەم شتانەش وایان کرد لێرە ڕووخسارێک بدۆزنەوە کە بۆیان تایبەتمەندییەکی ئیگۆزتیکییانەی هەبوو. ئەم کتێبە بە گێڕانەوەیەکی بەهێز و تا ڕادەیەکی زۆر یەکگرتوو لە زۆر ڕووەوە قەناعەتپێکەر بوو؛ بەتایبەت کە دوو نووسەری هەبوو و لە شێوەی دیالۆگدا بابەتەکانیان دەخستە بەرباس. یەکێک لە نووسەرەکان دەیگوت دەتوانم بە گومانەوە تەماشای خودی میدیۆمی سینەما بکەم، ئەوی دیکەش گوتی دەتوانم بە لێکۆڵینەوەی فۆرماڵیی فیلمەکانی کیارۆستەمی، ئەوە پیشان بدەم چۆن‌چۆنی دروستکردنی وێنەی کیارۆستەمی لەسەر بنەمای ڕێکەوت و سوتفە وای کردووە سینەماکەی بە جددی وەربگیرێت، لە کاتێکدا خۆی لە خۆیدا هەژارە.

 

- کەواتە ئەم کتێبە بووە ئاڵەنگاریی بیروڕاکانی ئەوکاتی تۆ.

ساڵەح نەجەفی: هەموو ئەمانە بۆ من شۆکهێنەر بوو. ئەوەی ئەم شۆکەشی بەهێزتر کرد ئەوە بوو هاوسۆزی تەواوم لەگەڵ لایەنی تیۆریی کتێبەکەدا هەبوو. تا ڕادەیەک هیچ شتێک لەم کتێبەدا نییە من لەگەڵیدا ناکۆک بم. ئەو هەستەم بۆ هات کە ئەم کتێبە دۆخ و هەلومەرجێکە، کتێبێکە کە زۆر بە جددی هێرشی کردە سەر سینەمای کیارۆستەمی و منیش پێم وابوو زۆرێک لەم هێرشانە نموونەی باشتر و تەواوتریان لە سینەمای ئێران هەیە. یا ئەوەی تا چ ڕادەیەک ئەم سینەمایە خزمەت بە ئایدۆلۆژیای سیستەمی باڵادەست یا گوتاری باڵادەست دەکات. پێم وابوو دەرهێنەرانی دیکەمان هەیە کە دەکرێت زۆر باشتر هێرشیان بکرێتە سەر. لە کۆتایی کتێبەکەدا لیستێک دەرهێنەر هاتووە و تا ڕادەیەکیش هەموویان دەکوتن. تاکە دەرهێنەرێک لەم کتێبەدا بەرگریی لێ بکرێت، سۆهراب شەهیدسالسە، کە ئەویش تەنیا دوو فیلمی لە ئێران دروست کردووە. شەهیدسالس لە سینەمای ئێران زیاتر لە ڕێگەی دروستنەکردن و غیابییەوە ئامادە بووە، هەروەها فیلمە باشەکانیشی لە ئەڵمانیا دروست کردووە. واتا زیاتر دەرهێنەرێکی ئەورووپی بوو نەک دەرهێنەرێکی ئێرانی.

ئەم نیگەرانیانە بۆ من گرنگ بوون و قەلەقیم ئەوە بوو چۆن لە ڕوانگەی چەپەوە گوتارێکی ڕەخنەیی یان بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بە مانا گشتییەکەی، دووبارە سینەمای کیارۆستەمیی پێ بخوێنمەوە. ئەم فۆرمەی دووبارە خوێندنەوەیە ڕەنگە تا ڕادەیەک فیگەری کیارۆستەمی لە پێناسەکردنی وەک دەرهێنەرێک کە لایەنگری ژیان و سروشت، بودایست، عیرفان، یان هەموو ئەو شتانەی کە لە کتێبی پاریس-تاراندا هێرشیان کراوەتە سەر، ڕزگار بکات. ئەوەی جێگای سەرنجەهێشتاکە لەگەڵ ئەم هێرشەشدا دەمتوانی بەرگری لە هەندێک لە بەشەکانی بکەم. هێرشێک بوو بۆ سەر ئەو وێنەیەی لەسەر کیارۆستەمی کێشرابوو. کیارۆستەمی بۆ زۆربەی خەڵکی گشتیی ئێران دەرهێنەرێکی ڕادیکاڵ نەبوو؛ واتا دەرهێنەرێک نەبوو هەڵگری دیدگای ڕەخنەیی و سیاسی بێت بە مانا ڕادیکاڵەکەی یا خاوەن بیرکردنەوەی فەلسەفی بێت. کیارۆستەمی دەرهێنەرێک بوو زیاتر بۆ سەردەمی پۆستمۆدێرن، تەکنیکەکانی بەختەوەری، گەڕانەوە بۆ سروشت، ئامۆژگاریی منداڵان و هتد گونجاو بوو. ئەمانە ئەو وێنایانە بوون منیش هاوڕا بووم پێویستە هێرشیان بکرێتە سەر. پێم وایە گرنگترین کتێب بە زمانی فارسی سەبارەت بە کیارۆستەمی و سینەماکەی، کتێبی پاریس-تارانە، بەڵام پێشم وایە پەیوەندیی نێوان ئەم کتێبە و کیارۆستەمی پەیوەندییەکی پارادۆکسیکاڵە. بەشێک لەو شتانەی لەم کتێبەدا سەبارەت بە سینەمای کیارۆستەمی دەگوترێ، لەگەڵ ئەوەی لە فیلمەکانیدا دەیبینین ناگونجێت. بەڵێ، منداڵان لە فیلمەکانیدا ئامادەن، بەڵام لە جیهانێکی پاک و بێگەرد و ڕێکوپێک یان نۆستالژیک و ئومێدبەخشدا ناژین. منداڵی ناو فیلمی موسافیر بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی دەست دەداتە درۆ و فریودان. منداڵانی فیلمی ئەرکی ماڵەوە بەردەوام درۆ دەکەن و لە جیهانێکدا هەناسە دەدەن کە هیچ پەیوەندییەکی بە هیوا و خەونەکانیانەوە نییە. لە لایەکی ترەوە ناکرێت کیارۆستەمی بە دەرهێنەرێکی ستایشکەری ژیانی گوندنشین دابنرێت، چونکە چەندین فیلمی شاریی هەیە، یان فیلمگەلێک کە بابەتەکەی بە هیچ شێوەیەک ستایشی ژیانی گوندی ناکەن. مەسەلەکە ئەوەیە دەرهێنەرێک لە گونددا چۆن هەڵسوکەوت دەکات و چۆن پەیوەندیی نێوان ئاپاراتوسی مۆدێرن و ژیانێکی نەریتی و پێش-مۆدێرن تۆمار بکات. نموونەی زۆر هەیە کە لەسەر بنەمای ئەوانە ناکرێت بە ئاسانی کیارۆستەمی و سینەماکەی وەک سینەمایەکی ئایدیۆلۆژی دابنرێت کە هەڵگری گوتاری باڵادەستە. ئەم سینەمایە دوو کارکردی هەیە؛ لە لایەک سەر بە سیاسەت‌داڕێژەرانی سینەمای ئێران بوو (لە سەردەمی دروستکردنی دەزگای سینەمای فارابی) و لە لایەکی دیکەشەوە، بە هەر هۆکارێک بێت، بووە جێی سەرنجی ڕەخنەگرانی ئەورووپی.

 

- باسی بونیادە فیکرییەکانی سینەمای کیارۆستەمی بابەتێکە و ئەو ئامرازانەی کە لە دروستکردنی فیلمەکەدا بەکارهێنراون بابەتێکی دی. بەڕای ئێوە لە ڕوانگەیەکی فۆرماڵییەوە دەکرێت سینەمای کیارۆستەمی بە خاوەن تایبەتمەندیی فەلسەفی بزانرێت؟ ئایا دەکرێت بۆ نموونە سینەماکەی ببەسترێتەوە بە ئەدەبیاتی بێکێت و ئەو جۆرە گێڕانەوە تایبەتانە؟ هەندێک جار جۆری دیدگای دوورکەوتنەوە یان بوونگەرایی لە سینەمای کیارۆستەمیدا بە هاوشێوەی بێکێت دادەنرێت.

 

ساڵەح نەجەفی: لەم بۆچوونانەشەوە ئەم دیدگایانە بە تەواوی هەڵەن و بەراوردکردنی کیارۆستەمی لەگەڵ بێکێت هەڵەیەکی تەواوە؛ دەکرێت بڵێین فیلمی تامی گێلاس فیلمێکە لە ئاستی مینیماڵیزم، ئەبستراکتشینیزم، یا پوختەکردنەوەی گێڕانەوەی کارەکتەرەکانی بە شێوەیەک لە بەرژەوەندیی جیهانی بێکێتدایە، بەڵام ئەم بەراوردکردنە لەبەر دوو هۆکار هەڵەیە.

یەکەم: ئەگەر کیارۆستەمی دەرهێنەرێکی گرنگی فەلسەفی و سینەمایی بێت، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە لە هەلومەرجێکی مێژوویی دیاریکراودا دەرکەوتووە و ڕاستگۆیانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم دۆخە مێژووییەدا کردووە و ناتوانین لە هەلومەرجێکی وادا ئەدەبیاتی بێکێت بگوازینەوە. ئێمە لە دۆخێکی مێژوویی وادا نین نووسەرێکی ئەدەبی بڵێت زۆر حەزم لە بێکێتە و لە زمانی فارسیدا وەک بێکێت دەست بداتە نووسین. درۆیە.

لە ئامرازە فەرهەنگییەکانماندا، بۆ نموونە چیرۆک و فیلم، ئەم چەشنە وەرگرتنەی فۆرمەکانی ڕۆژئاوا ڕەنگە کەمێک لە لاساییکردنەوە بچێت...

ساڵەح نەجەفی: بە دڵنیاییەوە، جۆرێکە لە لاساییکردنەوە کە زیاترە خیانەتکارە وەک لەوەی دڵسۆزی ئەو شتە بێت کە لاسایی دەکاتەوە. لە ئێران بێکێت دروست نەبووە یا بێکێت‌نووسین ئەستەم بووە چونکە مەرجە مێژووییەکان، مەرجی بێکێتی نین. ئەو پەیوەندییەی کە بێکێت لەگەڵ سیاسەتدا هەیەتی، ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی و لەگەڵ نەریتی ئەدەبیاتی ڕۆژئاوا هەیەتی، ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئەدەبیاتی ئێرلەندی و لەگەڵ جۆیس هەیەتی، هەموو ئەمانە کاریگەرن. نووسین لای جۆیس واتا هونەری نمایشکردن، پیشاندانی لێهاتوویی و یاریی زمان و دواتر نووسەر و بیرمەندێکی وەک بێکێت دێت و لەناکاو هەموو ئەمانە خاڵی دەکاتەوە. ئەمە تەنیا لە نەریتێکی لەو جۆرە ڕوو دەدات. لە سینەمای ئێران کام سینەمای ئاڵۆز یا پڕ لە کاریگەریی ئەدەبی هەیە کە سینەما جیاواز و بەرامبەرەکەی بخوازێت ببێتە سینەمای کیارۆستەمی؟ بە دڵنیاییەوە ئەم بەراوردکردنە هەڵەیە. من بەهیچ کڵۆجێ کیارۆستەمی بە دەرهێنەرێکی ئێگزیستانسیالیزم و بوونگەراش نازانم. ئەوەی هەر جۆرە خەمێکی کۆنکرێتی کە دۆخێکی فیکری وەربگرێت و پێی بڵێین ئێگزیستانسیالیزم، هەڵەتێگەیشتنە لە بوونگەرایی و چەواشەکردنی ئەم گوتارەیە. دەبێت فەلسەفیبوونی کیارۆستەمی لە شوێنێکی تردا بدۆزرێتەوە. ڕەنگە گرنگیی کتێبی کیارۆستەمی و فیلم-فەلسەفە ئەوە بێت ڕێگایەکی جیاواز بۆ سەیرکردنی فیلمەکانی دەخاتە ڕوو. ڕێگایەک بۆ سەیرکردنی پەیوەندیی نێوان فیلم و فەلسەفە. بەم شێوەیە دەتوانرێت بسەلمێنرێت فیلمەکانی ئەو فەلسەفین. بەڵام ئەمە جیاوازە لە قسەی حازر و ئامادەکراو.

 

- لەناو گفتوگۆکەتدا... باست هۆکارەکانی ئارەزووت بۆ کارەکانی کیارۆستەمی دەکرد.

ساڵەح نەجەفی: بۆ نموونە لە کتێبی پاریس-تاران بە هیچ جۆرێک ئاماژە بۆ فیلمی ئەرکی ماڵەوە یان کەیسی یەکەم، کەیسی دووەم نەکراوە. ئەمە وەک ڕەخنەیەک ناڵێم، بەڵام پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکرێت کە لە کارنامەی کیارۆستەمیدا فیلمگەلێک هەبوون کە هەموو ڕەخنەکانی کتێبی پاریس-تاران لە خۆ ناگرێت و ئەمەش لە فۆرمی ڕەخنەدا کێشەسازە. ئەم کتێبە ڕەخنە لە سینەمای کیارۆستەمی دەگرێت بەوەی دەرەنجامی هاوکاریی گوتاری ناوخۆیی و فێستیڤاڵە دەرەکییەکانە. جۆرە سەرکەوتنێک کە بەدەستمان نەهێنا و دواجار کەسێک بەدەستی هێنا و بوو بە شانازییەکی نەتەوەیی.

بەڵام کیارۆستەمی بۆ من شانازییەکی نەتەوەیی نییە. هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە چەند دڵخۆشم بەوەی ئەویش ئێرانییە. کیارۆستەمی هەوادارێکی زۆری هەیە کە سینەماکەی بە جددی وەردەگرن. ئەو خاڵەی لەم کتێبەدا پشتگوێ خرا ئەوە بوو کە دوای ئەوەی کەسێک بەخت یاوەری دەبێت، پێویستە بیسەلمێنێت شایەنی ئەم شانسە بووە یان نا. کاردانەوەی خۆرئاوا بەرامبەر بە سینەمای کیارۆستەمی بە جۆرێک بوو کە زۆر پۆستمۆدێرنیزم یان گوتاری زاڵمان لە جیهاندا لێی نەبیست و دەرهێنەرە گەورەکانیش سینەماکەیان بە جددی وەرگرت. من لەو کاتەوە ئەم پرسیارەم لا گەڵاڵە بوو و وتارێکیشم نووسی. هەرچۆنێک بێت، گەر لە مارتین سکۆرسیزییەوە تا میشێل هانکە بڵێن ئەم سینەمایە جددییە و ئەوانیش وەک فیلمی باش سەیری کارەکانی کیارۆستەمی بکەن، گەرچی مەحاڵە مەبەستەکەیان تێبگەین، بەڵام سەختە پێیان بڵێیت ئەگەر ژیانی ڕاستەقینەی ئێرانییەکان ببینن یا تەماشای ڕەوتی ڕاستەقینەی فیلمسازیی ئێران بکەن ئیدی ئەم فیلمانە بە جددی وەرناگرن. وا دیار بوو لە کتێبەکەدا خوێندنەوەیەکی وا هەبێت. شیکردنەوەکان لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە ڕەخنەگرانی ڕۆژئاوا بە دوای نموونەی نوێدا دەگەڕێن بۆ سینەما، ئەگەر لە ناوخۆی ئێرانەوە بڕوانن و لە هەلومەرجی ڕاستەقینە و کۆنکرێتیی ئێرانەوە سەیری پرۆسەی بەرهەمهێنانی فیلمەکانی بۆ نموونە کیارۆستەمی بکەن، چیتر ئەم فیلمانە بە جددی وەرناگرن. ئەم بابەتە پێویستی بەوە بوو زنجیرەیەک فیلمی هاوشێوەی بەرهەمەکانی کیارۆستەمی لە ئێرانمان هەبێت. پرسیارەکەی من ئەوە بوو بۆچی تەنیا کیارۆستەمی فیلم دروست دەکات و فیلمەکانی دەرهێنەرەکانی دیکەی دەوروبەری، کە لەژێر ناوی ئەودا دەژین، بەم شێوەیە نییە؟

دەتوانین تێگەیشتنێکی سەیرمان هەبێت؛ گێڕانەوەیەکی ڕەشبینانە کە دەتوانرێت بە جددی وەربگیرێت. ئەوەی سینەمای کیارۆستەمی و فیلمەکانی، لە سەردەمێکەوە بۆ کاتێکی تر، دەرەنجامی هاوکاریی نیگای ڕەخنەگرانی ڕۆژئاوایی بوو بۆ فیلمەکانی و ئەو پڕۆژەیەی کە بۆ خۆی پێناسەی کردبوو. بۆچی ڕۆژئاواییەکان بەم شێوەیە تەماشای دەرهێنەرانی دیکەی ئێمەیان نەدەکرد؟ ئەوان بە ڕێگای خۆیان دەڕۆیشتن، فیلمگەلێکیان دروست دەکرد کە بە بڕوای من هەموویان مەحکومن بە شکست، بەڵام سینەما ڕێگایەکی گرتبووە بەر کە بڕێک زیرەکیی تیا بوو. مازیار ئیسلامی لە کتێبی پاریس-تاران نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی جیاوازیی نێوان مەخمەلباف و کیارۆستەمیی هێناوەتەوە. هەردووکیان لە قۆناغێکدا سینەمایان بە جددی وەرگرت، دواتر لەناکاو مەخمەلباف چووە پەراوێزەوە و ئیتر کەس سینەماکەی بە جددی وەرینەگرت، بەڵام تا ئێستاش کتێب و وتار لەسەر کیارۆستەمی دەنووسرێت و ناوەستێت. مازیار ئاماژەشی بەوەش کرد جیاوازیی نێوان ئەم دوو دەرهێنەرە ئەوەیە یەکێکیان بە یەکجار دەرگاکە دەکاتەوە و ئەوی دیکەیان بۆ هەمیشە دەرگاکە بە نیوەکراوەیی دەهێڵێتەوە، ئەوەی دەرگاکە بە نیوەکراوەیی دەهێڵێتەوە بەردەوام کۆمەڵێک مەتەڵ دەهێڵێتەوە و ئەمەش زیرەکیی کیارۆستەمییە کە چۆن‌چۆنی خۆی بۆ ڕۆژئاواییەکان سەرنجڕاکێش بکات. ئەمە لێکدانەوەیەکی ڕەشبینانەیە بەڵام شتێکی جددی تێدایە، ئەوەی پڕۆژەکەی کیارۆستەمی هەمەچەشنە و ئاسان نییە تێ بگەین واژۆی ئەو بە دیاریکراوی چییە.

 

- لە کتێبی 'کیارۆستەمی و فیلم-فەلسەفە'ـدا خاڵێکی سەرنجڕاکێش دێنێتە بەرباس سەبارەت بە واژۆی کیارۆستەمی. ماتیۆ ئابۆت ئەو پرسە دەوروژێنێت کە بۆ نموونە ڕێگا پێچاوپێچەکان کە لە زۆرێک لە فیلمەکانی کیارۆستەمیدا دووبارە دەبنەوە، دەتوانن واژۆی ئەو بن، بەڵام ئەم پرسیارەش دەوروژێنرێت داخۆ ناتوانرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت کە کیارۆستەمی لە هەموو فیلمەکاندا واژۆی خۆی کۆپی دەکاتەوە؟

ساڵەح نەجەفی: بەڵێ، دەتوانرێت واژۆی هەموو کەسێک بناسرێتەوە و لە هەمان کاتیشدا، هەر واژۆیەک لە واژۆی پێشووتر جیاوازە و هیچ دوو واژۆیەک وەک یەک نییە. هەروەها ئەو خاڵەش هەیە کە کیارۆستەمی چ شتێک دووبارە دەکاتەوە کە ڕەخنەگرانی ڕۆژئاوا دەچنە لای و بۆ نموونە فیلمی ماڵی هاوڕێکەم لە کوێیە؟ و تامی گێلاس چ لێکچوونێکیان لەگەڵ یەک هەیە.

دەتوانین ئەم بڕە بایەخدانە لە ئێراندا تێ بگەین، بەڵام کاتێک دەرهێنەرێکی وەک ژان-لوک گۆدار باس لە سینەمای کیارۆستەمی دەکات و پێی وایە سینەما بە ئەو کۆتایی دێت، دەبێت چی لەو بارەوە بگوترێ؟

ساڵح نەجەفی: گۆدار فیلمی ژیان و ئیتر هیچی زۆر خۆش دەویست، بەڵام گوتیشی کیارۆستەمی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە فریو دراوە و ڕێگەی خۆی ون کردووە و سینەماکەشی لە خاڵێک بەدواوە وەک خۆی نەماوە. لە سەرەتا کاتێک ڕەخنەگران فیلمەکانی کیارۆستەمی یان فیلمەکانی دەرهێنەرانی ئێرانی دوای شۆڕشیان بینی، پرسیارەکەیان ئەوە بوو مەگەر دەکرێت لە ئێرانیش فیلم دروست بکرێت و سەریان سووڕما مرۆڤ بە چ دژواریی و ئەشقێکەوە فیلم دروست دەکات، کەواتە پێویستە ئەو فیلمە بۆ لای خۆمان بگوازینەوە. هەندێک لە ڕەخنەگرانی ڕۆژئاوا ئەم بۆچوونەیان هەبوو، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ناکرێت ئەمە لەبارەی هەموو کەسێکەوە بگوترێ. کاتێک هانکە باسی کیارۆستەمی دەکات، چیتر ئێران ئەو وڵاتە نهێنییە نەبوو بە بەراورد بەو سەردەمەی ماڵی هاوڕێکەم لە کوێیە؟، کیارۆستەمی چووە ڕۆژئاوا و ئێمەش لە شەڕی ٨ ساڵەدا بەشدار بووین. جاران دەیانبینی هەموو ژنەکان حیجابن، یان بەشێکی زۆری ئێران لادێیە و ئەم پرسیارەیان لا دروست بوو ئایا ئێرانییەکان پیشەسازیی سینەمایان هەیە یان تەنیا دوای فیلم دەکەون؟ بەڵام ئەمە لەبارەی هەموو کەسێکەوە ناگوترێ. ژان-لوک نانسی، جۆناسان ڕۆزنباوم و تەنانەت ئەو ڕەخنەگرانەی کە ڕەخنەی جددییان لە سینەمای کیارۆستەمیش گرت، وەک ڕۆجەر ئیبێرت، ئیتر ئەوەندە لە فەزای ئێران بێ‌ئاگا نەبوون کە بڵێن هەر ئەوەی کە ئێرانییەکان فیلم دروست دەکەن بۆخۆی شایەنی ستایشە.

 

- کەواتە بڕوات وایە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران لەو سەردەمە، لە تەماشاکردنی سینەمای کیاڕۆستەمیدا کاریگەر بووە.

ساڵەح نەجەفی: تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین ئێران وڵاتێکی تایبەتە. ئەوانەی ئێران بەجێ دەهێڵن بە پەیوەندیی ئاڵۆز بە جیهانەوە دەژین. ئێران هەم وڵاتێکی دابڕاوە و هەم لە بازاڕی جیهانیدا یەکگرتووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەدەبیاتی ئێران لە دەرەوەی وڵات سەرکەوتوو نابێت، بەڵام سینەما خێراتر سەردەکەوێ و پێویستە ئەم پرسانە بە جددی وەربگیرێن. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بڵێین سینەمای کیارۆستەمی تا ڕادەیەک لە تاقیکردنەوەی کات تێ پەڕیوە. زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەسەر دروستکردنی ماڵی هاوڕێیەکەم لە کوێیە؟ تێ دەپەڕێت و ناتوانین بەئاسانی بڵێین ئەو سەردەمە [خۆرئاواییەکان] بە وەهمەوە تەماشای فیلمەکانیان دەکرد.

 

 

- با بچینە سەر کتێبی 'عەباس کیارۆستەمی و فیلم-فەلسەفە'. لەم کتێبەدا حەوت فیلم هەڵبژێردراوە. بە بڕوای تۆ هۆی هەڵبژاردنی ئەم فیلمانە چین؟

ساڵەح نەجەفی: هەڵبژاردنەکان نایابن. بانگەشەکەی نووسەر ئەوەیە کە کیارۆستەمی بە وردی لە سکانسی کۆتایی فیلمی تامی گێلاسدا دەبێتە دەرهێنەرێکی گەورە؛ دەرهێنەرێک دەتوانرێت بە شێوەیەکی فەلسەفی جددێتییەکەی وەربگیرێت. چونکە لە سکانسی کۆتاییدا پرسیارگەلێک دەوروژێنێت کە ڕێک پرسیاری فەلسەفی-سینەمایین. من خۆم پێموایە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کتێبی پاریس-تاران ئەوەیە زۆر بە خێرایی بەسەر سکانسی کۆتایی تامی گێلاسدا تێ دەپەڕێت. تا ئەو ڕادەیەی ئەوەی تا ئێستا بینیمان تەنیا فیلمێک بوو و تەواو. ئابۆت فەیلەسوفێکی گەنجە و ڕەنگە باشترین لێکدانەوە پێشکەش نەکات، بەڵام ئەو یەکەم کەس نییە کە باوەڕی وابێت کۆتاییەکەی فیلمی تامی گێلاس بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئێمە سەروکارمان لەگەڵ فیلمسازێکی گەورەدایە. لۆرا مۆڵڤەیش بەشێکی کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ کیارۆستەمی و لێکدانەوەی پاڵنەری مەرگ لە سینەماکەی وی‌دا. مۆڵڤەی یەکێکە لە تیۆریستە ڕادیکاڵەکانی سینەمای ئەورووپی. ئەگەر کەسێک ئەم سکانسە وەک خاڵی وەرچەرخانێکی ڕاستەقینە وەربگرێت، پێویستە کارەکەی لێرەوە دەست پێ بکات. لە ڕووی فەلسەفییەوە خاڵی وەرچەرخان خاڵێکە کە کاتێک سەیری پڕۆژەیەک دەکەین، تێڕوانینمان هەم بۆ ڕووداوەکانی داهاتوو و هەم بۆ ڕووداوەکانی پێشووش دەگۆڕێت. خاڵی وەرچەرخان تەنیا دیاریکەری ڕووداوەکانی داهاتوو نییە و لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت مانای ئەو ڕووداوانەی پێشووتر ڕوویانداوە بخوێنرێتەوە. لۆرا مۆڵڤەی هەمان کاری کرد، بەڵام کارەکانی تا فیلمی با لەگەڵ خۆی دەمانبات وەستا و باقی فیلمەکانی پشتگوێخست، یا بە جددی وەرینەگرت.

کیارۆستەمی دوای فیلمی تامی گێلاس و با دەمانبات ئەوەی لە سینەماکەیدا بە کڵێشەی دەزانین دەیشکێنێت. دوای کتێبی پاریس-تاران، زۆرێک لە ڕەخنەگران ماڵئاوایییان لە کیارۆستەمی کرد. کیارۆستەمی ئەو سەردەمە فیلمی لە سروشتدا دروست دەکرد. لە سەرووی هەموویەوە ئەو دەرهێنەرێکی شارنشین بوو کە دەچووە لادێکان، جۆرێک لە لایەنی خود-ڕەنگدانەوە لە فیلمەکانیدا هەبوو، واتا شتێک کە تا ڕادەیەک لە سینەمای پۆستمۆدێرن نزیکە. بەڵام لە فیلمەکانی دواتریدا (دە، پێنج، کۆپی بەرامبەر ئۆرجیناڵ) شتی وا ڕوونادات.

ئابۆت لە کتێبەکەیدا چووە سەر ئەو فیلمانەی کیارۆستەمی کە فیلمی کڵێشەیی نین. ئەو فیلمانەی کە نووسەر وەک خاڵی وەرچەرخان دەیبینی، لەبەر ئەم هۆکارە بۆ نموونە کاتێک فیلمی کۆپی بەرامبەر ئۆرجیناڵ دەخوێنێتەوە ڕووبەڕووی ئەو ژانرە دەبێتەوە کە ستانلی کاڤێڵ لە هەمان جیهانی خۆرئاوادا بە جددی وەریگرتووە. ئەو فیلمانەی کە سەردەمی زێڕینیان لە ساڵانی پەنجا و شەستەکاندا بوو و لە دەیەی هەشتاکان و نەوەدەکاندا کەسانێک هەوڵی زیندووکردنەوەیان دەدا، بەڵام هیچی لێ سەوز نەبوو. زیندووکردنەوەی ژانری کۆمیدی، کە نزیکەی هیچ فەیلەسوف و تیۆریستێک بە جددی وەرینەگرت. وەک ژانری سابوونی ، بازاڕی و گاڵتەجاڕانە دەردەکەوت. بلیمەتیی کاڤێل لەوەدا بوو کە دەیگوت ئەم فیلمانەش بەهای فەلسەفیی جددییان هەیە. ئەو دیدگای فیلم-فەلسەفەی بەم مانایە گۆڕی. دەیگوت ئێمە نەریتێکی فەلسەفیمان هەیە کە لەم کتێبەدا فراوانتر دەبێت و باشترین نموونەکانیشی پەیوەستن بە ژانری کۆمیدی. وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، فیلمی کۆپی بەرامبەر ئۆرجیناڵ فیلمێکی فەلسەفییە و مانای فەلسەفییەکەشی لە ڕێگەی پەیوەستبوون بە کێشەی بنەماڵەی ژانری کۆمیدییەوە داپۆشراوە. ئەمە زیرەکیی ئەم نووسەرە گەنجەیە و کارێکە بە دەگمەن دەکرێت.

بە گشتی لە دەقە جددیەکانی تایبەت بە کیارۆستەمی، بەتایبەت لە شێوەی کتێبدا، فیلمەکانی دواتری وەک تامی گێلاس باس ناکەن و فیلمی دەش بە جددی وەرگیراوە. ئابۆت لە کتێبەکەیدا پەیڕەوی لە دوو سیاسەت دەکات: یەکەم: لەسەر ئەو فیلمانەی نووسی کە بە گشتی لە فەزای ڕۆژئاوا بە جددی لەسەریان نەنووسرابوو، دووەم: خاڵی وەرچەرخانەکەی بە جددی وەرگرت.

 

 

- با کەمێک باسی نەریتی فەلسەفیی ئابۆتیش بکەین، پێ دەچێت ڕەهەندەکانی دیدگای جیاواز بن و تایبەتمەندییە فەلسەفییەکانی لە فیلمەکانی کیارۆستەمیدا تازە و نوێ دەردەکەون.

ساڵەح نەجەفی: ماتیۆ ئابۆت سەر بە نەریتێکی فەلسەفییە کە کاری فەلسەفە زیاتر بە چارەسەری دەزانێت، واتا دەستنیشانکردنی نەخۆشی و پیشاندانی ڕێگاکانی چارەسەرکردن. ئەمەش جۆرێکە لە کاری فەلسەفیی دژە تیۆری. ئەم نەریتە پێی وایە فیلمەکانی کیارۆستەمی دژە تیۆرین و بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێشیان هەیە. لە کتێبەکەدا جیاوازییەکی گرنگ کراوە کە شایەنی سەرنجە: جیاوازیی نێوان دڵنەوایی و چارەسەر. بانگەشەی نووسەر ئەوەیە کە فیلمەکانی کیارۆستەمی دڵنەوایی بینەرەکانی ناداتەوە، بەڵکوو کاری ئەوان چارەسەرییە. ڕەنگە لە هەندێک هەلومەرجدا چاکبوونەوە بە مانای نەهێشتنی دڵنەوایی بێت. کەسێک بەر فیلمەکانی بکەوێت، بە مەرجی بیرکردنەوە لەو فیلمانەی کە لەم چوارچێوەیەدا دروست دەکرێن، پێویستە داوای دڵنەوایی وەلاوە بنێت. ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە پێموایە ڕەوتی دەستەی چوارەمی فیلمەکان دەیکات. ئەم فیلمانە دژە دڵنەوایین. بریسۆن، بێلا تار و ئەنجیلۆپۆلۆس هەموویان دەرهێنەرن و بینەرانیان دڵنەوایی ناکەنەوە و ژیانیشیان بۆ ئاسانتر ناکەن. بە پێچەوانەوە، بینەر بەشێوەیەکی جددی ڕووبەڕووی ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان دەکەنەوە. فیلمەکانی سێ دەستەی یەکەم ئەو فیلمانەن کە لۆژیکەکەیان لە ڕێگەی باوەڕکردن و هاوشووناسبوون لەگەڵ فەزای فیلم و کارەکتەرەکان، لە کۆتاییدا دڵنەوایی‌بەخشە.

 

- مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم لە فیلمەکانی کیارۆستەمیدا چۆن دەردەکەون؟ وا دێتە پێش چاو لە ڕێگەی ئاڵەنگاریی ئیپیستمۆلۆژی و بوونگەراییەوە جۆرێک لە گومان بخاتە ڕوو کە لە بەرهەمە مۆدێرنەکاندا دەبینرێت.

ساڵەح نەجەفی: من سینەمای کیارۆستەمی بە سینەمای مۆدێرن دەزانم. بە دڵنیاییەوە چەندین ڕەگەز لە بەرهەمەکانیدا هەن کە مرۆڤ دڕدۆنگ دەکەن سینەماکەی بە پۆستمۆدێرن بزانێت، وەک تایبەتمەندیی ڕەنگدانەوەی فیلمەکان، نێوان‌دەقێتییان و گەڕانەوەیان بۆ فیلمەکانی پێشووتر. ئەوەی هەموو ئەمانە بە پۆستمۆدێرن یان مۆدێرن بزانین پرسیارێکی بێ وەڵامە و پێم باشە نەچمە ناو ئەو بابەتەوە. بەڵام ئەو ڕوانگەیەی پێموایە دەتوانرێت لێیەوە سەیری سینەمای کیارۆستەمی بکرێت، دەرەنجامی دابەشبوونێکە بۆ سینەما کە دۆخی هێڵکارییانەی هەیە و ڕەنگە لە یەکەم نیگادا کەمێک سادە بێت، بەڵام بۆ من زۆر جدییە. پێموایە ئێمە چوار مۆدێلی فیلممان هەیە: فیلمگەلێک کە دەتوانن کاریگەری لەسەر بینەر دابنێن و ئەمەش لە یەکەم نیگادا توانایەکی هەستپێکراوە. هاوشێوەی جۆری یەکەم، فیلمگەلێک هەیە کە دەیەوێت بەڵام ناتوانێت کاریگەری لەسەر بینەر هەبێت و بەمجۆرە بەپێی کاریگەرییەکانیان بەسەر فیلمی بەهێز و لاوازدا دابەش دەبن. میکانیزمی کاریگەر لە سینەمادا ڕوونە. فیلمەکان بەشێک لە کاریگەرییەکانیان قەرزاری ئەستێرەکانە و بەکارهێنانی ئەستێرەکان پێویستی بە سەرمایەیە. ئەگەر ئەم دوو ڕەگەزی ئەستێرە و سەرمایە لە هەندێک لە فیلمەکان وەربگرینەوە، ئیتر کاریگەری دانانێن. ناوبەناو ڕەخنەگران فیلمە ئەمریکییەکان، کە وا دەردەکەوێت هێزی کاریگەرییەکانیان وابەستەی ئەستێرە و سەرمایە بێت، بەجۆرێک دەخوێننەوە کە بڵێن تەنانەت لە فیلمە سەرەکییەکان و سینەمای کلاسیکی هۆڵیوودیشدا ئەگەری دروستبوونی موئەلیفیش هەیە. ئەم ڕەخنەگرانە میکانیزمی کاریگەریی سینەمایان سەربەخۆ لە ئەستێرە و سەرمایە پێناسە دەکرد. بەڵام لە ئەمریکا وەبەرهێنان گرنگە، زۆر کەس بەر لە دروستبوونی فیلمەکە سیناریۆکە دەخوێننەوە، هەڵبژاردنی ئەکتەرەکان بەکۆمەڵ ئەنجام دەدرێت، بەرهەمهێنەر یان کۆمپانیاکە ئەوەندە کاریگەریی لەسەر پرۆسەی دروستکردنی فیلم هەیە کە ئەستەمە بڵێین فڵانە فیلم موئەلیفی هەیە یا نا. ئەم فیلمانە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بەرهەم دەهێنرێن و ئەو کەسانەی کار بۆ کۆمپانیاکەش دەکەن کەسانێکی تەکنیکاری باشن. کەواتە باسی بیرکردنەوە و نووسین کاڵ دەبێتەوە. دەستەی سێیەم ئەو فیلمانەن کە ناتوانن کاریگەرییان نەبێت. ئەمەش جیاوازە لە دوو دەستەکەی پێشوو. کاتێک دەڵێین فیلمێک دەتوانێت کاریگەریی هەبێت، مانای وایە کە چەندین هێزی هەیە لەسەر بنەمای ئەم هێزانەش یا فیلمەکە سەرکەوتوو دەبێت یان شکست دێنێت. ئەگەر شکستی هێنا مانای وایە نەیتوانیوە کاریگەری دابنێت و هۆکارەکەشی دەستنیشان دەکرێت. بەڵام هەندێک فیلم ناتوانن خۆیان بپارێزن و کاریگەرییان نەبێت. جاروبار، فیلمی دروستکراوی ئەمریکی فیلمگەلێکن کە ناتوانن لە سەرسامکردن و کاریگەری بێبەش بن. لە یەکەم نیگادا ئەم فیلمانە بۆ ئێمە بەهێزن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە هەمان کاتدا لاوازن. چونکە ئەگەر نەتوانرێت کاریگەری دابنێت، دەرهێنەر لە ئەگەرێکی زۆر گرنگی زمانی فیلمسازیدا بێبەش دەبێت. ئەمەش مانای ئەوەیە لە ڕووی مێژوویی و ئایدۆلۆژییەوە بونیادێک لە درک و هەستوسۆزی مرۆڤی شارستانیی سەدەی بیستەم دروست بووە کە بە ناسینی ئەو میکانیزمە چیتر ناکرێت فیلم دروست بکرێت و پەیڕەوی لەو میکانزیمە نەکرێت و کاریگەریی دانەنێت.

سوزان سۆنتاگ هۆکاری ئەمەشی دۆزیەوە و گوتی میکانیزمی کاریگەریی سینەما میکانیزمێکی دەروونییە. واتا بونیادی هاوشووناسبوونی بینەر و کەوتنە ژێر کاریگەرییەوە، بونیادی باوەڕکردن بە هەلومەرجی چیرۆکی فیلمەکە و پێگەی کارەکتەرەکان و بڕیارەکان و کردەوەکانیان، هەروەها ئەو بەڵایانەی بەسەریاندا دێت، هەموویان بونیادی هۆ و ئەنجامن. لە ئەنجامدا سینەمای دەروونناسی لەسەر ڕێگایەکدایە کە چیتر ناتوانێت کاریگەر بێت و ئەمەش بۆ سینەمای هۆڵیوود و سینەما هاوشێوەکانیشی ڕاستە. ئەو خاڵەی کە لە کتێبی پاریس-تاراندا پشتگوێ خرا پرۆسەی ماددیی بەرهەمهێنان بوو لە سینەمای ئێران. داڕێژەرانی سیاسەتی سینەمای ئێران لە شوێنێکی نامۆوە دەستیان بە کارەکانیان کرد. لە پرسیارێکەوە کە ئایا ئێمە سینەمامان دەوێت یان نا. سەرەتا وەڵامەکە ڕوون بوو. لە ڕووی مێژووییەوە سینەما لەسەر بنەمای چێژی بینین بوو و بەشێکی گەورەی چێژی بینیش، واتا سەیرکردنی ژنە جوانەکان، لە ساڵانی دوای شۆڕشدا قەدەغە بوو. شتێک هەبوو پێی دەگوترا حورمەتی چێژی بینین، ڕێگەچارەگەلێکی وەک سەیرکردنی نامەحرەمێک کە نایناسین، یا ئەوەی کە هیچ کێشەیەک نییە ئەگەر تەنیا وێنەیەک بێت و لە نێوان وێنە و واقیعدا مەودایەک هەبێت، هەموو ئەمانە کێشەکەی چارەسەر نەکرد. لە هەموو حوکمەکاندا دەیانگوت دەتوانی سەیری ژنێکی بیانی بکەیت، کە ڕانەهاتووە بە داپۆشینی قژ و قۆڵی، بە مەرجێک چێژی بینین وەرنەگریت. ئێمە فۆرمێکی سینەمامان هەبوو کە نەدەکرا چێژی بینینی لێ وەرگریت، واتا سینەمای جیهانی کە هۆڵیوود بەسەریدا زاڵ بوو و لەسەر بنەمای چێژی بینینیش وەستابوو. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش چێژی بینین لە سینەمای ئێران هەر لەسەرەتاوە هەڕەشە بوو و تا پێش فیلمی بووکیش ، کە دەرهێنەرەکەی سەر بە ئایدۆلۆژیای ئەم سیستەمە بوو، نەدەبوو چێژ لە بینین وەربگیرێت، مەگەر لە ڕێگەی ئەستێرەکانی سینەماوە. ئەستێرە بە تەواوی لەسەر بنەمای جوانی هەڵدەبژێردرێت، واتا لەسەر بنەمای ئەگەریی چێژی بینین بە بینەر. کیارۆستەمی لێکچوونێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو کاتێک گوتی هاوڕێیەکی تەلارسازم هەیە کە بڕوای وا بوو باشترین تەلارەکانی لەسەر زەویی قەناسدا دروست کردووە. ئەم لێکچواندنە گرنگە، چونکە فیلمسازی لە ئێرانی دوای شۆڕش ڕێک لە زەویی قەناسدایە و هەمان ئەو شتەی کە فیلمەکانی جیهان سەرکەوتوو دەکات، نابێت لە ئێران بە کاربهێنرێت.

با بگەڕێینەوە بۆ ئەو چوار تایبەتمەندییەی کە باست کرد.

لە سێینەی یەکەمدا فیلمگەلێکمان هەیە کە [١] دەتوانن کاریگەرییان هەبێت، [٢] ناتوانن کاریگەرییان هەبێت و [٣] ناتوانن کاریگەرییان نەبێت. ڕەوتی سینەمای هۆڵیوود ڕەوتێکە بەهۆی هێزەکەیەوە، بەهۆی ئەو میکانیزمی دەروونییەی سۆنتاگ باسی دەکات، ناتوانێت کاریگەریی نەبێت. سینەمای ئێران دەتوانێت کاریگەری دانەنێت. بابەتەکە ئەوەیە سینەمای ئێران بە ئاراستەیەکدا دەڕۆیشت کە ڕێبازی سینەمای هۆڵیوود بوو، لەگەڵ ئەم تێڕوانینە هاوبەشەی کە کاری سەرەکیی سینەما بریتییە لە کاریگەریدانان لەسەر بینەر؛ چۆنێتی سەرسامکردنی بینەر بە کۆمەکی چیرۆک، کارەکتەرەکان و ساتە سەرنجڕاکێشەکان و چێژی بینین. سینەمای هۆڵیوود هیچ وەهمێکی نەبوو سەبارەت بەو کاریگەرییەی کە دروستی دەکرد. کاتێک ڕەخنەگرانی فەڕەنسی، گرووپی ژان لوک گۆدار و فرانسوا تروفۆ و ئەوانی دیکە، دەستیان کرد بە تەماشاکردنی فیلمە ئەمریکییەکان، دەیانگوت ئەو فیلمانە بۆ کات‌بەسەربردنن و بزووتنەوەیەک لە فەڕەنسا دروست بوو بە ناوی شەپۆلی نوێ. بەڵام چیرۆکی ئێران ئەوەیە ئێمە بەتەواوی هەمان کاری سینەمای ئەمریکی دەکەین، تەنیا ئەوەیە کاریگەریی سینەمای ئەمریکی سەرگەرمییە و کاریگەریی سینەمای ئێرانیش بە ڕواڵەت بەرزکردنەوەی ڕۆحیی بینەرە. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا، مەرجی یەکەم کاریگەرییە. ئەو هەڤدژییەی لە سەرەتاوە ڕووی دا ئەوە بوو چۆن‌چۆنی کاریگەری لەسەر بینەر دابنرێت. ئەگەر توخمە سەرەکییە کاریگەرەکان لاببەین، واتا ناتوانین ژنە جوانەکان بەکاربهێنین و سوود لە گێڕانەوە و چیرۆکی میلۆدراماتیک، خۆشەویستی یان خێزانی وەربگرین. بەڵام ئەگەر ڕەگەزی چێژی بینین لەمانە وەربگرینەوە، هیچ کاریگەرییەکیان نامێنێت، بۆیە با بچینە سەر سینەمای ئاکشن یان ژانری ترسناک. بەڵام دیسانەوە گرنگ نییە چی کارێک بکەین، ئەگەر ڕەگەزە سەرنجڕاکێشە سێکسییەکان لە سینەما لاببرێت، هیچ شتێک نامێنێتەوە و بینەر دەچێتە لای فیلمە ڕۆژئاواییەکان.

زۆرینەی ڕەهای ئەو فیلمانەی لە ئێران بەرهەم دەهێنرێن، فیلمگەلێکن کە دەیانەوێت کاریگەری دروست بکەن و تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو دەبن، بەڵام ئەم سەرکەوتنە جێی بەزەییە. بەپێی فۆرمولەی سینەمای ئێران پێویستە لە دوایین دەستکەوتە تەکنۆلۆژییەکانی ڕۆژئاوا کەڵک وەربگیرێت، بەڵام بۆ گەیاندنی پەیامی بەرز و بەنرخ. فیلمگەلێکمان هەیە کە لە ڕووی تەکنیک و میتۆدەوە زۆر نوێن، ئەمەش وامان لێ دەکات هەر جارێک تەماشای بکەین بێتام دەربکەوێت. کەسانێک دەیانبینین لەناو ئەو فەزایەدا جێیان نابێتەوە، ژنان بە حیجابەوەن، لەکاتێکدا کاریگەرییە تایبەتەکان بۆ جیهانێکە کە چێژی بینین بابەتی سەرەکییە. بەهەرحاڵ، شتێک لەم فیلمانەدا هەڵەیە و باشترین نموونەکانی سەرکەوتووترین فیلمە ئێرانییەکان پێشتر لە جیهانی ڕۆژئاوا دروست کراون.

فیلمەکانی دەستەی چوارەم ئەو فیلمانەن کە دەتوانن کاریگەری دروست نەکەن. ئەمە ئەو نەریتەیە من پێی دەڵێم نەریتی مۆدێرن. ئەم فیلمانە چیرۆکی دەروونناسی لە سینەمادا دەگێڕنەوە. ئەم بابەتە لە ساڵانی شەستەکان لەگەڵ سوزان سۆنتاگ خرایە بەر باسوخواس. سۆنتاگ بابەتێکی لەسەر ڕۆبێر بریسۆن نووسیوە و لەو وتارەدا باسی دوو جۆر فیلمی کردووە: ئەو فیلمانەی ڕەنگدانەوە یاخود تێڕامانی دەروونناسین، خێرا کاریگەری دادەنێن و لەسەر ڕێگایەک دانراون کە دواجار ناتوانێت کاریگەریی نەبێت. واتا هێزیان لە لاوازییەکی بونیادییەوە سەرچاوە دەگرێت. هەروەها فیلمگەلێکی دژەدەروونی، هەر لە بریسۆنەوە تا هانکە و بێلا تار. فیلمگەلێک لەسەر بنەمای لۆژیکی دژە دەروونناسی و ئیمکانی هاوشووناسی لەگەڵ کارەکتەرەکان دروست کراون. لەم فیلمانەدا دۆخەکان بە شێوەیەکی جیاواز دروست دەبن و کات بە شێوەیەکی جیاواز ئەزموون دەکرێت. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەم فیلمانە کاریگەری دانانێن، بەڵکوو هێزی ڕاستەقینەی ئەم فیلمانە ئەوەیە کە دەتوانن کاریگەرییان نەبێت. دەتوانن لە ڕێگەی دەرچەیەکی ترەوە جگە لە سینەمای سەرەکی بجووڵێن تا کاریگەرییان لەسەر بینەر هەبێت.

سەبارەت بە سینەمای ئێران بابەتەکە ئەوە بوو لە دەیەی شەستەکاندا، چونکە ئێمە خەریکی دروستکردنی تەلارسازی بووین لەسەر زەوییەکی قەناس و لە فەزایەکی نەگونجاودا فیلممان دروست دەکرد، ماتەوزەیەکی بیچمگرتنی سینەما لە گۆڕێ بوو. ئەوەی لە کوێ یان تا چەند ئەم ماتەوزەیە ئەکچواڵ بوویەوە، پێموایە وەڵامەکەی سینەمای کیارۆستەمییە. سینەماکەی هێزێکی زۆری هەبوو و ئەم هێزەشی لە توانای سەرسام‌نەکردنەوە وەرگرتووە. بەو مانایەیە کە ماتەوزەیەکی نێگەتیڤ لە فیلمەکانیدا هەبوو. ئەم ماتەوزە نێگەتیڤە دیالێکتیکێکی دروست کرد کە ئەم کتێبەش ئاماژەی پێ دەکات؛ دیالێکتیکی نێوان سکۆپۆفۆبیا و سکۆپۆفیلیا . کاتێک فیلمێکمان هەیە کە لەسەر بنەمای حورمەتی چێژی بینین دروست کراوە، ئەوە مانای ئەوەیە هەموو بوونەوەرە مێینەکان لەم فیلمەدا هەڕەشەن. ترسناکە حیجابی ئافرەت بکەوێت. مەسەلەکە ئەوەیە ئەو توخمەی کە قەدەغەیان کرد هەڕەشەیە و ئەمەش بەو مانایەیە کە ژنان لە سینەمای ئێراندا بوونیان نییە، بەڵام چونکە نین زۆر بەهێزن. لە سینەمای ئێراندا ناکرێت ژنێکی بێ حیجان هەبێت، مەگەر ئەوەی کەسێکی بیانی بێت و ئەم ڕەوتەش لەم چەند ساڵەی دواییدا دەرکەوتووە. لە کۆتاییدا ئەم فیلمانە دەفرۆشرێن، بەڵام بە مەسخەرییەکی تەواو کە پێی دەڵێن تەنز و کۆمیدی. تەنزێک کە هێڵە سوورەکان ئاڵوگۆڕ دەکات و فرۆشتنی فیلم لە سینەمای ئێران مەرجی جێگۆڕکێی هێڵە سوورەکانە. کەسانێک کە پێیان وایە تەواوی هێڵەکان ڕەت دەکەنەوە، کەسانێکی وەک مەسعوود دەنمەکی . دەتوانێت جنێو بدات و نوکتەی سێکسی و سیاسی بکات چونکە چوارچێوەکە مەسخەرەیە. یان دەتوانێت بچیتە دەرەوەی ئێران و فیلمێک لەسەر پیاوێکی ئێرانی و ژنێکی بیانی دروست بکات. ڕوونە ئەو ژنە بیانیەی لەسەر شاشەی سینەما سەرنجی هەموان ڕادەکێشێت، بێ حیجابە و ئەمە لە دەیەی هەشتاکان تابوو بوو و ڕێگەی پێ نەدەدرا.

بە دڵنیاییەوە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەخنەگرانی ڕۆژئاوا کاریگەرییان هەبوو لەسەر ئەو شتەی کە بوو بە سینەمای مۆدێرن و واقیعیی ئێران. گرنگترین خاڵ لە فیلمی تامی گێلاس، یەکێک لە دیارترین فیلمەکانی مێژووی سینەمای ئێران، ئەوەیە کە ئەم سینەمایە هیچ دەروونناسی نییە. هەرگیز لە هاندەرەکانی کارەکتەری سەرەکی بۆ خۆکوشتن تێ ناگەین. بۆ ئەوەی لەگەڵ کارەکتەری سەرەکیدا خۆت هاوشووناس بکەیت، دەبێت ڕابردوو و کێشەکانی بزانیت، بەڵام لەم فیلمەدا هیچ هۆکارێک نییە و ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەو لەم دۆخەدا دەیبینین. لە تەواوی دوو کاتژمێری فیلمەکەدا دەیەوێت خۆی بکوژێت و هەموو ڕەگەزە کاریگەرەکانی فیلمەکەش لابراون. ئێمە نە مۆسیقامان هەیە و نە ژن؛ و هەموو ئەمانە لە کتێبی پاریس-تاراندا دەتوانرا وەک هاوئاهەنگی ئەم فیلمە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای فەرمیدا ڕوون بکرێتەوە.

بانگەشەی من ئەوەیە ئەم فیلمە دژی ئایدۆلۆژیای فەرمییە، چونکە ئایدۆلۆژیای فەرمی نەیگوتووە فیلمێک دروست بکەن کە کاریگەری دانەنێت، بەڵکوو دەڵێت فیلمێک دروست بکەن کە شێوازی کاریگەرییەکەی شەرعی بێت. دەرهێنەری فەرمیی ئەم ئایدۆلۆژیایە مەجید مەجیدی بوو. ئەو سوودی لە توخمەکان وەردەگرت تا کاریگەر دەربکەون، وەک ئەو منداڵانەی کە دەیانبینین و بۆیان دەگرین و دڵمان دەسوتێت و دەڵێین ئەم منداڵە بێتاوانانە لەم جیهانەدا لە ژێر فشاردان و ئێمەش کتومت لە ڕێگەی بەزەییەوە خۆمانیان لەگەڵ هاوشووناس دەکەین. جوڵەی کامێرا، مۆسیقا و زمانی سینەمایی هەمووی بەهۆی ئەمەوە بوو. بەڵام ئەم سینەمایەش بە ئاراستەی هۆڵیووددا دەڕۆیشت.

بەڵام ئەسغەر فەرهادیمان هەیە و سینەمایەکیش کە لاسایی کاریگەرییە تایبەتەکانی هۆڵیوود ناکاتەوە، کارەکتەرەکانی منداڵ نین و لە هەمان کاتیشدا خەڵاتی نێودەوڵەتیشیان بەدەستهێناوە...

شتێک سینەمای کیاڕۆستەمی و فەرهادی پێکەوە دەبەستێتەوە. هەردووکیان مامەڵە لەگەڵ پۆلێنێک دەکەن کە بە بڕوای من پایەی بنیاتنانی سینەمای ئێرانە لە دوای شۆڕش و ئەویش نوێنەرایەتی فەزای تایبەتییە لە سینەمای ئێران. لەم ڕوانگەیەوە سینەمای کیارۆستەمی بۆ چەندین ساڵ تاکە سینەمایەک بوو لە ئێران شایەنی ئەوە بێت بەرگریی لێ بکرێت. تایبەتمەندییە هاوبەشەکە ئەوەیە ئێمە بە هیچ شێوەیەک ناچینە ناو ماڵەکانەوە، یان ئەگەر بچین، بە هاوکاریی سینەما و کامێرایەک دەچین، بۆ نموونە لە فیلمی کڵۆز-ئەپ دەچینە ماڵی بنەماڵەی ئاهەنخا، بەڵام کامێرایەک لەوێیە، یا نامەحرەمێک لەناو ماڵەکەدایە کە حیجابەکەی بەباشی پۆشیووە. ئەم فیلمانە نایانەوێت درۆ بکەن و چیرۆکێک بگێڕنەوە کە فەزای ناوەوەی ڕێک خراوبێت. فەزای تایبەتی لە سینەمای ئێران توخم و ڕەگەزێکی تێکدەرە. ژنان لەبەردەم مێرد و منداڵەکانیان باڵاپۆشن. ئەمە شتێکی سەیرە چونکە لەسەدا نەوەدی سینەمای ئێران ڕیاڵیستییە و ئەم دیمەنانە یان لە شانۆدا یان لە دیمەنە سوریالەکاندا قبوڵ دەکرێن. ئەگەر نا، هیچ ژنێک لە ماڵەکەی خۆیدا و بەبەرچاوی منداڵەکانی حیجاب نییە، یان جلی دەرەوە و ناوماڵ وەک یەک نییە. ئەمە بەردەوام لە سینەمای ئێران ڕوودەدات و ئێمەش بە داماوییەوە لێی دەڕوانین. لە سینەمای فەرهادیدا ئەم ڕووداوە بە شێوەیەکی تایبەت لە فیلمی جیابوونەوەی نادر و سیمین چارەسەر کراوە: ئەو ماڵە هەم ماڵە، هەم بنکەی سەربازی، هەم خانەی بەساڵاچووان، هەم پۆل و هەم نەخۆشخانە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە هیچ‌کات ماڵەکە وەک ماڵ نابینین. ئەمە سینەمایەکە لە نێوان سینەمای نیوریاڵیستی و میلۆدراماتیکدا دێت و دەچێت و زۆر سەرکەوتووانەش ئەم کارە دەکات. ئەو زمانە سینەماییەی کە دۆزیویەتیەوە، کامێرای دەستی و مۆنتاژە خێراکانی فەزای ناوەوە زۆر گونجاون بۆ دۆخێکی لەم شێوەیە. بەڵام ئەمانە تەواو لە زمانی سینەمایی کیارۆستەمی جیاوازن و بەو ئاڕاستەیە دەڕۆن کە دیالێکتیکی سکۆپۆفۆبیا و سکۆپۆفیلیا چارە دەکات. ڕاستییەکەی ئەوەیە من سینەمای فەرهادی بە دەستەی سێیەم دەزانم. تەنیا ئەو خاڵە هەیە کە ڕاستگۆیی یان هێزێکی تەکنیکی لە سینەماکەیدا هەیە و لە سینەمای هیچ کام لەو دەرهێنەرانەی کە بەو ئاڕاستەیە دەجووڵێن، نییە؛ نە لە سینەمای حاتەمی‌کیا و مەجیدی، نە لە دەرهێنەرە دیارەکانی قۆناغێکی مێژووی ئێران وەک کیمیایی و مێهرجوویی، کە فیلمەکانیان هەرگیز لە فەزای نوێدا جێیان نابێتەوە و هەروا بێتەوە سینەماکەشیان وەڵامدەرەوە نییە.

دەتوانین پێکهاتەی سینەمای فەرهادی بگەڕێنینەوە بۆ ئەو نەریتەی کە لە کتێبی بۆتیقای پچڕانی مازیار ئیسلامیدا باس کراوە. ئەو زمان و تەکنیکی خۆی ڕاستەوخۆ لە سینەمای هۆڵیوودەوە وەرنەگرتووە. خەم و دڵەڕاوکێکەی کاریگەرە، بەڵام کاریگەری لە ڕێگەی تەکنیک و زمانی سینەماییەوە. کارتە جۆکەرەکەی ئەوەیە کە تەکنیک و زمانێکی سینەمایی لە چوارچێوەی نەریتێکی سینەما و ئەدەبیاتی ئێران لە دەیەکانی ڕابردوودا وەرگرتووە و تەنانەت دەشتوانین بڵێین لە شانۆ و ئەو بەرهەمانەی کە بۆ تەلەفزیۆن دەینووسی. لە کۆتاییدا ئەمە سینەمایەکە کە دەیەوێت کاریگەری دروست بکات و کاتێکیش بەڕاستی سەرکەوتوو دەبێت، هەست دەکەیت سەر بە دەستەی سێیەمە. پێم وایە سینەمای فەرهادی سینەمایەکە کە جارجارە ناتوانێت خۆی بپارێزێت و کاریگەری دانەنێت و ببێتە بەشێک لە ڕەوتی سەرەکیی سینەما و دواجار ناتوانێت فیلمێکی باش دروست بکات. دوایین فیلمیش کە دروستی کردووە زۆر پشت بەو توخمانە دەبەستێت کە فیلمی کاریگەری جیهانی دروست دەکات و پێموایە سروشتییە کە نەیتوانیوە بەو شێوەیە سەرکەوتوو بێت. ئەگەر سەرکەوتووش بێت فەرهادی دەبێتە یەکێک لە دەرهێنەرە سەرکەوتووەکانی جیهان و دوور دەکەوێتەوە لەو سینەمایەی تا ئێستا دەیناسین. هەموو خەسڵەتە قەناسییەکانی فیلمسازی لە ئێران لە فیلمگەلێکی دەربارەی ئێلی و جیابوونەوەی نادر و سمین ئامادەن و کاتێک ئەم قەناسە لەم فیلمانە وەردەگرینەوە، ئیتر سەرکەوتوو نابن.

من کیارۆستەمی بە بەشێک لە نەریتێکی فیلمسازی دەزانم کە دەتوانێت کاریگەری دروست نەکات و ئەگەر کیارۆستەمی سەر بەو نەریتە بێت، ئەوا دەتوانێت لە دەرەوەی وڵات فیلم دروست بکات. لەوانەیە ئەو فیلمانە نەگەنە سەرکەوتنی ئەو فیلمانەی لێرە دروستی کردوون، وەک ئەرکی ماڵەوە، کڵۆز-ئەپ یان تامی گێلاس، بەڵام ڕادیکاڵن. سەبارەت بە فەرهادی، پێموایە کاتێک فیلمی ڕابردوو، چیرۆکی ئێرانییەک لە فەڕەنسا دروست دەکات، ئەو دۆخ و هەلومەرجەی ئێران لەگەڵ خۆی دەبات کە فیلمی پێ دروست دەکات. کێشەی فیلمەکانی فەرهادی ئەوەیە باشترین فیلمەکانیشی لە خاکی قەناس دروست کردووە و کاتێک ئەو خاکە قەناس نامێنێت، دەبێت چاوەڕێی فیلمێکی مامناوەندی بکەیت. زۆرکەس پێیان وایە هێزی سینەمای فەرهادی تەکنیکە دراماتیکییەکانە. واتا لابردن و سڕینەوەی بەشێک لە گێڕانەوە و پێکهاتەی فیلمەکەش لە دەوری غیابی ئەو خاڵە دروست دەبێت و پاشان بینەر دەخاتە پێگەی حوکمدانی ئەخلاقییەوە. ئەمەش کەموکوڕییەک بوو و پایەی سەرەکیی فیلمسازی لە ئێراندا سڕییەوە. فیلمەکانی فەرهادی بەهێز بوون چونکە لە فیلمەکانیدا ئەم قەناسە هەبوو. ئەم قەناسە بە وردی لە فیلمی جیابوونەوەی نادر و سمین هاتە ناو سینەمای فەرهادییەوە و ئەم فیلمەش لوتکەی سینەماکەیەتی. لەم ڕوانگەیەوە، فیلمی ڕابردوو کەمێک دادەبەزێت و فیلمی فرۆشیاریش لەوە زیاتر دادەبەزێت و فەرهادیش دەبێتە یەکێک لەو دەرهێنەرانەی کە فیلمەکانی ناتوانن کاریگەرییان نەبێت. پێموانییە لە داهاتوودا بەشێوەیەکی جیهانی ببێتە دەرهێنەرێکی باش.

بەڕێز نەجەفی تکایە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر کۆمەڵە نامیلکەی فیلم وەک فەلسەفە بدە. چۆن‌چۆنی ئەم فیلمانەت هەڵبژارد؟

ئەم کتێبانە بەرهەمی ئێدیتی چەند وانەوتارێک بوون. ئەو وانەوتارانەی پێشتر فیلمگەلێم هەڵدەبژارد تا ئێستاش ماون. ئەو دە فیلمە، کە لەلایەن هاوڕێیانەوە ئێدیت کراوە و لەلایەن بڵاڤۆکی لێگاوە بڵاو کراوەتەوە، دەرەنجامی ئەو قۆناغەیە کە ئەم فیلمانەمان بەم ناونیشانە ناساند [فیلم وەک فەلسەفە]. من بە سەرلێشێواوی سەرەتاییەوە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان فیلم و فەلسەفە دەستم پێ کرد. سوودم لە نەریتە جیاوازەکانی فەلسەفە وەرگرت و ئەم کتێبانەش مەشقی بیرکردنەوەن لەگەڵ فیلمەکاندا. ڕاستییەکەی ناتوانم بڵێم لەم ڕاهێنانانە زیاتر شتێکی دیکەیە یان نا. ئەو ڕاهێنانانەی کە بینەر دەتوانێت تا ڕادەیەک لەگەڵیاندا بڕوات و بڵێت ئایا دەرگیری بووە یاخود نا. ڕەنگە شکستی هێنابێت. بەڵام ئەوەندەی توانیبێتم ئەم ڕاهێنانانە ڕاستگۆیانە بوون و هیوادارم هاوبەشکردنی ئەم ڕاهێنانانە بتوانێت یارمەتی ئەوانی دیکە بدات کە سەیری فیلم دەکەن یاخود دەیانەوێت پەیوەندییەک لە نێوان فیلم و فەلسەفەدا بدۆزنەوە.

لە پێشەکیی ئەم کتێبانەدا قسەیەکی میلان کۆندێرات هێناوەتەوە. بۆچی کۆندێرا دژی ئیقتیباسی ئەدەبی بوو و پێی وابوو نووسەر دەبێت بە شێوەیەک بنووسێت کە کەس نەتوانێت ئیقتیباسی بکات. لە کوێوە ئەم جیاوازییەی نێوان ڕۆمان و سینەما سەرچاوە دەگرێت؟

ئەمە پێشەکییە لە ڕۆمانی نەمرییی میلان کۆندێرادایە. ڕۆمانێک کە خودی نووسەر تێیدا ئامادەیە. ئەو بەشەی کە لە پێشەکییەکەدا هێناومەتەوە گفتوگۆی میلان کۆندرایە لەگەڵ پرۆفیسۆر ئاڤیناروس، یەکێک لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە. ئاڤیناروس دەپرسێت ئەم ماوەیە خەریکی چیت، کۆندێراش وەڵامی دەداتەوە کە خەریکی نووسینی ڕۆمانێکە. کاتێک ئاڤیناروس دەڵێت بەشێکی باس بکە و کوندێراش وەڵامی دەداتەوە کە ناتوانێت، چونکە ئەگەر بتوانێت [ڕۆمانەکە] بگێڕێتەوە، پێویست ناکات بینووسێت. ئەمەش بەو مانایە نایەت کە نابێت ئیقتیباس بکرێت. بەڵکوو بەو واتایە دێت کاتێک دەزانین ڕۆمانەکەمان ئیمکانی ئیقتیباسکردنی هەیە، دەستکاریی شێوازی نووسینمان دەکەین و دەیگۆڕین. لە سەدەی نۆزدەهەمدا کەسێک کە ڕۆمانێکی دەنووسی خەمی ئەوەی نەبووە ئەگەر دواتر ڕۆمانەکەی بکرێتە فیلم چی بەسەر ڕۆمانەکەیدا دێت. کاتێک گوستاڤ فلۆبێر مادام بۆڤاریی نووسی، یاخود کاتێک دۆستۆیڤسکی تاوان و سزای نووسی، بیریان لەوە نەدەکردەوە ئەکتەرێک ڕۆڵی مادام بۆڤاری یان ڕاسکۆڵنیکۆڤ بگێڕێت، یا فیلمگەلێک دروست بکرێ و ئەو وێنەیە تێک بدات کە دەیانویست خوێنەر لە کارەکتەرەکان دروستی بکەن. هیچکەس بە دوو کاتژمێر ڕۆمانێک ناخوێنێتەوە، بەڵام ئێمە بە دوو کاتژمێر تەماشای فیلمێک دەکەین و ئەزموونی کاتەکەی جیاوازی دروست دەکات. وەک بنیامین دەیگوت دوای ئەوەی بەرهەمی هونەری قابیلیەتی بەرهەم هێنانەوەی هەبێت، ئەم بابەتە کاریگەری لەسەر خودی دروستکردنی بەرهەمە هونەرییەکە دادەنێت. ئەو هونەرمەندانەی دەزانن کارەکانیان بەرهەم دەهێنرێتەوە ڕاستەوخۆ کارێک بەرهەم دەهێنن، هەر بۆیەش ئەو قسەیەم لە پێشەکییەکەدا هێناوەتەوە چونکە سینەما کاریگەریی لەسەر ئەزموونی ڕۆمان‌نووسین هەبووە.

 

 

- پێت وایە کاتێک ڕەخنەگر نیازی ڕەخنەگرتنی لە فیلمێک هەبێ، دەتوانێت بە لابردنی فاکتەرەکانی فیلمسازی ڕەخنە لە چیرۆکەکە بگرێت و بەم شێوەیە ڕۆڵی وێنە لە فیلم دوور بخاتەوە؟ ئایا دەکرێت ڕەخنەی چیرۆک وەک ڕەخنەیەک لە فیلمەکە وەربگیرێت؟

ساڵەح نەجەفی: ڕەخنەی فیلم بە مانای ڕەخنەگرتن لە سیناریۆ نایەت. بەشێکی زۆری ڕەخنەی سینەمایی بریتییە لە پێناسەکردن و شیکردنەوەی چیرۆکی فیلمەکە، لە کاتێکدا ڕەخنەی فیلم واتا گرنگیدان بە گۆشەی کامێرا، ڕێزمان و زمانی فیلمەکە و ڕیتمی مۆنتاژ. کاتێک قسە لەسەر فیلم دەکەین، تەنانەت لەنێوان ئەوانەشی لە ئێران باس لە فەلسەفەی فیلم دەکەن، کێشە سەرەکییەکەیان ئەوەیە دەڵێی فیلم بە مانای چیرۆکێکی وێناکراو دەبینن و لەم چیرۆکەدا پەیامێکی فەلسەفی دەردەهێنن. ئەمە خراپترین جۆری ڕەخنەیە. ناتوانم بانگەشەی ئەوە بکەم ئەو کارەم ئەنجام داوە، چونکە یەکێک لە پایەکانی فیلمەکان گێڕانەوەیە. نموونەی ئاوارتەی فیلمی 'پێنج' کە لە کتێبی کیارۆستەمی و فیلم-فەلسەفەدا هاتووە. لە کۆتاییدا مەرج نییە فیلمێک کە بە هیچ شێوەیەک گێڕانەوەی نەبێت بە ئەزموونی ئاڤانگاردی یا ئەزموونگەرایی سینەمایی ناوببرێت، بەڵام دەبێت بزانین ئەمە یەکێکە لە پایەکانی و ڕەنگە مەبەستی پێشەکییەکەش هەر ئەمە بێت.