A+    A-
(670) جار خوێندراوەتەوە

             "داواى لێبوردن", یان بەرکەوتنى لۆکاڵ و گڵۆباڵ

 

 

 

 

دیوى لۆکاڵى هەر کۆمەڵگایەک, لەمڕۆدا خۆى لە دیوە گڵۆباڵ و جیهانییەکە دەخشێنێت. سنورى ناوەوە بەر سنورى دەرەوە دەکەوێت و هەردەم جۆرێک لە کرژبوون و فراوانبوونەوە ئیشدەکات. بە مانایەکى تر, لۆکاڵ قەت نابێتە بەتەواوى گڵۆباڵ, قەت لەودا ناتوێتەوە, چونکە گڵۆباڵ خۆى کامڵ نیە. هەر لۆکاڵێک, زام و نەقسێکە لە گڵۆباڵدا و ناهێڵێت کۆیەکى پڕ بێت. هاوکات لۆکاڵ و دیوى ناوخۆیی کۆمەڵگاکانیش, هەر پڕ نین, بەڵکو لە بن هەژموونى گڵۆباڵدا دەژین و چاوشارکێ و چاودزکێیەکى جۆراجۆر لەگەڵ یەکتردا ئەزمووندەکەن- زۆرجار هەریەکەیان لە گۆشەیەکەوە سەیرى ئەویتریان دەکات کە ڕێکەوتى یەکدى ناکەن. لۆکاڵ لەو جێیەوە لە گڵۆباڵ دەڕوانێت کە گڵۆباڵ لە لۆکاڵ ناڕوانێت. ئەم دزەنیگا ئۆنتۆلۆژییە, لەو ڕووداوانەدا بەردەوام سەرهەڵدەداتەوە کە لاى ئێمە ڕوودەدەن؛ ئەوەى کە مرۆڤیکى کورد یان کەسێکى دیار هەڵوێستێک و لێدوانێک (و بگرە ژێستێکى هیستریایی) دەنوێنن و پاشان پاشگەزدەبنەوە و داواى لێبوردن لە خەڵک دەکەن. وەکبڵێى بکەرى ناو سیناریۆیەکى ئەم پەیوەندییەى لۆکاڵ و گڵۆباڵن, جاریش هەیە مرۆ ڕاڕادەبێت ڕاشکاوانە بڵێت هەڵوێستەکە سادەترە, ئەوان ئەمە دەکەن بۆ ئەوەى سەرەنجام پەشیمان ببنەوە. "پاشگەزبوونەوەکە", یان "داواى لێبوردنەکە" لە کەسێک و کۆمەڵگایەکى دیاریکراو نیە, بەڵکو لەم  پەیوەندییەیە. شوێنى لێبوردنەکە دەکەوێتە سەر سنورى هەردوو ڕەهەندەکەوە.

ڕەنگە بتوانین بەپێى پۆڵێنێکى سەرەتایی, لۆکاڵ ناوبنێین پانتایی ڕەمزى, گڵۆباڵیش ناوبنێین پانتایی خەیاڵى, لەنێوان ئەم دووانەشدا ئەوەى هەیە بریتییە لە ڕیاڵ(جۆرێک شۆکى بنەڕەتى کە دوو ڕووبەر لێکجیادەکاتەوە). پانتایی ڕەمزى, ئەو پانتاییەیە کە کۆمەڵێک قسەکەر لەناو کەلتورێکدا مانا و بەها و مێژوو درووستدەکەن, پانتایی خەیاڵییش ئەو پانتاییەیە کە کەلێنەکانى ناو پانتاییە ڕەمزییەکە دادەپۆشێت, لە پەیوەندییدا بە باسەکەشمانەوە پانتایی خەیاڵى دەکاتە گڵۆباڵ, ئەو پانتاییەى کە کۆمەڵێک دیاردە لەوێ هەن یارمەتیماندەدەن نوقسانییەکانى خۆمان دەرهاوێژى بکەین و خۆمانى لەگەڵ هاوشوناسبکەین و ئەوەى لێرە و لە پانتاییە ڕەمزییەکەماندا نامومکینە, بکەینە مومکین و بیڕەخسێنین. لەنێوان ئێمە و پانتاییە خەیاڵییەکە(گڵۆباڵ)دا, کەلێنێک هەیە کە ئەبەدییە و تەواو پڕنابێتەوە, بەڵام ناشتوانین نەمانبێت. هەتا لە ژیانى ڕۆژانەى کەسێکدا ئەم سێ پانتاییە ڕەمزى و خەیاڵى و ڕیاڵ(مەحاڵ)ـە ئیشدەکات: کەسێک خۆى هاوشوناس و هاوشێوە دەکات بە کەسێکى تر, بەشە ڕەمزییەکەى خۆى کامڵتر دەکات, بەڵام سەرەنجام ئەم و کەسەکەى تر یەکێن نین و خەرەندێکى ڕیشەیی دەکەوێتە نێوانیانەوە. بۆیە کەلێنى لۆکاڵ و گڵۆباڵ, بە زۆر مانا, هەمان کەلینى پانتایی ڕەمزى و خەیاڵییە. ڕەمزى بریتییە لە داراییەکانى ناو خۆم و مێژووى خۆم, بەڵام خەیاڵى بریتییە لەو پشکەى کە لە خۆمدا نیە و لەویترەوە ڕایدەکێشم و بەشێوەیەکى فەنتازی قەرزیدەکەم. ئەم قەرزە, هەردەم بەشێکى چکۆلەى لێ دەبێتە هى من و وەک بنک هەر سەر بە دەرەوەى منە(لەم حاڵەتەدا سەر بە گڵۆباڵە). لەوێدا کە خۆم بۆ خۆم بەس نیم, ئیدى ئەم بەسنەبوونە بەهۆى قەرزێکى فەنتازییەوە لەویتر(گڵۆباڵ) دادەپۆشم. بە مانایەکى تر, لۆکاڵ ئارەزووى گڵۆباڵ دەکات بەڵام ناتوانێت بەتەواوى هەمووى بەدەستبێنێت و ناشیەوێت, بۆیە کەلێنێک لەم نێوانەدا دەمێنێتەوە ئەم کەلێنەش جۆرێکە لە هۆکارى بەردەوامیدان بە ئارەزووەکە. گڵۆباڵ وەک ئێسقانێک لە قوڕگى لۆکاڵدایە کە نە دەتوانێت و نە دەشیەوێت قوتیبدات. ئەویترى گڵۆباڵ, هەم دەمخەسێنێت و هەم لە خۆیشى فەنتازیایەک دادەتاشم تا لەگەڵ خەسانەکەم هەڵبکەم. بۆ ئەوەى لەم سێ ڕەهەندە سەرەکییەى هەر دونیایەک تێبگەین, دەتوانین ئاماژە بە پرسى نوسین/وەرگێڕان بکەین: نوسین بە واتاى تەواوى وشەکە سەر بە پانتایى ڕەمزییە, شتێکە لەم پانتاییەوە دەردەچێت, سەر بە خودئاگایی ئەم پانتاییە, بەڵام وەرگێڕان بە ماناى تەواوى وشەکە سەر بە پانتایی خەیاڵییە, واتە لەم کەناڵەوە خۆم لەگەڵ ئەویترى گڵۆباڵ هاوشوناسدەکەم, شتێک لە ئاگاییەکەى ئەویتر قەرزدەکەم, شتەکە هەڵقووڵاوى خۆم و گرفتەکانم نیە, بەڵام ناشتوانم بێ وى بژیم. ئەم هەڵنەقووڵانە لە منەوە, ناوێکى ترە بۆ کەلێنەکەى نێوان نوسین و وەرگێڕان کە دەکاتە ڕیاڵ. وەرگێڕانى ڕۆمانێكى ئاسانخوێنى وەک "یازدەخوولەک", قەت بارتەقاى دەقێک نیە لەسەر سێکس کە لە کوردزوبانێکەوە دەربچێت و مێژوویەک و خڵتەکانى بنوێنێتەوە. دەکرێت بە یاریدەى گڵۆباڵ, دەست لە لۆکاڵى خۆم وەربدەم, بەڵام ناتوانم بەتەواوى بیکەمە هى خۆم. بۆیە لێرەدا نوختەیەکى دیاردەناسانە(فینۆمینۆلۆژى)یش هەیە کە بەو پێیە ئێمە لەڕێگەى فەنتازیاوە ئەزموونى ئەویتر دەکەین. ئێمە لە ئاگایی و ئەزموونە لۆکاڵەکەماندا, شتانى گڵۆباڵ درکدەکەین. لۆکاڵ بۆ من ئەو ژینجیهان(life-world)ـەیە کە هەموو پەیوەندییەکانم بە گڵۆباڵەوە لەودا بپەستێوم و چڕبکەمەوە. هەر لۆکاڵێک جۆرێک لە نیەتمەندى(intentionality) و ڕووتێکردنى بۆ دەرەوەى خۆی هەیە. لە پانتایی ڕۆشنبیرییشدا, ئەم ئەزموونە لەڕێى وەسفگەلى وەک دونیاى خۆرئاوا..., "دونیاى مۆدێرن..." و هتدەوە دەگوازرێتەوە.

  کەلتور(یان پانتایی ڕەمزى), شوێنێکە بۆ ئەوەى فشارەکانى گڵۆباڵ لەسەر لۆکاڵى تیا بدۆزینەوە. کەلتور و زمانى ناو کەلتورەکە, سنورى لۆکاڵ و گڵۆباڵ دیاریدەکات. کەلتور(و ڕەگەزە پێکهێنەرەکانى), کێڵگەى پاکانەحیسابى کۆتایی ئەم پەیوەندییەى لۆکاڵ و گڵۆباڵن. بە حوکمى ئەوەى ئەم پەیوەندییە لەسەر توندوتیژییەکى ڕیشەیی و ناواخنکراو درووستبووە, ئەوا بەرکەوتنە توندەکانیشیان بەیەکتر پشکێک لەو توندوتیژییە بێداردەکاتەوە. گڵۆباڵ هەمیشە لەوێ نیە, بەڵکو دەکرێت لە گرژییەکى لۆکاڵى و کەلتورییدا بیبینینەوە کە چۆن بەر بنبەستى خۆى لەویتردا دەکەوێت. زۆرجاریش گوزارە و دیاردەیەکى کەلتورى(لۆکاڵ), خۆى وەک هاوتا و هاوسەنگى دیاردەیەکى گڵۆباڵ و جیهانى دەردەخات. کەلتورەکە دەیەوێت لە جێیەکدا جیهانى بێت, خۆى بە گڵۆباڵ هاوشوناسبکات, بەڵام ناوکەکە هەر ناوکەکەى خۆی بێت. جاریش هەیە ئەم ناوکە بەشێوەیەکى تاڕادەیەک ڕوون دوولەتدەبێت و هەر لەتێکى لە لایەک دەوەستێت. لێرەدا نمونەیەکى سادە بیرى خۆمان دەخەینەوە کە لەتەکانى ئەم ناوکە, لۆکاڵ بەجیا و گڵۆباڵ بەجیا, لە جێیەک جێدەمێنن: ئەم ساڵانە کلیپێکى بەناوى "ئایلا", کاردانەەى زۆرى خستەوە و پانتاییە کەلتورییەکە وەک "فرۆشتنى کچێکى ئەسمەر بەرامبەر پارە" وەرگیرا, بەڵام ئێمە چەند دەیەیەک لەمەوبەر گۆرانییەکى ترمان هەیە[1] کە هەمیسان پێدانى پارەیەکە بەرامبەر بە ئەسمەرێکى ئەو سەردەمە(ئەسمەر بێ و خاڵ لەڕووبێ...هەزار و شەشسەد درهەم). قبوڵکردنى یەکەمیان لە سەردەمى خۆیدا, هى سیاقێکە کە لۆکاڵ خۆى زۆر بەراوردناکات بە گڵۆباڵ, جۆرێک لە پەردەپۆشى ناوەکى هەیە تا لە کۆى ئەزموونى گۆرانیبێژێکدا بەشێکى عەیبدار بتوێنرێتەوە و هەرسبکرێت. بەڵام پاش چەند دەیەیەک, ڕستە و کلیپسازیى لەو جۆرە بەڕاشکاوى قبوڵناکرێت. هۆکارەکان هەرچى بن, باسەکەمان لێرەدا ئەوەیە کە دوو دۆخ لەناو یەک کەلتوردا و بە دوو ئاراستەى لۆکاڵ و گڵۆباڵەوە لێکجیادەبنەوە. یەک لە کاردانەوە ڕەسمییەکانى بەرامبەر ئەم کلیپە, کاردانەوەى ئاوازدانەرێکى دیارە کە کونجێکى ترى کێشەى لۆکاڵ/گڵۆباڵمان پیشاندەدات: وێڕاى کارە ستاندارد و ئەرێنییەکانى ئەم ئاوازدانەرە, دەتوانین ئەو ئازادییە تەئویلییە وەربگرین و بڵێین: ستایشى ئەم ئاوازدانەرە بۆ کەعبە و مەدینە, وەڵامێکى نەستەکى و شاراوەیە بۆ خاوەنى ئەم کلیپە تا بڵێت من وەک ئەو نیم, من "باى نادەم", من دیندارانم لەپشتە, من لۆکاڵى پوختم بەبێ ئالودەبوونم بە گڵۆباڵ. لێرەدا تاکتیکێکى ئەخلاقى دەگیرێتەبەر تاکو ڕەهەندە گڵۆباڵەکە دژ بە بەرهەمێکى تر پووچەڵبکرێتەوە. گەر نمونەیەکى تر بۆ ئەم دوولەتبوونە بێنینەوە پرسى زانین و بڕوانامەیە: کەسێکى لۆکاڵنشین بڕوانامەیەک لە خۆرئاوا(گڵۆباڵ)ـەوە دێنێت کە ئەو زانینە لەسەرەتادا بەرهەمى پانتاییە ڕەمزى و خۆماڵییەکە نیە و نیشتنى زەمەنى خۆماڵى نیە وەک کاڵایەکى جیهانى قابیلى گواستنەوەیە. دەکرێت کەلتورەکە و پانتاییە ڕەمزییەکەت لەلایەکەوە و بەدەر لەو زانینە درێژە بە ژیانى خۆى بدات, و زانینى پشت بڕوانامەکەش لەلایەکى ترەوە و بۆ پرسگەلى ڕۆتینى و نامەعریفى(بازاڕ و هتد...) ئامادەیی هەبێت.

لەم ڕۆژانەدا یەکێکى تر لەو لیستە درێژەى داواى لێبوردن لاى کچە گۆرانیبێژێک ڕوویدایەوە. پوختەى سازشەکەى ئەو, لەو ڕستەیەدا خۆى دەردەخات کە دەڵێت «خۆم خیانەتم کردووە و ئەیکەم, بەڵام حەزناکەم خیانەتم لێ بکرێت». تەنگژەى ناو ئەم ڕستەیە لە پەیوەندییدا بە پرسى لۆکاڵ و گڵۆباڵەوە, تەنگژەیەکى سەرنجڕاکێشە: بەشێوەیەکى خۆنەویستانە, دیوى ناوەوە و دەرەوەى کەلتور کۆدەکاتەوە. بەئاشکرا باسکردنى تابۆیەکى وەک خیانەت(کە لە دەرەوە و ناوەوە ڕێژەیەک تراوماى تیایە) لە زارى کوردێکەوە, جۆرێک توندوتیژى جێدەهێڵێت کە بە داوایەکى لێبوردن ساڕێژدەکرێتەوە. خیانەت لێرەدا لە یەک کاتدا دەرچوونە لە لۆکاڵ و دەرچوونە لە سنورێکى کەسی‌یش. چونکە جۆرە نواندنێکى تیایە کە لە دیاردە جیهانییەکانەوە پەڕیوەتەوە بۆ کەلتورى ئێمە, و لە کۆتاسنوریدا بەر بنبەستى خۆى دەکەوێت و قسەکەرەکە ناچار بە سازش دەکات. ڕاستییەکى سەرڕاست هەیە کە لەم دیمەنانەدا کچێکى کورد ئارەزوویەکى گڵۆباڵ بنوێنێت, ئیدى لە خەیاڵکردنى سێکسییەوە تا دەگاتە نمایشکردنى خەیاڵەکە. بەڵام ڕاستییەکى شاراوەتر و سەرچەوتتر هەیە و کۆى باسەکە لە خۆیدا هەڵدەگرێت: لۆکاڵ ناتوانێت بەبێ گەشەیەکى سرووشتى خیانەت لە خۆى و گڵۆباڵیش بکات و وابجووڵێتەوە هەموو دیاردەکانى هەرسکردووە. گەشەى سرووشتى لە هەر کەلتورێکى لۆکاڵى و هەر زەینییەتێکدا, لەناو ئاسۆى گڵۆباڵدا دیاریدەکرێت. پێوەرەکانى گەشەوگۆڕان, تەواو نەگۆڕ و میکانیکى نین, بەڵام دەبێت بشلکێت بە زاکیرەى کەلتورە لۆکاڵییەکەوە کە شتێک نیە ئاسان بسڕدرێتەوە. ڕەنگە لە ئاستى گڵۆباڵدا گۆڕانى خێرا ڕووبدات, بەڵام لە ئاستى لۆکاڵدا زاکیرەیەک هەیە بە شێوەى جۆراوجۆر پەیوەندیی خۆى بە گۆڕانەکانەوە ڕێکدەخاتەو- ئیدى نەرێنى بێت یان ئەرێنى. ئەم گەشەیە وادەکات حوکمگەلى وەک "دنیا گشتى وەک یەکى لێهاتووە", خۆى حوکمێکى فەنتازى بێت و قسەکەر ناچاربکات لە لۆکاڵێکدا ئۆقرەبگرێت. سەرەنجام, داواى لێبوردن, داواى لێبوردنیشە لە ڕیزێک لێبوردنى تر کە شوێنکاتى تردا ڕوودەدەنەوە.  

 

 

 

وەلید عومەر


[1] . وتنى "حەسەن زیرەک"