A+    A-
(1,124) جار خوێندراوەتەوە

          "نەیزەک", بەردێک لەنێوان دەرەوە و ناوەوەماندا

 

 

 

 

 

 

فیلمى "بۆ سەرەوە مەڕوانە"(Don’t look up), یەکێک لە بەرهەمەکانى نێتفلێکسە و ساڵى ٢٠٢١ لە دەرهێنانى ئادەم مەک‌کەى بەرهەمهێنراوە. کۆمیدیایەکى ڕەشى سەر بە ژانرى خەیاڵى-زانستییە و ئەکتەرە دیارەکانى وەک لیناردۆ دیکاپریۆ و جنێفەر لۆرانس ڕۆڵى تیا دەگێڕن. هەر ئەم دوو ئەکتەرەش ڕۆڵى دوو ئەستێرەناسى ئاسایی دەبینن تا تۆڕێکى چڕوپڕى میدیایی پێکبهێنن تا بە خەڵکى سەرزەویی ڕابگەیەنن نەیزەکێک بەرەو زەوى بەڕێوەیە و زەوى لەناودەبات. فیلمەکە کڵێشەییە, بەڵام بەردەوامیش هەر لەم جۆرە فیلمانە بەرهەمدێتەوە. هۆکارە فیکرییەکەش دووبارەبوونەوەى بونیادى ژیان خۆیەتى لاى مرۆڤ کە چەند چەمکێکى ئاڵۆزیش لەگەڵ خۆیدا دووبارەدەکاتەوە وەک فەنتازیا, چێژ و واقیع, ئارەزوو, لەدەستدان, شتى دایکانە, سوبێکت و هتد. ئەم چەمکانە کە تێکڕا بونیادى ژیانى مرۆڤ دیاریدەکەن, لەگەڵ سیاق و قۆناغەکانى گۆڕاندا ئەوانیش دەگۆڕێن. لەم یاداشتە کورتەدا, سەرنجێکى فیکرى و دەروونشیکارانەى فیلمەکە لە کۆدا دەدەین- واتە فیلمەکە وەک کۆیەتیی ژیان خۆى وەردەگرین.  

ژیان ئەو کۆیەتى(totality)یەیە کە کۆمەڵێک کرچى و حەماقەتى تایبەت بە خۆى هەیە, و سەیر ئەوەیە پێوەرێکى تەواو دەرەکییمان نیە بۆ ئەوەى بیسەلمێنین بەراورد بە شتێکى تر کرچ و حەماقەتبارە. بە مانایەکى تر, ژیان کۆمەڵێک دیوى کرچ و ساکارى هەیە کە بنەڕەتى ژیان خۆیەتى. سیستەمە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانیش, شێوازى مامەڵەکردن بەم دیوە کرچانەوە دادەهێنن. بەو پێیەى سرووشت لە چەقى ژیانماندا و بە شێوەى تر جێى خۆى کردۆتەوە, ئەوا لەناو کەلتور و شارستانییەتیشدا ئەم کرچییانە ناوێکى تریان وەرگرتووە و کاردەکەن. تێماى نەیزەک لەم جۆرە فیلمانەدا, نیشانەیەکى گونجاوە بۆ پێکداچوونى ئەم چەمکە سرووشتى/مرۆیی(کەلتورى)یانە. نەیزەک, گەرچى لەڕووى دەرەوەى خۆیدا, تەنێکى سارد و کرچ و نامرۆییە, بەڵام لە دیوى ناوەوەى ژیانى مرۆڤەوە کارکردى ترى هەیە. بۆ وێنە, گەر نەیزەک تەنێکى بەردین بێت و لەخۆیدا هیچ مانایەکى نەبێت, ئەوا کاتێک ڕوو لە دونیاى مرۆڤ دەکات ئەوا پاڵ بە دونیاکەیەوە دەنێت و کۆمەڵێک تێگە و سنور و مانا لە ژیانى مرۆڤدا دەجوڵێنێت. کاتێک نەیزەکێک ڕوودەکاتە زەوى, چەمکگەلى وەک فەنتازیا, مەحاڵ, ئارەزوو لە ژیانى سەرزەوى جووڵەیەکى تایبەتیان تێدەگەڕێت. لەم فیلمەدا و وەک ڕاستییەکى زانستى, هێزى نەیزەکەکە لە بۆمب زۆر زیاترە: وەک ڕاستییەکى مرۆییش لەسەرەتاوە وادیارە سرووشت بە ڕاستەوخۆیی, بێ‌نێوانگرێتی(immediacy), بەر ئێمە دەکەوێت. بەڵام یەک پێچى تر هەیە کە دەریدەخات سرووشت پێشوەخت لە دونیا مرۆییەکە هەڵژەنراوە و پاشان هێرشدەکاتە سەر ئێمە و ئێمەش مانا بە هێرشەکانى دەدەین. بۆیە لێرەدا بۆمب کە دیسان لە سرووشت دەرهێنراوە و ناوێکى مرۆیی وەرگرتووە, لەپاش نەیزەکەکەوە دێت. بۆمب, لاساییەکى مرۆییانەى نەیزەکە, بۆیە نەیزەک پێشوەخت بۆ ئێمە ئاشنایە و لە دونیاکەمان خشاوە. ئەمە جگە لەوەى کە دەزگاگەلى وەک ناسا, وێڕاى ڕۆڵە ئایدۆلۆژى و سیاسییەکەیان, لێخشانێکى ڕوونترى ئەم سنورە مرۆیی و سرووشتییەن. ناسا, هەواڵى کارەساتە سرووشتییەکان مشتوماڵدەکات بۆیە سنورە دەزگاییەکەى مرۆڤە بە سرووشت و گەردوونەوە. لەم فیلمەدا کاتێک مرۆڤ خۆى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى نەیزەکەکە ئامادەدەکات, سەرەتا کۆمەڵێک فۆرم نمایشدەکات, فۆرمى ئامێر: ئەو جیهازانەى ناسا کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پووچەڵکردنەوەى نەیزەکەکە بەکاردەهێنرێن, کەمتر دڕ دیارن و فۆرمێکی ئەندازەیی ئاشنایان هەیە, بەڵام نەیزەکەکە فۆرمێکى ئەوتۆى نیە. کوتلەیەکە فۆرمەکەى و کارکردەکەشى کە بەرکەوتنە بە زەوى, لە یەک ساتدا کۆدەکاتەوە و ئەو ئارامییەى ئامێرە مرۆییەکانى نیە. ئامێرە مرۆییەکان, سەر بە کەرەستەکانى ئیرۆسن بەڵام نەیزەک سەر بە تاناتۆس و مەرگە. ئەمیان بۆ یەکخستن و بنیاتنانە و ئەویان بۆ پارچەکردن و وێرانکردن. هەر لەسەر ئەم هێڵە, گەر نەیزەکەکە دەرهاوێژییەکى نائاگایانە بێت و گەڕابێتەوە بە ئاراستەى مرۆڤدا, ئەوا موشەکە مرۆییەکان کە هەڵدەدرێن جۆرێک لە دەرهاوێژیی ئاگایانەیە تا بەسەر دەرهاوێژییە نائاگاییانەکەدا سەربکەوێت. وەک بڵێى ژیانى مرۆڤ بریتییە لەو زیادە ناهاوسەنگەى کە دەکەوێتە نێوان ئەم دوو ساتەوە, ساتى هاتنى نەیزەک و ساتى هاویشتنى موشەکە مرۆییەکان. ژیان پاش یەکلابوونەوەى هەردوو چرکەکە ڕوونادات, بەڵکو خۆى بریتییە لە چاوەڕوانیی ئەو ساتەى کە هەردوو ئاراستەکە بەرەو یەکدەچن. لەلایەک هیوا بەوەى کە مەرگ تێکشکێنین(کە نەیزەکەکە نوێنەرێتى), بەلایەکیشەوە چێژبردنى نائاگایانە لەوەى کە مانەوەمان ئاڵاوە لە مەرگ: ئارەزوو خۆى زنجیرەیەک بڵندبوونەوەیە کە بەسەر مەرگدا هەڵخراوە.

جیا لەمانەش گرنگ نیە چ پێوەرێک بۆ دووریی ناو گەردوون بەکاردێنێن, ئەوەى گرنگە ئەوەیە لە فەنتازیاى مرۆڤدا مەوداکە بە شتى تر دەپێورێت. بۆنمونە, جێگۆڕکێ لەنێوان دوو ڕەگەز(توخم)دا ڕوودەدات. هاتنى نەیزەکێک, ترپەکردنى فەنتازیامانە بۆ ئەوەى لەبەریەک هەڵوەشێتەوە. فەنتازیا جۆرە چنینێکى مرۆییە تا بەرگەى واقیع و سرووشتى دەرەوە بگرێت, بەڵام گەرەنتییەکى هەتاهەتاییش لەگەڵ نیە. چونکە پێشوەخت سرووشت لە جەستەى ئێمەشدا ئامادەیە, پیرى نیشانەیەکى دیارى ئەو ئامادەییەى سرووشتە کە لەڕێى لۆچەوە شوێنەوارى خۆى جێدەهێڵێت. بە مانایەکى تر, لەقووڵاییدا نەیزەک بەتەنیا لە دەرەوە نایەت بەڵکو ڕەگەزێکى ناوەکیی ژیان خۆیەتى کە ژیان هەڵدوەشێنێتەوە(ڕیاڵ چەنێک دوورە هێندەش نزیک و ناوەکییە). نەیزەک, توندبوونەوەى ئارەزووشمانە تا ئەو جێیەى بەر ئۆبێکتە گەورەکەى ئارەزوو(desire) دەکەوین کە مەرگ یان چاڵێکى تاریکە. هەر ئارەزوویەک بۆ ئێمەى مرۆڤ, خۆلادانێکە لەم چاڵەى مەرگ. تێماى نەیزەک لە سینەما و چیرۆکە جۆراوجۆرەکاندا, ئەم پەیوەندییەمان بە ئارەزووەوە پیشاندەدات. ئێمە ئارەزووى هەموو شتێکى ئەم گەردوونە دەکەین, بەڵام بە نێوانگریی دۆخە مرۆییەکەمان. خاڵێکى تایبەت لێرەدا هەمیسان بیڵێینەوە ئەوەیە کە دیاردە سرووشتى و گەردوونییەکان, لە دیاردە مرۆییەکان ئاڵاوە. نەیزەک, وێڕاى ئەوەى خۆى بۆ خۆى چیە, کەچى بۆ ئێمە کارکردێکى ئاڵۆزى دەروونى و کۆمەڵایەتیی هەیە. بۆنمونە, دەشێت کەوتنى نەیزەکێک گۆڕان بەسەر چیرۆکى شەخسیی مرۆڤێکدا یان کۆمەڵگایەک و مێژوویەکیشدا بێنێت.  

ڕۆڵێکى ترى نەیزەکەکە لێرەدا, بیرخستنەوەى ئەو خاڵەیە وا عەشقى ژن و پێکەنینى ژن, بەپێچەوانەى عورفى باوەوە, لە دەروونشیکارى‌دا دەمامکێکە بەسەر مەرگەوە. جوانیی ژن خۆى ماسکێکە بۆ داپۆشینى مەرگ, بگرە خۆى مەرگە بەڵام یەکانگیریی وەرگرتووە. مەرگ نەک وەک مەرگێکى بایۆلۆژیی ڕووت, بەڵکو وەک نێگەتیڤیتە, وەک بنکێک کە شتى لەسەر بنیاتدەنێین. بۆیە بەدرێژایی فیلمەکە خاڵێکى سەرنجڕاکێش لەلاوە خۆى بەسەر بینەردا دەسپێنێت کە ئەویش سەرۆک کۆمار ژنێکە. دەنگى ژن شانبەشانى هەڕەشەى مەرگ دەچێتە پێشەوە. بیرکردنەوە لەم پەیوەندییە خاوەنى ئاڵۆزیی خۆیەتى, بەڵام هێند هەیە بزانین کە پێکەنینەکانى خانمى سەرۆک کۆمار(کە مێرل ستریپ ڕۆڵەکەى دەگێڕێت) دۆخى مەرگ ئاڵۆزتر دەکات: پەیوەندیی ژن و مەرگ, لەم فیلمەدا پەیوەندییە سەرەکییەکە نیە؟ کێ ناڵێت هەموو فیلمەکە بەشێوەیەکى نەستەکى بەرمەبناى ئەم پەیوەندییە دەڕواتەپێشەوە و ئایدیا قووڵەکە هەر ئەمە نیە؟ وادیارە پێکەنین و تریقانەوەى جارنەجارەى ئەم ژنە, کرۆکى ڕووداوەکانە, ئەویش بۆ ئەو بینەرەى کە ئارەزووى فیلمەکە دەکات. پێدەچێت بەر لەوەى ئێمە سەرقاڵى ئارەزووکردنى مەرگ بین لەگەڵ نەیزەکەکەدا و هاوشوناسى بگوزەرێت, خەریکین هەر لەناو سنورە مرۆییەکەدا لوغزى ژن و مەرگ. پێکەنینە مەرگاوییەکانى ژنێک شیدەکەینەوە. ئاخۆ دواسنورى ئێمە بزەى مەرگبارى ژنەکەیە یان ڕاستەوخۆ نەیزەکەکەیە؟ هێشتاش لەناو ئەم دوو ڕواڵەتەى مەرگدا, ڕواڵەتى نامرۆیی نەیزەکەکە و ڕواڵەتى مرۆییانەى ژنەکە, ساتێکى لێکچوو هەیە کە ژیان دەترپێت: پسپۆڕان ئەوە کەشفدەکەن کە نەیزەکەکە لە پێکهاتەیەکى گرانبایی درووستبووە کە دەکرێت لە تەکنۆلۆژیادا سودى زۆرى لێ ببینرێت, واتە نەیزەکەکە بقۆزرێتەوە بۆ بەرهەمهێنانى تەکنیک. ئەمە بڵندکردنەوە و بەجۆرێکیش ڕەمزاندنى نەیزەکەکەیە وەک مەرگ, لەلایەکى ترشەوە, ژنەى سەرۆک کۆمار کە لەگەڵ مەرگى مرۆڤایەتییدا پێکداچووە و دەنگى وى لە مەرگى هەموومان جیاناکرێتەوە, ساتێکى هەیە کە ساتى بەلاوەنانى مەرگە. ساتێک کە ژنێک دەیەوێت مەرگ خاوبکاتەوە و هەموومان بە نێوانگریی سیاسەت ڕزگاربکات. گەر دیدە مارکسییەکە بەرەو دیدە دەروونشیکارییە ڕیشەیی بکەینەوە, ئەوا سەرمایە لەڕێگەى ژنێکەوە ماهیەتە خز و نەگیرۆکەکەى خۆى دەردەخات: یان وەک ئەوەى "فابیۆ فیغى", لێکۆڵەرى لاکانى دەیڵێت: «سەرمایەدارى چێژمان لێ وەردەگرێت, یان لەڕێگەى ئێمەوە چێژ لە خۆى وەردەگرێت...کاڵا چێژمان لێ وەردەگرێت(کاڵا ئێمە دەچێژێت)[1]». پێکەنینە بازاڕییەکانى ژنەکە لە بەرەبەرى کارەساتدا, بازاڕیبوونى سەرتاسەریی کاڵا وپاشانیش ڕواڵەتى مەرگمان پیشاندەدات کە دەبێت هەرچى زووە بەهۆى گوژمى نەیزەکەکەوە بیچێژین.

کاتێک نەیزەکەکە دەبێتە جۆرێک لە کاڵا بۆ سەرمایەداران و تەکنیککاران, ئیدى لەم لێکئاڵانەى نەیزەکەکە و تەماعى مرۆڤدا بۆ قۆستنەوەى پێکهاتەکانى, خاڵێکى شاراوەتر نوستووە: مرۆڤ ئارەزووى نەیزەکەکە دەکات, خودى نەیزەکەکە نەک کارکرد و کاریگەرییەکانى دواى خۆى. ئارەزووکردنى خودى نەیزەکەکە و گۆڕینى بۆ مادەیەکى بەکەڵک, ئارەزووکردنى پڕاوپڕى مەرگە بەڵام بەشێوەى نائاگایانە. ئەوەى دانیشیت و ئاگایانە ئارەزووى نەیزەکەکە بکەیت, سادەتر و عامییانەترە بەراورد بەوەى کە شاراوەتر بکەویتەوە پەیوەندى لەگەڵ کرۆکى نەیزەکەکەدا کە خودى مەرگە: خەسان. ئێمە وەک مرۆڤ لە مامەڵەوە بە شوێنەوارى نەیزەکەکەوە دەپەڕینەوە بۆ خودى نەیزەکەکە. ئێمە خودى خەسانمان دەوێت, خودى مەرگ, لێ بەشێوەیەکى نەستەکى. بەڵام لێرەشدا دیسان هەر ناتوانین بچینە قوڕگى مەرگ و خەساندا, تەنیا لە شێوەى مرۆیەکدا نەبێت, ئەو مرۆیەى کە ژنەى سەرۆککۆمار و پێکەنینەکانێتى. مەرگ, لە شێوەى ژنێکدا پێدەکەنێت. ژن کە هێماى خەسانە بۆ کۆمەڵگاى مرۆیی, مەرگى نەیزەکەکە دەنوێنێتەوە و هەردەم لەگەڵ پێکەنینى وى دا شتێک لەو مەرگە ئەزمووندەکەین. بۆیە ساتى مردنە کۆییەکە, کەمێک بەر لە خودى نەیزەکەکە دەستپێدەکات. سەرەنجام دەتوانین بڵێین, لەپشت ئەو ئابورییە مادییەى وا سەرمایەدارەکان دەیبەستن بە مەوادى نەیزەکەکەوە, ئابورییەى شاراوەترى دەروونى کاردەکات: ئێمە مامەڵە بە "نەیزەک"ـەکە سوبێکتیڤ و ناوەکییەکەى خۆمانەوە دەکەین کە بۆ ساتێک ڕوویەکى دەرەکى و گەردوونیی وەرگرتووە و هەڕەشە لە مانەوە و چارەنووسى هەموان دەکات. بە دەربڕینێکى تر, نەیزەکەکەى ناو بۆشایی ئاسمان, پێشوەخت گۆڕانێک لە ئابورییەکەى دەروونییەکەماندا درووستدەکات کە ئـیگۆئایدیاڵ و ئایدیاڵ ئیگۆ لە خاڵێکدا یەکتر دەبڕن, واتە ئایدیاڵە شەخسى و دەستەجەمعییەکەمان یەکتردەبڕن و ئەو سنورە چەشنى شۆرتێک کۆى ژیانمان دەکوژێنێتەوە. ئەمە هەر ئەو خاڵەشە کە نەک بۆ دانیشتوانى ناو فیلمەکە, بەڵکو بۆ بینەرنى فیلمەکەش ڕوودەدات و بەشێوەیەکى نەستەکى سنورى واقیع و ناواقیع, واقیعى باو و واقیعى ناو سینەما هەڵدەپەسێردرێت. لەو ساتەى من دەمەوێت هەموو دەرەوەم هەبیت, هەموو جیهان لەخۆمدا هەرسبکەم, ئیدى ئێسقانێکى ژویسانسمەند خۆى لە شێوەى نەیزەکێکدا دەنوێنێت و کۆتایی بە هەردوو پرسى چێژ و ژان پێکەوە دێنێت. نەیزەکەکە لە کۆدا, ئەو شتە دایکانە(maternal thing)یەیە وا بیرماندەخاتەوە چێژى تەواوەتى و کۆتاییهاتنى ئەم چێژەش ڕێکەوتى یەکتر دەکەن. لەمە بترازێت پێناچێت ساتێکى تر لە ژیانى سوبێکتدا هەبێت, ئەم یەکتربڕینە بخاتەڕوو. مرۆڤ لە ژیانیدا هەڵپەیەتى بەم شتە دایکانەیە, بەم چێژە پڕە بگات, بەڵام تێدەگات دەست بۆ تۆپەڵێک لە وەهم و فەنتازیا دەبات: نەیزەکەکە بە بەرگێکى فەنتازى داپۆشراوە و ڕیشەى تا ناو ئێمە دێت. کرۆکى ئەم نەیزەکە, کرۆکى ئۆبێکتى بچوکى aيە, واتە شوێنەوارى لەدەستدانە سەرەتاییەکەمان کە لە ساوایەتییدا لەدەستمانداوە. ئێمە بۆیە ئارەزووى شتەکانى ناو جیهان دەکەین, تا بتوانین دایک بەدەستبێنینەوە- دایک نوێنەرەوەى چێژێکى کامڵ و ئۆرگیناڵە کە بۆ هەمیشە و پێشوەخت لەدەستمانداوە. ڕاستە ئێمە ناگەینەوە بە دایک, بەڵام خودى هەوڵدانەکە فێرى ئارەزوومان دەکات. دیسان ئەو تێزە دووبارەدەکەینەوە کە ئارەزوو بریتییە لە زنجیرەیەک بڵندبوونەوە(sublimation), ئەم بڵندبوونەوە دەمانداتە دەستى ئەو بڵندبوونەوەیەى تر و تا ناکۆتا بەو جۆرە دەبێت: لەژێر بڵندبوونەوەکانەوە, جۆرێک لە سێکسداماڵینى مەرگاوى لەئارادایە کە ماشووقە جێى دایک دەگرێتەوە بەڵام هیچیان بەتەواوى سێکسى نین: پەیوەندیی سێکسى بوونى نیە. نەیزەکەکە, لە فیلمەکەدا و لەلاشەوە ئەو ڕۆڵەى هەیە کە بیسەلمێنێت پەیوەندیی سێکسى بوونى نیە و بە ماهیەتى خۆى نامومکینە, بۆیە چەند پەیوەندییەکى عاشقانەى ناو فیلمەکەش ڕادەگرێت. بڵندبوونەوە خۆى بەپێى فرۆید واتە گۆڕینى وزەیەکى سێکسى بۆ چالاکییەکى ناسێکسى, جۆرێک لە بەهەڵمکردن و گۆڕینى ئاراستەى ئەم وزە سێکسییە. بەڵام لاى لاکان بڵندبوونەوە دەبەسترێت بە پاڵنەرى مەرگەوە[2] , لە مانا سەرەتتاییەکەشیدا واتە ئێمە گەر پرۆسەى بڵندبوونەوەکە لابدەین ئەوا ڕاستەوخۆ ناگەڕێینەوە سەر سێکسێک/وزەیەکى سێکسى بەڵکو بەر پاڵنەرى مەرگ دەکەوین. هەم سێکسوالیتە لە پاڵنەرى مەرگ ئاڵاوە و هەم بئلندبوونەوەش خۆى خۆلادانێکى ناسێکسییە لە مەرگ. ناوبڕێک بۆ ئەم پەیوەندییەى سێکس و بڵندبوونەوە وەردەگرین و ئاماژەیەک بە ئێستاى پرسى سێکس لە کۆمەڵگاى خۆماندا دەدەین:

کۆمەڵگاى ئێمە لەمڕۆدا, گرژییەکى هەمەلایەنەى لەگەڵ پرسى سێکسدا هەیە. کۆمەڵگایەکە نە دەتوانێت تەواو پێشمۆدێرن بژى و نە دەشتوانێت ڕوانینێکى تەواو مۆدێرن و عەقڵانیی بۆ سێکس هەبێت. ئەمە نەزانینى ڕووت نیە بەڵکو جۆرێکە لە نەتوانین. واتە ناتوانین کۆى پەیوەندییە ڕةمزى و کۆمەڵایەتییەکانمان نوێبکەینەوە و دیدمان بۆ سێکسوالیتە بە هەموو ماناکانى بگۆڕین. هاوکات ناشتوانین وردە وەسوەسەیەکمان تێنەکەوێت دەرهەق بەوەى پێویستە خۆمان بگۆڕین. ئەوەى پەیوەندیی بە چەمکێکى ئاڵۆز و تیۆریی وەک "بڵندبوونەوە"وە هەیە, ئەوەیە کە ئێمە لەنێوان سێکس و بڵندبوونەوەکەیدا تیا ماوین. هەڵبەت بینینى هاوکێشەکەیە لە ڕوانگەیەکى کۆمەڵایەتى و مێژووییەوە, گەرنا هەموو جڤاتێک بەگشتى بەم هاوکێشەیەى سێکس و بڵندبوونەوەدا دەڕوات و هەمیشەش وەک بنەڕەتێک تێیدا دەمێنێتەوە. مەبەستى ئێمە لێرەدا ئەوەیە کە نە پەیوەندییە سێکسییەکان زۆر نۆرماڵن و نە بڵندبوونەوەکەشى بووەتە مایەى داهێنانى گەورە و چڕوپڕ. وەکبڵێى ئەوەى لەم نێوانەدا دەگوزەرێت جۆرێکە لە گیرخواردن لەناو بڵندبوونەوەدا. ئەوەى کە بڵندبوونەوەکە جۆرێک لە پەشیمانى و شکستى تیا بێت و لە پرۆسەیەکى کەمتازۆر نۆرماڵى سێکسییەوە نەهاتبێت. کاتێک سێکس بە مانا نۆرماڵە کۆمەڵایەتییەکەى جێگیرنەکرێت, ئەوا بڵندبوونەوەکەش ئەگەرى نەرێنى و شەڕەنگێزانەترى دەبێت. دیارە ئەمە جیایە لەو چەمکەى هێربەرت مارکۆزە کە بۆ وڵاتانى خۆرئاوا بەکاریدێنێت, مەبەستم چەمکى لەبڵندبوونەوە داماڵینى سەرکوتکەرە کە کارکرنى ناو سەرمایەدارى, وایکردووە فریاى بڵندبوونەوەیەکى ئاسایی و چێژمەندانەى پاڵنەرە سێکسییەکان نەکەون. ئەوەى کە بڵندبوونەوە گەشەى کەمتازۆر سرووشتیی خۆى نەبڕێت و لەدەرەوەڕا بسەپێنرێت و جۆرێک لە شوێنەوارى سەرکوت جێبهێڵێت. پەیوەندیی کورد و سەرمایەدارییش لەم ڕووەوە هەر پڕکێشەیە: میلەتە دواکەوتووەکان تێکڕا بەرهەمهێنى جۆرێک لە پۆڕنۆى پیشەیی و ناپیشەییشن, بەڵام ئێمە لەوەشدا تایبەتتر دەژین. دیارە مەسەلەکە ڕەوایەتیدان نیە بە پۆڕنۆ, بەڵکو ئاماژەیە بە دۆخێک کە ڕوویەکى بڵندبوونەوەى هەیە و سێکس دەگۆڕێت بۆ دیتنى سێکسى و چالاکییەکى دیدەکى کە سەیرکردنى سێکسە. بەشێوەیەکى جیاوازتر و ڕیشەییتر و کەمێکیش کۆمیدى, نەیزەکە بۆ کۆى مرۆڤ بەو جۆرەیە: لەپشت هەموو بڵندکردنەوە مرۆییەکانەوە, مەرگ نوستووە.؛ ئیدى ئەم بڵنکدرنەوەیە چەمکە تیۆرییەکە بێت یاخۆ بڵندکردنەوەیەکى فیزیکى بێت لە ئێمەوە بۆ نەیزەکەکە. لە نەیزەکەکەدا ئێمە لەوە بەئاگادێینەوە کە کرۆکى فەزا بۆ ئێمە هیچ نیە جگە لە مەحاڵێک لە فۆرمى نەیزەکدا. بە واتابەکى مەجازییش, پانتایی ڕەمزى و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ لەسەر زەوى پڕە لە وردە-نەیزەک. لەدەمدەرچوون و لەدەستدەرچوون و نوکتەکان و جنێوەکان و هتد, ئەو وردە نەیزەکانەن کە کۆتا سنورى ئێمە و پانتاییە ڕەمزییەکە پیشاندەدات. دەرکەوتنەوەى دۆخە پێش‌زمانى و پێش‌ڕەمزییەکەمان لەڕێگەى ئەو کردارە چەوتانەوە کە دەریشیدەخات ئێمە لەناو خۆماندا چەندە کرچ و بەرایین. زمان و ڕەمزەکان و زنجیرەکانى دەلالەت تێکڕا هەوڵێکن بۆ شاردنەوەى نەیزەکێکى مرۆیی(کە لەقووڵاییدا سرووشتى و پێشمرۆیی بووە). وانەیەکى تیۆریی قووڵیش لێرەدا ئەوەیە کە ئێمە بۆ خۆیشمان تەواو دەستپیانەگەیشتووین, شتیک لە ئێمەدایە لە ئێمە زیاترە, ئێمەش خاڵى یەکتربڕینى دەرەوە و ناوەوەین بەشێوازێکى تایبەت. بۆ ئەوەى ژیانى مرۆیی درووست ببێت, چەپاندنێکى سەرەتایی و نەیزەکێکى سەرەتایی پێوستە. بۆیە ساتى گەڕانەوى نەیزەکەکە, ساتێکى تەواو ن,ێش نیە. ناونیشانى فیلمەکە بیرهێنەرەوەى ئەو ڕاستییەیە کە نەیزەکە لە سەرێ نیە, وەکچۆن لە خوارێش نیە- ئێمە خۆمان شوێنگەى نێوبەنیی هەردوو نەیزەکە دەرەکى و ناوەکییەکەین. سوبێکت, بەتایبەت بەو واتایەى کە مۆدێرن بووبێتەوە و ئەم ژیانەى وەک کۆتا ئیمکان پەسەندکردبێت, ئەوا بریتى دەبێت لەو سنورەى کە ئەم دونیایە خۆى لێکجیادەکاتەوە- بەشێکى دایکانە و تراومایی و مەحاڵ, لەگەڵ بەشێکى باوکانە و کەلتورى و مومکین کە بەشى یەکەمى لە خۆى گرتووە بەڵام قابیلى هەڵوەشانەوەشە.        

وشەى دایک(دااااایک ک ک), کە کۆتا وشەى فیلمەکەیە, بیرخەرەوەیەکە بۆ بانگکردنى خەسان! بەڵام بیرماننەچێت کە دایک پێشوەخت لەدەستچووە نەک لە ساتى خاپوربوونى زەوى‌دا. لەدەستچوون بونیادە بەڵام ڕێخۆشکەرە بۆ بونیادێکى بەرینى ترى بەرهەمهێنان کە بێشومار چالاکیی مرۆیی پێکدێنێت. بەڵام هێشتاش لەسەر توخمێکى پێش ئەزموونى بەندە کە دایکە. دایک مرۆڤێک نیە بۆ ئەزموونکردن بەڵکو خاڵى دەستپێکردنى بونیادى مرۆییە. کاتێک بەر نەیزەک دەکەوین, بەر ناوکە تاڵ و تڕۆهاتەکەى زێدەچێژ(ژویسانس) دەکەوین کە بوارى فەنتازیتاکردن و خەونبینین نامێنێت..بەر لەمەش هەمیسان بیرماننەچێت کە دەتوانین لەدەستچوونەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان بگۆڕین بۆ لەدەستچوونێکى شاد. ئەم گۆڕینەش لەناو چ سیستەمێک و کام دۆخى کۆمەڵایەتى و سیاسییدا ڕوودەدات, خۆى باسێکى ترە. 

 

 

 

وەليد عومەر

 

 

 

 

 

 

 


[1] On Žižek's Dialectics: fabio vighi, continum, 2010, p17.

[2] . خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ تەوەرى "پاڵنەرى مەرگ" لە کتێبى خێچ‌ڕ‌وانین, سلاڤۆى ژیژەک, ٢٠٢١ ڕەهەند.