A+    A-
(659) جار خوێندراوەتەوە

مالێنا: چیرۆکی تێکشکاندنی بەها جوانەکان

ڕوانینێکی شیکارییانەی فیلمی مالێنا

 

 

 

هاوار نەسرەدین

 

 

 

ناوی فیلم: Malena

دەرهێنانی: Giuseppe Tornatore

ساڵی دەرهێنان: 2000

وڵات: ئیتاڵیا

ئەکتەرەکان: Monica Bellucci

Giuseppe Sulfaro

Gaetano Aronica

Luciano Federico

 

 

 

 

چۆن سەیری فیلم بکەین؟

سینەما لەلایەکەوە زۆربەی ژانرە هونەری و ئەدەبییەکانی گرتووەتەخۆ، لەلایەکی دیکەیشەوە تەواو سەربەخۆیە. هەروەها سینەما چەندین ڕەهەند و لایەنی جیاواز و تەبای هەیە. لە پشت هەموو ڕەهەندە جیاوازەکانەوە، ئایدیا و بیرۆکەیەکی تەبا هەیە و دەرهێنەر ئیشی لەسەر دەکات. واتە گێڕانەوە و نیشاندانی هەندێک لە ڕووداوەکان، لەچوارچێوەی فیلمێکدا، بۆ خزمەتکردن و نیشاندانی ئایدیایەکی سەرەکییە. ئەمە وێڕای ئەوەی زۆربەی دیمەن و وتووێژەکان، پەیام و نامەیەکی تایبەتیان پێیە. بە خستنە پاڵ یەک، دەتوانین لە کرۆکی ئایدیا سەرەکییەکە تێبگەین. لەڕاستیدا من بەو جۆرە سەیری فیلم دەکەم و بۆ ئەو ئایدیا ئاشنایانە دەگەڕێم، واتە ئەو ئایدیایانەی وا دەرهێنەر ئیشی لەسەر کردووە. خۆ ئەگەر دەرهێنەر، ئیشی لەسەر ئایدیایەکی نوێ کردبێت، ئەوە باشتر... لێکدانەوەی مانای هەندێک لەو ئایدیایانە، بە چاوێکی فکری و فەلسەفییەوە، ئیشێکی تازە نییە. بەڵام وا دیارە بۆ ئێمەی کورد، هەر وەک چۆن سینەما نوێیە، ئاوایش لێکدانەوەی فیکری و فەلسەفیی بۆ فیلم نوێیە.

لەم دەرفەتەدا هەوڵدەدەم. ئایدیا گشتی و هێڵە سەرەکییەکانی فیلمی مالێنا، بەو جۆرەی بەردەستە، لێک بدەمەوە. چونکە فیلمی مالێنا بۆ زۆرێک لە بینەری کورد، هەندێکجار فیلمێکی کۆمیدی یان ئیرۆتیکی پەتیی یان فیلمێکی ئیستاتیکییە. لە ڕاستیدا مالێنا سیاسیترین فیلمی دەرهێنەرەکەیەتی. تۆرناتۆرەی دەرهێنەری فیلمی مالێنا، سەرەنجمان بۆ چەند ئاریشەیەکی گرنگی مرۆڤیی ڕادەکێشێت، کە لەمەوبەر فەلسەفە و دەروونناسی لێیان کۆڵیوەتەوە. تۆرناتۆرە بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو ئاریشەیەلە لە شێوەی فیلمێکدا دەخاتەڕوو. هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایە، تا بە خستنەپاڵ یەکی هەندێک لەم تێڕوانینە جیاوازنە، ئەنجامێکی نوێ بخاتەبەرچاو. هەڵبەتە لەم وتارەدا، ئەو گریمانەیە لەبەرچاوگیراوە کە خوێنەر، فیلمەکەی بینیوە.

 

کورتەیەک:

لە نیگای یەکەمەوە وا دەردەکەوێت، کە ئەم فیلمە تایبەتە بە باسکردنی ژیاننامەی ژنێکی جوان. هەروەها لەمەڕ خواست و ئارەزووی پیاوان و ئیرەیی ژنانەوە دەدوێت. بەڵام پاش ئەوەی هەندێک لە کۆد و گرێکان دەکەینەوە، تێدەگەین دەرهێنەری ئەم فیلمە، ڕوانینێکی ئاڵۆزتر لەوەی هەیە وا ئێمە لێی گەیشتووین.

مالێنا سکووردیا (کە مۆنیکا بلوچی ڕۆڵی دەبینێت) ژنێکی جوانی ٢٧ ساڵەیە و بە تەنیا دەژێت. هاوسەرەکەی مالێنا (نینۆ سکووردیا)، سەربازە و لەسەنگەرەکانی جەنگدایە و سیمبوڵی کەسی خاوەن ڕۆڵ و بزوێنەرە لەناو کۆمەڵگەدا. باوکی مالێنا، مامۆستایەکی پیرە. گوێی گرانە و کەم دەبیستێت، سیمبولی کولتووری کۆنی ئیتاڵیا یان ئەوروپایە. مالێنا وەک مرۆڤێکی بێگەردی ئاسایی دەژێت و گوێ بە ڕوانینی خەڵک نادا. هەروەها سیمبوڵی بەهای جوان و چارەنووسی بەدەست نەهاتووە. واتە ئەو چارەنووس و بەها جوانانەی کە پێویستە کۆمەڵگە دەستی پێوە بگرێت و بیپارێزێت. هەرچەندە مالێنا بە تەواوی وەفای بۆ مێردەکەی هەیە، بەڵام پیاوان بەو هۆیەی دەستیان پێی ناگات و ناکەوێتە ژێر ڕکێفیانەوە، دەکرێتە ئامانجی قسەڵۆکی بێ بنەما. ژنانیش جوانییەکەی وەک هەڕەشەیەک بۆ تێکدانی شیرازەی خێزانیی خۆیان لێکدەدەنەوە و ترسی ئەوەیان هەیە پیاوەکانیان لێ بدزێت!. هەردوولا هەر زوو بەبێ هیچ بەڵگەیەک، لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون کە مالێنا لەشفرۆش و خراپەکارە.

واتە ڕابردووە پڕسەروەرییەکەی ئیتاڵیا و ئەوروپا، وەک باوکی مالێنا پەککەوتە و نابیستە. بەرهەمی ئەو ڕابردووە ڕەنگینەیش، کە مالێنای کچی ڕۆڵی دەبینێت، لە هەلومەرجێکی ترسناکدایە. ئەو بەها بەرزانەی کە پێویستە ئەوروپا یان ئیتاڵیا پێی بگات، ڕۆژانە ئەتک دەکرێت و دەخرێتە پەراوێزەوە. ئەو کەسانەیشی خاوەن ڕۆڵ و بزوێنەرن، وەک نینۆ سکووردیا لە شەڕێکی بێ ئامانج، تێوەگلاون. زۆرینەی کۆمەڵگە یان ئەوروپا، مشەخۆرن و خۆیان بە بابەتی بێ بنەماوە سەرگەرم و سەرقاڵکردووە. ئەمە لەکاتێکدایە ئەوروپا لە سەدی بیستەم، هەڵوەدای بە دەستهێنانەوەی سەروەرییەکانی ڕابردووی بوو.

لە دەستپێکدا باس باسی شارێکی ئیتالیایە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا. ئەو کاتەی مۆسۆلینی، ڕابەری فاشیستەکان  لە دژی وڵاتە هاوپەیمانەکان دەچێتە جەنگەوە. ئاشکرایە جەنگیش زۆربەی پێوەر و پێودانگەکان دەگۆڕێت. لانی کەم ئێمەی کورد پێویستە زیاتر لەم لایەنە ڕامێنین. چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر، شەڕ بەرۆکی بەرنەداوین و لەگەڵیدا ژیاوین. بەستێنی سەرەکی فیلمی مالێنا، بریتییە لە شار. شار وەک دەستکەوتێکی مۆدێرن و پانتاییەک بۆ بەریەککەوتنی مرۆڤەکان. شار لە دەمی نالەباریدا، لە سەردەمی جەنگدا، مرۆڤەکانی لە بەها دادەماڵێت. هەروەک چۆن دەسەڵاتی سیاسی ئەو دەمەی ئیتاڵیا فاشیستانەیە، تۆرناتۆرەیش بۆ ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی فاشیزم دەگەڕێت لەناو خەڵکدا. واتە ئەوەی خەڵکی بەرامبەر بە مالێنا ئەنجامی دەدەن، هەمان کردەوەی فاشیانەیە و لە ئاستێکی بچووکتردا، خەڵکی بەرامبەر بە یەکتر دووبارەی دەکەنەوە.

 لێرەدا تۆرناتۆرە ڕەخنەیەک ئاراستەی فەیلەسوفە مۆدێرنەکان دەکات، بە تایبەتی ئەو فەیلەسووفانەی وا باوەڕیان بە گرێبەستی کۆمەڵایەتی هەیە. تۆرناتۆرە دەیەوێت بڵێت مرۆڤ لە هەموو کاتێکدا، لە دۆخی سروشتی خۆیدایە. غەریزە سروشتییەکانن مرۆڤەکان ئاراستە دەکەن جا لە شار بن یاخود لەناو سروشتدا. لێرەدا دوور نییە، تۆرناتۆرە هاوڕای "تۆماس هۆبز"ی فەیلەسووفی ئینگلیزی بێت، کە پێی وایە مرۆڤەکان هەمیشە بۆسەیان بۆ یەک ناوەتەوە چونکە مرۆڤ گورگن لە پێستی مەڕدا. مرۆڤی نێو شار، دڕندەتر و بێڕەحمتر نیشان دەدرێت. دیمەنە زۆرەکانی شار، بە تایبەتی نیشاندانی دەلاک، پزیشکی ددان، سەربازە یونیفۆرمپۆشەکان، پارێزەر و چایخانەکان، هتد... هەموویان ڕوخساری شارییەکی مۆدێرن بە مرۆڤ دەبەخشن. هەموو توێژەکانی شار، یەک پرس دەیانخاتە قسە، ئەویش مالێنایە. لەکاتێکدا شار و وڵات و جیهانەکەیان، گیرۆدەی جەنگێکی مەزن بووە. بە لێشاو گەنجەکانیان، پەلکێشی بەرەکانی جەنگ دەکرێن. گرانی و برسێتی و کۆچوڕەو شاری تەنیوە بەڵام بۆ خەڵکی شار، ئەمە گرنگ نییە. کەواتە مرۆڤ لە هەر دۆخێکدا بێت، دەروون و غەریزەکانی خۆی ئاراستەی دەکەن!.

 

 

هەقیقەت لەکونی دەرزییەوە

        چیرۆکی مالێنا، هەرزەکارێک بۆمان دەگێڕێتەوە ناوی (ڕەناتۆ ئامۆرۆسۆ)یە. ڕەناتۆ سیمبوڵی دواڕۆژ و داهاتووەیەکی سەر لێشێواوە. بەڵام زیرەکانە هەڵوەدای بەها جوانەکانە، هەروەها بزۆزانە بە دوای هەقیقەتەوەیە و ورد سەرەنج دەدات. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ نەوەیەکی نوێی زیرەک و بزۆز لە جیهانی دوای جەنگدا. ڕەناتۆ هەرزەکارێکە و خەریکە بالغ دەبێت و دەگاتێ. لە یەکەم بینینەوە، دەکەوێتە داوای خۆشەویستی مالێناوە و بەردەوام چاوی لەسەرێتی. حەزی ڕەناتۆ بۆ مالێنا، حەزێکی ڕاستگۆیانەی پیاوانەیە. تێکەڵێکە لە ئاڵۆش و خۆشەویستی، لە سێکس و ئەشق. ئاشکرایە ئەم هەستە پیاوانەیەیش، بێ ئیرەیی و پەژارە ناچێتەسەر. وێڕای ئەوەی ڕەناتۆ سەرکێشی و بزێوی کوڕانەی زۆرە، هاوکات سیمبوڵی مرۆڤێکی بێتاوان و پاکە، تەقریبەن ڕەناتۆ پێناسەیەکی ئاشکرای پۆستمۆدێرنانەیە لە دیدی تۆرناتۆرەوە... ڕەناتۆ هێشتا نەبووەتە بەشێک لە کۆمەڵگە. چونکە باڵغبوون و پێگەیشتن وەک یەکەمین دەستپێک لێکدەدرێتەوە بۆ ئەوەی بێتە ڕیزەوە و ببێتە یەکێک لە ئەندامە دانپێدانراوەکانی کۆمەڵگە. ڕەناتۆی هاروهاج، هەر بەو هەستە پاکە مرۆڤانەیەوە مالێنا دەناسێت. چمانێ تۆرناتۆرە بانگهێشتمان دەکات، بۆ ئەوەی بە چاوێکی پاکەوە، بە هەستێکی ساکارەوە لەم فیلمە ڕامێنین، هەروەک چۆن ڕەناتۆ لە مالێنا ڕادەمێنێت... هەروەها لێرەدا تۆرناتۆرە ڕەخنەیەکی توند ئاراستەی "ئیمانوئیڵ کانت"ی فەیلەسووفی ئەڵمانی دەکات. کانت گوتبووی: (ڕزگاربوون لەو دۆخە هەرزەییەی مرۆڤی تێدایە، دەمانگەیەنێتە کەنارەکانی ڕۆشنگەریی و ڕووناکبوونەوەی ئایدیاکان...). تۆرناتۆرە لە ڕێگەی ڕەناتۆوە دەیەوێت بڵێت: دۆخی هەرزەیی، دۆخێکی بێگەردە. ئەوەتا ئەوانی تر کە دۆخی هەرزەییان تێپەڕاندووە و مرۆڤی کامڵ و جێنتەڵمانن، هێشتا گیرۆدەی خواستە پیسەکانیانن و بەها جوانەکان، لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا دەهاڕن. دڕندەکان، ڕووکەش و جلەکانیان گۆڕیوە. ئەگینا لە ناخەوە، گورگن و لە پێستی مەڕدان. ڕەوتی فیلمەکە بە جۆرێکە، تەنیا ڕەناتۆ ئاگاداری هەقیقەتی شتەکانە. ڕەناتۆ لە کونێکی بچکۆلەوە، چاودێریی مالێنا دەکات. ئاگای لەوەیە کە پیاوانی کۆمەڵگە بە تۆبزی مالێنا دەستەمۆ دەکەن و تێکەڵی خواستە سێکسییەکانی خۆیانی دەکەن. دواتر لە نامەیەکدا بۆ مێردەکەی مالێنا، دان بەوەدا دەنێت، کە تەنیا ئەم ئاگای لە وردەکارییەکانە و قسەڵۆکەکان بنەمایەکی ئەوتۆی نییە. هەڵبژاردنی ئەو کونە تا لێیەوە لە هەقیقەتی شتەکان تێبگات، نموونەی ئەشکەوت و فەلسەفەی ئەفلاتۆنمان بیر دەخاتەوە. لەڕاستیدا وێکچواندنێکی ناوازەیشە. هەقیقەت لە درزێکی بچکۆلەیشەوە بێت، هەر دەگات. هەروەها دەستڕاگەیشتن بە هەقیقەت و تێگەیشتن لە کرۆکی شتەکان، وەک چۆن ماندووبوونێکی کەموچانی دەوێت، هەمان شێوە، پاڵنەرێکی بەهێزی دەروونیشی پێویستە. ئەگەر لێرەدا کەسایەتی مالێنا وەک سیمبولی پێوانەی هەقیقەت لێکبدەینەوە، تۆرناتۆرە پێمان دەڵێت خۆ هاوڕێ هەرزەکارەکانی ڕەناتۆ، پێش ڕەناتۆ مالێنایان ناسیوە، بەڵام چونکە وەک ڕەناتۆ پاڵنەرێکی دەروونی پاکژ و بەهێزیان نییە، زوو کۆڵ دەدەن و لەناو خەڵکی ڕەشۆکدا ون دەبن. وەک چۆن لەسەر شانۆی ڕووداوەکانی فیلمەکەیش نامێنن.

 

 

کۆمەڵگە چۆن دەمانکات بە بەشێک لە خۆی؟

        دوور نییە پرۆژەی سەرەکی تۆرناتۆرە لە فیلمی مالێنادا، وەڵامی ئەم پرسیارە بێت. هەروەتر ڕوانینە ڕەخنەییەکانی تۆرناتۆرە سەبارەت بە ئاپۆڕە، سێبەری خستووەتە سەر کۆی فیلمەکە. ئاپۆڕە یان جەماوەر، هەمیشە ڕاست و لەسەر هەق نین. بۆیە گوێڕایەڵی جەماوەر، شکستی جوانی و بەهای بەرزی لێ دەکەوێتەوە. بە مانایەکی تر جەماوەر کاتێک دان بە تاکدا دەنێت، کە بووبێتە بەشێک لەخۆی. بەشێک یان پارچەیەک لە گشتێکی نەخۆش!. مالێنا وەک سیمبولی جوانی و بەهای بەرز، وەک تاک و سەرتەڵ، تا ئەو کاتە دەتوانێت بمێنێتەوە کە بەهێزە و پشتیوانی هەیە، بەڵام کاتێک هەلومەرج گۆڕا و گڵۆڵە کەوتە لێژی، یەکەمین شت پێشنیاری بۆ دەکەن، تەسلیمبوون و خۆبەدەستەوەدانە.

شار لە گەندەڵیدا نگرۆ بووە و مالێنا ژنێکی تەنیایە لەبەردەم تۆفانێکی ڕەقدا. ژنان لە ئیرەیی و پیاوان لە حەزی سێکسیدا ئۆقرەیان لێ بڕاوە. پیاوان سنووری ئازادی و بڕیاردانی مالێنا بەرتەسک دەکەنەوە و ژنان زیاتر دەیخەنە پەراوێزەوە. ژیان بەهۆی جەنگەوە قورسە و خەڵکی لەسەر مالێنای قورستر دەکەن، ئەوەیش بەوەی ناهێڵن وەک خۆی بژێت!. ململانێی نێرەکان، مالێنا دەگەیەنێتە دادگا. جوانیی لەبەردەم دادگای گەندەڵاندا، ڕووت و تەنیایە. لەو دیمەنەدا وا مالێنا لەسەر کورسی تۆمەتبار دادەنیشێت و ڕەناتۆ بە ڕووتی دەیبینێت، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ تەنیایی مالێنا. لەم دادگایەدا، ئەوەی بزر بێت، دادی ڕەوایە. چونکە خودی دادوەریش، لە دیمەنی پێشووتردا بەچاوی تەماحەوە لە مالێنای ڕووانیوە. ئەوەیشی لەم پرسەدا، مالێنا ڕزگار دەکات، خودی گەندەڵییە. پارێزەرێکی زگورت، ڕۆڵەی شەرعی ئەو کۆمەڵگەیە و پاساوهێنەرەوەی گەندەڵییەکانیانە، مالێنا لەو دۆخەدا دەرباز دەکات. دەربازی دەکات بۆ ئەوەی بیکا بە هی خۆی.

ڕەوتی ڕووداوەکان بە کەیفی جەماوەرە. تا بێ، مالێنا لاواز و تەنیاتر دەبێت. دەڵاڵ یان قاچاخچییەکی خۆراک، لەپێناو بەدەستهێنانی نان و دەربازبوون لە برسێتی، پێشنیاری لەشفرۆشی بۆ مالێنا دەکات. ئیشی دەڵاڵ ناڕاستەوخۆ و تاڕادەیەک شاراوەیە، گەیاندنی ئەم پەیامە بە مالێنا، لەلایەن کاراکتەرێکی ناڕاستەوخۆوە، ئاماژەیە بۆ کۆنەستە شاراوەکەی کۆمەڵگە. تا ئێرە مالێنا خۆی لەبەرامبەر هەموو پێشنیارە سووکەکانی کۆمەڵگە ڕاگرتووە و هەمیشە وەڵامی نەخێر بووە. واتە بەردەوام خۆی لەوە پاراستووە نەبێتە بەشێک لە ناشیرینییەکانی کۆمەڵگە و خۆی بە جوانی هێشتووەتەوە.

دواجار مالێنا بڕیار دەدات لە پەراوێزەوە بێتە ناو کۆمەڵگەوە و ببێت بە بەشێک لەوان. کاتێکیش دەبێتە بەشێک لەوان، دەبێتە لەشفرۆش. تۆرناتۆرە دەیەوێ بڵێت: مرۆڤ تا ئەو کاتە جوان و بە بەهایە، کە سەرتەڵی و ڕەسەنیی خۆی دەپارێزێت. ئەو کاتەی لەناو ناشرینییەکاندا توایەوە، ئیتر شتێک نامێنێت شایانی باس بێت. هەروەها تۆرناتۆرە لێکچواندنێکی ناوازە پێشکەش دەکات، ئەوەیش ئەمەیە: کۆمەڵگەی فاشیستەکان، بەوجۆرە تۆ قبووڵ دەکەن، کە خۆیان دەیانەوێت. سەرەتا پەڕوباڵت دەکەن، دواتر سەرکۆنە و سەرکوتت دەکەن. سەرەتا هەموو تایبەتمەندییەکانت لێ دەسێننەوە، ئەوەی تۆ هەتە، لێت زەوت دەکەن، پاشان بەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت، یاری بە چارەنووستەوە دەکەن. تۆرناتۆرە بە ئاشکرا لاف لێ دەدات و دەڵێت لەم کۆمەڵگەیەوە، لەناو ئەم چەشنە بیرکردنەوەیەوە، فاشیزم ئاسنتر لە هەر شتێک سەرهەڵدەدات. بۆیە مالێنا ئەو کاتەی تەسلیم دەبێت، قژی کورت دەکاتەوە و لە سەنتەری شارەوە، بە گریان و کزۆڵەییەوە ڕایدەگەیەنێت کە ئامادەیە ببێتە بەشێکی کۆمەڵگە. (دوور نییە کرۆکیترین و پڕماناترین دیمەن، ئەوە بێت وا مالێنا جگەرەیەک دەخاتە سەرلێوی و هەموو پیاوە شیکپۆش و جێنتەڵمانەکان، ئاگری بۆ نزیک دەکەنەوە). هەر ئەم دیمەنە، چەندین پەیام و نامەی تایبەتمان دەداتێ.

  • زۆرینەی ئەو پیاوانەی وا جگەرەکەی مالێنا دادەگیرسێنن، لە دیمەنەکانی دیکەدا ونن. واتا زۆرینەی کۆمەڵگە، ئەگەر لەبەرچاوی ئێمەیش نەبن، هەمان خواستی ئەوانی دیکەیان هەیە. بە مانایەکی دی، کۆمەڵگە و ئاپۆڕە یەکپارچەیە و هاوڕان، مالێنای جیاواز و جوانیش تەنیایە.
  • ئاگر، سیمبولی سوتان و نابووتبوون و لەناوچوونە. کۆمەڵگە تێکڕا و پێکەوە، جوانییەکان لەناو دەبەن و بەها بەرزەکان دەشکێنن. ئەگەر لە هیچدا هاوڕا نەبن، لە سووتان و کۆتایی هێنان بە جوانی و دەنگی جیاواز، هاوڕان. هەروەها ئاگر ئاماژەیە بۆ جەنگ. جەنگیش ئەو ئیرادە زاڵەیە کە هەموو خاوەن ئاگرەکان بزوێنەرین.
  • تەنیایی؛ ئاماژەیە بۆ مەلەی دژەڕەوت لەناو نەریتدا. کۆ و زۆرینە، سیمبوڵی نەریت و چەقبەستووییە. تۆرناتۆرە بەم دیمەنە ململانێی نەریت و جوداخوازییمان نیشان دەداتەوە.
  • دەستی نەریت و جەماوەر دەتخنکێنێت. ئەو هەموو دەستە بە ئاگرەوە، بەرامبەر ڕوخساری پاکی مالێنا، ئاماژەیە بۆ خنکانی سەرتەڵبوون و جیاوازیی...
  • دەستی زۆرینە بۆ لادان و گەندەڵبوون چەپڵە لێ دەدات. بۆیە ئەگەر ئەو هەموو دەستە، بچووکترین ئیرادەیان بۆ چاکسازیی و ڕۆڵیان لە باشترکردنی ژیانی هەژارەکاندا هەبووایە، ڕەوتی ڕووداوەکان جۆرێکی تر دەبوو.

...

 

ئاماژەکان بۆ فاشیستی کۆمەڵگە لەنێو ئەم فیلمەدا، زۆرن. بەرچاوترینیان دوو دیمەنی تایبەتە. یەکەم: باوکی ڕەناتۆ سیمبوڵ و نوێنەری بێزاری و تووڕەییە لە دەسەڵات و دژی فاشیستەکانە. کەچی خۆیشی هەڵوێستی فاشیانە و توند بەرامبەر ڕەناتۆ دەنوێنێت. لەسەر بەکارهێنانی پانتۆڵێک، ڕەناتۆ تێهەڵدان دەکات و لە ژوورەوە زیندانی دەکات. (ئەم دیمەنە بۆ زۆرینە ئاشنایە!). دووەمیان: دوای ئەوەی مالێنا لەشفرۆشیی خۆی ڕادەگەیەنێت و نازییەکان دێنە شارەکەیانەوە، دەستیان لەگەڵ تێکەڵ دەکات. ئەمەیش پاساوێکی ناوازەیە بۆ ژنانی شار بۆ ئەوەی تووڕەیی و ئیرەیی خۆیان خاڵی بکەنەوە. نیشاندانی دیمەنی تێهەڵدان و سزادانی مالێنا لەلایەن ژنانی شارەوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی تۆرناتۆرە پێمان بێژێت: فاشیزم لەهەناوی کۆمەڵگەدا خۆی مات و مەڵاس داوە، بچووکترین دەرفەت بەسە بۆ ئەوەی خۆی نیشان بدات و وەک لەندەهوور بێتە نێو کایەکەوە. هەروەها هیچ شتێک لەناو مێژوودا، بەبێ هۆ ڕوونادات و هەمیشە پاساوێک هەیە، ئەگەرچی پاساوەکەیش ڕەوا نەبێت. بەتایبەتی ئەگەر ڕەوتی ڕووداوەکان بە هەڵە هاتبن، بە هەمان شێوە پاساوەکانیش ناڕەوان...

هەروەک چۆن کۆمەڵگە بەرامبەر بە مالێنا دڵڕەق و بێڕەحمن، هەمان شێوە بەرامبەر نینۆ سکووردیای مێردی مالێنایش هەمان شت دووبارە دەکەنەوە. سکووردیا خۆی لەپێناو خەڵکەکەیدا بەخت دەکات، کەچی خەڵکی شار بە لاقرتێ و سووکایەتییەوە وەڵامی دەدەنەوە. سکووردیا لەوەڵامی بێڕێزییەکانیاندا دەڵێت: کەسێک بۆ خەڵکێکی وەک ئێوە خۆی بەخت بکات، بێگومان جوامێر نییە. ئەمە وەک ئاماژەیەکە کە ئەو خەڵکە شایانی ئەوە نین خۆتیان بۆ بە کوشت بدەیت. لەو دیمەنەدا وا سکووردیا شار جێدەهێڵێت، ئاماژەیە بۆ داماڵینی جوامێری کە نینۆ ڕۆڵی دەگێڕێت، پێشتریش شار لە جوانی داماڵراوە، چونکە مالێنا کۆچی کردووە. هەروەها لە دیمەنە کۆتاییەکاندا، جەنگ کۆتایی دێت و کۆمەڵگە هێدی هێدی دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی، مالێنا و نینۆ بە شکۆوە دەگەڕێنەوە، خەڵکیش سەری ڕێز بۆ جوانی و جوامێرییان دادەنوێن.

 

 

فاشیزم؟

فاشیزم لە ساڵی ١٩١٩ لەلایەن مۆسۆلۆنییەوە لە ئیاڵیا دامەزرا، ئامانجیان خۆی لە گەڕاندنەوە و بنیاتنانەوەی ئیمپراتۆریای ڕۆم وەک بەشێکی گرنگ و گەورەی سەروەریی وڵاتی ئیتاڵیا دەبینییەوە. دواتر وەک شێوازێکی ڕوانینی سیاسی لێهات، پاشان و تا ئێستایش وەک ناوناتۆرە بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت، کە وەک فاشیستەکان بیردەکەنەوە.

فاشیستەکان باوەڕیان بە دیموکراسی و ئازادی و سۆسیالیزم نەبوو. تاکە حزبێکیان بە شایانی حوکمڕانی دەزانی و لەناو ئەو حزب و حکومەتەیش، بڕیاری سەرەکی و گەورە، کەسێک بۆ خۆی زەوتی دەکات. لای فاشیستەکان هەموو خەڵک و هاووڵاتی دەخرانە خزمەت حکومەت و دەوڵەتەوە. تاکەکەس بەتەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتدا شایانی ڕێز و دانپێدانان و تەنانەت ژیانیشە. واتە بە تەواوی نکۆڵی لە جیاوازی و سەرتەڵبوون دەکەن.

لە فیلمی مالێنادا، ئیتاڵیا وەک لانکەی سەرهەڵدانی فاشیزم نیشان دەدرێت. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەو فاشیزمە شاراوە ئەوروپییە/ ڕۆژئاواییە کە تەنیا ڕوانینی خۆی دەسەپێنێت. جەنگەکان هەڵدەگیرسێنێت و بەڕێوەیان دەبات.

 

 

 

کۆتایی

        فیلمی مالێنا فرەتر لە ڕەهەندێکی هەیە. ئێمە دەتوانین لە ڕەهەندێکی تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەلسەفییەوە لێی ڕامێنین. لە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، ڕوانینێکی ڕەخنەییانەی بەسەردا زاڵە. مالێنا لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لە سینەماکاندا نیشان دراوە. ئەمەیش بە ڕێکەوت نییە و بە دڵنیاییەوە پەیامێکی فەلسەفیی و سیاسیی لە هەناودایە. تۆرناتۆرە لە دەستپێکی سەردەم و سەدەیەکی نوێدا، مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەم ئاوێنەی مێژووەوە. ئەو مێژووەی کە بە ئاسانی دووپات دەبێتەوە و کۆن نابێت، چونکە ئامرازەکان هەر ئەوانەن وا کات دەگۆڕن بۆ مێژوو. بۆیە دوای بینینی مالێنا تێدەگەین مێژوو ئێستایە.