ژیژه‌ك و سینه‌مای ده‌یڤد لینچ
به‌شی سێیه‌م و كۆتایی
ڕوشدی جه‌عفه‌ر
دیمه‌نی سێیه‌م
سێیه‌م دیمه‌نی سه‌ره‌كی له ماڵی ئاندیدا ڕووده‌دات. ئه‌لیس له په‌یژه‌كان دێته خواره‌وه بۆ ناوهۆڵه‌كه، له‌وێدا شاشه‌یه‌كی گه‌وره به‌به‌رده‌وامی گرته‌یه‌كی پۆرنۆگرافیی تۆماركراوی ئه‌لیس نیشانده‌دات. "دیمه‌نێك تێیدا كه‌سێكی واقیعی له‌ته‌نیشت ئه‌و وێنه دوایینه نیشانده‌دات كه ئه‌و له فه‌نتازیای ئه‌ویتری نێردا چۆنه. له‌م حاڵه‌ته‌دا، چێژ له گانكردن له‌گه‌ڵ پیاوێكی ڕه‌شپێستی زلی نه‌ناسراو وه‌رده‌گرێت"[1]. ئه‌م دیمه‌نه هاوكات كۆمه‌ڵێك ده‌لاله‌تی په‌یوه‌ندیداری هه‌یه، له لایه‌كه‌وه ئه‌م دیمه‌نه كورتكراوه‌یه‌كی نمونه‌یی تێكڕای فه‌زای دابه‌شبووی فیلمه‌كه‌یه له‌نێوان فه‌نتازیا و واقیع (هاونشینیی ئاسۆیی)، له‌لایه‌كی تریشه‌وه وێنای ئه‌لیس/ڕێنێمان له هه‌ناوی فه‌نتازیا بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی پیت/فرێد نیشانده‌دات: ژنێك ژویسانێكی نه‌گیراو ئه‌زموون ده‌كات؛ ڕیاڵی ژویسانس. وێڕای ئه‌مه‌ش، پیاوه ڕه‌شپێسته‌كه‌ش كه له دواوه سێكس له‌گه‌ڵ ئه‌لیس ده‌كات ده‌لاله‌تی خۆی هه‌یه، به‌وپێیه‌ی ڕه‌شپێسته‌كانیش قوربانی ئه‌و فه‌نتازیایه‌ن كه ده‌ستیان به چێژێك ڕاده‌گات وا سپی پێسته‌كان لێی به‌شن.
مادام "ئاره‌زووی مرۆڤ، ئاره‌زووی ئه‌ویتره"، فرێد كه له به‌شی یه‌كه‌مدا دۆشداماوه به‌ده‌ست پرسیاری "ئه‌ویتر (ڕێنێ) چی لێم ده‌وێت؟"، هه‌ر بۆیه ئه‌و شته‌ی له به‌شی دووه‌مدا، له ڕۆچوونه ناو فه‌نتازیاوه ڕووده‌دات، وه‌ڵامێكه بۆ ئه‌م پرسیاره: ئه‌لیس ئێستا ژنێكی كارا، فریوده‌ر، ئه‌كته‌ری فیلمه پۆرنۆگرافییه‌كان، چێژبین و داواكه‌ر نه‌ك به‌رپێگره. ته‌نانه‌ت به‌پێی ژیژه‌ك، فیگه‌ره باوكانه قێزه‌ونه‌كانیش له فیلمه‌كانی لینچدا كۆمه‌ڵێك فۆرماسیۆنی فه‌نتازیایی سوبێكت خۆیه‌تی؛ وه‌ك بڵێی سوبێكت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م فه‌نتازیایه له‌باره‌ی ژویسانسێكی سه‌ره‌تایی باوكانه، خۆی له بنبه‌ستی ئاره‌زوو ده‌پارێزێت و چێژنه‌بینینی خۆی ده‌رهاوێژێته سه‌ر وی.
ئا لێره‌دا لینچ ڕووبه‌ڕووی فه‌نتازیا نێرینه (و په‌تریاكییه‌كانمان) ده‌كاته‌وه، بۆنمونه یه‌كێك له فه‌نتازیا نێرینه هه‌ره زاڵه‌كان بریتییه له‌و باوه‌ڕه پیاوسالارانه‌یه‌ی كه "ژنان به‌جه‌وهه‌ر ناپاكن" یان كاتێك ژنێك به‌ڕوون و ئاشكرایی به پیاوێك ده‌ڵێت: "نه‌خێر"، له دیده نێرینه پیاوسالارییه‌كه‌وه ئه‌م نه‌خێره ڕاشكاوه واته "به‌ڵێ" و هتد. هه‌ر بۆیه ژیژه‌ك پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، ئه‌م دیمه‌نه، "درۆیه‌كی فه‌نتازییه" نه‌ك "حه‌قیقه‌ت" و كێشه‌كه‌ش چۆنێتی "تێپه‌ڕاندنێتی". هه‌ڵبه‌ت له كۆی ڕاڤه‌ی ژیژه‌كدا، ئه‌و شته‌ی جیهانی لینچ نیشانیده‌دات بریتییه له نایه‌كانگیریی فه‌نتازیا؛ واته نه‌ك ته‌نیا واقیع خۆی ناكامڵ و نایهكانگیر و ناكۆكه به‌ڵكو ئه‌و پاڵپشته فه‌نتازیه‌شی واقیعی ڕاگرتووه هه‌ر نایهكانگیر و شیاوی تێپه‌ڕاندنه. " […]ئاخۆ كۆی فیلمه‌كانی لینچ هه‌وڵێك نین بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر بهێنێته خاڵێكه‌وه گوێی له ده‌نگه نه‌بیستراوه‌كان بێت، و به‌م جۆره‌ش ڕووبه‌ڕووی تۆقینی كۆمیدیانه‌ی فه‌نتازیای بنه‌ڕه‌تی ببێته‌وه؟"[2]
"كرده‌ی مه‌حاڵ"
له لایه‌كی تره‌وه، تۆد مه‌كگوانیش، تیۆریستی ناسراوی سینه‌ما، كتێبێكی گرنگی له‌سه‌ر لینچ هه‌یه، و تێیدا یه‌ك به یه‌كی فیلمه‌كانی لینچ له گۆشه‌نیگایه‌كی ده‌روونشیكاری شیده‌كاته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ڕاڤه‌كه‌ی وی له چه‌ندین خاڵدا له شه‌رحه‌كه‌ی سلاڤۆی ژیژه‌ك جیاده‌بێته‌وه، گه‌رچی ژیژه‌ك خۆیشی ستایشی زۆری لێكدانه‌وه‌كانی مه‌كگوان ده‌كات. بۆنمونه مه‌كگوان ڕوونتر په‌نجه ده‌خاته سه‌ر یه‌كێك له دیوه بنچینه‌ییه‌كانی سینه‌مای لینچ: "فیلمه‌كانی لینچ، وێڕای ئه‌و هه‌مه‌جۆرییه گه‌وره‌یه‌ی له ناواخن و بابه‌ته‌كانیاندا هه‌یه، هه‌میشه به‌هه‌مانشێوه كۆتاییان دێت- واته به كرده‌یه‌كی مه‌حاڵ (impossible act) كه له‌ڕه‌گوڕیشه‌وه بونیادی جیهانه فیلمیكه‌كه ده‌گۆڕێت. جیابوونه‌وه‌ی هه‌ردوو جیهانی ئاره‌زوو و فه‌نتازیا له یه‌كتر ئه‌م كرده‌یه ده‌كاته شتێكی بینراو. له فیلمی "سه‌رلاستیك" (Eraserhead)دا ئێمه ده‌بینین وا هێنری ئۆبێكته فه‌نتازیاكه‌ی، واته "Radiator Lady" به‌ده‌ستده‌هێنێت؛ له فیله‌پیاو (Elephant Man)دا جۆن مێریك ده‌بێته كه‌سێكی ئاسایی و نۆرماڵ؛ له گردی لمین (Dune- 1984)دا پاوڵ باران به‌سه‌ر هه‌ساره وشك و سه‌حراوییه‌كه داده‌بارێنێت؛ و هتد. هه‌ر یه‌كێك له‌م نمونانه، كاره‌كته‌رێك له‌خۆده‌گرێت وا فه‌نتازیایه‌ك به‌دیدێنێت، و به‌م جۆره‌ش مه‌ودای نێوان جیهانی فه‌نتازیا و جیهانی ئاره‌زوو (به تێرنه‌بوونه پێكهێنه‌ره‌كه‌ی) تێكده‌شكێنێت. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ زاراوه‌كانی فرۆید، ئه‌مانه ئه‌و حاڵه‌تانه‌ن وا تێیدا پرسی ناوه‌كی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه ده‌بێته ده‌ره‌كی. ئه‌مانه ئه‌و حاڵه‌تانه‌ن كه مه‌حاڵ ده‌بێته مومكین"[3]. هه‌ڵبه‌ت له‌م بڕگه وه‌رگیراوه‌ی سه‌ره‌وه، مه‌كگوان له گۆشه‌یه‌كی تر ده‌ڕوانێـته دیوه فه‌نتازیاییه‌كه‌ی جیهانی لینچی... ئه‌مه‌ش واته، شێوازی حه‌كایه‌تسازی له فیلمه‌كانی لینچ، ئه‌م به‌دیهاتنی مه‌حاڵه، ده‌رگا به‌ره‌و ڕووی تێپه‌ڕاندنی دۆخه زاڵه‌كان بۆ دۆخێكی هێشتا مه‌حاڵ به‌ڵام هه‌ڵگری ئیمكانی هاتنه‌بوون ده‌كاته‌وه، دیاره له‌ڕێگه‌ی كرده‌یه‌كی مه‌حاڵه‌وه. ئا له‌م خاڵه‌شدا، لینچ به‌بێ هیچ ئیدیعایه‌كی دروشمئاسای ڕاسته‌وخۆ، ڕووبه‌ڕووی مومكین فراوان ده‌كات، به‌م جۆره‌ش ئاماژه‌ی داڕشتنه‌وه‌یه‌كی تری نه‌زمی زاڵی تێدایه، هه‌ر ئه‌مه‌شه سینه‌مای لینچ له سینه‌مای باوی هۆڵیود جیاده‌كاته‌وه.
دژ به دووالیزمی گنۆستیكی
ژیژه‌ك له كۆی خوێندنه‌وه لاكانییه‌كه‌ی بۆ "شاڕێی ونبوو" و فیلمه‌كانی تری لینچیش، به‌زمنی و ئاشكرایش، له‌لایه‌كه‌وه خوێندنه‌وه‌ی گنۆستیكی و دووالیستییانه بۆ لینچ ڕه‌تده‌كاته‌وه؛ كێشمه‌كێشمی نێوان هێزه خراپه‌كار و تاریكه‌كان و هێزه ڕۆحانییه ئارامبه‌خشه ژێره‌وانكێیه‌كان- ئه‌و شته‌ی پێی ده‌وترێت "عیرفانگه‌رایی لینچ". له‌لایه‌كی تریشه‌وه، ڕه‌خنه له بانگه‌شه‌ی "یه‌كێتیی سایكۆلۆژی" ده‌گرێت؛ سوبێكت بریتی نییه له یه‌كێتیی سایكۆلۆژی كه‌سه‌كان به‌ڵكو له‌بناوانه دابه‌شبوو و له‌تله‌ته- ئه‌و درز و دابه‌شبوونه‌ی له جه‌بری لاكانیدا به S هێمای بۆ ده‌كرێت و فۆرماڵیزه‌ده‌كرێت. سوبێكتی دابه‌شبوو، واته "كڕۆكه فه‌نتازییه قووڵه‌كانی سوبێكت گواستراوه‌ته‌وه بۆ سه‌ر ئه‌ویتری گه‌وره". ژیژه‌ك ئا لێره‌وه ڕه‌خنه له خوێندنه‌وه‌ی سایكۆلۆژیانه‌ی هۆڵۆكۆستیش ده‌گرێت. به دیدی وی، وه‌كچۆن له به‌رنامه كۆمیدییه‌كاندا، پێكه‌نینی تۆماركراو هه‌یه، ئه‌و شته‌ی له كۆنێكستێكی تر پێی ده‌ڵێت "چالاكیی ناچالاك"، هه‌روا ده‌كرێت له‌باره‌ی "ڕقی تۆماركراو" بدوێین؛ واته خودی سیسته‌مه‌كه له‌بری سوبێكته‌كان كاركردێك ده‌گێڕێت. بۆنمونه ده‌كرێت كه‌سه‌كان، سوبێكته‌كان، خۆیان ڕقێكی شه‌خسییان له دوژمن نه‌بێت، چونكه خودی سیسته‌مه ڕه‌مزییه‌كه، دامه‌زراوه‌ی یاساییه‌كه له‌بری وان "ڕقیان لێیه‌تی". ئه‌م جێگۆڕكێیه، ئه‌م په‌یوه‌ندییه پێكداچووه‌ی ئۆبێكتیڤ و سوبێكتیڤ، نیشانده‌ری له‌تله‌تی و دابه‌شبوونی ڕیشه‌یی و جه‌وهه‌ریانه‌ی سوبێكته له نه‌زمی ڕه‌مزیدا... له‌په‌یوه‌ند به هێزی قه‌ناعه‌تپێكردنی كاره‌كته‌ره‌كانیش له ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه، به‌هه‌مانشێوه نه‌ك ته‌نیا شێوازه قه‌ناعه‌تپێكه‌ره باوه‌كان به‌ڵكو ئه‌و چیرۆكانه‌ی نایه‌نگیر و پاتاڵ دێنه‌به‌رچاو، ده‌كرێت له گۆشه‌نیگایه‌كی تر په‌رده له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ڕاستیی ده‌روونی تر هه‌ڵماڵن (ژیژه‌ك له چه‌ند فه‌سڵی كۆتاییدا ده‌په‌رژێته سه‌ر دیوه جیاجیاكانی ئه‌م پرسه‌ی سایكۆلۆژیا و به‌سایكۆلۆژیاكردنه، ئیدی هه‌ر له فیلم و مۆسیقاوه بۆ نمونه‌كانی ژیانی ڕۆژانه و میدیا و سیاسه‌ت- بۆنمونه چۆنچۆنی به‌سایكۆلۆژیاكردنی هه‌مووشت، شاردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌یه وا ئه‌زموونه قووڵه شه‌خسییه‌كان له‌ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه له‌ناوچوون. به‌كورتی دیوه ئایدیۆلۆژی و سینكییه‌كه‌ی ده‌ستێكه‌ڵكردنی "عیرفانگه‌رایی هاوچه‌رخ" و ئه‌و شته‌ی لای مه پێی ده‌وترێت "گه‌شه‌پێدانی مرۆیی" و هتد).
سه‌ره‌نجام، ئه‌م ڕاڤه‌یه‌ی ژیژه‌ك له‌باره‌ی سینه‌مای ده‌یڤد لینچ، به تایبه‌ت فیلمی شاڕێی ونبوو، كه لێره‌دا به‌گشتی و كورتكراوی خرایه ڕوو، بێگومان كۆتا ته‌فسیری سینه‌ما لوغزاوی و سه‌رنجڕاكێشه‌كه‌ی لینچ نییه، كۆمه‌ڵێك ڕاڤه‌ی تری لاكانی و نالاكانی گرنگ و دژبه‌كیش هه‌ن له‌باره‌یه‌وه. وه‌ك له سه‌ره‌تاوه وترا، ژیژه‌ك جگه له‌و كتێبه‌ی بۆ شاڕێی ونبووی ته‌رخانكردووه، كه له‌ڕاستیدا له‌میانه‌یدا ده‌په‌رژێته سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تریش كه په‌یوه‌ندییه‌كی ناڕاسته‌وخۆ نه‌ك ڕێكوڕاستیان به لینچ هه‌یه. له چه‌ند دۆكۆمێنتاری[4] و كتێبی دیكه‌شیدا، له گۆشه‌نیگا و كۆنتێكستێكی تر، بۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه. به‌هه‌رحاڵ، لێكدانه‌وه‌كه‌ی ژیژه‌ك كۆمه‌ڵێك ڕه‌هه‌ندی تیۆری له كاره‌كانی لینچدا ئاشكراده‌كات كه خوێندنه‌وه‌كانی تر، به ته‌ركیزخستنه‌سه‌ر دیوه سینه‌ماتیكییه په‌تییه‌كان، نادیده‌ی ده‌گرن. وێڕای ئه‌مه‌ش، هه‌م خودی شێوازی پۆست مۆدێرنانه‌ی "شاڕێی ونبوو" و هه‌م خۆپاراستنی ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ش له‌وه‌ی بۆچوون یان شه‌رحێكی یه‌كانگیر بخاته‌ڕوو، ده‌رگا به ڕووی چه‌نده‌ها ڕاڤه‌ی جۆراروجۆر و لێكدژیش ده‌كه‌نه‌وه[5].
[1] Zizek, Slavoj, The Art of Ridiculous Sublime: On David Lynch’s Lost Highway, p, 20
[2] Ibid, p, 44
[3] McGowan, Todd, the Impossible David Lynch, pp, 24-25.
[4] بڕوانه ئه‌م فیلمه دۆكۆمێنتارییه گرنگه‌ی ژیژه‌ك، كه تێیدا ده‌په‌رژێته سه‌ر سینه‌مای لینچیش: ڕێنوێنی لاده‌ر یۆ سینه‌ما، وه‌رگێڕانی شاهۆ عه‌لی. له‌م لینكه‌وه:https://youtu.be/pnGuKHvrPBo
[5] به‌هه‌رحاڵ، لینچ له یه‌كێك له كتێبه‌كانیدا ئه‌م په‌رگرافه‌ی خواره‌وه‌ی له‌باره‌ی "شاڕێی ونبوو" نوسییوه:"ئه‌وكاته‌ی باری گیفۆرد و من ده‌ستنوسی "شاڕێی ونبوو"مان ده‌نوسی، دادگایكردنه‌كه‌ی ئۆ.جه‌ی. سیمپسۆن ]كه تۆمه‌تباركرابوو به كوشتنی هاوسه‌ر و هاوڕێیه‌كی خۆی[ هۆشوگۆشی داگیركردبووم. گه‌رچی باری و من هه‌رگیز به‌م جۆره قسه‌مان له‌باره‌ی فیلمه‌كه‌وه نه‌كردووه، به‌ڵام پێموایه فیلمه‌كه، به جۆرێك له جۆره‌كان، په‌یوه‌سته به‌م بابه‌ته‌شه‌وه. ئه‌وشته‌ی له‌باره‌ی ئۆ.جه‌ی.سیمپسۆن كاریتێكردبووم، ئه‌و خاڵه بوو وا ئه‌و هێشتا توانای زه‌رده‌خه‌نه و پێكه‌نینی تیدا مابوو. ده‌یتوانی دواتر بچێت خۆی به یاری گۆلف سه‌رگه‌رمبكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌ك دیاربوو خۆی تووشی گرفتێكی ئه‌وتۆ له‌باره‌ی تێكڕای مه‌سه‌له‌كه بكاته‌وه. من له خۆم ده‌پرسی، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌م كارانه‌ی كردبێت ]واته گریمان هاوسه‌ر و هاوڕێكه‌ی كووشتووه[ چۆن ده‌توانێت له ژیانكردن به‌رده‌وامبێت. ئێمه ئه‌م زاراوه ده‌روونناسییه مه‌زنه‌مان دۆزییه‌وه:"psychogenic fugue"- ئه‌م زاراوه‌یه وه‌سفی ڕووداوێك ده‌كات وا لێوه‌ی زه‌ین خۆی ته‌فره‌ده‌دات تاوه‌كو له ترس و تۆقینێكی دیاریكراو خۆی بدزێته‌وه. بۆیه به جۆرێك له جۆره‌كان شاڕێی ونبوو له‌م باره‌یه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌و ڕاستییه‌ش كه هیچ شتێك تا هه‌تایه به‌شاراوه‌یی نامێنێته‌وه" (بڕوانه David Lynch, Catching the Big Fish, p, 99. Pdf).