ژیژه‌ك و سینه‌مای ده‌یڤد لینچ
به‌شی دووه‌م
ڕوشدی جه‌عفه‌ر
له‌نێوان دوو تۆقیندا: هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی واقیع/ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی فه‌نتازیا
ژیژه‌ك به‌راوردێك له‌نێوان هێڵه گشتییه‌كانی فیلمی "قه‌دیفه‌ی شین" (1986) و "شاڕێی ونبوو" (1997)دا ده‌كات. له یه‌كه‌میاندا، كه ژیژه‌ك هه‌ردووكیان به "شاكار" ناوده‌بات، هه‌م له ئاستی ماڵی جێفریدا دیمه‌نێكی "زێدهواقیعی و دڵڕفێنمان" هه‌یه؛ باوكێك وا له حه‌وشه‌دا گوڵ و چیمه‌نه‌كه ئاوده‌دات، هه‌م له ئاستی شارۆچكهكهشدا، فه‌زایه‌كی كراوه و گه‌ش و هێمن "به‌رچاوده‌كه‌وێت". دواتر ئا له‌م كراوهییه ڕۆشنه سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌په‌ڕینه‌وه بۆناو دیوه تاریك و قێزه‌ونه‌كه‌ی ماڵه‌كه و شارۆچكه‌ی لۆمبهرتینیش. به ده‌ربڕینێكی تر، كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی باوكانه، كه جه‌ڵته‌لێدانی باوكی جێفری سیمبۆلیزهی ده‌كات(دەیڕەمزێنێت)، و ده‌ركه‌وتنی فیگه‌ره باوكانه قێزه‌ونه‌كانی وه‌كو فرانك و هتد. "با بڵێین، تێكڕای بوونناسیی لینچ له‌سه‌ر ناسازی و ناهه‌ماهه‌نگیی نێوان ڕوانین له واقیع له مه‌ودایه‌كی سه‌لامه‌ت و نزیكبوونه‌وه‌ی ڕه‌ها له ڕیاڵ ڕۆنراوه...نزیكبوونه‌وه‌ی زیاد لهڕادهش له واقیع ده‌بێته‌هۆی له‌ده‌ستدانی واقیع[1]".
به‌پێچه‌وانه‌وه، له "شاڕێی ونبوو"دا، دۆخه‌كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له فه‌زای "قه‌دیفه‌ی شین" ناڕهحهتكهرتره: له‌لایه‌كه‌وه، واقیعی ژیانی ژنومێردایه‌تی پڕ له نادڵنیایی نێوان فرێد و ڕێنێمان هه‌یه؛ واقیعێكی ته‌ڵخ و به‌رگه‌نه‌گیراو چونكه پاڵپشته فه‌نتازییه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ستداوه و فرێد به‌ده‌ست ئاره‌زووی ئه‌ویتر (هاوسه‌ره‌كه‌ی) ده‌تلێته‌وه، هاوشان له‌گه‌ڵ بێتواناییه سێكسییه‌كه‌ی و غیره و دڵپیسییهكهی. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، جیهانێكی فه‌نتازیی كابوسئامێز؛ ئه‌و جیهانه پڕمۆتهكه و كوشتوبڕ و "فیگه‌ری ژنه كوشنده یان ئهفسونگهرهكان" كه له فیلمهكهكانی سه‌ر به ژانری نواردا به‌دیده‌كرێت- ژیژه‌ك به جۆره ته‌وسێكه‌وه ده‌ڵێت، جیهانه فه‌نتازییه قێزهونهكه هه‌ڵگری "قووڵی"یه‌كی زیاتره له واقیعه ته‌ڵخ و "لهباڵاییخراوهكه".
هه‌ڵبه‌ت نه هه‌ڵوه‌شانه‌وه و لهباڵاییخستنی واقیع و نه فه‌نتازیا قێزهونهكه ناتوانن فرێد/پیتی له شكسته حهتمییهكهی ده‌ربازبكه‌ن. به گوزارشتێكی تر، بۆ هه‌ڵاتن له‌و واقیعه ته‌ڵخه‌ی گیری خواردووه تێیدا، له مه‌حاڵێتیی په‌یوه‌ندی، له لوغزی ئاره‌زووی ژنانه، جیهانێكی فه‌نتازیایی جێگره‌وه ده‌سازێنێت؛ هه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌نجام ئه‌م ده‌ریچه فهنتازییهش شكستده‌هێنێت (گه‌رچی ڕاڤه‌كه‌ی ژیژه‌ك له‌سه‌ر لێكجیاكردنه‌وه‌ی نێوان ئه‌م دوو ئاسته، واته واقیعی و فه‌نتازی به‌نده، به‌ڵام ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش به‌كراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه كه ڕه‌نگه فرێد "فه‌نتازیا له‌باره‌ی كوشتنی ژنه‌كه‌یه‌وه بكات"، و دیمه‌نی كوشتنه‌ش فه‌نتازیا پیاوانه‌كه‌ی وی بێت. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش شتێكی بنه‌ڕه‌تی له كڕۆكی شرۆڤه‌كه‌ی ژیژه‌ك ناگۆڕێت).
نوسه‌ر ئه‌م شكسته له‌ڕێگه‌ی شكستی دوو دیمه‌نی سێكسكردن له هه‌ردوو ئاسته‌كه‌دا ڕوونده‌كاته‌وه: دیمه‌نی سه‌ره‌تای فیلمه‌كه، سێكسكردنی فرێد و ڕێنێ، وه‌كئه‌وه‌ی پێشتریش باسكرا، به شكستێكی پڕوكێنه‌ر كۆتاییدێت. له كۆتاییه‌كانی فیلمه‌كه‌ش، له‌میانه‌ی سێكسكردنه ئه‌لیس (به‌رجسته‌بوونی ڕێنێ، و "كرده‌ی ژنانه") ده‌چرپێنێته بناگوێی پیتی: "تۆ هه‌رگیز منت ده‌ستناكه‌وێت" و ونده‌بێت. رێك ئا له‌م كاته‌شدا پیتی ده‌بێته‌وه فرێد و سه‌ری به‌ر مه‌حاڵێتیی په‌یوه‌ندی ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌مه‌ش واته، فرێد هه‌م له واقیع و هه‌م له فه‌نتازیاش، (چونكه وه‌ك وترا یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته لینچییهكان، كه ژیژه‌ك له‌په‌یوه‌ند به ڕیاڵ جه‌ختی لێده‌كاته‌وه، هاونشینی و په‌یوه‌ندیی ئاسۆیی، نه‌ك ستوونی، نێوان فه‌نتازیا و واقیعه)، ڕووبه‌ڕووی مه‌حاڵی ئاره‌زوو و ڕیاڵی ناو فهنتازیاكهی ده‌بێته‌وه.
لێره‌دا جیاوازییه‌كی گرنگ هه‌یه له‌نێوان دوو جۆره كرداردا: "كرده‌ی ژنانه" و "په‌ڕینه‌وه بۆ كردار" (passage a l’acte). كوشتنی ڕێنێ له‌لایه‌ن فرێدهوه جۆرێكه له "په‌ڕێنه‌وه بۆ كردار"؛ كردارێكی شه‌ره‌نگێزانه كه پێشتر گریمانه‌ی كردووه، جۆره ڕاكردنێك له ئاره‌زووی ئه‌ویتر (لێره‌دا هاوسه‌ره‌كه‌ی)،عاده‌ته‌نیش ئاماژه‌ی بۆ ده‌روونپه‌شێوی تێدایه، و هه‌ڵبه‌ت جیاوازیشه له "كرده"ی لاكانی. هه‌رچی كرده‌ی ژنانه‌یه، كه فه‌سڵێكی كتێبه‌كه‌ش هه‌ر به‌م ناونیشانه‌یه، كرده‌یه‌كی ڕادیكاڵه كه په‌رده له‌سه‌ر نایهكانگیریی نه‌زمی ڕه‌مزی هه‌ڵده‌ماڵێت. كرده‌ی ژنانه هه‌م وه‌ڵامێكی ڕادیكاڵیه بۆ بنبه‌ستی فیگه‌ری "ژنی كوشنده" و هه‌م دهریچهیهكیشه بۆ درزخستنه خۆبهرههمێنانهوهی سیسته‌می پیاوسالارانه. بهكۆنكرێتی، ئه‌لیس سیناریۆ فه‌نتازییه نێرینه و پهتریاركییهی فرێد/پیتی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه: "تۆ هه‌رگیز منت ده‌ستناكه‌وێت". (وه‌ك تێبینییه‌كی لاوه‌كیش، له خوێندنه‌وه لاكانییه‌كه‌ی ژیژه‌ك بۆ سوبێكتیڤیته‌ی مێینه، ماته‌وزه‌یه‌كی شوڕشگێرانه و تێكده‌ر بۆ سه‌ر نه‌زمی پیاوسالاری یان هه‌ر خودی فه‌نتازیا نێرینه‌كان به‌دیده‌كه‌ین... ئا لێره‌وه‌یه، هه‌ڵبه‌ت له ڕه‌هه‌ند و كۆنتێكستێكی جیاوازتردا، كاتێكیش خوێندنه‌وه بۆ فیگه‌ره مێینه‌كانی وه‌كو هاجه‌ر و خه‌دیجه له ئیسلامدا ده‌كات، به هه‌ڵگری پۆتێنشاڵ و ماته‌وزه‌یه‌كی شۆڕشگێرانهشیان ده‌بینێت، له‌پاڵ كۆمه‌لێك شتی تریشدا. هه‌ر بۆیه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌درووستی له‌م ڕاڤه‌یه‌ش تێبگه‌ین ده‌بێت بیخه‌ینه‌وه ئه‌م چوارچێوه فراوانتره‌وه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌م جۆره خوێندنه‌وانه پووچهڵكهرهوهی وێنا باوه‌كه‌ی عه‌قڵی باون له‌باره‌ی ژن-بێزی و دژه‌ژنی بێ چه‌ندوچوونی ده‌روونشیكاری...).
دهرهكیكردنهوهی به‌ربه‌ست (externalization)
له ئاستی واقیعی فیلمه‌كه‌دا، به‌ربه‌ستی نێوان فرێد و ڕێنێ به‌ربه‌ستێكی زاتی و ناوه‌كییه (inherent)؛ هه‌م به‌مانای په‌ككه‌وته‌یی سێكسیی فرێد و هه‌م به مانای مه‌حاڵێتیی په‌یوه‌ندیی سێكسیش. ئه‌و شته‌ی فرێد ده‌یكات بۆ ڕووبهڕوونهوهیهكی شكستخواردووی ئه‌م به‌ربه‌سته بریتییه له دهرهكیكردنهوهی، "ئاخۆ ئه‌م جووڵانه له مه‌حاڵێتیی ناوه‌كییه‌وه بۆ به‌ربه‌ستی ده‌ره‌كی ڕێك پێناسه‌ی فه‌نتازیا نییه؟"[2] به ده‌ربڕینێكی ساده‌تر، له سه‌ره‌تادا به‌ربه‌ستی نێوان فرێد و ڕێنێ هه‌ر پهككهوتیی فرێد و لوغزی ئاره‌زووی ئه‌ویتره، به‌ڵام له‌و سیناریۆ فهنتازیاییهی فرێد تێیدا ڕۆده‌چێت و سه‌راپای جیهانه ڕه‌مزییه‌كه‌ی لێوه داده‌ڕێژێته‌وه، به‌ربه‌سته‌كه ده‌بێته مسته‌ر ئێدی/دیك لۆرانت وه‌ك "ژویسانێكی قێزه‌ونی باوكانه" و "كه‌سی سێهه‌می خۆتێههڵقورتێنهر و ڕۆناوكهر" (ژیژه‌ك په‌نجه بۆ ئه‌و خاڵه‌ش ڕاده‌كێشێت، سێكوچكه‌ی ئۆدییبی: دڵدار، دڵبه‌ر و كه‌سی سێهه‌م- كه عاده‌ته‌ن فیگه‌رێكی باوكانه و زێده-زیندوو و زێدهكارایه- ڕه‌گه‌زی پێكهێنه‌ری فه‌زای فیلمه‌كانی سه‌ر به ژانری نواره). "هه‌ر بۆیه‌شه فرێد ژنه‌كه (هاوسه‌ره‌كه‌ی) ده‌كوژێت، به‌ڵام پیتی ]/فرێد و پیاوه لوغزاوییه‌كه[ مسته‌ر ئێدی، كه‌سه سێهه‌مه خۆتێههڵقورتێنهكه ده‌كوژێت"[3].
هه‌ڵبه‌ت گرنگه له‌یادمان بێت لێره‌دا فه‌نتازیا به مانا پڕاوپڕه ده‌روونشیكارییه‌كه‌ی به‌كارهاتووه، نه‌ك به مانا باوه‌كه‌ی. له ئاستێكدا، فهنتازیاكهی فرێد بریتییه له به‌دیهێنانێكی خه‌یاڵی ئاره‌زووه‌كه‌ی؛ په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌موگوڕی سێكسی له‌گه‌ڵ ڕێنێدا. له فیلمه‌كه‌دا، دوای گۆڕانی فرێد بۆ پیتی، له سه‌ره‌تادا وادێته به‌رچاو ئه‌م ئاره‌زووه به‌دیهاتووه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ڕوویه‌كی نه‌رێنی به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت، ده‌بێته به‌دیهاتنی به‌دینه‌هاتن؛ به‌ركه‌وتن به ڕیاڵی فه‌نتازیا و قڵپبوونه‌وه. له ئاستێكی دیكه‌شدا، له ده‌روونشیكاریدا فه‌نتازیا شتێكی نێوكهسییه نه‌ك تاكه‌كه‌سی. وه‌ڵامێكه بۆ پرسیاری "ئه‌ویتر چی لێم ده‌وێت؟" (جا چ ئه‌ویتری گه‌وره‌ی ڕه‌مزی بێت یان ئه‌ویتری ڕه‌گه‌زی و ئیتنیكی و هتد). ئه‌م وه‌ڵامه‌ش به‌پێی لۆژیكی ڕاست/ناڕاست ناجوڵێته‌وه، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی ڕێكخستنی ئابوری ده‌روونی و ڕێگرتن له شێوان و شڵه‌ژان. وه‌ك دیاره، لای ژیژه‌ك بۆ پشكنینی دیارده‌یه‌كی وه‌ك ڕه‌گه‌زپه‌رستی، نابێت خۆمان به خستنه‌ڕووی "مه‌عریفه‌یه‌كی ئۆبێكتیڤ"ه‌وه خهریكبكهین، به‌ڵكو ده‌بێت فه‌نتازیا سوبێكتیڤهكان له‌به‌رچاوبگرین. وه‌كچۆن كه‌سی ڕه‌گه‌زپه‌رست ناكۆكی و ئه‌نتاگۆنیزمی ڕیشه‌یی و تێنهپهڕێنراوی كۆمه‌ڵگا، واته ئه‌و ڕاستییه‌ی وا كۆمه‌ڵگا له هه‌موو دۆخه ڕهخساوهكاندا نایهكانگیر و ناكامڵه، دهردههاوێژێته سه‌ر فیگه‌رێكی ده‌ره‌كی، بێزراو و دوژمن (په‌نابه‌ران، جووله‌كه و كورد و هتد)، فرێدیش به‌هه‌مانشێوه له‌ڕێگه‌ی دهرهكیكردنهوهی مه‌حاڵێتیی په‌یوه‌ندیی سێكسییه‌وه، ڕۆده‌چێته ناو فه‌نتازیا به مانا باسكراوهكهی سه‌ره‌وه. هه‌ڵبه‌ت، ئه‌م دهرهكیكردنهوهیه هه‌روا شتێكی ساده نییه، به‌ڵكو سوبێكت له‌ڕێگه‌یه‌وه ژویسانس و ئابوریی ده‌روونی خۆی ڕێكده‌خاته‌وه. بهدهرهكیكردنی به‌ربه‌ست وه‌همی په‌یوه‌ندیی و ده‌ستڕاگه‌یشتنێكی كامڵ ده‌هێڵێته‌وه، به‌جۆرێك وای داده‌نێت ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌م به‌ربه‌سته ده‌ره‌كییه، ئه‌م كه‌سی سێهه‌مه ڕه‌قیب و دوژمنه له‌ناوبه‌رین، ئه‌وا ده‌ستمان به "واقیعێكی یه‌كانگیر" و "چێژێكی پڕاوپڕ" و "ئاره‌زوویه‌كی به‌دیهاتوو" ڕاده‌گات، واته وه‌ك جۆره خۆپارێزییه‌كی ده‌روونی ڕۆڵده‌گێڕێت. (ئاخۆ ئه‌گه‌ر له‌م تێبینییه گشتییانه‌وه چاو به شیعری كلاسیكی كوردیدا بخشێنین چی ده‌بینین؟ ئایا فیگه‌ری "ڕه‌قیب" لای شاعیرانی وه‌ك نالی و مه‌حوی جۆره دهرهكیكردنهوهیهكی شكست/به‌ربه‌سته ناوه‌كییه‌كان نییه؟ ئایا ڕه‌قیب درێژه‌پێده‌ری وه‌همی ده‌ستڕاگه‌یشتن به چێژێكی كامڵ نییه؟- گه‌رچی له لایه‌كی تره‌وه، ده‌كرێت ڕه‌قیب به دیوه نه‌فره‌تلێكراو/قێزه‌ونه‌كه‌ی "یار"ی ئایدیاڵیزهكراو دابنرێت و هتد...).
"دیك لۆرانت مردووه"
له ئاستێكی تردا، ژیژه‌ك له‌بری تیۆریزه‌كردنی لاكانیانهی فیلمه‌كه، واته له‌بری ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر و ڕووداوه‌كان بخاته ناو چوارچێوه‌یه‌كی چه‌مكایه‌تی دیاریكراوه‌وه، نیشانیده‌دات چۆنچۆنی هه‌ر خودی بونیاده بازنه‌ییه‌كه‌ی "شاڕێی ونبوو"، هاوشێوه‌ی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردنی دهروونشیكارانهیه. له نۆرینگه‌ی ده‌روونشیكاریدا، نه‌خۆش به‌ده‌ست سهمپتۆمێكی پڕووكێنه‌ر و هێشتا نه‌زانراو ده‌تلێته‌وه، به‌ڵام له كۆتایی شیكاریدا ئه‌م سه‌مپتۆمه هه‌ڵده‌گرێته‌وه و به هی خۆی داده‌نێت؛ ئه‌و شته‌ی به‌شێوه‌یه‌كی نه‌سته‌كی ته‌نگی پێههڵچنیبوو، دێته سه‌ر ئاستی ئاگایی و ئاخاوتنه‌وه و له‌ڕێگه‌ی بهزهینداهێنانهوه ئازاد له بارگه نهخۆشخهرهكهی به‌تاڵده‌كرێته‌وه. ژیژه‌ك له‌نێوان ئه‌م سووڕه‌ی سه‌مپتۆم و سووڕه بازنه‌ییه‌كه‌ی فیلمه‌كه هاوشێوه‌ییه‌ك به‌دیده‌كات، "با بڵێین، پێكهاته‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره و سه‌ره‌كی جیهانی لینچ بریتییه له ده‌سته‌واژه‌یه‌ك، زنجیره‌یه‌كی ده‌لاله‌تكه‌ر، كه زرنگانهوهیهكی وه‌ك ڕیاڵی تێدایه، پێداگری ده‌نوێنێت و هه‌میشه ده‌گه‌ڕێته‌وه- جۆره هاوكێشه و فۆرموله‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی كه كات هه‌ڵده‌په‌سێرێت و ده‌یبڕێت: له فیلمی "گردی لمین (دون)"دا "خه‌وتووه‌كه ده‌بێت بێداربێته‌وه"؛ له "توین پیكس"دا "كوندهپهپووهكان ئه‌و شته نین كه وادێنه به‌رچاو وابن؛ له "قه‌دیفه‌ی شین"دا "بابه ده‌یه‌وێت گانبكات"؛ و هه‌روه‌ها له "شاڕێی ونبوو"شدا، بێگومان، بریتییه له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی له سه‌ره‌تا و كۆتایی فیلمه‌كه‌دا گۆده‌كرێت: "دیك لۆرانت مردووه"، كه مه‌رگی فیگه‌ره باوكانه قێزهونهكه (مسته‌ر ئێدی) ڕاده‌گه‌یه‌نێت"[4].
ئه‌م خولخواردن و سوڕه بازنه‌ییه، له‌لایه‌كه‌وه بیرخه‌ره‌وه‌ی نایهكانگیرییهكی بونیادییه، و له لایه‌كی تریشه‌وه، ده‌رفه‌تی ئه‌وه به فرێد ده‌دات له گۆشه‌نیگایه‌كی تره‌وه ئه‌م وته‌یه دركبكات (كه له سه‌ره‌تادا ده‌یبیستێت و له كۆتاییدا خۆی ده‌ریده‌بڕێت). ئه‌و شته‌شی ده‌مێنێته‌وه "مه‌حاڵێتیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خۆیه‌تی".
سێ دیمه‌نه سه‌ره‌كییه‌كه
به بڕوای ژیژه‌ك له‌م فیلمه‌دا به‌تایبه‌ت ده‌بێت ته‌ركیز بخه‌ینه سه‌ر سێ دیمه‌ن. یه‌كه‌میان په‌یوه‌سته به مسته‌ر ئێدی/دیك لۆرانت وه‌ك فیگه‌رێكی باوكانه‌ی قێزه‌ون؛ پیاوه لوغزاوییه‌كه وه‌ك ئه‌ویترێك كه ده‌ستی به "فه‌نتازیا بنه‌ڕه‌تی"یه‌كه‌ی سوبێكت ده‌گات، و "نیگا مه‌حاڵ/ڕیاڵ"ه‌كه‌ی؛ سێهه‌میشیان ئه‌لیس و ژویسانس. "ئه‌م سێ دیمه‌نه نیشانیده‌ده‌ن چۆنچۆنی ڕیاڵی چه‌پێنراو به‌حه‌تمی وه‌ك ئه‌نتاگۆنیزم یان تراومای ژێرهوانكێی شوناسه ڕه‌مزی و موماره‌سه هاوبه‌شه گشتییه‌كانمان ده‌گه‌ڕێته‌وه"[5].
دیمه‌نی یه‌كه‌م
دوای ئه‌وه‌ی پیتی له زیندان ئازاد ده‌كرێت و ده‌چێته‌وه سه‌ر كاری خۆی، مسته‌ر ئێدی كه وادیاره پێشتریش ئوتومبێله‌كه‌ی بۆ چاككردنه‌وه هه‌ر بۆ لای وی هێناوه، سواری ئوتۆمبێله‌كه‌ی خۆی ده‌كات تاوه‌كو خه‌وشه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه. به‌ده‌م ڕێگاوه، شوفێرێكی تر له دواوه لێی نزیك ده‌بێته‌وه، وادیاره هه‌وڵده‌دات پێشی بداته‌وه. مسته‌ر ئێدی لێده‌گه‌ڕێت پێشی بداته‌وه، ئینجا به مارسیدیسهكهی خۆی پاڵیده‌نێت و وای لێده‌كات بوه‌ستێت. دواتر داده‌به‌زێت و تێی هه‌ڵده‌دات و هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كات:"خۆت فێری یاسا نهفرهتییهكان بكه"، وای پێده‌ڵێت. وه‌ك له سه‌ره‌تاوه وترا، ژیژه‌ك جیهانی لینچ به "جیهانێكی باڵای پاتاڵ و گاڵته‌جاڕ" وه‌سفده‌كات، جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه ده‌بێت ئه‌م دیمه‌نه گاڵته‌جاڕانه (چ گاڵته‌جاڕیی سۆزبزوێن و چاكه‌خوازانه یان گاڵته‌جاڕیی فیگه‌ره خراپه‌كان) به‌جدی وه‌ربگیرێن. كه‌واته ئه‌م به‌جدی وه‌رگرتنه‌ی فیگه‌ری ئێدی له شاڕێی ونبوودا به چ مانایه‌ك ده‌كه‌وێته‌وه؟ "ده‌بێت ڕیسكی ئه‌وه بكه‌ین كه فیگه‌ری ئێدی به‌ته‌واوی شێلگیرانه وه‌ربگرین، وه‌ك كه‌سێك كه به‌شێوه‌یه‌كی نائومێدانه هه‌وڵده‌دات لانیكهمی نه‌زم ڕابگرێت، هه‌ندێك "یاسای نه‌فره‌تی" سه‌ره‌تایی له‌م جیهانه شێتانه‌یه بسه‌پێنێت"[6].
به‌م جۆره، ئێدی له لایه‌كه‌وه فیگه‌ری ژویسانسێكی باوكانه‌یه (بیرخه‌ره‌وه‌ی باوكه سه‌ره‌تاییه فرۆیدییه‌كه، كه هه‌موو ژنه‌كانی بۆ خۆی قۆرغكردبوو)، له لایه‌كی تریشه‌وه، سه‌پێنه‌ری هه‌ندێك یاسای نه‌فره‌تییه، "له فیلمه‌كانی لینچدا یاسا له‌ڕێگه‌ی بریكارێكی گاڵته‌جاڕ، زێدهكارا و چێژبین له ژیان ده‌سه‌پێنرێت"[7].
خاڵێكی تری په‌یوه‌ندیدار ئه‌وه‌یه "خراپه" (evil) له جیهانی لینچدا، خراپه نییه به مانا باوه‌كه‌ی، خراپه‌كارترین كاره‌كته‌ره‌كانیش هه‌ڵگری شتێكن ده‌كرێت پێی بوترێت "پارادۆكسه‌كانی خراپه" ناوبنرێت، یان به وته‌ی ژیژه‌ك ئه‌م فیگه‌رانه (ئێدی له شاڕێی ونبوو؛ فرانك له قه‌دیفه‌ی شین؛ بۆبی پیرۆ له له دڵه‌وه كێوی؛ بارۆن هاركۆنین له گردی لمیندا) خراپه‌كارن "له‌ودیوی چاكه و خراپه‌وه". بۆنمونه با ئاماژه به ڕاڤه‌یه‌كی ژیژه‌ك بۆ دیمه‌نێكی فیلمی "له دڵه‌وه كێوی" بكه‌ین، له كتێبی "تاعونی فه‌نتازیاكان"، هه‌ڵبه‌ت له چه‌ند جێیه‌كی تریش ئه‌م دیمه‌نه‌ی تیۆریزهكردووه. مه‌به‌ست له‌و دیمه‌نه‌یه وا بۆبی پیرۆ، لولا ناچار ده‌كات بڵێت "بمگێ"، كاتێكیش لولا وا ده‌ڵێت، وه‌ك بڵێی لولا خۆی داوایه‌كی وای لێكردووه، به خۆشی و پێكه‌نینه‌وه ده‌ست له ملی هه‌ڵده‌گرێت و پێی ده‌ڵێت "نه‌خێر، سوپاس، ئه‌مڕۆ كاتم نییه، به‌ڵام له ڕۆژێكی تردا به‌خۆشحاڵییه‌وه ده‌یكه‌م". ژیژه‌ك وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه به "ده‌ستدرێژییه زه‌ینی" و "فه‌نتازیای ئیغتیسابكرانی مێینه" ده‌به‌ستێته‌وه، به‌ڵام پێچێكی تریش به "نه‌خێر، سوپاس"ه‌كه‌ی بۆبی پیرۆ ده‌دات، و ئیمكانی خوێدنه‌وه‌ی "وه‌ك یه‌كێك له ژێسته گه‌وره ئهخلاقیییهكانی سینه‌مای هاوچه‌رخ" ده‌خاته به‌رباس[8]، هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ناكرێت ئاماژه به ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م شرۆڤه‌یه بكه‌ین.
دیمه‌نی دووه‌م
فرێد و ڕێنێ ده‌چنه ئاهه‌نگێكه‌وه كه له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كی ڕێنێ به‌ناوی ئاندییه‌وه سازكراوه (ئه‌م كاره‌كته‌ره دواتریش له "خانووی خراپه"دا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه و به‌ڕێكه‌وتیش له لایه‌ن پیتییهوه ده‌كوژرێت). ئا له‌وێدا پیاوه لوغزاوییه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت و "گفتوگۆیه‌كی كافكایی" له‌گه‌ڵ فرێددا ده‌هێنێته ئاراوه. ژیژه‌ك ئه‌و خوێندنه‌وه یۆنگییه ڕه‌تده‌كاته‌وه كه پیاوه لوغزاوییه‌كه "دهرهكیبوونهوه- ده‌رهاوێژی ڕه‌هه‌نده كوشنده نكۆڵیلێكراوهكهی كه‌سایه‌تیی فرێد" خۆی بێت، به‌ڵكو پێیوایه "ئه‌ویتر"ه له تراومایترین كهوڵیدا: وه‌ك كه‌سێك به نیگا مهحاڵهكهی "فه‌نتازیای بنه‌ڕه‌تی" سوبێكت ده‌بڕێت و ده‌ستی پێده‌گات، وه‌ك كه‌سێك كه كڕۆكه هه‌ره دوورهدهستهكهی سوبێكت ده‌خاته ژێر تیشكی خۆیه‌وه. له ده‌روونشیكاریدا، نزیكبوونه‌وه‌ی زیاد له‌ڕاده له "فه‌نتازیای بنه‌ڕه‌تی"، كه كڕۆكی پێكهێنه‌ری سوبێكتیڤیتهیه، ده‌بێته هۆی داوه‌شان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی. ده‌كرێت بیر له‌و دیمه‌نه بكه‌ینه‌وه، فرێد له بیاباندا به‌خێرایی له خانووه‌كه ده‌چێته‌ده‌ر، سوار ماشێنه‌كه‌ی ده‌بێت، و له پیاوه لوغزاوییه‌كه هه‌ڵدێت. ئه‌م ڕاكردنه له ترسێكی ده‌ره‌كییه‌وه هه‌ڵنه‌قوڵاوه، به‌ڵكو له تۆقینێكی ناوه‌كییه‌وه. بێ مه‌لامه‌ت نییه، پیاوه لوغزاوییه‌كه وا كامێرایه‌كی هه‌ڵگرتووه و ڕاوه‌دووی فرێد ده‌نێت، ئه‌م نیگا سارد و نامرۆییه‌ی كامێرا به‌جوانی پێگه‌كه‌ی ڕوونده‌كاته‌وه. ئا لێره‌شدا، فیگه‌ری باوكانه‌ی ئێدی به هه‌موو دیوه باسكراوه‌كانی و پیاوه لوغزاوییه‌كه جووتێكی "ته‌واوكار" پێكده‌هێنن. پیاوه لوغزاوییه‌كه به‌رجه‌سته‌كه‌ری بڕینی زیاد له‌ڕاده‌ی مه‌ودایه، زێدهناسینێكی سوبێكتیڤی كوشنده. ئاخۆ ترسیش له ته‌كنۆلۆژیا به‌جۆرێك له جۆره‌كان ترس نییه له‌و زێده ناسینه‌ی ده‌سته‌به‌ری ده‌كات؟ ترس له ماشێنكی نامرۆیی كه له به وته‌ی نوح هه‌راری له خۆمان باشتر ده‌مانناسێت. كێشه‌ی ئه‌م ناسینه‌ش هه‌ر ته‌نیا قۆستنه‌وه‌ی نییه بۆ مه‌به‌سته بازرگانییه‌كان، به‌ڵكو كێشه‌كه هه‌ر خودی (زێده)ناسینهكهیه كه له‌وه ده‌رچووه ته‌نیا مه‌عریفه‌یه‌كی زانستیی ئۆبێكتیڤ بێت و بووه‌ته جۆره زانینێكی سوبێكتیڤ، ئه‌گه‌ر كه‌مێ زێده‌ڕه‌وی بكه‌ین، یان مه‌سه‌له‌ی هاككردن و هتد له سۆشیاڵ میدیادا.
[1] Zizek, Slavoj, The Metastases of Enjoyment: Six Essays On Woman and Causality, p. 114
[2] Zizek, Slavoj, The Art of Ridiculous Sublime: On David Lynch’s Lost Highway, p. 16
[3] Ibid. p, 16
[4] Ibid. p, 17
[5] Wood, Kelsey, Zizek: A Reader’s Guide, p. 151
[6] Zizek, Slavoj, The Art of Ridiculous Sublime: On David Lynch’s Lost Highway, p.18
[7] Ibid. p,18
[8] Zizek, Slavoj, the Plague of Fantasies, pp 236-243.