ژیژه‌ك و سینه‌مای ده‌یڤد لینچ
به‌شی یه‌كه‌م
ڕوشدی جه‌عفه‌ر
پێشه‌كی
تیۆری ده‌روونشیكاریی فیلم، كه ئیلهامیان له تێگه لاكانییه‌كانی وه‌كو نیگا، داكوتان و فه‌نتازیا و هتد وه‌رگرتووه، هه‌ر له ده‌یه‌ی حه‌فتا و هه‌شتاكانه‌وه به‌به‌ربڵاوی له لێكۆڵینه‌وه سینه‌ماییه‌كاندا به‌كاردێت، به‌ڵام سلاڤۆی ژیژه‌ك ته‌نیا میراتگرێكی ئه‌م ڕه‌وته نییه به‌ڵكو له‌بناوانه‌وه شێوازی به‌كارهێنانیشی گۆڕیوه، ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ی بۆ وه‌رچه‌رخانێكی ڕیشه‌یی له بواری لێكۆڵینه‌وه سینه‌ماییه‌كاندا خۆشكردووه. بۆنمونه، له ئاستێكدا، چه‌مكی نیگا له تیۆری ده‌روونشیكاریی فیلم‌دا لای ژیژه‌ك و تیۆریسته‌كانی تر، سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه و ڕاستكردنه‌وه‌ی تیۆریزه‌كردنه ده‌روونشیكاری-فێمینیستییه‌كه‌ی لاورا مولڤه‌ییه. مولڤه‌ی له وتاری "چێژی دیده‌كی و سینه‌مای گێڕانه‌وه"[1]دا پێیوایه سینه‌مای گێڕانه‌وه ژنان ده‌كاته ئۆبێكت، ناكارا، و چێژبه‌خش، و پیاوانیش سوبێكتی ئه‌كتیڤ و كارا؛ شێوازی نیشاندانی په‌یوه‌ندیی ژن و پیاو بۆ ئه‌وه‌یه بینه‌ره پیاوه‌كان چێژ وه‌ربگرن. مولڤه‌ی ده‌روونشیكاری وه‌ك "چه‌كێكی سیاسی" به‌كارده‌هێنێت؛ هاوكات كه‌ڵكوه‌رگرتن و ڕه‌خنه‌گرتنیش له ده‌روونشیكاریی فرۆیدی و لاكانی، بۆنمونه له تێگه‌كانی وه‌كو سكۆپۆفیلیا، نیگا، خه‌سان و نه‌ست و هتد. به دیدی وی، ئه‌و شته‌ی سینه‌ما ده‌یخاته‌ڕوو شتێكی ته‌واو نوێ نییه، به‌ڵكو داڕشتنه‌وه و چه‌سپاندنه‌وه‌ی شێوازه پێشوه‌خت دراوه‌كانی جیاوازیی ڕه‌گه‌زییه، سه‌رنجڕاكێشیی سینه‌ماش (دیاره، بۆ بینه‌ره پیاوه‌كان) هه‌ر لێره‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت. لای مولڤه‌ی، به‌كارهێنانی ده‌روونشیكاری وه‌ك چه‌كێكی سیاسی، "ئه‌و شێوازه ڕوونده‌كاته‌وه وا لێوه‌ی نه‌ستی كۆمه‌ڵگا پیاوسالاره‌كان فۆرمی فیلمیان داڕشتووه". دیاره، سینه‌ما وه‌ك بونیادێكی فۆرماڵ په‌یوه‌سته به چێژی دیده‌كی و بینراو. مولڤه‌ی، به گه‌ڕانه‌وه بۆ فرۆید و لاكان، دوو ڕه‌هه‌ندی ئه‌م چێژه له سینه‌مادا ده‌ستنیشانده‌كات: "یه‌كه‌میان، سكۆپۆفیلیك (واته زەقنۆڕیى سێکسى و چاوبڕینه كه‌سانی تر) له چێژی به‌كارهێنانی كه‌سێكی تر وه‌ك ئۆبێكتێك بۆ ورووژانی سێكسی له‌ڕێگه‌ی بینینه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت. دووه‌میشیان، كه به‌هۆی خودئه‌ڤینی و پێكهاتنی ئیگۆ په‌ره‌یسه‌ندووه، له هاوشوناسیكردن له‌گه‌ڵ وێنه‌ی بینراودا سه‌رچاوه‌ده‌گرێت"[2]. به‌ڵام ئه‌م چێژه دیده‌كییه له كۆمه‌ڵگادا، كه به گوێره‌ی نایه‌كسانی و ناهاوسه‌نگیی ڕه‌گه‌زی داڕێژراوه، دابه‌شده‌بێته سه‌ر دوو جۆر: نێر/كارا و مێینه/ناكارا؛ ژنان ڕۆڵه نه‌ریتییه‌كه‌ی نمایشكردنیان پێدراوه و "سه‌یرده‌كرێن"، پیاوانیش ڕۆڵی چاوتێبڕین (ڤۆیه‌ریزم) و "سه‌یرده‌كه‌ن". سه‌ره‌نجام مولڤه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئه‌م تێهه‌ڵكێشكردنه‌ی ده‌روونشیكاری و فێمینیزم، ئه‌و ده‌ره‌نجامه هه‌ڵده‌گوزێت كه خۆی شتێكی هێند شاراوه نه‌بووه: به‌ئۆبێكتكردنی ژن و زاڵكردنی گۆشه‌نیگای پیاوانه.
"له نیگای یه‌كه‌مدا، وتاره‌كه‌ی مولڤه‌ی هێجگار ڕادیكاڵ و قایلكه‌ر دێته‌به‌رچاو. به‌ڵام ڕاڤه لاكانییه‌كه‌ی ژیژه‌ك له‌باره‌ی چه‌مكی نیگا [ …] نیشانیده‌دات كه ده‌ره‌نجامگیرییه فێمینیستییه‌كه‌ی مولڤه‌ی له هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن له بنه‌مای چه‌مكی نیگا كه‌وتۆته‌وه. خوێندنه‌وه‌كه‌ی مولڤه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و پێشگریمانه‌یه به‌نده كه نیگا به‌ستراوه‌ته‌وه به پانتایی سوبێكته‌وه، واته ئه‌وه‌ی كه نیگاكردن كردارێكه سوبێكت بۆ بینینی ئۆبێكت ئه‌نجامی ده‌دات. له‌كاتێكدا، ژیژه‌ك نیشانی ده‌دات كه نیگا چه‌مكێكی گرێدراوه به ئۆبێكتیشه‌وه، واته په‌یوه‌ندیی به پانتایی ئۆبێكتیشه‌وه هه‌یه. ئێمه كاتێك نیگا ده‌گرینه ئۆبێكتێك، له‌ڕاستیدا، له ئاستی سه‌ره‌تاییدا له لایه‌ن ئه‌و ئۆبێكته‌وه‌یه كه ده‌بینرێین"[3]. به‌هه‌رحاڵ، لێره‌دا قسه له چه‌مكی نیگا نییه به‌دیاریكراوی، به‌ڵكو خوێندنه‌وه نوێیه‌كه‌ی ژیژه‌كه بۆ سینه‌ما، كه ڕێگه‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ی نوێتریش لای بیریاره‌كانی تر خۆشكردووە.
ڕه‌خنه، كه‌لتوری عه‌وام(پۆپۆلار) و ده‌یڤد لینچ
پێش ئه‌وه‌ی باس له شرۆڤه لاكانییه‌كه‌ی ژیژه‌ك بۆ فیلمه‌كانی لینچ بكه‌ین، با هه‌ندێك له‌و "ڕه‌خنانه" بخه‌ینه‌ڕوو كه له شێوازی ڕاڤه‌كارییه سینه‌ماییه‌كانی ژیژه‌ك ده‌گیرێت (ئه‌گه‌ر جارێ ڕه‌خنه‌كان له خودی تیۆری ده‌روونشیكارانه‌ی فیلم بخه‌ینه‌لاوه). لای ئه‌م ڕه‌خنه‌گرانه، ئه‌و شته‌ی ژیژه‌ك له‌باره‌ی فیلم و سینه‌ماوه ده‌یڵێت، شیكاركردنی فیلمه‌كان خۆیان نییه، به‌ڵكو سه‌پاندنی دیدگا تیۆرییه‌كه‌ی ژیژه‌ك خۆیه‌تی به‌سه‌ر فیلمه‌كاندا؛ گوایه ژیژه‌ك قاڵبێكی تیۆریی پێشوه‌خت ده‌ستنیشانكراوی هه‌یه، و هه‌رچی شت هه‌یه ده‌یئاخنێته ناویه‌وه. ئه‌وان بۆنمونه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن، كتێبه‌كه‌ی ژیژه‌ك له‌باره‌ی ده‌یڤد لینچەوە، كه له‌ڕاستیدا نیوه‌ی كه‌متری كتێبه‌كه له‌باره‌ی فیلمی "شاڕێی ونبوو"ه‌وەیە، هێنده‌ی په‌یوه‌ندیداره به بینا تیۆرییه‌كه‌ی ژیژه‌ك خۆی، هێند سه‌روكاری له‌گه‌ڵ فیلمه‌كه خۆیدا نییه. تۆد مه‌كگوان، له وه‌ڵامدا، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، ڕێك ئه‌و شته‌ی ڕه‌خنه‌گره‌كان به‌هۆیه‌وه لۆمه‌ی ژیژه‌كی پێده‌كه‌ن، به‌كرده‌یی چه‌ندان ئیمكانی تیۆری نوێی ئاوه‌ڵاكردووه[4]. ڕه‌خنه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه ژیژه‌ك له‌باتی ڕاڤه‌كردنی تێكڕای فیلمێك به هه‌موو دیوه فۆرماڵ و سینه‌ماتیكییه‌كانییه‌وه، ته‌ركیز ده‌خاته سه‌ر شیكردنه‌وه‌ی دیمه‌نێك یان چه‌ند دیمه‌نێكی فیلمه‌كه. مه‌ك گوان دیسان پێی وایه، ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ش له به‌دحاڵیبوونه‌وه هه‌ڵقوڵاوه، و هه‌ڵبژاردنی دیمه‌نێك لای ژیژه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه "چێژی بینه‌ر" له‌م دیمه‌نه‌دا ده‌گاته ترۆپكی خۆی و لێوه‌ی ئه‌م چێژه‌ش ڕێكده‌خات. خوێنه‌ری وشیاریش به‌ئاسانی ده‌توانێت ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی ئه‌م تاكه دیمه‌نه‌وه كۆیه‌تی فیلمه‌كه هه‌ڵگۆزێت.
ژیژه‌ك هه‌ر له یه‌كه‌مین كتێبی خۆیه‌وه به زمانی ئینگلیزی، ئۆبێكتی باڵای ئایدیۆلۆژیا (1989)، سوود له كه كه‌لتوری عه‌وام وه‌رده‌گرێت بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئایدیا فه‌لسه‌فی و ده‌روونشیكارییه‌كانی خۆی؛ به‌ڵام نه‌كئه‌وه‌ی چوارچێوه‌یه‌كی تیۆریی جێگیریان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، به‌ڵكو هه‌ندێجار ئه‌م نمونه وه‌رگیراوانه له كه‌لتوری عه‌وام (نوكته‌كان، هۆڵیود، ڕیكلام، ڕۆمانه "بازاڕییه‌كان" و هتد) پێچێك به خودی ئایدیاكه لێده‌ده‌ن و ڕه‌هه‌ندێكی تازه‌ی تێدا كه‌شفده‌كه‌ن. هه‌ندێجاریش به‌پێچه‌وانه‌وه، وه‌ك له كتێبی مه‌رگی ئۆپێرادا، كه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ملادن دۆلاردا نوسیویانه، "خاڵێكی تا ڕاده‌یه‌ك نیوه‌ئاسایی ئه‌م كتێبه بریتییه له‌و گۆڕانه هه‌ستپێنه‌كراوه‌ی خاڵی جه‌ختكردنه‌وه‌ی ژیژه‌ك، به‌و جۆره كه له‌جیاتیی سوودوه‌رگرتن له ئۆپێراكانی واگنه‌ر بۆ شه‌رحكردنی تیۆره لاكانییه‌كه، پتر ده‌یه‌وێت سوود له تیۆره لاكانییه‌كه وه‌ربگرێت بۆ شه‌رحكردنی ئۆپێراكانی واگنه‌ر"[5]. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یبینین تێپه‌ڕاندنی وێنا "باو"ـە‌كانه له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه و مامه‌ڵه‌كردنێكی "شێلگیر و جدی"یشه له‌گه‌ڵ كه‌لتوری عه‌وام (مامه‌ڵه‌ی "جدی" لای ژیژه‌ك واته تیۆریزه‌كردن له‌ڕێگه‌ی لاكانیزم و فه‌لسه‌فه‌وه- هه‌ر بۆیه‌ش پێیوایه ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی جدی ئاوڕ له ده‌یڤد لینچ بده‌ینه‌وه). هه‌ڵبه‌ت ئه‌و شته‌ی سه‌رنجڕاكێشییه‌كی بێوێنه به ستایلی نوسینی ژیژه‌ك ده‌به‌خشێت، هه‌ر ته‌نیا په‌رژانه سه‌ر نمونه جیاجیا و وه‌رگیراوه‌كان له كه‌لتوری عه‌وام نییه، به‌ڵكو قووڵی و باڵاییه فه‌لسه‌فییه‌كه‌یه‌تی، كه له‌پشت ئه‌م ده‌رگیربوونه وه‌ستاوه.
ده‌یڤد لینچ (1946- )، فیلمسازێكی هاوچه‌رخی ئه‌مریكییه، فیلمه‌كانی تێكه‌ڵه‌یه‌كن له نواری نوێ و سوریاڵیزم و هتد. وه‌كچۆن له سینه‌ما شتێك هه‌یه پێی ده‌وترێت "فه‌زای هیچكۆكی"، هه‌روا فیلمه‌كانی لینچیش، "فه‌زایه‌كی لینچی(Lynchian universe)"یان پێكهێناوه، كه بوونه‌ته خه‌سڵه‌ته جیاكه‌ره‌وه‌كانی: واقیع و فه‌نتازیای هاونشین و ئاسۆیی، بۆنمونه (به‌پێچه‌وانه‌ی واقیع و گۆشه‌نیگا ستونییه‌كه‌ی فه‌نتازیا له فیلمه‌كانی هیچكۆكدا). ژیژه‌ك وێڕای گه‌ڕانه‌وه به‌رده‌وامه‌كانی بۆ سینه‌مای هۆڵیود و ده‌ره‌وه‌ی هۆڵیودیش، به‌تایبه‌ت ئاوڕی له سێ ده‌رهێنه‌ر داوه‌ته‌وه: ئه‌لفرێد هیچكۆك، كریستۆڤ كیسلۆڤسكی و ده‌یڤد لینچ. وێڕای ئه‌وه‌ی له زۆربه‌ی كاره‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ یه‌كێك له سێ ده‌رهێنه‌ره تێدایه و هه‌ندێجاریش به‌شێكی كتێبێكی بۆ ته‌رخانكردوون، سێ كتێبیشی به‌دیاریكراوی له‌باره‌ی هه‌ر یه‌كێك له‌م سێ ده‌رهێنه‌ره نوسیوه و ئیدیتكردووه[6].
"هونه‌ری باڵای پاتاڵ: ده‌رباره‌ی شاڕێی ونبووی ده‌یڤد لینچ"
ژیژه‌ك له كتێبی "هونه‌ری باڵای پاتاڵ: ده‌رباره‌ی شاڕێی ونبووی ده‌یڤد لینچ"، پێش ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه لاكانییه‌كه‌ی بۆ فیلمی "شاڕێی ونبوو" (Lost Highway)ی لینچ بخاته‌ڕوو، دوو شێوازی باڵاده‌ست و لێكدژی ڕاڤه‌كردنی ئه‌م فیلمه (و گه‌لێك فیلم و بگره دیارده‌ی تریش) ڕه‌تده‌كاته‌وه. یه‌كه‌م، پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه گوایه "شاڕێی ونبوو" تێكه‌ولێكه‌یه‌كی كڵێشه پۆست-مۆدێرنه‌كانه. دووه‌م، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی شێوازه باتنیگه‌راكه‌ی سه‌رده‌می نوێ. به‌گوێره‌ی یه‌كه‌میان، فه‌زای ئه‌م فیلمه، فه‌زایه‌كی ده‌ستكرد وساخته و كڵێشه‌ییه. دووه‌میشیان جه‌خت له‌سه‌ر "وزه‌ی ژیان"ی یۆنگییانه ده‌كاته‌وه؛ ئه‌وه‌ی كه هێزێكی ڕۆحانیی ژێره‌وانكێ هێزه ناعه‌قڵانی و كڵێشه ساویلكه‌كان جڵه‌وده‌كات.
ژیژه‌ك له‌م كتێبه‌دا، كه خۆی له‌ڕاستیدا وتارێكی درێژه و له شێوه‌ی كتێبدا چاپبووه، وێڕای خستنه‌به‌رباسی "شاڕێی ونبوو"ی لینچ، ده‌په‌رژێته سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی په‌یوه‌ست و ناپه‌یوه‌ستی تریش (بۆنمونه هه‌ر له فه‌سڵی یه‌كه‌مدا، یاسای ڕه‌مزی و سوپه‌رئیگۆ وپاڵپشته قێزه‌ونه‌كه‌ی؛ پارادۆكسه‌كانی قه‌ده‌غه‌ی بنچینه‌یی و هتد تاوتوێده‌كات) به‌ڵام له‌به‌ر درێژنه‌بوونه‌وه‌ی باسه‌كه، ته‌نیا باس له هه‌ندێك له خاڵه په‌یوه‌ندیداره‌كان به خودی فیلمه‌كه‌ی لینچ ده‌كه‌ین، و چاوپۆشی له بابه‌ته‌كانی تر ده‌كه‌ین. ژیژه‌ك له‌ڕێگه‌ی پشكنینی هه‌ڵكه‌وتی دژه‌كان و لێكدژه ته‌واوكاره‌كان (وه‌كو یاسا/سه‌رپێچی) و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی فه‌نتازیا پێچێكی تر به ڕه‌خنه‌ی ده‌روونشیكارانه‌ی فیلم[7] ده‌به‌خشێت.
سه‌ره‌تا با بپرسین ئاخۆ "باڵا" و "پاتاڵ" له ناونیشانی كتێبه‌كه‌دا چ مانایه‌كیان هه‌یه؟ باڵا ئاماژه‌یه بۆ ئۆبێكتی باڵا (sublime object)، كه‌واته ئۆبێكتی باڵا چییه؟ ژیژه‌ك له شاكارى "ئۆبێكتی باڵای ئایدیۆلۆژیا"دا ده‌نوسێت: "هه‌ر به‌م هۆیه‌وه، ئۆبێكتی ڕیاڵ، به مانا ته‌واوه لاكانییه‌كه‌ی، ئۆبێكتێكی باڵایه، ئۆبێكتێك كه له سیسته‌می ڕه‌مزییدا بریتییه له به‌دیهاتنی نوقسانییه‌ك له هه‌ناوی "ئه‌ویتر"دا. ئه‌م ئۆبێكته باڵایه‌یه كه ناتوانین زیاد له‌ڕاده لێی نزیك ببینه‌وه؛ گه‌ر زۆر لێی نزیك ببینه‌وه ئه‌وا سیما و سیفه‌ته باڵاكانی خۆی له‌ده‌ستده‌دات و ده‌بێته ئۆبێكتێكی ئاسایی و سواو. ته‌نیا له مه‌ودایه‌كی دیاریكراو و له حاڵه‌تێكی نێوه‌نده‌وه و له ڕوانگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه ده‌توانین ئۆبێكتی باڵا به‌نیوه‌یی ببینین. گه‌ر بمانه‌وێت له ڕووناكیی ڕۆژدا بیبینین، ئه‌وا ده‌بێته ئۆبێكتێكی ڕۆژانه و له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، ئه‌ویش ڕێك له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ی كه خۆی بۆ خۆی هیچه"[8]. هه‌ڵبه‌ت نابێت لێره‌دا سیفه‌تی "باڵا" به مانا حه‌رفیییه‌كه‌ی وه‌ربگرین، "ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیربێت كه هیچ شتێكی به‌جه‌وهه‌ر باڵا، له "ئۆبێكتی باڵا"دا بوونی نییه- به وته‌ی لاكان ئۆبێكتی باڵا شتێكی ئاسایی و ڕۆژانه‌ییه كه به‌ته‌واوی به‌پێی ڕێكه‌وت، خۆی له‌پێگه‌ی داگیركه‌ری جێگه‌یه‌كدا ده‌بینێته‌وه كه هه‌ر خۆی ناویده‌نێت شت، واته ئۆبێكتی مه‌حاڵی-ڕیاڵی ئاره‌زوو. ئۆبێكتی باڵا بریتییه "له شتێكی ئاسایی كه هه‌ڵكشاوه بۆ ئاستی شت"[9].
له "شاڕێی ونبوو"دا، ڕێنێ، هاوسه‌ری فرێد، ئه‌و كه‌سه‌یه پێگه‌ی ئۆبێكتی باڵای ئاره‌زوو داگیرده‌كات. هه‌ر له سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌وه ده‌بینین، له‌لایه‌كه‌وه، فرێد له‌ڕووی سێكسییه‌وه كه‌سێكی په‌ككه‌وته و بێتوانایه و ناتوانێت "ڕێنێ" تێر و ڕازیبكات و شكسده‌هێنێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه، غیره‌ی لێده‌كات و پێیوایه ده‌ستی له‌گه‌ڵ پیاوی تردا تێكه‌ڵكردووه (ئه‌م غیره‌یه، له دوای كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی و ئه‌و جیهانه فه‌نتازماتیكه‌ی ده‌چێته ناوییه‌وه، شكڵێكی ڕوونتر و "جیاوازتر" به‌خۆوه ده‌گرێت: ڕێنێ، كه ئێستا بووه‌ته ئه‌لیس، ئه‌كته‌رێكی فیلمه پۆرنۆگرافییه‌كانه، وبه‌م جۆره‌ش جۆره ژویسانسێكی نه‌گیراو ئه‌زموون ده‌كات، وه‌كئه‌وه‌ی دواتر ده‌یبینین). كه‌واته تێكڕای به‌ربه‌سته ناوه‌كی و ده‌ره‌كییه‌كان لای فرێد، ڕێنێ ده‌گۆڕنه سه‌ر ئۆبێكتێكی باڵا، واته سه‌ر ئۆبێكتی مه‌حاڵی ئاره‌زووی فرێد: پێچه‌ڵپێچه‌كانی ئاره‌زوو.
ئه‌ی گاڵته‌جاڕ یان پاتاڵ (ridiculous ) چییه؟ پاتاڵ له‌لایه‌كه‌وه وه‌ك پێچه‌وانه‌ی باڵا دیاره، له‌لایه‌كی تره‌وه ئاماژه‌یه بۆ ساویلكه‌یی به‌شێك كاره‌كته‌كاره‌كان (وه‌كو ئه‌و خۆشخه‌یاڵییه‌ی، له فیلمی قه‌دیفه‌ی شین، ساندی له‌گه‌ڵ جێفریدا له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێت: بولبولێك بێت و ..، یان بگره ئه‌و توڕه‌بوونه زیاده‌ڕۆیه‌یه‌ی ئێدی له فیلمی "شاڕێی ونبوو" به‌سه‌ر ئه‌و شوفێره‌ی له دواوه له ئوتۆمبێله‌كه‌ی نزیك ده‌بێته‌وه، لای ژیژه‌ك شه‌ڕه‌نگێزییه‌كی گاڵته‌جاڕ و پاتاڵانه‌یه).
وێڕای ئه‌وه‌ی وترا، ژیژه‌ك ئاماژه به ڕه‌هه‌ندێكی تری سه‌رنجڕاكێشی خوێندنه‌وه‌ی ده‌روونشیكارانه‌ی فیلم ده‌كات. له یه‌كێك له دیمه‌نه‌كانی فیلمی كازابلانكا، كه ئاخۆ ئیلسا و ڕیك "سێكسیان كردووه یان نا"، ژیژه‌ك باسی ئه‌وه ده‌كات به‌وپێیه‌ی ئه‌م دیمه‌نه له سێ گرته‌ی نیوچركه‌یی ڕووده‌دات و شته‌كان ڕوون نین، بۆیه هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌كه له‌خۆده‌گرێت. به‌پێی ڕاڤه‌كه‌ی ژیژه‌ك، له ئاستی ئه‌ویتری گه‌وره‌دا، واته له ئاستی ڕواڵه‌تی فه‌زای گشتیدا، "سێكسیان نه‌كردووه"، به‌ڵام ده‌كرێت له خه‌یاڵ و فه‌نتازیای بینه‌ران ئه‌م سێكسكردنه ڕوویدابێت: بونیادی سه‌رپێچی ناوه‌كی و خۆڕسكانه. یاسا و نه‌زمی ڕه‌مزی وێڕای ئه‌وه‌ی پاڵپشته قێزه‌ون و سوپه‌رئیگۆ قێزه‌ونه‌كه‌ی خۆیشی به‌رهه‌مدێنێت، به‌ڵام ڕواڵه‌ت ده‌پارێزێت، چونكه "یاسای ڕه‌مزی ته‌نیا خولیای پاراستن و ڕاگرتنی ڕواڵه‌تی هه‌یه، و لێت ده‌گه‌ڕێ به‌ئازادیی خه‌یاڵه چه‌په‌ڵه‌كانت پیاده بكه‌یت، تا ئه‌و جێیه‌ی ئه‌م خه‌یاڵه هه‌ڵنه‌كوتێته سه‌ر فه‌زای گشتی، واته، تا ئه‌و جێیه‌ی ڕواڵه‌ته‌كان بپارێزێت... كه‌واته بۆچی پێویستمان به ده‌روونشیكارییه؟... [چونكه]ڕواڵه‌ته‌كان گرنگن: ده‌كرێت چه‌ندین فه‌نتازیای چه‌په‌ڵت هه‌بێت، به‌ڵام مه‌سه‌له گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه ئاخۆ كامیان تێهه‌ڵكێشی فه‌زای گشتیی یاسای ڕه‌مزی، واته ئه‌ویتری گه‌وره ده‌بێت"[10]. به گوزارشتێكی دی، لێره‌دا ده‌روونشیكاری سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زه "شاراوه و په‌نهان" و "نه‌هێنییه سه‌ركوتكراوه‌كان" نییه كه ڕواڵه‌ت دایپۆشیون، به‌ڵكو گرنگییه‌كه ڕواڵه‌ت خۆیه‌تی.
گرێچنی فیلمی "شاڕێی ونبوو" و تێبینییه گشتییه‌كان
فرێد مادیسۆن (كه بیل پولمان ڕۆڵه‌كه‌ی ده‌گێڕێت)، له زه‌نگی خانووه‌كه‌ی گوێبیستی ئه‌وه ده‌بێت "دیك لۆرانت مردووه"، كاتێك ده‌چێته لای په‌نجه‌ره‌كه كه‌س له‌پێش خانووه‌كه‌ی نابینێت. به‌یانی ڕۆژی دواتر شریتێكی ڤیدیۆییان پێده‌گات، كه وێنه‌ی خانووه‌كه‌یانی ڕیكۆرد كردووه. له چه‌ند ڕۆژی دواتریشدا، چه‌ند شریتێكی ڤیدیۆیی تر له په‌یژه‌ی پێش خانووه‌كه‌یاندا ده‌دۆزنه‌وه. له دیمه‌نێكی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه‌دا، له شه‌وی دوای دۆزینه‌وه‌ی یه‌كه‌م شریت، كاتێك فرێد و ڕێنێی هاوسه‌ری (كه پاتریشیا ئه‌ركێت ڕۆڵه‌كه‌ی ده‌گێڕێت)، به‌یه‌كه‌وه ده‌خه‌ون، ئێمه‌ی بینه‌ر ده‌بینین كه فرێد له ڕووی سێكسییه‌وه كه‌سێكی بێتوانایه و شكستده‌هێنێت؛ ڕێنێ وه‌ك جۆره نه‌وازشكردنێكی "پڕ سووكایه‌تی" ده‌ستی به‌سه‌ر شانی‌دا ده‌هێنێت و پێیده‌ڵێت "كێشه نییه!" (به وته‌ی ژیژه‌ك، فرێد لێره‌كانێ ڕووبه‌ڕووی لوغز و نه‌هێنی ژنه‌كه‌ی ده‌بێته‌وه- لوغزی ئاره‌زوو و سوبێكتیڤیته‌ی ژنانه كه تێمایه‌كی هه‌میشه‌ییه له فیلمه‌كانی لینچدا. ژیژه‌ك له فه‌سڵی پێنجه‌می كتێبی "ته‌نینه‌وه‌كانی ژویسانس: شه‌ش وتار ده‌رباره‌ی ژنان و هۆكارێتی"شدا، له‌ژێر ناونیشانی "ده‌یڤد لینچ یان خه‌مۆكیی ژنانه"، له‌په‌یوه‌ند به فیلمی قه‌دیفه‌ی شینه‌وه، ئه‌م بابه‌ته تیۆریزه ده‌كات[11]- ئه‌و كه‌لێن و درزه‌ی كه‌وتۆته نێوان په‌یوه‌ندیی ژن و پیاو له "هۆكارێتی"دا). گه‌رچی ئه‌وان بانگی پۆلیسش ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانیش ناتوانن سه‌رچاوه‌ی شریته‌كان بدۆزنه‌وه. دواتر فرێد و ڕێ‌نی ده‌چنه ئاهه‌نگێكه‌وه كه له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كی ڕێ‌نی به‌ناوی ئاندییه‌وه سازكراوه. ئا له‌وێدا، فرێد چاوی به پیاوه لوغزاوییه‌كه (له كاستی فیلمه‌كه‌شدا هه‌ر به Mystery Man ناوبراوه) ده‌كه‌وێته‌وه، و پێی ده‌ڵێت ئێمه پێشتر یه‌كترمان هه‌ر له ماڵی تۆدا بینیووه. پیاوه لوغزاوییه‌كه به فرێد ڕاده‌گه‌یه‌نێت هه‌ر ئێستا و هاوكات له ماڵی ئه‌ویشه. پێی ده‌ڵێت: تێلم بۆ بكه، كه فرێدیش ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كات، وه‌ڵامی ده‌داته‌وه، ئه‌مه‌ش واده‌كات فرێد تۆقینێكی چاوه‌ڕێكراو دایبگرێت (ژیژه‌ك پێی وایه پیاوه لوغزاوییه‌كه به‌رجه‌سته‌كه‌ری مه‌عریفه‌یه‌كی هه‌مه‌شتبینه؛ كه‌سێك كه ده‌توانێت ده‌ستی بگاته ناوه‌كیترین و قووڵترین فه‌نتازیاكانت. حزوورێكی قێزه‌ون: ده‌ستگه‌یشتن به شتانێك له‌باره‌ی تۆ "كه خۆشت ناته‌وێت له‌باره‌ی خۆت بیزانی"). ڕۆژی دواتر، فرێد شریتێكی تر ده‌دۆزێته‌وه، به‌ته‌نیا سه‌یری ده‌كات: له‌م ڤیدیۆیه‌دا ده‌بینێت وا له‌پاڵ جه‌سته له‌توپه‌تكراوه‌كه‌ی "ڕێنێ"یه! بۆیه ده‌ستگیر ده‌كرێت و به‌په‌له سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت (به بڕوای ژیژه‌ك، فیلمه‌كه تا ئێره، به دیاریكراوتر، تا كاتی كوشتن و له‌توپه‌تكردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ژیانی واقیعی فرێده، و ئه‌وه‌ی دواتر ڕووده‌دات، وڕێنه‌ی فرێده بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ئه‌م واقیعه؛ سیناریۆیه‌كی فه‌نتازییه كه ئه‌ویش سه‌ره‌نجام شكستده‌هێنێت، شكستێكی پڕمۆته‌كه و كابوسئامێزتر له واقیعه‌كه خۆی: ئه‌و شته‌ی لێره‌دا به‌دیده‌كه‌ین، لۆژیكه فرۆیدییه‌كه‌ی خه‌ونه؛ خه‌ونێك كه ته‌حه‌مولنه‌كراوتر له واقیع خۆی ده‌گیرسێته‌وه).
دواتر كه یه‌كێك له پاسه‌وانه‌كان ده‌چێت ژووره تاكه‌كه‌سییه‌كانی زیندانه‌كه ده‌پشكنێت، به حه‌په‌ساوییه‌وه ده‌بینێت كه ئه‌و كه‌سه‌ی وا له ژووره‌وه‌یه، پیتی دایتۆنه (نه‌ك فرێد مادیسۆن- هه‌ڵبه‌ت دیسان ده‌بێت له‌یادمان بێت، لای ژیژه‌ك ئه‌مه سیناریۆ فه‌نتازییه‌كه‌ی فرێد خۆیه‌تی). پیتی كه گه‌نجێكی چالاك و پڕ وزه‌یه و فیته‌ری ئوتومبێله ئازاد ده‌كرێت و ده‌نێردرێته‌وه ماڵه‌وه. دوو هه‌واڵگریش به‌رده‌وام شوێنی ده‌كه‌ون، بینه‌ر له‌ڕێگه‌ی ئه‌م دوو هه‌واڵگه‌ره‌وه ئاشنای چه‌ند دیوێكی تر ده‌بێت. دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی، مسته‌ر ئێدی بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئوتومبێله‌كه‌ی دێته شوێنكاره‌كه‌ی وی (ئێدی/ دیك لۆرانت به‌رجه‌سته‌كه‌ری ده‌سه‌ڵاتی قێزه‌ونی باوكانه‌یه؛ وه‌كو فرانك له فیلمی "قه‌دیفه‌ی شین" و هتد). ڕۆژی دواتریش له‌گه‌ڵ ماشوقه‌كه‌یدا دیسان ده‌چێته‌وه ئه‌وێ. ماشوقه‌كه‌ی مسته‌ر ئێدی، ئه‌لیس، هه‌مان ڕێنییه (و هه‌ردوو ڕۆڵه‌كه‌ش له‌لایه‌ن تاكه ئه‌كته‌رێكه‌وه ده‌گێڕدرێت: پاتریشیا ئاركێت؛ به‌و جیاوازییه‌وه كه ئێستا ئه‌لیس قژزه‌رده، بلۆنده). هه‌ر له‌كاتی هاتنییه‌وه، ئه‌لیس (كه نمونه‌یه‌كی ژنی ئه‌فسونگه‌ر یان كوشنده‌یه له فیلمه‌كانی سه‌ر به ژانری نوار) سه‌رنجی پیتی ڕاده‌كشێت. دواتریش به ته‌نیا ده‌چێته‌وه ئه‌وێ و وێڕای ترسی پیتی، په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی سێكسیی گه‌رموگوڕ داده‌مه‌زرێنن (گۆڕانه به‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌یه، له‌كاتێكدا ڕێنێ له ئاستی واقیعیدا، به‌رهه‌ڵستی به‌ره‌و ڕووی فرێد ده‌نواند، ئا لێره‌دا ئه‌وه ئه‌لیس خۆیه‌تی وا پیتی فریوده‌دات بۆناو په‌یوه‌ندییه‌كی سێكسی). ئه‌لیس به پیتی ده‌ڵێت كه مسته‌ر ئێدی له‌ڕاستیدا به‌رهه‌مهێنێكی فیلمه پۆرنۆگرافییه‌كانه و ناوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی دیك لۆرانته (ئه‌و ناوه لوغزاوییه‌ی له سه‌ره‌تای فیلمه‌كه فرێد مادیسۆن گوێبیستی ده‌بێت: "دیك لۆرانت مردووه") و ئه‌لیس خۆیشی به‌فرتوفێل و به‌زۆر ناچاركراوه به‌شداری له‌م فیلمانه‌دا بكات. دوای ئه‌وه‌ی پیتی په‌یوه‌ندییه‌كی له‌لایه‌ن مسته‌ر ئێدی و پیاوه لوغزاوییه‌كه پێده‌گات، ملده‌داته به‌ر نه‌خشه و پلانه‌كانی ئه‌لیس و وه‌كئه‌وه‌ی به‌رنامه‌یان بۆ داناوه ده‌چێته ماڵی ئاندی. ئا له‌وێدا به‌ڕێكه‌وت ئاندیش ده‌كوژێت. ئه‌لیس و پیتی ده‌ڕۆنه كابینه‌یه‌كی چۆڵ له بیابانێكدا و له ده‌ره‌وه‌ی كابینه‌كه‌دا ده‌ستده‌كه‌ن به سێكسكردن، سه‌ره‌نجام ئه‌لیس ده‌چرپێنێته بناگوێی پیتی: "تۆ هه‌رگیز منت ده‌ستناكه‌وێت" و ده‌ڕواته ناو كابینه‌كه و ونده‌بێت. له‌م ساته‌دا، جارێكی تر پیتی دایتۆن ده‌بێته‌وه به فرێد مادیسۆن (وه‌ك بڵێی ئه‌م وته تراوماتیكه: تۆ هه‌رگیز منت ده‌ستناكه‌وێت، خاڵی هه‌ره‌سهێنانی سیناریۆ فه‌نتازیاكه‌یه‌تی و دیسان به‌ر مه‌حاڵه ناونشینه‌كه‌ی ئاره‌زووی ده‌بێته‌وه). كاتێك فرێد ده‌چێته ناو كابینه‌كه چاوی به پیاوه لوغزاوییه‌كه ده‌كه‌وێت؛ ئه‌م پیاوه ڕاوه‌دووی فرێد ده‌نێت و فرێدیش ڕاده‌كات و ده‌چێته هوتێلێك به‌ناوی "هوتێلی شاڕێی ونبوو". له‌وێدا ده‌بینێت وا مسته‌ر ئاندی و ڕێنێ سێكسده‌كه‌ن. دوای ئه‌وه‌ی ڕێنێ ده‌ڕوات، مسته‌ر ئێدی ده‌ڕفێنێت، دواتر پیاوه لوغزاوییه‌كه ته‌قه له مسته‌ر ئێدی ده‌كات و ده‌یكوژێت (كوژرانی مسته‌ر ئێدی، بیرخه‌ره‌وه‌ی كوژرانی فیگه‌ره باوكانه قێزه‌ونه‌كانی تریشه له فیلمه‌كانی لینچدا). فرێد مادیسۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵه‌كه‌ی خۆی و له زه‌نگی ده‌رگاوه ده‌ڵێت: "دیك لۆرانت مردووه" (هه‌مان ئه‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌تای فیلمه‌كه گوێبیستی بووین). فرێد ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو ئوتومبێله‌كه‌ی و لێده‌خوڕێت، فیلمه‌كه به لێخوڕین و هاتوهاواری فرێد له‌ناو ئوتومبێله‌كه‌ی له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌ك ئوتومبێلی پۆلیس به‌دوایه‌وه‌ن كۆتاییدێت.
[1] Visual pleasure and narrative cinema
[2] Mulvey, Laura, Visual and other pleasures, p. 18
[3] ده‌روونشیكاری (تایبه‌ت به ژاك لاكان)، زنجیره‌ی نێگه‌تیڤ، كتێبی شه‌شه‌م لا 252
[4] Introduction: enjoying the cinema, Todd McGowan, Hhtp://zizekstudies.org/index.php/ijzs/article/view/47/92
[5] فه‌لسه‌فه‌ی سلاڤۆی ژیژه‌ك، تۆنی مایه‌رز، و. وه‌لید عومه‌ر، لا265
[6] هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌تانویست ده‌رباره‌ی لاكان بیزانن (به‌ڵام ده‌ترسان له هیچكۆكی بپرسن) (1992)؛ هونه‌ری باڵای پاتاڵ: ده‌رباره‌ی شاڕێی ونبووی ده‌یڤد لینچ (2000)؛ ترسی له فرمێسكه ڕاسته‌قینه‌كان: كریستۆڤ كیسلۆڤسكی له‌نێوان تیۆر و پۆست-تیۆردا (2001).
[7] لای ژیژه‌ك ته‌نانه‌ت به‌كارهێنانه هه‌ره (به‌د)ناوه‌كه‌ی ده‌روونشیكاری، واته ڕه‌خنه‌ی كورتكردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێك بۆ گرێ خێزانییه‌كان و سێكوچكه ئۆدیبییه‌كه، ده‌توانێت په‌رده له‌سه‌ر "گاڵته‌جاڕی" و ئایدیۆلۆژیای هۆڵیود هه‌ڵماڵێت. له وتاری "یازده‌ی سێپته‌مبه‌ر له هۆڵیوددا"، ژیژه‌ك به‌ڕووكه‌ش، ئه‌م "ئاڵنگارییه كورتكردنه‌وه‌گه‌رایه" قبوڵ ده‌كات؛ واته له‌بری ئه‌وه‌ی ڕه‌تیبكاته‌وه كه نه‌خێر ده‌روونشیكاری له‌ڕاستیدا ته‌نیا له‌باره‌ی گرێ خێزانییه بچكۆڵه‌كان نییه، ده‌نوسێت: "ئه‌و فیلمانه‌ی كه واده‌رده‌كه‌وێت هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به دراما خێزانییه‌كانه‌وه نیه، ئه‌و فیلمانه‌ن كه وێنه‌ی به‌ڵا سرووشتییه‌كان یان كاره‌ساته گه‌وره مرۆییه‌كان ده‌كێشن و به‌هۆی نمایشكردنی حه‌په‌سێنه‌ری ڕووداوێكی ترسناك و مه‌زنه‌وه چاوی بینه‌ره‌كان ئه‌بڵه‌قده‌كات. ئه‌مه به‌ره‌و یه‌كه‌مین ڕێسای ده‌روونشیكارانه‌مان ده‌بات كه چۆن ئه‌م فیلمه كاره‌ساتاوییانه بخوێنینه‌وه: ده‌بێت خۆما بپارێزین له كه‌وتنه‌داوی "ڕووداوێكی مه‌زن"ه‌وه و ته‌ركیزمان بخه‌ینه سه‌ر "ڕووداوێكی بچووك" (بۆنمونه په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌كان)، و به‌م جۆره ئه‌و كاره‌ساته به‌رچاوه‌ی كه له فیلمه‌كه‌دا ده‌یبینین به نیشانه‌یه‌كی بزانین كه گوزارشت له كێشه‌یه‌ك ده‌كات له ژیانی خێزاندا" (بڕوانه، ده‌روونشیكاری (تایبه‌ت به ژاك لاكان)، زنجیره‌ی نێگه‌تیڤ، كتێبی شه‌شه‌م لا 278). هه‌ڵبه‌ت، ژیژه‌ك لێره‌دا وه‌ك ئاڵنگارییه‌ك بۆ ڕه‌خنه‌گران ئه‌م شه‌رحه ده‌خاته‌ڕوو، گه‌رنا هه‌ر ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌شدا ده‌یڵێت، زۆر زیاتر له سووڕخواردن له ده‌وری "كورتكردنه‌وه‌گه‌رایی خێزانیی".
[8] ئۆبێكتی باڵای ئایدیۆلۆژیا، سلاڤۆی ژیژه‌ك، و. وه‌لید عومه‌ر، لا 319
[9] ه.س.پ لا 363
[10] Zizek, Slavoj, The art of the ridiculous sublime: on David Lynch’s Lost Highway, p. 6
[11] Zizek, Slavoj, Metastases of enjoyment: six essays on woman and causality, pp, 113-136