دووباره‌كردنه‌وه‌ى لينين
سلاڤۆى ژيژه‌ك
و. وه‌ليد عومه‌ر
ده‌روازه:
يه‌كه‌مين كاردانه‌وه‌ى ده‌سته‌جه‌معى به‌ڕووى بيرۆكه‌ى زيندووكردنه‌وه‌ى لينين‌دا، ڕيزێك پێكه‌نينى لاقرتێئامێزه. وه‌زعى ماركس باشه- هێشتاش كه‌سانێك له واڵ‌ستريت[1] هه‌ن خۆشيانده‌وێت: ماركسى شاعيرى كاڵاكان، ئه‌و پياوه‌ى كه وه‌سفێكى كتومتى ديناميكيه‌تى سه‌رمايه‌داريى ده‌كرد؛ ماركسى لێكۆڵينه‌وه كه‌لتورييه‌كان، ئه‌وه‌ى كه وێنه‌ى نامۆبوون و به‌شت‌بوونى ژيانى ڕۆژانه‌ى ده‌كێشاين. به‌ڵام هه‌ركه ده‌گه‌ينه سه‌ر لينين [يه‌كسه‌ر ده‌ڵێن]: نا، ئه‌وه به‌جديته!؟ ئايا لينين ڕێك هێماى شكست نه‌بوو له گواستنه‌وه‌ى ماركسيزمدا بۆ پانتايى پراكتيك، هێماى كاره‌ساتێكى گه‌وره كه مۆرى خۆى دا له ناوچاوى كۆى سياسه‌تى سه‌ده‌ى بيسته‌م، هێماى ئه‌زموونێكى سۆسياليستيى ڕاسته‌قينه كه له فۆرمى ديكتاتۆرييه‌كى ئابوريى ناكافيدا گه‌يشته لوتكه‌ى خۆى؟ بۆيه گه‌ر له‌م باره‌يه‌وه كۆده‌نگييه‌ك له‌ناو هێزه چه‌په ڕاديكاڵه‌كانى ئه‌مڕۆدا هه‌بێت(ئه‌وه‌ى لێى ماوه‌ته‌وه)، ئه‌وه‌يه كه بۆ كردنه‌وه‌ى گيانێكى تازه به به‌رى پرۆژه‌ى سياسيى ڕاديكاڵدا پێويسته ميراته‌كه‌ى لينين پشتگوێ بخه‌ين: ته‌ركيزى توند له‌سه‌ر ململانێى چينايه‌تى، [سه‌يركردنى] حيزب وه‌ك تاكه شێوازى ته‌نزيمات و ڕێكخستن، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌يه‌كى شۆڕشگێڕانه و توندوتيژ، پاشانيش «ديكتاتۆريه‌تى پرۆليتاريا»...يان نا ئه‌مانه تێكڕا هه‌ر ئه‌و "چه‌مكه نيوه‌گيان"ـانه‌ن كه ده‌بێت بخرێنه‌لاوه، گه‌ر بڕياره چه‌پ له هه‌لومه‌رجى "سه‌رمايه‌داريى پاش پيشه‌سازى"ـى دواييندا چانسێك بباته‌وه؟
كێشه‌ى ئه‌م ئه‌رگۆمێنته به‌ڕواڵه‌ت قه‌ناعه‌تپێكه‌ره ئه‌وه‌يه كه به‌شێوه‌يه‌كى هێجگار ساده و ساكار دان به وێنه به‌ميراتبراوه‌كه‌ى لينين وه‌ك سه‌ركرده‌يه‌كى زانا و زرنگى شۆڕشگێڕ‌دا ده‌نێت، ئه‌و پياوه‌ى كه پاش فۆرموله‌كردنى خه‌سڵه‌ته بنچينه‌ييه‌كانى فيكر و پراكتيكى خۆى له [كتێبى] ده‌بێت چى بكرێت؟دا، به‌سانايى يه‌كله‌دواى يه‌ك دوايانكه‌وت. چى ده‌بێت گه‌ر حه‌كايه‌تێكى تر سه‌باره‌ت به لينين هه‌بێت بيگێڕينه‌وه؟ خۆ ڕاسته ئه‌مڕۆ چه‌پ له پانتايى جووڵه و جووڵانه‌وه‌ى پێشكه‌وتوودا، خه‌ريكى تێپه‌ڕاندنى ئه‌زموونێكى وردوخاشكه‌ره كه له كۆتايى سه‌رده‌مێكى ته‌واوى مێژووييه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ئه‌زموونێك كه چه‌پ ناچارده‌كات سه‌رله‌نوێ خه‌سڵه‌ته بنچينه‌ييه‌كانى پرۆژه‌كه‌ى خۆى دابهێنێته‌وه- كه‌چى ئه‌و ئه‌زموونه‌ى لينينيزمى لێوه له‌دايكبوو ئه‌زموونێكى هاوشێوه و هاوبونياد[2] بوو. ئه‌و زه‌ربه و شۆكه بێننه‌وه بير‌ى خۆتان كه لينين وه‌شاندى، ئه‌ويش له پاييزى ساڵى 1914 كاتێك هه‌موو حيزبه سۆسيال ديموكراته‌كانى ئه‌وروپا "هێڵى نيشتمانپه‌روه‌رى"ــان هه‌ڵبژارد(جگه له به‌لشه‌فيكه به‌شه‌ره‌فه‌كانى ڕوسيا و سۆسيال ديموكراته‌كانى سربيا). ته‌نانه‌ت لينين تا ئه‌و جێيه چووه پێشێ و وابيريكرده‌وه ئه‌و ژماره‌يه‌ى (vorwärts)-واته ڕۆژنامه‌ى سۆسياڵ ديموكراته‌كانى ئه‌ڵمانيا- كه خه‌به‌رى دابوو سۆسياڵ ديموكراته‌كان له ڕايشستاگ له‌به‌رژه‌وه‌نديى [به‌تايبه‌تيكردنى] به‌ها و ئيعتيباره سه‌ربازييه‌كان ده‌نگيانداوه، نوسخه‌يه‌كى ساخته بێت كه پۆليسى نهێنيى ڕوسيا به‌مه‌به‌ستى چه‌واشه‌كردن و فريودانى كرێكارانى ڕوسيا درووستى كردبێت. له‌و كاته‌دا، كه ململانێى سه‌ربازى قاڕه‌ى ئه‌وروپاى كردبووه دوو له‌ته‌وه، ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و تێڕوانينه چه‌نده قورس بوو كه ده‌بێت له‌م ململانێيه‌دا پشتى لايه‌نێك بگريت، و دژى "حه‌ماسه‌تى نيشتمانى" له وڵاته‌كه‌ى خۆتدا شه‌ڕبكه‌يت! چه‌ند زۆر بوون ئه‌و عه‌قڵه گه‌ورانه‌ى (وه‌كو فرۆيد) كه خۆيان ڕاده‌ستى وه‌سوه‌سه‌ى ناسيۆناليستى كرد، ته‌نانه‌ت گه‌ر بۆ چه‌ند هه‌فته‌يه‌كيش بووبێت!
شۆكه‌كه‌ى 1914-گه‌ر زاراوه‌يه‌ك له ئالان باديۆ قه‌رز بكه‌ين désastreيه‌ك بوو، كاره‌ساتێك كه سه‌رله‌به‌رى جيهانێكى ون كرد: نه‌ك هه‌ر ئيمانى ساويلكانه‌ى بۆرژوايى به پێشكه‌وتن، به‌ڵكو ئه‌و جووڵانه‌وه سۆسياليستييه‌شى ونكرد كه هاوڕێ و هاوشانى بوو. ژێرپێى لينين خۆى چۆڵ بوو(لينينه‌كه‌ى ناو ده‌بێت چى بكرێت؟)- له په‌رچه‌كرداره نائومێدانه‌كه‌يدا هيچ شوێنه‌وارێكى سه‌ركه‌وتن و به‌ئاواتگه‌يشتن نابينرێت، هيچ ئاسه‌وارێكى وه‌ك «ئه‌ى مه‌گه‌ر پێم نه‌وتن!»يش. ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ى بێهيوايى، ئه‌م كاره‌ساته، زه‌مينه‌ى بۆ به‌ديهاتنى ڕووداوى لينينى خۆش كرد، ئه‌ويش بۆ تێكشكاندنى مێژووگه‌رايى په‌ره‌سه‌ندنخوازانه‌ى ئينته‌رناسيۆنالى دووه‌م- هه‌روه‌ها لينين تاكه كه‌سێك بوو دركى به‌م خاڵه كرد، ته‌نيا كه‌سێك كه حه‌قيقه‌تى كاره‌ساتى فۆرموله كرد. لينين، ئه‌و كه‌سه‌ى له‌ڕێگه‌ى خوێندنه‌وه‌ى وردى لۆژيكى هيگڵه‌وه توانى له تاكه چانسى شۆڕش تێبگات، كه به‌هۆى ئه‌م چركه‌ساته بێهواييه‌وه له‌دايكبوو[3].
جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر په‌يوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگيى "تيۆرى ڕووت" له‌گه‌ڵ به‌رجه‌سته‌ترين و كۆنكرێتيترين ململانێى سياسيدا بۆ ئه‌مڕۆ شتێكى هێجگار گرنگ و پێويسته، ته‌نانه‌ت گه‌ر ڕۆشنبيرێكى مولته‌زيم و به‌رپرسيارى وه‌ك نوام چۆمسكييش پێ له‌سه‌ر ئه‌وه دابگرێت كه بۆ ململانێيه‌كى سياسيى پێشكه‌وتوو، مه‌عريفه‌ى تيۆرى هيچ به‌ها و بايه‌خێكى نيه: [ده‌وترێت] لێكۆڵينه‌وه له ده‌قه فه‌لسه‌فى و كۆمه‌ڵايه‌تى و تيۆرييه‌كان چ كۆمه‌كێك به شه‌ڕى ئه‌مڕۆمان ده‌كه‌ن دژى مۆدێلى نيوليبراڵيى به‌جيهانيكردن؟ مه‌گه‌ر سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ فاكت و دراوه ڕوون و ئاشكراكاندا نيه(كه ده‌بێت هه‌روا به‌ساده‌يى بخرێنه به‌رده‌ستى عامه‌ى خه‌ڵك، چۆمسكييش له‌ڕێگه‌ى نوسينه سياسييه زۆروزه‌به‌نده‌كانى خۆيه‌وه خه‌ريكى ئه‌م كاره‌يه)، يان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڵۆزى و ته‌مومژانه‌دا كه هێنده ناڕوونن هيچيان لێ تێناگه‌ين؟ گه‌ر ده‌مانه‌وێت دژى ئه‌م وه‌سوه‌سه دژه‌تيۆره ئه‌رگۆمێنت بێنينه‌وه، ئه‌وا هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌س نيه ته‌ركيزى ڕووت بخه‌ينه‌سه‌ر ئه‌و هه‌مووه پێشگريمانه تيۆرييه‌ى له‌پشت چه‌مكه‌كانى ئازادى و ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگاوه نوستووه و له ده‌قه سياسييه‌كانى چۆمسكى خۆيشيدا زۆرن؛ ده‌شێت ئه‌وه گرنگتر بێت كه ئه‌مڕۆ، بۆ يه‌كه‌مين جار له مێژووى مرۆڤايه‌تيدا، چۆنچۆنى ئه‌زموونى ژيانى ڕۆژانه‌مان(له بايۆجيناته‌وه تا ئيكۆلۆژى و ژينگه، سايبه‌رسپه‌يس و واقيعى مه‌جازى يان ديجيتاڵ) هه‌موومان ناچار ده‌كات ڕووبه‌ڕووى ئه‌و كێشه فه‌لسه‌فييه بنه‌ڕه‌تييانه ببينه‌وه كه په‌يوه‌ندييان به ماهيه‌تى ئازادى و شوناسى مرۆڤ و هتده‌وه هه‌يه.
با بگه‌ڕێينه‌وه بۆ لاى لينين: [كتێبى] ده‌وڵه‌ت و شۆڕشـه‌كه‌ى ئه‌و به‌ته‌واوى كۆك و هه‌ماهه‌نگه له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه هه‌ژێنه‌ره‌كه‌ى 1914دا- سه‌رقاڵبوونى ته‌واو زه‌ينى و سوبێكتيڤى ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌زموونه‌دا، له‌و نامه به‌ناوبانگه‌يدا ده‌رده‌كه‌وێت كه بۆ كامينۆڤى ده‌نێرێت، كه به‌روارى ته‌مموزى 1917ـى پێوه‌يه:
به‌ينى خۆمان بێت: گه‌ر منيان كوشت ئه‌و داوايه‌ت لێده‌كه‌م ده‌فته‌رى ياداشت و موفه‌كه‌ره‌كه‌م، "ماركسيزم و ده‌وڵه‌ت"(كه له كونجێكى ستۆكهۆڵمدا جێماوه) بڵاوبكه‌وه. له به‌رگێكى شين پێچرا‌وه، ئه‌م موفه‌كه‌ره‌يه گوڵچنێكه له كۆمه‌ڵێك ئيقتيباس و وته‌ى ماركس و ئه‌نگڵس، هه‌روه‌ها چه‌ند پارچه‌يه‌كى كايۆتسكيش دژى پانه‌كۆك. ڕيزێك سه‌رنج و تێبينى و فۆرمومه‌له‌كردنه. پێموايه ده‌توانيت به هه‌فته‌يه‌ك ئيش له‌سه‌ركردن بڵاوى بكه‌يته‌وه. گرنگ دێنه به‌رچاوم؛ چونكه نه‌ك هه‌ر پله‌خانۆڤ به‌ڵكو كايۆتسكييش به‌هه‌ڵه له مه‌سه‌له‌كه تێگه‌يشت. به‌و مه‌رجه‌ى: هه‌موو ئه‌مانه به‌ينى خۆمان بێت.[4]
لێره‌دا ده‌رگيرى و سه‌رقاڵييه وجودييه‌كه زۆر تونده، ناوكى "يۆتۆپيا"ـى لينينييش له هه‌ناوى خۆڵه‌مێشه‌كانى كاره‌ساتى 1914ـه‌وه سه‌رده‌رده‌هێنێت، ئه‌ويش له كه‌وڵى ته‌سفيه‌حيسابى خۆي‌دا له‌گه‌ڵ ئۆرتۆدۆكسى ئينته‌رناسيۆنالى دووه‌م: حوكم و زه‌رووره‌تێكى ڕاديكاڵ بۆ تێكشكاندنى ده‌وڵه‌تى بۆرژوازى، كه هاوكات به ماناى ["له‌ناوچوونى"] خودى ده‌وڵه‌تيش دێت، و داهێنانى فۆرمێكى نوێى كۆمه‌ڵگاى جڤاتى(communal) به‌بێ سوپايه‌كى ڕێكخراو، پۆليس يان بۆرۆكراسى، كۆمه‌ڵگايه‌ك كه هه‌ركه‌سێك تێيدا ده‌توانێت به‌شدارى له كاروبارى كۆمه‌ڵايه‌تيدا بكات. لاى لينين، ئه‌مه وه‌ك پرۆژه‌يه‌كى تيۆرى نه‌بوو بۆ داهاتوويه‌كى دوور- له ئۆكتۆبه‌رى 1917دا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كرد: «ئێمه ده‌موده‌ست ده‌توانين ده‌زگايه‌كى ده‌وڵه‌تى بخه‌ينه سه‌رپێ كه پێكهاتبێت له ده، گه‌رنا بيست مليۆن كه‌س»[5]. يۆتۆپيا ڕاسته‌قينه‌كه ئه‌م كه‌ڵكه‌ڵه و بێئۆقره‌ييه‌ى كات و زه‌مه‌نه. ئه‌وه‌ى ده‌بێت باوه‌شى بۆبكه‌ينه‌وه ئه‌م شێتىيه‌ى ناو يۆتۆپيا لينينييه‌كه‌يه، شێتى به مانا ته‌واو كيركه‌گاردييه‌كه‌ى- ستالينيزم، هه‌رچۆنێك بێت، نوێنه‌رى جۆرێك له گه‌ڕانه‌وه‌يه بۆ "عه‌قڵى باو"ـى ڕياليستى و واقيعپه‌رستانه. سه‌باره‌ت به هێز و پۆتانشێڵى پڕته‌قينه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت و شۆڕش هه‌رچه‌ند بڵێين هه‌ر شتێكى ئه‌وتۆمان نه‌وتووه- له‌م كتێبه‌دا «وشه و ڕێزمانى باوى نه‌ريتى سياسه‌تى ڕۆژئاوايى، كتوپڕ خرانه لاوه.»[6]
ده‌توانين به‌رهه‌م و به‌ره‌نجامى شته‌كه ناوبنێين ته‌نيايى لينين(به قه‌رزكردنى ناونيشانى نوسينه‌كه‌ى ئاڵتۆسێر ده‌رباره‌ى ماكياڤيلى [به‌ناوى ته‌نيايى ماكياڤيلى]): سه‌رده‌مێك كه ته‌نيا و تاقانه وه‌ستابووه‌وه و له‌ناو حيزبه‌كه‌ى خۆيشيدا به‌پێچه‌وانه‌ى ڕه‌وته باڵاده‌سته‌كه‌وه ده‌جه‌نگا. كاتێك لينين، له "تێزه‌كانى ئه‌پرێل"دا augenblick ياخود(چركه‌سات)، واته هه‌مان چانسى تاقانه‌ى بۆ شۆڕش ده‌ستنيشانكرد، سه‌ره‌تا پێشنياره‌كانى ئه‌و ڕووبه‌ڕووى حه‌په‌سان و بێباكيى زۆرينه‌ى هاوكاره حيزبييه‌كانيشى بووه‌وه. هيچكام له سه‌ركرده دياره‌كانى ناو حيزبى به‌لشه‌فيك به پيريى بانگه‌وازه‌كه‌يه‌وه نه‌چوون سه‌باره‌ت به شۆڕشكردن، هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌ى پراڤداش، ده‌ستى دايه هه‌نگاوێكى نائاسايى، و حيزب و ده‌سته‌ى نوسينى وه‌كو كۆيه‌ك له "تێزه‌كانى ئه‌پرێل" جياكرده‌وه- لينين به هيچ شێوه‌يه‌ك هه‌لپه‌رستێكى ماستاوچى نه‌بوو كه به‌دواى قۆستنه‌وه‌ى دۆخى باڵاده‌سته‌وه بێت دژى عامه‌ى خه‌ڵك؛ ڕوانگه‌كانى تايبه‌ت به خۆى بوون و دژه‌باويش بوون. بۆ‌گدانۆڤ، "تێزه‌كانى ئه‌پرێل"ـى به «وڕێنه‌كانى پياوێكى شێت» وه‌سفكرد[7]، نادوژدا كروپسكايا[ـى هاوسه‌ريشى] گه‌يشته ده‌ره‌نجامێكى وه‌ها: «ده‌ترسم لينين عه‌قڵى تێكچووبێت.»[8]
ئه‌مه‌يه ئه‌و لينينه‌ى كه ئێستاكه‌ش ده‌توانين شتى لێوه فێربين. مه‌زنيى لينين له‌وه‌دا بوو كه له‌م دۆخه كاره‌ساتاوييه‌شدا، ترسى له سه‌ركه‌وتن نه‌بوو- به‌تايبه‌ت له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و جۆشوخرۆشه نه‌رێنى و سه‌لبييه‌دا كه له ڕۆزا لۆكسۆمبۆرگ و ئه‌دۆرنۆدا ده‌بينرێت، واته ئه‌وانه‌ى كه له ديدى خۆيانه‌وه، دوايين كرده‌وه‌ى ڕه‌سه‌ن بريتييه له قبوڵكردن و داننان به شكستدا كه حه‌قيقه‌تى دۆخه‌كه ئاشكرا ده‌كات. له 1917دا، لينين له‌برى ئه‌وه‌ى ئارامبگرێت تا كاتى خۆى دێت، ئيدى مانگرتنێكى ڕێگرانه‌ى ڕێكخست؛ له 1920دا، وه‌ك سه‌ركرده‌ى حيزبى چينى كرێكارى بێ‌كرێكار(به‌شێكى زۆرى كرێكاران له شه‌ڕى ناوخۆدا كوژران)، ده‌ستى دايه ڕێكخستنى ده‌وڵه‌تێك، ئه‌ويش به قبوڵكردنى پڕاوپڕى ئه‌و پارادۆكسه‌ى كه حيزب ناچاره كۆڵه‌كه‌كه‌ى خۆى، واته چينه كرێكاره‌كه‌ى، ته‌نزيم بكاته‌وه و- بگره بيشيخولقێنێت-.
ئه‌م مه‌زنييه له هيچكوێدا هێنده‌ى ئه‌و نوسينانه ڕوون نيه كه ده‌كه‌ونه نێوان مه‌وداى زه‌مه‌نيى شوباتى 1917، كاتێك شۆڕشى يه‌كه‌م بنه و بارگه‌ى تزاريسم و قه‌يسه‌ريه‌تى پێچايه‌وه و ڕژێمێكى ديموكراسيى سه‌قامگيركرد، تا شۆڕشى دووه‌م له مانگى ئۆكتۆبه‌ردا. يه‌كه‌مين ده‌ق له‌م به‌رگه‌ى به‌رده‌ستتان("چه‌ند نامه‌يه‌ك له ئافاره‌وه") ده‌رخه‌رى هه‌وڵ و كۆششى لينينن بۆ باوه‌شكردن به چانسى تاقانه‌ى شۆڕشگێڕانه‌دا، له‌كاتێكدا دوايين ده‌ق(ساته‌كانى"كۆبوونه‌وه‌ى شوراى كرێكارانى پيترۆگراد و نوێنه‌رانى سه‌ربازه‌كان") گه‌يشتنه‌ده‌سه‌ڵاتى به‌لشه‌فيكه‌كان ڕاده‌گه‌يه‌نێت. هه‌موو شتێك لێره‌دا هه‌يه. له "لينين وه‌ك ستراتيژيستێكى داهێنه‌رى شۆڕش"ـه‌وه تا ده‌گاته "لينينى يۆتۆپياى به‌گه‌ڕخراو")(له‌ناوبردنى ده‌موده‌ستى ده‌زگاى ده‌وڵه‌تى). ديسان ده‌گه‌ڕێينه‌وه لاى كيركه‌گارد: ئه‌وه‌ى ده‌توانين حزوور و ئاماده‌ييه‌كه‌ى له دووتوێى ئه‌م نوسينانه‌دا ده‌ستنيشان بكه‌ين بريتييه له به-لينين-بوون: هێشتاش نه‌ك "لينينى [داهێنه‌ر و فه‌رمانڕه‌واى] داموده‌زگاى شورايى"، به‌ڵكو لينينێكى توڕدراو بۆناو دۆخێكى ئاوه‌ڵا و كراوه. ئايا ئێمه له‌ناو چوارچێوه‌ى "كۆتايى مێژوو"دا و له هه‌ناوى سه‌رمايه‌داريى دواييندا، هێشتاش هه‌ر ده‌توانين ئه‌و زه‌ربه هه‌ژێنه‌ره ئه‌زمونبكه‌ين كه له كرانه‌وه‌يه‌كى ڕه‌سه‌نى مێژوويى وه‌هاوه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
له شوباتى 1917، لينين كۆچبه‌رێكى سياسيى كه‌متازۆر گومناو بوو له زوريخ (ـى سويسرا)، داماو و ده‌سته‌وه‌ساو، بێئه‌وه‌ى هيچ كۆنتاكتێكى متمانه‌دارى پێ بێت بۆ په‌يوه‌نديكردن به ڕووسياوه؛ به‌ناچارى له‌ڕێگه‌ى ڕۆژنامه‌كانى سويسراوه موتابه‌عه‌ى زۆرێك له ڕه‌وتى ڕووداوه‌كانى ده‌كرد. له ئۆكتۆبه‌ر يان تشرينى يه‌كه‌مى 1917، سه‌ركردايه‌تيى يه‌كه‌مين شۆڕشى سۆسياليستيى سه‌ركه‌وتووى كرد- ئه‌ى له‌م نێوانه‌دا چ شتێك ڕوويدا؟ له شوباتدا، لينين بێ يه‌ك و دوو، دركى به چانسى شۆڕش كرد، به‌خت و شانسێك كه به‌رهه‌مى هه‌لومه‌رجێكى تاقانه بوو- گه‌ر ئه‌م چركه‌يه به‌ده‌ست نه‌هاتايه، ئيدى چانسى شۆڕش به‌هه‌ده‌ر ده‌چوو، كێ نه‌يده‌وت تا ده‌يان ساڵيش؟ ئه‌و، له پێداگرييه سه‌رسه‌خته‌كه‌يدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێويسته ڕيسك بكرێت و بگه‌يته قۆناغى دواتر- واته شۆڕش دووباره بكه‌يته‌وه- كه‌سێكى تاك و تاقانه بوو، زۆرينه‌ى ئه‌ندامانى كۆميته‌ى ناوه‌نديى حيزبه‌كه‌شى گاڵته‌يان پێده‌كرد؛ ئه‌م ده‌قه هه‌ڵبژێردراوانه هه‌وڵده‌دات نيگايه‌كى كورت پێشكه‌ش بكات سه‌باره‌ت به كارى شۆڕشگێڕانه‌ى سه‌رسه‌ختانه، ئارامگرانه(كه زۆرجاريش نائومێدى و دڵساردبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بوو) كه به‌هۆيه‌وه لينين توانى قووڵبينيى خۆى بسه‌پێنێت. گه‌رچى ده‌ستێوه‌ردانى شه‌خسيى لينين زه‌رووره‌تێكى ته‌واوى هه‌بوو، به‌ڵام نابێت چيرۆكى شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر بگۆڕين بۆ چيرۆكى بليمه‌تێكى ته‌نيا كه له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكانى حه‌په‌ساو و سه‌رلێشێواودا، هێدى هێدى ڕوانين و قووڵبينيى خۆى ده‌سه‌پێنێت. لينين سه‌ركه‌وت، چونكه داواكه‌ى، له ساته‌وه‌ختى خۆدزينه‌وه‌ى نۆمينكلاتۆراى حيزب‌دا، توانيى له‌هه‌ناوى ئه‌و شته‌دا ده‌نگبداته‌وه كه ڕاڕا ده‌بم پێى بڵێم سياسه‌تى ورد(مايكرۆ سياسه‌ت)ـى شۆڕشگێڕانه: ته‌قينه‌وه‌ى له‌باوه‌ڕبه‌ده‌رى ديموكراسيى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك، ته‌قينه‌وه‌ى ئه‌و كۆميته ناوخۆييانه‌ى كه وه‌كو قارچك له سه‌رانسه‌رى شاره گه‌وره‌كانى ڕوسيادا هه‌ڵتۆقين، و باكيان به ده‌سه‌ڵاتى "شه‌رعى"ـى حكومه‌ت نه‌بوو، جڵه‌وى كاروباره‌كانيان گرته‌ده‌ست. ئه‌مه هه‌مان چيرۆكى نه‌وتراوى شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ره، چيرۆكى ئاوه‌ژووى ئه‌و ئوستوره‌يه‌ى كه ده‌ڵێت: ئيشه‌كه ئيشى تاقمێكى چكۆله‌ى شۆڕشگێڕه توند و مه‌بده‌ئييه‌كان بوو كه كوده‌تايه‌كيان ئه‌نجامدا.
يه‌كه‌م شت كه سه‌رنجى خوێنه‌رى ئه‌مڕۆ بۆ خۆى ڕاده‌كێشێت ئه‌وه‌يه كه ده‌قه‌كانى 1917ـى لينين هێشتاش چه‌نده قابيلى خوێندنه‌وه‌ن: پێويستى به نوسين و ياداشتى شه‌رحئامێزى دوورودرێژ نيه- ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌م ده‌قانه‌دا به‌ر هه‌ندێك ناو بكه‌وين كه غه‌ريب و نه‌ناس بن بۆمان، كه‌چى يه‌كسه‌ر تێده‌گه‌ين مه‌سه‌له‌كه چيه. ئه‌م ده‌قانه، سه‌ربارى ئه‌و مه‌ودايه‌ى ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌يانه، به‌ڕوونى هێڵه گشتييه‌كانى ئه‌و خه‌باته‌مان بۆ ده‌كێشن كه تێيدا به‌شداربوون. لينين به‌ته‌واوى ئاگاى له پارادۆكسى دۆخه‌كه‌يه: له به‌هارى 1917دا، دواى ئه‌وه‌ى شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر ڕ‌ژێمى قه‌يسه‌ريى له‌ناوبرد، ڕوسيا ديموكراسيترين وڵاتى سه‌رتاپاى ئه‌وروپا بوو، خاوه‌نى ڕێژه‌يه‌كى بێ‌وێنه‌ى جه‌ماوه‌رى سازدرا‌و و مۆبيليزه‌كراو[9] بوو، ئازاديى ڕێكخستن و ته‌نزيمات و ئازاديى بڵاوكردنه‌وه- له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌م ئازادييه، سه‌رتاپاى دۆخه‌كه‌ى ناشه‌فاف و ته‌مومژاوى كردبوو. گه‌ر هێڵێكى هاوبه‌ش به‌ناو هه‌موو ئه‌و ده‌قانه‌دا تێپه‌ڕييبێت كه لينين له‌نێوان هه‌ردوو شۆڕشى(شوبات و ئۆكتۆبه‌ر)دا نوسيبووى، ئه‌وا ئه‌م هێڵ و ده‌زووه هيچ نيه جگه له پێداگرتنى له‌سه‌ر ئه‌و درزه‌ى كه نه‌خشه‌ى فۆرماڵ و "ئاشكرا"ـى خه‌باتى سياسى له‌نێوان فره‌حيزبى و سوبێكته سياسييه‌كانى تردا جياده‌كاته‌وه له مه‌سه‌له كۆمه‌ڵايه‌تى و فيعلييه‌كان كه شه‌ڕكردن له‌پێناو ئه‌وانه‌دايه(ئاشتيى ده‌سبه‌جێ، دابه‌شكردنى زه‌وى، و هه‌ڵبه‌ت "هه‌موو ده‌سه‌ڵات بۆ شوراكان[ـى كرێكاران و جوتياران و سه‌ربازان]"، واته هه‌ڵگرتنى داموده‌زگاى ده‌وڵه‌تيى باڵاده‌ست و جێگرتنه‌وه‌ى به فۆرمه كۆمۆنئاسا نوێيه‌كانى به‌ڕێوه‌بردنى كۆمه‌ڵايه‌تى). ئه‌م درزه درزێكه له‌نێوان شۆڕش وه‌ك ته‌قينه‌وه‌ى خه‌ياڵيى ئازادى كه له جۆشوخرۆشێكى باڵاوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، چركه‌ساتێكى جادوويى هاوپشتيى جيهانى، ئه‌و ده‌مه‌ى كه «هه‌موو شتێك مومكين و ڕێتێچوو ده‌رده‌كه‌وێت»، هه‌روه‌ها ئه‌و كاره سه‌خته‌ى بنياتنانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى كه ده‌بێت بێته‌دى، گه‌ر بڕياره ئه‌م ته‌قينه‌وه پڕگڕوتينه شوێنپێ و شوێنه‌واره‌كانى خۆى له سستى و بێ‌گڕوتينيى په‌يكه‌رى كۆمه‌ڵايه‌تيدا جێبهێڵێت.
ئه‌م درزه(شتێكى هاوشێوه‌ى دووباره‌بوونه‌وه‌ى درزى نێوان 1789 و 1793 له شۆڕشى فه‌ڕه‌نسادا) ئه‌و شوێنه‌يه كه ده‌ستێوه‌ردانى تايبه‌ت و تاقانه‌ى لينينى تيا درووستده‌بێت: وانه‌ى بنه‌ڕه‌تيى ماترياڵيزمى شۆڕشگێڕانه ئه‌وه‌يه كه شۆڕش دووجار زه‌ربه بوه‌شێنێت، ئه‌ويش به‌پێى كۆمه‌ڵێك هۆكارى بنه‌ڕه‌تى. ئه‌م درزه ته‌نيا درزى نێوان فۆرم و ناوه‌ڕۆك نيه: ئه‌وه‌ى "شۆڕشى يه‌كه‌م" له‌ده‌ستيده‌دات ناوه‌ڕۆك نيه به‌ڵكو فۆرمه‌كه خۆيه‌تى- ئه‌م شۆڕشه له چوارچێوه‌ى فۆرمه كۆنه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه، پێشيوايه ده‌توانرێت ئازادى و عه‌داله‌ت بهێنرێته‌دى ئه‌ويش به‌و مه‌رجه‌ى به‌ته‌واوى داموده‌زگا ده‌وڵه‌تييه باڵاده‌سته‌كان و ميكانيزمه‌كانى ديموكراسيى بخه‌ينه‌گه‌ڕ. چى ده‌بێت حيزبى «باش» هه‌ڵبژاردنه ئازاده‌كه بباته‌وه و فۆرمگۆڕييه سۆسياليستييه‌كه‌ى «به‌شێوه‌يه‌كى شه‌رعى و ياسايى» جێبه‌جێ بكات؟ (ئاشكراترين ده‌ركه‌وته و ده‌ربڕينى ئه‌م وه‌همه، كه له‌سه‌ر گاڵته‌جاڕى به‌نده، ئه‌و تێزه‌ى كايۆتسكييه كه له ده‌يه‌ى 1920دا فۆرمو‌له‌كراوه و به‌پێى ئه‌وه، فۆرمى سياسيى لۆژيكى بۆ قۆناغى يه‌كه‌مى سۆسياليزم، واته شێوازى په‌ڕينه‌وه له سه‌رمايه‌دارييه‌وه بۆ سۆسياليزم، بريتييه له هاوپه‌يمانيى پارله‌مانيى حيزبه بۆرژوا و پرۆليتاره‌كان). لێره‌شدا هاوته‌ريبى و لێكچوونێكى ته‌واو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مى مۆدێرنه‌ى سه‌ره‌تاييدا هه‌يه كه تێيدا، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ژموونى ئايدۆلۆژيى كڵێسا، سه‌ره‌تا خۆى له قاڵبى ئايدۆلۆژياى دێنێكى تردا فۆرموله كرد، واته وه‌ك جۆرێك له بيدعه‌كارى: به هه‌مان ئاراسته‌دا، هه‌وادارانى "شۆڕشى يه‌كه‌م" ده‌يانه‌وێت هه‌يمه‌نه‌ى كه‌پيتاڵيزم له هه‌ناوى فۆرمى سياسيى ديموكراسيى كه‌پيتاڵيستييه‌وه له‌ناوببه‌ن. ئه‌مه "نه‌فيى نه‌فى"ـى هيگڵييه: سه‌ره‌تا سيسته‌مه كۆنه‌كه له هه‌ناوى فۆرمه ئايدۆلۆژييه سياسييه‌كه خۆيه‌وه نه‌فى ده‌بێت، پاشانيش ده‌بێت خودى ئه‌م فۆرمه نه‌فى ببێت. ئه‌وانه‌ى ڕاڕا و دوودڵن، ئه‌وانه‌ى له هه‌ڵێنانى هه‌نگاوى دووه‌م و زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌م فۆرمه‌دا ده‌ترسن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن(گه‌ر بمانه‌وێت قسه‌كه‌ى ڕۆبسپێر دووپات بكه‌ينه‌وه) كه داواى «شۆڕشێكى بێ‌شۆڕش» ده‌كه‌ن – ئا لێره‌دايه كه لينين هه‌موو هێزى "هێرمۆنۆتيكى دوودڵى يان هه‌ڵپه‌ساردن"ـى خۆى ده‌خاته‌ڕوو بۆ شوێنكه‌وتنى فۆرمه جياوازه‌كانى ئه‌م پاشه‌كشه و پاشگه‌زبوونه‌وه‌يه.
لينين له نوسينه‌كانى 1917ـى خۆي‌دا، ڕه‌قترين ته‌وس و توانجه‌كانى خۆى حه‌واڵه‌ى ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كه خه‌ريكى گه‌ڕانێكى نه‌بڕاوه‌ن به‌دواى جۆرێك له "گه‌ره‌نتى"دا بۆ شۆڕش؛ ئه‌م گه‌ره‌نتييه دوو شێوازى سه‌ره‌كى له‌خۆده‌گرێت: يان تێگه‌يشتنى شتئاسا [بتئاسا] بۆ زه‌رووره‌تى كۆمه‌ڵايه‌تى(نابێت زوو ڕيسك بكه‌يت و ده‌ستبده‌يته شۆڕش؛ ده‌بێت تا كاتى گونجاوى خۆى ئۆقره بگريت؛ واته تا ئه‌و كاته‌ى كه له‌ڕووى گه‌شه و گۆڕ‌انى مێژووييه‌وه، كات "پێگه‌يشتبێت": «بۆ شۆڕشى سۆسياليتى زۆر زووه، چينى كرێكار هێشتا پێنه‌گه‌يشتووه»)؛ يان شه‌رعيه‌تى ("ديموكراسيانه")ـى ئاسايى و نۆرماتيڤ(زۆرينه‌ى خه‌ڵك هێشتا لايه‌نگرى ئێمه نين، بۆيه له‌ڕاستيدا شۆڕشه‌كه شۆڕشێكى ديموكراسيانه نابێت)- وه‌كچۆن لينينيش چه‌ندين جار وتويه‌تى: وه‌ك بڵێى شۆڕش به‌ر له‌وه‌ى ڕيسك بكات و ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست، ده‌بێت مۆڵه‌ت له يه‌كێك له فيگه‌ره‌كانى ئه‌ويترى گه‌وره وه‌ربگرێت(واته["سه‌ره‌تا"] ڕاپرسييه‌ك ڕێكبخات بۆ دڵنيابوونه‌وه له‌وه‌ى كه زۆرينه پشتيوانيى شۆڕش ده‌كه‌ن). له ديدى لينينه‌وه، وه‌كچۆن له ديدى ژاك لاكانيشه‌وه هه‌ر وايه، خاڵه‌كه ئه‌وه‌يه كه شۆڕش [«ته‌نيا مۆڵه‌ت له خۆى وه‌رده‌گرێت»]: ده‌بێت سه‌ركێشى بكه‌ين و ده‌ستبده‌ينه ئه‌و ئه‌كت و كرده شۆڕشگێڕييه‌ى كه له‌ژێر چنگ و چه‌مۆڵه‌ى ئه‌ويترى گه‌وره‌دا نيه- ترسان له گه‌يشتنه‌ده‌سه‌ڵاتى "پێشوه‌خت و پێش‌واده" ، گه‌ڕان به‌دواى گه‌ره‌نتى‌دا، ترسانه له چاڵ و خه‌ره‌نده‌كه‌ى كرده و ئه‌كت: ئه‌مه دوايين ڕه‌هه‌ند و ڕووكارى ئه‌و شته‌يه كه لينين به‌رده‌وام وه‌ك "هه‌لپه‌رستى" ئيدانه‌ى ده‌كات، گريمانه‌كه‌شى ئه‌وه‌يه "هه‌لپه‌رستى" پێگه‌يه‌كه كه خۆى له‌خۆيدا، هه‌ڵه و درۆزنانه‌يه، و به‌ديهێنانى كرده‌ش له‌پشت په‌رده‌ى فاكته "ئۆبێكتيڤ"ـه‌كان و ياسا و ڕێساكانه‌وه ده‌شارێته‌وه، بۆيه هه‌ر لێره‌وه‌يه كه يه‌كه‌م هه‌نگاو دژى هه‌لپه‌رستى ڕاگه‌ياندنێتى به‌شێوه‌يه‌كى ڕوون و ڕاشكاو: «كه‌واته ده‌بێت چى بكه‌ين؟ "]ده‌بێت ئه‌وه‌ى هه‌يه ده‌ريببڕين"]، «فاكته‌كان ده‌رببڕين و ده‌ربخه‌ين»، ئه‌و حه‌قيقه‌ته پشتڕاست بكه‌ينه‌وه كه له كۆميته‌ى ناوه‌ندى‌ماندا، ئينتيمايه‌ك، ياخود عه‌قيده‌يه‌ك بوونى هه‌يه....»[10]
وه‌ڵامى لينين گه‌ڕانه‌وه نيه بۆ ڕيزبه‌ندييه‌كى نوێى "فاكته بابه‌تييه‌كان"، به‌ڵكو دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌رگۆمێنته‌يه كه ڕۆزا لۆكسۆمبۆرگ ده ساڵ پێشتر به‌ڕووى كايۆتسكى‌دا به‌رزى كردبووه‌وه: ئه‌وانه‌ى چاوه‌ڕێن هه‌لومه‌رجى بابه‌تيى شۆڕش بێته پێشه‌وه، بۆ ئه‌به‌د له چاوه‌ڕوانيدا ده‌مێننه‌وه- ئه‌م پێگه‌يه‌ى ته‌ماشاكه‌رى بابه‌تى و ده‌ره‌كى(و نه‌ك پێگه‌ى سوبێكت و بريكارێكى ده‌رگير و ده‌سته‌ويه‌خه) خۆى له‌ڕاستيدا ڕێگرى سه‌ره‌كييه له هاتنه‌ديى شۆڕش. دژه‌ئه‌رگۆمێنتى لينين ده‌رهه‌ق به ڕه‌خنه‌گرانى ديموكراسيى-فۆرماڵى هه‌نگاوى دووه‌م ئه‌وه‌يه كه ده‌ڵێت ئه‌م بژارده و ئيختياره‌ى "ديموكراسيى په‌تى" خۆى بژارده‌يه‌كى يۆتۆپياييه: له هه‌لومه‌رجى دياريكراو و كۆنكرێتيى ڕوسيادا، ده‌وڵه‌تى بۆرژوا/ديموكراسى هيچ چانسێكى مانه‌وه‌ى نيه- تاكه ڕێگاى "ڕياليستى" بۆ پاراستنى ده‌سكه‌وته ڕاسته‌قينه‌كانى شۆڕشه‌كه‌ى شوبات(ئازاديى ته‌نزيمات وبڵاوكردنه‌وه و هتد) جووڵانه به‌ئاراسته‌ى شۆڕشى سۆسياليستى‌دا، ئه‌گينا كۆنه‌په‌رسته تزارييه‌كان جه‌نگه‌كه ده‌به‌نه‌وه.
وانه بنه‌ڕه‌تييه‌كه‌ى ناو تێڕوانينى ده‌روونشيكارانه بۆ زه‌مه‌نى‌بوون(temporality) ئه‌وه‌يه كه هه‌ندێك شت هه‌ن پێويسته كه‌سه‌كه ئه‌نجاميان بدات تا تێبگات زياده‌ن: له پرۆسه‌ى چاره‌سه‌ركردندا، كه‌سێك چه‌ند مانگێك كات به‌هۆى جموجوڵه هه‌ڵه‌كانيه‌وه به‌فيڕۆده‌دات به‌ر له‌وه‌ى "شتێكى لێ حاڵى بێت" و فۆرموله ڕاست و درووسته‌كه بدۆزێته‌وه. كاتێك به‌شێوه‌ى ڕيترۆئه‌كتيڤ و پاشه‌وپاش سه‌يرى ئه‌م جموجوڵانه ده‌كه‌ين، وه‌ك شتێكى زياده و بێ‌كه‌ڵك ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌ڕاستيدا ئه‌م له‌ڕێ‌لادانانه شتێكى زه‌روور بوون. ئايا دۆخه‌كه له‌مه‌ڕ شۆڕشيش هه‌ر به‌م جۆره نيه؟ به‌ڵام هه‌ربه‌ڕاست مه‌سه‌له چ بوو كه له ساڵانى كۆتاييدا، لينين له سنورداريى ده‌سه‌ڵاتى [حيزبى]به‌لشه‌فيك به‌ئاگا هاته‌وه؟ ئا لێره‌دايه پێويست ده‌كات لينين و ستالين بخه‌ينه به‌رامبه‌رى يه‌كتره‌وه: له نوسينه‌كانى دوادوايى لينين‌دا، عه‌يامێك دواى ئه‌وه‌ى يۆتۆپياى ده‌وڵه‌ت و شۆڕش پشتگوێخرا، ده‌توانين هێڵه گشتييه‌كانى جۆرێك له پرۆژه‌ى "ڕياليستى"ـى خاكييانه ده‌ستنيشان بكه‌ين، پرۆژه‌يه‌ك كه پێويسته ده‌سه‌ڵاتى به‌لشه‌فيكى [چى بكات و چى نه‌كات]. به‌هۆى گه‌شه‌نه‌كردنى ئابورى و دواكه‌وتوويى كه‌لتوريى خه‌ڵكى ڕوسياوه، ڕوسيا هيچ ڕێيه‌كى له‌به‌رده‌مدا نه‌بوو بۆ په‌ڕينه‌وه‌ى "ڕاسته‌وخۆ ڕووه‌و سۆسياليزم"؛ هه‌موو ئه‌وه‌ى له ده‌سه‌ڵاتى شوراكاندايه تێهه‌ڵكێشكردنى سياسه‌تى ميانڕه‌وى "سه‌رمايه‌داريى ده‌وڵه‌تى" و په‌روه‌رده‌ى كه‌لتوريى پڕگڕوتينى خه‌ڵكه جووتياره سست و بێ‌كه‌ڵكه‌كه‌يه- نه شۆردنه‌وه‌ى مێشك له‌گه‌ڵ "پڕوپاگه‌نده‌ى كۆمۆنيستى"دا، نه سه‌پاندنى به‌كاوه‌خۆ و پله‌پله‌ى ستاندارده پێشكه‌وتوو و شارستانييه‌كان. فاكت و فيگه‌ر و زانيارييه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه «هێشتاش پێويسته چه‌نده ئيشى خێرا و تاقه‌تپڕوكێن بكه‌ين تاكو بگه‌ينه ئاستى وڵاتێكى ئاسايى شارستانيى ئه‌وروپا...پێويسته هه‌رده‌م جه‌هله نيمچه‌ئاسياييه‌كه‌مان له كه‌له‌دا بێت كه تا هه‌نوكه‌ش نه‌مانتوانيوه لێى ده‌رباز بين»[11]. به‌م جۆره، لينين به‌رده‌وام هوشدارى ده‌دات له‌باره‌ى هه‌ر جۆره "بڵاوكردنه‌وه و ڕه‌واجپێدانێكى كۆمۆنيزم"[12]ـه‌وه به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ:
«نابێت له‌ژێر هيچ هه‌لومه‌رجێكدا ئه‌م شته وا تێبگه‌ين كه گوايا پێويسته پڕوپاگه‌نده بۆ ئايديا كۆمۆنيستييه ڕووت و په‌تييه‌كان بكه‌ين له ناوچه لادێييه‌كاندا. مادام كه ناوچه لادێيه‌كانمان بنه‌ماى ماترياڵيستيى ["هه‌رسكردنى"] كۆمۆنيزميان نيه، بۆيه وا پێويستده‌كات بڵێم، ده‌ستدانه كارێكى له‌م جۆره به زه‌ره‌ر و زيانى كۆمۆنيزم ده‌شكێته‌وه و كوشنده‌شه»[13].
تێما و بابه‌ته دووباره‌بوه‌وه‌كه‌ى ئه‌و ئه‌مه‌يه: «زيانبه‌خشترين شت لێره‌دا بريتييه له په‌له‌په‌ل و خۆشپرزه‌كردن»[14]. ستالينيش، له هه‌مبه‌ر بيرۆكه‌ى "شۆڕشى كه‌لتورى"دا، بيرۆكه‌ى «بنياتنانى سۆسياليزم له يه‌ك وڵات‌دا»ـى هه‌ڵبژارد.
كه‌واته شته‌كه به‌و مانايه دێت كه لينين به‌كڕوكپى و له‌بێده‌نگيى خۆي‌دا، ڕه‌خنه‌ى ستانداردى مه‌نشه‌فيكه‌كانى قبوڵكرد ده‌رهه‌ق به يۆتۆپياى به‌لشه‌فيكى، له‌و ڕووه‌وه كه گوايا شۆڕش به‌زه‌رووره‌تى خۆى ده‌بێت ملكه‌چى قۆناغه حه‌تمييه پێشوه‌خت دياريكراوه‌كان بێت(شۆڕش ته‌نيا ئه‌و كاته ڕووده‌دات كه هه‌لومه‌رجه مادييه‌كه‌ى ڕه‌خسابێت)؟ ئا لێره‌دايه كه ده‌توانين ببينين تێگه‌يشتنى دياله‌كتيكى و قه‌شه‌نگى لينين چۆنچۆنى كارده‌كات: ئه‌و به‌ته‌واوى ئاگادارى ئه‌م خاڵه‌يه كه ئه‌مێستا و له سه‌ره‌تاكانى ده‌يه‌ى 1920دا، ئه‌ركى سه‌ره‌كيى ده‌سه‌ڵاتى به‌لشه‌فيكى بريتييه له پياده‌كردنى ئه‌ركه‌كانى ڕ‌ژێمى بۆرژواى پێشكه‌وتنخواز(په‌روه‌رده و فێركردنى گشتى و هتد)؛ به‌ڵام هه‌ر خودى ئه‌م واقيعه كه ئه‌وه هێزێكى شۆڕشگێڕانه‌ى پرۆليتارييه كه كارێكى له‌م جۆره ئه‌نجامده‌دات، گۆڕانێكى بنه‌ڕه‌تى به‌سه‌ر دۆخه‌كه‌دا دێنێت- چانس و به‌ختێكى تاقانه هه‌يه كه گه‌ر يارمه‌تيده‌ر بێت، كه ئه‌م چالاكييه "به‌شارستانيكه‌ر"ـانه به‌جۆرێك پياده ده‌بن كه له چوارچێوه ئايدۆلۆژييه/بۆرژواييه به‌رته‌سكه‌كه‌يان ده‌ربازده‌بن(په‌روه‌رده و فێركردنى گشتى، به‌ڕاستى په‌روه‌رده و فێركردنى گشتى ده‌بێت له خزمه‌تى خه‌ڵكدا؛ نه‌ك جۆرێك له ده‌مامكى ئايدۆلۆژى بۆ بره‌ودان به به‌رژه‌وه‌ندييه كورتبينه‌كانى چينى بۆرژوا، و هتد ). له‌م ڕووه‌وه، پارادۆكسه فيتاوفيت دياله‌كتيكييه‌كه ئه‌وه‌يه كه ئه‌م نائومێدييه‌ى دۆخى ڕوسيايه ده‌توانێت بگۆڕێت بۆ ئيمتياز و ده‌سكه‌وتێكى تاقانه(واته ئه‌و دواكه‌وتووييه‌ى كه ده‌سه‌ڵاتى پرۆليتارى ناچارده‌كات وه‌زيفه‌ى به‌بۆرژوازيكردنى شارستانيه‌ت بگرێته ئه‌ستۆ):
گه‌ر نائومێديى ته‌واوى دۆخه‌كه، به‌هۆى هاندانى چه‌ندباره‌ى هه‌وڵه‌كانى كرێكاران و جووتيارانه‌وه، ده‌رفه‌تێكمان بخاته به‌رده‌م بۆ ڕه‌خساندنى پێداويستييه زه‌روورى و بنه‌ڕه‌تييه‌كانى شارستانيه‌ت، ئه‌ويش به شێوه‌يه‌كى جيا له وڵاته ئه‌وروپييه‌كان، ئه‌وكات چ ده‌بێ؟[15]
لێره‌دا له‌به‌رده‌م دوو مۆدێلداين بۆ شۆڕش، دوو لۆژيكى پێوانه‌هه‌ڵنه‌گر: ئه‌وانه‌ى كه چاوه‌ڕوانن ساته‌وه‌ختى غايه‌تناسى و عاقيبه‌تناسيى دوايين قه‌يران ده‌گات، هه‌مان ساته‌وه‌ختى پێگه‌يشتوو، له‌و جێيه‌دا كه شۆڕش "له ساتى گونجاوى خۆي‌دا" و به‌پێى جووتبوونى له‌گه‌ڵ زه‌رووره‌تى په‌ره‌سه‌ندنى مێژووييدا هه‌ڵده‌قووڵێت؛ [مۆدێلى دووه‌م] ئه‌وانه‌ى كه تێده‌گه‌ن شۆڕش هيچ جۆره "ساتێكى گونجاو"ـى نيه، ئه‌وانه‌ى چانسى شۆڕشگێڕانه وه‌ك شتێك ده‌گه‌ن كه ڕێك له‌هه‌ناوى ئه‌م پێچ‌وپلووچانه‌ى گه‌شه&zwnj