A+    A-
(4,500) جار خوێندراوەتەوە

     ماترياڵيزم چيه‌؟

      (نيگايه‌كى سه‌ره‌تايى)

 

               

             زه‌رده‌شت نوره‌دين                                                                          به‌ فايلى pdf بيخوێنه‌وه‌

 

 

 

 

 

 

پێش ئەوەی باسی ماتریاڵیزم وەک‌ خۆی بكه‌م کە چییە، دەمەوێت ئاماژە بدەم بە ماتریاڵیزم لە کۆمەڵگای کورديیدا و هەروەها تیشک بخەمە سەر ماتریاڵیزم بەو شێوەيه‌ی کە لەناو خەڵکدا جێکەوتووە. دەشێت بڵاوبوونەوەی هەر ئایدیایەک یان هەر بیرۆکەیەکی نوێ لە ناو جەماوەردا وەک سەنگی مه‌حەک و پێودانگ تەماشایبکەین کە ئەو ئایدیا نوێیە پێشوەختە چەنێک دوژمن و نەیاری ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆی هەیە و هەروەها چەنێک زەمینەی کەلتوری و پانتایی کۆمەڵایەتی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی.

رەنگدانەوەی ماتریاڵیزم لە ناو خەڵک و کۆمەڵگای کورديیدا تا سەر ئاستی کاریکاتێر شێوێنراوە و بووە بە ماتریاڵیزمى عەوامانە و ناوی مادیگەرا یان مادەپەرستيی لێنراوە و لە کرۆکە دەوڵەمەند و ڕاستەقینەکەی خۆی داماڵراوه‌ و کۆمەڵێك ئاماژە و دەلالەتی تری وەرگرتووە کە نەک لەگەڵ ماتریاڵیزم نایەتەوه، بەڵکو لە زۆر شوێندا لەگەڵيشی پارادۆکس ده‌كه‌وێته‌وه‌.

ماتریاڵیزمى عەوامانە یان مادەپەرستی لە ناو خەڵکدا کۆمەڵێک کڵێشە و ئەرگومێنتی بازاڕی و ساویلکانەیان تێ‌ئاخێنراوە کە دوورە لە کرۆکی ڕاستەقینەی ماتریاڵیزمەوە. بۆ نمونە کڵێشەی "مادەگەراکان مادەپەرستن و تەنیا مادە لایان گرنگە''، یان "مادەگەراکان ماديین واتە پوولەکی و پارەپەرستن" و ئەرگومێنتی بازاڕيی وەک " مادەپەرستەکان دەڵێن هەموو شت مادەیە و ئەگەر شتێک بە چاو نەبینن ئەوا بوونی نییە، لە کاتێکدا عەقڵ نابینرێت و مادە نییە و بوونی هەیە" و چەندان کڵێشە و ئەرگومێنتی بازاڕيی ‌تر. لێرەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وڵامی ئەو کێشە و ئەرگومێنتانە نادەمەوە بەڵکو لە درێژەی باسەکەدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوە لەبەرئەوەی لەبنەڕەتدا ئەو ئەرگومێنت و کڵێشانە لە تێنەگەيشتنەوە لە ماتریاڵیزم دروستبووە نەک بەدحاڵیبوون. ئێستا با بزانین ماتریاڵیزم چییە؟

مرۆڤ لە سەرەتای ڕامان و وردبوونەوە لە دەوروبەر کۆمەڵیک پرسیاری لا گەڵاڵە بووە و بە گوێڕەی هەل‌ومەرجی ماتریاڵی و مێژوویی و هۆشیاری خۆی وه‌ڵامی ئەو پرسیارانەی داوەتەوە. لە ئەنجامی ئەم وه‌ڵامدانەوەدا دوو جەمسەری ئەنتاگۆنیستيی لە جیهانبینی و میتۆد و هێڵی هزری بەرهەمهاتووە کە سەرەتا بە کاڵی لە ئوستورە و دینەکاندا دەرکەوتووە و پاشان لە ئەدەبیات و هونەردا ڕەنگیداوەتەوە و دواجار بە تۆخی لە فەلسەفەدا فۆرموڵەبووە، واتە ماتریاڵیزم و ئایدیاڵیزم. ماتریاڵیزم پێش ئەوەی لە فەلسەفەدا دەرکەوێت لە ئوستورە و دینەکاندا بەکاڵی دەرکەوتووە وەک بودیزم و جەینیزم لە هندستان و گه‌لگامێش لە عێراقدا.

ماتریاڵیزم بۆ یەکەمجار بەتۆخی لە فەلسەفەدا مانیفێست‌دەبێت یان فەلسەفە بۆ یەکەمجار وەک سیستەمی هزری ماتریاڵیستانە دەردەکەوێت. هەوڵدەدرێت پەیدابوونی  گەردوون و مرۆڤ و ژیان به‌شێوه‌يه‌كى ماتریاڵیستانە ڕوونبکرێتەوە. لێرەدا بەمانا باشلارییەکه‌ی، دابڕانێکی ئه‌یپستمۆلۆژی لە هزری مرۆڤدا ڕوودەدات. بەدەربڕینێکی ‌تر بۆ یەکەمجارهەوڵدەدرێت پارادیمی ئوستورەيی بەتەواوی تێپەڕێنرێت و پارادایمێکی ماتریاڵیستيی عەقڵانی بۆ ڕوونکردنەوەی پەیدابوونی گەردوون، ژیان، مرۆڤ، سرووشت، دیاردەکان و کایە کۆمەڵایەتییەکان بخرێتەڕوو.

ماتریاڵیزم فۆرمێکە لە مۆنیزمی فەلسەفی کە مادە بە بنەڕەتی پێکهاتەی سرووشت بە مانا فراوانەکەی دادەنێت کە هەموو دیارده‌کانی وەک دیاردەی بیرکردنەوە و دیاردەی ئاگایی و هۆشیاری بە ده‌رەنجامی مادی دادەنێت. بە دەڕبڕینێکی‌تر ماتریاڵیزم مادە دەکات به‌ بنچينه‌ و، ئاگایی و هۆشیاری و هەموو کایە هزری و کۆمەڵایەتییەکان بە ڕەنگدانەوەی مادە دادەنێت نەک فۆرمە نامادییەکان ڕەتبکاتەوە و نەفيیان بکات. بۆ نمونە پێگاسوس (ئەسپی باڵدارە لە ئوستورەی یۆنانیيدا) فۆرمێکی نامادییە کە دەرەنجامی ڕەنگدانەوەی خێچڕوانینە بۆ سرووشت. پێگاسوس هەرچەندە نامادییە بەڵام لە ئوستورەی یۆنانیدا هەبووە و وێنای لە زەینی خەڵکدا درووستکردووە. کەواتە ماتریاڵیزم بوونی زەینی و سوبکێتیڤی پێگاسوس ڕەتناکاتەوە بەڵام ئەوە ڕووندەکاتەوە کە فۆرمێکی ناماديی پەیدابووی هەلومەرجێکی تایبەتە.

وەک لینین ئاماژەی پێدەدات، كاتيگۆريى مادە لە فەلسەفەدا جیاوازە لە چەمکی مادە لە زانستدا. مادە لە فەلسەفەدا ئاماژەیە بۆ بوونی ئۆبێکتیڤ و، گۆڕانکاريی بەسەردا نایەت لەبەرئەوەی کاتيگۆرییەکی گشتيی فەلسەفییە بەڵام چەمکی مادە لە زانستدا لەگەڵ هەر دۆزینەوەیەکی تازە لە زانستدا گۆڕانکاريی بەسەردا دێت. بۆیە گرنگە جیاوازيی نێوان چەمکی زانستيی مادە و کاتيگۆريی فەلسەفيی مادە بکەین.

 

 

١- ماتریالیزمی سەرەتایی

A- ماتریاڵیزمی سرووشتی

a- تاليس

تاليس (٥٤٨-٦٢٤پ.ز) بنەماڕێژی فەلسەفەی ماتریاڵیستی و هاوکات فەلسەفەیە. تاليس خاڵی وەرچەرخانە لە پەڕینەوە لە ڕوونکردنەوەی ئوستورەیی و ئایدیالیستیانەی پەیدابوونی گەردوون، مرۆڤ و ژیان بۆ ڕوونکردنەوەی ماتریاڵيستی. گۆڕانگاريی ڕادیکاڵی بەسەر فۆرمە ئوستورەییەکاندا هێنا و پرسیارە ئۆنتۆلۆژییە/ئوستورەییەکانی وەک په‌یدابوونی گەردوون، ژیان و مرۆڤی بە دوور لە پارادیمی ئوستورەیی ڕوونکردەوە. گرنگترین پرسیار لە ئوستورەدا پرسی پەیدابوونە، واتە پرس لە زاگە و سەرەتای سەرەتا یان ئارخە(arche)ـەیە. بە جۆرێک کۆئوستورەی گەلێک نییە ئەگەرچی بە کاڵیش بێت وه‌ڵامی پرسی ئۆنتۆلۆجی/ئوستورەیی پەیدابوونی نەدابێتەوە. لێرەوە دەشێت لەوە بگەین کە بۆچی فەلسەفەی ماتریاڵیزمی سرووشتی بە پلەی یەک وه‌ڵامی پرسە ئۆنۆلۆجییە/ئوستورییەکان بەشێوەی ماتریاڵیستی دەداتەوە و خۆڕسکانە فۆرمی مۆنیزم وەردەگرێت. تاليس بە دۆکترینە مادییەکەی بەرگێکی ئوستورەيی و ئایدیالیستی لە کۆسمۆلۆجی و گەردوونزانی و پرسی زاگە و پەیدابوون کردەوە و "ئاو"ی بە زاگە یان ئارخەی هەموو شت دانا و پێی وابوو هەموو شت لە "ئاو" دروستبووە. گرنگی تاليس لەوەدا بوو مەتەر و مادەی بە بنەما وەرگرت و پاشان بنچەی ماتریاڵیزمی مۆنیزم و یەکانەیی داڕشت.

 

b- ئاناکسیمەندەر

ئاناکسیمەندەر، قوتابيی تاليس، هەنگاوێک ڕێبازە ماتریالیستیەکەی بەرەو پێشه‌وه‌ برد. ئاناکسیمەندەر ئاپیرۆن(apeiron) مادەیەکی بێ‌پایان و دەستنیشاننەکراوی بە زاگە و سەرچاوەی یەکەم دانا. چەمکی مادەی وەک زاگەی پەیدابوون زیاتر ئەبستراکت و فراوانکرد و پێی وابوو گەردوون، مرۆڤ، ژیان و هەموو شتەکان لە ئاپیرۆن درووستبوون. ئاپیرۆن بەردەست و بەرهەست نییە بەڵام دەشێت بیزانین و بيناسين. کەواتە ئاناکسیمەندەریش مۆدیلی ماتریاڵیزمی سرووشتيی خۆی لە چوارچێوه‌ى پارادیمی تاليسدا خستەڕوو.

 

c- ئاناکسیمەنس

ئاناکسیمەنس لەجیاتيی ئاپیرۆن یان ئاووهەوای بە بنەڕەتی په‌یدابوونی جیهان، ژیان و مرۆڤ دانا. دیارترین تایبەتمەنديی هەوا جووڵانێتی. ئاناکسیمەنس قۆناغێک ماتریاڵیزمی سرووشتيی بردەپێشەوە بەوەی كه پرسی جوڵە و گۆڕانی لە توخمی سەرەتایی یان زاگەی پەیدابووندا جێخست. توانيی لە ڕێگەی جوڵانی هەواوە دیاردەی گۆرانکاری بە میکانیزمی کەم-پەیتیبوون و زۆر-پەتيیبوون ڕوونبکاتەوە و پرۆسەی گۆڕانکاريی سرووشتی بە هەمان میکانیزم ڕوونبکاتەوە. ئاناکسیمەنس درێژەپێدەری ماتریاڵیزمی سرووشتيی مۆنیستی بوو.

 

 

d- هێراکلیتوس

هێراکلیتوس دواهەمین ئەڵقەی ماتریاڵیزمی سرووشتی و یەکەمین دیالەکتیسيەنە. هیگڵ هێراکلیتوس بە دامەزرێنەری دیالەکتیک دادەنێت و خۆی بە میراتگری دیالەکتیکەکەی دەزانێت. لە ڕوانگەی هێراکلیتوسەوە هەموو شت لە جوڵە و سەیرورەدایە و پێی‌وایە ناکرێت دووجار پێ بخەیتە ناو ڕووبارێکەوە لەبەرئەوەی هەمیشە لە گەڕاندایە و بە بەردەوامی دەگۆڕێت. ئاگری بە ئارخە و توخمی سەرەتایی یان زاگەی هەموو شت دانا و ڕوونکردنەوەی ماتریاڵیستيی سەبارەت بە گەردوون و پەیدابوون خستەڕوو. پێداگريی لەسەر دژبوون و ئەنتاگۆنیزم دەکرد کە هێزی جوڵە و سەیرورە و بەره‌وپێشچوونە و هەروەها جەختی لە یەکایەتيی دژیەکەکان دەکردەوە.

ڕوانگەی دیالەکتیکيی فەیلەسوفەکانی ماتریاڵیزمی سرووشتی، داینامیکی بوو و جووڵەیان بە جەوهەری جیانەبووەی مادە دادەنا. بەدەربڕینێکی تر جووڵەیان بە خه‌سڵەتی ناوەکيی مادە دادەنا بە جۆرێک کە مادەی بێ‌جوڵە بوونى نییە و جوڵەی بێ مادەش هه‌ر نییە و لەم خاڵەدا بنەڕەتیانە لە ماتریاڵیزمی میکانیکی جیادەبنەوە؛ لەبەرئەوەی ماتریاڵیزمی میکانیکی جوڵەیان بە خه‌سڵەتی دەرەکيی مادە دادەنا. هەروەها فەیلەسوفانی ئەم نەریتە هێڵی جیاکەرەوەی ڕادیکاڵیان لە نێوان سوبێکت و ئۆبێکت یان لە نێوان مرۆڤ، گەردوون، کۆمەڵگا، بیرکردنەوە و ژیان دانەدەنا و هەمویانیان لە (گشت)ێکدا دەچنی کە پێکەوە پەیوەستن. ئۆنتۆلۆژيای مۆنیزمی ماتریاڵیزمی سرووشتی، پێداگری لەسەر یەک جیهانی و یەک بنەڕەتی دەکرد و جیهانێکی تریان لەدەرەوەی جیهان ڕەتدەکردەوە. بەدەربڕینێکی تر بەرگريیان لە ناوزانین و ناونشينيى (immanence) بوون دەکرد و ترانسێندێنس و سەروسرووشتیان ڕەتدەکردەوە بۆیە زۆرجار بە فەیلەسوفانی ئەم نەریتە دەوترێت فەیلەسوفی سرووشتی.

 

 

B- ماتریاڵیزمی ئەتۆمگەرا

دووەم قوتابخانەی ماتریاڵیزمی سەرەتایی قوتابخانەی ماتریاڵیزمی ئەتۆمگەرا بوو کە لەسەر دەستی لوکیپوس و ديمۆکریتوس دامەزرا. پێیانوابوو مادەی سەرەتایی یان ئارکە بریتییە لە ئەتۆم و ئەتۆم بچوکترین یەکەی پێکهێنانی گەردوون و سرووشت و هەموو شتێكە. ئەتۆم لە زمانی یۆنانیدا واتە "یەکەی دابەشنەبوو". هەروەها پێیانوابوو ئەتۆمەکان فۆرمی جۆراوجۆریان هەیە و هەرشتێک بە گوێرەی تایبەتمەندییەکی فۆڕمی ئەتۆمەکانی دەگۆڕا. بۆنمونە، پێیانوابوو خوداکانیش لە ئەتۆم درووستبوون و ماديین بەڵام ئەتۆمی خوداکان نەرمتر و ناسکترن.

لە ڕوانگەی ئەتۆمگەراییەوە هه‌ردوو کاتيگۆريی (بوون و نەبوون) بە ئەتۆم و بۆشایی دادەنرا. بۆ جووڵە و گۆڕان و درووستبوونی فۆرمی نوێ بۆشایی زەرورەتە و لەڕێگەی بۆشایی و ئەتۆمەوە، پەیدابوون و گۆڕانکاری هەموو شتەکانیان ماتریاڵیستانە ڕووندەکردەوە. هۆگەرایی، بنەڕەتی جووڵانی ئەتۆمەکان بوو لە بۆشایيدا و هیچ ئەتۆمێک لە خۆیەوە یان خۆڕسکانە نەدەجووڵا. لۆکیپۆس دەیوت <<هیچ شتێک بەبێ هۆ پەیدا نابێت بەڵکو هەموو شت بە گوێرەی هۆ و زەروورەت پەیدا دەبێت>>. بنەمای جووڵانی ئەتۆمەکان لەسەر ڕایەڵەی زەرورەت، جەبرگەرایی ئەتۆمی بەسەر هەموو جوڵەکان و گۆڕانکارییەکان و پەیدابوونەکاندا دەسەپاند و هیچ شوێنێکی بۆ بەڕێکەوت پەیدابوون و بێ‌هۆ جووڵان و خۆڕسکانە هاتنەکایەی فۆڕمی نوێوە نەدەهێشتەوە و ئەمەش ناکۆک دەبوو لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ماتریاڵیستانەی پرسەکان کە بەجۆرێک ڕێگەی خۆشدەکرد بۆ ڕوونکردنەوەی ئايدیالیستانەی پرسەکان. لەکاتێکدا لەلای ئەتۆمگەراکان ڕوونکردنەوەی تێلیلۆژیانە و غايه‌تگه‌را بێمانابوو. بۆ ئەوان جووڵێنەری سەرەتایی بوونی نەبوو و پێیان وابوو مادە هەمێشە هەبووە و هەروەها مادە و جووڵەیان لێکجیانەدەکردەوە بۆیە گرنگیيان بە جووڵێنەری سەرەتایی نەدەدا و ئەرستۆ لەبەر ئەم بێباکییە ڕەخنەی لێدەگرتن.

ئه‌پیکۆر هەڵگر و درێژەپێدەری ماتریاڵیزمی ئەتۆمگەرایی ديمۆکریتس بوو بەڵام بە هەندێ جیاوازییەوە. ئه‌پیکۆر گۆڕانکاريی لە جووڵەی ئەتۆمەکان لە بۆشایيدا لە سیستەمی ديمۆکریتوسدا کرد. ديمۆکریتۆس پێی وابوو ئەتۆمەکان بە هێڵی ڕاست بەرەو خوار دێن کە ئەمەش لە ئەنجامی زەرورەتەوەیە. بەڵام ئه‌پیکۆر جێگەی بۆ جووڵەی ئەتۆم لە بۆشایيدا بە هەموو ئاراستەیەکدا کردەوە و ناوینا ڕێکەوت. بەدەربڕینێکی ‌تر ئه‌پیکور لەسەر بنەمای دیارینەکراوبوونی ڕێڕەوی جووڵەی ئەتۆم، ئازاديی هێنايه‌ناو سیستەمی ئەتۆمگەراییەوە. هەروەها ئه‌پیکۆر تامی جۆراوجۆری بە بەرهەمی ڕاستەوخۆی جیاوازی فۆرمی ئەتۆمەکان نەدەزانی بەڵکو پێی‌وابوو دەرەنجامی پرۆسەی بەرکەوتنی هەستی مرۆڤ لە گەڵ مادەکاندا تامی جۆراوجۆر درووستدەکات.

 

 

٢- ماتریاڵیزمی میکانیکی

لەپاش یۆنان، ماتریاڵیزم لە سەدەی ١١ و ١٢ سەرەتا لە بەریتانیا و پاشان لە فەڕەنسا سەرهەڵدەداتەوە و تا سەدەی ١٩ ماتریاڵیزمی میکانیکی درێژەدەکێشێت و لەو مەودایەدا زۆرێک لە بیریار و فەیلەسوف و زانای ماتریاڵیست سەرهەڵدەدەن، بەڵام هەموویان بە تەواوی ماتریاڵیست نەبوون. لە هەندێ ته‌فسير و ڕوونکردنەوەدا ماتریاڵیست بوون و لەهەندێکی‌ تردا ئایدیالیست بوون.

ماتریاڵیزمی میکانیکی لە بەریتانیا لەسەر دەستی بیکۆن دادەمەزرێت. بیکۆن گۆڕانکاريی ڕادیکاڵ لە میتۆدی توێژینەوەدا دەکات و سەرچاوە و ڕیفرێنسی لێکۆڵینەوە لە کتێبەوە دەگوازێتەوە بۆ سرووشت. لە بیکۆنەوە توێژینەوە لە سرووشت بە واقیعی دەستپیدەکات و سرووشت دەبێتە ئۆبێکتی ڕامان و توێژینەوە. بە دەربڕینێکی تر بیکۆن دابڕانی ڕادیکاڵی لەگەڵ فەلسەفەی سکۆلاستیک(مه‌دره‌سى) کرد. لە فەلسەفەی سکۆلاستیکدا لە جیاتيی سرووشت، دەقەکانی پێشوو، ئۆبێکتی توێژینەوە بوون.

پاش بیکۆن، جۆن لۆک پەرەی بە ماتریاڵیزم دا. پەیوەنديی نێوان بیرکردنەوە و ئەزموونی خستەڕوو. ماتریاڵیستانە ڕووونیکردەوە کە چۆن زانین لە ئەزمونەوە سەرچاوەدەگرێت. هەروەها ئەوەی خستەڕوو مرۆڤ لەوحێکی سپییە کە پێچەوانەی عەقڵگەرایی دیکارتە. مارکس، لۆک بە بناغەداڕێژی سۆسیالیزم دادەنێت بەوەی کە مرۆڤ وەک جەوهەر لەوحێکی سپییە و پاشان لە پراکتیکی کۆمەڵایەتیيدا، بە گوێرەی ململانێی چینایەتی پڕدەبیتەوە و شوناس وەردەگرێت.

دیکارت وەک بیکۆن گۆڕانکاريی ڕادیکاڵی لە میتۆددا کرد. سەرەڕای ئەوەی دیکارت بەتەواوی ماتریاڵیست نەبوو بەڵام کاریگەريی گەورەی لەسەر ڕەوتی ماتریاڵیزمی فەڕەنسی دانا. ته‌فسير و ڕوونکردنەوەی میکانیکيی بۆ جیهان و سرووشت خستەڕوو. دواجار دیکارت کاریگەريی لەسەر هەردوو ڕەوتەکە، واته ماتریاڵیزم و ئایدیالیزم دانا. پاش دیکارت لامتری، دیدرۆ، هێلیلیۆس و هۆڵباخ ماتریاڵیزمی میکانیکیيان پەرەپێدا و جیهانبینيی ماتریاڵیستيی میکانیکیيان خستەڕوو.

کرۆکی ماتریاڵیزمی میکانیکی، چۆنییەتيی ئیشکردنی گەردوون و سرووشت و ئۆرگانیزمەکانە و هەوڵیدەدا میکانیزمی ئیشکردنی هەموو شتێك، به‌شێوه‌يه‌كى ماتریاڵیستانە ڕوونبکاتەوە. ڕوونکردنەوەی میکانیکی بریتی‌بوو لە مۆدیلی مەکینە واتە کۆمەڵە بەشێک کە پێکەوە لە نەزمێکدا بە گوێرەی چەند ڕێسایەکی دیاریکراو، بە کارکردنه سه‌ر یەکتری کاردەکەن. هەموو مەکینەیەک بۆ ئیشکردن  پێویستی بە هێزی دەرەکيی جووڵان هەیە. بۆ نمونە بۆ تێگەشتن لە کارکردنی کاتژمێرێکی قورميشكراو، دەبێت سەرەتا لە میکانیزمی کارکردنی تێبگەین بە جۆرێک کە کاتژمێرەکە هەڵدەوەشێنین بۆ بەشەکانی و لە کاری بەشەکانی تێبگەین و پاشان لەکارکردنی پێکەوەيی هەموو نەزمەکە کە سیستەمێکی درووستکردووە تێبگەین.

ماتریاڵیستە میکانیکییەکان سرووشتیان بۆ پێکهێنەرەکانی شیدەکردەوە و هەرکام لە بەشەکانیان بۆ بچوکترین بەش شیتەڵدەکرد و، پاشان لە بەشەکان دەکۆڵینەوە کە چۆن کاردەکەن و چۆن کار لە یەکتری دەکەن و دواجار چۆن پێکەوە لە میکانیزمێکدا کاردەکەن. دەرەنجامی ئەم شیکردنەوانە پێشکەشکردنی مۆدیلێكی میکانیکی بوو بۆ ڕوونکردنەوەی گۆڕانکارییەکان و دیاردەکان. دوائامانجی ماتریاڵیستە میکانیکییەکان ئەوەبوو چۆن دەتوانن میکانیزمەکان چاکبکەنەوە و چۆن بۆ شێوەیەکی نوێ بیگۆڕن بۆ ئەوەی دەرەنجامی تازەی لێ بدۆزنه‌وه‌.

ماتریاڵیستە میکانیکییەکان بە موتڵەقی ماتریاڵیزمی میکانیکیيان دەخستەگەڕ بۆ ڕوونکردنەوەی هەموو کار و چالاکيی مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تر و، هەروەها دیاردە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانیشیان بە مۆدیلە میکانیکییەکان ڕووندەکردەوە بەجۆرێک کە نەک جیهان و سرووشت و ئاژەڵەکانیان بە مەکینە دەزانی بەڵکو مرۆڤیشیان بە مەکینە دەزانی و مرۆڤ و چالاکییە مرۆییەکانیان بە مۆدیلی میکانیکی ڕووندەکردەوە. دیکارت پێی‌وابوو هەموو ئاژەڵەکان مەکینەی خۆکار و ئۆتۆماتيكيين بەڵام دیکارت مرۆڤی بە مەکینەی خۆکار نەدەزانی لەبەرئەوەی مرۆڤ خاوەنی ڕۆحە. لەبەرامبەردا لامتری پێی‌وابوو مرۆڤیش مەکینەیە بەڵام مەکینەیەکی تەواوئاڵۆز.

دەرکەوتنی ماتریاڵیزمی میکانیکی هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی بۆرژوازيیدا و لەگەڵ بۆرژوازیيدا تەبایە، ئه‌ويش بەو مانایەی بەتەواوەتی دژایەتی فیوداڵیزم(ده‌ره‌به‌گايه‌تى) دەکات و لەگەڵ بۆرژوازييدا ناکۆک نییە. کۆپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سیستەمی فیوداڵی، بە هیرارشیەت و ملکەچی و پەیڕەوکردنی بێ‌مەرجی موڵکدارەکان ڕەنگڕێژکراوە. ئەم تایبەتمەندییە دەبیتە خه‌سڵەتی دیاری فەلسەفەی سەردەمی فیوداڵیزم. بەدەربڕینێکی تر لە فەلسەفەی سەردەمی فیوداڵیزم دا هەموو شت لە سرووشتدا بە شێوەیەکی سرووشتی پێگە و شوێنی شایستەی خۆی هەیە و هەروەها فۆرماسیۆنە کۆمەڵایەتییەکانیش بە سرووشتی دادەنرا و هەڵسەنگاندنی هەرشتێک بە گوێرەی ئاستی پەیڕەوی لە سیستەم و دوائامانجی ناوی هەڵدەسەنگێنرا.

فەیلەسوفە ماتریاڵیستە میکانیکییە بۆرژواکان هەموو تێڕوانینە فیوداڵیەکانیان هەڵتەکاند و ئاوەژوویانکردەوە. دەستیانکرد بە ڕوونکردنەوەی میکانیکيی سرووشت. پاشهاتى داڕمانی فیۆداڵیزم بەرگریکردن بوو لە ئازادی و یەکسانی و پەرەپیدانی بازاڕی ئازاد، کە ئەمانەش لەگەڵ ماتریاڵیزمی میکانیکی تەبابوو کە جیهانی بە شێوەی ئەتۆمی سەربەخۆی پێك‌کاریگەر، وێنادەکرد.

 

 

٣- ماتریاڵیزمی مێژوويی

ماتریاڵیزمی پێش مارکس و ئەنگڵس، نامێژوويی، میکانیکی یان سرووشتی بوو و لەبەرامبەردا مێژووش ماتریاڵیستی نەبوو و ڕەهەندی مێژوو لە ماتریاڵیزمدا ئامادەيى نەبوو. کەواتە خوێندنەوەی ماتریاڵیستيی دیاردەکان و ڕووداوەکان و ... پێش مارکس و ئەنگڵس مێژوویی نەبووە و زیاتر میتافیزیکی بووە و هەروەها خوێندنەوەی مێژووش ماتریاڵیستى نەبووە بەڵکو ئایدیالیستى بووە.

لە ڕوانگەی ئاڵتوسێرەوە، دۆزینەوەی زانستی مێژوو لە لایەن مارکس و ئەنگڵسەوە دابڕانی ئه‌یپستمۆلۆژییە لە هزری مرۆڤدا، بە جۆرێک كه مرۆڤ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا توانيی بە میتۆدی زانستی(ماتریاڵیزمی مێژوويی) مێژوو بخوێنێتەوە و دەرەنجامی واقیعی بەدەستبهێنێت. لەڕێگەی ئەو دەرەنجامە واقیعییانەوە ئیمکانی بونیاتنانی کۆمەڵگای تەواوجیاواز لەوەی کە هەبوو بخوڵقێنێت وەک؛ یەکێتيی سۆڤیەت یان چینی کۆمۆنیستيی سەردەمی ماوتسی تۆنگ.

ماتریاڵیزمی مێژوویی کەرەستەی بنچینەیی سۆسیالیزمی زانستییە کە تێگەشتنی ماتریاڵیستی بۆ مێژوو دەستەبەردەکات. بەدەربڕینێکی ‌تر ماتریاڵیزمی مێژوويی، شیکردنەوەی پەرەسەندنی هێزی بەرهەمهێنان و کۆپەیوەنديی بەرهەم‌هێنان، لە فۆرماسیۆنە کۆمەڵگایی/ئابوورییە جیاوازەکاندا بەدرێژايی مێژوو دەستەبەردەکات و هاوکات ئیمکانی تێگەيشتن لە فۆرماسیۆنی کۆمەڵگایی/ئابووریى هەنووکەیی و داهاتومان بۆ دەڕەخسێنێت. بەشێوەیەکی گشتی چوار جۆر تێگەشتن بۆ مێژوو لە ئارادایە؛

١- تێگەيشتنی تیۆلۆژیانە بۆ مێژوو

مرۆڤ هەر لە سەرەتای ڕامان و وردبوونەوە لە سرووشت و چواردەوری خۆی هەوڵی تێگەشتنی داوە. بەو پێیەی هەل‌ومەرجی سەرەتایی، ئیمکان و ئەگەری تێگەشتنی زانستيی نەڕەخساندووە بۆ مرۆڤ، بۆيه مرۆڤ لەبەرامبەردا دەستبەرداری تێگەشتن نەبووە. بۆیە مرۆڤ بۆ شیکردنەوە و تێگەشتنی سرووشت بیرکردنەوەی ئوستورەيی بەرهەمهێناوە – لە سادەترین شێوەیدا هەموو شتیان بە خاوەنی ڕۆح زانیوە واتە ئانیمیزم. گوايا هێزێکی دەرەکی و سەروسرووشتی هەیە کە هەموو گۆڕانکارییەکان ده‌سازێنێت. مێژوو به‌پێى ئه‌م ڕوانگه‌يه‌ بریتییە لە ویستی خوایەک یان چەند خوایەک کە هەموو دیاردە و ڕووداوەکان بە گریمانەی خودا پاساودەدەن. بۆ نمونە، بڵێن بۆچى ئیمپراتۆری میدیا ڕووخا، دەڵێن ویستی خوا بووە کە بڕووخێت.

 

٢- تێگەشتنی ئایدیالیستانە بۆ مێژوو

لەم ڕوانگەیەدا مێژوو لە ڕێگەی ئایدیا، ئاکار، داب‌ونەریت و کەلتوره‌وه‌ ڕووندەبێتەوە. گۆڕانکارییە مێژووییەکان یان لە ناوچوونی ڕژێمەکان بە گوێرەی ئایدیا و کەلتور و ... خەڵکانی ناو ئەو ڕژێمە لێکدەدرێتەوە. بۆ نمونە ئەگەر بڵێن بۆچى ئیمپراتۆری ڕۆم ڕووخا ئەوا دەڵێن ئایدیا، کەلتوور، ئاکار و ... دواهەمین بڕگەی ئیمپراتۆرییەکە خراپ و داوەشاو بووبوو و دەرنجامی ئەوە ئیمپراتۆرییەکە داڕووخا.

 

٣- تێگەشتنی ئەنجامگەرایانە(تيلۆلۆژى و غايه‌تگه‌را) بۆ مێژوو

تێگەيشتنی ئەنجامگەرایی یان تێلیۆلۆژیانەی(teleology) مێژوو بریتییە لە دەستپێکردن لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا. لەم ڕوانگەدا هەموو سەرەتایەک پێش دەستپێکردنی ئەنجامه‌كه‌ی دیاریکراوە، واتە هەموو دیاردەیەک، ڕووداوێک یان پەیدابوونێک بۆ ئەنجامێکی دیاریکراو بەگەڕکەوتووە و هەموو شتێک لە ڕێگەی ئەنجامە دیاریکراوەکەیەوە دەستنیشاندەکرێت. کەواتە مێژوو لە ڕێگەی ئەنجامی دیاریکراوی مێژووەوە ڕووندەبێتەوە. بۆ نمونە مێژوو لەلای هیگڵ بە شێوەی ئەنجامگەرایی ڕووندەبێتەوە – مێژوو بریتییە لە گەشەکردنی ڕۆح بەرەو بەدەستهێنانی ئازاديی زیاتر لە خودئاگایی دەستەجەمعيی مرۆڤدا.

 

٤- تێگەيشتنی ماتریاڵیستانەی مێژوو یان ماتریاڵیزمی مێژوويی

مارکس و ئەنگڵس ماتریاڵیزمی مێژووییان لەسەر بنچینەی دیالەکتیکی هیگڵی و ماتریاڵیزمی فۆيه‌رباخ(فيورباخ) داڕشت، بەڵام بە فۆرمی مارکسیستی. لەم ڕوانگەیەدا ڕووداو، دیاردە و گۆڕانکارییە مێژووییەکان لەڕێگەی پەیوەنديی نێوان هێزی بەرهەمهێنان و کۆپەیوەنديی بەرهەم‌هێنانەوە ڕووندەبێتەوە، ئه‌ويش بە جۆرێک کە ئەوانە ژێرخانی فۆرماسیۆنی کۆمەڵگایی/ئابووری درووستدەکەن و بەگوێرەی ئەم ژێرخانە سەرخانێکی سیاسی-ئایدۆلۆژی-کۆمەڵایەتی وەک کۆمەڵگای مەدەنی و کۆمەڵگای سیاسی و .... درووستدەبێت. کەواتە گۆڕانکاری یان ڕووداوی مێژوويی لە دەرەنجامی ناکۆکی و دژيه‌كيى نێوان هێزی بەرهەمهێنان و کۆپەیوەنديی بەرهەم‌هێنانه‌وه‌ درووستدەبێت کە ئەمەش ئەنتاگۆنیزم لە نێوان سەرخان و ژێرخاندا درووستدەکات و فۆرماسیۆنە کۆمەڵگایی-ئابوورییەکە توشی قه‌یران و داڕووخان دەکات.

لە ڕوانگەی ماتریاڵیزمی مێژووییەوە، مرۆڤ بە گوێرەی هەلومەرجی ماتریاڵی و ئاگایی و هۆشياريى دەستەجەمعيی سیاقی دیاریکراوی خۆیەوە، مێژووی خۆی درووستدەکات و هاوکات لەناو پرۆسەی درووستبوونی مێژوودا، خودى خۆيشی درووستدەبێت و ئەم پرۆسەش به‌هۆى ناوه‌ند و میدیۆمی کاره‌وه‌ ڕوودەدات؛ بەم پێیەش پراکتیکی کۆمەڵایەتی دەبێتە ژێدەری مێژوو و گۆڕانکارییە مێژووییەکان.