نيوليبراڵيزم چيه؟
ئهليزابێت مارتێنز/ئاڕنۆڵدۆ گارسيا
و: وهليد عومه‌ر
نيوليبراڵيزم كۆمه‌ڵێك سياسه‌تى ئابورييه كه له‌ماوه‌ى [45] ساڵى ڕابردوودا بره‌وى په‌يداكردووه. وێڕاى ئه‌وه‌ى به‌ده‌گمه‌ن ئه‌م وشه‌يه له ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كان به‌رگوێ ده‌كه‌وێت، كه‌چى ده‌توانيت به‌ئاشكرا كاريگه‌رييه‌كانى نيوليبراڵيزم لێره ببينيت، ئه‌ويش وه‌ك گه‌شه‌ى زياترى سامانى سامانداران و ههژاريى هه‌ژاران.
ليبراڵيزم [ـى كلاسيك] ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵێك بيرۆكه و باوه‌ڕى سياسى و ئابورى و ته‌نانه‌ت دينييش. له ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كان، ليبراڵيزمى سياسى ستراتيژێك بووه بۆ به‌رگرتن به ناكۆكى و ململانێى كۆمه‌ڵايه‌تى. ليبراڵيزم وه‌ك بژارده‌يه‌كى پێشكه‌وتوو بۆ خه‌ڵك و كرێكاران خرايه‌ڕوو، به‌راورد به كۆنزهرڤاتيڤهكان و ڕاستڕه‌وه‌كان. ليبراڵيزمى ئابورى جياوازه. ئه‌و سياسهتمهداره كۆنزهرڤاتيڤانهى كه ده‌ڵێن له ليبراڵه‌كان بێزارن(ليبراڵ به مانا سياسييه‌كه‌ى)، ئه‌وا هيچ كێشه‌يه‌كيان له‌گه‌ڵ ليبراڵيزمى ئابورى و نيوليبراڵيزمدا نيه.
پێشگرى "نيو"(neo)، له سه‌ره‌تاى وشه‌ى ليبراڵيزمهوه به‌و مانايه دێت كه خه‌ريكين له‌باره‌ى جۆرێكى نوێى ليبراڵيزمهوه قسهدهكهين. ئه‌ى باشه جۆره كۆنه‌كه‌ى چى بوو؟ قوتابخانه‌ى ليبراڵيزمى ئابورى له ئه‌وروپا سه‌رده‌مانێك ناوى ده‌ركرد كه ئابوريناسێكى سكۆتله‌ندى/ئينگڵيزى به‌ناوى ئاده‌م سميسهوه، له ساڵى 1776دا كتێبێكى بڵاوكرده‌وه له‌ژێر ناونيشانى "سامانى نه‌ته‌وه‌كان"[1]دا. ئه‌و و ليبراڵهكانى تريش، داكۆكييان ده‌كرد له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌ستێوه‌ردانى ده‌وڵه‌ت له پرسه ئابورييهكاندا. هيچ سنورداركردن و بهرتهسككردنهوهيهكيان له درووستكردن و پيشهسازييدا قبوڵنهدهكرد، هيچ ڕێگرييه‌كان له بازرگانيدا و هيچ گومركێكى هاوردهشيان قبوڵنهدهكرد. ئه‌و ده‌يوت: «بازرگانيى ئازاد باش‌ترين ڕێگايه بۆ گه‌شه‌ى ئابوريى ميلهتهكان». ئه‌و ئايديا و بيرۆكانه‌ى كه له‌سه‌ر بنه‌ماى كۆنترۆڵنهكردن بوو، پێياندهوترا "ليبراڵ". ئه‌م به‌كارهێنانه‌ى تاكگه‌رايى بۆ «سه‌رمايه‌گوزارى و ڕيسكى ئابورى»، «كێبڕكێى ئازاد»، پاڵى پێوه‌ده‌نێت كه گوايا شته‌كه به ماناى ئازادى دێت بۆ سه‌رمايه‌داران به‌مه‌به‌ستى گه‌يشتن به‌و سود و قازانجه گه‌وره‌يه‌ى كه بهدوايهوه بوون.
ليبراڵيزمى ئابورى له درێژه‌ى ده‌يه‌ى هه‌شتا و ساڵانى سه‌ره‌تاى ده‌يه‌ى نه‌وه‌ددا له ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كان زاڵبوو. پاشان [قه‌يران و] بێبازاڕييه گه‌وره‌كه‌ى ساڵى 1930 بووه هۆى ئه‌وه‌ى كه ئابوريناسێك به‌ناوى (جۆن مينارد كينز[2])ـه‌وه بێت و تيۆرى ليبراڵيزم وه‌ك باش‌ترين سياسه‌ت و په‌يڕه‌وى سه‌رمايه‌دارى بخاته به‌ر كێشمه‌كێش و پياچوونه‌وه. ئه‌و ده‌يوت: هه‌ر لهبنچينهوه، كارى پڕاوپڕ شتێكى پێويسته بۆ گه‌شه‌ى سه‌رمايه‌دارى، ئه‌ويش ئه‌وكاته به‌ده‌ستدێت كه ده‌وڵه‌ته‌كان و بانكه ناوهندييهكان به‌مه‌به‌ستى به‌رزركردنه‌وه‌ى كاركردن ده‌ستوه‌رده‌نه ئابورييه‌وه. ئه‌م بيرۆكانه كاريگه‌رييه‌كى زۆريان خسته‌سه‌ر به‌رنامه نوێيه ئابورييهكهى سه‌رۆك ڕۆزڤێڵت [ـى سه‌رۆكى ئه‌مريكا] كه ژيانى زۆرێك له خه‌ڵكى باشتركرد[3]. ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه پێىوايه ده‌بێت ده‌وڵه‌ت يان حكومه‌ت بهرژهوهندييه گشتييه‌كان به‌ره‌وپێشببات، به‌شێوه‌يه‌كى به‌رفراوان قبوڵكرا.
به‌ڵام قه‌يرانه‌كانى سه‌رمايه‌داران له‌ماوه‌ى 45 ساڵى ڕابردوودا، به‌هۆى دابه‌زينى بڕ و به‌هاى قازانج[4]ـهكهيانهوه بۆته هۆى ئه‌وه‌ى ڕه‌وتێك ئيلهام له نوخبه‌ى كۆمپانياكانهوه وه‌ربگرن و ده‌ستبده‌نه هه‌وڵێك بۆ زيندووكردنهوهى ئابوريى ليبراڵيزم. واته ئه‌و شته درووستبكه‌ن كه نوێ ياخود (neo)ـى پێوه‌يه. ئێستا ئيدى له‌گه‌ڵ به‌جيهانيبوونى خێراى ئابوريى سه‌رمايه‌دارييدا، نيوليبراڵيزميش له ئاستێكى جيهانيدا ده‌بينين.
پێناسه‌يه‌كى لهيادنهكراو بۆ ئه‌م پرۆسه [جيهانييه]، فه‌رمانده ماركۆز كردى؛ ئه‌ويش ئه‌وكاته‌ى كه پشتيوانيى له بزاڤى زاپاتيستا (كه خه‌باتێكى سهرووناوچهيى يان سهرووههرێمى و دژ به نيوليبراڵيزم)ده‌كرد له ئابى 1996 له چياپاس: «له‌ڕاستيدا ئه‌وه‌ى نيوليبراڵيزم پێشكه‌شيده‌كات، گۆڕينى جيهانه بۆ مۆڵ و مه‌ڵبه‌ندێكى گه‌وره تا بتوانن لێره هندييه سوره‌كانى تيا بكڕن و له‌وێش ژنان و..». دهيتوانى ئه‌مانه‌شى بۆ زيادبكات: مناڵان، كۆچبه‌ران، كرێكاران و ته‌نانه‌ت كۆى وڵاتێكى وه‌ك مهكسيكيش[ كه زێدى خه‌باتى زاپاتيستهكانه].
خاڵه سه‌ره‌كييه‌كانى نيوليبراڵيزم بريتين له:
يه‌ك-ياساى بازاڕ:
به‌ره‌ڵاكردن و بهرئاوهڵاكردنى كۆمپانيا ئازاده‌كان ياخود كۆمپانيا تايبه‌ته‌كان له هه‌ر بهرتهسككردنهوهيهك كه له‌لايه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه درووستكرابێت، به‌بێ ڕه‌چاوكردنى ئه‌وه‌ى ده‌بێته‌هۆى زه‌ره‌ر و زيانى كۆمه‌ڵايه‌تى يان نا. ئازادى و كرانه‌وه‌ى زياتر بۆ بازرگانيى نێوده‌وڵه‌تى و سه‌رمايه‌گوزارى وه‌ك ڕێكخراوى NAFTA، كه‌مكردنه‌وه‌ى كرێ و ههقدهستهكان له‌ڕێگه‌ى پهرشكردنهوهى كرێكاران له يه‌كێتى و سهنديكاكاندا و، نه‌هێشتنى موچه‌ى كرێكاران كه دواى ساڵانێك خه‌بات به‌ده‌ستيانهێناوه، جڵهونهكردن و كۆنترۆڵنه‌كردنى نرخه‌كان و تێكڕا ئازادى بۆ جووڵه‌ى سه‌رمايه، كاڵا و خزمه‌تگوزارييه‌كان. بۆ قهناعهتپێكردنمان به‌وه‌ى كه ئه‌م ڕوانينه شتێكى باشه، ئه‌وان ده‌ڵێن: «بازاڕێكى ڕێكنه‌خراو[5] باش‌ترين ڕێگايه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى گه‌شه‌ى ئابورى و دواجاريش قازانج و به‌رژه‌وه‌نديى هه‌موان». ئه‌مه هاوشێوه‌ى به‌رنامه‌ى "خستنه‌ڕوو-ئاراسته"[6]ـى ڕيگان و "تكهكردن ڕووه‌و خوار"[7]ـى ئابوريناسهكانه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى سه‌روه‌ت و سامان زۆر ڕووه‌و خواره‌وه[ـى كۆمه‌ڵگا] نهتكێت.
دوو-بڕينى خه‌رجييه گشتييه‌كان بۆ خزمه‌تگوزارييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان وه‌ك په‌روه‌رده و فێركردن و چاودێريى ته‌ندرووستى. [كۆتاييهاتن به خزمه‌تگوزارييه‌كانى كه‌رتى گشتى وه‌ك ئاو و ئاوه‌ڕۆ، هه‌ڵبه‌ستنى پرد و ڕێگاوبان، بيمه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى، خوێندنى خۆڕايى و خه‌سته‌خانه‌ى گشتى و كاره‌باى حكومى و هتد-و].
سێ-لهڕێساخستن[8] : پشتگوێخستن و بهلاوهخستنى ئه‌و ڕێسا و مهرسوماته دهوڵهتييانهى كه قازانج كه‌مده‌كه‌نه‌وه، و ئه‌وانه‌شى كه تايبه‌تن به ياسا ئه‌منييه‌كان و سه‌لامه‌تيى شوێن و ژينگه‌ى كاريش.
چوار-بهتايبهتيكردن(خه‌سخه‌سه، PRIVATIZATION): فرۆشتنى كۆمپانيا ده‌وڵه‌تييه‌كان، كاڵاكان و خزمه‌تگوزارييه‌كان به سهرمايهگوزاره تايبه‌ته‌كان. ئه‌مه‌ش هه‌ريه‌كه له بانكه‌كان، پيشه‌سازييه سه‌ره‌كييه‌كان، ڕێگاى ئاسن، مزوهرگرتن و باجى ڕێگاوبان، كاره‌با، قوتابخانه‌كان، نه‌خۆشخانه‌كان و ته‌نانه‌ت ئاوى خواردنه‌وه‌ش ده‌گرێته‌وه. گه‌رچى ئه‌م كارانه به‌ناوى به‌رزكردنه‌وه‌ى كيفايهت و كاراييهوه ده‌كرێن، كه زۆرجار پێويستيشه، به‌ڵام شوێنه‌وارى بهتايبهتيكردن هه‌ر لهبنچينهوه بريتىبووه له چڕكردنه‌وه‌ى سامانى زياتر له ده‌ستى ژماره‌يه‌كى كه‌مدا و پێدانى پاره‌ى زياتر له‌لايه‌ن عامه‌ى خه‌ڵكه‌وه بۆ دابينكردنى پێداويستييه‌كانيان.
پێنج-هه‌ڵگرتن و لابردنى چه‌مكى "به‌رژه‌وه‌ندى و سودى گشتى"، يان "كۆمه‌ڵ و كۆميونيتى" و دانانى "به‌رپرسيارێتيى تاكه‌كه‌سى" لهجياتييدا.
درووستكردنى پاڵه‌په‌ستۆ له‌سه‌ر هه‌ژارترين خه‌ڵكى ناو كۆمه‌ڵگايه‌ك بۆدۆزينهوهى ڕێگهچارهيهك له‌لايه‌ن خۆيانه‌وه به‌مه‌به‌ستى دابينكردنى چاودێريى ته‌ندرووستى، په‌روه‌رده و ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى و باقيى پێداويستييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانيان و پاشان به‌كه‌مته‌رخه‌م زانينيان له عانى شكستدا و ناساندنيان وه‌ك ته‌مه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌ل.
نيوليبراڵيزم له سه‌رتاپاى دونيادا، له‌ڕێگه‌ى دامه‌زراوه به‌هێزه‌كانى وه‌ك سندووقى نێوده‌وڵه‌تيى دراو، و بانكى جيهانى، و بانكى گه‌شه‌پێدانى ئه‌نته‌ر-ئهمێريكانهوه سه‌پێنراوه. سه‌رتاپاى ئه‌مريكاى لاتين هاتووه‌ته خه‌شم و تووڕه‌يى. يه‌كه‌مين نمونه‌ى ئاشكرا بريتييه له نيوليبراڵيزم لهپراكتيكدا له شيلى، ئه‌ويش دواى پشتگيريى سى.ئاى.ئه‌ى له كوده‌تا(به سوپاسه‌وه له ئابوريناسى زانكۆى شيكاگۆ ميڵتۆن فريدمهن) دژ به ڕژێمهكهى ئالنده كه هه‌ڵبژێراوى خه‌ڵك بوو له ساڵى 1973دا، كه خۆى و ئاكامه‌كه‌شى له باقيى وڵاتانى تردا ده‌رخست، و به‌ر هه‌ندێك له خراپترين پاشهاته‌كانى كه‌وتين له مهكسيكدا.
له‌و جێيه‌دا كه كرێ له‌دواى تێپه‌ڕينى ساڵێك له گرێبه‌ستى NAFTA، چل بۆ په‌نجا له سه‌د دابه‌زى، هاوكات خه‌رجيى ژيان و گوزه‌ران هه‌شتا له‌سه‌د گه‌شه‌يكرد و به‌رزبووه‌وه. زياد له بيست هه‌زار كۆمپانياى بچوك و مامناوه‌ند موفليس و مايهپووچبوون، و زياد له هه‌زار كۆمپانياى دهوڵهتييش له مهكسيكدا بهتايبهتىكرا. به‌و جۆره‌ى كه يه‌كێك له لێكۆڵه‌ران وتى: «نيوليبراڵيزم به ماناى داگيركردنهوه و كۆڵۆنياڵيزمى سهرنوێى ئه‌مريكاى لاتين دێت».
له ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كان، نيوليبراڵيزم به‌رنامه و پرۆگرامه خۆشگوزهرانييهكان له‌ناوده‌بات. هێرشده‌كاته سه‌ر ماف و مووچه‌ى كار(له‌پاڵيشيدا هێزى كارى كۆچبه‌ران) و به‌رنامه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان كورت و سنورداردهكاتهوه. "پهيمان و گرێبه‌ست"ـى كۆماريخوازهكانى ئه‌مريكا به‌ته‌واوه‌تى بريتييه له نيوليبراڵيزم. پشتيوانان و لايه‌نگرانى [نيوليبراڵيزم]، بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى پاراستنى مناڵان، گه‌نجان، ژنان و كۆى هه‌ساره‌كه خۆى، له هه‌ڵپه و تێكۆشاندان تاكو به‌هۆى قبوڵكردنى ئه‌و ئايديايهوه فريومانبدهن كه «له‌پشتى منه‌وه ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت پيادهبكه». قازانجبهرانى نيوليبراڵيزم، كهمينهيهكن له خه‌ڵكى جيهان. نيوليبراڵيزم بۆ زۆرينه‌ى زۆرى خه‌ڵك، ده‌بێته‌هۆى ئێش و ئازارى زۆر زياتر له جاران. دهسكهوتهكهى بۆ زۆرينه‌ى زۆرى خه‌ڵكى جيهان له ماوه‌ى شه‌ست ساڵى ڕابردوودا بريتى بووه له نههامهتييهك به‌بێ بچوكترين به‌رژه‌وه‌ندى: نههامهتييهكى بێكۆتايى.
[1]. THE WEALTH OF NATIONS
[2]. John Maynard Keynes
[3]. وه‌ك له به‌شى دواترى وتاره‌كه‌دا ده‌يبينين، نيوليبراڵيزم زياتر و زياتر كاريگه‌رييه‌كى خراپ و كوشنده‌ى بۆ سه‌ر ژيانى خه‌ڵك هه‌بووه له جيهاندا.له‌م باره‌يه‌شه‌وه سه‌دان وتار و كتێب نوسراون. كاريگهرييهكانيشى بۆ واقيعى خۆمان له‌و پێشنيارانهدايه كه له‌لايه‌ن كاربه‌ده‌ستانى حكومه‌ته‌وه بۆ بره‌ودان به كه‌رتى تايبه‌ت و قه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى ده‌خرێته‌ڕوو -و
[4]. profit rate
[5]. unregulated market
[6] . supply-side
[7]. trickle-down
[8]. DEREGULATION
له‌م دوو ماڵپه‌ڕه‌وه كراوه‌ته كوردى: