لیبراڵیزم چییە؟
جۆن هۆفمان به فايلى pdf بيخوێنهوه
وهرگێڕانى: زهردهشت نورهدين
لیبراڵیزم لەبنەڕەتدا ڕوانگەیەکی مۆدێرنە، وێڕای ئەوەی کە دەشێت هەندێ ڕووی لیبراڵیزم لەلای سۆفیستەکانی یۆنانی کۆن بدۆزرێتەوە بەوەی کە بڕوایان وابوو دەوڵەت شتێكى سرووشتی نییە بەڵکو گرێبەستە.
تۆماس هۆبز(١٥٨٨-١٦٧٩) یەکێک بوو لە یەکەمین لیبراڵەکانی بەریتانیا. ئەوەی کە هۆبز دەکات بە لیبراڵ ئەو پێشەکی و ڕوونکردنەوە سەرەتاییە لۆژیکیانە بوو دەربارەی فەردانیەتی ڕووت و ئەبستراکت کە بنەمای ئەرگومێنتی ئەو بوو بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتێکی یاسایی بەهێز. لیبراڵیزمی کلاسیک تا کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە، پەنجەی دەخستە سەر گریمانەی <<دۆخی سرووشتی>>. لەو دۆخەدا مرۆڤ بەگوێرەی سرووشتیان یەکسان ئەژماردەکران کە لە دەرەوەی سنور و کۆتی دەوڵەت و کۆمەڵگا دەژین و ڕازيدەبن بەوەی کە لە ڕێگەی <<گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییەوە>> دەوڵەت یان حکومەت پێکبێنن. گشتگیرى و شمولييبوونى ئەم ئازادی و یەکسانییەیە کە لیبراڵیزم لەڕووی مێژووییەوە ئەوەندە بێبونياد و بونیادهەڵنەگر و دژەسیستەم دەردەخات. هەموو تاکەکان لەسەر ئاستی تیۆری و زارەکيیانە ئازادن، بەو جۆرە لیبراڵەشەوە کە ئەوە قەبوڵناکەن هیرارشيهت و ههرهمى سهركوتكار شتێكى سرووشتی بێت. هۆبز لەبەر ئەو ئەرگومێنتەی کە دەڵێت: خەڵک بهشێوهيهكى سرووشتى هەوڵدەدەن بەسەریەکتردا حوکمبکەن؛ مرۆڤەکان مافی هەمیشەییان هەیە، ههر له بنەڕەتهوه لیبراڵە. وێڕای ئەوەی هۆبز لە شەڕی ناوخۆی بەریتانيادا، لایەنی کۆنەپارێزەکانی گرت. بەڵام ئەرگومێنت و ڕوونکردنەوە سەرەتاییە لۆژیکیانەى ئهوبوو وایکرد پاشایەتیخوازان بە چاوی گومانەوە لێى بڕوانن و مامهڵهى بكهن. جۆن لۆک(١٦٣٢-١٧٠٤) لە تێڕوانینی باودا کارەکانی لیبراڵترە. لۆک بەرگری لە دەوڵەتێک دەکات کە یاسایی بێت. هەردووکیان، هۆبز و لۆک نفوز و کاریگەريی دەوڵەتیان دەبەستەوە بە گرێبەست و كۆدهنگييهوه. لۆک گرنگی و دەسەڵاتە دیاریکراوەکانی دەوڵەت لە بەرگریکردن لە "خاوەندارێتيی تایبەت"دا کورتدەکاتەوە و بنەڕەتیانە ئەوە قەبوڵدەکات کە هاوڵاتيی ناڕازی بتوانن دەوڵەتی ستەمکار بڕووخێنن. ڕاستە کە لیبراڵە کلاسیکییەکان ئەو ئەرگومێنتەیان دەخستەڕوو کە دەوڵەت بوونێکی گرێبەستئامێزى دهستكردى هەیە(واتە ناسرووشتی و دەستکردی مرۆڤە). هەموویان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە بوونی دەوڵەت زەروورییە، لەبەرئەوەی بە هەر هۆیەک بێت دۆخی سرووشتی ناتوانێت درێژەبکێشێت. تەنانەت جان جاک ڕۆسۆ(١٧١٢-١٧٧٨)کە باوەڕی وایە تاک لەڕێگەی پهيمان و گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە سەرلەنوێ شێوەدەگرێتەوە و ئەوە دەخاتەڕوو کە تاک ئازادییەکی سرووشتی و دانەبڕاوی هەیە. بەم بۆنەشەوە ئەویش لیبڕاڵە. گریمان ڕەخنەگران لەوە بترسن کە دەوڵەتێکی مەشروع و ملکەچی ئیرادەی گشتی لە ئازادکردنی خەڵکیدا هێزی زۆر و فراوان بەگەڕبخەن. تا کۆتایی سەدەی هەژدە لیبراڵەکان گریمانەکانی دۆخی سرووشتییان بەلاوەنا. ئەوان ئەوەیان قەبوڵکرد کە تاکەکان بەبەردەوامی لە چوارچێوەی کۆمەڵگادا دەژین. ئەو وێنایەی کە دەوڵەت درووستکراوی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە بە نائەقڵانی و بێپاساو زانی. سەرەڕای هەموو ئەوانە، لیبراڵەکان بە گریمانەیەکی گشتی بیریان له تاك دهكردهوه، کە تاک چ پیاو و چ ژن(بێگومان پیاو زۆرتر) تێیدا لە جەستەی کۆمەڵگا دادەماڵرا.
ڕۆسۆ بەئاشکرا و بەڕوونی ڕوانگەیەکی پیاوسالارانەی هەیە. کاتێک کە وای دادەنێت هاوڵاتی دەبێت پیاو(نەک ژن) بێت. ئەم گریمانە بوو کە وای لە ماری وێلستن کرافت (١٧٥٩-١٧٩٧)کرد گلەیی و گازندە لە ڕۆسۆ بکات و بڵێت بەرگريی ڕۆسۆ لە ئازادی، ژنان لەخۆناگرێت. لەکاتێکدا دەشێت سودگەراکان گریمانەی مافی سرووشتییان ڕەتکردبێتەوە بەڵام ئەوانیش ئەوەیان پەسەندکرد کە دەبێت تاک وەک ئەتۆم و جیا لەیەکدی وێنا بکەن و دەکرێت ئازادیی تاکەکەسی بەموتڵەقی ڕووت و ئەبستراکت بخرێتەڕوو. کۆمەڵگا دەکەوێتە دەرەوەی تاکەکانەوە، تەنانەت ئەو کاتانەی کە لیبراڵەکان باس لە سرووشتی کۆیەتيی جۆری مرۆڤ دەکەن. داماڵینی تاکەکان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەیانکات بەوەی کە هەن. بەرکەوتنی زەرووری لە تیۆری گشتيی لیبراڵەکان کە دەیخەنەڕوو واقیعی کردارییان ڕووندەکاتەوە. لیبراڵەکان لە مێژوودا لایەنگری کویلایەتی بوون(هەرچیەک بێت کۆیلایەتی بەشێکە لە خاوەندارێتيی تایبەت) و لایەنگری نوخبەگەرایی، پیاو/باوکسالاری، ئیستیعمار و دەسەڵاتی سیاسی چینی ناوەند بوون و تەنیا لە سەدەی بیستدایە کە لیبراڵەکان بەرگری لە ڕێسای دیموکراسی دەکەن. دهبێت کلیلی تێگەشتنى ئهم ناكؤكييه ڕواڵهتييه لەو دیدە لیبراڵیيەدا دەدۆزینەوە کە پێی وایە کە بازار سرووشتییە و مەیلی خاوەندارێتی پەیوەنديی بە سرووشتی مرۆڤەوە هەیە و شتێكى سرووشتییە. مەبەست لە خاوەندارێتی تەنیا خاوەندارێتيی کەلوپەل و سامان نییە. خاوەندارێتيی چاودێرییە بەسەر ئەو دۆخەوەی کە دەتوانێت داهاتی پێویست بۆ درێژەدان بەسەربەخۆيی و پەیوەستنەبوون بە تاکی ترەوە دەستەبەربکات. بەگوێرەی ئەوەی تاکەکان ئارهزوويان بۆ خاوەندارێتيی تایبەت هەیە، پیاوان لە ژنان بەرزتر دەنرخێنن؛ درووستکەری خیزان و گواستنەوەی ئیش لە باوکەوە بۆ کوڕە. عەقڵانیەت لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی دۆخ و بەهیخۆکردنی سامان وەک یەک سەیردەکرێت. ئەوانەی کە ماڵ و داراييان نییە لە مافی هاوڵاتیبوون و دەنگدان بێبەرىدەبن؛ "خهڵكانى شارستانى"، "بچوکەکان" ئیستعمار و داگيردەکەن و دەیانچەوسێننەوە، ئەو ناکۆکییانەی کە خاوەندارێتيی تایبەت درووستيدەکات وا له لیبراڵەکان دهكات بهرگرى لە زەروورەتی دەوڵەت بکەن. بێهۆ نییە کە جۆن ستيوارت میڵ دەیتوانی لە نامیلکە بەناوبانگەکەیدا بەناوی لەبارەی ئازادییەوە(١٨٥٩) ئەو ئەرگومێنتە بخاتەڕوو کە: ئەو کاتەی تاکەکان مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگا درووستدەکەن زەبر و زەنگ نەک هەر زوورورییە بەڵکو هەندێ خەڵکی تایبەت (وەک هندییە سورەکانی ئەمەریکا) بۆ بەرێوەبردنى دەوڵەتداريی خۆیان هێشتا ئامادەی تەواویان نییە و دەبێت خەڵکانی تر بەسەریاندا حکوم بکات. بەڵام ئەوەی کە چۆن دەبێت دەوڵەت و ئازادی پێکەوە بگونجێنيت بۆ لیبراڵەکان به چارهسهرنهكراوى دەمێنێتەوە؛ لەبەرئەوەی ئازادی ڕێک بە نەبوونی سەپاندن و زەبر ڕاڤە دەکرێت لەکاتێکدا كه دەوڵەت لە لیبراڵیترین مانادا دهستكرد و ناسرووشتییە، بە شتێکی زەرووری ئەژمار دەکرێت. ڕەخنەگرانی لیبراڵیزم ئەو ئەرگومێنتە دەخەنەڕوو کە تەفسیری لیبراڵیزم بۆ ئازادی بێسەرەوبەرەیی و خۆ-وێرانکردن دەهێنێتە کایەوە، بەڵام ئێمە نابێت گریمانە ئەبستراکت و ڕووتەکانی تێگەشتنەکانی لیبراڵیزم وەک خۆی قەبوڵبکەین. ئەوان بە گریمانەی خاوەندارێتيی تایبەتەوە گرێدراون، کەواتە جێبەجێکردنی بەها لیبراڵییەکان بەم دامەزراوەوە واتە خاوەنداریتی تایبەتییەوە گرێدراوە. سهير نییە کە لیبراڵیزم نائاگايانه و نائهنقهست پانتاییەکی گشتگیری لە ئایدۆلۆژیا بەرهەمهێناوە کە هەوڵدەدەن تیۆری لیبراڵی لەگەڵ لایەنی کرداری کۆمەڵایەتی تەبابکەن. ئهنارشیستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەوڵەت تەگەرە و ڕێگرە لەبەردەم ئازاديیدا؛ سۆسیالیستەکان دەڵین ئازادی و یەکسانی نابێت تەنیا سیاسی و یاسایی بێت بەڵکو دەبێت کۆمەڵایەتيیش بێت. فيمينیستەکان ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن ئەگەر بڕیارە فەردانییەت بۆ هەموان بێت ئەوا نابێت بەس بۆ پیاوان بێت، دەبێت ژنانیش لەخۆبگرێت و ئەمە لەکاتێکدایە کە لایەنگرانی مافی ئاژەڵان و ژینگە تانە لەوە دەدەن کە دەبێت دیدە یەکسانیخوازەکان لە سنوری مرۆڤایەتی زیاتر بڕۆن. لیبراڵە مۆدیرنەکان چەمکی ئازاديیان بۆ پانتاییە کۆمەڵایەتییەکان گواستۆتەوە، هەر بەم بۆنەشەوە ئەندازیاری دەوڵەتی خۆشگوزهران[welfare state] لیبراڵێک بوو. لیبراڵە مۆدێرنەکان بازاڕ بە شتێکی خۆبەڕێوەبەر و خۆڕێکخەر نازانن، بەڵکو وەک جۆن "مینارد کینز" کە خۆی لیبراڵێکی گەورەی بەریتانی بوو، بەرگری لە دەستێوەردانی دەوڵەت دەکات و ڕۆڵی دامەزراوە هەرەوهزيیەکانی وەک هاوکارییەکان، گرووپە سەندیکاییەکان، یەکێتییە کریکارییەکان بۆ دابینکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بە پێویست دەزانێت. لیبراڵە کۆمەڵایەتییەکان هەندێجار زۆر لە سۆسیالیستەکان نزیکدەبنەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشوێن گۆڕینی کۆمەڵگای سەرمایەدارییەوە نین بەڵام دەیانەوێت مرۆڤانەی بکەنهوه و عەدالەتی تێدا بەرجەستەبکەن. بێگومان گریمانەی ئەوەی کە تاکەکان لە ڕیگەی خاوەندارێتيی تایبەتەوە ئازادی بەدەستبێنن ئەوه هەر لە چەقی تیۆری لیبراڵیدا دەمینێتەوە.
سهرچاوه:
http://opinions1.blogfa.com/post-1.aspx