دواگۆڕانکارييهكان لە کوردستانى باکور و پرۆژەى ڕێکەوتنى (پ.ک.ک) و دەوڵەتى تورکیا
دیمانە لەگەڵ "ئەمیر حەسەنپور" به فايلى pdf بيخوێنهوه
وهرگێڕانى: كهيوان نورى
- پرۆژەى ئاشتى و چارەسەرى لە نێوان دەوڵەت و سوپایى تورکیا لەگەڵ (پ.ک.ک)دا تا چ ئاستێک بە بەشێک لە پرۆژەیەکى گەورەترى ناوچەیى و نێودەوڵەتى دەبینن؟ وا دێتە پێشچاو دامێنى ئەم پلانە و ئایندەى ئەمە تەنها تایبەت نەبێت بە فەزاى ناوەوەى تورکیا و بەجۆرێک کەوتۆتە سەر ڕێگاىپرۆژەیەکى فراوانترى ئیمپریالیستی لە هەموو ناوچەکەدا؟
ئەمیر حهسهنپور: لەبارەى ئەم پرۆژەوە قسە و باسێکى زیاد کراوە و هەڵسەنگاندنە پێشکەشکراوەکان شەبەنگێک درووستدەکەن کە لەلایەکەوە ئەمە بە (هەنگاوێکى مێژوويى) دەدەنە قەڵەم و لە لایەکى دیکەشهوە بە (خیانەت). بەڵام بەم مانایە و لە چوارچێوەى تیۆرەکانى دەوڵەت-سەنتەر و ناسیۆنالیستيدا ناتوانرێت شرۆڤەیەکى تەواوى بۆ بکرێت. لێرەدا گومانى تیادا نیە کە ئەم گۆڕانکاريیە تەنيا مەسەلەیەکى ناوخۆيى تایبەت بە تورکیا نیە و ڕهههندى ناوچەیى و نێودەوڵەتيى هەیە. بەڵام گفتوگۆى بنەڕەتى لەسەر چۆنیەتيى مامەڵەى ناکۆکیيە ناوخۆيى و دەرەکیيەکانە، کە دەستپێکردنى ئەم پرۆژەیەى ڕهخساندووه.
لە ئاستى دەوڵەتدا، ناکۆکى لەنێوان دەوڵەتى تورکیا و نەتەوەى کورد کە لە ساڵى 1984 وە بە شێوازى جەنگ لەنێوان حکومەتى تورکیا و (پارتى کرێکارانى کوردستان)دا گەیشتووە بە بەرزترین ئاست، و بە باوەڕى ئۆجهلان لەڕێگاى سەربازیيەوە مایەى چارەسەر نیە. لەپاش سى ساڵ جەنگ، تورکیا کە دووەمین هێزى سەربازيى ناتۆیە، لەگەڵ تەواوى هاوکاریيەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل و هەندێک لە دەوڵەتانى ئەوروپایيدا، نەیتوانى (پ.ک.ک) لە مەیدانى سیاسيى تورکیا و ناوچەکەشدا بسڕێتەوە. هەتا فڕاندنى عهبدوڵا ئۆجهلان لە (1999) کە بۆ (پ.ک.ک) بە گورزێکى سەخت هەژماردەکرا، نەیتوانى جەنگەکە لە بەرژەوەنديى ئەنقەرە یەکلابکاتەوە. (پ.ک.ک) توانيى لە سێبەرى ئەو گۆڕانکاریيانەى کە لە دواى جەنگەکانى 1991 و 2003 ى ئەمریکا دژى عێراق هاتەئاراوە، هێزى سەربازيى خۆى بپارێزێت و دهستبداته خولێكى تازەى ڕێكخستنى سیاسى و تهشکیلاتى، و ڕێبەرایەتيى ئۆجهلانیش کە لە زینداندا بوو بەردەوامى پێبدات، و لە هەموو مەیدانەکانى(سیاسى و ياسايى، ڕاگهياندن و بانگەشەیى و دیپلۆماسى) لە تورکیا و ناوچەکەدا ئامادەيى هەبێت و ئیدارەى هێز بکات. بەڵام ئەگەر تورکیا تواناى لەناوبردنى (پ.ک.ک) و بزاڤى نەتەوەيى کوردەکانى تورکیاى نیە، ئهوا (پ.ک.ک)ش تواناى گۆڕینى سیستەمى تورکیا یان جیاکردنەوەى کوردستان لە تورکیا یاخود هەتا بەدەستهێنانى خۆبەڕێوەبەريى نیە. ئەمە تەنيا مەسەلەیەکى سەربازى نیە. لە لایەنى سەربازیيەوە، جەنگى پ.ک.ک جەنگى پارتیزانیيە نەک ((جەنگى خەڵک)) لە نمونەى ڤێتنام کە لە ماوەى چوار دەیەدا سێ هێزى گەورەى ئیمپریالیستيى يابان، فەڕەنسا و ئەمریکاى تێکشکاند.
گۆڕانکاریيەکانى ناوچەکە، لە نمونەى هەڵوەشانەوەى دەوڵەتى بەعس و درووستبوونى (حکومەتى ناوچەيى کوردستان) لە 1991دا، ڕووخانى بەعس لە 2003 و پشێويى سیاسى لە عێراق، و بەتایبەت جەنگێک کە زیاتر لە دوو ساڵە لە سوریادا دەگوزەرێت و حکومەتى ئۆردوگان چالاکانە بەشدارە تیایدا، بارودۆخێکى هێناوەتەئاراوە کە (پ.ک.ک) بە کەڵکوەرگرتن لێيان توانیویەتى هەژموونى خۆى لەنێو کوردەکانى سوریادا جێگیربکات، هەروەها (پ.ک.ک) گۆڕدراویشە بە قورساییەکى سیاسى و سەربازى گرنگى ئهوتۆ کە تورکیا و ئێران و هەموو وڵاتانى دیکەى ناوچەکە ناتوانن ئەو هێزە لەبەرچاو نەگرن.
دەبێت لەبەرچاومان بێت دژایەتیيەک کە پێکهاتەى کۆمەڵایەتى و ئابووريى خەڵکى تورکیا لە نمونەى کوردەکانى ئەو وڵاتە دیاريدەکات، دژایەتيى کار و سەرمایە، دژایەتيى ژن و پیاو، دژایەتيى شار و گوندن، بەڵام دژایەتيى لەنێوان ئەنقەرە و پ.ک.ک (یان لە نێوان دەوڵەتى تورکیا و بزاڤى نەتەوەيى کوردستان) لە سى ساڵى ڕابردوودا هەموو پەیوەندیيە چینایەتى و ڕەگەزیيەکان، قەومى، پەیوەنديیە ناوچەيى و نێودەوڵەتیيەکانى تورکیاى خستۆتە ژێر کاریگەریيەوە. یەکێک لەو پرسیارانەى کە دەتوانرێت بخرێتەڕوو، ئەمەیە: دەوڵەتى تورکیا کە بۆ ماوەى سى ساڵ كێشمهكێشى (پ.ک.ک)ى تەحەمولکردووە، هەروەکو ڕژێمى سەدام کە بۆ ماوەى چل ساڵ (1961- 1991) زۆر لە ناوچەکانى کوردستانى عێراقى لەژێر کۆنترۆڵدا نەبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا دەسەڵاتى بەسەر باقیى وڵاتدا پیادەدەکرد و بەهۆى بزووتنەوەى نەتەوەيى کوردەوە لەناونەچوو، بۆچى بەپێچەوانەى حکومەتى عێراقەوە ڕێگاى گفتوگۆ و چارەسەرى گرتۆتەبەر؟ چ هۆکارێک دەوڵەتى تورکیاى بەهێزتر و سەقامگیرترى هێناوەتە سەر مێزى گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەرى حیزبێک کە ماوەى پازدە ساڵە لە زینداندا ژیان بەسەردەبات؟
ئاشکرایە کە ئەم دوو ڕژێمە (عێراقى سەدام و تورکیاى ئەمڕۆ) و هەلومەرجە مێژوويیەکانى ئەوان جیاوازیيەکى زۆریان هەیە، یەکێک لەوانە شوێنى تورکیایە لە سیستەمى نێودەوڵەتى و ئهو پاشاگەردانیيەش کە ساڵەهایە بەسەر ئەم سیستەمەدا باڵادەستە. سیستەمى نێودەوڵەتى ئەمڕۆ کە هێزە ئیمپریالیستیە کۆنهكان، ئینگلتهرا و فەڕەنسا و ئەمریکا درووستیانکردووە، و دووبارە بە دواى دابەشکردنەوەى ناوچە داگیرکراوەکانى ژێر دەسەڵاتیانەوەن لە جەنگى یەکەم و دووەمى جیهانیدا، ئەمڕۆ بەزۆرى کەوتوونەتە ناو قەیرانەوە، و تایبەتمەنديى گرنگى ئەم پاشاگەردانيیە، شپرزەیى، و ناجێگیريى ئابورى و سیاسیيە. ڕکابەرە تازەکانى وەک چین و هندستان هاتونەتە مەیدانەکە و ڕوسیاش داواى پشكى خۆى دەکات. زیاتر لە دە ساڵ جەنگ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نەیتوانى هەژموونى ئەمریکا بەسەر ئەم ناوچەیەدا جێگیربکات کە کلیلێکە بۆ باڵادەستى بەسەر جیهاندا. ماوەى پێنج ساڵە ئەمریکا و هاوپەیمانانى ئینگلتهرا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا بێتوانایى خۆیان پیشانداوە لە چارەسەرکردنى قەیرانى سەرمایەدارى و هێشتنەوەى سیستەمى نێودەوڵەتى. ئەمریکا جگە لە شێوازە کلاسیکیەکانى لە نمونەى جەنگ و داگیرکارى، ڕفاندنى تاکەکان، کوشتارى نایاسایى، کەڵکوەرگرتن لە زیندانى نهێنى، ئەشکەنجەش بەڕیوەدەبات، و بە وتەى مافناسێکى ئەمریکى (فیلیپ سندز) ئەمریکا و ئینگلتهرا بەردەوام یاساى نێودەوڵەتى پێشێلدەکەن کە ههر خۆیان دایانڕشتووە. بە هەبوونى ئەوانە و لەگەڵیشیدا کەڵکوەرگرتن لە تەکنەلۆژیاى سەربازى، لە گرنگترین جەنگەکاندا ڕووبەڕووى شکست بوونەتەوە، کە لە دوو دەیەى کۆتایيدا لە عێراق و ئەفغانستان هەڵیانگیرساندوو. ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقا و زۆرێک لە ناوچەکانى دنیا لە ئاژاوە و ناسەقامگیريیدا دهژين. ئەگەر ئەمریکا بە ئاسانى ڕێبەرایەتيى بێڕکابەرى کەمپى ئیمپریالیستى ڕۆژئاواى گرتبێتهدەست، ئەمڕۆ لەگەڵ مایەپوچبوونى ئابورى و سیاسيى یەکێتيى ئەوروپا و يابان و بەردەواميى پەیوەستبوونیان بە ئەمریکا، دەستەى بەڕیوەبەري یان ڕابەريکردن دوچارى گرفتى جدی بۆتهوه و تواناى ڕێکخستنەوەى ئەم سیستەمەیان نیە. ئەم پاشاگەردانیيه بەو شێوەیەى کە بانگەشەى بۆ دەکرێت بەهۆى تەکنەلۆژیاى نوێى پەیوەندیيەکان و ڕۆڵهكهى لە (لەناوبردنى سنورەکان)یان (ئاوابوونى دەوڵەت نەتەوە)دا نیە، بەڵکو بەهۆى گەشەى ناهاوسەنگ و قەیرانى ئابوريى بەردەوام و بە ئێستاشەوە لە چارەنەهاتوى سەرمایەدارى نیولیبراڵە.
چ لە ڕابردوودا و چ لەمڕۆدا بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەى سیستەمى ئیمپریالیستى پێویستى بە دابەشکردنى کار بووە لەنێوان لایەنەکان یان داڕێژەرانى ئەم سیستەمەدا، تورکیا لە ڕابردووشدا، بەتایبەت دواى جەنگى دووەمى جیهانى، یەکێک بووە لە گرێ کوێرەکانى سیستەمەکە و ڕۆڵێکى کاراى گێڕاوە لە مانەوەیدا: لە ئەندامانى پەیمانى سەربازى ناتۆیە، یەکێک بووە لە سەربازگە سیخوڕیيەکانى ئەمریکا دژى یەکێتيى سۆڤیەت، لە هێرشى ئەمریکا بۆسەر کۆریا و ڤێتنام چالاکانە بەشداريکردووە، لە بەرگریکارانى ڕژێمى سەهیۆنیستى بووە. لەم لایەنەوە تورکیا ماوەیەکى زۆرە ئەرکى سەرباز یان پاسەوانێکى سیستەمى ئیمپریالیستيى لە ئەستۆیە. لە بارودۆخى پڕ ئاژاوەى ئێستاشدا ناکۆکیيەکى بچوکى بۆ درووستبووە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ڕۆڵى خۆى لە جەنگى 2003 دژى عێراق یا ناکۆکیيەک کە لەگەڵ ئیسرائیل بۆى درووستبوو یان ماهیەتى ئیسلامى حکومەتى ئێستاى، بەڵام هیچکامیان ئەم پەیوەنديیەى لەکەدار نەکردووە. لەڕاستيدا تورکیا ڕۆڵى پۆتانشێڵێکى گەورەى کاریگەر لە هێشتنەوەى سیستەمى ئیمپریالیستیدا دەگێڕێت. جیا لە پێگهى جوگرافى و ستراتیژى(((جييۆستراتیژى))) هەستیارى، تورکیا بە دووەمین سوپاى گرنگى ناتۆ دێتەهەژمار، وزەى مرۆيى و سروشتى تەواوى هەیە (جگە لە نەوت)، ئیسلامى (میانڕەو)ى پارتى دەسەڵاتدار لە تێڕوانینى ئەمریکا و یەکێتى ئەوروپادا ((مۆدێلى حکومەتى ئایدیاڵ))ـە بۆ وڵاتانى ئیسلامى. بەڵام تورکیا بۆ ئەوەى دەورێکى کاریگەر بگێڕێت لەم هەلومەرجە قەیراناویيەدا پێویستى بە سەقامگیريى سیاسى و جێگیرکردنى تواناى ئابورى هەیە. هەڵبەتە ئهو ڕۆڵهى کە تورکیا لەئەستۆيگرتووە تەنها ڕیشەى لە پێگەى ستراتیژى و جوگرافى(((جيۆستراتیژى))) و سەربازيیدا نیە، لە فەزاى ئایدۆلۆژیادا، پارتى دەسەڵاتدار (ڕ.ک.پ) کە دەسەڵاتى دەوڵەتى بەدەستەوەیە ئارەزووى ژیاندنەوەى هردهمى ئیمپراتۆرى عوسمانی دەکات هەتا ئەگەر بە فۆرمێکى (نوێ)ش بێت یاخود لە ڕووبەرێکى زۆر سنورداردا. پاش ڕووخانى ئیمپراتۆرى عوسمانى لە جەنگى یەکەمى جیهانیدا، ناسیۆنالیستە تورکەکان بە ڕێبەرایەتيى مستهفا کهمال (ئەتاتورک) خەلافەتى ئیسلاميى سوڵتانەکانى عوسمانیيان هەڵوەشاندەوە و کۆمارى تورکیایان پێکهێنا لەو ناوچانەى کە لە ئیمپراتۆرى عوسمانى مابویەوە، و جیاکردنەوەى دین لە دەوڵەت بوو بە یەکێک لە پایە ئایدۆلۆژیيە فەرمیيەکانى دەوڵەتى کەمالیستى. حکومەتى (ا.ک.پ) لەکاتێکدا کە بەهەمان ڕادهى کەمالیستەکان ناسیۆنالیستە، لەلایەنى ئایدۆلۆژيیشەوە لە هەوڵى ئاوێتەکرنى دین و سیاسەت و گرێدانى ناسیۆنالیزم و ئیسلامدایە. ئەم پرۆژەى ((عوسمانى نوێ))یەى تورکیا لەگەڵ پرۆژەى ((ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە))ى جۆرج بوش و ئارەزووى هەندێک لە سیاسەتمەدارانى ئەمریکا بۆ ((داڕشتنەوەى نەخشەیەکى نوێى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست)) و هێنانەسەر دەسەڵاتى ڕژێمى ((ئیسلاميى میانڕەو))دا دهگونجێت. هەندێک لە سیاسەتمەداران و ژەنەراڵە خانەنشینکراوەکانى ئەمریکا لە کاتى ڕودانى جەنگى 1991 دژى عێراق و دواى ئەوە بەڕاشکاوى گوتیان کاتێک کە هێزە ئەوروپیەکان لە ساڵى 1918 سنورەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیان کێشا، ئەمریکا ئامادەیى نەبوو و بەرژەوەندیيەکانى دابیننەکرا و ئەمڕۆ کاتى ئەوە هاتووە کە ئەمریکا ئەم سنورانە دوبارە بکێشێتەوە. بە زمانێکى تر، سیستەمى ئیمپریالیستى هەروەک 1914 و 1939 پێویستى بە دابەشکردنەوەى ناوچه نیوەداگیرکراوهكان و ناوچهكانى ههيمهنه ههيه.
پياده و پراكتيككردنى پرۆژەى عوسمانيى نوێ هەتا لە هەلومەرجێکى پڕ لە ئاڵۆزيى و ئاژاوەى وەک ئێستادا کارێکى دژوارە، تا ئهو جێيهى پهيوهنديى به دۆزى کوردەوە ههيه، ئاشتى لەگەڵ (پ.ک.ک)دا ئەگەر بگاتە ئەنجام، ئهوا هاوکاريى سەقامگیريى سیاسى و ئابوريى تورکیا دەکات، و دەوڵەتانى ناکۆک لەگەڵ ئەنقەرەش لە نمونەى ئێران و ڕوسیا و سوریا بێبەشدەکات لە کەڵکوەرگرتن لەم ناکۆکیيە. هەروەها دەشبێتە هۆى ئەوەى کە تورکیا لە لایەنى سەربازيیەوە دەستى کراوەتر بێت. ئەگەر بێتەوە یادمان، هەر لە دواى کۆتايى جەنگى ئەمریکا دژى سەدام و دەرکردنى هێزەکانى لە کوەیت، کاتێک کە سەدام سەرکوتکردنى شیعەکان و کوردەکانى فراوانترکرد، هەندێ لە ڕێبەرانى کورد خواستى خۆیان خستەڕوو بۆ لکاندنى کوردستانى عێراق بە تورکیاوە، چونکە بە باوەڕى ئەوان، ژمارەى کوردەکانى تورکیا زیاددەکات و تورکیاش لەژێر فشارى یەکێتيى ئەوروپادا ناچاردەبێت مافى نەتەوەى کورد دابینبکات. لەکاتێکدا ئەم بەرنامەیە جێبەجێ نەکرا، لە جێگەى گرێدانى بە تورکیاوە حکومەتێکى خۆبەڕێوەبەرى پێکهات، گۆڕانکاریيەکانى دواتر بەتایبەت جەنگى (2003)ى ئەمریکا و دەرەنجامەکانى ((حکومەتى ناوچەيى کوردستان))ى گۆڕى بۆ هێزێکى ئابوورى (نەوتى) و ناوچەى هەستیار. ئەمڕۆ تورکیا زیاتر سەرمایەگوزاريى ورد و گهورهى کوردستانى لەژێر دەستدایە و نەوتى ئەو ناوچەیە بۆ ئابوريى تورکیا و پرۆژەى سەربازى ڕۆڵێکى بنەڕەتى دەگێڕێت. لە هەمان کاتدا هەلومەرجى شلۆقى ناوچەکە دەرفەتى بە (پ.ک.ک)داوە کە لە کوردستانى سوریادا ببێت بە هێزێکى گەورە، لە ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەنقەرە و هەولێردا دهسهڵاتى خۆى ئهزموونبكات . لە هاوینى 2012دا کاتێک کە((پ.ى.د_ پارتى یەکێتيى دیموکرات)) کە ((یەکێکە لە پارتە کوردیيەکانى سوریا و لایەنگرى پ.ک.ک)) ناوچە کوردنشینەکانى سوریاى خستە ژێر دەسەڵاتى خۆیەوە، هەم هەولێر و هەم ئەنقەرەش زۆر نیگەران بوون. پاشەکشێى هێزەکانى سوریا لە ناوچە کوردنشینەکان و دەسەڵاتى پ.ک.ک بەسەر ئەو ناوچەدا و هەژموونى لەناو کوردەکانى سوریا لە لایەکەوە دەتوانێت ئەنقەرە بخاتە ژێر فشارەوە تا پرۆسەى ئاشتى پشتگوێ نەخات و لەلایەکى دیکەشەوە دەرفەت بۆ پ.ک.ک دەڕەخسێنێت تا یەکخستنى بەشەکانى کوردستان بخاتەبەرباس. لەکاتێکدا کە پرۆژەى ئاشتى لە جدیترین شێوەى خۆیدا بەرنامەى بەشداريى کوردەکان یان وردتر بڵێن بۆرژوازيى کورد لە دەسەڵاتى سیاسىدا دەخاتەڕوو. هەلومەرجى شێواوى ناوچەکە دەنگۆى درووستکردنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى (عێراق) و حکومەتى خۆبەڕێوەبەرى لە سوریا و تهنانهت تێکەڵاوکردنى هەردوکیان لە دەوڵەتێکى کوردیيدا هێناوەتە بەر باس. دەبێت ئهوهمان لەبەرچاو بێت کە لە تورکیادا پ.ک.ک ساڵەهایە بە شێوازى جیاواز لە ئاستێکى دیاریکراودا لە دەسەڵاتى سیاسیدا هاوبەش بووە. بۆ نمونە: ب.د.پ (پارتى ئاشتى و دیموکراتى) لە پەرلەمان ئامادەيى هەیە و یان ئامادەيى لە بەڕێوەبردنى شارەکاندا (لەڕێگەى شارەوانیيەکانەوە) لە هەندێ شوێندا فراوانە. یەکێک لە ئامانجە بنچینەیەکانى ئەم پرۆژەیە ئەوەیە کە بیرى شۆڕشگێڕى و بەدەستهێنانى دەسەڵاتى سیاسى لەڕێگەى خەباتى چەکداریيەوە بخرێتە لاوه، و لەکاتى مانەوەى ئەو سیستەمەى کە هەیە، پ.ک.ک و بۆرژوازيى کورد لە ڕێگاى پەرلەمانەوە لە دەسەڵاتى سیاسیدا بەشداری بکەن.
- وا دەردەکەوێت کە لە پشت ئەم پرۆژەى سازشە سیاسیيەى کە خەریکە درووستدهبێت، بنەماى ئایدۆلۆژى و تیۆرى بوونى هەیە کە ئەم بنەمایە لە فەزایەکى دیاریکراوى سیاسى و ناوچەيى- جیهانیدا درووستبووه. سەرچاوە مێژوویى و فەرمیيەکانى (پ.ک.ک) دەڵێن پاش چوونى ئۆجهلان بۆ زیندانى ئیمراڵى، واتا لە ساڵى 2000 دا ئەم پرۆژەى گۆڕانکاريی ئایدۆلۆژی و سیاسیە دەستپێدەکات و خودى ئۆجهلان لە کتێبێکى پینج بەرگیدا کە لەژێر ناوى (شارستانيهتى دیموکراتیک)دا بڵاويکردۆتەوە، ئەوەى فۆرمەلەکردووە و لەوێدا دەڵێت دەستمکرد بە دووبارە پێداچوونەوەى ئەزمونى سوسیالیزمى بنیاتنراو((ئهمرى واقيع))(کە مەبەستى ئەزمونى سۆڤيهته)ـە. هەروەها چەند گریمانەیەک بوونى هەیە لەبارەى وەرچەرخانى(پ.ک.ک) بەرەو ڕاستگەرایى. بۆ نمونە یەکێک لەوانە، باوەڕى وایە کە دواى داڕمانى یەکێتيى سۆڤيهت، ئەم ڕەوتەش وەک (ریڤیزیونیستەکانىRevisionist )ى دیکە بەرەو ڕاست وەرچەرخا. یان شيكردنهوهيهكى دیکە ئەوەیە کە لە ساڵى (2000)دا، واتا کاتێک کە دەنگۆى هێرشى ئەمریکا بۆ سەر عێراق و درووستکردنى دەوڵەتى کوردى لە عێراق دەگەیشتە گوێ، ئۆجهلانیش لەم دەرفەت و هەلە تێگەیشت و پاش ئەوە هەوڵيدا بە ئاراستەى هاوبەشبوون لەم بەرنامە و نەخشەیەدا کار بکات. ئایا ئێوەش پێتانوايه گریمانەیەکى لەم شێوەیە ڕاست بێت و ئەگەر ڕاستە، کامیان زیاتر کاریگەرتر بووە؟ شکستى سۆسیالیزم لە سەدەى 20 دا، یاخود ئەو فەزایەى کە لە ئاستى ناوچەکەدا درووستبووە؟
ئەمیرى حهسهنپور: (پ.ک.ک)لە ڕەوتى خەباتى سیاسيى دەیەى 1970 دا پێکهات و بە ناونیشانى (کرێکار) و بەرنامەى درووستکردنى کوردستانى گەورە و سوسیالیزم و مارکسیزم –لینینیزم و بە ئارمى چەکوش و داسەوە هاتە ناو مەیدانى خەبات. ئەم پارتە لە ماوەى سى و پێنج ساڵى خەباتى خۆیدا هەم کاریگەريى لەسەر بارودۆخى سیاسيى کوردستان و ناوچەکە داناوە و، هەم کاریگەريیش بوو بە گۆڕانکاريیە گرنگەکانى لە شێوەى کودەتاى بورژوازى لە چین لە 1976، داڕووخانى بلۆکى سۆسیالئیمپریالیستى سۆڤيهت لە ساڵى 1989 تا 1992، و بەدەسەڵاتگەیشتنى تیۆکراسيى ئیسلامى لە ئێران، و جەنگەکانى ئەمریکا دژى عێراق. بەڵام بە باوەڕى من نابێت (پ.ک.ک) بە ڕەوتێکى کۆمۆنیستى بدەینە قەڵەم، جا چ لە سەرەتاى سەرهەڵدانیەوە بێت یا لە گۆڕانکاریيەکانى دواتردا. سۆسیالیستيبوون یا کۆمۆنیستيبوونى حیزبێک یان کەسێک زیاتر لە هەر شتێک پەیوەستە بە ڕێبازى سیاسى و ئایدۆلۆژيى ئەو حیزبە یان ئەو کەسە، نەک بە ئينيتما و پێگه یان کرێکار بوونى ئەندامانى یا ڕێبەرەکەى. (پ.ک.ک) وەک بزاڤێکى چەپ لە بزووتنەوەى نەتەوەيى کوردستانى تورکیادا دەرکەوت، هەروەک ئەوەى کە (( کۆمەڵەى مارکسى_ لینینى)) لە کوردستانى عێراق و ((ڕێکخراوى شۆڕشگێڕيى زەحمەتکێشانى کوردستان)) لە کوردستانى ئێراندا لە هەمان دەیەدا هاتنە ناو مەیدانى خەباتەوە. چەپبوونیشیان بەتایبەت لە دابڕانیان لە ڕێبازى فیوداڵى باڵادەستدا بوو بەسەر بزوتنەوەى نەتەوەيى، ئەم دابڕانەش هەم بەهۆى گۆڕانکاريى کۆمەڵایەتى_ئابوريى کوردستانەوە بوو و هەم کاریگەر بە بزووتنەوەى کۆمۆنیستيى نێونەتەوەيى، بەتایبەت"جیابوونەوەى گەورە"بە سەرکردایەتيى ڕێبەرى حیزبى کۆمۆنیستى چین. بەڵام لەکاتێکدا کە ڕێبازى (پ.ک.ک) و هەردوو کۆمەڵە بە گۆڕانکاريیەکى گرنگ لە بزووتنەوەى نەتەوەيى کوردستان هەژماردەکرێت، وەرگەڕان بەرەو چەپى ئەم بەشەى بزووتنەوەى نەتەوەيى، واقيعێكى تايبهت و تاقانه و ئاوارته نهبوو. لەڕاستيدا، لە دەیەى 60 و 70 زۆرێک لە ڕەوتە ناسیۆنالیست و بزووتنەوە ئازادیخوازە نەتەوەییەکان لە ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکاى لاتین بانگەشەى ئەوەیان دەکرد کە لە مارکسیزم، لینینیزم و ماویزمهوه ئیلهام وەردەگرن. بۆ نمونە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بزاڤى فەلەستین و بزووتنەوەى ئازادیخوازى عومان و هەتا ((پارتى دیموکراتى کوردستان))يش کە لە حیزبى شوعى عێراقى جیابووبوویەوە و ڕەوتێکى تەواو ناسیۆنالیستى بوو، لە دهستور و کارنامەى خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە ئیلهام لە مارکسیزم _ لینینیزم وەردەگرێت. بەڵام لەگەڵ هەبوونى زۆرێک لە شۆڕشگێڕانى شەیداى کۆمۆنیزم لەناو (پ.ک.ک) و هەردوو کۆمەڵەشدا، هیچ یەک لەم ڕێکخراوانە نەیانتوانى لە جیهانبینى سەرمایەدارى و سیاسەتى ناسیۆنالیستى داببڕێن.
ئۆجهلان پێش دەستگیرکردنیشى، بۆ نمونە پێش لە ڕفاندنى کاتێک بۆ ماوەیەکى کەم لە 1998 لە ئەوروپا بوو. پێشنیارى ئاگربەست و گفتوگۆى بۆ چارەسەرى سیاسيى دۆزى کورد کردبوو. بێگومان هەلومەرجى زیندانيبوون سنوردارێتیيەکى زۆر بۆ هەر خەباتگێڕێک درووستدەکات، ئەم سنوردارێتیيەش کاریگەرى لەسەر ڕێباز و بەرنامەى خەباتگێڕێک یان رێبەرێکى بەندکراو دادەنێت. زیندانەوان، واتا حکومەت، ئهوه دیاريدەکات کە زیندانى چ شتێک دەخوێنێتەوە یا ناخوێنێتەوە، چ شتێک دەبیستێت یا دەبینێت، کامە قسە و فیکر ڕێگەى چوونەدەرەوەى زیندانى پێدەدرێت. بەڵام هەڵەیە ئەگەر گۆڕانکاريی ئاراستەى ئەم بەندکراوە ئاوارتەیە بە کۆت و بەندەکانى زیندانەوە ببەستینەوە. ئەو خۆى لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بە ناونیشانى ((مانیفێستۆى چارەسەرى دیموکراتى دۆزى کورد)) کە لە ساڵى 1999 بڵاوبۆتەوە، نوسیویەتى ماوەیەکى زۆر بەر لە زیندانيکردنى، لە مارسى (1993)دا ئاگربەستى ڕاگەیاندبوو، هەروەها لە زۆر جێگاى دیکەشدا گفتوگۆکردنى بۆ چارەسەرى دیموکراتیانەى دۆزى کورد پێشنیارى کردبوو. لە هەمان نوسراودا دەربارەى ڕووخانى بلۆکى سۆڤيهت ئاشکرايدەکات کە (( ئیستا کە بە کۆتايى سەدەى بیستەم دەگەین، سەرکەوتن لەم دیموکراسیيە کە بەشێوەیەکى بەردەوام بەرهو کەماڵ دەچێت)) و ئەمریکا و ئینگلتهراش نمونەى مێژوويى ئەمەن. ئەو لەم نوسراوەدا ئەزمونى سۆسیالیزم لە سەدەى بیستدا بە ((توتالیتاريزمى يهكسانيخوازى پهڕگير)) ناو دەبات و باوەڕى وایە کە هەروەک ((تۆتالیتاریزمى خنکێنەرى فاشیزم و ناسیۆنالیزمى بۆرژوازى)) شکستىهێناوە و هەروەها لە چوارچێوەى دیموکراسى چۆتەدەرەوە. لە ئاشکراکردنى ئەم تێڕوانینانە و زۆرێک لە نوسینەکانى دیکەشیدا ڕوونە کە ئۆجهلان لەبرى ڕەخنەى مارکسیيانه لە گەڕانەوەى بۆ سەرمایەدارى بۆ سۆڤیەت (1956) و چین (1976) هەموو ئەزمونى سۆسیالیزم لە سەدەى بیستەمدا ڕەتدەکاتەوە و لە کامڵکردن و چاکسازیکردنى دیموکراسيهتى بۆرژوازىدا بە دواى ئایندەدا دەگەڕێت.
لەکاتێکدا کە ((وەرچەرخان بەرەو ڕاست)) لەوانەیە بە درێژايى چالاکيى هەر ڕێکخراوێکى سیاسى ڕووبدات. پرۆژەى ئاشتى لە نێوان (پ.ک.ک) و ئەنقەرەدا ناتوانرێت لە چوارچێوەى وەرچەرخانێکى لەم شێوەیەدا شرۆڤەبکرێت، هەر ڕێکخراوێکى سیاسى لە دۆخى خەباتدا دەتوانێت لە هەلومەرجێکدا گفتوگۆ ئەنجامبدات، بەڵام ئەوەى کە گرنگە ئامانجى گفتوگۆ و ئاراسته و ڕێبازى ڕێکخراوەکەیە. گفتوگۆ و دوژمنایەتى یان جەنگ و ئاشتى دوو دیاردەى جیا لە یەکتر یا دژبەرى یەکتر نین بەڵکو لە پەیوەنديیاندا دەکەونە ناو یەکێتيى دژەکانەوە. لە هەندێ دۆخدا ڕێککەوتنى باش، زەروورى و بگره هەنگاوێکیشە بۆ پێشەوە، بەڵام ئەگەر لە خزمەتى بەردەوامیداندا بێت بە خەبات نەک کۆتایىپێهێنانى. بزووتنەوە ناسیۆنالیستیەکان ئایدیاڵ و ئامانجیان درووستکردنى دەوڵەتى نەتەوەییە لە چوارچێوەى سیستەمى سەرمایەداريیدا، ئەگەر بزانن بە ئامانجێکى وەهاش ناگەن ئەوا بە خۆبەڕێوەبەرى و وەرگرتنى مافى نەتەوەيى و هاوبەشى لە دەسەڵاتى سیاسیدا ڕازيدەبن. لە بارودۆخى ئێستادا، بزووتنەوە نەتەوەییەکان بە پەیڕەويکردن لە پێویستیيە فیکرى و چینایەتیيەکانى خۆیان، لە باشترین حاڵەتدا، لە بیرى دەستڕاگەیشتن بە دیموکراسيهتى بۆرژوازى و ڕیفۆرمى ئەوەدان لەڕێگەى گەڕانەوە بۆ ئایدیاکانى سەردەمى ڕۆشنگەرى ((واتا سهردهمى شۆڕشى بۆرژوازى بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە سەدەى 18)). ئەم دیموکراسیەته هيچ نیە جگە لە ((سیستەمى ماف))، ((دەسەڵاتى یاسا))، ((حکومەتى پەرلەمان))، ((هەڵبژاردنى ئازاد))، ((مافى شارنشینى)) و هەموو خهسڵهتهكانى سیستەمى ياسايى _ سیاسى سەرمایەدارى.
- ئاشکرایە کە ڕێبەرايهتيى (پ.ک.ک) و بە تایبەتیش کەسایەتى عهبدوڵا ئۆجهلان له شهووڕۆژێكدا بەم شرۆڤانە و کۆکردنەوەیان نەگەیشتووە و تێڕوانینەکانى لەسهر بنەمایەکى تیۆريى دیاریکراو سودمەندە، و پرۆسەیەکى بڕیوە تاوەکو ئەمڕۆ بەو خاڵەى ئێستا گەیشتووە. تایبەتمەندیيەکان و ناوەندە بنچینەییەکانى ئەم پرۆسەى گۆڕانکاريیە چیە. تهوهره سهرهكييهكانى ئهم پرۆسهى فۆرمگۆڕين و وهرچهرخانه چيه؟ ئایا لە تیۆر و بیرى سیاسى (پ.ک.ک)دا لەسەرەتاوە ئاماژەیەکى لەم شێوەیەى وەرچەرخان بەرەو ڕاست، بوونى هەبوو یاخود لە جێگایەکى دیاریکراودا بەم خاڵە گەیشتووە؟
ئەمیرى حهسهنپور: ئۆجهلان لە ماوەى سى و پێنج ساڵى چالاکيى (پ.ک.ک)دا زیاتر لە پازدە هەزار لاپەڕە بابهتى نوسیوە و دەتوانرێت بەوردى بەدواى گۆڕانکاریيە فیکریيەکانیدا بچیت، ئەگەرچى لە یەک دیمانەدا تەنها دەتوانرێت تهنيا ئاماژه به سهرهكييترين سهربابهتهكانى بكهيت. چ لەبارەى ئۆجهلانەوە و چ لە بارەى ئەوانى دیکەوە. پشتگوێخستنى سۆسیالیزم یا کۆمۆنیزم و باوەشکردنەوە بۆ دیموکراسيهتى بۆرژوازى ڕیشەى لە لایەنى فیکرى و زهینيدایە واتا هۆشیارى، و هۆشیارى هەمیشە لە پەیوەندیيدا بە مادەوە یا هەلومەرجى مادیيەوە ماناى خۆى وەردەگرێت. هەلومەرجى مادى گۆڕانکاريیە فیکریيەکانى ئۆجهلان جۆراوجۆرە کە یەکێک لەوانە داڕمانى بلۆکى سۆڤیەتە کە ڕۆشنبیرانى بۆرژوازى ئەوە وەک سەرکەوتنى سەرمایەدارى و لەناوچوونى یەکجارەکيى سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم پيشاندهدهن و، بەپێچەوانەشەوە کۆمۆنیستەکان بە پێشوازيەوە چوون، چونکە لەڕاستيدا سیستەمێکى سەرمایەدارى بوو بە دەمامکى سۆسیالیزمەوە. بە داڕمانى بلۆکى سۆڤیەت، ئومێدى زۆرێک لە بزووتنەوە نەتەوەییەکان کە بە دژایەتى ههردوو هێزى ئیمپریالیستى ئەمریکا و سۆڤیەت دڵیان خۆشکردبووگۆڕا بۆ نائومێدى. لەڕووى هۆشيارى و ئاگاییشەوە، ئۆجهلان ههر له سەرەتاى خەباتەوە، تێگهيشتنێكى مارکسييانهى بۆ ماهیەتى سەرمایەدارى و سۆسیالئیمپریالیستيى سۆڤیەت نەبووە و مایەى سەرسوڕمان نیە کە داڕووخانى بلۆکى سۆڤیەت بە کۆتاى سۆسیالیزم بداتەقەڵەم. بەڵام لە دیدى مارکسیزمەوە، سۆسیالیزم لە سۆڤیەت نەک لە سەرەتاى دەیەى 90 دا بەڵکو سێ دەیە پێش ئەوە و لە کودەتاى (خرۆشۆڤ)لە ساڵى 1956دا شکستى هێنابوو، ئەم شکستە لەگەڵ کودەتاى سەرمایەدارى لە (چین) لە ساڵى 1976 یاساکانى خەباتى چینایەتى ڕۆشندەکاتەوە نەک سەرکەوتنى سەرمایەدارى و ((کۆتايى مێژوو)). لەم لایەنەوە بۆ کۆمۆنیستەکان ماناى داڕووخانى ئەم بلۆکە نەک چۆکدادان لە بەرامبەر سەرمایەدارى بەڵکو هاندەرێکى ئاگایانەترە بۆ لەناوبردنى ئەم سیستەمە. ئەزمونى بزووتنەوەى کۆمۆنیستى لە سەدەى بیستدا، هەم شکستەکانى و هەم سەرکەوتنەکان، زياتر هۆشیاريى مارکسييانهى بەرەوپێشەوە برد، بەڵام کۆتاییەک بۆ دژایەتى ئاگایى و مادە چاوەڕوان ناکرێت، سەرمایەدارى لەسەر شانۆى شۆڕشى تەکنەلۆژیاى بەردەوامى دەیەکانى دوايين، ماوەیەکە کەوتۆتە ناو قەیرانێکى جدیيەوە، نەک تەنيا کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەڵکو مانەوەى سرووشتیشى خستۆتە مەترسیيەوە. بۆ بزووتنەوەى کۆمۆنیستى کۆتایيهێنان بەم پرۆسهيهى لەناوچوونى کۆمەڵگا و سرووشت لە چوارچێوەى سیستەمى سەرمایەدارى یان گەڕانەوە بۆ سیستەمەکانى پێش سەرمایەدارى شتێكى مومکین نیە. ئەمڕۆ سنورى خەباتى خەڵکانى دونیا دژى ئەو هەلومەرجەى لەئارادایە فراوانە، ڕێگرى بنچينهيى لەڕووى ئاگاییەوەیە، واتا لە ڕێبازى سیاسى و ئایدۆلۆژى. پیاوانى دونیا_ ژنان، کرێکاران، گوندنشینان، زەحمەتکێشانى شار، کەمینەکان...مەیدانى خەبات چۆڵناکەن، بەڵام ڕێبەران لە لایەکى دیکەوە ئەوان دەکێشنەوە ناو پەیوەنديیەکانى سەرمایەداريیەوە. تێگەیشتنى نامارکسیانە لە ناو نوسینەکانى ئۆجهلاندا هەمە لایەنەیە. بۆ نمونە، ناتوانرێت گرنگترین سەرچاوەى تیۆرى مارکسیستى لەناو کتێبەکانى ئەودا بدۆزیتەوە، من تەنيا ناونیشانى هەندێک لەو بابەتانە ڕیزدەکەم: ئەوەى کە ئامانج کۆمۆنیزمە نەک سۆسیالیزم، سۆسیالیزم کۆمەڵگاى ڕاگوزەرە، تێپەڕین لە سەرمایەداريیەوە بۆ کۆمۆنیزم، سەرتاسەرى ماوەى سۆسیالیزم کە ماوەیەکى دوورودرێژە چینەکان بوونیان هەیە و ململانێى چینایەتیە کە شکست یان سەرکەوتنى تێپەڕینهكه دیاريدەکات، سۆسیالیزم بە گرتنەدەستى دەسەڵاتى سیاسى بەئەنجامناگات، بەڵکو دەستپێدەکات، هەر هەنگاوێک کە بۆ سنوردارکردنى پەیوەنديیەکانى سەرمایەدارى بنرێت خەباتى چینایەتیە، بنیاتنانى سۆسیالیزم و تێپەڕین بەرەو کۆمۆنیزم پرۆسەیەکى بەشداريى ئاگایانەیە لە واقیعى ماديیدا، سەرمایەدارى هەرگیز خۆبەخۆ بە سوسیالیزم ناگات و چینى سەرمایەدار و دەوڵەتەکەى ڕێکخراوترین کۆسپن لەبەردەم پێشڕەوى بەرەو سۆسیالیزم، بە دەوڵەتيکردنى ئامرازەکانى بەرهەمهێنان بە ماناى سۆسیالیستيکردن نیە، تاکى کرێکار بەبێ هۆشیاريى چینایەتى جگه له بۆرژوازێک زیاتر هيچى تر نیە، خەباتى کرێکار بۆ هەقدەست و باشکردنى هەلومەرجى کار دەچێتە چوارچێوەى پەیوەندیيەکانى بۆرژوازيى کڕین و فرۆشتنى هێزى کارەوە، دیکتاتۆريهت بە ماناى زۆردارى، زۆرهملێى، دەسەڵاتخوازى و ملهوڕى نیە ((ئەمە تێگەیشتنێکى لیبراڵیانەیە بۆ ئەم چەمکە))، بەڵکو فۆرمێکى پیادەکردنى دەسەڵاتى چینێکە بەسەر چینێکى تردا، بەم مانایە دیکتاتۆريهت لەگەڵ دیموکراسيهتدا دژى یەکتر نین، بەڵکو پێکەوە دوو شێوازى پیادەکردنى دەسەڵاتى یەک چین پێکدەهێنن. دەوڵەت و حیزب، لە نمونەى حیزبى کۆمۆنیست و دەوڵەتى سۆسیالیستى، هەردووكيان دیاردەى کۆمەڵگاى چینایەتین و لەناوچوونى هەردووکیان پێشمەرجى تێپەڕینە لە کۆمەڵگاى چینایەتيى سۆسیالیزمهوه بەرەو کۆمەڵگاى بێچینى کۆمۆنیزم، لەکاتێکدا کە دەوڵەت و حیزب دیاردەى چینایەتین، تێپەڕین لە سۆسیالیزمەوە بەرەو کۆمۆنیزم بەبێ ڕێبەرى حیزب و دەوڵەت شتێكى مومکین نیە و ئەمە ناکۆکیيەکە کە لە سەردەمى مارکسدا و لەناو بزووتنەوەى کۆمۆنیستى لەبەرامبەر ئەنارشیزمدا ناسراوە، بەڵام ماهیەتى ئەمە هێشتايش بۆ زۆرێک ههر ڕوون نیە.
ئەگەر لە سەرەتاى کارى (پ.ک.ک) تێگەیشتنى نامارکسیانە لە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم پرۆسهيهكى سهرهكى بوو، [بهڵام] لە ساڵانى دواترى ئیمراڵی پشتگوێخستنى مارکسیزم پرۆسهيهكى سهرهكى بوو. ئەمەش تەنيا بەهۆى هەلومەرجى زیندانەوە نیە. ((جەمیل بایک)) کە تا ماوەیەک لەمەوپێش فەرماندەى سەربازيى (پ.ک.ک) بوو، لە پێشەکیيەکدا کە بۆ یەکێک لە نوسینەکانى ئۆجەلانى نوسیوە، ئاماژه بۆ ئەم پرۆسە گۆڕانکاريیە فیکرى و پراکتیکیيەى حیزب و ڕێبەرایەتى دەکات:
»شرۆڤەکانى ئۆجهلان تێڕوانینێکى نوێى لەبارەى کاریگەريى دوولایەنەى دیموکراسى و کۆمەڵگا لەلایەک و سۆسیالیزم لەلایەکى دیکە خستەڕوو. تێڕوانینى ئەو لەبارەى پێشخستنى بنەماکانى کۆمەڵگاى مەدەنيى دیموکراتى، پێداچوونەوەى بنهما و كۆڵهكهكانى (پ.ک.ک)ى کرد بە پێویستى... بەریەکەوتنێکى توند لەناو (پ.ک.ک)دا درووستبوو دەربارەى نوێکردنەوەى فیکر و ئایدۆلۆژیا. ئێستا ئایدیاکانى مارکس، ئەنگلس و لینین لە گۆشەنیگاى جیاوازەوە تەماشا دەکرێت. ئهو بنەمایەى کە ڕێزى لێدەگیرا دەبوو بخرێنە ژێر پرسیارەوە... نوێکردنەوە بەو مانایە نیە کە ئێمە سۆسالیزممان وەک ئامانج وەلاوهناوە، بەپێچەوانەوە، ئیمە ئەم پرۆسەیە ناودەنێین قوڵبوونەوەى باوەڕەکانمان. بردنەژێرپرسیارى ڕادیکاڵى دەوڵەت وەک ئامرازى دەسەڵات هاوشانى گومانکردنمان لە پێگەى (پ.ک.ک)وە سەرچاوەيگرتووە. دەوڵەت بە هۆى جەوهەرەکەیەوە لە دژایەتیدایە لەگەڵ کۆمەڵگا و دیموکراسیدا. لەبەر ئەمە شتێكى لۆژیکیيە کە دۆکترینى سۆسیالیزمى کلاسیک، دیکتاتۆريهتى پرۆلیتاریا بخرێتەلاوە، لە کۆتايیشدا بە تێگەیشتنێک لە سۆسیالیزم دەگەین کە چیتر ئەرگۆمێنت و پێگەى دەوڵەت_سەنتەر بەکار ناهێنێت. واتا ئێمە گەیشتوینەتە ئەو باوەڕەى کە سۆسیالیزم ناتوانێت لە چوارچێوەى دەوڵەتدا درووستببێت. لە دەرەنجامدا (پ.ک.ک) لە ئامانجى پێشووى خۆى کە (دەوڵەت_نەتەوە) بووە بۆ نەتەوەى کورد چاوپۆشيکرد و بڕیاریدا دۆزى کورد بە شێوازێک چارەسەربکات کە ئەو سنورانەى هەیە دەستکارى نەکات. سیاسەتى ئێمە ئیدى بەدەستبەسەراگرتنى دەسەڵات یان دەوڵەت کە تا ئێستا نیشانەى زەروورى شۆڕشێکى سەرکەوتوو بووە بەدەستنایەت...»1
بەم شێوەیە، بە تێگەیشتنێکى لەم چەشنەى پەیوەنديى نێوان دەوڵەت و شۆڕش ئەو ئەگەرە دێتەئاراوە کە لە چوارچێوەى سیستەمى سیاسى، ئابورى و کۆمەڵایەتيى تورکیا هەم مەسەلەى نەتەوەيى چارەسەربکرێت و هەم دیموکراسى و سۆسیالیزميش بێنەبوون.
سهرچاوه:
- http://cpimlm.com/showh3.php?Id=569&p=65