A+    A-
(550) جار خوێندراوەتەوە

       دەربارەى گرووپەکانى خوێندنەوە

 

 

 

 

یەک لە دیاردە کەلتورییە مۆدێرنەکان، کارى بەکۆمەڵە؛ و یەک لەو کارانە بەکۆمەڵ‌خوێندنەوەیە. لە پێش مۆدێرنەشدا مرۆڤ کارى هەرەوەزیی هەبووە، بەتایبەت لەسەر بنەماى کۆمەڵێک شوناسى نزیک و خوێنى و خێزانى. بەڵام لە مۆدێرنەدا گردبوونەوەکە هى کۆمەڵێک خەڵکى "دوور"تر و نەناسن کە لە خوێن و خێزان تێدەپەڕن و بە زمانى ئەمڕۆ نیشتەجێى ناو کۆمەڵگاى مەدەنى/فەزاى گشتى دەبن. گرووپى خوێندنەوەى کتێب، گردبوونەوەى هاوڕێ/ناهاوڕێ، هاوشاری/هاوڵاتییە کە ئامانجەکەیان تەنیا خوێندنەوەى کتێبەکە نیە. ئەوە دەسکەوتە ئەزموونییەکەیە، سوودە بەرچاوەکەیە کە پێشوەخت بە گریمانە وەردەگیرێت و مشتى لێ دەگرنەوە. بەر لەوە ڕەگەزێکى ترانسێندێنتاڵ (بڵندنشین) هەیە کە دەکەوێتە پێش سوودى کتێبەوە وەک کتێب، پێش فێربوون وەک فێربوون: ئەو ڕەگەزە خودى گردبوونەوەکەیە، بەبێ گردبوونەوەکە هیچ سوود و دەسکەوتێکى ئەزموونى لە ئارادا نابێت. گردبوونەوەکە پێشوەخت چەمکە باوەکەى "سوود" لاوازدەکات و ئامانجێکى مرۆییتر و ڕۆحییتر دەڕەخسێنێت کە تەواو ناکاتە "سوود". دەشێت هەمان "سوودى فێربوون" لە بۆنەیەکى تریشدا دەستبکەوێت، بەڵام بەو چەشنە مرۆڤ ڕانەکێشێت کە لە گرووپێکى گرددا هەیە.

لە دوو تا سێ دەیەى ڕابردوودا، چەندین گرووپى خوێندنەوە لە واقیعى ئێمەدا هەبوون. هەر کۆمەڵێک خوێنەرێکى گەنج کۆدەبوونەوە و کۆمەڵەیەکیان پێکەوەدەنا و ماوەماوە گفتوگۆیان لەسەر کتێبێک دەکرد. خاڵى ئەرێنیی ئەم گرووپانە، ئەوەندەى مرۆ تێبینیی کردبێت، ئەوەیە کە خوێندنەوە و کتێب ویستوویەتى ببێتە "گوتار"، گوتارێکى کەلتورى و ڕۆشنبیرى و هتد. ئەو کڵیشە جیاوازانەشى لەم دیاردەیەوە دەکەوتەوە، دیسان خڵتەوخۆڵى دەورى ئەم گوتارە بوو. خاڵى نەرێنییش ئەوەیە کە ١) تەمەنى گرووپەکان کورت بوون ٢) لە هەڵبژاردنى کتێبدا پەرتەوازە و بێ‌بەرنامە بوون ٣) نەبوونى ڕوئیا. ئەم سێ خاڵە، دەشێت سێ خاڵى تر لەخۆیدا بشارێتەوە: ١) ناجێگیریی کۆمەڵگاکە هۆکارێک بووە بۆ ئەوەى ئەو چالاکییە بەکۆمەڵانەش زۆر نەخایەنن و زوو بتوێنەوە. ئیتر ناجێگیرییەکە خۆیشى هەمیسان لە چەندین ڕەگەزى تر پێکدێت ٢) کەمیی سەرچاوە و هەژاریی کتێبخانەى کوردى، وایکردووە کتێبەکان لە گۆترە هەڵبژێردرێن و خوێنەرەکە چڵاوچڵ بکات. دیارە مەرج نیە هەمیشە کتێبەکان کوردى بن، وەکچۆن مەرج نیە کتێب مادەیەکى سەرەکى بێت و دەشێت مرۆڤ چەندین دانیشتن لەسەر یەک وتار بکات. ئەمە بێ لەوەى کە دەکرێت چەندین مانگ، بە دەقێکەوە خۆخەریکبکرێت ٣) ئەم خاڵەیان ڕەنگە زۆر جێى ڕەخنە نەبێت، چونکە کۆمەڵێک کەس کە گرووپێک درووستدەکەن لەسەرەتاوە ناتوانن دید و ڕوئیایەکى ڕوونیان هەبێت، دەشێت لە وەڵامیشدا بڵێن ئازادى و زەوقێکى کراوە ئێمەى کۆکردووەتەوە. تا ئێرە درووستە. بەڵام هەر ئەم وەڵامە، ئەو ڕەخنەیەش لە هەناوى خۆیەوە هەڵدێنێت کە دەشێت نەبوونى دیدێکى ڕوون و بیرکردنەوەیەکى ڕوون لەپشت گردبوونەوە مرۆییەکانەوە زیانى خۆى جێبهێڵێت و بنخانى گرووپەکە سست بکات و لە جێیەکیشدا هەڵیوەشێنێتەوە.

هەر چالاکییەکى مرۆیی، دواى خۆى سوبێکتێک جێدەهێڵێت، سوبێکتێک وێڕاى ئەوەى لە ژمارەیەک کەس پێکدێت بەڵام خۆى بەناوەڕۆک کۆیە. ئەو سوبێکتە یاخۆ ئەو بکەرەى لە چالاکییەکى دەستەجەم دەکەوێتەوە لانیکەم بەرهەمى ئەو سێ خاڵەى سەرەوەیە (گەر گرووپێکى خوێندنەوە بەنمونە وەربگرین). مەرج نیە ئەم سوبێکتە، هەتاهەتایی بێت و پەیمانێکى پیرۆز بیباتەڕێوە؛ بەڵکو خۆى دواسنورى هەر چالاکییەکى بەکۆمەڵى مرۆییە. هەر چالاکییەک نەگاتە ئەو سنورەى خۆى، کەواتە نەگیەشتووە بە غایەتى چالاکییەکەى، بە خودئاگایی، یان بەو ئازادییەى کە زۆرجار لە دەرەوەى ئەم مەرجانەوە دەورووژێنرێت. خوێندنەوە بۆ گرووپێکى خوێندنەوە، ئەو پرۆسەیە یاخۆ ئەو ڕێڕەوەیە کە گرووپەکەى پیا دەگاتە خۆناسین، بەسوبێکتبوون، ئازادبوون. پێدەچێت بتوانین بڵێین لە ڕابردووى ئەو دۆخەى گرووپەکاندا، هەرگیز سوبێکتێک درووستنەبووە کە جەوهەرى خۆى لە کۆیەتییەکى عەقڵانى و ئازادانەوە وەرگرتبێت. هەوڵەکان لە نیوە و کەمتر لە نیوەدا کۆتاییاندێت. واتە لەڕووى چۆنایەتییەوە، ناگەنە دۆخى بەسوبێکتبوون و لەوە بەئاگانایەنەوە کە عەقڵێکى هاوبەش و ئاگاییەکى هاوبەش خوڵقابێت. لەڕووى چەندایەتییشەوە، جار هەیە بەردەوامى هەیە، بەڵام بەردەوامییەکى ڕۆتینى، نەزۆک، و بێ‌جووڵە. ئەو پرۆسەى بەسوبێکتبوونەى باسمانکرد، خۆى بەرهەمى جووڵەیە. جووڵەى بەکۆمەڵى کۆمەڵێک کەس کە دۆخى تاکەکەسیی خۆیان تێدەپەڕێنن و پاشان دەگەنە جۆرێک لە کۆیەتى کە هەم بریتییە لە تاکەتاکەى خۆیان و هەم شتێکى لەوە زیاتریش. لاى ئێمە دۆخەکە بەجۆرێکە نەک وەک تاک و نەک وەک کۆیش، بەدەگمەن درێژە بە هێڵێکى کار و فیکر بدرێت. لە گرووپەکانى خوێندنەوەدا، ئەم هێڵە لە لاوازترین ئاستى خۆیدایە بۆیە هەڵدەوەشێتەوە. تەنانەت جەبرى کۆمەڵایەتى لە گرووپەکە بەهێزترە و هێشتا ڕێسا خێزانى و کۆمەڵایەتى و سوودخوازییەکان دەتوانن بەسەر کارى گرووپدا زاڵ ببن و کەسێک لە گرووپ داببڕن. هێشتا ئەو ویستە ئازادە بوونى نیە کە بە ماناى تەواوى وشەکە چالاکییەکى بەکۆمەڵ هەڵبژێردرێت، درێژەى پێ بدرێت، دیدێکى کەمتازۆر ڕوونیش هەبێت. بگرە زۆرجار ئەوانەى خۆیان دەکەن بەناو چالاکییەکى گرووپییدا، ناوبڕێکى کاتى ئەزمووندەکەن و پاشان دەگەڕێنەوە سەر ڕیتمە کۆمەڵایەتییە باوەکە. گرفتێکى ژێرەوانکێى ترى گرووپەکان، تێنەپەڕاندنى ئەو دۆخە دەروونییەیە کە لە کۆى کۆمەڵگاکەدا هەیە. ئەم کێشەیە بەشێوەیەکى زیمنى ئیشدەکات کە جار هەیە هەڵدەکشێت بۆ خاڵێکى سەرەکى و چارەنووسى گرووپەکان دەخاتە مەترسییەوە. یەک لەو دۆخە دەروونییانە، خۆسەلماندنى ئەندامەکان و هەستیاریی کۆمەڵایەتى و ناواخن‌نەبوونەوەى مەعریفییە. لەمانەشدا ناوکى کۆمەڵگاکە بەرهەمدێتەوە و دەبێتەوە بە بەشێک لە سرووشتى گرووپەکانى خوێندنەوە. هەر ئەوەشى کە هەرکەسێک لە ئاوازێک دەخوێنێت و ڕایەکى هاوبەش درووستنابێت، بەرهەمى ئەم دۆخە دەروونییە بەراییەیە. گرووپەکان وەک جڤاتێکى ڕاگوزەریان لێ دێت کە دەردى هیچ ئەندامێکى تیمارنەکردووە. بۆیە بەشێک لە بەشدارانى گرووپەکان، واز لە کتێب دەهێنن و پەنا بۆ شتانێکى تر دەبەن کە ئاسانتر ئەو ڕۆڵەیان بۆ دەگێڕێت. تەنانەت کۆى دۆخى کتێب لە کۆمەڵگاى ئێمەدا، کەمتر دەچێتە خانەى گوتارى ڕۆشنبیرییەوە و ئەرکى خۆى وەک کتێب ڕادەپەڕێنێت. کتێب پتر بەڵاگەردانى کۆمەڵێک کێشەى ترە کە لە جەوهەردا سەر بە کتێب خۆى نین.

ئەو کەسەى ڕوودەکاتە گرووپێک، پێویستدەکات پرسیارى هەبێت. کۆمەڵێک سەرێشەى هەبێت پێویستى بە وەڵام بێت. کرۆکى مەعریفە، ئەم سەرێشەیەیە. پرۆسەى گەڕان بەدواى وەڵامدا، پرۆسەیەکى ئاسان نیە. هەتا لەمڕۆشدا کە ئاسانکارى و ئاوەڵابوون هەیە، کەچى تەمومژ و ڕاڕایی ناهێڵن وەڵامەکان ڕاستەوڕاست بگەنە مرۆڤ. بە مانایەک لە ماناکان، ئەمڕۆ دۆزینەوە و گەیشتن بە وەڵامێکى بنجبڕ، لە جاران قورسترە.یان هیچ نەبێت بەشێک لەو چێژەى جاران لەبارچووە کە مرۆ دەگەیشت بە وەڵامێک. گەیشتن بە وەڵام، گەیشتنە بە ئارەزوویەک، یان ئۆبێکتى ئارەزوویەک. ئەو گەیشتنەش لەڕووى دەروونى و ڕۆحییەوە، چێژى خۆى هەیە. ئاخۆ ئەمڕۆ چەندە ئەو چێژە دەڕەخسێت و چەند هەڵوەداى وەڵامین، چارەنووسى ئەو چێژە دیاریدەکات. پرسیارەکانمان دەتوانێت مۆتیڤێک بێت بۆ دۆزینەوەى هاوڕێ و هاوگرووپ و ئەوانە. مرۆڤ لە گرووپێکى خوێندنەوەدا هەموو ئەزموونى مەعریفیی خۆى نابڕێت، بەڵام دەتوانێت هەندێک لە گرێکوێرەکان بکاتەوە. بەڵام دیسان ئەوەى جێى داخە ئەوەیە کە ئەم ڕۆحى کنە و گەڕانە، نەبووەتە مۆتیڤى گرووپەکانى خوێندنەوەش. خوێندنەوە وەک ئەرکێکى سارد و میکانیکى و چەندبارە بەڕێوەدەچێت. کەسێک کە لە کتێبێک نەگەیشتووە، هەڵوەستەناکات بزانێت بۆچى تێنەگەیشتووە. یان تەنانەت هەر بەو ئاگاییەش نەگەیشتووە کە تێنەگەیشتووە. ئەمەش بەشێک لە لەزەتى خوێندنەوە لەباردەبات. تازەکردنەوەى ئارەزوو، گەڕان بۆ وەڵام، دەستخستنى چێژ لەو مۆتیڤانەن کە دیسان چارەنووسى گرووپەکانیان پێوە بەستراوە. ئەوانى لە دەورى یەکتر کۆدەبنەوە بۆ خوێندنەوەى کتێب، گەرەکە ئەو مۆتیڤە لەبیرنەکەن. پێویستناکات کتێب بەسەر خۆوە بکرێتە ئەرکێک کە هیچ بزووتن و کونجکۆڵى و خۆشییەکى تیا نەمێنێت. ئەمەش لە یەک کتێب و یەک دانیشتندا قەتیس نابێت. گەر یەک کتێبیش وەربگرین، دەشێت بایی چەندین دانیشتن قسەوباس هەڵبگرێت، ڕەهەندەکانى بپشکنرێت، ئاڵوگۆڕى لەسەر بکرێت و هتد. ئەمەش یەک لەو ڕاستییانەیە کە لە گرووپەکانى خوێندنەوەدا نەبینراوە و زۆرجار ملکەچى کۆمەڵێک سرووتى فۆرماڵ و ڕۆتینى دەبن و بازدان لە کتێبێکەوە بۆ سەر کتێبێکى تر، زەوقى ئەندامەکان دەشێوێنێت و ساردبوونەوەیەکى نەستەکى درووستدەکات.

ئێستا گرووپە مەجازییەکان، پتر بەرچاودەکەون تا گرووپە بەکۆمەڵە واقیعییەکان. گرووپە مەجازییەکانیش کێشەکانیان زیاترە، بەڵام دیسان خاڵى نین لە هەندێک وردەخاڵى ئەرێنى. بەڵام هەرگیز ئەو کاریگەرییە ڕۆحى و ئاکارییەى نیە کە گرووپێکى واقیعى، بە هەموو کێشەکانیەوە هەیەتى. دونیاى مەجازى لەم ڕووەوە، پتر ئارازێکى ئاسانکارییە تا ئامانج. گردبوونەوەى مرۆڤەکانیش، وەک سەرەتا وتمان، تەنیا بۆ سوود و ئاسانکارى نیە، بەڵکو ئامانج لێى کۆبوونەوەکەیە. ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە دەرهەق بە یەکدى دەینوێنن و پێ دەخەنە واقیعەوە. گرووپى مەجازى، هەرگیز جێى گرووپێکى واقیعى ناگرێتەوە. چەند کەسێکى کەم لە واقیعدا، بارتەقاى سەدان و هەزاران ئەندامى ناو گرووپێکى مەجازیین. سەرەنجام گەر هەردوو ئیمکانەکەش لەیەکبدرێت، ڕۆحى گردبوونەوەکە قایمتر دەکات.  

 

 

 

وەلید عومەر