هەموو جێيهك، جیهانى سێیەمە!
ئەنتۆنیۆ کابالیرۆ[1] ، وهرگێڕانى: كهيوان نورى به فايلى pdf بيخوێنهوه
دەیان ساڵى خاياند تا سەرمایەدارى بتوانێت شارستانىبێتهوه(و ڕامبكرێت). ئێستا جارێکى تر توندوتیژييه سەرەتایيهكهى خۆى سەرلەنوێ دەستپێکردۆتەوە. بۆ ئەمهش، ئەمریکاى باشور باشترین نمونەیە.
بۆچى سەرمایەدارى دووچارى قەیران بووە؟ چونکە گۆڕاوە بۆ سەرمایەداريیەکى چهشنى جیهانى سێیەم. جارێکى دیکە پرسیارى هەژارى دێتەوە بەرباس و چۆن دەتوانرێت لەم بارودۆخە ڕزگاربین؟
من لە ئەمریکاى باشورەوە بۆتان دەنوسم. کاتێک سۆسیالیزمى مەوجود و باڵادهست[2] گەیشتە بنبەست و كۆتايى خۆى، ئيدى دەستەواژەى (ڕێککەوتنى واشنتۆن)[3]یان بۆ ئەم ناوچەیه دۆزييهوه. بەڵام ناوى ئەم پلانە، ئابوريى ڕیاکارانەیە و ئهوه بهزهيندا دێنێت کە كۆمهڵێك وڵات بە (خواستى هاوئاراسته و دوولايهنه)وه لە واشنتۆن گەیشتوون بە (ڕێککەوتن). بەڵام ڕاستييهكهى ئەوەیە کە هەندێک گەیشتونەتە ڕێککەوتن تا بەرنامەیەک بەسەر ئێمەدا جێبەجێ بکەن: دامودەزگاى دارايى نێونەتەوەیى لە واشنتۆن وەکو بانکى جیهانى، سندوقى نێودهوڵهتيى دراو و بانکى گەشەپێدانى ناو ئەمریکا. ئەم ڕووداوە لێکچونێکى زۆرى لەگەڵ پەندێکى كۆنى ئیسپانیدا هەیە كه دهڵێت: "شوانهكان دانیشتنیان هەبوو، مەڕەکانیش مردن". لەڕاستیدا لەوکاتەوە زۆرێك لە مەڕەکانیان سەربڕى و برژانديان و قووتياندا.
لە ئابوريى نهتهوهيى وڵاتانى ئەمریکاى باشوردا، کە ئەوکات لەئاستى جیهاندا یەکێک بوو لە دواکەوتووترین وڵاتەکان؛ کەلێنى نێوان دەوڵەمەندان و دانيشتوانى ههڵكشاوى هەژاران فراوانتر بوو. ئەمە جیاوازيیەکە لەنێوان ملیاردێرى غولئاساى پهيوهندى و كۆمۆنيكاسيۆنى مەکسیک "کارلوس سلیم"، کە لە یەکێک لە هەژارترین وڵاتەکاندا بۆتە دەوڵەمەندترین پیاوى جیهان، لەکاتێکدا ملیۆنان کەس لە هاونیشتیمانیيەکانى خۆى ناچارن بۆ دەستکەوتنى کارى ڕەش سنورى ویلایەتە یەکگرتوەکان ببهزێنن. بۆچى لە مەکسیک كار دەستناکەوێت؟
دەوڵەتانى ئەمریکاى باشور زۆربەى کات تهنينهوهى قەیرانى ئەمریکاى ناوەندى یاخود ئەوروپا بۆ ئابوريى نهتهوهيى خۆیان بەتوندى ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ئابوريى ئێمە (لە شکست بهدهره)، بەڵام ڕاست نیە، بگره ئابوريى ئەمریکاى باشور بە قەیرانەکان ڕاهاتووە. ئەم وڵاتانە قەیرانیان لەناو خۆیاندا هەڵگرتووە. ئەگەر وەک نمونە قەرزە دەرەکیيەکان لەبەرچاو بگرین کە لەماوەى 30 ساڵى ڕابردوودا بە (قەرزە ههميشهيى و ئهبهدييهكان) ناومانبردووە، بەم شێوەیە قەیرانەکان هەم دەرەکيین و هەم ئەبەدى: ئەم قەیرانانە هەمیشە بوونيان هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەستبووە بەوانى دیکەوە. لەپاڵ ئەمەدا، چالاکيى لادهرانهى پەیماننامە بازرگانیيە ئازادەکان هەن کە وڵاتانى ئەمریکاى باشور واژۆیانکردووە لەگەڵ دەسەڵاتە ئابوریيەکانى وەک ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکادا، یەکێتيى ئەوروپا و کەنەدا. بەم شێوەیە وڵاتەکان، بەبێ پشتیوانیيەکى دارايى و سووربوونیان لەسەر (ڕێککەوتن، قبوڵ نیە!)، ئابوريیە نەتەوەییەکانى خۆیان ناچاردەکەن تا بکەونە کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتانێک کە خاوەنى پشتیوانیيەکى دارايى بەدەسەڵاتى ئابوريین. لەسەر بنەماى لێکۆڵینەوەکانى من، بەم جۆرە تەنها بارودۆخ خراپتردەبێت. ئێمە شاهیدى ڕاوەستانى گەشەى ئابوريى مەکسیکین لەکاتى بە ئەندامبوونى لە پەیماننامەى بازرگانيى ئەمریکاى باکوورەوە. وڵاتى شیللیش بەهەمان شێوە هاوسەنگيى ئاڵوگۆڕى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا لە زیادەیەکى دیاریکراوەوە تا ئاستێکى زۆر قوڵ دابەزیوە و "پیرۆ"ش کە لەئێستادا هەمان ڕێگاى گرتۆتەبەر. کۆڵۆمبیا پێش ئەوەى ڕێکەوتننامە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان واژۆبکات کۆمەڵێک پەیماننامەى لەگەڵ یەکێتيى ئەوروپا و کەنەدادا مۆركردبوو. ئێستا ئەنجامگیرى دەکات کە ئەو پەیماننامانە زیاندەگەیەنن بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى و دەشبنە هۆى لەبەریەکهەڵوەشانى پیشەسازى. بەرازیل تاكه وڵاتێکە بهشێوهيهكى بەهێزانە واژۆکردنى ڕێکەوتننامەى لەم چەشنەى ڕەتکردۆتەوە. لەگەڵ ئەم بابەتانەشدا پەیوەستبوونێکى ناتەندرووستى حەواڵەکردنى پارەیش زیاددەکات، واتا دۆلار و یۆرۆ کە ملیۆنان کەس لە ئەمریکییە باشوريیەکان کە دانیشتووى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا یان ئەوروپان دەینێرنەوە بۆ وڵاتەکانیان بۆ پارێزگاریکردنى خێزانەکانیان، لەناو گیروگرفتى قەیرانەکاندا ئەوانە کارەکانیان لەدەستدەدەن و بێئەوەى بیانەوێت دەگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان. بێهۆ نیە کە لەم دواییەدا جارێکى تر ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا یاساى پەنابەريى توندترکرد. بۆ وڵاتە پەراوێز و وابەستەکان، قەیرانى سامانداران تراژیدیایە.
لێرەدا جارێکى تر جهختى لهسهر دەکەمەوە، هيچكام لهمانه شتێکى تازە نین. سەرمایەدارى لە ئەمریکاى باشور هەموو کات زیاد لە ڕادە توندوتیژ و نادادپەروەرانە بووە. هەر بەو شێوەیەى کە ڕۆژگارێک لە ئەوروپا، بەجۆرێک بێڕهحم و نادادپەروەر بووە کە "کارل مارکس" مەحکومى کرد و "چارلز دیکنز"يش دەرەنجامەکانى نوسييهوه و كردى به نوسين. بەڵام ماوەیەکى زۆرى نەبرد کە لە ئەوروپا جا چ بگات بە ئەمریکاى باکوور ئهريستۆكراتى تاڵانکەر، فۆرمیان بە کۆنترۆڵى کۆمەڵایەتى و یاسایى بەخشى، لە سایەى ئەم هەنگاوەوە، توانایەکى زل و غولئاسا پەیدابوو کە هەرگیز بوونیان نەبووە و سامانێکى زۆریشیان کەڵەکە کرد، توانستێك کە توانيى تاڕادەیەک سەرمایەکە بهشێوهيهكى دیموکراتیانە دابەشبکات. هەر ئەمەش بووە هۆکارى درووستبوونى سەندیکاکان و حیزبى کرێکارى و لەدواييشدا ڕاپەڕینەکانى خەڵک و شۆڕشه کۆمەڵایەتييهكان.
بەم شێوەیە، سەرمایەدارى سات بەسات مۆدێرنتر بوو تا ئەوەى کە ڕۆژگارێک گۆڕا بۆ دەوڵەتى خۆشگوزەران[4](بە فۆرمێکى مرۆڤانەوە). ڕێك ئهم دەوڵەته خۆشگوزەرانانه ئێستا کەوتونەتە ناو تەنگژەوە. نمونەکانى کۆنترۆڵى کۆمەڵایەتى لاوازبوون و هەندێکیشیان لەناوچوون. ئەوەى کە مایەوە ئایدیاکانى نیولیبراڵیزمە ڕاستگەراکان بوو. مارگرێت تاچهر(M. Thatcher)، ڕیگان(R. Reagan)و نەوە گەنجەکانيان. هاوکات لەگەڵ داڕووخانى کۆمۆنیزميش ترس لە شۆڕشەکان لەنێوچوو. ڕێك بایەخ و گرنگيى ئەمە بوو بە فاکتەرى بەدیهاتنى دەوڵەتانى خۆشگوزەران لەدواى جەنگى جیهانى. ئێستا سەرمایەدارى دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ توندوتیژييه بێڕەحمه سەرەتایيهكهى خۆى.
هەروەها بەهۆى ئەو فاکتهرەى کە ئەمریکاى باشور درەنگتر گەیشتبووە جەژنى کوشتوبڕ. بە قەولى نوسەرێکى کۆڵۆمبيى سەدەى نۆزدەیەم: (هەموو شتێک درەنگ دێتە كن ئێمە... هەتا مەرگیش!) ئهمڕۆ دەگۆڕێت بە وێنەیەکى نمونەیى سەرمایەدارى بەجیهانيبوو. كۆدهنگيى واشینتۆن کە بۆ ئەم ناوچەیە لەبەرچاو گیرابوو، لەم نێوەندەدا بۆتە ئایدیایەکى جیهانى: هاوسەنگى بەخشین بە بازرگانى و بازاڕى دارايى و ئاڵوگۆڕى ئازادى کاڵا_ بەبێ دەستپێڕاگەیشتنى مرۆڤ_ جێگۆڕکێکردنى سەرمایە بەهەر قەبارەیەک و بەبێ کۆنترۆڵ و هیچ جیاوازیيەکیشى نیە کە لە کوێوە دێت و لە چ شوێنێکەوە سەردەردێنێت، بەتایبەتیکردن[5] و ئازادکردن، دەوڵەت کەمتر و بەشى تایبەت زیاتر، حاڵى حازر لەهەموو شوێنێک هەلومەرجهكه بەم چەشنەیە و تەنها خەڵکانى ئەمریکاى باشور نین کە تەماشاکەرى دەرئەنجامەکانین. بەهەمان شێوە گەنجان لە شەقامەکانى پویرتا دیل سۆل(Puerta del sol)ـى مەدریددا، لەمەیدانى سینتاگماتۆس(Syntagmatos) ئەسينا و لەسەر پردى برۆکلین(Brooklyn Bridge)نیۆرک بە هاوارى (( واڵ ستریت داگیربکەن!))، وەکو سەردەمى کارل مارکس و چارل دیکنز درک بە قسەکان و تێڕوانینەکانى ئەوان دەكەن. دۆزینەوەى کار زەحمەتە، بیمەى بێکارى لە یاساى کاردا دەردەهێنرێت، موچهى خانەنشینى کەمدەکرێتەوە، خوێندنى خۆڕایى نەماوە. بەکورتیيەکەى: دەوڵەتى خۆشگوزەران لەڕێگەوە دەگات. بەجیهانیکردن بۆ وڵاتانى ئازادکراو لە جیهانى سۆسیالیستى و دونیاى سێیەمى فراوان، نەیتوانى جیهانى یەکەمى ئایدیاڵیان پێببەخشێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە: ئێمە ئەمڕۆ تێکڕا لەناو جیهانى سێیەمى "بەجیهانیبوو"دا دەژین.
[1] . ئەنتۆنیۆ کابالیرو(Antonio Caballero) یەکێکه لە ناسراوترین ڕووناکبیرانى ئەمریکاى باشورە. لە ساڵى 1945 لە بۆگوتا لەدایکبووە بە نوسینى ڕۆمانى (بەبێ ڕێگاى دەربازبوون) لە ئەدەبیاتى هاوچەرخى کۆڵۆمبیادا جێگایەکى دیارى بۆخۆى کردۆتەوە. ئهم نوسینهى بەردەستتان تێڕوانینێکى ڕەخنەییە لە سەرمایەدارى و دەرەنجامەکانى لە وڵاتە جیاوازەکاندا.
[2]. actually existing socialism
[3]. Washington Consensus
[4]. Welfare state