A+    A-
(577) جار خوێندراوەتەوە

دایالۆگى ڕۆدینسکۆ و بادیۆ لەمەڕ دەروونشیکاریی لاکان

                  (بەشى شەشەم)

 

 

 

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

ک . گ: ئەی کەواتە پەیوەندی لاکانت لەگەڵ نوسەراندا پێ چۆنە؟ کارەکانی پڕن لە سەرچاوەی ئەدەبی، لە سادەوە بۆ جۆیس. ئایا شتەکە بۆ فەیلەسوفانیش هەمان شتە؛ ئایا پەیوەندییەکە پەیوەندیی قبووڵکردن و ڕەتکردنەوەیە لە یەک کاتدا؟

 

ئـ . ڕ: لاکان لەبارەی هەر نوسەرێکەوە قسەبکات، دەیخاتە جۆرێک لە پرۆسەی یەکگرتنەوە: پێی‌وایە ئەویتر هەمان ئەو شتە دەڵێت کە ئەم دەیڵێت. زۆر جار وتوویەتی کە بیرمەندان و نوسەرانی پێشتر، پێشبینیی تێڕامانەکانی ئەمیان کردووە. ئێستا تێدەگەین چۆنچۆنی لاکان توانیویەتی بە تەوسەوە بڵێت ئەفڵاتوون لاکانی بووە. ئەم جۆرە دەربڕینانە، بوونەتەهۆی درووستبوونی کۆمەڵێک گوتاری کۆمیدی لەلایەن دەروونشیکارە لاکانییەکانەوە. بۆنمونە، هەندێکیان پێیان‌وایە فرۆید پێشوەختە لاکانی بووە و چەمکەکانی لاکان لە کارەکانی فرۆیددا ئامادەیی[ڕاستەوخۆ]ـان هەیە. لاکان زۆر جار وا هەستی دەکرد لەلایەن هاودەمەکانییەوە "دزیی فیکری"ـى لێکراوە. ئەم سیفەتە لەو کاتانەدا شتێکی پاتۆلۆژیک بوو: ئەو هەرگیز نەوەستا لەوەی بڵێت تاڵانکراوە و ئایدیاکانی دزراون، ئەمە لە کاتێکدا خۆی لە تەواوی بزووتنەوەکەیدا پشتی بە کاری کۆمەڵێک فەیلەسوفی دیاریکراو بەست. ئەم جۆرە مامەڵەیە، تەنیا ناکۆکی دەخستەوە. با پەیوەندیی وی بە ژاک دێرێداوە وەرگرین، کە دێرێدا یەکێک بوو لە خوێنەرە ورد و بەسەلیقەکانی کارەکانی لاکان. بەس لاکان حەزی بەو نەبوو: پێی‌وابوو دێرێدا ئایدیاکانی ئەمی دزیوە. یان لە هەندێ حاڵەتی تردا بە نوسەری تری وتووە کە ئایدیاکانی عەینەن ئەوانەی منن، بۆنمونە مارگریت دوراس کاتێ دەڵێت "من ئەویتر یان ئەویتر منە" و "ئەو ئەوە دەکات کە من دەیکەم" و هتد.

  سەبارەت بەو نوسەرانەی کاریگەرییان لەسەر داناوە، زۆرکەم باسیکردوون؛ بۆنمونە سوریالیستەکان، کە لاکان لەناویاندا دەسووڕایەوە و باش دەیناسین. ئەوە ڕوونە لاکان پتر بەرەو ڕووی ئەزموونە شیعری و ئەدەبییەکانی مالارمێ و جۆیس دەڕوات. لاکان زۆر حەزی بە زمانە نوێیەکەی نێو ئولیس و Finnegans wake بوو، و وەک وتم، دواتر ئەم جۆرەی زمانەی بەکارهێنا. بەهەرحاڵ، بە دیدی من، پەیوەندیی وی بە فەلسەفە و شانۆوە-تراژیدیای یۆنانی و شکسپیر و کلۆدڵ-، پەیوەندییەکی سودبەخش بوو بۆی.

 

ئـ . ب: ئێمە باس لە فەلسەفە و ئەدەب و شانۆ دەکەین، بەڵام نابێ لە کۆمەککردنی لاکاندا، گرنگیی ڕۆڵی زانستە فۆرماڵەکان و فیگەرە لۆژیکییەکانی فۆرماڵیزاسیۆنی هاوچەرخ نادیدەبگرین. لە قۆناغی یەکەمدا، پشتی بە زمانناسیی بونیادگەرانەی ڕۆمان یاکۆبسن دەبەست. لە قۆناغی دووەمدا، گەڕایەوە بۆ لۆژیکی ماتماتیکیی بووڵ و فرێج. لە کۆتایی و لە قۆناغی سێیەمدا، کە دەکاتە سیمینارەکانی ساڵانی حەفتا، تیۆریی ماتماتیکیی کۆمەڵەکان و گرێی بۆرۆمی و تۆپۆلۆژیا و ئەلجەبرەی جیۆمەتری هێنایە ناوەوە. دەرەنجام، لاکان لە شوێنکەوتنی فۆرمە مۆدێرنەکانی فۆرماڵکردنەوەی چالاکیدا، مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە. ئەو هێشتا پڕ و تێر نەبوو، بەڵام ئەوەشی جێی ڕێزە کە شانۆی تراژیدی و شیعرییەتی مالارمێ و زمانە لەتوپەتەکەی جۆیسی تێکڕا بەکارهێناوە. لقەکانی مەعریفەی لاکان، گەیشتوونەتە وشکترین نەزمە فۆرماڵەکان.

  بۆچی پێویستی پێیان بوو؟ پێم‌وایە خاڵە هەرەگرنگەکە ئەمەیە: هەردەم جەختم لەوە کردۆتەوە لاکان ویستوویەتی تراژیدیای سوبێکتیڤ-ـی نێو ڕۆماتیسیزم و بوونگەرایی سارتەر-لە بونیادگەریدا بگونجێنێت. دوو ئەرکی هەبوو: بە سەرێک، دووپاتیکاتەوە کە سوبێکت کورتنابێتەوە[1](ئەویش لەڕێی فیگەری ئیتیکی و دراماتیکیی ئەنتیگۆناوە)؛ بە سەرێکی تر، ئەم کورتنەبوونەوەیە بخاتەنێو فەزایەکی گوازراوەی بونیادییەوە. لاکانی ئەم دواییە، گەڕایەوە بۆ تۆپۆلۆژیا و ماتماتیک تاکو چەمکی "ماتێم" داتاشێت. ماتێم ئەو فەزا فۆرماڵەیە کە دەشێت ئەزموونی چارەسەری سوبێکتیڤی تێ بهاوێژین و بۆی بگوازینەوە. ئەمە، ماتریکسێکی زانستیی ئەقڵانییە کە دەشێت بێ پاشماوە بگوێزرێتەوە. لەپاڵیدا، ئەم گواستنەوەیە کۆیەتی(totality)ـی ئەزموونی سوبێکتیڤ داناپۆشێت، چونکە وەک پێشتر بینیمان سوبێکت کورتناکرێتەوە و هەر واش دەمێنێتەوە. لە سوبێکتدا، هەمیشە شتێک لەوە هەڵدێت بخرێتەنێو فۆرم و چوارچێوەی لۆژیکی-ماتماتیکییەوە، ئەمە گواستنەوەیەکە لەڕێی مەعریفەی فۆرماڵەوە. بە چ مانایەک؟ بەو مانایەی سوبێکت، بۆ لاکانی دوایی، بەتوندی بە ڕیاڵـەوە گرێدراوە. ڕیاڵ بە ناوەڕۆکە لاکانییەکەیەوە، ئەوەیە کە بەرهەڵستی ڕەمزاندن دەکات، ئیتر لەڕێی ئامڕازە ماتماتیکی، لۆژیکی یان تۆپۆلۆژییەکانەوە بێت. ئەم ئایدیایە چەندبارە دەبێتەوە: ڕیاڵـی سوبێکت ناڕەمزێنرێت. لە ئەنجامدا، لاکان هێند لە فۆرماڵیزمدا دەمێنێتەوە تاکو ئەزموونی بنبەستێکی بنەڕەتی بکات. لە هەمان کاتدا، کۆی فۆرماڵیزاسیۆن گەرەکە تێکبشکێت، چونکە چیتر توانای ئەوەی نیە لەو شتە تێبگات کە هەوڵی بۆ دەدات. ئەمە ئەو ساتەیە تێیدا بەر ڕیاڵـی سوبێکت دەکەوین.

  بە تێڕوانینی من، ئەمە بەهێزترین ڕەهەندی فیکری لاکانە؛ ئەمە لە نوسینەکانیشیدا بەدیاردەکەوێت: پاڵنان و درێژکردنەوەی فۆرماڵیزاسیۆن تا ئاستێک کە شتێک پێشتر لێی هەڵهاتووە، ئێستا ڕووەکانی ڕوونبکاتەوە. فیگەرە گرنگەکانی گرێ لە لاکانی دواییدا، هەر لێرەدان: گرێ ئەو شتەیە کە لە یەک کاتدا توندەکرێتەوە و دەشکرێتەوە. ئا لەم پنتە ڕیاڵئاسایەدایە کردن و نەکردن لێک جیاناکرێنەوە یان وەک یەکن. بە دیدی من، بە بەکارهێنانی تیۆریی گرێیەکان، میتافۆری کۆی فیکری خۆی خستەبەردەم بیسەر و خوێنەرانییەوە. بەڵام پێم‌وایە ئێلیزابێس لەم خاڵەدا هاوڕام نیە...

 

ئـ . ڕ: پێم‌وایە کۆتا هەنگاوی گەشتەکەی وی، ڕێنوێنیکەر بێت. لاکان لە کۆتا سیمینارەکانیدا کەوتە وڕێنەیەکی تیۆرییەوە[2]: ئەو پێداگرە لەسەر توندکردنەوە و کردنەوەی گرێیەکانی. ئەو ماتماتیکزانانەی کاری لەگەڵ کردن، پییەر سۆری و میشێک تۆمێ و ژان میشێل ڤاپەرۆ، بەشداربوون لەم سەرکێشییەوە و چەندین شوێنپێیان لەدوای خۆیان جێهێشت: تابلۆی ڕەنگاوڕەنگ بە ئەڵقە و تەوەرەوە. لە کارەکانی لاکاندا، ئەم سەرکێشییە لەگەڵ ئاوابوونی دەربڕین و وتندا ڕوودەدات. لاکان لە کۆتایی تەمەنیدا لاڵ[3] نەبوو، بەڵکو بێدەنگ بوو، و لە هەمان کاتیشدا بەردەوام تووشی نیۆلۆجیزم[4] دەهات.

  شتێکی قەشەنگ بوو بینیمان لاکان لە فەزای گشتیدا فیکری خۆی دەکاتەوە و هەڵیدەوەشێنێتەوە. ژێستێکی وێرانکەر بوو وا پێشتر ئەنجامینەدابوو، وەک کۆتا دنەدان و فیکە بوو بە ڕووی توانا تیۆرییەکانیدا. لاکان ئەمەی لەڕێی گومانەکانییەوە دەردەبڕی و نوقمی بێهیواییش بووبوو: هەم لە مەرگ دەترسا و هەم بەرەنگاریشی بوویەوە. وەک شەخسی خۆم، پێم‌وایە کەس لەمەدا ناتوانێت لاسایی بکاتەوە؛ هەندێ لە شوێنکەوتە سەرسەختەکانی هەوڵی شتی وایان داوە. ئایا فۆرماڵیزاسیۆن و بنبەستەکانی، هیچیان پێشکەشی  پڕاکتیکی دەروونشیکاری کردووە؟ با بڵێین من پێم‌وایە نەخێر، چونکە لەپێش هەموو شتێکەوە ئەوان بەشداربوون لە هەڵوەشاندنەوەی کاتی دیداری دەروونشیکارانەدا، ئەویش بە ناوی ئەوەی شتێکی بەد و خراپە، من لەگەڵ ئەمەدا هامڕا نیم و پێم‌وایە چارەسەر لە ئینسانی‌بوون دادەماڵێت. بەس با ئەم پرسە هەر بەکراوەیی جێبێڵین. لاکانی دوایی پاڵەوان بوو، نکۆڵی لێ ناکەم و پێم‌وایە لە کۆتایی ئازارەکانیشیدا هەر بەم شێوەیە بوو. بەڵام پێم‌وانیە ئەمە هیچ شتێکی تازەی بۆ کلینیک لە خۆیدا هەڵگرتبێت.

 

ک . گ: ئایا هەر یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی کارەکانی لاکان ئەوە نیە کە بە ڕووی هەموو بەسایکۆلۆژیکردنێکی سوبێکتدا دەوەستێتەوە؟

 

ئـ . ڕ: بەڵێ. ڕەتکردنەوەی سایکۆلۆژیا، شتێکی نەگۆڕە لە کارەکانی لاکاندا. لاکان عەجیب ڕقی لێی بوو. لەو دەمەشدا، بەتەنیا نەبوو. ڕقەکە لەناو نەوەی مندا بڵاوبووبوویەوە، ئەوەش شتێکی باش بوو. هێرشە بەناوبانگەکەی جۆرج کۆنگویلهێم بە ناوی "سایکۆلۆژیا چیە؟-١٩٥٦-دەرسگوتارێک"، ئێستاشی لەگەڵ بێت هەر ڕاست و هەقە: "کاتێک لە ڕیو سانت‌ژاکەوە لە سۆربۆن دەردەچیت، دەشێت بەرەوسەر یان بەرەوخوار بڕۆیت؛ گەر بەرەوسەر بڕۆیت دەگەیتە پانتیۆن، کە پەیمانگای زۆر مرۆڤی گەورەیە؛ بەڵام گەر بەرەوخوار بڕۆیت ئەوا دەگەیتە بەشی پۆلیسەکان"[5]. لەمڕۆشدا ئەمە هەر پەیوەست و ڕەپتە، چونکە بەنزیکی هەموو دەروونشیکارانی نەوەی نوێ گەرەکە سایکۆلۆژیا بخوێنن تاکو لە سەنتەرە تەندرووستییەکاندا کاربکەن. ئەمە زۆر کێشەدارە کە دەروونشیکاری کراوەتە دەرەوەی سایکۆلۆژیادا، ئەمە لە کاتێکدا بۆ دەروونپزیشکی وا نیە. ڕاهێنانی دەروونشیکاران، پرسێکی گرنگی داهاتووە.

  لێرەدا گەڕانەوەی لاکان بۆ فرۆید، خاڵی یەکلاکەرەوەیە: بە دیدی لاکان، دەروونشیکاری ڕێک دژەدەروونناسی(سایکۆلۆژیا)یە. بێزی لە "دەروونناسیی ئیگۆ"ش دەکردەوە؛ ئەوان تەنێ تیشکیان دەخستەسەر ئیگۆ یان خود. ئەو زیاتری لە نەست و ڕیاڵـی دەویست، ئەویش تاکو خۆی لە تەڵەی بەسایکۆلۆژیکردنی بوون بپارێزێت، کە ئەم کردارە هیچی لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ویژدانیی ڕەفتارگەرایانەدا فەرق نیە. ئەوە لەخۆڕا نیە کە بەوردی خۆی لە مناقەشەکردنی گرێی ئۆدیپ لادەدا، کە ئەمیش دەشێت کۆمەڵێک پرسی پڕوپوچ دەربارەی ناکۆکییە خێزانییەکان بڕسکێنێت. لێرەدا دۆڵۆز لەسەر هەقبوو کە ڕەخنەی بەئۆدیپی‌کردنی سوبێکتیڤیتەی دەکرد.

 

ک . گ: گەر بگەڕێینەوە بۆ لاکانی دوایی، ئالان بادیۆ وا دیارە کەمێک ئەوت بەدڵە...

 

ئـ . ب: ڕاستە. نەک تەنێ لەبەر ئەوەی گەڕایەوە بۆ زانستە فۆرماڵەکان و جەختی لەو شتە دەکردەوە کە من بەدڵمە؛ واتە لۆژیک و تۆپۆلۆژیا. منیش، وەک ئێلیزابێس، ناتوانم خۆم لەوە گێلکەم کە "ئۆدیپ لە کۆڵۆن" لە لاکاندا دەبینم. گەرەکە بگەڕێینەوە بۆ ئەم پنتە و سەرنجی بدەینێ: ئۆدیپ پاشا لە دڵخوازەکانی لاکان نەبوو، چونکە کەسێکی باڵای فریوخواردوو نەبوو. بە پێچەوانەوە، دەشێت لاکان لە کارەکتەری ئۆدیپ لە کۆڵۆندا بخەینەڕوو، واتە، دۆخێک تێیدا مرۆڤێک هەڵدەستێت گرێی بوونی خۆی بە دەستی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و بیروڕای خۆی بەسەر ئەوەدا دەسەپێنێت کە تا کۆتا سات گوێی بۆ گرتووە. با دڵنیا بین، ئەم شکڵ و شیوازە لێڵ و ناڕوونە. بەڵام تراژیدیای سوبێکت لە خۆیدا چڕدەکاتەوە و ڕوونیدەکاتەوە. دەستهەڵنەگرتن لە ئارەزوو، ئەوەیە بتوانیت و بزانیت چۆن شتێک هەڵوەشێنیتەوە وا پێشتر کردووتە و ئەم دووەش پێکەوە بەباشی گرێبدەیت. لە سەرەتادا لاکانی دوایین ئاڵۆز دەردەکەوێت، بەڵام لەڕێی ئەمەوە پێگەیەکی ڕوونی ئاوارتەیی وەردەگرێت.

  هەر لەبەر ئەمەیە مەرگی وی وەک ڕووداوێکی تایبەت سەرنجی کێشکردم. هەموان دەزانین مامۆستاکان ڕۆژێک هەر دەمرن. بەڵام مەرگی لاکان لەنێو ئەتمۆسفیرە تاقانەکەی خۆیدا بوو، چونکە ئەم مەرگە بووە زایەڵەی کارەکانی. مەرگی لەپاش فیکری ئەم دواییانەیەوە داڕێژراوە، ئەویش لەژێر نیشانەی ئۆدیپ لە کۆڵۆن-دا؛ فیگەری پیاوێکی پیر وا دەمرێت و مەرگە مەتەڵئاساکەی لەدوای خۆی بۆ جیهان جێدێڵێت. لاکان لە جێبەجێکردنە ئەمەدا سەرکەوتوو بوو: بێدەنگیی ئەم دواییانەی و مردنی، بەشی سەرەکیی میراتە مەتەڵئاساکەی پێکدێنن. دوای بیست ساڵ، نهێنییەکەی لاکان هەر ماوەتەوە. با لاکان بە مامۆستاش بزانیت، کەچی قەت پەیوەندییت پێیەوە جێگیرنابێت. هەرگیز ناوەستین لە دواندنی ئەم پیاوە و فیکرەکەی. ئەرە لە بنەڕەتدا هەر بەڕاست بۆ وایە؟ دەروونشیکاری؟ بێگومان. فەلسەفە؟ بەڵێ، تا حەددێک. نوسینی هاوچەرخ و سەرکێشیی زمان؟ بەدڵنیاییەوە. درامای سوبێکتیڤیتە؟ ئەمەش. ئەی چیتر؟ ئایا پاشماوەیەک بوونی هەیە وا قابیلی تێگەیشتن نەبێت؟ لاکان هەردەم مەتەڵێک(ـە-بووە-دەبێت)، نوسەرێکە مەحاڵە بەتەواوی پۆلێنیبکەین و ڕوونیبکەینەوە. گومانی تێدا نیە فرەییە ناونشین(ئیمانێنت)ـەکەی، لەمڕۆشدا وەک دوێنێ، پەرشدەبێتەوە.

 

 

ئـ . ڕ: تەواو هاوڕام. تەنانەت لاکان لە کۆتایی ژیانیدا، بە شێوەیەکی جەستەیی و لە ڕۆشتن و ژێستەکانیدا بوو بە ئۆدیپ لە کۆڵۆن. تووشی هەڵوەشانەوەیەکی عەجیب هاتبوو: هەڵوەشانەوەی توانا فیزیکی و فیکرییەکانی، هەروابێتەوە ئەو قووتابخانەی خۆی دایمەزراند و چاودێریدەکرد. زۆر بەباشی هەندێک سیمینارم بەبیردادێتەوە کە تێیاندا لە قسەکردن دەوەستا. ئەمانە کۆمەڵێک ساتی سەیر بوون، ساتگەلێ کە هەندێ لەوانیتر تەوسئامێزانە گاڵتەیان پێ دەکرد. لە لۆژیکی ئەم چەشنە دەرکەوتنەدا، شتێکی سوریالییانە بوونی هەبوو. لاکان چیدی هیچی نەدەوت؛ خۆی لەڕێی هەڵوەشانەوەی زمانییەوە بەیاندەکرد.

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Irreducible

[2] Speculative delirium

[3] Aphasic

[4] نیۆلۆجیزم جۆرێکە لە وڕێنە و دەربڕین کە هیچ مانایەکی نیە. ئەم سیفەتە عادەتەن دەدرێتەپاڵ شێت و دەروونپەشێوەکانەوە. لاکان خۆی لە شوێنێکدا دەڵێت "نیۆلۆجیزم ئیمزای دەروونپەشێوە"؛ لێرەدا، وەکبڵێی ڕۆدینسکۆ دەیەوێت بڵێت لاکان لە کۆتایی تەمەنیدا تووشی دەروونپەشیوی هاتبوو-و

[5] Georges Canguilhem, “Qu’est-ce que la psychologie?,” Revue de Métaphysique et de Morale 1 (1958).